پهرتووک
كوشتنى تێكست.

هۆشهنگ شێخ محهمهد
-
بهشی
دووهم -
نیچە
پێشەکى:
کاتى نووسینى ئەم بابەتە ئەکاتە 107 ساڵ دواى مردنى نیچە و 163 ساڵ
دواى لە دایکبوونى، پرسیار ئەوە ئایا نووسین لەسەر کەسێک کە سەدو هەفت
ساڵە مردووە چ رامانێک ئەدات؟ رامانەکانى من لەسەر دوو ئاستن:
1. ئاستى ئێمە ، ئێمە وەک خوێنەر، کە ئێستا لە تێکستێکدا نیچە
ئەخوێنینەوە و بەرهەم و هزر و فەلسەفە و شاعریتیەکەى دواى ئەو هەموو
ساڵانە ئەکەینە بەرهەم، واتە گرنگى بەرهەمەکانى ئەو بۆ ئێمە و چۆنییەتى
سەرەدەریکردنمان لەگەڵ تێکست و فەلسەفەکەى، کە رەنگە تێگەیشتنى نوێ و
پرسیارى نوێتر و وەڵامى نوێترمان بداتێ، بەرەنگێکى راستەوخۆ و
نەراستەوخۆ جۆرەها کاریگەریمان لەسەر دانێت.
2. ئاستى نیچە خۆى، کە ئایا گرنگى خوێندنەوە و بەرهەم و تێکست و
تێگەیشتنەکانى ئێمە بۆ ئەو خۆى دواى مردنى چیە؟ بۆ ئەو چ خۆشییەک و
چێژێک و بەهایەکى هەیە؟ ئایا لەدواى مردنى ئەو، ئەبێت نیچە خۆى بۆ نیچە
چى بێت؟ ئەگەر ئەو بۆ ئێمە فەیلەسوف یان شاعیر یان هەر ماهییەتێکى
دیکەى هەبێت و گرنگى تایبەتى خۆى هەبێت، ئایا ئەو بۆ خۆى چ گرنگى هەیە؟
لێرەدا ئێمە ئەتوانین تۆزێک لە نیچە دوورکەوینەوە و بابەتەکە بکەینە "
نووسەر و مردن" ئایا لەدواى مردندا، نووسەر وەک ماهییەت بۆ بوونى خۆى چ
بەهایەکى ئەمێنێت؟ ئایا خوێندنەوەى جزیرى و خانى و نالى و شێخ
شەمسەدینى قوتبى ئەخلاتى و عەلائەدین سەجادى و دەیان نووسەرى دیکەى
نەماو، بۆ ئەوان چ بەهایەکى هەیە؟ یان بە شێوەیەکى دیکە بپرسین
خوێندنەوەى تێکستەکانى ئەوان چ ماهییەتێک ئەدەنە پەیوەندییەکانى ئێمە؟
ئەو پەیوەندییە لە لاى ئێمە و ئەوان چ بوونێک و چ ماهییەتێکى هەیە؟
ئایا پەیوەندییەکى بوونگەراییە یان چییەتگەرایى؟ یان پەیوەندییەکە بە
شێوەیەکى دى؟
بۆ من دیارە پەیوەندییەکانى من بە نووسەرە مردووەکان پەیوەندییەکى یەک
سەرەیە لە هەندێ رەهەندەوە، لە رەهەندێکى لە منەوە بۆ ئەوانە،بەڵام
لەوانەوە بۆ من نیە، من لە پەیوەندییەک دام کە تەنیا ئامادەم و ئەو
غائیبن، بۆ من چێژو خۆشى و بەها و هزر و گەڕانە، بەڵام بۆ ئەوان چى؟ بۆ
من ئازادى و بەندى و حوکم و سەوداسەرى و ماندووبوون و خۆشى و نەخۆشى و
گەلێک شتى دیکەیە، بەڵام بۆ ئەوان چى؟ دواى ئەوەش بۆ من بەرهەمهینانى
تیکستێکى باشە یان خراپ، بەلام بۆ ئەوان چ بەرهەمهێناێکى تێدایە؟ من
خودان گووتار و ئاخاوتن و نووسینم، بەڵام ئەوان نەخێر ناتوانن گوهدار و
خوێنەریش بن!
لە ئاستێکى سادەدا، سەختە مرۆڤ لەسەر بەرهەمى نووسەرێک بنووسێت کە لە
ژیاندا نەمابێت، سەختە کە تۆ ئەزانى ئەگەر رەخنەى لێ بگرى یان بەسەریدا
هەڵبلێى ئەو نەماوە تا کەیفى پێبێت یان توڕە بێت، ئەو نەماوە تا
دەستخۆشیت لێبکات یان جوێنت پێبدات! نەماوە تا پێت بڵێ تۆ درۆ بە ناوى
منەوە ئەکەیت یان هەڵەکانى من راست ئەکەیتەوە، شتێک لەم جۆرە پەیدا
نابێت،
لە ئاستێکى باڵاتردا، نووسین لەسەر نووسەرى مردوو، رەنگە وزەیەکى
دەروونى بوێت بۆ ئەوەى بێیت و وێنەى فیزیکى نووسەرەکە لە لاى خۆتدا لە
رێى خوێندنەوەدا زیندوو بکەیتەوە، وێنەى سەر و چاو و شێوە و روو و نیگا
و روخسارێکى زیندوو، من لەو ماوەیەدا کە نیتشە ئەخوێنمەوە هەمیشە چاوم
ئەبڕِمە وێنەکانى ، ئەو خۆى بە سمێڵە گەورە و برۆ ئەستوورەکانى
کەهەمیشە پێش هەموو شتێک ئەکەونە بەرچاوم، سەرنجم رائەکێشن، لە مرۆڤێکى
نەخۆش ناکات، لە مرۆڤێکى لاواز و نابینا و شێت ناکات، بە پێچەوانەوە
وەک پەیکەرێکى پڕ لە وزە و زیندوو و پڕ بزاف و جوڵە و هاتوو چۆ و گەڕان
و تۆزێک توڕە و تیژ خۆى ئەنوێنێ، لە مرۆڤێک ئەکات هەمیشە رابمێنێ،
هەمیشە بە قسە قۆڕەکانى تۆ پێبکەنێ و گاڵتە بە ساویلکەییت بکات!
لە ئاستێکى دیکەدا خوێندنەوە خۆى کردارێکى قورسە، چونکە هەمیشە لە کاتى
خوێندنەوەدا نووسەر بەرهەڤ نیە لاى تۆ، نووسەر چەند قسەیەکى کردووە و
لە لاى تۆ ئامادەنیە تا پرسیارى لێبکەیت و جۆرە رووبەڕووبووونەوەیەکى
رەخنەیى لەگەڵ دروست کەیت، ئەو کاتەى کە ئەشتەوێت رووبەڕووى ببیەوە،
تەنیا لەرێى نووسینەوە ئەکرێت، لەو ساتەشدا کە تۆ ئەبیتە نووسەر ،
ئەوجارە نووسەرەکە ئەبێتەوە خوێنەر، بەیەکگەیشتن لەیەک ئاستى خوێندنەوە
و رەخنەو رووبەڕووبوونەوەدا مەحاڵ ئەبێت؟!
لەو ئاستەدا بێ ئەوەى مەبەستمان نزیکبوونەوە بێت لە" دێریدا" نووسەر
هەمیشە مردووە، چ لە ژیان مابێت یان زیندوو بێت، ئەمەش هاوکێشەکانى
خوێندنەوە و نووسین لەسەر مردووان و زیندوانمان بۆ پێچەوانە ئەکاتەوە،
لە کاتێکدا کە نووسەر لە کاتى نووسیندا ئاگاى لە من و بۆچوون و هزر و
رایەکانى من نیە کە رەنگە لەگەڵى بکەومە رووبەرووبوونەوەیەکى رەخنەیى
لە رێى خوێندەوەدا، ئەوە نووسەریش لەو حەلەدا کە من ئەمەوێ دەست بە
رەخنەکردنى بکەم ئاگاى لە من نیە، لەو ساتەش کە نووسەرى یەکەم لە
خوێندنەوەى یەکەمى منى خوێنەردا ئاگادار ئەبێت ئەوە من بوومەتە نووسەر
و ئەو گۆڕاوە بۆ خوێنەر، کەواتە نە هەردووکمان وەک نووسەر رووبەڕووى
یەکدى ئەبینەوە و نە وەک دووخوێنەر لە یەک ساتدا.
ئەمە ئیشکالیەتێکى خوێندنەوە و نووسینە کە ناکرێت لەیەک ساتدا لە
هەردوو باردا حازربین و غائیب نەبین.
واتە لەیەک ساتدا هەم زیندوو و هەم مردووبین، من بۆ ئەوەى نووسەر
نەکوژم پێویستم بەوەیە لە ساتى خوێندنەوەدا رووبەڕووى ببمەوە، بۆ ئەوەى
ئەویش من نەکوژێت، پێویستە لە ساتى خوێندنەوەکەى مندا من بە نووسەر
نەبینێت، کە ئەم جۆرە پەیوەندییەش شێویەکى مەحاڵى هەیە.
ئەگەر درێدا، مەرگى نووسەرى راگەیاند، ئەوە من پێم وایە نووسەر هەمیشە
بە شێوەیەک لە شێوەکان مردووە و بەشێوەیکى دیکەش هەمیشە زیندووە،
نووسەر تا ئەو ساتە زیندووە کە من وەک خوێنەرێک ئەمەوێ رووبەڕووى
ببمەوە، بەڵام لە ساتى رووبەڕووبوونەوەمدا من ئەگەڕێمە سەر دۆخى نووسەر،
نووسەریش لەکاتى خوێندنەوەى مندا ئەبێتە خوێنەر، وەک وتم
بەیەکگەیشتنمان مەحاڵە.
لێرەوە ئەوەى بەیەکمان ئەگەینێ ژیان و مردنى ئێمەیە لە تێکستەکاندا،
خوێندنەوەش جۆرێکە لەو تەماهییانەى کە نووسەر لە راڤەى جۆراوجۆر و
تەفسیر و ماناى بێکۆتاییدا بکوژێت ، ئەمەیان خۆى لە خۆیدا جۆرە
تێگەیشتنێکە کە زیاتر لە نووسەر و رووبەڕووبوونەوەى نووسەرمان دوور
ئەخاتەوە، بەتایبەتى لە رووە (دێریدایەکەیدا) کوشتنى نووسەر ئەگاتە
تراژیدیاترین وێنەى خۆى، بە شێوەیەک لێپرسینەوەى بە یەکگەیشتنى نووسەر
و خوینەر لە یەک کاتدا بۆ رووبەرووبوونەوەیەکى رەخنەگرانە ئەکوژێت و
مەحاڵى ئەکات.
ئەمەیان بابەتێکە درێژەى ئەوێت و دواتر لە شوێنێکى دیکەدا ئەگەڕێمەوە
سەرى.
هەر چۆنێک بێت با بێینەوە لاى نیچە، ئەو پیاوە جوان و شاعیرەى لێرەدا
تەماهى ئەکەین لە دوورى سەدان ساڵەوە، ژوانێکى لەگەڵ ببەستین و
سەردانێکى نەدیدەیى بکەین.
ئەگەر نیچە لە لایەکەوە "مەرگى خواى" راگەیاندبێت ئەوە لە لایەکى
دیکەوە، مەرگى زەردەشتى رەت کردۆتەوەو "زیندووبوونەوەى" رائەگەیەنێت،
ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەى کە دواتر لەگەڵ دێریدا دژ دێتەوە.
گووتارى نیچە لە زەرەدەشت وەهاى گووت، زیندووکردنەوەى (زەردەشتە) وەک
نووسەر و لەلایەکى دیکەشەوە رەنگە مەرگى تێکستەکانى زەردەشت بێت،
بەواتەى ئەوەى نیچە خوا ئەکوژێت و تێکستەکانى ئەهێلێتەوە، لەوێ مەرگى
خوا مەرگى (نووسەرە)، بەڵام لەگەڵ زەردەشتدا پێچەوانەیە، زەردەشت ساغ
ئەکاتەوە و ئاڤێستا ئەکوژێت. بۆ من خاڵى نوێ لێرەدا ئەو خوێندنەوەیە
ئەوەیە کە نیچە وەک زیندووکەرەوەى نووسەر ببینم و وەک بکوژى
تێکستەکانیش تەماشاى بکەم، بە پێچەوانەى دێریدا کە نووسەر ئەکوژێت و
تێکست رەها ئەکات.
هەر چۆنێک بێت ئەم باسەش جارێ لەم پێشەکییەدا مەوداى درێژبوونەوەى نیە.
با جارێ بە پێشەکییەکەى خۆمانەوە سەر قاڵ بین.
با بگەڕێمەوە و پرسیار بکەم، بۆچى لەسەر بەرهەمى نووسەرە مردووەکان
ئەنووسین؟:
1. هەر بەرهەمێک بتوانێت خاوەن هزرێکى زیندوو و نەمر بێت دوور لە
خاوەنەکەى ئەتوانێت لە گەلێک سەردەم دا خۆى نوێ بکاتەوە و بەردەوام
ببێتە جێگەى پرسیار و گومان و خوێندنەوەى نوێ.
2. زۆر لەو بەرهەمانە لە کاتى لەدایکبوونیان نەخوێندراونەتەوە و
نەبوونەتە جێگەى بایەخدانى خەڵکى و خوێنەران، هەتا دەمێکى درێژ و دواى
چەندین سەردەم و سالان ئینجا ئەو هزر و بەرهەمانە توانیویانە خۆیان وەک
هزرێکى نەمر پێشبەر بکەن و لە نوێوە بخوێندرێنەوە، هەروەک چۆن نیچە خۆى
لە زۆر لە بەرهەمەکانیدا ئەوەى دووپاتکردۆتەوە کە بەرهەمەکانى دواى
چەندین ساڵ و سەد ساڵى تر دواى مردنى ئەخوێندرێنەوەو ئەبنە جێگەى گرنگى
پێدان و کاریگەرییان لەسەر خەڵک ئەبێت.
3. گەڕانى مرۆڤ لەو هزر و بیرانەى کە ئەبینێت گونجاون لەگەڵ روح و خەون
و مەراق و هاوارەکانى روح و جەستە و هۆش و بێ هۆشى ئەو، دیارە ئەگەر من
هەستم نەکردبا لە هەندێک ساتدا روحى من و نیچە وەک یەک وان، و رەنگیشە
لە هەندێک دەمى تردا ئاسمان و زەویمان لە نێواندا بێت،لێ دیارە گەلێک
شت من بە بەرهەمەکانى ئەو گرێئەدەن و وا ئەکەن من بێم ئەو پەیوەندییەى
لەگەڵ گرێدەم.
4. دامەزراندنى پردێکى مەعریفى لە نێوان ئێمە و ئەو بەرهەمانەدا بە
گەلێک هۆکار و ئامانجەوە، کە ئەویش بە گوێرەى بایەخ و گرنگى هەر
خوێنەرێک بۆ بەرهەمەکانى پێشوو و کاریگەرى ئەو بەرهەمانە لە لایەنى
هزرى و دەروونى و جەستەیى و رەوشتى و زمانى و فەرهەنگى و رۆشنبیرى
لەسەر ئەو کەسە.
5. گواستنەوەى ئەم بیر و بەرهەمانە بۆ ناو خەڵکێکى دى و یان دەڤەرێکى
دیکە، بۆ ئەوەى لە رێى تێکستێکى نوێوە ئەو بەرهەم و هزرانە بگەنە خەڵکى
دیکە، کە رەنگە دیسان زۆر هۆکار و ئامانجى جیاوازى لە پشت بێت، ئامانجى
هزرى و دەروونى و رۆشنبیرى و مۆرالى و زمانى و هتد..،
6. پێشکەشکردنى تێگەیشتنێکى نوێ یان نوێتر لەوانەى پێشوو لەسەر بەرهەمى
ئەو نووسەرە، خوێندنەوەیەکى نوێتر بۆ کار و رەهەندى ئەو کارانە، ناسینى
ئەو نووسەرە بە رەنگێکى نوێتر لە ناسینەکانى پێشوو، دۆزینەوەى بڕگە و
جومگە و بەشى نوێتر لە هزر و تێگەیشتنەکانى ئەو نووسەرە.
* * * * * * *
بۆچى نیچە؟
دیارە پێش ئێمەش زۆرانى تر پرسیاریان کردووە، کە بۆچى ئێستا لەسەر نیچە
بنووسین؟ هەر بۆ نموونە "عوسمان یاسین" لە کتێبەکەیدا (نیتشە لاپەڕە 7)
پرسیار ئەکات:" لە کاتێکدا ئێمە پێ دەنێینە سەدەى بیست و یەکەمەوە
دەبێت قسەکردن سەبارەت بە فەیلەسوفێکى سەدەى نۆزدە چ سوودێکى هەبێ؟
ئاخۆ باسکردنى فەیلەسوفێک چ گرنگییەکى هەیە، کە لە سەردەمەکەى ئەودا
چوونە سەر مانگ و چارەسەرکردنى چەندان نەخۆشیى کوشندە تەنها خەونێک
بوون و هیچى تر نا؟ لە کاتێکدا لەو سەردەمەى ئێمەدا جیهانى تەکنەلۆژیا
و کۆمپیوتەر بە رادەیەک خەونەکانیان کردۆتە واقیعێکى بەرچاو کە بیر
لەوە بکرێتەوە هەموو خەونێک ئەگەرى هاتنە دى هەیە. دەبێ سوودى فەلسەفەى
نیتشە لەو سەردەمەدا چى بێ، لە کاتێکدا زانست باس لە ئەگەرى دروستکردنى
ژیان لەسەر ئەستێرەى مەریخ و ئەگەرى فۆتۆکۆپى کردنى مرۆڤ دەکات؟!)"1"
منیش لەگەڵ نووسەر ئەڵێم ئەم پرسیارانە لە جێى خۆیانن، بۆ ئەوەى مرۆڤ
بتوانێت پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان هزر و بەرهەمەکانى نیچە و رۆژگارى
ئێمە گرێدات. بە تایبەتى ئەگەر ئێمە بزانین کە بەرهەمە تەکنەلۆجییەکان
و سەردەمیانە، بەرهەمى شارستانییەت و روانین و کار و بزافى فکرى
رۆژئاوایە، ئەو شارستانییەت و ئەقلانییەتەى نیچە بە توندى هێڕشى ئەکردە
سەر و رەخنەى لێ ئەگرت. من بۆ خۆم ئەگەر ئەم هۆکارە بۆ خوێندنەوەى نیچە
لە رۆژئاوادا بە رەواو کافى ببینم، ئەوە بۆ ئێمە بە تەنیا بەس نیە،
چونکە ئەگەر رۆژئاوا بەردەوام و خێرا لە لایەنى تەکنەلۆژیا و دنیا و
کۆمپیوتەر و کۆنێکشن و ئەنتەرنێت و پەیوەندییەکان و جۆرى
پەیوەندییەکانەوە پێشبکەوێت و زیاتریش قابیلى رەخنەکردن و هێڕش کردن
بێت، بەڵام سەبارەت بە ئێمە رەوشەکە وەها نیە، جیاوازییە ژیارى و
دنیایى و هزرى و مۆراڵى و زمانى و کلتورى و فەرهەنگى و تێگەیشتنەکانى
ئێمە بۆ تێگەکەکانى ژیان و تێکەڵبوونى هەردوو دنیاى سیاسەت و دین و
رەوشت و تیتال و بەها کۆمەڵایەتى و روحى و غەیبانییەت و ئەو گەندەڵییەى
ئێمە تێیداین وائەکات، کە ئێمە بە شێوەیەکى جیاواز تەماشاى هزر و
بەرهەمەکانى نیچە بکەین و خوێندنەوە و پرسیارەکانى ئێمە وەک رۆشنبیرى
رۆژئاوا نەبێت. ئەمە تەنیا بۆ نیچە و فەلسەفەکەى نا، بەڵکو بۆ زۆربەى
پرسیار و پرسى فەیەلەسوفەکان و بەرهەم و کارە هزرییەکانییان راستە.
دیارە پرسیارەکانى مارکس لە کۆمەڵگەیەکى وەک ئەڵمانیا جیاواز ئەبێت لە
پرسیارەکانى رۆشنبیریى کوردیدا، یان هەتا سەرهەڵدانى میتۆدەکانى هزر و
فەلەسەفە و رێبازە رەخنەییەکان لە رۆژئاوادا، خاوەن پرسیار و پرسى
جیاواز ئەبن لە کاتێکدا کە ئێمە بمانەوێت لە کوردستاندا ئەو رێبازە
فکرى و فەلسەفى و رەخنەییانە بەکارببەین، چونکە دنیاى ئێمە و ئەوان
جیاوازە، ئەو جیاوازییە بەومانایە نیە کە ئێمە ناتوانین ئەورۆکە سوود
لە هیگڵ یان نیچە یان مارکس یان فۆکۆ یان دێریدا یان بارت یان رێبازێکى
وەک بونیادگەرى یان بوونگەرایى یان هەر میتۆدێکى دیکە وەرگرین. نەخێر
ئێمە ئەتوانین سوود لەو هزر و فەلسەفە و میتۆدانە وەرگرین، بەڵام ئەبێت
ئێمە درک کەین کە پرس و پرسیارەکان جیاواز ئەبن. چونکە سەرهەڵدانى ئەو
فەلسەفانە لە رۆژئاوادا لە کاودانێکى تایبەت و لە سەردەمێکى تایبەتدا و
ژینگەیەکى تایبەتیدا لەدایک بوونە، کە لەدایک بوونە بۆ
رووبەڕووبوونەوەى رەوشێک و واقعێک و بارێکى تایبەتى هاتوون، کە مەرج
نیە و رەنگە زۆر جیاواز بێت لەگەڵ هەلومەرج و بارى کوردستاندا، بەڵام
دیارە سەربارى ئەو جیاوازییانەش ئێمە ئەتوانین ئەو فەلسەفە و میتۆدانە
بەکاربێنین و بە گوێرەى پرسیار و ئاراستەکانى رەوش و کار و بەرهەم و
بەهاى کلتورى کوردى بەکاریان بێنین.
بۆیە لێرەدا ئەگەر ئێمە باسى خوێندنەوە و پرسیارەکانى نیچە بکەین،
ماناى ئەوە نیە هەمان ئەو پرسیارانەى ئەو و رەخنە و هێڕشەکانى بۆ سەر
کۆمەڵگەى رۆژئاوا بەکارببەینەوە. ئەگەر رەخنەى نیچە لە شارستانییەتى
رۆژئاوا ئەوە بێت کە بە ئەقلانییەتەکەى خۆى ئەگەرى ئەوەش ئەهێنێتە
پێشەوە کە خۆى لەناو ببات، ئەوە لە کوردستاندا ئەو شارستانییەتە
پێشکەوتووەمان نیە کە ئێمە لەوە بترسین بۆمبایەکى ئەتۆمى دروست کات و
لەناومان ببات؟!
یان کوردستان نەبۆتە (مەڵبەند) و هێڕشى (کەنار)ەکان بکات، کوردستان
نەبۆتە ئەو هێزە وەکو رۆژئاوا کە سستەمى دنیا بە گوێرەى
بەرژەوەندییەکانى خۆى بەرنامەرێژبکات و رێکیان بخات؟!
جیاوازییەکانى نێوان ئێمە و رۆژئاوا لە لایەنى دینى و سیاسى و ئابوورى
و کۆمەڵایەتى و روحى و هتد..، وامان لێئەکات کە درک کەین، پرسیار و
خوێندنەوە و شرۆڤەکردنى نیچە لە رۆشنبیرى ئێمەدا ، هەمان پرسیار و
شرۆڤە و خوێندنەوەکانى رۆشنبیرى رۆژئاوا نەبێت. ئەگەرەکانى خوێندنەوەش
هەمان ئەگەر نینن. بەڵکو بە بەرفراوانى رۆژئاوا و رەهەندە جیاوازەکانى
ئێمە و ئەوان پرسیارەکانیشمان جیاواز ئەبن. بۆیە قسەکردن لەسەر فەلسەفە
بەگشتى و لەسەر رۆڵ و کارى فەیلەسوفان بۆ ئێمە هەمان قسە و رۆڵ و کارى
ئەو فەیلەسوفانە نیە لە رۆژئاوادا، ئەگەر ئێمە وەها تێبگەین ئەوە لە
سەرەتادا تووشى هەڵەیەکى گەورە ئەبین، چونکە پێویستە ئێمە بزانین بۆ
نموونە هەروەک "مەریوان وریا قانع" سەبارەت بە سەرهەڵدانى (بونیادگەرى)
لە رۆژئاوا و لە کوردستاندا دیار ئەکات، ئەرک و رۆڵى بونیادگەرى لێرە و
لەوێ زۆر لەیەکترییەوە جیاوازن، ئەگەر لەوێ (فکرى بونیادگەرى راستەوخۆ
لە رەوتى بەگژاچوونەوەى فەلسەفەى خود و هیومانیزمى بوونگەرادا ئامادە
بووبێت) ئەوە لە رۆشنبیرى ئێمەدا (بوونیادگەرى دووبارەکردنەوەى ئەو
کێشانە نەبووە کە لە رۆژئاوادا رووبەڕوویان بۆتەوە و بە هیچ جۆرێک
پەیوەندى بەو رەوتە تایبەتەى رۆژئاواوە نیە) بەڵکو (بوونیادگەرى لە
رۆشنبیرى ئێمەدا رووبەرووى مژدە ئایدیۆلۆژییەکانى مارکسیزمدا تەقییەوە
کە مژدەى یۆتۆپى بە مێژوویەک دەدا تواناى پیادەکردنى ئەو مژدانەى نەبوو)"2".
واتە ئەگەر نیچە رووبەڕووى (رۆشنبیرى رۆژئاوا بۆوە لە مەسەلەکانى وەک
میتافیزیکییاى رۆژئاوایى و مەسیحییەت و دین و چەمکى جەوهەر و
میتافیزیکییاى جەوهەر و هەقیقەتى میتایى و بنکەکانى کۆنترۆلى
چەمکگەرایى لەناو فەلسەفە و ستاتیکدا و چەمکخوازى مانا و
لۆگۆسێنترالیزمى میتافیزیکییاى ئەوروپى) "3"
ئەگەر ئێمە ببینین نیچە زۆربەى رەخنەکانى ئاراستەى رۆشنبیرى رۆژئاوایى
ئەکات ، رەنگە وا تێبگەین کە ناتوانین هەمان رەخنەکانى ئەو لە رۆشنبیرى
رۆژئاوادا، ئاراستەى رۆشنبیرى کوردى بگەین، بەڵام رەنگە مەسەلەکە بەو
رەهایە نەبێت، هەروەها رەخنە و کارەکانى نیچەش بەتەنیا ئەوە نین کە
فەلسەفەیەک بێت قەپات و تایبەت کرا و بێت بە رۆشنبیرى رۆژئاوا، بەڵکو
یەکێک لە خەسڵەتەکانى ئەو فەیلەسوفە ئەوەیە ، کە ئەو هێز و وزەیەى
لەکار و بەرهەمەکانى ئەودا هەنە سەبارەت بە ( دین و خودا، هەقیقەت و
دەسەڵات، ئیرادە و ئارەزوو، جەستە و ئەتیک و ئەخلاق، ئیرادە و مەعریفە)
"4" و چەندین مەسەلەى ترى گرنگ ئەکرێت ئاراستەى رۆشنبیرى کوردى و
نەکوردیش بکرێن، لە لایەکى دیکەشەوە، لە رێى "زەردەشت وەها ئاخاوت" دا،
پەیوەندى نیچە بە رۆژهەڵاتەوە، بە تایبەت بە رۆشنبیرى فارسى کۆنەوە،
پنتێکى دیکەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هزر و کاریگەرییەکانى ئێرانى کۆن
لەسەرى و هاندەرێک بۆ خوێندنەوەى."5
کاریگەریى نیچە:
نیچە خۆى لە گەلێک شوێندا بە ئاشکرایى باس لە مەزنى و بەهاى هزر و
فەلسەفەى خۆى ئەکات و ئەڵێت دواى سەد ساڵى دیکە ئەخوێندرێمەوە و
تێمئەگەن.زۆرێک لە تێبینى و پێشبینى و گوتنەکانیشى راست بوون، لە
پەرتووکى (دواهەمین کوفرەکانى نیچە)دا، "6" نیچە لەگەلێک نامەدا ئەوە
ئەسەلمێنێت کە بەرهەم و هزرەکانى پاش ماوەیەکى زۆر کاریگەرییان ئەبێت:
1. سەدەى بیستەم دەبێ من بە باشى هەرس بکات. چەند پەیمانێکى ترى لەگەڵ
مندا هەیە."7"
2. من لە لانکەکەمدا دەحەوێمەوە، بەڵام نزیکەى سەد ساڵى دى ژنێکى
ئەمەریکى کە جوانیشە، مەمکى من دەمژێت."8"
3. نۆتە و ئاکۆرد، من دیاریان دەکەم، ئۆرکێستەر خۆى ئامادە بکات و
بونیادنانەوە دەست پێبکات: لە جەستەى مندا جولەکە هەرس بووە و خودایان
لە لێودا، پاش ساڵى دوو هەزار، لەبەر سفرەکانى. " د. حامد فولادوند، د
پەراوێزا ڤى نامەیدا وەها نڤیسیە: نیچە ساڵى 2000 بە ساڵى تێگەیشتن لە
بەرهەمەکانى دادەنێت، باوەڕى وابوو کە ئەندێشەى ئەو ئاواز و ئاکۆردى
هەزارەى سێیەم دەژەنێت و لە بونیادنانەوەى مەعنەویەتى داهاتودا کاریگەر
دەبێت.... شتێک کە ئەمڕۆکە وەها دەرچوو.." "9"
4. کاتێک بمرم فێرکردنى من درێژەى دەبێت، هەرچەند کە بوونم نابێت."10"
5. (هەندێ کەس لە دواى مردنیان لە دایکدەین، رۆژى منیش دێت، بەڵام لە
ژیاندا نابم) "11"
6. "زەمانى من ئەمڕۆ نییە، سبەى موڵکى منە" "12"
ئیدى نیچە خۆى، پێش هەموو کەسێک هەستى بە بلیمەتى و زیرەکى و کاریگەریى
هزر و فەلسەفەى خۆى کردووە و پێشبینى کاریگەرى خۆى لە سەر رۆشنبیرى
رۆژئاوادا کردووە. کە دواى چەندین ساڵ ئەخوێندرێتەوە وراڤە ئەکرێت و
کاریگەرى خۆى لەسەر خەڵکى دائەنێت.
جگە لە نیچە خۆشى، گەلێک فەیلەسوف و هزرمەندى تر باسى کاریگەرى نیچە
لەسەر خۆیان و هزر و بیر و بۆچوون و رێبازى کارەکانیان بەتایبەتى و
لەسەر رۆشنبیرى رۆژئاوا و مرۆڤایەتى بە گشتى ئەکەن، هەر بۆ نموونە:
میشێل فۆکۆ سەبارەت بە باکگراوندى مەعریفى و ئاسۆکانى تیۆرى خۆى ئەڵێ:
" من نیچەییمە" و فۆکۆ هەر چ نەبێت دوو تێکستى هەن کە راستەوخۆ
پەیوەندییان بە نیچەوە هەیە، یەکەمیان (نیچە، مارکس و فرۆید1967)
دووەمیان ( نیچە ، جینالۆجیا و دیرۆک 1971) "13"
دێریدا لە کتێبى نووسین و جیاوازیدا، خۆى ئەگەڕێنێتەوە سەر نیچە،
دیاریشە کە درێدا رەنگە لە هەر فەیلەسوفێکى دیکە زیاتر سوودى لە نیچە
وەرگرتبێت بۆ برەودان بە تێز و فەلسەفەکەى خۆى _هەڵوەشینگەرایى_ وەک
خۆى ئەڵێت: ( ئەبێت بێ گومان کردن رەخنەى نیچە بۆ میتافزیکییا بێنینەوە،
بۆ هەردوو چەمکەکانى گەردوون و هەقیقەت، کە چەمکى وەک "وازى" تەئویل،
ئاماژە _ ئاماژەیەک بێ هەقیقەتى ئێستایى_ جێى ئەوى گرتۆتەوە)"14"
واڵتەر کاوفمان ئەڵێت: (سەرگوزەشتەى تەواوى کاریگەریى نیچە نەوتراوە و
ناوترێ) و ناوى چەندین نووسەرى بەناوودەنگ ریز ئەکات کە کەوتوونەتە بن
کاریگەرى نیچەوە،لە نووسەرەکانى ئەڵمانیا: "ستیڤن جۆرج، گۆتفرێد بن،
هنریک مان، فرانک ویدیکند، ریچارد دى هامل، مۆر جۆنستێدن، هیرمان هیسە،
ریلکە، شنگلەر، کارل یاسپەرز، کارل پۆپەر، برتۆڵت برێشت، یۆنگ،
قوتابخانەى فرانکفۆرت " تیۆدۆر ئادۆرنۆ، گیرد گیسەر، هۆرکهایمەر، ئەریک
فرۆم، ڤاڵتەر بنیامین، هابرماس" )بۆ زانینى زیاتر بڕوانە " ئازاد
بەرزنجى، چەند وێستگەیەکى فکرى،لاپەڕە 56-58 بۆئەوەى پتر شارەزاى
کاریگەرى نیچە بیت لەسەر نووسەرەکانى دەرەوەى ئەڵمانیا" "15"
(رۆدۆلف پانویتز کە لە ساڵى 1917 لە پەرتووکەکەیدا لەسەر کەلتورى
ئەوروپا بۆ یەکەم جار واژەى پۆست مۆدێرنتى بۆ فەلسەفەى فردریک نیتشە
بەکارهێناوە. بە راى ئەم زانایە نیتشە یەکەم فەیلەسوفە کێشەکانى
تازەگەرى رەت دەداتەوە و سەردەمێکى نوێتر و جیاواز لەگەڵ خۆیدا
دەهێنێتە کایەوە)"16"
دیارە نیچە یەکێکە لەو فەیلەسوفانەى کە جۆرەها راوبۆچوونى دژ و ناکۆکى
لەسەر هەن، لە لایەکەوە هەندێک بە (خراپەکارى و بەدرەفتارکردنى لاوان و
هاندانى بزافە رەگەزپەرستییەکان و نازیزم و دژایەتیکردنى ئافرەت و
سۆسیالیزم تاوانبارى ئەکەن)"17"
( هەندێک بە فەیلەسوفى نازیەتى دەژمێرن و هەندێک بە فەیلەسوفى
سەرمایەدارى و ئمپریالیزمى، یەک ئەڵێت فەیلەسوفى پەرستنى ژیانە، یەکێکى
دى ئەڵێ فەیلەسوفى پەرستنى هێز و دەسەڵاتە) "18"
ئەمە و جگە لە کۆمەڵێ تاوانبارکردنى دیکەى جۆراوجۆر و بۆچوونى جیاوازتر
لەسەر نیچە و بەرهەم و هزر و فەلسەفەکانى، زۆرێک نیچە وەک دوژمنى
مەسیحییەت و دین بەگشتى ئەبینن، وەک فەیلەسوفێک کە رەخنەى لە هەموو
شتێک گرتووە و دژى میتافیزیکییاى ئەوروپى بووە و شیایە فەلسەفەیەکى
رەخنەگرانە و تژى ئیرادە دامەزرێنێت، بەڵام دیسانەوەش هەندێک بەرەواژى
وەک فەیلەسوفێکى ئەرستۆکرات و دوژمنى ئازداى حسێبى ئەکەن.
هەر بۆنموونە ، "هینرى تۆماس و دانالى تۆماس" ئەڵێن: ( فەلسەفەى نیچەش
وەک فەلسەفەى ماکیاڤێل، دەستوورى کارپێکردنى دیکتاتۆرەکانە) یان
لەبارەى کتێبەکەى (زەردەشت وەهاى گووت)ئەڵێن:(ئەم پەرتووکە تەعلیماتە
سارد و بێ گیانەکانى ماکیاڤێل بۆ بنەماگەلێکى پڕ لە جۆش و هەیەجان
دەگۆڕێت و مێشکە خاوەکانى وەکو مێشکى هیتلەر و مۆسۆلیونى، بە بەهاى
وێرانکردنى جیهان، لە شەوق و خۆپەرستێکى لە رادەبەدەر تقووم دەکات" ."
19"یان کاتێ لە ساڵى 1889 نیچە ئەبەنە شێتخانە، "ماکس نۆردو" دبێژیت: (مرۆڤێکى
گونجاو بۆ شوێنێکێ گونجاو!)"20"
دیارە گەلێک هۆکار هەن وایانکردووە نیچە و فەلسەفەکەى ئەو هەموو راو
بۆچوونە دژو بەرواژیانە بەخۆیەوە هەڵبگرێت، هەندێک دەوڵەمەندى و
بەرفراوانى بۆچوونەکانى وەک هۆکارێک بۆ ئەوە دەسنیشان ئەکەن، هەندێکیش
بۆ مەزنى و زیرەکى ئەوى ئەگەڕێننەوە، چونکە فەیلەسوفى گەورە ئەوەیە کە
ناهێلێت بە ئاسانى بکەوێتە ژێر حوکمى رێبازێک و سنوورى میتۆدێکەوە.
رەنگە دژایەتیکردنى نیچە بۆ هزرى دۆگما و قالبە سنووردارەکانى
میتافیزیکیاى ئەوروپى ئەگەرێکى دیکە بێت بۆ ئەو ئاڵۆزى و دژوارییەى،
یان وەک ئازاد بەرزنجى ئەڵێت: " بیرمەندانى پێش نیچە لایەنێکى دیاریان
لەناخى خوێنەر دەدواند، زۆربەى کاتەکانیش ئەو لایەنە ئەقڵى بووە، بۆیە
گقتۆگۆیە ئەقڵانییەکان لەگەڵ ئەو هزرمەندانە و قبوڵ کردن و نەکردنى ئەو
بیرمەندانە کارێکى ئاسان بووە، بەڵام نیچە بە تەنیا لایەنێکى ناخى
خوێنەر نادوێنێت، بەڵکو هاندەرە قوڵەکان و تامەزرۆیى بۆ باڵابوون و
دواییش لەگەڵ هۆشى ئەدوێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دژوارە" "21"
لە لایەکى دیکەوە، فەلسەفەى رەخنەیى رۆژئاوایى، هەر لە کۆپەرنیکۆس و
گالیلۆوە، کە تیۆرى سێنترالیزمى زەوییى "پتۆلیمى" کە ببووە باوەڕى
پیرۆزى کەنیسە و مەسیحییەت، رەخنەیان کرد و هەڵیانوەشاندەوە و زانست
بووە هۆکارى گۆڕانکارییە گەورەکانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسى و
کلتورییەکانى رۆژئاوا، دواتریش رەخنەى فەلسەفى رووى کردە ئەقلانییەت
لەسەر دەستى (دیکارت 1591-1650) و کۆجیتۆیە بەناوبانگەکەى " من بیر
ئەکەمەوە، کەواتە من هەم"، فرانسیس بیکۆن (1561-1625) زانستى کردە
وزەیەک بۆ رەخنەگرتن لە بیروباوەڕە ئاینییەکان بەوەى سەرچاوەى راستى بن.
تازەگەرى بە فەلسەفە رەخنەییەکانى کانت و هیگل و مارکسیشەوە، دیسان
کەشێکى ئەقڵانى رەخنەییان بەسەر فەلسەفەدا دادا، تا تازەگەرى گەیشتە
ئاستێک کە خۆى تووشى رەخنەى توندوتیژ ببێتەوە، لەوانەش رەخنە
دژوارەکانى نیچە لە رۆشنبیرى رۆژئاوا بە گشتى.
نیچە، کە هات رەخنە بگرێت، کلتورێکى گەورەى فکرى دینى و زانستى و
تازەگەریى و فەلسەفى و ئەدەبى و رەخنەیى لەبەردەممدا بوو، بۆیە رەخنە
گرتن لەو میراتە، کارێک نەبوو دژوار نەبێت و بە ئاسانى هەرس بکرێت،
واتە پانتایى یان رووبەڕى ئەو مەیدانانەى تووشى رەخنەکانى نیچە بوونەوە
زۆر فراوان و گەورە بوون، هەر لە دینەوە بۆ زانست و بۆ تازەگەرى و بۆ
ئەقلانییەت و بۆ مێژوو و هەقیقەت.
بۆیە ئەمە رەنگە خاڵێکى دیکەى دژوارى گفتوگۆ بێت لەگەڵ نیچەدا.
بەڵام ئایا بۆ رۆشنبیرى کوردى کە هزر تێیدا غائیبە و سستەمێکى ئەنارشى
و مادییانەى قورس بەڕێوەى ئەبات، چەند ئەتوانێت دواى پتر لە سەد ساڵ
هزرەکانى نیچە هەرس بکات و قبوڵ بکات؟ نیچە چەند ئەتوانێت میهرەبان و
دژوار نەبێت لەگەڵ خوێنەرى کورددا؟
ئەو خوێنەرەى هەمیشە لە چاوەڕێى ئەو تێکستەیە کە لەگەڵ مانا و
دنیابینییەکانى ئەو کۆک و تەبا و نەرم و نیان بێت؟
دیارە یەکێک لە ئاریشەکانى خوێندنەوە لە رۆشنبیرى کوردى دا ئەوەیە کە
خوێنەر هەردەم چاوەڕێى یە تێکست بێت و مانا و دنیاى ئەو لەناو خۆیدا
خەلق کاتەوە، ئەو تووشى شۆک و دژایەتى نەکات، هەمیشە تێکست هیوایەکى
بداتێ کە ئەو بوونەوەرێکى جوان و زیرەک و زانا و دانایە، تێکست
ئاوێنەیەک بێت بۆ ئەوەى جارێکى دیکە واقعى دینى و سیاسى و گوتارە کەیى
و ماڵییەکانى ئەو دووبارە بێ ناکۆکى نیشان بداتەوە.
فەنابوونى ئەو کەییبوون و ماڵیبوونە، لە هەر تێکستێکدا ئەگەرێکى
بەرهەڤە بۆ ئەوەى ئەو تێکستە نەخوێندرێتەوە و پشتگوێ بخرێت و بایەخى
پێنەدرێت، لە سەردەمى نیچە خۆیدا چارەنووسى تێکستەکانى وابوون، زۆر
بڵاو نەبوونەوە و نەخوێندرانەوە و نەناسرا، بەڵام دواى مردنى بە چەندین
ساڵان ئەو گۆڕانانەى لە رۆشنبیرى رۆژئاواییدا روویان دا وایانکرد
جارێکى دیکە نیچە بە گەرم و گوڕییەوە بێتە ناو باس و خواسەکانى هزرى و
فەلسەفى دا، واتە ئەو سەردەمەى ئەو تێیدا ژیا کە هێشتا رۆشنبیرى
ئەوروپى ئەو تاقەتەى نەبوو کە گوێ بداتە نیچە و بۆچوون و فەلسەفەکەى
ئەو، بەڵام دواى ئەو، ئەو جۆرە خوێندنەوەیە چێبوو کە لە نەفیکردنەوەى
مانا کەییەکان بگەڕێت و باشتر لە سەردەم و ژیان و هەقیقەت و دنیاى مرۆڤ
بگەڕێت.
بەڵام ئایا لە رۆشنبیرى ئێمەدا کە هێشتانەکە رۆشنبیرى خوێندنەوە زۆر
بڵاونیە و ئەو خوێنەرەى هەشە زۆربەى دەستەمۆ و کەیى مانا حازرەکان و
ماناکانى خۆیەتى، چەند ئەتوانێت نیچە بناسێت و هەست بە توڕەهاتى ژیانى
خۆى بکات؟ هەر بۆنموونە. چەند ئەتوانێت لە رێى نیچەوە بە خوێندنەوەیەکى
کوردییەوە بزانێت ژیان لە رەهەندێکییەوە تراژیدیایە و پێویستە
سەرەدەرییەکى بە هێز و پڕ ئیرادەى لەگەڵ بکرێت؟ یان با بڵێین ئایا
کاریگەرى خوێندنەوەى نیچە لە رۆشنبیرى کوردیدا چى ئەبێت؟
ژێدەرەکان:
1. عوسمان یاسین، نیتشە، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى موکریانى لاپەڕە 7
2. سەرنجى ئێوە بۆ پەرتووکى "مەریوان وریا قانع، دەربارەى فەلسەفە و
ئیسلام و رۆشنگەرى ،وەڵامێک بۆ کتێبەکەى مەلا بەختیار "بتایبەتى لاپەڕە
144- 172رائەکێشم کە بە درێژى قسە لەسەر ئەم مژارە کراوە.)
3.بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە ( پیر ڤى. زیما هەڵوەشاندنەوەگەرایى،
لێکۆڵینەوەیەکى رەخنەیى، وەرگێڕانى : رێبین رەسوڵ ئیسماعیل، بەتایبەتى
پەڕەکانى 34 – 41)
4. بنێڕە (مەریوان وریا قانع، نیتشە ئەوفەیلەسوفەى دەیویست هەموومان
بکات بە شاعیر، گووتار / گۆڤارى رەهەند.
5. بۆ زیاتر پێزانین بڕوانە(داریوش ئاشورى، نیچە، زەردەشت و ئێران،
وەرگێڕانى زەهرا ئارام، گۆڤارى ویست ژمارە 4 لاپەڕە 222-227 هاوینى
2007)
6. (دواهەمین کوفرەکانى نیچە، وەرگێڕانى فەردین دارا لە بڵاوکراوەکانى
خانەى چاپ و پەخشى رێنما )
7 . هەمان ژێدەرى سەرەوە. بەرپەڕێ 66
8. هەمان ژێدەرێ سەرەوە. بەرپەڕێ 85
9. هەمان ژێدەرێ سەرەوە. بەرپەڕێ 91
10. هەمان ژێدەرێ سەرەوە. بەرپەڕێ 95
11. هاشم ساڵح لە نێوان (بلیمەتى ) و (شێتى) دا، وەرگێڕانى نەوزاد
ئەحمەد ئەسوەد،لاپەڕە 42 سلێمانى 2002زنجیرە کتێبى گیرفانى دەزگاى چاپ
و پەخشى سەردەم(23).
12. . هێنرى تۆماس و دانا لى تۆماس، بەسەرهاتە نەمرەکان لە فەلسەفەدا،
وەرگێڕانى دڵشاد کازم. بەرپەڕێ (369) 2006 دەزگاى توێژینەوە و
بڵاوکردنەوەى موکریانى.
13. "(میشیل فۆکۆ/ یجب الدفاع عن المجتمع، ترجمە وتقدیم وتعلیق د.
الزواوی بغورە، بیروت.)
14. ( پیر ڤى. زیما، هەڵوەشاندنەوەگەرایى، وەرگێڕانى : رێبین رەسول
ئیسماعیل.2004. بەرپەڕێ61)
15( ئازاد بەرزنجى، چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى ، وەرگێڕان نووسین،
لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،2006 چاپى دووەم)
16.د. محەمەد کەمال، نیهلیزم و رەهەندەکانى بیرکردنەوە، دەزگاى چاپ و
پەخشى سەردەم، سلێمانى 2005 لاپەڕە 35.
17. (ئازاد بەرزنجى، چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى ، وەرگێڕان نووسین،
لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،2006چاپى دووەم )
18.(مەریوان وریا قانع، نیتشە ئەوفەیلەسوفەى دەیویست هەموومان بکات بە
شاعیر، گووتار / گۆڤارى رەهەند.
19. هێنرى تۆماس و دانا لى تۆماس، بەسەرهاتە نەمرەکان لە فەلسەفەدا،
وەرگێڕانى دڵشاد کازم. بەرپەڕێ (364-365) 2006 دەزگاى توێژینەوە و
بڵاوکردنەوەى موکریانى.
20. . هێنرى تۆماس و دانا لى تۆماس، بەسەرهاتە نەمرەکان لە فەلسەفەدا،
وەرگێڕانى دڵشاد کازم. بەرپەڕێ (369) 2006 دەزگاى توێژینەوە و
بڵاوکردنەوەى موکریانى.
21. (ئازاد بەرزنجى ، چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى ، وەرگێڕان
نووسین، لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،2006 چاپى دووەم ).
درێژهی ههیه
|