٨\٧\٢٠١٢
کێ سەرئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟

جەلال محەمەد
- بەشی سێیەم (کۆتایی) -
با بەڵگەنامەکان بۆ
خۆیان بدوێن:
پاشان ماڵپەڕی "پەیامنێر" دەڵێت [لە ناوچەکانی عەفرین دەستکرا بە
دروستکردنی سەربازگە بۆ راھێنانی لاوان، ھەروەھا (پ. ی. د) رێگری
لەھەموو جۆرە خۆپیشاندانێک کرد کە لاوان و ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا
ھەوڵیان بۆ دەدا ، ئەمەش بە پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەکانی بەشار ئەسەد
لەسەرەتای شوباتی ٢٠١٢ کاتێک کۆمەڵێک چەکدار بەنێوی (جەنگاوەرانی شەھید
خەبات) ھێرشیان کردە خۆپیشاندەران و رێگەیان لێگرتن].
هەڵبەت (سەربازگە نییە و بازگەیە ، بەڵام پەیامنێر دەبێت درۆیەک ڕێکخات
بۆ چەواشەکاری). ئەو بازگانەش هۆکاری پاراستنی کوردان بووە و تاکو
ئێستا چەندین کردەوەی چەپەڵی دەزگا ئەمنیەکانی سوریا و دەوڵەتی تورک و
ئیخوانەکانیان پوچەڵ کردۆتەوە ، خودی وڵاتپارێزانی گەلیش ئەو
سەربازگانەیان داناوە بە هاوکاری پەیەدە نەک پەیەدە خۆبەسەر ئەو کارەی
کردبێت . یەکێک لەو کردەوە چەپەڵانەش کە پوچەڵکرایەوە ئەوە بوو کە
ئیخوانەکان بە هاوکاری میتی تورک کەوتنە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا لە
ناوچەکانی عەفرین بۆ ترساندنی کوردان ، بەڵام کوردان نەک هەر نەترسان
لەم کردەوە چەپەڵە بەڵکو ئاڵای تورکیان سوتاند و ژێر پێیان نا ، کەچی
ماڵپەڕی "پەیامنێر" ئەم کردەوەیەی بەلاوە نەشیاوە و دەخوازێت وەکو چۆن
لە کاتی هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر سەرتاسەری شارەکە نوقمی ئاڵای تورکیا
کرا بە هەمان شێوە عەفرینیش بکرێتە ئۆردوگایەکی کەمالیستەکان . دەنا لە
شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەبینرێت کە لە ڕۆژانی هەینیدا خۆپیشاندانی
لایەنەکانی دیکە "بە هەمان دروشمی ئیخوان الموسلمینەوە" بەرپا دەبێت لە
شاری قامشلۆ بەبێ ئەوەی پەیەدە هیچ ئاستەنگییەکیان بۆ دروست بکات.
ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا کێیە؟
ئەو ئەنجومەنە بریتییە لە ئیخوان الموسلمین و بۆ پڕوپاگەندەی زیاتر
هەندێک لایەنی بچوکیشیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە و ناوی ئەنجومەنی
نیشتمانی سوریایان لێناوە ، ئەو لایەنە بچوکانە لەگەڵ ئەوەی هیچ
قورساییەکیان نییە تەنانەت مافی ئەوەشیان نییە ڕەخنەیەک لە کردەوەکانی
ئیخوان الموسلمین بگرن . ئیخوان الموسلمینیش لە پێناوی بە دەسەڵات
گەیشتندا لە هیچ کردەوەیەکی چەپەڵ و قێزەون نەسڵەمیوەتە و هەمیشە
بانگەوازی دەکات بۆ دەستێوەردانی دەرەکی . یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی
ئیخوان الموسلمین بریتییە لە شەڕ خستنە ناو ماڵی کەسە سڤیلەکان و
ڕێگەگرتن لە دەربازبوونی منداڵان تاکو هەم بە هۆی منداڵانەوە خۆیان
بپارێزن و هەم کوشتنی منداڵانیش بکەنە بیانوویەک بۆ دەستێوەردانی
دەرەکی.
ئایا دەبێت چ جوانیەک لەوەدا بەدی بکرێت کە بۆ مەرامی بە دەسەڵات
گەیشتن دوژمن بێنیتە سەر خاک و هاوخوێنی خۆت ؟ دەبێت بە بارمتەگرتنی ژن
و منداڵ و بە سەنگەرکردنی ماڵەکانیان چ شۆڕشگێڕێتیەک بێت کە ئیخوانەکان
پیادەی دەکەن ؟ سەرەتای خۆپیشاندانەکانی سوریا بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک
گیڤارا دەستی پێکرد کەچی لە کاتی ئێستاشدا ماڵی زەحمەتکێشان پڕ بووە لە
ڕیشدارەکانی ئیخوان الموسلمین ، کردەوەی ناشیرینی ئیخوان الموسلمین نەک
هەر خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی بە لاڕێدا برد بەڵکو هۆکارێک بوون بۆ
ئاوارەبوونی ملیۆنان سڤیل و کوشتنی دەیان هەزاری دیکەش.
ئەگەر ئەم کردەوانە دڵۆپێک لە دەریای تاوانەکانی ئیخوان الموسلمین بێت
ئیتر بە چ ئەقڵ و مەنتقێک پەیەدە ڕێگەیان پێبدات کە ڕۆژئاوای کوردستان
دوچاری ئەنفال بکەن ؟ دەبوو بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" ئاوڕێکیان لە
پەلکێشکردنی سوپای پاسداران بدابایەوە بۆ ناوچەکانی حاجی هۆمەران و
هەڵەبجە و کەرکوک کە ئەنجامەکەی بە کوشتنی ٨٠٠٠ سڤیلی بارزانی و
کیمیاباران و پرۆسەی ئەنفال کۆتایی هات پاشان قەزاوەتیان بدایە.
ماڵپەڕی "پەیامنێر" لە چەواشەکاری ناکەوێت و دەڵێت [دواتر چەندین
بەربەستیان دامەزراند بۆ پشکنینی خەڵک لە ناوچەکانی عەفرین و حەلەب و
خانویەکیان لە رێگەی فرۆکەخانە حەلەب بەکار دەھێنا وەک بەندیخانە،
ھەروەھا دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی خەڵک ، بێ ئەوەی دەزگا
ئەمنییەکانی سوریا ھیچ کاردانەوەیەکیان لەبەرامبەر ئەو کارانە ھەبێت].
بریا کاتێک ماڵپەڕی "پەیامنێر" درۆ و چەواشەکاری دەکرد لە چوارچێوەی
پڕەنسیپدا بوایە ، چونکە لە ناوچەکانی حەلەب عەشیرەتێکی عەرەبی
گرێدراوی دەوڵەت بە ناوی (عەشیرەتی بەگارە) بە هاوکاری دەزگا
ئەمنیەکانی سوریا کەوتنە پەلاماردانی کوردان و چەندین کەسیان کوشت،
بەڵام پەیەدە خاوەنداری لە کوردەکان کرد و کۆتایی بەو هێرشانەی دەزگا
ئەمنیەکانی سوریا و ئەو عەشیرەتە هێنا. کەچی "پەیامنێر" هێندە دور لە
پڕەنسیپ چەواشەکاری دەکات کە دەبێت هەزار ڕەحمەت بۆ دوژمنان بنێرین.
ئەی ئەگەر پەیەدە خاوەنداری لە کوردان نەکردایە و سنورێکی بۆ هێرشەکانی
عەشیرەتی بەگارە دانەنایە ئایا هەر خودی ماڵپەڕی ناوبراو پەیەدەی نە
دەخستە ژێر پرسیارەوە و بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانی سوریای تاوانبار
نەدەکردن؟
ویستی لایەنە کلاسیکیەکان ئەوە نییە کە ڕاستیەکان ببینن بەڵکو ویستی
ئەو لایەنانە ئەوەیە کە لە چ ڕێگەیەکەوە دژایەتی پکک و پەیەدە بکەن و
بیانخەنە ژێر پرسیارەوە! بۆ سەلماندنی ئەم گوتەیەم:
کاتێک پکک شەڕی دەکرد لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ئەوا هەم خودی ئەم
ماڵپەڕی پایامنێر و هەم دەسەڵاتدارانی باشوور دەیانگوت باوی شەڕی
چەکداری نەماوە و پێویستە خەباتی مەدەنی بکرێت . پارساڵیش کاتێک کۆماری
ئیسلامی هێرشی هێنایە سەر قەندیل و لەگەڵ بەرەنگاری "پژاک"دا ڕووبەڕوو
بوویەوە هەمان لێدوانیان دەدایەوە و دەیانگوت باوی شەڕی چەکداری
نەماوە، تەنانەت مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە زۆر بێشەرمانە دەیگوت بەم تەق
و تۆقە زیاتر کوردستان دەشێوێت و ئەمنیەت نامێنێت ، کەچی ئێستا کە
پەیەدە خەباتی مەدەنی دەکات و ڕێگەی لە کۆمەڵکوژی کوردان گرتووە هەم
خودی مەلا عەبدوڵا دەڵێت پێویستە شەڕ بکرێت و هەم گوێبیستی ئەم
لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی باشووریش دەبین لە ماڵپەڕی پەیامنێرەوە.
دەبێت چ ئەخلاقێک ڕێگە بەوە بدات کە کردەوەی داگیرکەرانیش بەسەر
لایەنێکی کوردیدا بهێنرێت ؟ چونکە بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" چەندین
تیرۆر دەخەنە ئەستۆی پەیەدە کە یان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی سوریاوە
ڕوویان داوە یاخود ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە ، ئەوانەی
لەلایەن سوریاوە ئەنجام دراوە لە هیچ کەسێک شاراوە نەبووە و کوردان بە
گشتی و پەیەدە بە تایبەتی وەڵامدەرەوەی بوون ، بەڵام ئەو تیرۆرانەی کە
تورکیا ئەنجامی داوە ئەگەر لە سەرەتاشدا ئاشکرا نەبووبێت ئەوا لە
دوایدا ئاشکرا بوون و واشنگتۆنپۆستی ئەمریکیش ئەو ڕاستیانەی باس کرد
وەک ( تیرۆرکردنی مەشعەل تەمۆ و نەسرەدین برهک ) ، کەچی کارمەندانی
"پەیامنێر" ئەو ڕووداوانەش دەخەنە ئەستۆی کوردان ، ئەم چەواشەکاریانەش
بۆ دوو مەبەستە:
١- هەوڵدان بۆ شاردنەوەی کردەوە دزێوەکانی داگیرکەران و بێتاوان
نیشاندانیان لە ڕەشەکوژی کورداندا، واتە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بەو
دەستێکەڵاوییەی نێوان لایەنە کلاسیکیەکان و داگیرکەران.
٢- بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بەو ڕەشەکوژیانەی کە یەکێتی و پارتی دژ بە
کوردی پارچەکانی دیکە پیادەیان کردووە و خوێنی سلێمانی موعینیەکان و
سەعید ئاڵچیەکانی پێ بشارنەوە.
دواین گوتەی "پەیامنێر" هەم بریتییە لە وابەستەیی و هەم بریتییە لە
چەواشەکارییەکی دوور لە ئەخلاق و دەڵێت [لەلایەنی سیاسیش (پ. ی. د)
دژایەتی سوپای سوریای ئازاد و ئەنجوومەنی نیشتمانی سوری دەکەن و
تۆمەتباریان دەکەن بە کارکردن بۆ تورکیا ، ئەمەش بە لێدوانێکی ساڵح
موسلم بەدەرکەوت کاتێک رایگەیاند، ئامادەین رووبەرووی ھەر کردەوەیەکی
سەربازی ببینەوە لە دژی سوریا بەتایبەتی لەلایەن تورکیا یا ھەر ھێزێکی
دیکە].
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا یان ڕاستتر "
ئیخوان الموسلمین " لە تورکیاوە گەورە دەکرێت و بنکەی سەرەکیان
ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە و ئەدەنەیە ، ئەم ئەنجومەنە هەمیشە کوردیان بە
بێگانە و موهاجر پێناسە کردووە و جێگەیەکیشیان بە ناوی کوردستانەوە
نەناسیووە و ئامادەش نەبوون کە کورد وەکو نەتەوەی دووەم بناسن لە
سوریادا ، کەچی بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" ئەم کردەوانەی ئەنجومەنی
نیشتمانی سوری بە باش دەزانن و تۆمەتباری "پەیەدە"ش بەوە دەکەن کە
نەبۆتە داردەستی ئەو ئەنجومەنە و دەروێشی بۆ داگیرکەران ناکات.
پاشان پەیامنێر زۆر بە زانابوونەوە گوتەکانی بەڕێز ساڵح موسلم
دەشێوێنێت و ڕاستیەکان ئاوەژوو دەکاتەوە ، چونکە ساڵح موسلم گوتی
[ئامادەین رووبەرووی ھەر کردەوەیەکی سەربازی ببینەوە لە دژی ڕۆژئاوای
کوردستان، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا یا ھەر ھێزێکی دیکە]، کەچی
کارمەندانی "پەیامنێر" ڕۆژئاوای کوردستانیان گۆڕیوە بۆ سوریا بۆ ئەوەی
خوێنەر بە لاڕێدا بەرن.
لە کۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە پیلانێکی هەمە لایەنە دژ بە
کوردان بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی پیادە دەکرێت لەلایەن
داگیرکەرانەوە، دەوڵەتی تورکیش ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەم پیلانەدا و بۆ
سەرخستنی پیلانەکەش هەندێک لایەن و کەسایەتی کوردی گرێدراوی خۆیان
بەکار دەهێنن، ئەو لایەنە کوردیانەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە دەخوازن
کاریگەرترین لایەنی ڕۆژئاوای کوردستان واتە "پەیەدە" ڕەش و ناشیرین
بکەن لە نێو کۆمەڵگادا، ئەو ڕاگەیاندنانەش ڕاستەوخۆ ئەو پڕوپاگەندانە
بڵاودەکەنەوە کە میتی تورک داڕێژەرێتی و لەم ڕووەشەوە ماڵپەڕی
"پەیامنێر" سەرقافڵە بووە. بۆ بینینی پیلانە ژەهراویەکانی دەوڵەتی تورک
لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=8984&LinkID=3
بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی "پەیامنێر"یش کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە
بکە و پاشان بەراوردی بکە لەگەڵ ناوەڕۆکی پیلانەکەی دەوڵەتی تورکدا:
http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=279605
بۆ بینینی هەندێک ڕاگەیەندراوی دیکەی داگیرکەران و پاشان وەرگێڕانی بۆ
کوردی لەلایەن ماڵپەڕی "سبەی"وە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=3956&LinkID=60
_________________________________________
• کێ سەرئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟
-
بەشی دووەم -.
• کێ
سەرئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟
- بەشی یەکەم -.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|