په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠٢٤

شانۆنامە:

کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش.

- شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەندا -

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کارەکتەرەکان.
دانا: کوڕێکی تەمەن دە ساڵانە، سەرپەرشتیاری خوشک و براکانییەتی. شەڕواڵیک و کراسێکی ناڕێکی لەبەردایە.
پەری: خوشکی دانا، تەمەنی هەشت ساڵانە، سەرپەرشتیاری کاروباری ماڵەوەی لەئەستۆیە. مەکسییەکی دڕاو و بۆری لەبەردایە.
شێرکۆ: برای دانایە. تەمەنی حەوت ساڵانە. کۆنە شەرواڵێک و کراسێکی لەبەردایە. لەگەڵ دانای برای ئەرکی بژێوی خوشک و براکانی لەسەرشانە.
ئارام: برای دانایە. تەمەنی چوار ساڵانە. زۆربەی کات لەگەڵ پەری خوشکی دایە. بێجامە و کراسێکی دەست کورتانەی لەبەردایە.
باجی لەعلی: تەنها دەنگی دەبیسترێت.
ئومێد: هاوسەری پەری تەمەنی نزیک بە بیست و چوار ساڵێک دەبێت.

شوێنکات.
دووانیوەڕۆی ڕۆژێکی مانگی ئەیلوولی دوو هەزار و چوارە، کەلاوەیەکی ڕووخاو و داڕماوی خانووەکانی فەیلەقی کەرکووکە.

 


دیمەنی یەکەم.


دیمەن: کەپەردە لادەدرێت کەچە خانووەکەی ماڵی ئەم منداڵانەیە. ژوورێکی بچکۆلەی چۆڵە خاڵی لەهەر دیمەن و پێداویستییەکی ژیانی ئەمڕۆ. هۆدەکە نیمچە تاریکە، ئەوەی ئەبینرێ ئەم شتانەن: لەگۆشەیەکەوە دوو تەنەکەی ڕۆنی ژەنگ گرتوو کە یەک دوو شڕە دۆشەک و بەتانی و سەرینیان لەسەرە. ناوەڕاستی شانۆش (هۆدەکە) دەرگایەکە ڕوو بەدەرەوە ئەکرێتەوە، دەرگاکە گونیەی پینەکراو و لێکدراوە و بەبزمار بەسووچەکانی دیواری شانۆوە داکوتراون. لە گۆشەکەی ترەوە سۆپایەکی عەلادینی کۆن کە قووتووە ئاوێکی لەسەرە. لەتەنیشت سۆپاکەوە دوو سێ قاپ و کەوچک دانراون لەگەڵ کۆنە قۆرییەک. پەری ئارامی لەباوەشە و لەنزیک سۆپاکە لەسەر زەوییەکە لەسەر نیمدەرەیەک هەڵکورماوە و لەولاشەوە فەردەیەک قووتوو و بوتڵی بەتاڵ بەدیواری شانۆوە هەڵپەسێردراوە. پەری بەدەم لاواندنەوەوە ئەیەوێ برسێتی لەبیر ئارام بباتەوە.

پەری: (بەدەنگێکی سۆزدار و پڕ لە سەرپەرشتیارییەوە)
لاچۆ لاچۆ ئەی ملهوڕ
ئارام خەوی لێکەوتووە
ئارام ژیر و هێمنە
لای دادەی خۆی خەوتووە

ئارام خوشکی خۆش ئەوێ
دانا و شێرکۆی لەپشتن
ئارام ژیر و هێمنە
یەک یەک نازدار و قشتن

ئارام: (بەدەم گریانەوە) پەری برسیمە. نانم دەرێ.

پەری: (هەر بەردەوامە لە لاواندنەوەکەی)
ئارام ئەگەر برسی بێ
چاوەڕێی برا ئەکا
ئارام ئەگەر خەوی بێ
دەست لەمل چرا ئەکا

ئارام: (ئەنوزێتەوە) برسیمە. دەی برسیمە.

پەری: (هەر بەردەوامە لە لاواندنەوە)
ئارام گریان نازانێ
ژیر و هێمنە و بێدەنگ
ئارام ئەگەر گەورە بێ
خەون ئەبینێ ڕەنگاوڕەنگ

ئارام کە ‌گەورە ئەبێ
پشت و پەنایە بۆ ماڵ
ئارام ژیر و زرنگە
گڕە دژ بە ژینی تاڵ

(ئارام بێدەنگ ئەبێ کەزیاتر نیشانەی خەو لێکەوتنیەتی. پەری بەهێمنی ئارام لەشوێنی خۆی لەسەر نیمدەرەکە درێژ ئەکات. خۆشی ئەچێتە نزیک جێ و بانەکان و پشت بەتەنەکەیەکەوە ئەدات و بەدەنگی بەرز دەست ئەکات بەگریان و پاشان هێدی هێدی هەنسک ئەدات. پەری لەهەنسک دان ئەوەستێ و بەلچکی مەکسییەکەی فرمێسکەکانی ئەسڕێ.).
پەری: خوایە گوناهمان چی بوو وات لێکردووین؟ بۆ وەکو خەڵک دایک و باوکمان نییە؟ هەر کەسێکمان هەبووایە بەس بوو. ئاخر من نازانم چی بکەم و کاکە داناش لەگەڵ شێرکۆ هەر ئەوەندەیان پێئەکرێ. لە بەیانی زووەوە بە سکی برسی لەماڵ دەرئەچن و پەنا دیوار و سەرزبڵخان نامێنێ بەدوای قووتووی بیبسی و بوتڵی ئاوی بەتاڵ و کۆنە فافۆن و مس و لاستیک نەگەڕێن. ئێوارانیش پێنج هەزار دینار یان حەوت هەزار دینار کە تەنها بەشی چەند سەمونێک ئەکات، پەیدای ئەکەن. ئەی خوایە ڕەحمێ... من نازانم چی بکەم؟ نازانم. بەخوا دەرو جیرانەکان نانمان نەدەنێ هیچ نییە بیخۆین.

(لەودیوی دەرگا گونییەکەوە دەنگە دەنگ دێ و پەری بەپەلە ئەڕواتە دەرەوە و پاش نەختێک دانا و شێرکۆ و پەری دێنە ژوورەوە. دانا دۆشەکێک لەسەر تەنەکە ڕۆنەکە دائەگرێ و لەسەری دائەنیشی. شێرکۆش لەخوار داناوە خۆی بەئەرزدا ئەدات. پەریش ئەو عەلاگە ڕەشەی بەدەستەوەیە کە دانا هەندێ سەمونی کڕیوە و هێناویەتەوە. پەری دەست ئەداتە شقارتەیەک تا سۆپاکە داگیرسێنێ. قووتووە ئاوەکە دائەگرێ و سۆپاکە پێئەکات. ئاوی ناو قووتووەکە ئەکاتە قۆریەکەوە.).

دانا: (بەجۆرێک لەشەرمەوە ڕوو لە پەری ئەکات) جیرانەکان هیچیان بۆ نەهێناوین؟
پەری: نەخێر.
دانا: (ڕوو لە پەری دەکات) ئەوە بۆ هیچت بەئارامدا دانەداوە؟
پەری: (تەماشایەکی ئارام ئەکات) ئێستا لەبرسا خەوی لێکەوت.(دەست ئەداتە بەتانییەک و ئارام دائەپۆشێ) تا خەوی لێکەوت هەر داوای نانی ئەکرد.
دانا: دە هەڵی سێنە با سەموون بخوات. (دانا پەلامار ئارام ئەدات و ئەیکاتە باوەش) هەستە برا بچکۆلەکەم، هەستە لەخەو، بزانە کاکە دانا چی هێناوە. ئەها سەموونم بۆ هێناوی. هەستە بەبرسێتی مەخەوە.
ئارام: (بە جۆرێک نازکردن و گریانەوە) برسیمە سەموونم ئەوێ.
پەری: (سەمونێک لە عەلاگەکە دەرئەهێنێ و کەرتی ئەکات و کەرتێکی ئەداتە ئارام و کەرتێکیشی قەپێکی لێ ئەدا و ئەیخاتەوە ناو عەلاگەکە. شێرکۆ کە تا ئەو کاتە هەر پاڵکەوتووە، قیت ئەبێتەوە و لە دانا ئەپرسێ).
شێرکۆ: کاکە دانا، حەوت هەزارمان پەیدا کرد؟
دانا: بەڵێ.
شێرکۆ: پێنج هەزارمان دا بەسەموون، و دوو هەزارمان پێ ماوە.
دانا: وایە.
پەری: (بە شەرمەوە ڕوو لە دانا دەکات) کاکە دانا ئەو دوو هەزارەم ئەدەیتێ؟
دانا: بۆچیتە؟
پەری: حەزم لە بنێشتە، لای مام غەفوور بنێشتی پێ ئەکڕم.
شێرکۆ: بنێشتی چی، وەڵڵا لەدەمی نانێی. تۆ بنێشت بکڕی منیش چوکلێتم ئەوێ.
پەری: (ڕوو بە شێرکۆ) ئینجا تۆ حەقت چییە؟ کاکە دانا خۆی ئەمداتێ.
دانا: (بە هێمنییەوە) پەری گیان، ئەزانم حەزت لە بنێشتە، بەڵام ئێستا تەنها ئەو دوو هەزارەمان هەیە، ئەبێ قەناعەت بکەین و هەندێ پارە پاشەکەوت بکەین تا ئەگەر ڕۆژی نەخۆش بووین و نەمانتوانی بچین بۆ قوتوو و فافۆن و مس، ئەوا بتوانین سەموون بکڕین و برسیمان نەبێ. بەڵام پەیمانی ئەدەمێ ئەگەر تۆزێ پارەکەمان زیادی کرد بنێشتت بۆ ئەکڕم.
پەری: (بە خەجاڵەتبارییەوە) ببوورە کاکە دانا تۆ ڕاست ئەکەیت. من بنێشتم جارێ ناوێ. کەی پارەمان هەبوو ئەوسا بنێشت ئەکڕم.
دانا: (ئەچێتە لای پەری و دەست بەسەریدا ئەهێنێ) ئافەرین پەری. تۆ خوشکێکی زۆر ئاقڵێ.
(دەنگێک لەدەرەوە بانگی پەری و دانا ئەکات، دەنگی باجی لەعلی جیرانیانە.).
دەنگی باجی لەعلی: پەری کچم پەری، دانا لەماڵەوەن؟ وەرن ئەم خواردنەم لێوەرگرن.
(پەری و دانا بەڕاکردن ئەڕۆنە دەرەوە. دەنگی دانا: دەستت خۆش بێ باجی لەعلی، خوا پاداشتت بداتەوە. دەنگی پەری: سوپاس باجی لەعلی، دەنگی لەعلی: عافیەتتان بێ و بەیانی قاپەکەم بۆ بێنەوە. دەنگی پەری: بەسەرچاو باجی لەعلی بەیانی قاپەکەت بۆ دێنمەوە. دەنگی لەعلی: دەباشە ئاگاتان لەخۆتان بێ. دەنگی دانا و پەری پێکەوە: خوا حافیزت بێ. دانا و پەری دێنە ژوورەوە. دانا قاپێ گەورەی پڕ لەخواردنی بەدەستەوەیە و پەریش بەدووایەوە. دانا قاپە خواردنەکە دائەنێ و پەریش سەموونەکان ئەهێنێ و ئەوسا هەموو لەدەوری قاپە خواردنەکە دەست ئەکەن بەنانخواردن. ڕووناکی لەسەریان کز ئەبێ.).

 


دیمەنی دووەم.


شوێنکات.
هەمان شوێنی دیمەنی یەکەمە، کات نۆی شەوە.
دیمەن: شێرکۆ و پەری و ئارام نووستوون. شانۆ تاریکە ‌ڕووناکییەکی کەم سەر شانۆی داپۆشیوە. دانا بێدارە و هەر گینگڵ ئەدات. دانا لەسەر جێگەکەی ڕاست ئەبێتەوە و بەتانییەکە بە پەری و ئارام و شێرکۆ دائەدات. ماوەیەکی زۆر کورت لێیان ئەڕوانێ و پاڵ ئەداتەوە. لێرەوە ئیتر دانا بەئاگایە و نەخەوتووە، بەڵام تەنها دەنگ دانا وەکو مۆنۆلۆگ ئەبیسترێ.).
دەنگی دانا: نازانم بۆچی قەدەری ئێمە بەمجۆرەیە؟ گوناهمان چیبوو وامان بەسەرهات؟ ئەگەر بەدبەختی نەبووایە بۆچی دایک و باوکمان بەر تەقینەوە دەکەوتن. ئێ چی دەبوو ئێمەش وەکو ئەو عالەمە لەپەنای دایک و باوکدا ڕۆژگارەکانمان بەسەر ببردایە و بچووینایە مەکتەب و تووشی ئەم برسێتی و ڕۆژڕەشییە نەهاتینایە.(وچانێکی کورت) تازە هیچ ناکرێت. بەڵام ڕۆژێک دێت گەورە دەبین و بەتوانا دەبین و دەتوانین ئاسانتر بژێوی ژیانمان دابین بکەین. ڕۆژێک دێت؛ وەزعمان زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت و ئێ خۆ تا مردن ئاوا ناژین. هەمووجارێک کە سەیری مناڵانی گەڕەکان دەکەم پۆشتە و تێرن، گریانم بۆ خۆمان دێت. هەرکاتێک دەبینم منداڵان دەچنە مەکتەب یان لە مەکتەب دێنەوە کزە لە جەرگمەوە دێت. ئاخر بۆ دەبێت چاومان لە یارمەتی ماڵە جیران بێت؟ ماڵی باجی لەعلی و مام کەریم ئاوا بێت قسوریان نەکردووە و بەردەوام یارمەتییان داوین. (تۆزێک بێدەنگ دەبێت) من تەمەنم ١٠ ساڵە و دوو سێ ساڵی تر دەتوانم کرێکاری بکەم و پارەی زیاترم دەست دەکەوێت.(هەڵدەستێتەوە و بڕێک لە بینەران نزیک دەبێتەوە و ئاوا گوزارشت لە وەزعی تاڵی ژیانی خۆیان دەکات).
چوار منداڵی کەساسین
بێ باوک و سەرپەرشتین
لەنێو کێڵگەی ژیانا
خەمی ورد و درشتین

بوتڵی بەتاڵ و قووتی
کۆدەکەینەوە ئێمە
بەزستان و بەهاوین
جووتێ نەعل لە پێمە

خوشک و براکانیشم
تا بڵیی ڕووت و برسین
لەنێو ئەم کەلاوەیە
لە مەرگی خۆ دەترسین

کێ دەزانێ ئێمە وا
چوار منداڵی بەدبەختین
بەئاواتی هەبوونی
تەنها ژوورێکی تەختین

ئێمە شکۆمان شکا
جێگای سەرنجی خەڵکین
ئاخ چیبکەین لەم زەمانە
وا لاواز و بێکەڵکین
(لەم کاتەدا ئارام دەجوڵێتەوە و بەئاگا دێت. دانا دەچێت بەلایدا تا بانی بدات، بەڵام ئارام لە دانا دەڕوانێت و دەست دەکات بە گریان. پەریش بەئاگا دێت).
پەری: کاکە دانا ئەوە چییە بۆ نەخەوتووی؟
دانا: خەوم نایە.
پەری: کاکە دانا هەوڵبدە بخەویت.
دانا: (بەرەو لای جێگەکەی دەڕوات و پاڵ دەداتەوە.) باش دەی ئێوەش بخەون.
پەری (ئارام لەتەنیشت خۆی دەخەوێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت).
لاچۆ لاچۆ ئەی ملهوڕ
ئارام خەوی لێکەوتووە
ئارام ژیر و هێمنە
لای دادەی خۆی خەوتووە

ئارام خوشکی خۆش ئەوێ
دانا و شێرکۆی لەپشتن
ئارام ژیر و هێمنە
یەک یەک نازدار و قشتن
(ئیتر وردە وردە دەنگی پەری کز دەبێت و شانۆش تاریک دادێت.).

 


دیمەنی سێیەم.


شوێنکات: ئێوارەیەکی کۆتایی هاوینی ساڵی ٢٠١٦یە، شاری کەرکووک
دیمەن: ماڵی پەری و ئومێدە. ماڵێکی سادە وتاڕادەیک هەژاری پێوە دیارە. زۆر نابێت پەری و ئومێد هاوسەرگیرییان کردووە. یەک دوو دۆشەک و سەرین دانراون و پانکەیەک و سوراحییەک پڕ لەئاو لەگەڵ پەرداخێک دانراون. ڕووناکی دەچێتە سەر پەری و ئومێد.
ئومێد: (ڕوو لە پەری دەکات) دەزانیت زۆرم هەوڵ دا بۆ نیوەڕۆ بێت تا پێکەوە نان بخۆین.
پەری: مەبەست کێیە؟
ئومێد: مەبەستم دانایە. وتی ئێوارە دوای نانخواردن دێم.
پەری: لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، زۆر مورتاحە و وەزعیشی گەلێ لەجاران باشترە.
(لەپڕ لە دەرگا دەدرێت، ئومێد دەڕوات دەرگا بکاتەوە. دوای چەند چرکەیەک لەگەڵ دانا پێکەوە دێنەوە سەر شانۆ.).
ئومێد: فەرموو کاکە دانا گیان.. بەخێر بێی.
پەری: (هەڵدەستێتە سەر پێ و بەخێرهاتنی دانای برای دەکات) کاکە دانا بەخێر بێی.
دانا: سوپاستان دەکەم سوپاس ئومێد گیان.. پەری گیان تۆ چۆنیت؟
پەری: زۆر باشم، سوپاس.
ئومێد: دانا گیان نانت خواردووە؟ با نانت بۆ بێنین.
دانا: سوپاس نانم خواردووە. هەر حەزم کرد چاوم پێتان بکەوێت.
ئومێد و پەری: (بەیەکەوە) یاخوا بەخێر بێی.
ئومێد: ئەم بەیانییە چەندم پێوتی نان مەخۆ و وەرە لای خۆمان پێکەوە نان دەخۆین
دانا: چاوەکەمی ئومێد گیان.. نا نەمدەتوانی بۆ نانخواردن بێم. دەبوایە شێرکۆ بگەێنمە دەوام لە لەیلان و ئینجا بگەڕێمەوە و ئارامیش لە حەسیرەکە هەڵگرم بیبەمەوە ماڵ.
پەری: (ڕوو لە دانا) ئەزانی کاکە بەر لەوە بێی باسی تۆمان دەکرد.
دانا: (بەسەرسوڕمانەوە) بەڕاست؟ چۆن باسمتان دەکرد؟
ئومێد: وتمان لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، ئاسوودەترە.
دانا: وایە، زۆر ڕاستە. لەوەتەی ئەو ئیشە دەکەم، وەزعمان زۆر باشتر بووە و هەروەها شێرکۆش لەوەتەی لە چیمەنتۆکەی لەیلان دەوام ئەکات و مەعاشەکەشی خراپ نییە. ئارامیش خەریکی خوێندنەکەیەتی. بەگشتی زۆر باشین و بەراورد ناکرێین بە جاران.
ئومێد: هیوادارم هەوا باش بن. مرۆڤ کار بکات و هەوڵ بدات، هەم وەزعی باش دەبێ و هەمێش دەگاتە ئاواتەکانی.
دانا: وایە.
ئومێد: دانا گیان ئێمە لەسەردەمێکدا و لە سیستەمێکدا دەژێین، هەموو شتێکیان کردۆتە پارە. پارە و پەیوەندییەکانی پارە، جێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی گرتۆتەوە. مرۆڤ و بەهای مرۆڤ بەپارە بەراورد دەکڕێت. تۆ تەماشا پەیوەندییە ئینسانییەکان چییان بەسەردا هاتووە. ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەسەر ئەو جادەیە ژان بتگرێت، دەیان کەس موبایلەکەیان دەردەکەن و وێنەت دەگرن، بەڵام ناتگەێننە نەخۆشخانە. گەشەی تەکنەلۆژیا و بە فەیسبووکبوونی تەواوی گۆی زەوی، ئینسانی لە کائینێکی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بە ئەسیری چەند سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پەری: (سێ چای دێنێ و چایەکان لەبەردەم خۆیان دادەنێت و سینییەکە لەتەنیشت خۆیەوە دادەنێت.) کاکە دانا بەزەیی و خۆشەویستی لای ئینسانەکان تا دێت کاڵتر دەبێتەوە. ئێستا نەک سەردان بەڵکو خەڵک تاقەتی ئەوەشیان نییە تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن.
دانا: راستە پەری گیان، بەڵام خۆ ئێمە نابێت تەسلیم بە وەزعەکە بین.
ئومێد: (دەست دەداتە سەر ڕانی دانا) ئافەرین کاکە دانا گیان دروست وایە. ئەم دۆخەی تێیکەوتووین هۆکارەکەی جیاوازی چینایەتییە. تەماح و چاوچنۆکی خاوەن پارە هەژاری و نەداری و جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانیمان بۆ دێنێ. ئێمە دەبێت دژ بە خاوەن پارە بجەنگین.
دانا: (فڕێک لە چاکەی دەدات) ئومێد گیان خۆت دەزانیت من زۆر سەرم لەو شتانە دەرناچێت، بەڵام ڕقی ئەو دنیایەم لە هەژاری و نەگبەتی و جەنگ و کاولکارییە. هەر شتێک ئەم وەزعە بگۆڕێت من لەگەڵیدام.
ئومێد: ئەم وەزعە هەوا نابێت، حەتمەن دەگۆڕدرێت. هەرکات ئێمەی هەژار و ستەمدیدە وشیار بووینەوە و یەکمان گرت، شۆڕشمان بەرپا دەبێ و ئەوکات ئازاد دەبین و چەوسانەوەش نامێنێت. بەواتایەکی تر دەبێت لەڕێگەی شۆڕشەوە جیاوازی و ئینجا ستەمی چینایەتی نەهێڵین و ئاسودەیی باڵ بکێشێت بەسەر ژیانماندا.
دانا: من لەگەڵ نەمانی چەوسانەوەم و لەهەرکوێیەک خەبات بکرێت دژ بە چەوسانەوە، من بە خەباتی خۆمی دەزانم.
ئومێد: (بەدەم چا خواردنەوەوە) هەر بژیت کاکە دانا. ئەم هەست و هەڵوێستە زۆر جوانە، تۆ بەڕاستی وەفادار و خەمخۆری رزگاری مرۆڤایەتیت. بەڵام یەک ڕەخنەی بچووکم لێت هەیە. خوێندەوارییەکەت بەقوەت بکە. تۆ پێویستە بخوێنیتەوە و ئاستی وشیاری خۆت بەریتە سەر.
دانا: ڕاست ئەکەی ئومێد گیان بەس کاتم نییە و مەشغولی ڕێم نادات.
ئومێد: (بە گاڵتەوە) ئەوە چی دەڵێی دانا گیان، ئێواران وەرە ئێرە و لەگەڵ پەری وانەتان پێدەڵێم و خوێندەوارییەکەتان بەهێز دەبێت.
پەری: کاکە دانا من ماوەیەکە خەریکم و تەواو فەرقم کردووە و ئێستا هەندێک شت دەتوانم بخوێنمەوە و بنووسم.
دانا: وا دەکەم. (بە پێکەنینەوە) پۆلێکمان بۆ بکەرەوە شێرکۆش دێنم.
ئومێد: جێی بەختەوەریمە. هەر هەمووتان وەرن (بەگاڵتەوە) حەز دەکەم هەموو گەڕەکەکە بێنە.
(ئەوان بەردەوام دەبن لە قسەکردن و ڕووناکی لەسەریان کز دەبێت و شانۆ تاریک دادێت و پەردە دادەدرێتەوە.).
___________________________________________________
تێبینی: ئەم دەقە لە ساڵی ٢٠١٠ دەستم پێکرد و لە ٢٠٢٢ تەواوم کرد.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک