په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٧

گفتوگۆیەک لەگەڵ یوسف عزەدین.

سازدانی: وریا باقر 

 

وریا باقر: بۆ دەبێت ھەر لەسەرەتاکانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە، جەنگ و کوشت و کوشتار و توندوتیژییەکان، گەورەترین پشکی ھەبێت لەمێژووی دەسەڵاتە جیاجیاکاندا؟ بەڕای ئێوە وەک روناکبیر و نووسەر، ئایا ھیچ دەسەڵاتێکی نەرم و نیان لەمێژوودا دەبیننەوە؟

یوسف عزەدین: ئەگەر سۆمەرییەکان وەک شارستانیەتێکی دێرین و سەرنج راکێش لەمێژوودا بکەینە نموونە، دەبینین داھێنەری شێوازە نووسینی "مێخی"بوون و چەندین سەدە لەنێو وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناڤیندا بەکارھاتووەو توانیویانە لەڕێی نووسینەوە، گەلێک رووداوی ریالیستی و ھەندێک جاریش بەسەرھاتی سەیر و سەمەرەمان پێ بگەیەنن.. لای سۆمەرییەکان دوو جۆر مێژوو ھەبووە، مێژوویەکی پێش تۆفان و مێژوویەکی دوای تۆفان. لای ئەوان خوداوەندی سەرەکییان لەیەکێک لەگەڕۆکەکان نیشتەجێیەو ناوی گەڕۆکەکەش نیبرۆ-یەو ئیتر لەوێوە نەوەی خوداوەندەکان بەرەو زەمین چوون و بەپێی بڕوای ئەوان، تەنھا ساڵێکی سەر گەڕۆکی نیبرۆ سێ ھەزار و شەش سەد ساڵی سەرزەمین بووەو بە "سار" ناویان بردووە..بەڕای ئەوان تەمەنی مرۆڤی پێش تۆفان گەیشتۆتە ھەزار ساڵ و دوای تۆفانیش کورتکراوەتەوە بۆ سەد ساڵ و قسوور.. سۆمەرییەکان شارەزاییەکی سەرسووڕھێنەریان ھەبووە لەبەکارھێنانی زێڕ و زیوداو بەچەشنێک کەلەئێستاشدا لاسایی کردنەوەی کەلوپەلە ناوازەکانیان ئاستەمە، ئەمە جگە لەزانین و خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بەھەسارە و گەڕۆک و ئەو ئەستێرانەی بینینیان بەچاو ئاسان نییە.. تاساڵانێکی زۆریش مێژوونووسان پێیان وابوو، سۆمەرییەکان ئاشتیخواز و نەرم و نیان بوون و وەک شارستانێتییەکانی تر دڕندەو خوێناویی نەبوون، بەڵام دۆزینەوە ئەرکۆلۆژییەکانی "جۆن ئەلدەر" پێچەوانەی ئەمەی سەلماند، وەک لەپەرتووکی "بەردەکان دەدوێت"دا پێیوایە..سۆمەرییەکان حەزیان بەزیادەڕەوی بووە لەپێشکەشکردنی مرۆڤ وەک قوربانی، بەتایبەتیش کاتێک پاشاو میرەکانیان دەمردن، لەیەکێک لەگۆڕستانە تایبەتەکانی یەکێک لەپاشاکانیاندا، ئێسک و پرووسکی تیمێکی سەربازی بەجلی فەرمییەوە دۆزرایەوە کەلەئامادەباشیدا رمەکانیان بەدەستەوە بوو.. سەرباری دۆزینەوەی نۆ مێینەی کۆشک ، بەتاجە ئاڵتوونییەکانیانەوە و لەزارکی گۆڕستانەکەشدا دوو عەرەبانەی چوار پێچکە دۆزرانەوە.. ھەر یەکێکیان سێ گوێرەکە رایکێشاون.. جل و بەرگی عەرەبانچی و ھاوەڵەکانیشی دۆزرانەوە.. ھەروەھا لەگۆڕستانی شاژن "شوباد"یشدا، دوو ریز مێینەی کۆشک دۆزرانەوە.. دواھەمینیان مێینەیەک بوو ئامێرێکی میوزیکی لەباوەش گرتبوو، لەگەڵ دوو کۆیلەی سوژدەبردووشدا کەلەپاڵیاندا نێژرابوون...

وریا باقر: مەبەستان لەوەیە بڵێن شارستانییەتێکی پێشکەوتووی وەک سۆمەرییەکان ئەگەر ئەمە حاڵی بووبێت لەگەڵ دۆستان و ئەحباب و ھەڵسووڕاوانی مەملەکەتەکەی و ھەر بەزیندوویەتی زیندەبەچاڵی کردبێتن، ئەی دەبێت چی لە دوژمن و نەیارەکانی کردبێت!؟

یوسف عزەدین: ئەگەر گەشتێک بەنێو نەخش و نیگار و وێنەو ریلیف و پەیکەرسازیی شارستانییەتە کۆنەکاندا بکەین.. بەشێکی زۆری ماجەراو بەسەرھاتەکانی ئەو سەردەمەت دێتە پێشچاو.. چۆنیەتی جلوبەرگ و خۆ نمایشکردنیان لەمەراسیمە رەسمییەکانیاندا.. چەشن و چۆنیەتی کوشت و کوشتاریان، چەشنی زەلیلکردنی ئەسیر و دوژمنەکانیان، ھەر لەبەقامچی لێدان و ئەشکەنجەدانیان و تەجاوزکردنە سەر مێینەکانیشیان.. دەرخستنی چۆنیەتی راوکردنیان و بەتایبەتیش راوکردنی شێر وەک لەھەڵکۆڵینە ئاشوورییەکاندا بەزەقی دەیبینینەوەو بەتایبەتیش کاتێک یەکێک لەپاشاکانیان تەنھا بەدەستێکی و بێ ترس دەستی داوەتە بینەقاقای شێرێک و خەریکی خنکاندنیەتی..لەیەکێک لەریلیفەکانی ئاشوورییەکاندا، دیمەنی ھێرشێکی خۆیان بۆ سەر قەڵایەک نەخشاندووەو دەبینین چۆن دوژمنەکانیان سەردەبڕن و لەشوێنێکی تریشدا سآ کوژراویان بەسەرە رم بەرزکردۆتەوە.. لەریلیفێکی تریشیاندا سەربازێکی ئاشووری دەبینیت، سەرێکی سەربڕدراوی بەدەستەوەیەو خەریکی فڕێدانییەتی بۆ سەر کۆمەڵێک سەری سەربڕدراوی تری لەعەردا کەوتوو.

وریا باقر: لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، چۆن دەبێت ھەمان ئەو کوشت و کوشتارە سامناکە، بەتایبەت ملپەڕاندنی مرۆڤ لەھونەردا رەنگ بداتەوە، بەتایبەتیش لەسینەما-دا، چونکە بەشی ھەرە گرنگی زۆربەی کارە ھونەرییەکانی سینەما لەنێوان و سێکس و توندو تیژیدا دێت و دەچێت و ئەمەش بێ سانسۆرەو رێگەپێدراوە؟

یوسف عزەدین: ئاشوورییەکان وەک نمونەی شارستانییەتێکی دێرین و ھاوشێوەی گەلێک شارستانییەتی دیکە بەمەبەست ویستویانە، لەڕێی نەخشاندنی کوشت و کوشتارەکانیان، لەیەک کاتدا چ جەنگێکی دەروونی لەگەڵ ژێر دەستەو نەیارەکانیاندا بکەن و چ مەبەستیان بووە مێژووی خۆیان لەڕێی ھەڵکۆڵینەوە وێنابکەن.. بەڵام ئەگەر ھەموو ئەم ھەڵکۆڵین و وێنە سامناکانەی سەردەمانی پێشوو لە رووی قۆناغی مێژوویی و سەردەمەکەیەوە لەئێستادا ئاسایی وەربگیرێت.. ئەی دەبێت چی بڵێین کاتێک تەماشای زۆرێک لەکارە ھونەرییەکانی ھونەرمەندی بەتوانای سەردەمی رێنیسانس"کاراڤاجیۆ" دەکەین و دەبینین لەئاستێکی ھونەری باڵای نیگارکێشاندا، سەربڕینی مرۆڤی کردۆتە بابەتی تابلۆکانی و لەیەکێک لەتابلۆکانیشیدا مێینەیەک بەکردەی سەربڕینەکە ھەڵدەستێت!؟

وریا باقر: کەواتە شیاوە کاری ھونەری توندوتیژی بکاتە بابەت و بەتایبەتیش لەسینەما-دا؟

یوسف عزەدین: دەبێت پرسیار لەوە بکەین، بۆ سەرەتاکانی سینەما زیاتر مرۆڤ دۆستانەیەو تاڕادەیەکی زۆریش مەرگەساتەکانی چینی چەوساوەو کەم دەرامەتانی کردۆتە بابەت.. رەنگە زۆرێک لەفیلمەکانی "چارڵی چاپڵن"یش نمونەیەکی زیندووی ئەم جۆرە تەرح و تێزە مرۆڤ دۆستانەیە بێت، کەھەردەم جیاواز لەوەی بۆتە ئاسایی و سانا ئەو دێت رووبەڕووی ئیغتیراب و سەرسامی و پرسیارکردنمان دەکاتەوە، تا بزانین ئەوەی لەدنیادا دەگوزەرآ نائاساییە.. ھەوڵەکانی ئەو و ھاوشێوەکانی کەتۆکمەترین نمونەی ئیغتیراب لای "بەرتۆڵد برێخت" دەگاتە باڵاترین ئاستی ھونەری و تەکنیکی و مەعریفی.. بەڵام مەخابن دواجار ھەموو ئەم ھەوڵانە بەبەرنامە دەخرێنە پەراوێزەوەو بەبازرگانی کردنی ھونەریش ئەولەوییەتی پێدەدرێت.

وریا باقر: توندوتیژی لە ناخی مرۆڤدا، چۆن و لەکوێدا جێی دەبێتەوە؟

یوسف عزەدین: "جی.ئەیچ.وێڵز" پێی وابوو دەتوانرێت رەگەزی مرۆڤ لەڕێی قەناعەت پێکردنەوە، دەستبەرداری خوێن رشتن و کوشت و کوشتار ببێت.. تەنانەت خۆشباوەڕیش بوو بەرانبەر ئەو دەستەیەی پاش جەنگی جیھانی یەکەم، بەناوی دەستەی گەلان بۆ پاراستنی ئاشتی دروست ببوو، پێی وابوو دەتوانێت ئاشتی و ئارامی لەدنیادا بەرقەرار بکات.. بەڵام ھێندەی نەبردو لەدەرئەنجامی بینینی کاروکردەوە توندوتیژە یەک لەدوای یەک و بەردەوامەکانی مرۆڤ، لەبیروبۆچوونەکەی پاشگەزبۆوە.. یەکێک لەنمونە زۆر ناشایستەو دزێوەکانی مێژووش، دڕندایەتی سوپای ژاپۆنی بوو لەشارێکی چین-یدا.. بێجگە لەکوشتنی سەرجەم نێرینەکان.. دەستدرێژی سێسکی کرایە سەر ھەزاران مێینە، بەمنداڵ و گەورەوە، تەنانەت مێینە پیرەکانیش لەمە دەربازیان نەبوو، کۆمەڵێکیان ھەر لەکاتی سێکس کردن لەگەڵیاندا ورگیان ھەڵدەدڕاو دەکوژران.. ئەوانەی بەزیندوویەتیش رزگاریان بوو، لەکەشێکی بەکۆمەڵدا بەویستی خۆیان و پێکەوە ئینتیحاریان کرد..

وریا باقر: کەواتە ھیچ شارستانێتییەک بەبآ بەکارھێنانی زەبر و زەنگ، توانای مانەوەی نییە؟

یوسف عزەدین: بڕوانە شانۆنامەی"بۆقەکان"ی "ئەریستۆفانیس" دەبینیت لەسەر زاری پاڵەوانی شانۆنامەکە دەڵێت: ( ھاوڕێم کاتێک بەسەر دوژمنەکەتدا زاڵ بوویت، بەگوریس بیبەستەوەو پشتی بەقامچی سوورکەرەوەو پارچەیەک ئاسنی داندار بکە بەکۆمیداو ئەگەر لەھۆش خۆشی چوو بەشەراب بەئاگای بھێنەرەوەو پاشان قوومە ئاوێکی بدەرآ.. دێتەوە ھۆش خۆی و پێی وایە لەدەستت قورتاری بووە، بەڵام ئەمە وەھمە..دەبێت ھەر چوار پەلی بەگوریس ببەستیتەوە، بەچوار ئەسپی سرک و رامنەکراوەوە..سرکە بکەرە چاو و لوت و دەمییەوە.. دواتر بەخەنجەرێکی تیژ ئەندامی نێرینەی ببڕەو ئینجا ئەسپەکان تاودە.. تا ھەریەکەیان بەلایەکدا ھەڵبێن و لاشەی پارچە پارچە بکەن)..ئەمە تێکستێکی بەناوبانگی شانۆنووسێکی کۆمیدی گریکەو بێگومان ئەمە بابەتی کات بەسەربردن و رابواردن وپێکەنینی تاکەکانی کۆمەڵگەی گریکی بەناو مەدەنی بووە..پاش گریکەکان رۆمانەکانیش داھێنانی زۆر سەیریان لەبواری ئەشکەنجەداندا کرد، تەنانەت "ئۆکتافیۆس" لیژنەیەکی راسپارد تا باس و خواسی سەرجەم ئەشکەنجەدانەکانی کۆن و نوێی میللەتانی بۆ بھێنن، دواتر لیژنەکە باسی فیرعەونیەکانیان بۆ کرد کەلەسەر زینا لوتی ئافرەتیان بڕیوەو پیاویشیان خەساندووە.. باسی حیسییەکانیان بۆ کرد، سەبارەت بەو کەسانەی کەھەنگوینیان دزیوە، چۆن بە زیندوویەتی کەوڵکراون و خراونەتە بەر پوورە ھەنگ و ورووژانوویانن تا بیانگەزن.. باسی قارتاجییەکانیان بۆ کرد کەچۆن ھەردوو لاقی کۆیلەی ھەڵھاتوویان بڕیوە.. یان چۆن ئاشوورییەکان رمیان لەکۆمی دوژمنەکانیان بڕیوەو جولەکەکانیش بەسەرخستنە ژێر ئاوی دوژمنەکانیان، بەکاوەخۆ و بەچەند جارێک خنکاندوویانن. دواجار "ئۆکتافیۆس" بڕیاریدا دەبێت لەمەودوا سەرجەم ئەو ئەشکەنجانە پێکەوە لەسەر نەیارە دەستگیرکراوەکان تاقی بکرێتەوە.. بێگومان، بێشومار نمونەی دیکەمان ھەیە..ھەر لەمێژووی کۆنەوە تا ئێستاو..

وریا باقر: وەک دەڵێن جەنگ کاریگەری زۆر وێرانکەر و خراپی لەسەر منداڵان و ھەرزەکاران ھەیە، بەبەراورد لەگەلڕ گەورەکان..ئێوە لەسەرەتاکانی جەنگی "ئێراق-ئێران"-دا و دواتریش تاکۆتایی جەنگەکە، چ یادەوەرییەکی لا جآ ھێشتوون؟

یوسف عزەدین: لەسەرەتاکانی جەنگەکەدا، ئەوەندەی کەفام و ئەقڵم بەدنیا دەشکا، وەک زاتێکی تەنھا و دوورە پەرێز دەمڕوانییە ھەموو ئەوەی کەڕوویدەدا، واتە زۆر ئاگام لەقسەو باسی نێو کۆڕ و کۆمەڵەکان نەبوو، سەبارەت بەو جەنگە خوێناوییە.. یان ئەگەر گوێشم لێ ببایە.. پێنەدەچوو باش لێی حاڵی ببام.. وەختایەک بیر لەو دەمانە دەکەمەوە، نازانم بۆ زیاتر ھەست بەھەور و تەم و بارینی بەردەوامی باران دەکەم، بارانێکی تێکەلڕ بەبۆنی ریشۆڵەی رزیوو، بارانێکی رەش و نامۆ... بیرمە لەسەرەتاکانی ئەو جەنگە شوومەدا، لەیەکێک لەو ئێوارانەی کەلەقوتابخانە دەگەڕامەوە.. پێم نا بەکەلاکی تۆپیووی جرجێکی گەورەی گەنیوودا.. چ قێزەوون و ناخۆش بوو..بەتایبەت کاتێک ناوەخن و ھەناوی جرجەکە تاکێکی پێڵاوەکانمی سواغدا.. بڕێکی زۆری گۆشت و کلک و ھەناوی جرجەکەم لەگەڵ شەقاوەکانمدا، تامەودایەکی زۆر بردو ماوەیەکی زۆر بەلێواری شۆستەیەک ھەوڵی پاککردنەوەی تاکە پیسبووەکەی پێڵاوەکەم دا...

وریا باقر: کەواتە ھیچ ئاسۆیەکی گەشبینانە بۆ نەمانی توندوتیژی لەئارادا نییە؟

یوسف عزەدین: دەرکەی پرسیار و گەڕان بەشوێن ھۆکارەکانی سەرجەم ئەو کوشت و کوشتارانەی مرۆڤ پێی ھەڵدەستێت، چ بەتەنھا و چ بەکۆمەلڕ، واڵا و لەسەر پشتە!؟ ئارەزووکردنی توندوتیژی و حەز و خواستی لەناوبردن، ھەندێک جار ھێندە سەیر و سەمەرەیە، نازانیت چی دەرحەق بڵێیت!.. لەساڵی ١٩٥٨-دا لەیەکێک لەشەقامەکانی "نیومەکسیکۆ"دا، پیاوێک بەناوی "نۆرمان فۆز" ئۆتۆمبیلەکەی رادەگرێت و تفەنگی راوکردنەکەی دەردەھێنێت و دوو منداڵی مەکسیکی دەکوژێت، لەکاتێکدا لەقەراغ شەقامەکەدا خەریکی گەمە کردن بوون.. کاتێک دادگاییان کردو لێیان پرسی بۆ ئەمەت کرد، گوتی ویستوومە ئاستێک بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان دابنێم..لای خۆشمان ساڵانێک لەمەوپێش مێردمنداڵێک سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی خۆی کوشت، بەخوشکە بچوکەکەشیەوە، کاتێکیش لێی دەپرسن بۆ کوشتت، لەوەڵامدا دەڵێت، بەزەیم پێدا ھاتەوەو نەمویست بەتەنھا بمێنێتەوە.. لەھەمووشی سەیرتر پاش ئازادبوونی ئەو بکوژە مێردمنداڵە لەزیندان، بەکوشتنی باپیری زنجیرەی کوشتنەکانی تەواو دەکات.. چەند راستە نازانم، بەڵام فرۆید پێی وابووە، ھەر لەسەرەتاوە کردەی بایۆلۆژی، کاریگەری زۆری لەسەر خوو و رەوشتی مرۆڤ ھەبووە، چونکە بەڕای ئەو مرۆڤ لەچاو ئاژەڵە شیردەرە قەبارە گەورەکانی تردا، ماوەیەکی کەمتر لەمنداڵدانی دایکیدا دەمێنێتەوە.. واتە بەناکامڵی لەڕووی سایکۆلۆژییەوە لەدایک دەبێت وبەمەش واقیع کاریگەری زۆر توندی لەسەری دەبێت.

وریا باقر: تا چەند سەرچاوە مێژووییەکان، بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوآ، بەتایبەتیش لەگوێزانەوەی رووداو و بەسەرھاتەکاندا راستگۆ بوون؟

یوسف عزەدین: تۆ وەرە بڕوانە مێژوونووسێکی وەک "ھیرۆدۆت" کەدەرئەنجامی گەڕانی بەزۆر وڵات و کیشوەردا، زانیارییەکی زۆری سەبارەت بە میللەتان و وڵاتان نووسیووەتەوەو لەوانەش خستنەڕووی زانیارییە سەبارەت بەحوکمڕانی و بوونی مێژوویی مادەکان.. "ئیگۆر میخائیلۆڤیچ دیاکۆنۆف" لەنووسینی پەرتووکی ماد-ەکاندا سوودی لێوەرگرتووە..بەڵام بەدرێژایی مێژوو، لێرەو لەوێ کەسانێک بەرپەرچی ھیرۆدۆت-یان داوەتەوەو راستی و دروستی زانیارییەکانیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە، تا دەگاتە "ھیوزینگ" کەلەسەدەی بیستەمدا زۆر ھەوڵیدا، باس و خواسی سەبارەت بەمادەکان-ی ھیرۆدۆت بەدرۆ بخاتەوە.. کۆنترین ھەوڵدانیش بۆ دژایەتی و بەدرۆ خستنەوەی ھیرۆدۆت، لەلایەن کتسیاس-ەوە کراوەو بەناوبانگترین پەرتووکی مێژوویشی بەناوی "پرسیکا" نووسیوە..ئەم زاتە وەک دەڵێن پزیشک بووەو لەپێش زاییندا لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەدیل گیراوەو سەرەتا براوە بۆ دەرباری داریوشی دووھەم و دواتریش حەڤدە ساڵی لەدەرباری ئەردەشێر-دا بردۆتە سەر و بۆ گفتوگۆکردن لەگەلڕ گریکەکان سوودی لێوەرگیراوە.. دیاکۆنۆف سەبارەت بەکتسیاس ئەوە دەخاتەڕوو، کەھیرۆدۆت ھەر شتێکی بەسپی باس کردبێت، ئەوە کتسیاس کردوویەتی بەڕەش و بەپێچەوانەشەوە، یان ئەگەر بەتەواوی لەڕووداوێک حاڵی نەبووبێت، ئەوە لەخۆیەوە شتی نووسیوەو ھەر ناوێکیشی نەزانیبێت یان لەبیری چووبێتەوە، ئەوە ھەر لەخۆیەوە ناوی شوێنێکی تری بۆ داناوە.. کتسیاس رک و کینەیەکی زۆری دەرحەق بەھیرۆدۆت ھەبووەو بەناو و شوھرەتی گەلێک قەڵس بووە، بۆیە ھەرچییەک ئەو وتبێتی، ئەم پێچەوانەکەی وتووە.. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، ھەر لەسەرەتاوە نووسینەوەی مێژوو، چەند ناڕاست و خوار و خێچ بووە.. "پلوتارک" یش مێژوونووسی سەدەی یەکەمی زایینی، ھەر بەتایبەت پەرتووکێکی دژ بەھیرۆدۆت نووسیوەو ناوی ناوە"بەربەرپەرست".. چونکە پلوتارک و ھاوچەشنەکانی لەسۆنگەو دیدگەیەکی رەگەزپەستانەوە مێژوویان داتاشیوەو گەلانی غەیرە گریکی و رۆمانییان بە بەربەر و دڕندە وەسفکردووە.. ھەن پێیان وایە ھیرۆدۆت بێلایەنانە مێژووی نووسیووەتەوەو ھەشن پێیان وایە بەئارەزووی دەسەڵاتدارنی ئاتن، مێژووی ھۆنیوەتەوە.

وریا باقر: ئەمەی تۆ باسی دەکەیت، وامان لێدەکات ھیچ باوەڕێکمان بەنووسراوە مێژووییەکان نەمێنێت و بەتایبەتیش پەرتووکە دیراسییەکانی مێژوو، کەمەنھەجییانە لەقۆناغەکانی خوێندندا وەک بەڵگەنەویست ئەقڵی خوێندکارانی پێ سیخناخ دەکرێت؟

یوسف عزەدین: بەڵی ساختەکارییەکانی نێو پەرتووکە مێژووییەکان، گرفتێکی مەعریفی زۆر گەورەیە.. ئەمە لەبوارە زانستییەکانی تریشدا دەبینرێتەوە، ھەر بۆ نموونە ساڵانێکی زۆر ھەوڵدرا لەڕووی فیزیکی و بایۆلۆژییەوە، رەگەزەکانی مرۆڤ جیابکرێتەوە، کەکۆمەڵە زانایەک پێیان وابوو، رەگەزی ئەفەریقی ھۆمۆسابیا-یەو ئاسیا-یەکانیش لەڕەگەزی ھۆمۆ ئیریکۆس-ن و ئۆروپاییەکانیش لەڕەگەزی نیاندرتاڵ-ەوە ھاتوون..بەڵام ئەمە تاساڵی ١٩٨٧بڕیکردوو زانای بایۆلۆژی"بێرکڵی"لە"کالیفۆرنیا" بەشیکارکردنی "دی.ئێن.ئەی" رەگەزە جیاوازەکان، سەلماندی کەھەر ھەموو مرۆڤایەتی لەیەک بنەچەی مرۆڤەوە ھاتوون و سەرچاوەکەشی ئەفریقایە..شایانی باسە لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەشدا، لەبەشە ئەڵمانییەکەی باشووری ئەفەریقادا، بەڵگەنامەیەک سەبارەت بەژمارەی ئاژەڵە شیردەرە کوژراوەکانی ئەو سنوورە جوگرافییە نووسراوەو جێی سەرنجە کوژرانی چوارسەد مرۆڤی ئەفەریقی لەژێر ناونیشانی"دانیشتووانی دارستانەکان" لەھەمان راپۆرتداو وەک توخمێک لەئاژەڵ جێکراوەتەوە.

وریا باقر: بۆیە دەبێت ھەردەم لەپێناو ساغکردنەوەی راستییە مێژووییەکاندا، لەگەڕانی بەردەوامدا بین؟

یوسف عزەدین: دەبێت لەگەڕانی بەردەوامدا بین، بەڵام جیاواز لەو گەڕانە بەردەوامەی زانای دکۆمێنتە کۆنەکانی ئەڵمان "کۆستانتین چیندرۆف" کردی، پاش چەند سەفەرێکی بۆ میسر ساڵانی ١٨٤٤و١٨٥٣و پاش مایەپووچبوونی لەدۆزینەوەی تێسکتە کۆنە ئاینییەکانی تەورات و ئینجیل و ھاوچەشنەکانی، دواجار لەساڵی ١٨٦٩دا دنیای سەرسامکرد بەدۆزینەوەی دەستنووسێکی کۆن لەکڵێسایەکی میسر و بەو پێیەی کەنیسەکە ئەرسۆزۆکسی بوو، لەلایەن تزاری روسیاوە کۆمەک دەکرا، ھەر بۆیە دەستنووسەکەی پێشکەش بەتزار کردو ئیدی بووە ئیعجابی ھەموو ئەوانەی بۆ سەیری دەچوونە شاری پوتروسبۆرگ و تا دواجار بەلشەفییەکان لەساڵی ١٩٣٣دا بەمەبلەغێکی خەیاڵی بەبەریتانیا-یان فرۆشت و دەرکەوت ئەو دەستنووسە تەنھا بریتی نییە لەتەورات و ئینجیل بەڵکو "ئینجیلی بەرنابا"ش لەخۆ دەگرێَت، کە لەلایەن کڵێساوە لەسەدەی سێیەمی زایینییەوە قەدەغەکرابوو.. لەکاتێکدا ئەمەو چەندین بەڵگەی تر، راستی و دروستی دەستنووسەکەی دەسەلماند.. بەڵام زاتێکی وەک "کاممایر" پاش گەڕان و وردبوونەوە توانی ساختەبوونی دەستنووسەکە کەشف بکات، کە چیندرۆف لەڕێی قەشەیەکی گریکیی تەزویرچییەوە، بەناوی "سیمونیدس" ئەم تەزویراتەی کردبوو، ئەو زاتە یەکێک بووە لەو تەزویرچییە زۆر شارەزایانەی، کەبۆ بەدەستھێنانی پارە دەیان تێکست و دەستنووسی تەزویر کردبوو.. ماوەتەوە بڵێین " کاممایر" یەکێکە لەو رەخنەگرە بەتوانایانەی کەلەساڵی ١٨٨٩لەدایک بووەو لە ١٩٢٩دا پەرتووکی "تەزویری گەردوونیی مێژوو"ی نووسی، بەڵام ھیچ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆیان بڵاونەکردەوە.. چ نازییەکان دژایەتییان کردووەو چ دواتریش کاتێک لەئەڵمانیای دیموکراتیدا دەژیا، شیوعییەکان.. تا لەساڵی ١٩٥٩دا بەبێکاری و لەبرساندا سەر نایەوەو مرد.. ئەم پیاوە خاوەنی ھیچ بڕوانامەیەک لەمێژوودا یان پسپۆڕییەک نەبووە، بەڵام کارەکانی ھەموو روناکبیرانی سەسامکردووەو بۆ خۆی وتویەتی:" لەپێناو پاڵنەرە رووناکبیرییە رەسەنەکاندا دەنووسم، چونکە مێژوویەکی تەزویرکراو ترسناکە بۆ شارستانییەت و کلیلی ھەڵەمان دەداتە دەست و دەبێتە مایەی خوڵقاندنی مەعریفەو ھۆشمەندییەکی ھەڵخەڵەتێنەر، کەبەخێرایی دەبێتە سووتەمەنی کێشمانکێشەکانی داھاتوو".

___________________________
ناساندن:
(یوسف عزەدین) رۆماننووس و نووسەر لە ساڵی ١٩٩٠-١٩٩١زیندانی بووە لەمودیریەتی ئەمنی سلێمانی سەردەمی ڕژێم"ناسراو بەئەمنە سوورەکە"و پاش ئەوەی خۆی و ھاوڕێکانی فەرمانی گوللەبارانکردنیان بۆ دەردەچێت ، کەدەبوو لە٢١-٣-١٩٩١دا لەمەلعەبەکەی سلێمانی گوللەبارانبکرێن..بەڵام ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بووە لەمپەر و لە بەرواری ٨-٣-١٩٩١ پاش شاڵاوی خەڵکی ڕاپەڕیوو بۆ ئەمنەسوورەکە ئازادکرا.
یەکێکە لەو ناوانەی نەوەی نووسەرانی پاش ڕاپەڕینیان پێدەوترێت و ھەوڵی زۆر جدیی ھەیە، چ لەبواری رۆماننووسینداو چ لەبواری تەرحی فیکری و بگرەو بەردە فەلسەفییەکاندا وەک لەدیالۆگ و گفتوگۆکانیدا دیارە، ئەم سەرقافڵەو پێشەنگی ژمارەیەک دەنگ و ناوی جدییە.. بەڵام بەپێچەوانەی زۆر لەو دەنگانەی کەھەمیشە لەبەرچاوان و دەور قەرەباڵغن.. نووسەرێکی تەنھا و دوورەپەرێزە، ھیچ تێکەڵیی و خوڵقی نێوەندە ئەدەبی و رۆشنبیری و سەنتەر و کایەکانی تری نییە.. رەنگە ئەمە لەڕوویەکەوە باش بێت، چونکە کەس ھێندەی نووسەر پێویستی بەتەنھایی و دوورە پەرێزی نییە.. بەڵام مەخابن لەڕوویەکی تریشەوە کارێکی خراپە بۆ نووسەر، بەتایبەت بۆ وەسەتە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی لای خۆمان.. چونکە ناساندن و خۆ بردنە پێش و پشتگیری ئەملاو و ئەولا، گەرەنتی بەرەوپێش چوون و ناساندن و برەودانە بەنووسەر و بەردەوامبوونی چاپکردن و ریکلام بۆکردنی پەرتووکەکانییەتی، ئیتر ئەگەر زۆر لەنووسەران عەوداڵی ئەم گەمەیە بن، نووسین پێپلیکانەی چوونە سەرەوەو زیادبوونی ئیعتیباری کۆمەڵایەتی و بەدەستھێنانی دەستکەوتی مادیی و ھەندێک شتی دیکە بێت لای ھەندێک لەنووسەران.. ئەوە لای "یوسف عزەدین " بەجۆریکی ترەو لای ئەو نووسین و بیرکردنەوەو خوێندنەوە، مانایەکی جوداو جیاوازتری ھەیە، لەو مانا سەرزارەکی و سەتحییانەی کەنێوەندە فەرمی و تەقلیدییەکانی رۆشنبیری و نووسین تێیدا چەقیوون.
ئەم نووسەرە چەند زمانێک دەزانێت، لەوانە زمانی تورکی و عەرەبی بەباشی دەزانێت، چ بۆ نووسین و چ بۆ وەرگێڕان.. کۆمەڵێک بابەتی وەرگێڕدراوی لەزمانی تورکی و عەرەبییەوە ھەیە.. بابەتی نووسراو و بڵاوکراوەی بەزمانی عەرەبی ھەیە، کەلە کۆمەڵێک ڕۆژنامەو سایتی عەرەبیدا بڵاوکراونەتەوە.
نووسەر و وەرگێڕی مەغریبی "سەعید بلغربی" کۆمەڵێک تێکستی ئەم نووسەرەی لەزمانی عەرەبی-یەوە کردۆتە ئەمازیغی و لەدوو توێی پەرتووکێکی سەربەخۆدا لەمەغریب بەچاپی گەیاندووەو شایانی باسە ئەمە یەکەمین جارە تێکستی کوردی بکرێتە ئەمازیغی و لەدوو توێی پەرتووکێکدا چاپبکرێت.. بەتایبەت مەغریب وڵاتی نووسەرانی بەتوانای وەک "تاھیر بن جەلون"و "محەمەد زفزاف"و"محەمەد شوکری"یەو خاوەن خوێنەرانێکی جدییە.. ھەروەھا ئەم پەرتووکە بۆتە ماتەڕیاڵی دیراسی کۆلێژی ئادابی یەکێک لەزانکۆکانی مەغریب و وەک وەرگێڕش لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەی پێداوە، ئەو خۆی لەنێو کۆمەڵێک تێکستی ئەدەبی وەرگێڕدراوی کۆمەڵێک نووسەری کورددا، بەبێ ناسینی خودی نووسەر، تەنھا تێکستەکانی یوسف سەرنجی ڕاکێشاوەو سەرسامی جدییەتی بووەو ھەر بۆیە ماوەیەکی دوور و درێژی بۆ وەرگێڕان و پاشان بەچاپ گەیاندنی تەرخان کردووە.


پەرتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:

دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان/رۆمان/چاپخانەی شڤان-سلێمانی٢٠٠٦.
تەنھا ڕۆژێکی سارد/رۆمان/دەزگای موکریان/ھەولێر/٢٠٠٨.
پێخەفێک لەخوێن/ھونەری گێڕانەوە/دەزگای ئاراس/ھەولێر/٢٠٠٨.
ماجەراکانی سەلمانی فارسی/رۆمان/یانەی قەڵەم/سلێمانی٢٠٠٩.
وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/ رۆمان/بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی/٢٠٠٩.
وەھم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانەی یاد/ سلێمانی/٢٠١٢.
کۆتاییەکان/ئەنفارار/ ھونەری گێڕانەوە-سردیات/بەزمانی ئەمازیغی-دار کەبەدانی-مەغریب٢٠١٥.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک