په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠٢٤

دەق و ڕەخنە:

ژیانی کۆمەڵایەتی منداڵ؛

لە شیعریی (منداڵی درۆزن)ی ئەحمەد عارفدا.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


ئەم شیعرەی کاک ئەحمەد عارفی شاعیر ( منداڵی درۆزن)، مێژووی نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، بەڵام بەوپێیەی کە جارێکی تر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دایناوەتەوە، مانای وایە کاک ئەحمەد هیچ کێشەیەکی لەسەر شیعرەکە و ناوەڕۆکەکەی نییە. من لێرەدا هەوڵ دەدەم شیعرەکە دابنێمەوە و ئینجا وردە وردە دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکەم کە کێشەکانی پەروەردەیە و لەڕێگەی شیعرەکەوە کە شیعرێکی تەعلیمییە، تیشکێک دەخەمە سەر تێڕوانینی شاعیر بۆ پەروەردە و بنەماکانی پەروەردەی منداڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

دەقی شیعری منداڵی درۆزن.

منداڵێکی چاو چنۆک
پیس و چەپەڵ ، گرینۆک
لە کۆڵانا لاسار بوو
ئازای گیانی زامدار بوو
لەم گۆلاوێ بۆ ئەو گوفەک
هاورێی تانجی و توولە و سەگ
کەسێ نەبوو خۆشی وێ
دڵێ نەبوو بۆی سووتێ
رۆژێ ڕێکەوت ئاوا بوو
چاو چنۆک لە ئاوا بوو
بەوپەری بێشەرمییەوە
لە دێو ناسڵەمێوە
منداڵانی بێزار کرد
هێندەی بە درۆ هاوار کرد
تا لەناکاو گابەردێ
بۆی بوو بە بەڵاو دەردێ
خوێنی تێکەڵ بە ئاو بوو
خەڵکی و خۆشی ڕزگار بوو.(١)

ژیانی کۆمەڵایەتی منداڵی کورد.


ئەم حیکایەتە تراژیدییەی کاک ئەحمەد عارفی شاعیر، هەر تەنها حیکایەتی منداڵێکی درۆزنی نێو دەقەکە نییە، بەڵکوو حیکایەتی دەیان و سەدان منداڵی نەبوون و هەژارن، کەلە گەڕەکە هەژارنشینەکان و لە پەراوێزی شارەکاندا ژیاون و دەژێن. ئەو گەڕەکانەی کە جگە لە خانووی نزم و شێدار و بێ خزمەگوزار کە دیمەکانیان ڕەنگدانەوەی بێدەرامەتی و دەستکورتییانە، شتێکی تری تیا نابینیت. لێرە لەم گەڕەکە تاریکانەی قەراغ شارەکان، منداڵە بزێو و شەڕانیی و کراس و شەڕواڵ دڕاو و چەقاوەسووەکان دەژێن، ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان ڕۆژ تا ئێوارە لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن پارووەنانێک بۆ ئەو منداڵە چەقاوەسووانە پەیدا بکەن. سیستەمی دڵڕەقی سەرمایەداری بەجۆرێک کۆمەڵگەی شێواندۆتە سەریەک و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی بە جۆرێک لەقاڵبداوە کە مرۆڤەکان هەر فریای ژیانێکی مەمرەومەژی بکەون، نەک ژیانێکی ئینسانیی شایستە بە مرۆڤی سەردەم. کاک ئەحمەد عارف ئەم ڕاستییە نابینێت یان دەیبینێت و خۆی لێ لادەدات و هاتووە منداڵێکی بە موجەڕەددی وەرگرتووە و وێنای کردووە. وەک ئەوەی منداڵانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان هەموو پۆشتە و پەرداخ و خاوەن ڕەوشتی بەرز و ڕاستگۆ بن و تەنها ئەو منداڵە درۆزن بێت. با بزانین چۆن؟


با سەرەتا لە ناونیشانەکەوە دەست پێبکەین. کاتێک دەقێک دەنووسرێت، جا شیعر بێت یان چیرۆک یان ڕۆمان یان شانۆگەری، یەکەمین بەریەککەوتنی خوێنەر و دەق، لەرێگەی ناونیشانەکەیەتی. ناونیشان گرنگییەکی زۆری هەیە. هەڵبژاردنی ناونیشان هەر بەتەنها وابەستە نییە بە ناوەڕۆکی دەقەکەوە، بەڵکوو وابەستەشە بەو هەلومەرجە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و مەعریفییەی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەی کە دەقەکەی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. شاعیر لە هەڵبژاردنی ناونیشاندا ( منداڵێکی درۆزن) دەیەوێت دیوی ناشیرینی قوربانییەکمان نیشان بدات کە هەموو دەزانین ئەو قوربانییە، قوربانی چ سیستەمێکی چینایەتی دڵڕەقە. ئەوەی کاریگەری لەسەر منداڵ دادەنێت جگە لە خێزانەکەی، قوتابخانە و دەزگا میدیاییەکانی دەوڵەتن. جارێ گرنگە خێزانەکان بزانن چۆن منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن و لەوەش گرنگتر خودی خێزانەکانن کە ئایا تا چەند خوێندەوار و تێگەیشتوون و زانستییانە بیر دەکەنەوە. ئایا ئەو دایک و باوکانە چەند لە جیهانی منداڵەکانیان تێگەیشتوون؟ ئەو دایک و باوکانە چەند لە بنەماکانی پەروەردەی منداڵەکانیان حاڵی بوونە و چۆن دەتوانن وەڵام بە داخوازییەکانی منداڵەکانیان بدەنەوە؟ ئایا دەشێت چیرۆکێک بنووسین بەناوی شازادە ولیەمی چڵمن؟ نا ناکرێت. بۆچی؟ چونکە شازادە ولیەم لە چینی بۆرژوایە و فەرمانڕەوایە و دەوڵەمەندە و دەیان بەردەستی هەیە و مەحاڵە شازادە ببینین چڵم بە لووتیا شۆڕ بێتەوە. باسکردنی چیرۆکێکی لەوجۆرە بەسە بۆ ئەوەی بە شێت و نەزان و بێئاگات ناوزەد بکەن. بەڵام نووسینی چیرۆکێک یان شیعرێک لەسەر منداڵێکی چڵکنی ڕەحیماوەی گەڕەکی شاری کەرکووک، یان گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر ئاساییە و ڕەنگە دەیان دەستخۆشیت لێبکرێت. هۆکارەکەی ئاسانە. لە گەڕەکەکانی ڕەحیماوە و باداوە منداڵان بەزۆری لەو خێزانانەوە دێن کە بەپێی پێویست خوێندەوار نین و دایکان و باوکان هۆشیاری پێویستییان لەسەر پەروەردەی منداڵ نییە و تەنانەت ڕۆژ نییە منداڵەکانیان لەسەر لاساریی و چەقاوەسوویی دارکاریش نەکەن. ئەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات واقیعی کۆمەڵایەتییە.(٢) هۆشیاری دوواکەوتووانەی خێزانەکانیش هەر واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستان دیاری دەکات.

منداڵێکی چاو چنۆک
پیس و چەپەڵ ، گرینۆک
لە کۆڵانا لاسار بوو
ئازای گیانی زامدار بوو
لەم گۆلاوێ بۆ ئەو گوفەک
هاورێی تانجی و توولە و سەگ. ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

ئەم سیفەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم منداڵە ( پیس، چەپەڵ، چاوچنۆک، گرینۆک، لاسار، هاوڕێی تانجی و سەگ)، وێنەیەکمان نیشان دەدات، کە منداڵەکە بە ناشرینی ببینین. سیفەتە نیگەتیڤەکان وەک بەشێک لە فەرهەنگی دوواکەوتوانەی کۆمەڵگە داهێنراوی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕی زاڵی نێو کۆمەڵگەیە. بیروباوەڕی زاڵی نێو هەر کۆمەڵگەیەکیش بیروباوەری چینی دەسەڵاتدارە.(٣) جا ئەو دەسەڵاتدارە خاوەن کۆیلەکان یان دەرەبەگەکان یان سەرمایەداران بن. ئەو سیفەتانەی شاعیر لەم سێ دێرەدا ڕیزی کردوون، دوو جۆرن، جۆرێکیان سیفەتگەلێکی نێگەتیڤن و دوادێڕیان سیفەتی پۆزەتیڤە، بەڵام لای شاعیر بە نێگەتیڤ ڕیزبەند کراوە. پیس، چەپەڵ، چاوچنۆک، گرینۆک، لاسار نێگەتیڤن، بەڵام بۆچی دەبێت هاورێکردنی تانجی و سەگ نێگەتیڤ بێت؟ بۆچی هاوماڵیکردنی سەگ کارێکی دروست نییە لای شاعیر؟ بەبۆچوونی من هۆیەکەی باکگراوندی کلتووری کوردیی شاعیر نییە، چونکە لە فەرهەنگ و کلتووری کوردیدا سەگ هاوماڵ و هاوڕیی مرۆڤە، بەڵکوو کاریگەری باکگراوندی کلتووری ئاینییە کە شاعیر سەگ بە ئاژەڵێکی پیس وەسف دەکات. (ڕەنگە حیکمەت یان هۆکاری قەدەغەکردنی بەخێوکردنی سەگ لەلایەن ئیسلامەوە بۆ مەبەستی تر جگە لە ڕاوکردن یان پاسەوانی: ئەوە بێت کەپاک نین و پیسن و تەنها بە حەوت شوشتن نەبێت کە یەکێکیان بە خۆڵ یان سابون بێت، پاک نابنەوە. یان لەبەر ئەوەی ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی فریشتەکان دەکەن کە بەندەی بەڕێزی خودان و بوونیان دەرکەوتنی ڕەحمەتی ئەوە بەرامبەر بە بەندەکانی.)(٤) ئەم دیدگایە دیدگای زۆربەی خەڵکی کوردستانە. لەکاتێکدا سەگ وەک هاوەڵ دەتوانێت لە ماڵدا لەگەڵ مرۆڤەکان بژێت و منداڵەکانیش فێری خۆشەویستی ئاژەڵیان بکەن نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوەی ئاژەڵان.

تا لەناکاو گابەردێ
بۆی بوو بە بەڵاو دەەدێ
خوێنی تێکەڵ بە ئاو بوو
خەڵکی و خۆشی ڕزگار بوو. ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

دڵڕەقی شاعیر دژ بە منداڵی درۆزن هێندە لەسەرە کە بە مەرگی ئەو منداڵە خێرلەخۆ نەدیوە دڵشاد بێت و خەڵکیش پێیان خۆش بێت کە ئەو منداڵە درۆزنە مردووە. ئایا ئەمە چەند لە واقیعی کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکی هەژاری کوردەوە نزیکە؟ نەخێر بە هەزاران فرسەخ دوورە. ئەمە ناحاڵیبوونە لە واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەگینا هەموو دەزانین مردنی منداڵێکی خێزانێکی هەژار با درۆزنیش بێت، چ کارەساتبارێکە و چ تراژیدیایەک دەخوڵقێنێ، نەک خەڵک دڵخۆش بکات و کار بگات بەوەی ئەو دڵخۆشییە ببێتە بابەتی دەقێکی شیعریی تەعلیمی لای شاعیرێک کە شیعر بۆ منداڵان دەنووسێت.

لایەنی فێربوون لە شیعری منداڵی درۆزندا.


لایەنی فێربوون لەم شیعرەی شاعیر، فێربوونێک نییە لە دیدی ئێنسانی هاوچەرخەوە سەبارەت بە کێشەکانی منداڵ و ژیان، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی پاسیفیستی دوواکەوتوانەیە کە منداڵ بەرەو شێواندنی زیاتر و دوورکەوتنەوەی لە جیهانی تایبەتەکەی خۆی پاڵ پێوەدەنێ. کاتێک شاعیرێک شیعر بۆ منداڵ دەنووسێت، دەبێت ئاگاداری جیهانی تایبەتی منداڵ بێت، دەبێت بزانێت چ شتێک منداڵ و بیرکردنەوەی منداڵ فراوانتر دەکات و گەشەی پێدەدات؟ دەبێت بزانێت قۆناغەکانی منداڵ بناسێت و پێویستی تایبەتی هەر قۆناغێک هەست پێبکات. دەبێت ئاگاداری بنەماکانی پەروەردە و فێرکردنی هەر قۆناغێکی منداڵ بێت و بەرپرسیارانە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات. دەبێت هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە تێبگات و ئینجا دەست بۆ قەڵەم بەرێت و قسە بۆ منداڵ بکات و ئامۆژگارییان بکات.

بەوپەری بێشەرمییەوە
لە دێو ناسڵەمێوە ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

با لێرە بپرسین شاعیر چی فێری منداڵ دەکات؟ دەڵێت بێشەرمی واتە بێ چاو و ڕوو واتا بێڕێز. واتا منداڵێکی بێڕێزی چاوقایم. ئێمە هەموو لەسەر بەهای کۆمەڵایەتی ڕێز کۆکین و دەزانین منداڵ و گەورەی بەڕێز جێگەی خۆشەویستین. بەڵام چی وا لە منداڵ دەکات بێڕێز بێت؟ چی وای لێدەکات شەرم نەکات. گرێی ناحاڵیبوونەکە لێرەدایە. پەروەردەی ڕۆژئاوا پەروەردەیەکە لەسەر بنەمای ڕێز و شەرم نەکردن. ئەوان منداڵ وا بار دەهێنن شەرم نەکات. بێشەرمی سیفەتێکی باشی منداڵە و گوزارشتە لە کەسایەتی بەهێزی منداڵ، نەک سیفەتێکی خراپ بێت. منداڵی شەرمن منداڵی لاوازە و کەسایەتی پتەوی نییە. بۆیە شاعیر لە ناهۆشیارییەوە ئەم سیفەتانە (پیس و چەپەڵ و چاوچنۆک و گرینۆک و لاسار و هاوڕێی تانجی و سەگ و بێشەرم و بێزارکەر و درۆزن لە گۆلاوێ بەر تاشەدەردێک دەکەوێت و دەمرێت) ئەمە پەیامی شیعرەکەیە و دەیەوێت بڵێت منداڵینە ئێوە وا مەبن، پیس و پۆخڵ و چاوچنۆک و لاسار و درۆزن مەبن و هاوڕێیەتی تانجی و سەگ مەکەن، شەرمن بن، بێئەوەی پێمان بڵێت ئەمە چۆن دەبێت و چۆن دێتەبوون!. ئایا دەتوانین ئەم ئامۆژگارییانەی شاعیر لەسەر لافیتەیەک بنووسین و بچین لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکانی کوردستان هەڵیواسین و ئیتر دنیا دەبێتە شامی شەریف؟ یان دەردەکە لە جێیەکی ترەوەیە و شاعیر نایەوێت خۆی لەقەرەی بدات. باشە گوناهی منداڵی کوردستان چییە ئەم جۆرە شیعرە دوواکەوتووانەیان بخەینە بەردەست و بەم تەرزە لە شیعر فێری باڵەفڕەی ژیانیان بکەیت؟ ئایا منداڵانی کوردستان شایانی ئەمجۆرە پەروەردەیەن؟ ئایا ئەم شیعرە بۆ کام لە چوار قۆناغەکانی پەروەردی منداڵ نووسراوە، قۆناغی ئەندێشەی بەستراو بەژینگەوە یان قۆناغی ئەندێشەی ئازاد یان قۆناغی منداڵێتی یان قۆناغی ئایدیالیستی؟(٥) دیارە هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی خۆیان هەیە. من ناڵێم باسی سیاسەت و ئابووری بۆ منداڵ بکرێت، بەڵام دەڵێم لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەوە دۆخی منداڵان تێبگەین و لەوێوە قسەیان بۆ بکەین. شیعری فێرکاری منداڵان دەبێت زانست و خۆشەویستی بکاتە بناغە و لەوێوە منداڵ بەرەو ئاراستەیەکی تەندروست ببات، نەک ناشیرین و قێزەوەن نیشانی منداڵ بدات و بیکاتە دوژمنی ئاژەڵ. ئا لێرەوەیە نەوە دوای نەوەی منداڵ لەبری چەواقوسوویی و کاری ناشایستە و ناشارستانی ، منداڵی تەندروست و چالاک و زانتسخواز و ئینسان دۆست دێنە مەیدان. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەبێت پێی هەڵبستێت و ئەنجامی بدات. لێرەدا من لەگەڵ کاک ئەحمەد عارفی شاعیر کۆکم کە دەڵێت: (هەوڵ بدرێت لە رێگای ڕەخنەگرانەوە تاوتوێیەکی پاک و پیس یان چاک خراپ بکرێت و ببێ بە بەربەست لە بەردەم بڵاو بوونەوەی بەرهەمی کاڵ و کرچ)(٦) .

ئەنجام.


شاعیر لەشیعری منداڵێکی درۆزندا وەکو فێرکەرێک هاتووە کۆمەڵی سیفەتی نیگەتیڤی داوەتە پاڵ منداڵێکی درۆزن و وێنەیەکی ناشیرینی ئەو منداڵەی نەخشاندووە کە هەموو بەنەفرەتی بکەین، بێئەوەی لەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تێبگەین کە ئەو منداڵە و خانەوادەی ئەو منداڵەی تیا دەژین. لەوێشەوە ئاراستەی کار بە خزمەت فراوانکردنەوەی ئاسۆی تێڕوانینی منداڵان دیاری بکەین و بناغەیەکی تۆکمە و پتەو لە خۆشەویستی نێوان ئینسانەکان و ئاژەڵ و زیندەوەران و ژینگە بنیاد بنێین. منداڵان ئەو سامانە گرنگەی کۆمەڵگەن کە دەبێت زۆر هەستییارانە بابەتی دەقە ئەدەبییەکانیان بۆ هەڵبژێرین و بۆ بنووسین، بۆ ئەوەی ئایندەی کۆمەڵگە بە دەستێکی زانستخواز و پێشکەوتوودا بسپێرێت. شاعیر لەم شیعرەیدا نەیتوانیوە شیعرێک پڕ بە باڵای پەیامەکەی بنووسێت و لەبری پەیامێکی ئینسانیی، بەداخەوە هاتووە خوێنەر و منداڵانی ڕووبەڕووی پەیامێکی دوواکەوتووانە کردووەتەوە. ئەمەش ئەگەر زیانی نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکی بۆ ئەدەبی کوردی و پرۆسەی فێربوون و پەروەردەی دروستی منداڵ تێدا نییە.(٧)
______________________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
(١)منداڵی درۆزن نووسینی ئەحمەد عارف پەیجی تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی نووسەر پۆستی ڕۆژی شەشی نیسانی ٢٠٢٤. من هەندێ هەڵەی تایپم بۆ ڕاست کردۆتەوە.
(٢)اسس الآشتراکیة العلمیة المادیة التاریخیة تآلیف ف. گیبلی و م. گوفالزون نقلە من الروسیة احمد داود اصدار دار الجماهیر ، دمشق ١٩٦٧ ص ٦٤.
(٣)کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست وەرگێرانی بۆ کوردی موسڵیحی شێخولئیسلام (ڕێبوار) چاپی دووەم لاپەڕە ٢٨.
(٤)بڕوانە هەردوو فەتوای ئیسلامی ژمارە ٢٥٤٣١ و فەتوای ژمارە ١٤٧٣٥ سەبارەت بە سەگ کە لە سایتی (اسلام ویب)دا هاتووە.

https://www.islamweb.net/ar/fatwa 
(٥)شیعری فێرکردن لە ئەدەبی کوردیدا ئەحمەد قەرەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٧ لاپەڕەی ١٨٠ و ١٨١.
(٦)ڕەخنە نووسینی ئەحمەد عارف پەیجی تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی نووسەر پۆستی ڕۆژی دووی ئازاری ٢٠٢٤.
(٧)من نامەوێت لێرەدا هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر نووسینەکانی کاک ئەحمەدی شاعیردا بهێنم و هەوڵەکانی یەکسان بکەم بە سفر. کاک ئەحمەدی شاعیر گەلێ هەوڵی تری هەیە کە جێگەی دەستخۆشین.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک