په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٥

گیانلەبەرانی نێو پەرتووکە دێرینەکان.


یوسف عیزەدین     


پێناچێت مرۆڤ بەدرێژایی مێژووی گێڕانەوەو نووسینی بەمەبەست یان بێ مەبەست، توانیبێتی لەناسین و ناساندنی خودی شتگەل و ڕووداوو و بەسەرھاتە جیاجیاکاندا، کتومت وەک خۆیان بیانخاتەڕوو.


ئەمەش ھۆکارەکانی گەلێکن، ڕەنگە سەرەکیترینیان تواناو قودرەتی بەحیکایەتکردن و گێڕانەوەی فانتازیا ئامێز و سەیرو سەمەرانەی بنیادەم بێت کەبەمەش لەواقیعی خۆی دەیباتە دەرەوەو چ بەویست و چ بێویستی خۆی دەیکاتە، ئەو شتەگەلەی کەخۆی وایدەبینێت یان دخوازێت وایببینێت، یان ھەر نەیبینەوەو دەیەوێت خۆی وانیشانبدات کەبینوویەتی.


وەک "سێر واڵتەر ڕالی"، دۆزەرەوەو موغامیری ئینگلیزی، لەسەردانیدا بۆ دەڤەری"گوایانا"ی سەر بە"فەنزەویللا" باس لەبینینی توخم و ڕەگەزی عەجایبی مرۆڤە بێسەرەکان دەکات و وەک دۆزەرەوەیەک ناویان دەنێت"ئیوایبانوما"، بەبێ ئەوەی لەڕاستیدا بینیبێتی؟!


مەبەستیش لەمرۆڤە"بێسەرەکان" گوایە توخم و ڕەگەزێکی زۆر عەجایبی ئینسانن، سەریان پێوە نییەو دەم و لوت و چاویان لەسنگیاندایەو لەشانەوە ملیان سفت و تەختە!


گەر قسەکانی ئەو موغامیرە بۆ ئێمە جێگەی باوەڕ نەبێت کەپێدەچێت لەھیندییە پێست سوورەکانی ئەو ناوچەیەی بیستبێت و بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر لەمیانی گێڕانەوەی باس و خواسی چەشن و چۆنیەتی گەشتەکەیدا خستبێتیەڕوو.. بەڵام ئەی بۆ ئاماژەپێدانەکانی مێژوونووسێکی دیاری وەک"ھیرۆدۆت" چ بێژین کەپێش زایین بەچەند سەدەیەک و لەکتێبە مێژووییە ناسراوەکەیدا "مێژووی ھیرۆدۆت" ئاماژەی بەبوونی ئینسانە بێسەرەکان و توخمێکی دیکەی مرۆڤی شێوە دزێوی لەسەگچووی دڕندە دەکات کەپێی وابووە لەبەشی ڕۆژھەڵاتی ئێستای لیبیادا دەگوزەرێن، شایانی باسیشە "ھیرۆدۆت" ناوچەگەلێکی زۆری ئۆروپاو ئاسیاو ئافریکا گەڕاوە.


دواتریش کەسانی دیکەش ناوی مرۆڤە بێسەرەکان دەبەن، وەک "بلینی" لە"مێژووی سروشتی"ییەکەیدا بە "بلیما" ناویان دەبات..


"سترابۆی" مێژوونووس ئاماژەی پێداون، زانای لاھوتیش" سامۆئیل بۆخارت" لەشیکاری وشەی"بلیما"دا، بنەچەی وشەکە بەوشەیەکی عیبری دەداتە قەڵەم کەبەواتای بێ دەماغ دێت و پێشی وایە ئەو توخمە لەبەشەر ھەبوون و بریتی بوون لەمرۆڤگەلێکی بێ دەماغ.


لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییەش بدەین کە لەواقیعدا خەڵکانێک ھەبوون لەباشووری میسر ژیاون و دژ بەڕۆمانەکان جەنگاون و بیلیمیس-یان پێگوتراوە.


شایانی باسیشە سەبارەت بەباس و خواس و خستنەڕووەکانی ئاژەڵان و دنیاکەیان، شتی زۆر سەیر و سەمەرە لەدوو توێی کتێبە کۆنەکاندا دەبینینەوە، ئەمەش ھەر لەنووسینەکانی "ئەرستۆ"ەوە تا دەگاتە "حەیوان"ی جاحز و"مروج ئەلزەھەب و مەعادن ئەلجەوھەر"ی مەسعودی و"نوخبەت ئەلدەھر فی عەجایب ئەلبەر و ئەلبەحر"ی دیمەشقی و "حەیات ئەلحەیوان ئەلکوبرا"ی دومەیری.


کورتەو پوختەی ھەندێک لەخستەڕووەکانی سەرجەم ئەو کتێبانە، لەلایەن "عەزیز ئەلعیلی ئەلعیزی" لەکتێبی" ئاژەڵ لەکولتوورماندا لەنێوان حەقیقەت و ئەفسانەدا-١٩٨٧-چاپی بەغدا"دا خراوەتەڕوو، لێرەدا ھەندێکی بەنموونە دەھێنینەوە.

دەڵەک:
(بەگژ تیمساحدا دەچێت، کاتێک تیمساح دەمی داچەقاندووە.. دەڵەک لەزارییەوە دەچێتە ھاناوییەوەو ناوسکی پارچە پارچە دەکات و دەیخوات و پاشان دێتە دەر). قەزوینی.
(چ ئەرستۆ و چ تەوحیدی"مەبەست لەئەبوحەیانی تەوحیدی-یە -ن" لە"ئیمتاع و موئانەسەدا" ئاماژەیان بەوە داوە کەمێینەی دەڵەک لە دەمییەوە دەپیتێنرێ"تلقح"و لە کلکیشیەوە بەچکەی دەبێت).دومەیری.

کەروێشک:
(گوتراوە ساڵێک نێرە و ساڵێک مێیە). قەزوینی.
(کەروێشک ساڵێک نێرەو ساڵێک مێ.. دەشگوترێت گەر چاوی بەدەریا بکەوێت مرداردەبێتەوە، ھەربۆیە لەکەنارەکاندا بەدی ناکرێت، بەڵام بەلای منەوە ئەمە ڕاست نییە). دومەیری.
"عەزیز ئەلعیلی ئەلعیزی" لەکتێبی" ئاژەڵ لەکولتوورماندا لەنێوان حەقیقەت و ئەفسانەدا"، سەبارەت بەمە دەڵێت:
( نازانم قەزوینی و دومەیری ئەمەیان لەکوێوە ھێناوە، لەگەڵ فرەیی کەروێشکی کێوی و ماڵی، بەتایبەتیش کەدەمیری لەمیسردا ژیاوەو ڕۆژانە کەروێشکی بینیوە.. دەرحەق بەوەش کەھەر کاتێک کەروێشک دەریا ببینێت مرداردەبێتەوە، ئەوە پێدەچێت دومەیری لەئەرستۆ-ی وەرگرتبێ کەشتێکی لەو چەشنەی گوتووە، بەڵام پەیوەستی کردووە بەجیاوازبوونی شوێن و کەش و ھەواوەوە، واتە ڕانەھاتنی ئاژەڵەکە ئەگەر لەشوێنێکەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەم شیکارییەی ئەرستۆ-ش بەشێوەیەکی گشتی دروستە).

تیمساح:
(تیمساح کۆمی نییە، چی دەخوات لەسکیدا دەبێتە کرم و کاتێک کرمەکان بێزاری دەکەن، تیمساح لەسەر پشت ڕادەکشێ و زاری واڵا دەکات، ئەو دەم خودا باڵندەی کێوی بۆ دەنێرێ و ئەوەی دیاربن لەو کرمانەی لەدەمییەوە دێنەدەر دەبنەخۆراکیان). مەسعودی.

بەراز:
(لەسیفاتە سەیرەکانی ئەگەر لەسەر پشتی گوێدرێژ توند شەتەک بدرێت.. ھەر کەگوێدرێژەکە میز بکات بەرازەکە دەتۆپێ). قەزوینی.

مێش:
( جاحز دەڵێت: مێش فرەجۆرن و لەشوێنی شێدارو کەڕوواوییەوە پەیدا دەبن، ئەو جۆرەی تێکەڵ بەمرۆڤیش دەبن، لەپیسی و پاشماوەوە دروست دەبن). دومەیری
" عەزیز ئەلعیلی ئەلعیزی" سەبارەت بەمە لەکتێبە نابراوەکەیدا دەڵێت:
(ئەم گوتەزایە بەگوتەزای پەرەسەندنی خودیی و ھەندێک کاتیش بەتیۆری پەرەسەندنی خودیی ناسراوە کەبۆماوەی بیست سەدەو لەپاش ئەرستۆ-وەو بەبێ چەندوچوون ببووە بیردۆزێکی سەلمێندراو.. تا زانای ئیتالیایی "ڕیدی" لەساڵی ١٦٨٠ی زایینی بەتاقیکردنەوە بەناوبانگەکەی دەرحەق بەمێشی گۆشت، ئەو تێڕوانینەی پێشووی پووچەڵکردەوە.. تا ئەو دەمەش پێیان وابوو مێشی گۆشت، بەشێوەیەکی خودی لەگەنینی گۆشتەوە دروست دەبێت، بۆیە"ڕیدی" سێ شووشەی پاکژی ھێناو گۆشتی تازەی کردە ھەر یەکێکیان.. یەکەمیانی بەسەرکراوەیی جێھێشت و سەری دووەمیانی بەپارچەیەک قوماشی تەنک شەتەکداو سەری سێیەمینیشیانی بەچەشنێک داخست کەھەوا نەچێتە ناوی.. پاش ئەوە چی بینی؟
بینی کرۆمەکەی مێش لەسەر گۆشتی شووشەی یەکەم ھەیەو دووەم کرۆمەکان لەسەر قوماشەکەن و سێیەمیشیان ھیچ کرۆمەکەیەکی تێدانەبوو، بەمەش سەلماندی کە کرمۆکەکان دەرئەنجامی دانانی گەرای مێش دروست دەبن کە لە لایەن مێینەی مێشەوە دادەنرێن... جا جاحز نەک ھەر گوتەزای خود پەرەسەندنی لە ئەرستۆ-وە وەرگرتووە، وەک خۆی و بێدەستکاری بەڵکو زێدەتر پێدادەگرێ و دەڵێت:
( ھەندێک لەخەڵکی ڕەشۆک و نیمچە ڕەشۆک، نکوڵی لەوە دەکەن کەھیچ شتێک بەبێ نێر و مێ دروست ببێت، ئەمەش جەھلە دەرحەق بەدنیا و جۆرەکانی ئاژەڵان.. باشە کاتێک بنیادەم خۆراک دەخوات، ھیچ مار و کرمێکی تێدا نییە، کەچی لەھەناوی خۆیدا دەیکاتە چەندین جۆری مارۆچکەو چەندین شێوەی کرمۆکە، بەبێ بوونی نێر و مێ).
بەڵام لەگەڵ ئەم ھەڵەیەشدا، جاحز لەزۆر شوێنی دیکەی نووسینەکانیدا، پێچەوانەی فیکر و تەرحەکانی ئەرستۆ تێڕوانینی جوداو ڕاست و دروستی ھەبووە.. نابێت ئەوەش لەیادبکەین کەخودی جاحز نموونەیەکی موعجیزەئاسای بیرمەندێکی خۆڕسک و فیداکارە، بەھەتیوی و لەنێو خانەوادەیەکی ھەژار ونەداردا گەورە بووەو ھەر لەمنداڵییەوە شاگردانەو دەستکەوتی ڕۆژانەی ئەو کارانەی لەودەمەدا ھەبوون و ئەم کردوونی، ئەو نووسراو و دەستنووسانەی پێکڕیوون کەبایی پارەکەی ئەو بوون و ئیدی پاش ماوەیەک ئەمەش دادی نادادات و بۆ خوێندنەوەی کتێبە دانسقەو دەگمەن و گرانەکان، ناچار دەبێت شەوانە لەکتێبخانەکاندا بمێنێتەوەو بەدرێژایی شەو، لەژێر تیشکی مۆم و قوتیلەکانی ئەو زەمەنەدا، ببێتە موسافیری ڕێگەی سەفەری پڕ میحنەت و سەختی خوێندنەوەی تێکستە جیدییەکان.. ھەر بەم شێوەیەو بەڕەبەنی تادواساتەکانی ژیانی بەردەوام بووەو دواجار پاش ڕمانی ڕەفەی کتێبخانە ھەڵواسراوەکەی سەری، ھەر لەو شوێنەدا کەخەریکی موتاڵا بووە، مردووە.

زرافە:
(لە کتێبی - مێژووی ئیبن خەلەکان -دا ھاتووە:
زرافە لەسێ ئاژەڵ پەیدابووە کەحوشتری کێویو مانگای کێویو کەمتیارن، کەمتیار لەگەڵ حوشتردا جووت دەبێت و بەچکەیەکی لەمابەینی حوشتر و کەمتیاردا دەبێت، گەر نێر بوو بەچکەکەشی لەگەڵ مانگا جووت بوو، ئەوە زرافەی دەبێت، ئەمەش لەوڵاتی حەبەشە ھەیەو عەجەمەکان پێی دەڵێن- اشترگاوپلنگ- بەڵام جاحز ئەم جۆرە بۆچوونانەی پێڕاست نییەو پێی وایە ئەمە نەزانییەکی گەورەیە، چونکە خودا چی بووێت دروستی دەکات.. زرافە توخمێکی تایبەتە بەخۆی وەک ھەسپ و گوێدرێژ.. ھەربۆیە ھەر جووتێک بەچکەی وەک خۆی دەبێت).
دومەیری

سەقەنقور:
(ئەرستۆ دەڵێت: سەقەنقور ئاژەڵێکی دەریاییەو ڕەنگە لەدەریادا لەدایک بێت، لەشوێنی بەرکەوتنی چەخماخەی برووسکەکاندا.. لەسەیر و سەمەرەکانیشی ئەوەیە گەر ئینسانێک بگەزێت و مرۆڤەکە پێش ئەو بگاتە ئاو و شوێن برینەکە بشواتەوە، ئەوە سەقەنقورەکە دەتۆپێو گەر سەقەنقورەکەش پێش مرۆڤەکە بگاتە ئاو ئەوە مرۆڤەکە دەمرێ). دومەیری
ئەم بۆچوونە لەڕاستیدا لەئەرستۆ-وە وەرگیراوە، ئەرستۆ-یەک کەدانەری لۆژیکە، بەڵام دەرحەق بەئاژەڵێک کەلەگەشتەکانیدا بەرچاوی کەوتووەو بینیویەتی، کەچی بۆچوونێکی ئەفسانەئامێزی لەمەڕ دەخاتەڕوو.

سەمەندەل -سەلەمەندەر-:
لەسەیر و سەمەرەکانی سەمەندەل، چێژ بینینیەتی لەئاگر و مانەوەیەتی لەناویدا.. کاتێک کەوڵەکەی پیس دەبێت، تەنھا بەئاگر خۆی پاک دەکاتەوەو زیاتریش لەوڵاتی ھیندوستان ھەیە.. ئاژەڵێکە لەڕێوی بچوکتر، چاوی سوور و کلکی درێژە.. لەکەوڵەکەی جۆرە دەستەسڕێک دەچنرێت، کاتێک پیسبوو دەخرێتە نێو ئاگرەوەو ناسوتێت و بگرە پاکژیش دەبێتەوە.
ھەندێکی دیکەش پێیان وایە سەمەندەل باڵندەیەکە لەھیندوستان دەژی، لەنێو ئاگردا ھێلکە دەکات و ھەر لەوێشدا ھەڵیدێنێت.. ئاگر ھیچ کاری تێناکات و لەپەڕەکانی جۆرە دەستەسڕێک دروست دەکرێت و دەبرێتە وڵاتی شام.. کاتێک پیس بوو، دەخرێتە نێو ئاگرەوەو ئاگر تەنھا پیسییەکەی لێدەکاتەوەو دەستەسڕەکە ھیچی لێ نایەت). دومەیری

سەناجە:
( گوتویانە: ھیچ ئاژەڵێک نییە لەسەر زەوی ھێندەی سەناجە گەورە بێت.. گوتویانە لەخاکی تیبت ھەیە.. یەک فەرسەخ لەزەمین دەکاتە شوێن مەنزڵی خۆی.. لەتایبەتمەندییەکانی گەر یەکەمجار چاوی بەھەر ئاژەڵێک بکەوێت، ئەوە خۆی مردار دەبێتەوە.. بەڵام گەر ھەر ئاژەڵێک یەکەمجار چاوی بەو بکەوێت، ئەوە ئاژەڵەکە یەکسەر مردار دەبێتەوە).
قەزوینی

سیمرغ:
( مەزنترین و زەبەللاحترین باڵندەیە، فیل ھەڵدەفڕێنێ ھەروەک چۆن واشە مشک ھەڵدەفڕێنێ..گوتویانە تەمەنی سیمرغ ھەزار و حەوت سەد ساڵە، پاش ئەوەی تەمەنی دەبێتە پێنج سەد ساڵ جووت دەبێت، ھێلکەکەشی بەسەدو بیست و پێنج ساڵ ھەڵدێنێ.. ئەگەر بەچکەکەی پاش گەورەبوونی مێ بوو، ئەوە دایکەکەی دار و چیلکەو چەوێڵێکی زۆر کۆدەکاتەوەو نێرەکە بەدەنووکی گڕی تێبەردەداو دایکەکە دەسووتآو بەچکە مێینەکەش دەبێتە تاکی نێرەکە.. خۆ ئەگەر بەچکەکەشیان نێر دەرچوو، ئەوە نێرەکە ھەمان کاری مێیەکە دەکاتەوەو بەچکەکە دەبێتە تاکی مێیەکە..شتی زۆر لەوە سەیرتریش کەگوتمان، دەرحەق بەسیمرغ گوتراوە). قەزوینی.
عەزیز ئەلعیلی ئەلعیزی- لەھەمان کتێبی پێشتر ئاماژەپێدراوماندا، دەڵێت:
(سیمرغ باڵندەیەکی ئەفسانەییە لەئەفسانە کۆنە فیرعەونییەکاندا ئاماژەی پێدراوەو پوختەی ئەو ئەفسانانە ئەوەیە، کاتێک سیمرغ تەمەنی دەگاتە پێنج سەد ساڵ، خۆی دەسووتێنێت.. پاشان لەخۆڵەمێشەکەی خۆی دروست دەبێتەوەو پاش پێنج سەدساڵی دیکە ھەمان کار دووبارە دەکاتەوەو بەم کلۆجە لەمابەینی مەرگ و ھەڵسانەوەی پاش مەرگدا بەردەوام دەبێت).
جێگەی ئاماژەپێدانیشە لە"شانامە"دا باس لەسیمرغ کراوە، وەک باڵندەیەکی بەخێوکەری "زاڵ"ی کوڕی"سام"ی کوڕی "نەریمان" .. باوکی "زاڵ" کاتێک دەبینێت کوڕەکەی بەسەری سپی و شێوەیەکی دزێوەوە دێتە دنیاوە، لەجێگەیەکی دوورە دەست فڕێیدەداو کەچی سیمرغ دەیگرێتە خۆی گەورەی دەکات و تاد...
کاتێکیش بەگەورەیی ناچار دەبێت سیمرغ بەجێ بھێڵێت، پەڕێکی خۆی دەداتآ تا لەکاتی تەنگانەدا بیسووتێنێ... ئاشکراشە "زاڵ" باوکی "رۆستەم"ە و... تاد.


ماوەتەوە بڵێین، وێڕای ئەو ھەموو حیکایەتە ئەفسانە ئامێز و سەیر و سەمەرانەی نێو دوو توێی کتێبە دێرینەکان، بەتایبەتیش ئەوەی تایبەتە بەئاژەڵان و ھەر لە ئەرستۆ-وە تا دەگاتە ئەوانەی دیکە.. ئاستەمە ھیچ شتێک جدییەتی کار و کۆششی ئەوان بسڕێتەوە.. بەتایبەتیش لەسەردەمانێکدا ئەمانە ھەوڵیان داوە کەئاستەم بووە بەشێکی ھەرە زۆری ئەو ئاژەڵانە، بەئاسانی بدۆزرێنەوەو ببینرێن.. ئەمە جگە لەنەبوونی سەرچاوەو دەیان لەمپەر و ڕێگری لەبن نەھاتوو.


لە ھەمووشی دانسقەتر، لەدوو توێی ئەو کتێبانەدا، ئەتمۆسفێری حیکایەت ئامێزانەو فانتازیای نامۆ و عەجایب دەخووڵقێت..


جا بەدەر لەزانستی بوون و زانستی نەبوونی گوتراوەکانی نێو دوو توێی کتێبە تایبەتەکانی دنیای ئاژەڵان، ھێزێکی ئەفسووناوی کەمەندکێشی خوێندنەوەی نەزانراوەکانیت دەکات و دەگەیتە ئەو ڕاستییەی کەلەبەشێکی بەرچاوی شاکارە ناسراو و بەنامێکانی دنیا جوانتر و بەڕەونەقترن.


خەیاڵاتێک لەو تێکستانەدا کاردەکات کەبێسنوور دەیان ئەندێشەو خەیاڵاتی دیکە بنیات دەنێتەوە. پێچەوانەی بەشێکی دیاری تێسکتە بەناوبانگ و ناسراوە نەزۆک و چرووکەکانی چ دنیای دەرەوەو چ ناوەوەی ئەدەبیاتی کوردی.. ئەم تێکستانە ڕاستگۆییەکی بێ وێنەی عەشق و شەیدابوونی کەشفکردنی نەزانراوەکان، دەبێتە پاڵپشتی و دەچێتە باکگراوندییەوە. ئیدی ئەو داھێنەرە گەورانە، لەدنیایەکدا کەتەنانەت دەستکەوتنی کەرەستەکانی نووسین و دۆزینەوەی سەرچاوەکان ئاستەم بووە.


لەڕۆژگارێکدا گەڕان بەمەملەکەت و کیشوەرەکاندا لەئەگەری ھات و نەھاتی مان و نەمان و گەیشتن و نەگەیشتندا ھەڵسووڕاوە، کەچی ئەوان ھەوڵی گەیشتنە مەحاڵ و دۆزینەوەی مەجھولیان داوە.. بۆ ئەمەش زۆربەی ئەو جۆرە کەسانە ھەموو ژیانی خۆیان لەوپێناوەدا سەرفکردووە، تەنھا بەمەبەستی گەیشتنە ترۆپکی ئەوەی کەتوانراوە لەو دەمەدا بەدەست بێت.
 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک