په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠٢١

شانۆگەریی::

کۆمەڵگە.

 

 

    ئۆمەر ھانسن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕووداوەکە لە ژوورێکدا ڕوو دەدات.
کارەکتەرەکان : بایرۆن، کیتس.

شوێنکات : ژوورێکە مێزێک و دوو ئەسکەمیلی تێدایە. دەرگایەک ھەیە- داخراوە و پەنجەرەی تێدا نییە.
( دوو پیاو لەناو ژوورەکەدان. یەکێکیان لەسەر مێزەکە خەوتووە و ئەوی تریشیان دانیشتووە و تەماشای ئەکات. دوای پیاکێشانی کیتس بە مێزەکەدا و بایرۆن بەئاگا دێت، ئینجا دەست پێدەکەن)
بایرۆن : زۆر چاکە.
کیتس : بەڵێ زۆر چاکە. ھاوڕام (کۆکم) لەگەڵتا.
بایرۆن : خۆ ئەوە ماوەیەکی زۆرە.
کیتس : ماوەیەکی زۆرە. وا بوو بەساڵێکی تەواو.
بایرۆن : من کاس بووم.
کیتس : دەبێت دەست پێبکەین.
بایرۆن : بێگومان،ڕاست دەکەی.( ھەردوو پیاوەکە ئەچنە پشت مێزەکەوە. بایرۆن بەپێوە ئەوەستێت.) بابزانرێت کە کۆمەڵگەی شاعیرانی جیھان و گەردوون ئێستا بە فەرمانی شیعرییەوە دێن.
کیتس : جوان بۆی چووی.
بایرۆن : سوپاس. پێویستە حەز بکەین گوێبیستی خوێندنەوەی یادنامەکە بین.( بایرۆن دائەنیشێ و کیتس ھەڵدەستێتە سەرپێ پارچە کاغەزێکی بەدەستەوەیە)
کیتس : من ئێستا یادنامەکەی دووایین کۆبوونەوە دەخوێنمەوە. خوێندنەوەی یادنامە،خستنەبەرچاوی تێبینییەکان، خوێندنەوەی شیعر. گفتوگۆی زیندوو، بێ خۆێڕشتن، کۆکردنەوەیان و ئەنجامەکان(کیتس دائەنیشێت)
بایرۆن : سوپاس. بەڕێزینە ئێستا ئێمە تێبینییەکان دەخەینە بەرچاو. بەڕێزینە وڵاتی ھونەرەکان لەھەموو کاتێک لاوازترە. شانۆ بۆ چەندین ساڵ دەچێت مردووە. ھونەری شێوەکاری لە گۆڕاندایە.مۆسیقا میلۆدیانە ئەمێنێتەوە لەبەر ئەوە دوودڵ و بێبایەخە.(نابەجێیە). سینەماش ھەرگیز شێوازێکی ھونەر نەبووە،ڕۆمانیش بۆتە کرێی جەماوەر و کورتەچیرۆکیش ھەموو ساڵێک درێژتر دەبێتەوە. ئەوە شیعرە و بەتەنھا ھەر شیعرە وەک ھونەرێکی شایستە بە ژیان ئەمێنێتەوە. پرسیار ئەکەی بۆچی؟ بەوپەڕی سادەییەوە وای دابنێ: ئێمە لە تۆڕی بۆگەنی مانا و لە زۆنگاوی ھۆکار ھەڵاتووین. ئێمە ھونەرین و ھونەریش ئێمەیە.ئێمە شیعرین و ئەوەش ڕووناکی شیعرە لە ناخمانەوە. ( کیتس دەست بەچپڵەلێدان دەکات. بایرۆن بە تووڕەییەوە تەماشای کیتس دەکات.) ئـێمە ملکەچی فەرمانەکانی دەرەوە نین، فەرمان ئاژاوەیە و ئاژاوەش فەرمانە. لێرە لەم شوێنە و بەتەنھا ئەم شوێنە لەوانەیە بیرکردنەوە ھەبێت و گەشە بکات( بایرۆن دادەنیشێت و کیتس بە قایمی چەپڵە لێدەدات)
کیتس : ئازیزی خۆم.
بایرۆن : سوپاس.
کیتس : ئەوە جوان بوو.
بایرۆن : تۆ زۆر میھرەبانیت.
کیتس : پێموابێت ئەبێت بگرێم.
بایرۆن : نا مەگریێ.
کیتس : شاعیرانە بوو.
بایرۆن : بەڵێ.
کیتس : ڕاپۆرتەکە لە سکرتێرەوە بوو؟
بایرۆن : دەستگیرۆیی وەستێنرا. دەسەڵات یارمەتیدانی ڕەتکردۆتەوە.
کیتس : مەرگ بۆ ستەمکار، دەسەڵات بۆ دەبەنگەکان.
بایرۆن : ھێمن بەرەوە.
کیتس : تۆ ڕاست دەکەیت...
بایرۆن : من دووەمم، کێ دەست پێبکات؟
کیتس : من دەست پێبکەم؟
بایرۆن : بەھەموو مانایەکەوە.
کیتس : ( کیتس ھەڵدەستێتە سەرپێ. وچانێک) شێلان"...سمی ئەسپ...دەموچاوێکی تەخت.( دادەنیشێت. بایرۆن دادەنیشێت و بەترسەوە لێی دەڕوانێت)
بایرۆن : چ کورت و پڕ مانایە...ئەمبینی...ئەسپەکە...سمەکە...دەموچاوەکە...ئەوە شاکارە. ئەوەی مانا بێ نەیبوو.
کیتس : تۆش زۆر میھرەبانیت.
بایرۆن : بەڕاست؟
بایرۆن : ئۆ بەڵێ، تکایە. ئێمە لەسەروبەندی دەستپێکردنێکی باشداین.
بایرۆن : ( ھەڵدەستێتە سەرپێ و چاویلکەی خوێندنەوە لەچاو دەکات) چوون بۆ پارک و سەرما بوون لەشەوانی زستانا لە مانھاتان،وەختێ وامزانی پێمخۆشە، بەڵام ھیچ نەبوو.
کیتس : ئەوە ناوونیشانەکەیە؟
بایرۆن : (واقی وڕماوە) بەڵێ.
کیتس : ئۆی، بەڵام من پێمخۆشە. حەزم پێی ھەیە. زۆر شاعیرانەیە.
بایرۆن : ئۆی، لەو بڕوایەدایت؟
کیتس : ئۆی، بەڵێ بەدڵنیاییەوە.
بایرۆن : سەرمابردنێکی خۆڵەمێشی ڕەش...پەنچەکان...ژانێکی ئەرخەوانی...تۆ، لێوێکی ڕەشی مەیلەو قاوەیی.( نامەیەکی بچکۆلانە لەژێر دەرگاکەوە دەخرێتە ئەمدیوەوە. کیتس دەیبینێت)
کیتس : ئەوەت بینی؟
بایرۆن : چی؟
کیتس : ئەوەی لای دەرگاکە.
بایرۆن : من تەواو نەبوومە.
کیتس : کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێیدایە ئەمدیوەوە.
بایرۆن : بەڵام من تەواو نەبوومە.
کیتس : کەسێک فڕێیدایە...
بایرۆن : ئەمە دادپەروەری نییە.
کیتس : من...
بایرۆن : تۆش ئەبێت ئەوەی خۆت بخوێنیتەوە.
کیتس : بەڵام کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێدایە ژوورەوە.( ئەمە بۆ یەکەمین جارە نامە بۆ بایرۆن دێت. ھاوار دەکات) تەماشای بکەین بزانین چییە؟
بایرۆن : مەبەستت ئەوەیە لەودیوی دەرگاکەوە فڕێدرایە ژوورەوە.
کیتس : بەڵێ. نازانم ئەبێ مانای چی بێت.
بایرۆن : (ترساوە) باش، لەوانەیە یەکێکمان تەماشای بکات بزانێت ئەوە چییە.
کیتس : من قایلم.
بایرۆن : (نایەوێت) ئەتەوێت بزانم چییە؟
کیتس : قەیناکە خۆم دەیکەم.
بایرۆن : باشە.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات و نامەکە ھەڵدەگرێت. بەڕوانینێکی نیگەرانییەوە تەماشای دەرگاکە دەکات و ئەگەڕێتەوە لای بایرۆن)
کیتس : ئەشێت ھاوار بکەین بزانین کێ ئەو نامەیەی خستۆتە ژێر ....
بایرۆن : نا نا ھاوار مەکە!لەوانەیە تێکدەرێکی کۆمەڵگە بێت.( کیتس بازێک لە دەرگاکە دوور دەکەوێکەوە) ئەوە چییە؟
کیتس : (نامەکە ھەڵدەپچڕێت) بۆچی...ئەوە شیعرە. ئەوە شیعرە. ئەتەوێت بۆتی بخوێنمەوە؟
بایرۆن : نا نا ئەوە ھی دەرەوەیە. وابزانم باشترە ھەر لەژێر دەرگاکەوە بیخەینەوە...
کیتس : ڕەنگە پێمان باش بێت.
بایرۆن : نەتخوێندەوە وا نییە؟
کیتس : خوێندمەوە. ئەشمەوێت بۆ کۆمەڵگەی بخوێنمەوە.
بایرۆن : من دژی ئەوەم.
کیتس : پێویستە ئازایەتی لەخۆمان نیشان بدەین.
بایرۆن : زۆر چاکە. ئەوە لەمێشکی تۆدایە( بایرۆن ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و دادەنیشێت. کیتس ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و بەپێوە دەوەستێت و دەست دەکات بەخوێندنەوە)
کیتس : بەزۆری ئەوەستێتە سەر ...چی ئەنووسم و...چۆن بیر ئەکەنەوە. بەڵام ھەرگیز ئەم دووانە ناگەن بەیەک.( وچانێکی درێژ)
بایرۆن : ئەوە بۆنی مانای لێدێت.
کیتس : چی؟
بایرۆن : ئەیڵێمەوە. ئەوە بۆنی مانای لێدێت.
کیتس : پێموابێت ڕاست ئەکەیت. ئەی چی بکەین؟
بایرۆن : بیخەرەوە شوێن خۆی.
کیتس : ژێر دەرگاکە؟
بایرۆن : بەڵێ، بەڵێ.
کیتس : ئێستا؟
بایرۆن : چەند زووتر بێت باشترە. ( کیتس ئەچێتە لای دەرگاکە و دائەچەمێتەوە و وەختە نامەکە بیخاتە ژێر دەرگاکە و دەوەستێت)
کیتس : بۆ پێتوایە ئەو نامەیەیان بۆ ناردین؟
بایرۆن : تا گەندەڵمان بکەن. ئەیانەوێت گەندەڵمان بکەن. بیخەرەوە ژێر دەرگاکە.
کیتس : بەڵام...دەرگاکە...قەت پێشتر شتی وا ڕووینەداوە. کەسێک لەودیوەوە ھەیە.
بایرۆن : گەندەڵی لەودیوەوەیە.
کیتس : بەڕاستیتە؟
بایرۆن : ئەگەر نایخەیتەوە ژێر دەرگاکە لانی کەم لەسەر ئەرزەکە دایبنێ و شیعری زیاتر بخوێنەوە...وەرە...بخوێنەوە.
کیتس : لەوانەیە تۆ ڕاست بکەیت.
بایرۆن : شیعرێکی تری خۆت بخوێنەوە.
کیتس : بەڵام تۆ شیعرەکەی خۆت تەواو نەکرد.
بایرۆن : قەیناکە. بیخوێنەوە.( کیتس بۆ ماوەی خولەکێک تەماشای مێزەکە دەکات و پاشان ڕادەوەستێت و بۆ خوێندنەوەی شیعرێکی تر. تەماشای نامەکە دەکات لای دەرگاکەوە) تەماشای مەکە!( کیتس ڕوو وەردەگێڕێت و تەماشای شیعرەکەی دەکات)
کیتس : شەوەکە ...تاریکییەکی فێنک...زۆر یان کەم...ئەوە...
بایرۆن : ئەوە شیعری کێشدارە.
کیتس : نا وا نییە.
بایرۆن : بەڵی وایە. تۆ شیعری کێشدارت خوێندەوە.
کیتس : نەخێر شیعری کێشدارم نەخوێندەوە.!
بایرۆن : ئەزانم خوێندنەوەی شیعری کێشدار کە بەر گوێم دەکەوێت. ئەوە کێشدار بوو.
کیتس : بەھەرحاڵ.. لەوانەیە وا بێت. ھەندێکجار حەزم لە شیعری کێشدارە.
بایرۆن : چی؟
کیتس : حەزم لە شیعری کێشدارە.
بایرۆن : باوەڕ ناکەم. گەندەڵی دەستی پێکرد. ئەو نامەیە! وێرانمان ئەکات. ئەبێت لەناوی بەرم.( بایرۆن بەرەو لای نامەکە ئەچێت بەڵام کیتس پێشی پێدەگریت و ناھێڵێت دەستی بگاتە نامەکە) من پێتدەڵێم لێگەڕێ با لەناوی بدەم.
کیتس : بوەستە! بوەستە! تۆ زۆر عەبەس بوویتە!
بایرۆن : سوپاس.
کیتس : مەبەستم ستایشکردنت نەبوو.
بایرۆن : ئەی چیتر بم؟
کیتس : من لەم دەرگایەوە ئەڕۆمە دەرەوە.
بایرۆن : ( بایرۆن لەترسا ھاواری لێھەڵدەستێت) نەخێر.
کیتس : وای دەبینم ئەبێت بڕۆم.
بایرۆن : تۆ تێناگەیت...تۆ گەنجی...لەدەرەوە گەندەڵی ھەیە...لەدەرەوە مانا ھەیە.
کیتس : تۆ چۆن ئەزانیت؟
بایرۆن : ناتوانم پێت بڵێم!
کیتس : ( بەرەو لای بایرۆن ئەڕوات و ڕووبەڕووی دەبێتەوە) ئەمەوێت بزانم!
بایرۆن : ( بەدەم ھەنسکدانەوە بەچۆکدا دەکەوێت) ناتوانم! ناچارم مەکە. تکایە ناچارم مەکە.
کیتس : ( یەخەی کراسەکەی بایرۆن ئەگرێت) پێمبڵێ!
بایرۆن : ( بەھێواشی) ...ئەزانم... لەبەر ئەوەی لەو دەرگایەوە چوومەتە ئەودیو! بەڵام بەختم ھەبوو. گەندەڵیم بینی. مانام بینی و زانیم لەناوم دەبات. چۆن ژوورەکەم جارێکیتر دۆزیەوە، نازانم. بەڵام تۆ نابێت ئەوە تاقی بکەیتەوە. تۆ ناتوانیت بگەڕێیتەوە ژوورەکە. ھەندێک وێڵ بوون و نەگەڕانەوە. کۆمەڵگە لەوێ ئەمێنێتەوە. بەڵام ئەوان ناگەڕێنەوە. تکایە گوێم لێبگرە.
کیتس : بەڵام مەبەستت چی بوو؟ ئەو دووانە ھەرگیز بەیەک ناگەن.
بایرۆن : نابینی چیت بەسەر ھاتووە؟ تۆ پرسیارت کرد مانای چییە. گوێت لە خۆت نییە چیت گوت؟
کیتس : من وام گوت؟
بایرۆن : بەڵێ گوتت.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات نامەکە ھەڵدەگرێتەوە)ھەڵی مەگرەوە! ھەڵی مەگرەوە! بیخەرەوە ژێر دەرگاکە. لەدەرگاکە دوور بکەوە.( بە وچانێکی درێژ کیتس ڕادەوەستێت و نامەکەی بەدەستەوەیە. دواجار لەژێر دەرگاکەوە دەیخاتە ئەودیوەوە. بەھێواشی بەرەو لای بایرۆن دەڕوات کە شەرمەزاری دەکرد) کوڕە ئازیزەکە، تۆ بردتەوە، جەنگەکەت بردەوە... پێموابێت ئەبێت بەردەوام بین...بەڵام شیعری تر ناخوێنینەوە. دوای ئەمە لەوانەیە وەک شتێکی بێکەڵک چاوی لێبکەن. وەرە با بگەڕێینەوە و کۆنفرانسەکە تەواو بکەین. ھێشتا ئەنجامگیری ماوە و ئەنجام نەدراوە. (ھەردووکیان ئەچنەوە لای مێزەکە. بایرۆن قاپەکە سەر مێزەکە ھەڵدەگرێت و فووی لێدەکات و تۆزەکەی سەری پاک دەکاتەوە و بەرەو لای کیتس پاڵی پێوە دەنێت. کیتس بە ڕوانینێکی نیگەرانیانەوە لێی دەڕوانێت. لەناو گیرفانییەوە ھەستی پێدەکات. پاڵ بە قاپەکەوە دەنێت بۆ بایرۆن. بایرۆن ئاوڕ دەداتەوە و دەیبینێت. تۆزیک شەرمەزار دیارە)...ئێستا بۆ دوا ئەنجام ...جارێکیتر خۆمان نوێ کردەوە. ئێمە بڕوامان وایە وەک ھونەر بین.
کیتس : ئەوە زۆر جوانە.
بایرۆن : سوپاس. ئەوە ئێمە کۆتاییمان پێھێنا. وەرە باوەشم پێدا بکە. ئەوە ئەزموونێکی جوان بوو.
بایرۆن : بەڵێ.
بایرۆن : تا ساڵێکی تر؟
کیتس : ساڵێکی تر.(بایرۆن پێدەکەنێت و بەرەو دوورترین گۆشەی ژوورەکە لە دەرگاکەوە دەڕوات. پاڵ دەکەوێت و دەخەوێت. کیتس تەماشای دەکات و پاشان لە دەرگاکە دەڕوانێت. دەچێتە لای بایرۆن و ئەبینێ نووستووە. تەماشای دەرگاکە و ئینجا بایرۆن دەکات. بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات. دەست دەداتە دەسکی دەرگاکە و دەرگاکە دەکرێتەوە. ئاوڕ لە بایرۆن دەداتەوە. لەدەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە. لەگەڵ کزبوونی ڕووناکی بایرۆن دەست بە پرخەپرخ دەکات )


کۆتایی


تێبینی: مەسەلەی جێندەر لەھەڵبژاردنی کارەکتەرەکان بۆ ئەم دەقە کێشە نییە. کارەکتەرەکان چ نێر بن یا مێ یانیش نێر و مێ بن پێکەوە ھیج کاریگەرییەک لەسەر دەقەکە و تەکنیکی دەرھێنان و نمایش دانانێت.

دەربارەی ئۆمەر ھانسن.

شانۆنامەنووس و شاعیر و نووسەر و ئەکتەر ئۆمەر ھانسن وانەی دراما لە کۆلیژی سەڵت لەیک کۆمینیتی دەڵێتەوە .ئێستاش بە وەرگێڕانی شانۆگەرییەکانی فرانز گریلپارزەرەوە خەریکە. شانۆگەری کۆمەڵگە لەساڵی ١٩٩١ لەسەر شانۆ لە وۆرکشۆپی پرۆگرامی گەشەپێدانی شانۆنامەنووسان خوێنرایەوە کەلەلایەن کۆمەڵەی شانۆ لە خوێندنی باڵا لە شاری سیاتڵ ڕێکخرا. لەکۆتایی ئەو ساڵەش خەڵاتی پریمیەر پرۆداکشنی کارە شانۆییەکانی خۆرئاوای شاری سەڵت لەیکی وەرگرت. ج. ئۆمەر ھانسن حەوت شانۆگەری نووسیوە لەگەڵ چەندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان.
____________________________________________
سەرچاوەکان:
1- Play It Again
By Norman A. Bert & Deb Bert
U.S.A. 1993 Pages 141 148
2- http://normanbert.files.wordpress.com/2011/02/curriculumvita1.pdf
3- https://www.meriwetherpublishing.com/AuthorsDetails.aspx?CatID=18 

تێبینی: ئەم شانۆنامەیە لە گۆڤاری وانەر ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک