په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٥\٢٠١٤

    هەتا چاوی خەیاڵ بڕکا..

  درەنگ وەختە.


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

درەنگ وەختەو بەپەلە شەقامەکان لەگەڵ خۆمدا ئەپێچمەوەو،
تا چاو بڕ کات ڕوانین ئەبارێنمە سەر گەڵا وەریوەکان
بەپەلە شار ئەنێمە نێو قەسیدەیەکی تازەو،
ئەیبەخشمە تاسە ناکامەکانی تۆ.
درەنگ وەختەو..من بە ئیملای عەشقەوە خەریکم و،
تازە ناتوانم دەست بدەمە دەست گوناهە مت بووەکان
ئەو گوناهانەی جەستەمیان کردۆتە هێلانەی ترس!
تازە ناتوانم بە دەنگی کەوتوومەوە چەپکە هاوار بنێرمە دوورگەکانی بێدەنگی.
بەم درەنگ وەختە بوومەتە نێچیری تەمەنێک لە وەهم و نابینایی
من شیلاوی دار هەنجیرەکانی قەراغ شەکەت بوون تام ئەکەم
درەنگ وەختان ماچی کەناری ئەکەم و
لە خۆرئاوا بوونیشدا فێری مەلەی خەیاڵ ئەبم!
ڕێ بدەن…وا شەپۆڵێک ئەگاتە جێ
هەواڵی ماسی ڕوح و دەریای ئەندێشەی پێیە.
ڕێگە بدەن…وا هەناسەکانی کۆترێک ئەگاتە جێ
کە قەرزاری بێ نیشانەیی دارلاستیکێکی مناڵە بزێوێکی شارەکەمە.
من عومرێکم لە ئیملای عەشق و
لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی غوربەت بەسەر بردووە و
تازە خەریکی ڕەشنووسی قەسیدەیەکم لە تەم
تازە بە نیازم ئەفسانەکانی سوێند و سیقە بنووسمەوە .
تازە بەنیازم ئینتیمای خۆشەویستی خۆم بگێڕمەوە سەر وەسفی گوڵە شەوبۆکانی ڕۆژهەڵات .
تازە بەدەستی گۆچانەوە…لەرزۆک لەرزۆک خەریکم
بێستونێک بە ئەندازەی ئەندێشەی چۆلەکەیەک کون بکەم
درەنگ وەختە…زەمەن و مێژوو وەک دوو ماری عاشقە و ماشقەن،
دۆسیەی تەمەن ئەسوتێنن.
درەنگ وەختەو…ڕێ بدەن من خەریکی گەنج کردنەوەی تەمەنێکم لە پیر بوون.
بە نیازم تەرمی یەکەیەکەی مووە سپییەکانی خەیاڵم بنێژم.
بە هیوای سەفەرێکم بەرەو ڕۆژە بێ خەمەکان
سەفەری گەڕانەوە ڕوەو ئەو ڕابردووە لە دەست چووەی کە پێی ناگەم
من سیزیڤێکم لە هەوڵ و فەرهادێکم لە ئومێد
بەم درەنگ وەختە…ئەمەوێ بەسەرهاتەکان بگێڕمەوە
سەیرە بەم درەنگ وەختە ئەمەوێ نمایشی سرووتەکانی عەشق بکەم.
ڕێم بدەن…وا خەریکم بەم درەنگ وەختە ئەبمەوە بە مناڵە لاسارەکەی ڕەحیماوە!
چەند سەیرە چەند بەم تەمەنە پڕ لە گرێ و گواڵەوە
تۆفانێک لە پێکەنین ئەمخنکێنێ!
ڕێم بدەن گیرۆدەی خولیایەکم لە شەوە مەستەکانی بێ ئاگایی و
شۆڕ بوونەوە بۆ ناو دەریاچە مەنگەکەی یادەوەری
گیرۆدەی گومانێکم لە خەیاڵە بێ سنوورەکانی ئەوین
ڕێم بدەن…بەم درەنگ وەختە خەریکی توانەوەم لە وەهمەکانی سۆز و لە ترسەکانی حەقیقەت.
بەم درەنگ وەختە وا ئەبم بە گەردەلوولی ڕازێکی سڕ بوو
خەریکە ئەبم بە گەردەلوولی بوون.


ئازاری ٢٠٠٦ - ڤانکۆڤەر / کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک