٢٧\٤\٢٠١٤
كهمپهينى چاو هه ر چاوه
بۆ وهزارهتى تهندروستى:
گرێبەستە گۆماناویەکانتان لەگەڵ
کۆمپانیای FDAS
هەڵوەشێننەوە!
دوای
ئەوەی کەمپهینەکەمان (کەمپهینی چاو هەر چاوە) لە زیاد لە بۆنەیەکدا
داوای دادگایکردنی وەزارەتی تەندروستی کرد بەهۆی کەمتەرخەمی و
شاردنەوەی ڕاستیەکانی تایبەت بە کەیسی ئاڤاستین و کوێرکردنی چاوی
هاوڵاتیان، لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی بەردەوام بوو لەسەر
شێواندنی ڕاستیەکان. لەم کارەیدا وەزارەتی تەندروستی نەک زانیاری لە
خەڵک شاردۆتەوە و پێشێلی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری کردووە، بەڵکو
داکۆکیکەرێکی سەرسەخت بووە لەسەر کۆمپانیایەکی شکستخواردووی وەکو
کۆمپانیای FDAS.
لە تازەترین ديکۆمێنت كه کەمپهینەکەمان بهدهستى هێناوه، ئاماژە
بەوە دەکات کە تەنانەت ئەو لیژنەیەی کە خودی وەزارەت پێکیهێنابوو بۆ
لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو ڕازی نەبووە لەسەر کارەکانی
کۆمپانیاکە و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی وەزارەت لەگەڵ
FDAS کردووە. بەڵام وەزارەتی تەندروستی بە
هۆکارێکی نادیارەوە (کە گومانەکانمان زیاتر دەکات) بەردەوامە لەسەر
مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراودا.
بە گوێرەی ئەو ديکۆمینتەی دەستی کەمپهینەکەمان کەوتووە، لیژنەی
لێکۆلێنەوە لە کۆمپانیای FDAS کە لە
لایەن وەزارەت خۆیەوە پێکهێنراوە بە فەرمانی کارگێڕی ژمارە ١/٩/٥٣٩٨ لە
رێکەوتی ٢١/٨/٢٠١٣دا، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەندەکانی گرێبەستی
نێوان وەزارەتی تەندروستی و کۆمپانیای FDAS.
بەهۆی وەڵامنەدانەوەی کۆمپانیای ناوبراوەوە دوای دوو مانگ لە
پەیوەندیکردن پێاننەوە، لیژنەی لێکۆلێنەوە ئاگادارکردنەوەی یەکەم
ئاراستەی کۆمپانیاکە دەکات بە ژمارە ١٧١٧٩ لە رۆژی ٢٧/١٠/٢٠١٣ بەهۆی
ئەوەی کۆمپانیای FDAS شکستنی هێنابوو
لەوەی کە ٢٠٪ نرخی پشکنینە ئەنجامدراوەکان داهات بکات و
بیاننێریت بۆ وەزارەتی تەندروستی و هەروەها پلانێک دابنێت بۆ ڕاهێنانی
کارمەندانی دەزگای کۆنترۆلێ جۆریی. بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی
بۆ وەڵامدانەوە، کۆمپانیاکە شکستی هێناوە لەوەی کە ئەو پارەیە
بگەڕێنێەوە و هەروەها کەسانی شارەزا بهێنێت بۆ ئەوەی کە ڕاهێنان بە
کارمەندانی دەزگای کۆنترۆڵی جۆريی بکات.
وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێکردبوو، کۆمپانیای FDAS
کۆمپانیایەکی ساختەیە و بە هیچ جۆرێک پشکنین بۆ دەرمان لە بەریتانیا
ناکات، بەڵام وەزارەتی تەندروستی زۆر بە توندی وەڵامی داینهوە کە وا
نیە. بەڵام خودی لیژنەی لێکۆلێنەوەی وەزارەت خۆی بۆی دەرکەوتووە کە هیچ
پشكنينێكى (فحص)ێکی ئەو دەرمانانە نەک لە بەریتانیا بەڵکو لە ئوردنیش
ناکرێت و هەموویان لە بەغدا دەکرێن. لێژنەی لێکۆلێنەوە بەردەوام دەبێت
لەسەر ئەم بابەتە و ژمارەیەک زۆر هەڵەی تەکنیکی لە پشکنینەکاندا
دەدۆزێتەوە کە هەڵەی زۆر زەقن و خوێندکارێکی کۆلێژی دەرمانسازی پێیان
دەزانێت. بۆ نموونە پشكنينی 'هەڵوەرین' کە بۆ حەب دەکرێت و ڕێژەی
خۆگرتنی حەب ئەژمێرێ بۆ هەڵوەرین، ئەم پشكنينە بۆ کۆمەڵێک دەرمان کراوە
(یا تەنها ئەنجامەکەی نووسراوە) کە کەپسولن یا بەخاخن (کە هیچ
پێویستیەکیان بە ئەو جۆرە پشكنينە نیە). لیژنەی لێکۆلێنەوە ئەم هەڵانەی
بە پێشێلکاریەکی گەورەی گرێبەستی نێوان وەزارەت و کۆمپانیای FDAS
دەزانێت. هەروەها ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە کۆمپانیایەکە بە تەواوەتی
شکستنی هێناوە لەوەی کە بڕگەکانی تری گرێبەستەکە جێبەجێبکات، چونکە
بەشێکی گرنگی گرێبەستەکە ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی
دەزگای کۆنترۆڵی جۆری بووە کە بە هیچ جۆرێک ئەو کارەی نەکردووە.
کەمپهینەکەمان لە زیاد لە بۆنەیەکەدا ئەوەی دووبارە و چەند بارە
کردەوە کە کۆمپانیای FDAS کۆمپانیایەکی
ساختەیە و نەک لە بەریتانیا بەڵکو لە عێراق و کوردستانیش تۆمار
نەکراوە. لیژنەی لێکۆلێنەوە هەمان ئەو قسانەی کەمپهینەکەمانی
پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکە لە بەرێوەبەرایەتی
کۆمپانیاکانی هەولێر و لە خودی وەزارەتی تەندروستی تۆمار نەکراوە.
لیژنەی لێکۆلێنەوە هەروەها باس لە کۆمەڵێک پێشێلکاری تر دەکات کە
کۆمپانیاکە ئەنجامی داوە وەکو ئەوەی کە دەبوایە دوای سێ مانگ لە
ئیمزاکردنی گرێبەستەکە کەسانی پسپۆر و شارەزای ئامادەبکردایە بۆ
پشکنینی دەرمان لە کوردستاندا و هەروەها دوای ١٢ مانگ لە ئیمزاکردن
دەبوایە ٥٠% هەموو کارەکانی پشکنینی لە لایەن شارەزایانی خۆماڵیەوە
بکرێت، بەڵام ئەو کارە نەکراوە. هەروەها لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە
بەهۆی ئەم کارە نایاساییانەی کۆمپانیاکەوە نرخی دەرمان لە بازاڕدا
بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینيوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە
دەبوایە بە پێچەوانە بووایە.
لە ئەنجامدا لیژنەی لێکۆلێنەوە گەشتۆتە چەند دەرئەنجامێک کە ئەمانەی
خوارەوەن:
- گرێبەستی وەزارەتی تەندروستی لە گەڵ کۆمپانیای
FDAS سەنگی یاسایی نەماوە.
- دەبێت بڕگەی ١٩ ب لە گرێبەستەکە باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەکات
هەڵبوەشێتەوە.
- دەبێت دەست بەسەر بارمتەی کۆمپانیاکە بگیرێت و داهات بکرێت بۆ
وەزارەتی تەندروستی
- دادگا ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە
ڕێکاری یاسایی دژی کۆمپانیاکە بجوڵێنن.
ئەوەی بەلای ئێمەوە پرسیارە و گرنگە لێرەدا بکرێت ئەوەیە ئاخۆ بۆچی
وەزارەتی تەندروستی سەرباری هەموو ئەو بەڵگانەی کە کەمپهینەکەی ئێمە و
خودی لیژنەی لێکۆلێنەوەی وەزارەت خۆی کەڵەکەی کردووە و خستوویەتە
بەردەم ڕای گشتی، بۆچی وەزارەت بەردەوام بوو لە گرێبەستەکەی لەگەڵ
کۆمپانیایەکی ساختەی بێ بنەما و بێ شارەزا. ئایا ئەمە بۆ خۆی بەڵگە نیە
لەسەر شەریکایەتی نێوان وەزارەت و بەرپرسەکانی لەم بازرگانیە
نامۆراڵیەدا.
بۆیە ئێمە لە کەمپهینی چاو هەر چاوە داوا لە داواکاری گشتی و دەزگا
پەیوەندیدارەکانی تری یاسا و پۆلیس دەکەین کە:
- دادگایکردنی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی وەزارەت
بەهۆی بەردەوامییان لە گرێبەستەکەی نێوان وەزارەتی تەندروستی و
کۆمپانیای FDAS.
- دادگاییکردنی وەزارەتی تەندروستی بە هۆی شاردنەوەی ديکۆمێنتێکی گرنگی
وەکو ئەوەی لەم ڕاگەیاندراوەدا خستمانە ڕوو، چونکە بە گوێرەی داوای
داواکاری گشتی و بە گوێرەی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری دەبوایە
وەزارەت هەموو ڕاستیەکان بخاتە ڕوو، بەڵام ئەم ديکۆمێنتە گرنگەی
شاردۆتەوە.
- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی گرێبەستی وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیای
FDAS.
کەمپهینی چاو هەر چاوە
٢٥\٤\٢٠١٤
|