په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠١٥

لە تاریکییەوە بۆ تاریکی
ئەو پرسیارەی کە هەرگیز ناتوانم وەڵامی بدەمەوە.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

پرسیارێکی تاریک.


لەگەڵ گوێگرتن لە گۆرانی "جودایی"ی ئەفسەری شەهیدی و وردبوونەوە لەو پرسیارەی کەڕەنگە هەر بەتەنها پرسیاری من نەبێت،دۆش داماوم. هەموو جارێکیش کەلەو پرسیارە ورد دەبمەوە چەند دیمەنێکی زۆر ترسناک و ناشرین دێنە بەرچاوم، وەک کەللەسەرێکی پڕ لەخۆڵ یان پەیکەری ئێسقانی مرۆڤێکی ژێر خاک و تاریکی ناو گۆڕ. پرسیارەکە پرسیارێکە کەنەک تەنها لەپرسیارە ئەزەلییەکانەوە نزیکە، بەڵکە خۆی پرسیارێکی ئەزەلییە و سێنترالی بیرکردنەوەم داگیر دەکات بەڵام جورئەتی وەڵامدانەوەم جورئەتێکی سوقراتیانە نییە تا پیاڵەی ژەهر هەڵقوڕێنم. من تێناگەم گالیلۆ چۆن توانی ئەو هەموو ئازایەتییە لەخۆیدا بەرجەستە بکاتەوە و سەری خۆشی لەپێناو دابنێ. یان سینۆهە چۆن قەدەر ناچاری کرد وێنەی ژیانی فیرعەونەکانمان بۆ بکێشێ. من ئێستاش نازانم ئایا دوا مەنزڵگە و دوا ساتی گەڕانەوەم بەرەو تاریکی لەکوێوە دەست پێدەکات؟ ئەڵێم دەست پێدەکات نەک تەواو ئەبێ چونکە وای دەبینم کە مردن خۆی بەشێکە لەپرۆسەی ژیان. مردن شتێک نییە بێتە ڕێمان یان بەرۆکمان بگرێ، بەڵکو مردن خۆی هەر لەڕۆژی لەدایکبوونەوە لەگەڵماندایە و لەناوماندا دەژێت. توخمی ژیان هەڵگری مردنە و ژیان بەبێ مردن بێمانایی خۆی لەدەست دەدات. ئەڵێم بێمانایی چونکە هەرچەند مانا بەژیان ببەخشی لەدواجاردا تەواوی ژیان و ماناکان یەکسان دەبن بەسفر. ئەم هاوکێشەیە ئەمباتەوە ناو جیهانی جەبر و ماتماتیک. من نازانم بۆچی لەقۆناغی سەرەتایی خوێندندا فێریان نەکردین سفریش ژمارەیەکی تەواوە وەکو ژمارەکانیتر. لەجیهانی ماتماتیکدا سفریش ژمارەیەکی تەواوە و لەڕووی بەهاوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. هەرچەندە ماتماتیک و فەلسەفە نزیکایەتیان لەتەک یەکتردا هەیە و شانبەشانی گەشەی زانست ئەو یەکانگیرییە هەڵکشاوتر دێتە بەرچاو. بەڵام من لەسەرەتای هەرزەکاری و دەستپێکردنی خوێندنەوەم هەر لەخۆمەوە هەتا بڵیی ڕقم لە فەلسەفە دەبۆوە و ماتماتیکم خۆش دەویست بۆ؟ نازانم. ئەوکات تاکە بیانووم(موبەریرم) ئەوە بوو کە فەلسەفە وشکە و قورسە و لەسەرووی توانای منەوەیە و فەلسەفە کەی بەدەردی کوردایەتی و ئازادیی کورد ئەخوات! وەک ئەوەی ئازادیی بکەوێتە دەرەوەی بازنەی فەلسەفەوە. ئەم ڕەتکردنەوەیەم لەکاتێکدا بوو بێئەوەی مانای فەلسەفە بزانم چییە و کتێبێکم لێ خوێندبێتەوە. بەڵام ماتماتیکم حەز لێبوو ئەوەش نازانم هۆیەکەی ئەوە بوو هەر لە منداڵییەوە دەمزانی پێنج فلس و دە فلس و بیست و پێنج فلس و تاد بژمێرم. لەقۆناغی مێرمنداڵیمدا گولەبەردێکی دەسکەلام هەبوو گولانم پێدەکرد و لەچقوریش دەستم باش بوو. بۆیە زۆرجار پارەم دەبردەوە و لەژماردنیشی باش بووم. من لەمێژە لەوە بوومەتەوە کەبڕوام بە خورافە (Superstition)هەبێت. لە هەرزەکاری بۆ ماوەی چوار پێنج مانگ نوێژم دەکرد و بڕوام بەئایین بەهێز بوو. کەچی دواتر وازم لێ هێنا و ئیتر نەگەڕامەوە سەری. بەڵام خورافە لەناو کۆمەڵی کوردیدا جێگای خۆی کردۆتەوە. هەڵواسینی پیرۆزە شینە بەبەردەرگای ماڵ وەک نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی چاوپیسی، یان سەرچاککردن لەڕۆژانی سێشەممەدا تا دەگاتە نووسینی سەر ئۆتۆمبیلەکان لەچەشنی "الحسود لا یسود". لەپەیوەند بە ژمارە و ماتماتیکیشەوە هیچ ژمارەیەک بەقەد ژمارە سیانزە دووچاری نەفرەت نەبۆتەوە. خورافەی ژمارە سیانزە کە لێکدراوی هەردوو ژمارەی ئاسایی سێ و یەکە و وەختی ئەم دوو ژمارەیە لەپاڵ یەکترەوە دادەنرێن دەبنە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ. ئەم ژمارەیە هێمای نەگبەتی و بەدبەختی و نەهامەتییە. لەنێو میللەتانیشدا ژمارەیەکە ڕەزا قورس و تەنانەت گەر بۆیان بلوێ ئەو ژمارەیە لەجیهانی ماتماتیکدا شار بەدەر ئەکەن. لەهەندێ وڵاتدا ئەو ژمارەیە دەپەڕێنن و دوای ژمارە دوانزە ژمارە چواردە دادەنێن وەک ژمارەی نهۆمەکانی باڵەخانە بەرزەکانی نیویۆرک. لای خۆشمان ژمارە سیانزە بە ناوچەوانەوە نووساوە. هەر کە وتت" ناوچەوان سیانزە" واتە بێ سانش و بەدبەخت و سەری بێ رزق و ئیتر ئەم ئیدیۆمە بۆتە وێردی سەرزاران. من ناوچەوانم سیانزەیە نییە بەڵام خۆم ژمارە سیانزەم. من پاشەبەرەی خێزانەکەی خۆمانم و دوا منداڵی باوکمم لە دوو ژن کە دوانزە منداڵ پێش من لەدایک بوونە و من سیانزەهەمینیانم. ڕەنگە لەبەر کوڕبوونم تۆزێک ئەو نیشانەی سیانزەبوونەم کاڵ بووبێتەوە، بەڵام خۆ من بڕوام بەژمارە سیانزە و سەرتاشینی سێشەممان و خورافاتی تری لەو جۆرە نییە. کە بچووک بووم دایکم دەیشووشتم و دەیوت" دەستی من نەبێت دەستی عەیشێ و فاتمە و زارا و زولێخا بێت" عەیشێ و فاتمە ژن و کچی پێغەمبەرن. بەڵام ئێستاش نەمزانی زارا و زولێخا کێن و چ کاریگەرییەکیان هەبووە لەسەر بیروبۆچوونەکانی دایکم؟ دایکم تا مردیش (یادی بەخێر) کەنوێژی دەخوێند لەجیاتی وەلەلزاڵین دەیوت" وەلەلڵاڵین" و کە گەورە بووم چەندم هەوڵدا و بۆم ڕاست دەکردەوە سوودی نەبوو. هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی بووم لەسەر جادەی گشتی کەرکوک هەولێر وەختێ لەگەڵ باوکم و خزمێکی باوکم بووم، ئەوان خەریکی پیاسەکردن بوون و من ئۆتۆمبیلێکی مارسدیسی سپی لێیدام و ئەوەندەم لەیادم بێت هەموو لەشم خوێن بوو دایک و خوشکەکانم قژیان دەڕنییەوە. من لەشم ژانی نەدەکرد بەڵام لەترسانا دەگریام. باوکم وەختبوو شێت ببێ...ئۆتۆمبێلەکەیان ئیزن دا و منیش وتم تۆپێکی سێ پەنجایی و نیوی لاستیکم بۆ بکڕن چاک ئەبمەوە. باوکیشم دەمودەست چوو تۆپەکەی بۆم کڕی و هەر ئەو ڕۆژە دەستم بە یاریکردن کردەوە. لەقەزای دوبز پاسکیلێکی سێتایەی شینم هەبوو کە پاشکۆشی هەبوو. بەسواری ئەو پاسکیلە لەبەردەرگای ماڵی خۆمانەوە تا بەردەرگای ماڵی دراوسێکەمان لێمدەخوڕی و ئینجا پێچێكم دەکردەوە و دەگەڕامەوە لای دەرگاکەی ماڵی خۆمان و پشوویەکم بۆی دەدا. من دڵنیام ئێستا ئەگەر بچمەوە هەمان گەڕەک دەبینم دووری دەرگاکان لەیەکترەوە لە سێ چوار مەتر زیاتر نییە بەڵام ئەوسا و بە ڕوانینی منداڵی دوورییەکی زۆر بوو. لەگەڵ دوورکەوتنەوەش لەو قۆناغەی ژیان کەچی دیمەنەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە یان تۆزێک کاڵ دەبنەوە. چوونەوە بەرەو مەنزڵگاکانی تاریکی و فەنا ڕەنگە سەرەتای قۆناغێکی تری ژیان بێت. یان هەرچییەکی تر بێت هیج لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە مردن (لا مفر لە)،بەڵام بۆ منێک کەترسی گۆڕغەریبی تەنگی پێهەڵجنیوم وەختە وەکو ڕۆماننووسی بەرازیلی پاوڵٶ کۆیلۆ لەکەناری ڕووباری بیدرادا دابنیشم و بگریم.

سەرەتاکانی تاریکی.


قەدەر شتە هەرە سەیرەکان زۆر سەیر پێکەوە گرێ دەدات بەجۆرێک دوواجار ئەبێتە ئەو تابلۆیەی کەهەر کەسێک ناوێکی لێ دەنێت و بەجۆرێک تەماشای دەکات. دیار بوو قەدەری ڕەشی من لەگەڵ کودەتا ڕەشەکەی بەعسییەکانەوە دەست پێدەکات. کە بەعسییەکان یەکەمین سەرەککۆماری ئەوسای عێراق عەبدولکەریم قاسم دەکوژن و بەسەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف دەسەڵات دەگرنە دەست، هێزێک لەعەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەناوی"حەرەس قەومی" پێکدەهێنن و پەلاماری کوردستان دەدەن. ماڵی ئێمە ئەوکات لە گەڕەکی ڕەحیماوە دەبێت و باوکیشم چاوەڕوانی لەدایکبوونی سیانزەمین منداڵی دەکات کە نۆ مانگ و چەند ڕۆژێکە هاوسەرەکەی بۆی هەڵگرتووە. یەک ڕۆژ بەر لەدایکبوونی ئەو منداڵە حەرەس قەومی دەگەنە ناو کەرکووک و خەڵکی بێچەک و دیفاعی ئەو کاتەش بەناچار بەرەو ناو شوان هەڵدێن. وەختێ ماڵەوەمان بەرەو گوندی چیمەن دەڕۆن و لەوێشەوە بەرەو گوندی ساتی. لەو ڕێگایە دایکم ژان دەیگرێت و منی دەبێت. باوکیشم لەبەر ئەوەی هەستی کوردایەتی بەهێز بوو و لەئەنجامی خوێندنەوەی بۆ بارودۆخەکە ناوم دەنێت" شاخەوان". لە نێوان گوندەکانی چیمەن و ساتی دا دایکم کەمنی لە پارچە پەڕۆیەک پێچابۆوە لەبەر بێهێزی و ناجێگیری باری تەندروستی ناچار دەبێت من لەسەر زەوییەکە دابنێت و بڵێت" ناتوانم چیتر ئەم منداڵە هەڵبگرم". بەڵام باوکم دەگەڕێتەوە و هەڵم دەگرێتەوە. وەختێ دەگەنە گوندی ساتی دوای ڕۆژێک پشوودان، مەلای ئەوکاتەی ئەو دێیە لەباوکم دەپرسێ پیرۆزە کوڕت بووە ناوت ناوە چی؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت ناوم ناوە شاخەوان چونکە لەناو ئەو شاخ و هەڵەتانە لەدایک بووە. مەلاکەش دەڵێ مادام کوڕە گەورەکەت ناوی عەلییە ئەمیش بۆ ناو نانێیت عەبدوڵا بەڵکە کوڕێکی ساڵح دەردەچێت. باوکیشم دڵی مەلاکە ڕادەگرێت و قایل دەبێت بەو ناوە و ئیتر لە دووەم ڕۆژی لەدایبوونمەوە ژیانم تەدەخولاتی تێ دەکەوێت و لەو ناوە کوردییە خۆشە بێبەش دەکرێم و قەدەرم بە عەبدوڵاوە دەست پێدەکات.


هەستی کورد بوون و هەستی هەژار بوون و سکاڵای بەردەوامی دایک و باوک لەدەست زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارەکانی عێراق ئۆتۆماتیکی ڕوحی بەرەنگاربوونەوەت لا بەهێز دەکات. باوکم لە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری دەکرد کرێکارێکی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بوو. هەندێکجار کۆبوونەوەکانی ڕیکخستنیان لەماڵی ئێمە ساز دەکرد. لەبەر ئەوەی من بچووک بووم و هیچم نەدەزانی خۆم دەکرد بە ژووری کۆبوونەوەکە و باوکیشم (یادی بەخێر) دەیوت کوڕم بڕۆ ئەودیو بۆ لای دایکت. ئەوەی لەیادەوەری مندا ماوەتەوە و لام سەیرە کە بۆچی ئەو پرسیارەم لەباوکم نەکرد" بۆچی لە کۆبوونەوەکان بەچنچکانەوە دادەنیشتن نەک دانیشتنێکی چوارمشقی؟". ئێستا کە زۆرجار بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە وای بۆ دەچم کە لەوانەیە خۆیان بۆ ڕووداویکی لەناکاو ئامادە کردبێت. چونکە باوکم دەمانچەیەکی هەبوو لەگەڵ تفەنگێکی ئینگلیزی. تفەنگەکەی زوو نەماو و بەڵام دەمانچەکەی لەماڵەوە لەناو سندوقە دارەکەمان هەڵگرتبوو کە دارتاش (عەلی نەجار)ی دارتاشی ڕەحیماوە دروستی کردبوو و وێنەی دوو بۆراقی لەسەر کێشابوو، کە ڕەنگە بۆ ئەوسای دایکم بە بارتەقای دوو لیرەوزنجیری ڕەشادی ئاڵتون بایەخی هەبووبێ. دەوروبەری گەڕەکەکەشمان پڕ لەجەلالی بوو کەئەوکات ململانێیەکی خوێناوی لەنێوانیاندا هەبوو. ژیانی مەلاییەک لەناو کۆمەڵێ جەلالی زەحمەت بوو و ڕەنگە زۆر شەو باوکم بەئاسانی نەنووستبێ. ڕۆژێکیان کاک عەلی برا گەورەکەم دەمانچەکەی باوکم لەناو سندوقەکە دەدۆزێتەوە و دەیباتە کۆڵان و تەقەی پێدەکات. دایکم خێرا فریای دەکەوت و لێی دەستێنێت و بەمەش جەلالییەکان بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە باوکم دەمانچەی هەیە و ئەشیانزانی مەلاییە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٦ جەلالییەکان شەوێک بدەنە سەر ماڵمان و باوکم بگرن و بەنیازی کوشتن لەماڵ دەیبەنە دەرەوە. بەڵام ئەوشەوە ئەو برا چەتوونەم بەزۆر خۆی بەباوکمەوە دەنووسێنێت و جەلالییەکان ئەویش دەبەن لەگەڵیا. وەختێک بەو شەوە دەیانەوێ باوکم بکوژن براکەم دەست دەکات بەگریان و پارانەوە و ئەڵێت" توخوا باوکم مەکوژن توخوا باوکم مەکوژن" لێپرسراوەکەیان باوکم دەکاتە خاتری گریانی براکەم و باوکم لەچنگی جەلالییەکان ئەوشەوە ڕزگاری دەبێت و بۆ هەمان هەفتە ماڵمان بار دەکات بۆ قەزای دوبز و ماوەیەک لەوێ دەمێنینەوە.


دونیای منداڵیم ئەتوانم بڵێم دونیای ترس و بەرەنگاری بوو. لەمنداڵییەوە ترس و بەرەنگاری لەگەڵمدا گەورە بوون. من تەنها ترسێکم نەبوو بەڵکو سێ ترس بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکردم. ترسی دەسەڵات و حکومەت کە باوکم لای دروست کردبووم، ترس لە باوکم و ترس لە براکەم. هەر ئەم ترس و دۆخە سایکۆلۆژییانەش بوون دواجار فێری موغامەرە و سەرکێشیان کردم. کەبەرەنگاری هەوێنی ئەو سەرکێشیانە بوون. ئەتمۆسفیری ماڵی ئێمە ئەتمۆسفیرێکی سیاسیانە بوو. هەرکەچاوم کردەوە باوکم بینی بەدیار شڕە ڕادیۆیەکەوە گوێی دەگرت لە مۆنتیکارلۆ و ئیسرائیل و لەندەن. باوکم زمانی عەرەبی باش نەدەزانی. کە تۆزێک گەورە بووم و عەرەبی فێر ببووم، سەرم دەخستە سەری و دەموت باشە باوە ئەو هەواڵە چی بوو باسی چی دەکرد کە تۆ باش گوێت بۆ شل کردبوو؟ ئەویش دەیوت کوڕە دەلاچۆ وا ئەزانی تێناگەم و هەرتۆ عەرەبی دەزانیت. یان جارجارە هەواڵی بەهەڵە بۆ دایکم تەرجەمە دەکرد. باوکم گەرچی لەزمانی عەرەبییەکەی زۆر باش نەبوو بەڵام هەستە کوردایەتییەکەی هێندە پتەو و بەهێز بوو کە ئێمەی جوان پێ گۆش کرد. من بەپێچەوانەی زۆرێک لە نووسەران لە کەشوهەوای ماڵەوەیان ئەدەبیی بووە یان کتێبخانەیەکی بچکۆلەیان هەبووە یان کەسێکی نزیکیان کتێبی بۆ هێناوە و خوێندوەتەوە، کەشوهەوای ماڵی ئێمە زۆر دوور بوو لە ئەدەب و تەژی بوو لەسیاسەت. ساڵی ١٩٧٤ کە گفتوکۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بەعس بە بنبەست گەیشت خەڵکی هەموو ڕوویان کردە پێشمەرگایەتی و ئەو برایەشم چوو بوو بەپێشمەرگە و حکومەتیش خانووەکەی حجز کردین و ڕامان کرد بۆ هەولێر. پۆلی پێنجەمی سەرەتاییم لە قوتابخانەی بڵێسەی سەرەتایی کوڕان لە گەڕەکی سێتاقان تەواو کرد. لەیادمە لەکۆبوونەوەیەکی باوکاندا شیعرێکم خوێندەوە کە شیعرێکی کوردایەتی بوو و بەڵام لەیادم نەماوە شیعری چ شاعیرێک بوو، هەموو باوکەکانی ئەوێ ستایشیان کردم و بۆ یەکەمینجار باوکم بینی شانازیم پێوە بکات. بۆ شیعر لەبەرکردن زۆر خێرا و گورج بووم. زۆربەی سروودە کوردییەکان و شیعری ناو کتێبەکانی قوتابخانەم لەبەر بوو. لە پۆلی سێی سەرەتایی بووین کتێبی "پیاوە بچکۆلەکە"ی فەرەیدوون عەلی ئەمین چاپ ببوو لەگەڵ نامیلکەیەکی منداڵان ناوەکەیم لەیاد نییە و لەسەر بارینی بەفر بوو گەر هەڵە نەبم بە ڕەنگاورەنگ چاپ کرابوو لای کامەران بوو کە هاوپۆلمان بوو و کوڕی مامۆستا مستەفای زمانی کوردی بوو لە قوتابخانەی سەرکەوتنی سەرەتایی کوڕان. هەرچەند هەوڵمدا کامەران نەک نەیدامێ بیان خوێنمەوە بەڵکو لەدوورەوە نیشانی دەدام و کامی کامی پێدەکردم. بەداخەوە کامەران لەسەرەتای جەنگی عێراق و ئێران کارەبا گرتی و جوانەمەرگ بوو. کە قوتابی قۆناغی سەرەتایی بووم دوو شت زۆر سەرنجیان ڕاکێشابووم. یەک : گۆی زەوی(الکرة الارضیة) و دوو: مەلەکردن بوو لە مەلەوانگەیەک کەکاشی شین لەژێر ئاوەکەوە دیار بێت و تۆپێکی ڕەنگاورەنگیش لەناو ئاوەکە بێ و یاری پێبکەی. نایشارمەوە ئەم حەزەم هەروا مایەوە تا هاتمە کەنەدا. ئێستا گۆی زەویم هەیە و وەک بەڕێوەبەری ئەوسای قوتابخانەی سەرکەوتن کەچۆن لەسەر کتێبخانەکەی دانابوو، منیش لەسەر کتێبخانە بچکۆلەکەم لەژووری نووستنەکەم دامناوە و شەو و ڕۆژ تەماشای ئەکەم. بۆ مەلەوانگەکەش ئەوەندەم مەلەوان کرد بەو تۆپە ڕەنگاورەنگانە تا وەڕس بووم.


لەساڵی ١٩٧٥ لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی مامۆستا ئیشۆ کە مامۆستایەکی مەسیحی بوو و زمانی عەرەبی دەوتەوە فێری ئینشا نووسینی دەکردین. بۆیە دەبوایە هەموو کتێبی "الآنشاء الکامل" بکڕین. ئەوە بوو لە کتێبخانەی "الشروق" لە شەقامی ئەتڵەس کڕیم. ئەوە یەکەم کتێب بوو لەژیانمدا کڕیم... هەر ئەو ساڵەش کتێبێکی سابیر گردعازەبانی دەرچوو بوو بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی ئەوەشم کڕی.لەسەری نووسرابوو" ئەم پەڕتووکە باشترین ڕابەر و ڕێبازە بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی بەزووترین کات" ئینجا لە کتێبخانەی عەسری چەند کتێبێکی وەک مەلای مەشهور و دز و قازی و تاد...م کڕی. لەیادمە لەپشتی کتێبەکان نووسرابوون" طەبعی ئەم کتێبە مەحفوزە بۆ محمد ئەمین عەسری خۆی هەر کەسی تەبعی بکا قانونەن مەسئول ئەبێ".براکەم لەهەموو ژیانیدا دووجار یارمەتی داوم . یەکێکیان ئەوکاتە بوو کە ئینشایەکی بەزمانی عەرەبی بۆ نووسیم لەدەست سزای مامۆستا ئیشۆ ڕزگاری کردم. لەئامادەیی زێوەر حەزم زیاتر چووە سەر ئەدەب و بینیم کەسانی تر شیعر ئەخوێننەوە و کتێب دەکڕن. بەڵام من لەبەر هەژاری نەمدەتوانی کتێب بکڕم. کەهەژاری پاڵی پێوەنام بۆ کارکردن کتێب کڕینیشی لەگەڵ پەیدا بوو و توانیم دەستم بگات بە گۆڤار و ڕۆژنامەکان و لەماڵەوە کتێبخانەیەکی بچکۆلە دابنێم.

تاریکی شیعر.

 
کتێبخانەکەم تا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو و ژمارەی کتێبەکانم زیادی دەکرد. خەڵکم زیاتر دەناسی و هەرچیم دەست بکەوتایە دەمخوێندەوە. واتە لەسەرەتاوە مەنهەجێکم (میتۆدیکم) نەبوو بۆ خوێندنەوە. ئەو کات چیرۆکم زیاتر دەخوێندەوە.حەزم لە شیعری کلاسیک دەکرد، بەڵام شیعری تازەی کوردیم پێ خۆش نەبوو. بەڵام دواتر ڕووم لەشیعری تازەی کوردیی کرد. لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و بەتایبەتیش لەساڵی ١٩٨١ کەدەستم دایە شیعر نووسین ئەتوانم بەم شێوەیە خۆم بخوێنمەوە. یەک : ئەوسا من شاعیر نەبووم و لەشیعریش نەگەیشتبووم. دوو : وەک هەرزەکارێک حەزم لەناو و ناوبانگ بوو. سێ حەزم ئەکرد بەشیعر بیروباوەڕی کوردایەتی خۆم بخەمە سەر کاغەز. ئەوساڵە هەرزەکارێکی حەڤدە ساڵان بووم ڕۆژ نەبوو شیعرێک یان دووان نەنووسم. دیارە بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەو سەردەمەدا ئەمنووسی جگە لە وشەڕیزکردن و وڕێنەی هەرزەکارێک هیچیتر نەبوون. ئیتر ئەوەندەی خەریکی شیعر ئەبووم خەریکی وانەکانم نەئەبووم لە قوتابخانە. ئەوە بوو دەفتەرێ شیعرم نیشانی برای بەڕێزم شێخ تەیب بیرەسپانی ڕۆشنبیر و چیرۆکنووسدا. شێخ تەیب هەم لەتەمەن لە من گەورەتر بوو و هەمیش زۆر لەمن وریاتر و ئاستی ڕۆشنبیری بەرز بوو. وەختێ شێخ تەیب شیعرەکانی خوێندبۆوە لە تێبینییەکانیدا باسی شیعری کردبوو و لەکۆتاییدا نووسیبووی " مەنووسە..مەنووسە..مەنووسە...مەنووسە..بخوێنەوە..بخوێنەوە..بخوێنەوە" نایشارمەوە ئەوکات ئەو سەرنج و تێبینییانەی شێخ تەیبم پێخۆش نەبوو، ئەگەر چی دواتر زانیم شێخ تەیب زۆر لەسەر حەق بوو.


شیعرەکانی ساڵی ١٩٨٢م بەبەراورد بەساڵی ١٩٨١ بڕێک باشتر و قووڵتر بوون و ئیتر هەوڵمدا لەئاستێکی تر شیعرەکان گوڵبژێر بکەم و لە دوو دەفتەری سەد لاپەڕەیی نیشانی مامۆستای چیرۆکنووس عەبدوڵا سەراجی بدەم. ئەوە بوو ڕۆژێک پێم لەجەرگی خۆم نا و دەفتەرەکانم دایە دەست مامۆستا عەبدوڵا سەراج. ئەویش وتی هەفتەی داهاتوو وەرەوە دەفتەرەکانت بەرەوە. منیش ڕۆژم ئەژمارد تا هەفتەکە تێپەڕی و چووم دەفتەرەکانم وەرگرتەوە. مامۆستا عەبدوڵا سەراج لەکۆتایی شیعرەکاندا نووسیبووی" شیعرەکانتم خوێندەوە. هەندێ وێنەی جوانی تێدان، ئەگەر هەوڵ بدەی ئەتوانی شتی جوان بنووسیت" ئەم تێبینییەی مامۆستا سەراج بووە هاندەرێکی پتەو و بەهێز تا بتوانم بەردەوام بم لەسەر شیعر. لەگەڵ قاڵبوونەوەی زیاتر و ناسینی زیاتری شیعر وردە وردە هاتمە سەر ئەوەی خۆم لەقەرەی بڵاوکردنەوە بدەم. ئەوە بوو کەوتمە ناردنی شیعر بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان. شیعرم لە رۆژنامەی هاوکاری و گۆڤاری بەیان و گۆڤاری کاروان بڵاو کردەوە. لەپەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک ئاسۆیەکی بەرینترم بەڕوودا کرایەوە و نزیکایەتیم لەگەڵ مەهاباد قەرەداغی شاعیر و عەلی کەریم ( ئەو بەڕێزە ئەو کات لەناو کتێب و خوێندنەوەقاڵ ببۆوە و دەینووسی بەڵام وا بزانم هیچی بڵاو نەدەکردەوە) و ئاریان فەرەجی چیرۆکنووس و سەڵاح حەسەن پاڵەوانی نووسەر پەیدا کرد. لەو بەڕێزانە تەنها کاک ئاریان فەرەج چەپ بوو و چەپانە بیری ئەکردەوە و گەلێ شەوان بەتایبەتی شەوانی هەینی لە بەشی ناوخۆیی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکوک لای کاک ئاریان دەمامەوە و ئەویش چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەنی بۆ من و ئەو قوتابیانە دەخوێندەوە کە سەفەریان نەکردبۆوە بۆ شارەکانی خۆیان. کاک ئاریان زۆر ستایشی عەبدولوەهاب بەیاتی دەکرد و هەوڵی دەدا بیخوێنینەوە. خاتوو مەهاباد قەرەداغی زیاتر ناسیونالیست بوو و من و سەڵاح حەسەن پاڵەوانیش هەر بەو جۆرە. ساڵی ١٩٨٣ بەشداری کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەم کرد لەشاری هەولێر. ساڵی ١٩٨٤ خاتوو مەهاباد قەرەداغی بەنیاز بوو بڵاوکراوەیەک دەربکات بەناوی " هاواری گەرمیان" و من بەشیعرێک بەشداری ژمارە یەکم کرد بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەزگای سانسۆری بەعسەوە لەبەغدا ڕێگەی پێنەدرا. هەر ئەو ساڵە من لەڕێگەی " پڕۆژەی سەد کتێبی کوردی" کە کاک جەماڵ خەزنەدار لەبەغدا سەرپەرشتی دەکرد هەوڵمدا دیوانێکی شیعری خۆم بەچاپ بگەێنم بەناوی"هاوارێک بۆ ڕاپەڕین"و کاک جەماڵ زۆری پێخۆش بوو بەڵام ئەم بەرهەمەش دیسانەوە لەلایەن دەزگای سانسۆری بەعسەوە لەبەغدا ڕێگەی پێنەدرا و لەسەر لاپەڕەی یەکەمی دەفتەرەکە بەزمانی عەرەبی نووسرابوو" ئەم شیعرانە بەهیچ شێویەک نابێ بڵاو ببنەوە"یان ڕەفزێکی لەو جۆرە بوو بەزمانی عەرەبی کەباش نایەتەوە یادم.


پەیوەندی من خاتوو مەهاباد قەرەداغی پەیوەندییەکی پتەوی ئینسانی بوو. کاتێک لەساڵی ١٩٨٦ لە پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکوک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی کەرکوک گیرام خاتوو مەهاباد قەرەداغی زۆر جەربەزانە هەر ئەو کاتە خۆی گەیاندبووە ماڵەوەمان و کتێبە قاچاخەکانی لەنێو کتێبخانە بچکۆلەکەم دەرهێنابوو و دابوویە دەستی دایکم و شادربوویانەوە. دایکم و خوشکم دەیانوت مەهاباد لەگەڵ دەست دانە هەر کتێبێکدا هۆن هۆن فرمێسکی لەچاوان دەهاتە خوار. بۆ من مەهاباد ئەو مرۆڤەیە و جوانییەکەی هەرگیز لام کاڵ نابێتەوە جا بیرکردنەوەی هەرچییەک بێت.


ساڵی ١٩٨٤ لەڕێگەی هاوڕێ و هاوپۆلی پەیمانگام بەڕێزم کاک عەباس حەمە حەمە عەزیز کە خەڵکی شاری قەڵادزی بوو شیعری " هاتم بۆ لات" م نارد بۆ بەڕێز کاک غەریب پشدەری شاعیر لە قەڵادزێ. کاک غەریب پشدەری شاعیریش جوان شیعرەکەی خوێندبووەوە و گەلێ سەرنج و پێشنیاری بەسوودی بۆ نووسیبووم و بەشیعرێکی بەرگری و شۆڕشگێڕانەی لەقەڵەم دابوو، بەداخەوە ئەو نامەیەش لەکاتی گیرانم لەئەمنی کەرکوک ماڵەوەمان لەگەڵ چەند کاغەزی تر فەتاندبوویان. . لە ساڵی ١٩٨٤ دووەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی قازان (شەهید کردنی دوانزە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بەدەستی ڕژێمی بەعس و جاشەکانی قالەفەرەجی گۆڕبەگۆڕ) لە گوندی کڵاوقووت ئاهەنگێک سازکرا و منیش بەشدار بووم و شیعری "ماڵئاوایی"م خوێندەوە. ئەم شیعرە دەنگدانەوەی هەبوو و زۆریشم پێخۆش بوو ئاستی نووسینی شیعریم گەیشتۆتە ئاستێک کە جێگای ڕەزامەندی خەڵکە. ئەمەش لە ئەنجامی گوێبیستنی کاسێتێکی شریت لام دروست بوو کە لەساڵی ١٩٨٤ لەگوندی دارەمان لەناوچەی ساڵەیی کەرکووک سەردانی هاوڕێ و پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاک کاروانم کرد و لەوێ گوێم لە کاسێتەکە بوو. هەر هەمان ساڵ لەپەیمانگای تەکنەلۆژیای کەرکووک لەسەر نەکردنی جەیشی شەعبی دەرکرام. ڕاگری پەیمانگا بە تەنسیق لەگەڵ حیزبی بەعس ٥٨ خوێندکاریان دەرکرد کە من یەکێک بووم لەو خوێندکارانە. ئەوە بوو لەبەر ڕەتکردنەوەی جەیشی شەعبی قوتابیان لەسەر ئاستی سەراسەری و کوردستان بەتایبەتی خوێنداکارانی زانکۆی سەلاحەدین و موسڵ مانگرتنمان ڕاگەیاند و خوێندکارانی زانکۆکان گەڕانەوە بۆ ماڵ، بەڵام ئێمە وەک خوێندکارانی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک هەر لەناو پەیمانگا ماینەوە و درێژەمان بە مانگرتندا. سەرەتا چەند خوێندکارێک وەک نوێنەر چوونە لای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پرسیان پێکردبوون کە گوایە هەڵوێستمان هەیە و دەرکراوین لەپەیمانگا چیبکەین؟ کەچی مام جەلال زۆر ڕاشکاوانە پێیوتبوون بۆ جەیشی شەعبی ناکەن. بڕۆن بیکەن. ئەم هەڵوێستەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خوێندکارانی بێهیوا کرد لە یەکێتی. بەڵام ئێمە نە جەیش شەعبیمان کرد و نەبەقسەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان کرد. لەمانگرتن بەردەوام بووین تا سەرکەوتین. ئێمەی خوێندکارانی پەیمانگا لەبەردەم بەشی کارەبا لەدەرەوە لەناو باخچەکە دانیشتین و ئەو کات پارێزگاری کەرکووک و بەرێوەبەری لقی حیزبی بەعسی کەرکووک و ئەمنی پەیمانگا و ژمارەیەک بێشومار لە ئەمن و هێزە تایبەتییەکان و موخابەرات لە وێدا بوون. باران نم نم دەباری و پارێزگاری ئەوسای کەرکووک کەناوەکەیم لەیاد نەماوە داوای لێکردین بچینە ناو قاعەکە تاکو باران تەڕمان نەکات. بەڵام ئێمە داواکارییەکانی خۆمان نووسیبوو ولەچەند خاڵێکدا پێشکەشمان کردن کە گرنگترینیان بریتی بوون لە گەڕانەوەی خوێنکارە دەرکراوەکان و دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکان. ئەوە بوو پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا و داواکانی بۆ جێبەجێکردین و سەرکەوتین و هەر لەبەر ئەو بارانەش کردمانە شایی و هەڵپەڕکێ و پارێزگاریش هەڵپەڕی لەگەڵمان.


لەم سەروبەندانەدا بەڕێکەوت تووشم بوو بەکچێکی خزمی خۆمان (یادی بەخێر) کە ئەوکات پۆلێ سەشەمی ئامادەیی بوو . کەوتمە داوی خۆشەویستی یەکلایەنەوە لەگەڵ ئەو کچەدا. چیرۆکی ئەم کچەو سووتانم بۆی هێندە کاریگەری هەبوو کە ئامادە بووم هەموو شتێک بکەم لەپێناو گەیشتن بەو کچە. هەرچەندە ئەو عەشقەم بەناکامی سەری نایەوە، بەڵام شەوەهای شەو بەدیار گۆرانی "انساک" ی "ئوم کەلسوم"ەوە لەگەڵ دوکەڵی جگەرە ڕۆژم ئەکردەوە. لەئاکامدا دوو دەفتەر شیعری دڵداریم نووسی کە بەشێکی زۆریان شیعری خراپ نەبوون. من شیعرەکانم بڵاو نەکردەوە. دوا جاریش کە هاوسەرگیریم لەگەڵ کەسێکی تردا کرد بەداخەوە سەرجەم شیعرە دڵدارییەکانم فەوتاند. ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو لەژیانمدا کردم و هەمیشە ئەڵێم خۆزگە قەت ئەو کارەم نەکردایە. لەنێوان ساڵانی ١٩٨٦ - ١٩٨٩ بەچڕی خەریکی ئەدەبیاتی کرێکاری بووم. بێجگە لە کتێبەکانی مارکس و ئەنجلس و لینین و مەنسوری حیکمەت و نووسینەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ، خەریکی کلتووری سۆشیالیستی و ئەدەبی سۆڤیەتیش بووم. خوێندنەوەی مایکۆڤسکی و گۆرکی و سابت ڕەحمان و ئەمیل زۆلا و جاک لەندەن و بلیخانۆڤ و برێخت و گەڕانەوە و دووبارە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە کوردییانەی لەسەر ژیان و خەباتی چینی کریکار دەدوان. شیعرەکانی ئەو ساڵانەم پرۆڤەیەک بوون لەسەر نووسینی شیعری کرێکاری. گۆڤاری ڕابەر دەروازەیەکی بۆ خستمە سەر پشت تا شیعرە کرێکارییەکانم بڵاو بکەمەوە. دواتریش لە ساڵی ١٩٨٩ دیوانی"چرای شۆڕش" م وەک کتێبی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بەدەستنووس بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٩٠یش کتێبی" دیوارەکان ئەڕوخێنین" م بڵاو کردەوە کە بەشێک لەشیعرەکانی برتۆڵد بریخت بوون و لەعەرەبییەوە وەرم گێرابوونە سەر زمانی کوردی و هەر بەدەستنووس و لەژێر ناوی "دلاوەر حوسێن"دا بڵاوم کردەوە. برینداربوون و سووتانی دەستەکانم لە ڕاپەڕین بۆ ماوەی چەند مانگێک نەمتوانی قەڵەم بەدەستمەوە بگرم. بەڵام دواتر وردە وردە دەستم خۆی گرتەوە و دەستمکردەوە بە نووسین. بەڵام ئەمجارەشیان بۆ شیعر و یەکێتی بێکاران لە کوردستان بوو بەتایبەتی کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی دەنگی بێکاران بووم. ساڵی ١٩٩٢ دیوانی " چاوم لێیە" و دیوانی چەند گۆرانییەک لەجەنگەڵستانی ژیانەوە"م بە چاپ بڵاو کردەوە. دوای ئەو ماوەیە بەتەواوەتی لەشیعر دوور کەوتمەوە و لەبواری نووسینی شیعردا ئەتوانم بڵێم لەقۆزاخەی متبووندا بووم، بەڵام زیاتر خەریکی کاری سیاسی - جەماوەری بووم ساڵی ١٩٩٧ بووم بەئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هانا کەلە سوید دەردەچوو. لەو گۆڤارە درێژەم بەچالاکی ئەدەبی و شیعری خۆم دا هەر ئەو ساڵە واتە ساڵی ١٩٩٨ بەبۆنەی تیرۆرکردنی هاوڕێیان شاپوورعەبدولقادر و قابیل عادل بەدەستی کۆنەپەرستان لە کۆڕی ماتەمینییان کە کۆمیتەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە ڤانکۆڤەر سازیدابوو، قەسیدەی "گڕەسوار"م خوێندەوە. ساڵی ٢٠٠٠ یش لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هانا وازم هێنا، چونکە هەستم ئەکرد گۆڤارەکە لەجیاتی بایەخدان بەئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیری زیاتر بەرەو بەرگری لە حیزبی کۆمۆنیست کرێکاری عێراق و ئێران هەنگاو دەنێت. پاشان کەوتمە کارکردن بۆ دۆزینەوەی دەنگ و ڕەنگی خۆم. ئەوجا دیسانەوە کەوتمەوە بایەخدان بە شیعر و برەودان بە نووسین. ساڵی ٢٠٠١ کۆڕێکی شیعریم لەسەر تۆڕی پاڵتاک سازداو وژمارەیەکی باش گوێگرم هەبوو. ئەم کۆڕەم لەژووری کوردیش یونایتد بۆ بەڕێوە چوو و بەڕێزان کاک ماجید فاتح و کاک بێکەس گەرمیانی کۆڕەکەیان بەڕێوە ئەبرد. لەماڵەوەش بەڕێز کاک هەمزە ساڵح بەدرێژایی کۆڕەکە یارمەتی دام. ساڵی ٢٠٠٥ دەزگای ئاراس دیوانی " ڕژانی دڵۆپەکانی مەنفا" ی بۆ چاپ کردم. لە یانزەی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ش ماڵی کورد لە ڤانکۆڤەر کۆڕێکی شیعری بۆ ڕێکخستم و ژمارەیەک شیعری تازەی خۆم خوێندەوە. ئەو کۆڕە کاک ڕزگار عومەر بەڕێوەی برد و ژمارەیەک لە شیعردۆستان ئامادەی بوون. ساڵی ٢٠١٢ یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکووک کۆشیعری( بەباوەشێک لە فەناوە نیشتمانی زویر ماچ دەکەم) ی بۆ چاپ کردم و هەر ئەو ساڵە کە سەردانی کوردستانم کردبۆوە بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژ لقی کەرکووک کۆڕێکی شیعرییان بۆ ساز کردم. ئیتر لەو ڕۆژەوە بەردەوامم لە نووسین و تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە هەر بەردەوامم. ئێستاش نازانم شیعر بەرەو کوێم ئەبات و داهاتووی شیعریم چۆن ئەبێت.


من لە شوێنێکی تریشدا وتوومە له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا که‌ ده‌ستم به‌ شیعر نووسین کرد، سەرەتا پێم وابوو ئاسانترین نێچیرم ڕامکردووه‌ و پێده‌شتێکی سه‌وزی پڕ له‌به‌خته‌وه‌ریم له‌ئامێز گرتووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌رچی ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رمکردنی زیاتر و قووڵبوونه‌وه‌ی زۆرترم له‌م ته‌لیسمه‌، زیاتر و زیاتر وه‌کو گۆمێکی بێبنم ده‌هاته‌ به‌رچاو که‌ هه‌رکه‌سێک له‌لایه‌که‌وه‌ به‌ردێکی تێده‌هاوێ و هه‌ریه‌که‌ش به‌جۆرێک گوێی له‌ شڵپه‌ی به‌رد تێهاویشتنه‌که‌ی ده‌بێ و هه‌ریه‌که‌ش به‌ شێوه‌یه‌ک بازنه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی به‌رد تێهاویشتنه‌که‌ی ده‌بینێت. دواجاریش ئاڵوگۆڕه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی تێگه‌یشتنم بۆ شیعر و ماهیه‌تی شیعر، ئه‌و ڕاستییه‌ی لا به‌رجه‌سته‌ کردمه‌وه‌ که‌ شیعر په‌ناگه‌یه‌که‌ ده‌توانم لێوه‌ی ده‌ست بۆ ڕوح به‌رم، به‌ڵام تا ئێستاش ناتوانم بڵێم شیعرم وتووه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌ ترسێکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ساڵانێکه‌ سه‌رتاپای هۆشی داگرتووم، ئه‌ویش ترسی له‌هه‌ق نه‌هاتنی شیعره‌. حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و ڕازه‌ش بدرکێنم که‌ چه‌ندین جار سه‌رزه‌نشتی خۆمم کردووه‌ له‌وه‌ی بۆ سه‌ره‌تا به‌ چیرۆک ده‌ستم پێکرد و دواتر هاتمه‌ نێو شیعره‌وه‌. ئێستاش هه‌رچه‌ند ده‌که‌م ناتوانم بچمه‌وه‌ له‌ ده‌رگای نووسینی چیرۆک بده‌مه‌وه و تازه‌ له‌گه‌ڵ شیعر په‌یمانێکی زۆر جیددیم مۆرکردووه‌ و تێکەڵ بەروحم بووە و جیابوونەوەی مەحاڵە.


من له‌ ڕێگه‌ی شیعرەوە ویستوومە و دەمەوێت بوونی خۆم ڕابگه‌ێنم. ده‌مه‌وێت بڵێـم چه‌ند جوانه‌ زیندوێتی و ژیان و ئازادی و عیشق و شیعر. چه‌ند جوانه‌ وه‌ستان له‌ ژێر باران و ڕوانین له‌ کۆچی باڵنده‌ و ته‌ماشاکردنی خۆرئاوا بوون و له‌ره‌ی دار و وه‌رینی گه‌ڵا و گریان و پێکه‌نینی مرۆڤ و تووڕه‌یی هه‌ور و ...تاد، له‌مانه‌ش جوانتر ئه‌و وشانه‌ن که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و ڕه‌نگڕێژی ده‌که‌ن.


من خۆم قه‌رزاری هیچ شتێک نیم، به‌ڵام خۆم زۆر به‌قه‌رزاری زمان ده‌زانم. خۆم به‌قه‌رزاری شیعر ده‌زانم چونکه‌ ئه‌و بواره‌م پێده‌به‌خشێت که‌ ڕوحی خۆم بدوێنم و که‌سانێکیش به‌ ده‌ربه‌نده‌ پڕ پێچ و په‌ناکه‌ی ڕۆحم ئاشنا بکه‌م.


زمانێک که‌ من شیعرم پێی نووسیوە و پێده‌نووسم نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هۆکارێک ،فاکته‌رێک بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعره‌کانم. من زمانێکی تایبه‌تیم نییه‌ شیعری پێ بنووسم، هه‌ر له‌و که‌ین و به‌ینه‌ی شیعری کوردی دووچاری بووه‌، منیش دیدار و خه‌ون و گفتوگۆ و شه‌ڕه‌کانی هه‌ست و ڕوحی خۆم ئه‌نووسمه‌وه‌ .ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ بڕێک سنووردار بێت له‌ شیعری مندا و ئاسۆیه‌کی زۆر به‌ربڵاوی نه‌بێت ئه‌وا من به‌رده‌وام ئۆباڵی ئه‌م سنوورداربوونی خه‌یاڵه‌م خستۆته‌ ئه‌ستۆی سیاسه‌ت و تێکچوونی فه‌زای خه‌یاڵم به‌سیاسه‌ته‌وه‌ گرێداوه‌ و کارم کردووه‌ و کاریش ئه‌که‌م بۆ ئارایشتدانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌زای خه‌یاڵه‌. چونکە کارکردن لەبواری حیزبی و جەماوەری ئیشکردنە لەسەر یەقین و فاکت نەک گومان و ئەندێشە. ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی خەیاڵ.ڕەگەزێکی بنەڕەتی ئەدەبیش ئەندێشەیە.لاوازی ئەندێشە و کاڵبوونی فەنتازیا لە دەق ئەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی دەق لە قسەی ئاسایی نەک داهێنان.


من لەسەرەتای نووسینی شیعریمدا زۆر کێشه‌م له‌گه‌ڵ جورئه‌تدا نه‌بووه‌. چونکە جورئه‌ت بۆ من هه‌ر ته‌نها هاتنه‌ ده‌نگ نه‌بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خستنه‌ سه‌ر کاغه‌ز بووه‌، بەڵام دوواتر ترسه‌کانم له‌ له‌هه‌ق نه‌هاتنی شیعر جۆرێک بوونه‌ له‌ ناجورئه‌تی ‌که‌ هانیان داوم زیاتر له‌ خۆم نزیک ببمه‌وه‌ خۆم باشتر بناسم. مرۆڤ چه‌ند زیاتر خۆی بناسێت ئه‌وه‌نده‌ش باشتر ده‌توانێت ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگە و دیارده‌کان بناسێت. بۆیە لەگەڵ هەڵکشانی تێگەیشتنم لە شیعر و دونیای شیعر لەو ئاستە لەجورئەت دوور کەوتوومەتەوە.


شێوازی نووسینی شیعر لای من هه‌ندێک جار زۆر نانۆرماڵ و غه‌ریبه‌ جار هه‌بووه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێکدا چه‌ند شیعرێکم نووسیوه‌ و جاری واش هه‌بووه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی درێژدا شیعرێکم بۆ نه‌نووسراوه‌. من دانی پیا ده‌نێم که‌ تا ئێستاش نازانم شیعر سه‌نعه‌ته‌ یان ئیلهام یان تێکه‌ڵییه‌که‌‌ له‌ ئیلهام و سه‌نعه‌ت و مه‌عریفه‌؟. به‌ڵام ئه‌وه‌م لاڕوونه‌ که‌ بیرۆکه‌یه‌ک یه‌خه‌م پێ ده‌گرێ یان وێنه‌شیعرییه‌ک به‌ مێشکه‌ما گوزه‌رده‌کات ده‌بێ خێرا ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌مه‌که‌م ببه‌م و بینووسم ئه‌گینا کەتێپه‌ری به‌سه‌رما ئیتر نایه‌ته‌وه.‌ من زۆر دیمه‌نی شیعریم له‌ سه‌ر پارچه‌ کاغه‌زو که‌رته‌ کلێنکس و ڕوپه‌ری ڕۆژنامه‌ ‌نووسیوە و دواتر ئه‌و پارچانه‌ بوونه‌ته‌ شیعرێک .جار هه‌بووه‌ هه‌ندێ له‌ و پارچانه‌ زیاتر له‌ ساڵ و دووساڵ مه‌ودای زه‌مه‌نیان له‌ نێواندا هه‌بووه‌.


که‌ش وهه‌وای نووسین لای من پێگه‌یه‌کی گرنگی هه‌یه.‌ من زۆر حه‌ز به‌ بێده‌نگی ده‌که‌م و پێم خۆشه‌ که‌ ده‌نووسم له‌م دونیا جه‌نجاڵه‌ برۆمه ‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ خۆم زیاتر که‌سی تر نه‌دوێنم. زۆربه‌ی نووسینه‌کانم له‌ بێده‌نگییه‌وه‌ له‌ دایک بوون و له‌ کاتی نووسیندا فه‌زا‌یه‌کی خاوو شل یان وه‌بێده‌نگ ده‌سته‌مۆم ده‌کات، ته‌نانه‌ت له‌ پڕ هات وهاوارترین و فه‌وزا ترین‌ فه‌زادا من له‌ بازنه‌ی بێده‌نگی نایه‌مه‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌ر به‌جه‌سته‌ له‌ سه‌ر زه‌ویم ئه‌گینا به‌ڕوح و خه‌یاڵ له‌ دوورگه‌کانی بێده‌نگیدا خه‌ریکی ژوانم له‌گه‌ڵ وشه‌و شیعر.


من بێجگە لە کتێبخانەکانی کەرکووک، زوو زوو سەرم لە کتێبخانەی حەیدەریش دەدا لەهەولێر و دەچوومە لای مومتاز حەیدەری و باسی ئەدەب و نووسینمان دەکرد. هەر سەفەرێکم بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی بکردایە، بە باوەشێک کتێبەوە دەگەڕامەوە. ئیتر وای لێهات کتێبخانەکەم پڕ لە کتێب بوو وژوورەکەم سێ تاقی هەبوو، تاقەکانیش پڕ ببوون لەکتێب. خوێندنەوە بەشێوەیەک ببووە بەشێک لەژیانم بەردەوام کتێبم بەدەستەوە بوو، دایکم وای دەزانی شەو و ڕۆژ خەریکی خوێندنی قوتابخانەم بەڵام باوکم دەیزانی دونیا چ باسە و دەیوت" بەس خۆت بەفەتارەت نەدەیت قەیناکە".

تاریکی سیاسەت.


وەک وتم گیانی بەرەنگاربوونەوە هەر لەمنداڵییەوە خۆی لەڕوحم هەڵسوو بوو. لەمنداڵییەوە لەگەڵ ڕاکردن و ڕاونان و گرتن و ترسدا گەورە بووم. بۆیە هەر لەسەرەتاکانی ژیانی هەرزەکاریم لەجیاتی دەستڕاگەیشتن بە خۆشگوزەرانی ژیان و گەشت و سەیران و ڕابواردن، لەجیاتی دەست خستنە ناو دەست کچە دەزگیران و گەشت و سەفەر، پەیوەندیم کرد بە ڕێکخستنەکانی کٶمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە. ئەم پەیوەندی کردنە بۆ بارودۆخی کوردستان زۆر نۆرمال و ئاساییە بەڵام لەڕاستیدا کۆمەڵێ کاریگەری نیگەتیڤ لەسەر ژیانی گەنج بەجێدەهێڵێت. لەو تەمەنە هەرزەکارەییەم هەر لەنامیلکەی سیاسییەوە تا دەگاتە تەماشاکردنی فلیمی سینەمام دەقۆستەوە. لەیادمە ساڵی ١٩٨٢ کاتی فلیمی (First Blood)ی ئەکتەری هۆلیودی ئەمریکی سیلفستەر ستالۆن (ڕامبۆ) لەسینەما سەلاحەدین ئیشی دەکرد هەرچی گەنجی ئەوکات هەبوو هاتن بۆ بینینی ئەو فلیمە چونکە ناوەرٶکەکەی لەسەر غەدر و وزڵم بوو.یان فلیمی شوعلەی هیندی کەلەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە سینەما عەلەمێن ئیشی دەکرد. لە کەرکووکدا سیاسەتکردنەکەش بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتییەوە زۆر جیددی بوو. سەرەتای هەشتاکان بۆ کەرکووکییەکان سەرەتای تێپەڕاندنی قۆناغێکی گرنگ بوو لەپەیوەندی تەوقبەندی گەڕەک و هاتنە دەرەوە و تێکەڵبوونی زیاتری گەنج و خوێندەواران و ڕۆشنبیران. شەقامی جمهوری مەڵبەندی ئەو لەیەک خشاندنە بوو و ببووە چاوگی ئەدەب و سیاسەت. ئەو سەردەمە هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو. نە ئیمەیل و نە مۆبایڵ نەبوون. بەڵام ئێواران ئەوەی مەبەستت بوو لەو شەقامە دەتبینی. تەنانەت وای لێهاتبوو ڕۆژ نەبوو لەگەڵ هاوڕێیانێکدا باسی کتێب و شیعر و سیاسەت نەکەین. من نازانم سیحری ئەو شەقامە چی بوو؟ لەیادەوری ئێمەدا جێگایەکی گرنگی داگیر کردووە. هاتن بۆ شەقامی جمهوری بە باسی پۆڵەندی(تڕحێو)ی جاران و دابەزین لەبەردەم سینەما سەلاحەدین و ڕەتبوون بەلای باڵەخانەی شوکر نەجاردا و ئینجا گەیشتن بە فەلافلەکەی فاتیح کۆپرلو و دوو لەفەی پر لە ساست دەخوارد و ئینجا تۆزێک خوارتر دەگەیشتیتە کتێبخانەی گەل کەکاک سەڵاح خاوەنی بوو. دوای چاوگێڕانێک بە ناو کتێبخانەکە و شۆربوونەوە تا گەیشتن بە چایخانەی شموع. ئەم چایخانەیە تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە "کەپل" کچ و کوڕ دەیانتوانی لەوێدا دابنیشن و ئەتمۆسفیرێکی زۆر ڕۆمانسی هەبوو و ئەو جێگایەش ببووە جێگای ئێمە و قاوەمان لێ دەخواردەوە. ئینجا بەرەو کتێبخانەی ئاسۆ کەدواتر بەعس ناوەکەی پێیکردە (الطلیعة) ئینجا سڵاوکردنێک لە کاک جەباری ئاسۆ. کاک جەبار هەرچەندە کەمیش قسەی لەگەڵ بکردیتایە بەڵام زوو دەیتوانی ناخت بخوێنێتەوە. قاتی دووەمی کتێبخانەی ئاسۆ جگە لەخۆی تەنها ئەو کەسانە ئەیانتوانی بچنە ئەوێوە کە جێی متمانەی بوون. لەو قاتە کتێبی زۆر باش و تاڕادەیەک قاچاخەکانی لێ دائەنا وەکو کتێبە مارکسییەکان. هەر کاتێک کتێبی تازەی بهێنایە ئەیچرپاندە گوێتا و ئەیناردیتە سەرەوە. ئەمەش لوتکەی دڵسۆزی و ئەو پیاوە بوو بۆ ڕۆشنبیرانی کوردی شارەکە. تۆزێک لەولاتریش دەگەیشتیتە لای ئۆرزدی کۆن و پەڕینەوە بەرەو باڵەخانەی خانلخەلیلی و گەڕانەوە بەلای گازینۆی سەمیرەئەمیس کەدواتر بووە هۆڵی نمایشی هونەری و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردی کەرکوک پێشانگای تایبەتیان لەوێدا کردەوە وەک هونەرمەندان ئاشتی گەرمیانی و نەرمین ئەحمەد ئەسوەد و فەلاح عومەر و ئاری بابان و کاکەییەکان و تاد. و هەڵگەڕان بە شەقامەکەیا تا دەگەیشتیتە لای دەرمانخانەی فەخری و وێنەگری ڕەمەزان زامدار و ئینجا چایخانەکەی ئەبو عاسی و پاشان لەفەکەی عەباس. ئەم شەقامە بەبڕوای من هەڵگری کۆمەڵی دەلالەتی کلتوورییە. شوێنی بەریەککەوتنی ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکانی کەرکووکیش بوو. من هەرچەندە تا لەکەرکووک بووم نەڕۆژێک کۆڕێکی ئەدەبی تورکمانیم بینی و نە ئەدیبێکی تورکمانی ناوداریشم بەرچاو کەوت. بەڵام کورد ئامادەیی تەواوی هەبوو لەو شەقامەیا. لەتیف هەڵمەت و عەبدولا سەراج و محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە و مارف عومەرگوڵ و عارفی برای و نەوزاد ئەحمەد و بنەماڵەکەیان،موعتەسەم ساڵەیی و محەمەدی برای و کاکەییەکان و زۆری تریش کەڕەنگە من ناوەکانیانم لەیاد نەمابن یان نەمناسیبن. ئەدیبە عەرەبەکانیش من ئاشنایەتیم لەگەڵیاندا نەبوو. چونکە ڕۆژ نەبوو بەهۆی سیاسەتی تەعریبی بەعسەوە عەرەبی هاوردە نەهێنرێن بۆ ئەو شارە بۆیە زەحمەت بوو ئەو پەیوەندییانە ڕایی بکرێن بەتایبەتیش بۆ من کە چالاکانە سەرقاڵی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووم.


بەهەرحاڵ ساڵی ١٩٨٥ بۆ کەرکووکییەکان هەر تەنها ساڵێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ساڵێک بوو پڕ لە هەوڵدان لەپێناو مانەوە، هەوڵدان بوو لەپێناو سەلماندنی بوون و بەگژاچوونەوەی سەرجەم هێماکانی تاریکی. ساڵێک بوو گفتوگۆی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕژێمی بەعس بەبنبەست گەیشتبوو و بەعسیش کەوتبووە ڕەشبگیری و ڕاونان و فشارهێنانی زۆر بۆ نەتەوە جیاجیاکانی شاری کەرکووک بەتایبەتی کورد و تورکمان. لەم نێوەشدا نەوەی تازە و گەنجانی شاری کەرکووک بەهەر هۆیەک بۆیان کرابێ دژ بە ڕژێمی بەعس وەستابوونەوە. سازدانی ئەو کۆڕە شیعرییەی ئێمەش وەستانەوەیەکی تری ئێمەی گەنج بوو دژ بەزوڵم و نادادپەروەری. بۆ ئەنجامدانی کۆڕێکی ئەدەبی لەو چەشنە دەبوایە ڕەزامەندی بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆشنبیری وەربگرین کە ناوی "مرشد الزوبیدی" بوو. ئەم کابرایە جێمتمانەی حیزبی بەعس بوو. ئەوە بوو من و بەڕێزان نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد و تاریق کارێزی و عەبدولستار شوانی و محەمەد ساڵەیی و ئاشتی مەهدی چووین بۆ لای مورشد زوبەیدی. ئەویش وتی لاریم نییە بەمەرجێک دەقەکان وەربگێردرێن بۆ سەر زمانی عەرەبی. من لەو دانیشتنەدا زۆر موناقەشەم کرد لەگەڵ مورشد و تەنانەت گەیشتینە ئەوەی کە کۆڕەکە نەبەستین بەس بەعەرەبی نەخوێنرێتەوە. ئەوە بوو من هەستام و چوومە دەرەوە و جەماعەتیش بەدوامەوە. دواتر برادەران ڕەخنەیان لێگرتم وتیان تۆ زۆر تووند بوویت و قەیناکە با شیعرەکان تەرجەمە بکرێن. ئەوە بوو ئەوان بەبێ من چوونەوە لای مورشد زوبەیدی و پێیان وتبوو ببوورە عەبدوڵا سلێمان عەرەبییەکەی باش نییە و نەیتوانی جوان مەبەستەکەی دەربڕێت. مورشدیش ئاوا وەڵامی دابوونەوە" ئێوە باسی چی ئەکەن، عەبدوڵا بە عەرەبییەکی زۆر وازح و جوان قسەی ئەکرد و چاک ئەمزانی مەبەستی چییە" بەهەرحاڵ دواتر مۆڵەتمان وەرگرت و کۆڕەکەمان لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥ لەهۆڵی کتێبخانەی گشتی شاری کەرکووک سازدا. لە بەشداربووانی کۆڕەکە تەنها ناوی خۆم و کاک هادی عومەر و عەبدولستار شوانی و هیوام لەیاد ماوە. شیعرەکان هەموو بەهەڵوێست بوون. من لەوێدا چەند شیعرێکم خوێندەوە کە ناوی یەکێکیانم لەیاد ماوە" دڵۆپێک لەدەریای خۆشەویستی"بوو.


کۆڕەکە لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی شاری کەرکوک بەڕێوەچوو. کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد و کاک تاریق کارێزی شیعرەکانیان وەرگێرابووە سەر زمانی عەرەبی .ئێمە شاعیرەکان شیعرەکانمان بە زمانی کوردی ئەخوێندەوە و کاک مەحەمەد ساڵەییش دەقی شیعرەکانی بەزمانی عەرەبی دەخوێندەوە و کاک ئازاد هۆشمەند (دکتۆر ئازاد هەمەوەندی)یش شاعیرەکانی تەقدیم دەکرد. جەماوەرێکی زۆر تینوو بۆ وشەی کوردیی ئامادەی کۆڕەکە بوون کەتەنانەت هۆڵەکە پر بوو و خەڵک بەپێوەش وەستابووون. دەنگدانەوەی کۆڕەکە لەئاستی هاووڵاتیان و خەڵکی شاری کەرکووک شلەقاندنی گۆمی مەنگی ترس و خەفەقان بوو کە بەعس و فەزای دەسەڵاتی سەرکوتگەری بەعس بەرهەمی هێنابوو ئەمەش ببووە مایەی دڵخۆشی و هیوای خەڵک. لەئاستی میدیاکانیشدا زۆر بەبێدەنگی تێپەڕی. میدیای عەرەبی و تورکمانی و سریانی بەداخەوە لەکەرکووک ئاوڕیان لێنەدایەوە و فەرامۆشیان کرد، جا بەهەر هۆیەک بێت. میدیای کوردیش تەنها و تەنها بەم شێوەیەی خوارەوە باسیان لێوە کرد.


بەڕێز کاک تاریق کارێزی هەواڵە - ڕیپۆرتاژێکی جوانی لەسەر نووسی و لەڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاوی کردەوە.


ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی عێراقیش کە ڕادیۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو وتارێکی شەرمئاوەری نووسی و شاعیرانی بە لایەنگرانی دەسەڵات ناوزەد کرد چونکە ئامادە نەبوون مل بەسیاسەتەکانی ئەوسای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بدەن.


لەدوای ئەو مێژووەوە و لەژێر کاریگەی جەمال کۆششەوە کەوتمە ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی و بەرگریکردن لە بیروباوەڕی چەپ وکۆمۆنیستی. ئاشنا بوونم بە بیروباوەڕی چەپ کاریگەری دانا بەسەر تەواوی هۆش و بیرم و تەنانەت شیعرەکانیشم. بۆیە لەوساوە کەوتمە نووسینی شیعری سیاسی کرێکاری و کۆمۆنیستی. بۆیە وازم لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان هێنا و پەیوەندیم کرد بە بزووتنەوەی چەپی ئەوسا کەدواتر لەڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست قەرارم گرت. بیروباوەڕم ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و کەوتمە ڕەخنە لە ڕابردووی خۆم و شیعرەکانی ڕابردووشم بە شیعر بۆرژوازی ئەزانی و بۆیە لەم سۆنگەیەوە بوو فەوتانی شیعرەکانم بەلاوە ئاسایی بوو. من ئێستاش لەوە نەگەیشتم کە بۆچی لەگەڵ هەر ئاڵوگٶرێک لەژیانی ئەدەبی و سیاسیم دەچووم شیعرە کۆنەکانم دەسووتاند و دەفەوتاند. هەرچەندە بیانوو و بەڵگەی خۆم هەیە بۆ ئەو کارە بەڵام لەڕووی لۆژیکەوە کارەکە قەبووڵنەکراوە و ڕەتکراوەیە. ئێستا کەبیر لەو کارانەی خۆم دەکەمەوە ئەڵێم هەق نییە لەخۆم خۆش ببم.


ئەو ساڵانە مەیلی چەپ بوون لەناو خوێندکاران و گەنجاندا زۆر بەهێز بوو. بۆیە من و کاک جەماڵ کۆشش و کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشەنگ) لەساڵی ١٩٨٧ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستمان لە هەولێر دامەزراند. من لەوێدا نازناوی "مەشخەڵ"م بۆ خۆم هەڵبژارد و بڕیارمان دا گۆڤارێک دەربکەین بەناوی ڕابەر. من لەوتاری " ئاوردانەوەیەکی کورت لەحەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست" بەدرێژی لەسەر کارو چالاکییەکانی ئەم حەلقەیە دواوم و بەپێویستی نازانم دووبارەی بکەمەوە تەنها ئەوە نەبێت کە ساڵی ١٩٨٨ بۆ کارەساتی هەڵەبجە شیعرێکی زۆر زۆر درێژم نووسی بەناوی " خەردەل" و وەک کاک جەماڵ کۆششیش دە ساڵ دواتر دانی پێدانا و وتی "هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە داستانە شیعری " خەردەل" مان بڵاو نەکردەوە" . من پێموایە داستانی خەردەل نموونەیەکی زۆر زیندووی ئەدەبێک بوو کە جیا لەهەموو گریان و فیغانەکانی ناسیونالیزم و حیزبەکانی، ڕووی واقیعی ڕووداوەکەی کارەساتی هەڵەبجەی نیشان دابوو و تێڕوانینێکی مرۆیی عەکس کردبۆوە. بەداخەوە دواتر لەساڵی ١٩٩١ لەگرتنەوەی شاری هەولێر لەلایەن بەعسەوە داستانی خەردەل لەگەڵ تەواوی ئەرشیفی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و ئەرشیفی کۆمیتەی هەولێری ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست فەوتان.


لە یانزەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ لەشاری هەولێر لەگرتنی باڵەخانەی نەقابەکانی کرێکاران بریندار بووم و لە سی و یەکی ئازاری هەمان ساڵ لە گرتنەوەی شاری هەولێر لەلایەن هێزەکانی کاردی کۆماری و سوپای عێراق لەکەمینێکدا سووتام و بریندار بووم و گیرام و دادگایی کرام. کەئەم چیرۆکە درێژە و لە حەوت ژمارەی ڕۆژنامەی (هەواڵ) لەژێر تایتڵی "لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا" وردکارییەکانیم باس کردووە.

تاریکی خوێندن.


قوتابخانە لەسەرەتادا خۆش بوو. لەپۆلی یەکەمی سەرەتاییدا چێژێکی زۆرم لە قوتابخانە و خوێندن وەرگرت. ساڵەکانی دواتریش من جگە لە قوتابییەکی مامناوەندی هیچیتر نەبووم. دواتر لە قۆناغی ئامادەیی تۆزێک لەوانەکان باشتر بووم. زۆرم حەز لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی بوو. هەرچەندە وانەی(الادب و النصوص) م حەز لێبوو بەلام زۆر ڕقم لە قەواعید دەبۆوە. خوێندنەوەی ئەو سەردەمەشم بریتی بوو لە خوێندنەوەی ئەو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامانەی کەلە باشووری کوردستان بڵاو دەبوونەوە. دیارترینیان بێجگە لە کتێبەکان، گۆڤارەکانی کۆڕی زانیاری کورد و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و ڕۆژی کوردستان ڕەنجی کرێکار و زانکۆ و پەروەردە و زانست و ڕۆژنامەکانی پاشکۆی عێراق و هاوکاری و لاپەڕەی کوردی ڕۆژنامەی عێراق بوون، ئەمە بێجگە لە گۆڤارە ئەدەبییە عەرەبییەکان بەتایبەتی گۆڤاری "الاقلام و الثقافة الاجنبیة". ئەو کات بەلای کتێبی فیکریدا نەدەچووم و تەنانەت بایەخی کتێبی فکریم نەدەزانی. ساڵی ١٩٨٢ ساڵی قاڵبوونەوەی زیاتر و وردبوونەوەم بوو لە بیروباوەڕی سیاسی - کوردایەتی. ئەو ساڵە زۆر خۆم بەخوێندنەوەوە خەریک کرد و ئەچوومە کتێبخانەی گشتی کەرکووک و بەیارمەتی شێخ تەحسین تاڵەبانی کەبەڕێوەبەری کتێبخانەکە بوو توانیم سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری ڕزگاری و ڕۆژنامەی ئازادی و گۆڤاری برایەتی وەربگرم و بخوێنمەوە. ئیتر ڕۆژانە بەناوی خوێندنی قوتابخانەوە ئەچووم خەریکی خوێندنەوەی ئەدەبیات ئەبووم. یەکێک لەو هاوڕێ نزیکانەی کە کاریگەری زۆری بەسەرمەوە هەبوو بەڕێز شەهید" خەماس ڕەشید ئەحمەد - پاڵە" بوو. شەهید پاڵە بێجگە لەوەی هەر لەمنداڵییەوە بەیەکەوە گەورە بووین و دراوسێش بووین. ئەم دراوسێ بوونە وای کردبوو بەردەوام لەسەربان بەدیار کتێبەکانی قوتابخانەوە موناقەشەی ڕۆمانەکانی "خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست"ی عەبدولڕەحمان مونیف و ڕۆمانی "دایک"ی مەکسیم گۆرکی و ئابووری سیاسی و بیروراکانی جیڤارا و وتەکانی ماوتسی تۆنگ و هەقانیەتی مارکسیزم و نووسین و خوێندنەوەمان ئەکرد. لەساڵی ١٩٨١ ساڵی نزیکبوونەوەی زیاتری من و شەهید پاڵە بوو. کاتێکیش ساڵی ١٩٨٢ شەهید پاڵە بەناچاری ئەڕوا و ئەبێتە پێشمەرگە لە تیپی بیست و یەکی کەرکووک. بەداخەوە کاک پاڵە کە ببووە یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چالاکییەکی پێشمەرگانەدا لە بادینان شەهید بوو، پەیوەندییەکەمان هەر بەگەرمی مایەوە تا مەرگی کاک پاڵە کۆتایی هێنا بەو جۆش حەماسەتەی نێوانمان. دوای تەواوکردنی پۆلی چوارەمی ئامادەیی بەعس بڕیاری گۆڕینی مەنهەجی خوێندنی لەزمانی کوردییەوە بۆ عەرەبی دەرکرد. قوتابییەکی زۆر ناڕازی بوون. بەشێکیان چوونە چەمچەماڵ تا بەکوردی درێژە بەخوێندن بدەن. بەڵام من بەعەرەبی درێژەم پێدا. بۆیە قوتابخانەی زێوەر پۆلی پێنجی ئامادەیی نەبوو ناچار هەموو نەقڵ کراین بۆ ئامادەیی عەبدولمەلیک بن مەروان کە ئامادەیی کوردستانی جاران بوو. ئەو ساڵانە لەبەر هەر هۆیەک بێت چوومە بەشی زانستی و نەچوومە ئەدەبی. ئەوە هەڵەیەکی گەورە بوو. لەپۆلی شەشی ئامادەیی لەترسی عەسکەری و بۆ ئەوەی پلەیەکی باش بەدەست بهێنم خۆم هێشتەوە. بۆ ساڵی دواتر نمرەی مەعەدەلی ٥.٧٩ م هێنا کە شایستەی زانکۆ بوو. بەڵام ئەوساڵە عودەی کوڕی سەدام حوسێنی گۆربەگۆڕیش بەحیساب پۆلی شەشی ئامادەیی بوو. هەروەها بڕیارێک لە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە دەرچوو بوو کە هەر کەسێک خۆی بهێڵێتەوە ئەوا پێنج نمرەیان لە مەعەدەل(تێکڕا) لێدەبڕین و عودەیش 99ی هێنابوو بۆیە ئەو ساڵە ١٩٨٢ - ١٩٨٣ ڕەنجی دەیان هەزار قوتابی بەبا چوو. قوتابیانی ئەدەبیش ئەوەی ساڵی یەکەم توانی بچێتە زانۆ ئەوە باش بوو و ئەوانی تر هەموو کرانە سەرباز ونێردران بۆ بەرەکانی جەنگی قادسیەی کۆنەپەرست. ئەوکات وتم بەخوا باش بوو چوومە بەشی زانستی ئەگینا ئێستا دەبوومە سەرباز. هاوڕێیەکم کەلەبەشی ئەدەبی بوو و ساڵی یەکەم توانی بچێتە کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین بەشی زمانی کوردی پێنجشەممان کەلەهەولێر دەگەڕایەوە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە دکتۆر شوکریە ڕەسول و کوردستان موکریانی وانەیان پێدەڵێنەوە. منیش دەمم ئاوی دەکرد بۆ ئەو کۆلێژە و ئاواتەخواز بووم ببمە قوتابی ئەو کۆلیژە و ئەدەبیات بخوێنم. بەڵام کەی ئاوات لەسایەی دەسەڵاتێکی دڕندەی وەک بەعس دێتە دی؟ بەهەرحاڵ لە پەیمانگای تەکنەلۆژی کەرکووک درێژەم بەخوێندن دا تا تەواوم کرد.پاشان ژیانی فیراری و قاچاخ و ناسنامەی تەزویر دەستی پێکرد. کەگەیشتمە وڵاتی کەنەدا جارێکیتر ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخسا بخوێنم. لەسەرەتای ساڵانی یەکەمم لەکەنەدا کەوتمە سەر دوو ڕیانێک: یان ئەوەتا بخوێنم و بڕوانامەیەک بەدەست بهێنم، یانیش کار بکەم و دایک و باوکم کە پیر ببوون و پەکیان کەوتبوو لە کەرکووک بەتەنها مابوونەوە بژێنم و یارمەتیان بدەم. من دووەمیانم هەڵبژارد و کەڵکەڵەی خوێندنم لەسەر دەرکرد و تا دایک و باوکم کۆچی دواییان کرد من کۆمەکیانم کرد. دوای کۆچی ئەوان دەستم کرد بە خوێندن و هەر تەنها فریای دبلۆمی ئامادەیی کەوتم. لە خوێندنی قۆناغی ئامادەیی ئەدەبی ئینگلیزی بەتایبەتی بەشی داهێنانی نووسین (Creative Writing) مامۆستا میشێڵ شێرستان زۆر کاریگەری هەبوو لەسەرم بۆ نووسینی شیعری بەزمانی ئینگلیزی بەتایبەتیش ئەیزانی من شیعر بەزمانی کوردی دەنووسم. پڕۆژەی ئەدەبی کۆتایی ئامادەییم بریتی بوو لە چواردە شیعر بەناوی (A Song for An Exile ). دوای خوێندنی ئامادەیی زۆرم هەوڵدا بچمە کۆلیژێک یان زانکۆیەک تا زانستی وەرگێڕان بخوێنم. بەڵام وەرگێڕان جگە لەکۆرسی کورت و بچووک هیچ خوێندنێکی ئەکادیمی نییە. کۆلیژی وەرگێڕان لەساڵی ١٩٩١وە لە کەنەدا و بەتایبەتیش لە برتش کۆڵٶمبیا نەماوە. دوای ئەوەی ئەم هەوڵەم بێئاکام مایەوە، چووم لەزانکۆی سایمەن فرەیزەر کۆرسی پەخشانەشیعرم خوێند و لەوێشدا بە ژمارەیەک شاعیر ئاشنا بووم کە یەکێکیان جامی مەکارتی شاعیری ئەمریکیی بوو. و لەو کۆرسەش ڕاهێنانی شیعریمان کرد و چەندین شیعری تر چوونە سەر ئەو کۆمەڵە شیعرە کەبێجگە لە دانەیەکیان هیچیان ڕووناکیان نەبینووە. بەداخەوە ژیانی قورسی تاراوگە و بەرپرسیارەتی ماڵومنداڵ و گرانی خوێندن لەڕووی مادییەوە نەیانهێشت ئادابی ئینگلیزی تەواو بکەم. ئێستاش خەون بەوەوە دەبینم بتوانم لەڕێگەی (On Line)ەوە ئادابی کوردی بخوێنم. بەڵام ئەزانم ئەوە وەهمە و لەکوردستان نەک خەونەکان وەهمەکانیش هەڵئەوەرێن.

تاریکی تورکیا.


کەبەباوکم وت دەچمە خاریچ و کوردستان جێدەهێڵـم وتی" ئۆخەی ئیتر لەترسی جەرگ سووتان ڕزگارم دەبێت". من وام دانابوو باوکم پێیناخۆش بێ کەچی هەستم کرد باوکم ترسێکی گەورەی لەسەر لائەچێ ئەویش ترسی فەوتان و لەنێوچوونی منە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ چوومە وڵاتی تورکیا. لەگەڵ گەیشتنم هەستم کرد تەلبەندێکم لە برسێتی و ترس بەجێهێشت، وام بەخەیاڵدا دەهات دۆزەخێکم لەدوای خۆمەوە جێهێشتووە.چونکە لە واقیعدا چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەم لەسەر نەما. کوردستان بۆ من جگە لە نیشتمانێکی نائارام هیچیتر نەبوو. بەگەیشتنم بەو وڵاتە سەرسام بووم. لەوێ هەموو شتێک جیاواز بوو، هەر لە نان خواردنی بەیانییەوە تا سیستەمی ژیان. لەو وڵاتە چواردە مانگ بە قاچاغ ژیام بەڵام یەک شتم کرد بێئەوەی ئاگاداری هیچ ئەزموونێکی لەوەوپێش بم. قاموسێکی گەورەی عەرەبی ئینگلیزیم لابوو ڕۆژ تا ئێوارە خۆم فێری وشەی ئینگلیزی دەکرد و لەسەر ئەو مەقابایانەی کەلەژێر کومبار و دۆشەکەکاندا دامان نابوو وشەکانم دەنووسییەوە. ئەم ئەزموونە لە وڵاتی کەنەدا سوودی زۆرم لێبینی. هەر زوو بینیم تورکیا جگە لە زیندانێکی گەورە هیچیتر نییە بۆ من، تەنانەت ئێستاش کە سەفەری کوردستان دەکەمەوە حەز ناکەم بە تورکیادا بڕۆمەوە. لە تورکیاش ژیانم بەپێچەوانەی هەندێ پەناهەندەی تر ناخۆش بوو. دەستکورتی لەلایەک و ترسی دیپۆرتکردنەوە لەلایەکی تر وەک مۆتەکە بەسەرسەری ژیانی خۆم و ماڵومنداڵمەوە بوون. لەوێش بەهۆی ئەوەی ئەندام و کادیری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بووم هەر خەریکی کاری شورای پەناهەندەی عێراقی و کۆمیتەی هاوپشتی کرێکاری بووم. لە تورکیا نزیکەی بیست شیعرێکم نووسی. شیعرەکانم هەر هەمان شێوە و ناوەڕێکیان هەبوو کە ئەدەبی کرێکاری هەیبوو. ئەو شیعرانەم لەگەڵ سەرجەم ئەرشیفی شەخسی خۆم و نامیلکە شیعرییەکانم وتارەکانم و وتارە ڤیدیۆییەکانم پاش ئەوەی لە UNHCR سوودم لێ بینین، لەکاتی گواستنەوەم بۆ کەمپی سلۆپی دام بە کاک ئاکامی پەیامنێری ڕۆژنامەی "بۆ پێشەوە" تا ئەویش بیاننێرێ بۆ ئەنوەری ڕەشی عەوڵا(ب.سۆلین)ی برای لە فینلەند و منیش دوایی وەریان بگرمەوە. بەڵام ئێستاش نازانم ئاکام چی لەو شتانەم کرد و هەموو فەوتان.پۆلیسی تورکیا جوانییەکانی تورکیای لێ شاردبوومەوە. چونکە ئەمزانی بە دەردەسەرییەک گەیشتمە تورکیا و ئەگەر دیپۆرت بکرێمەوە ئەوا کارەساتە، بۆیە زۆر وریایانە هەڵسوکەوتم دەکرد. ڕۆژێکیان لەبەردەم UNHCR ی ئەنقەرە پۆلیس من و ئەبوجاسمیان گرت. ئەبوجاسم کوڕێکی کوردی کەرکووکی بوو کە بۆ راندۆم چووبووین بۆ ئەوێ.لەناکاو چوار پێنج میت پەیدا بوون و وتیان ناسنامەمان بدەنێ. وەختی قۆڵیان گرتین وتمان قۆڵمان بەردەن تا ناسنامەتان بدەینێ. هەر قۆڵیان بەرداین هەڵاتین. من بەلایەکدا و ئەبوجاسم بەلایەکی تردا. منیان پێنەگیرا و ئەبوجاسم گیرا و مانگێک لە ئەمنیەتی ئەنقەرە لێدانی خوارد و مووی سنگیان دەرهێنا و دەیانویست بزانن ئەو عەبدوڵا سڵێمانە لە کوێ ئەژیت. دنیایەکی سەیرە من لە کەرکووک لە ئەمنی کەرکووک گیرابووم و شەش کەس لەسەر من تێهەڵدانیان دەخوارد. دواتریش کە بەربووم زانیم دەگیرێمەوە بەر لە چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی بدەنەوە بەسەر ماڵی باوکم و داوای من بکەن، من بەرەو هەولێر تێمقوچاند و لەهەولێریش لەترسی غافڵکوژی هەڵاتم و لەتورکیاش هەر هەڵاتووم. ئەوسا بیرم دەکردەوە ئاخۆ تۆ بڵێی لە وڵاتی سێهەمیش هەر هەڵاتوو نەبم. لەڕێگەی یوئینەوە یەکەمجار درامە سەفارەتی ئەمریکا و دوای دوو موقابەلە ڕەت کرامەوە و ئینجا درامە سەفارەتی نیوزیڵاند و ئەویش نەهات بۆ چاوپێکەوتن و دواجار درامە سەفارەتی کەنەدا و لەوێ قەبوڵ بووم.

تاراوگە و تاریکی گەڕانەوە بۆ نیشتمان.


تا نەهاتمە کەنەدا هیج زانیارییەکم لەسەر ئەو وڵاتە نەبوو. لە کتێبی ئەتڵەس و نەخشەی جیهاندا ناوی کەنەدام بینیبوو، بەڵام نەمئەزانی ئەم وڵاتە (تاراوگە) لەگەڵ هەموو جوانییەکەشی هێشتا ڕوحی من ناتوانی تیایدا ئۆقرە بگرێ. لەم وڵاتە دووچاری ئەوەی پێی دەڵێن پێکدادانی کلتوورەکان (Culture Shock) بووم. زمانی ئینگلیزی قورس، خەڵکانێکی وڵاتە جیاجیاکان و کلتووری جیا جیا و خەڵکی ڕەش و سپیم بینی، نەتەوە جیاجیاکانم بینی، مرۆڤم بینی ڕێزی لێ دەگیرا، سیستەمم بینی و بۆ یەکەمجار لەژیانم خۆم لە کۆمەڵگەیەکدا بینییەوە کە بەهای مرۆڤ ڕۆڵی هەیە لە بەرجەستەکردنەوەی ژیان . من لەمانگەکانی سەرەتای گەیشتنم بە کەنەدا بەو پێیەی لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای کەرکووک هەندێک بە ئینگلیزی خوێندبووم و لەتورکیاش خەریکی (Spelling ) ی زمانی ئینگیزی بووم دەمتوانی گڕوگاڵێک بکەم، بەڵام بەکەڵکی کۆمینیوکەیشن نەدەهات. بۆیە یەکەم شت لەم وڵاتە ئەوەیە دەبێ زمان فێر بیت. دەوڵەتی کەنەدا یارمەتیدەرە و خۆشت دەبێ هەوڵ بدەی. زۆر جار لەناو پاسدا خۆم تاقیدەکردەوە وەختی کەنەدییەکان دەدوان هەوڵمدەدا بزانم چەند تێیان دەگەم، نەمدەزانی ئەوان بە جلفی ئینگلیزی (Slang) دەدوێن کە زۆر جیاوازە لەزمانی نووسین. تاراوگە توانی ئاسۆی بیرکردنەوەم بگۆڕی و تەنانەت بەهاکان و جوانییەکانی ژیانم لا دروست بکاتەوە. تاراوگە بۆ من وەک چەمک هەر بەتەنها تەوزیف کردنی شیعرییانەی غوربەت و دیاریکردنی پنتکی جوگرافیای ژیان نییە، بەڵکو نیشتمانێکە لێوانلێوە لەئەزموون و بارگاوییە بە شیعر. تاراوگە تارایەکە و جەستەی شیعری داپۆشیووم و سەرزەمینێکە نۆستالیژیا تیایدا ڕسکاوتر باڵا ئەکا. کاریگەری تاراوگە کاریگەرییەکی ڕوحییە بەر لەوەی پیادەکردنی شارەزاییانەی ئەزموونی تێکەڵاوکردنی شیعر و غوربەت بێت. من لەتاراوگە نیشتمانم جوانتر و خۆشەویستی نیشتمان ئەڤیندارتر دەبینم. تاراوگە ئەتوانم بڵێم پیادەکردنێکی ئەو کاریگەرییە ڕوحییەیە لەشیعردا. لەکەنەدا جارێکی تر بەڵام جیددی تر لەجاران دەستم کردەوە بە خوێندنەوە و نووسین. جارێکیتر دەستم کردەوە بە دانانەوەی کتێبخانە بچکۆلەکەم کە ئێستا پڕە لە کتێبی کوردی و ئینگلیزی. ماوەی چوار ساڵیشە جگە لە ئەنتەرنێت بەردەوام بڵاوکراوە و کتێبەکانی کوردستانم دەگەنە دەستم. لە دەساڵی ڕابردوودا توانیم دوانزە کتێب چاپ بکەم ئەمە بێجگە لە نامیلکەکانی زووترم. زمانی ئینگلیزی دەروازەیەکی گەروەی بەڕوودا کردمەوە. لێرەوە کەوتمە ئاشنایەتی پەیداکردن لەگەڵ ئەدەبی زەبەلاحی ئینگلیزی. ئەڵێم ئاشنایەتی نەک خوێندنەوە چونکە چەندێ تەمەنم لەژیاندا ماوە و زەربی دەی بکەی هەر ناتوانم بەرهەمە چاپکراوەکانی جیهانی ئەدەبی ئینگلیزی بخوێنمەوە.


گەشتکردن بۆ نووسەر زۆر گرنگە و سەفەر ئەتوانی ئینتباعاتی هونەری جوانت بداتی. ئەم گەشتە تاڵەی من لەدۆزەخی ئەوسای کوردستانەوە بەرەو سەوزاییەکانی وڵاتی سێهەم کاریگەری هەبووە نەک تەنها لەسەر بۆچوونەکانم، بەڵکو لەسەر تەواوی دیدگای ئەدەبیم. من زۆر جار دەڵێم لەژیانمدا چەند هەڵەیەکم کردووە خۆزگە نەمکردنایە، کە یەکێک لەوانە هەڵەی چوونە دەرەوەم بوو بۆ وڵاتی سێهەم. ئەم هەڵەیەش کۆمەڵی دەستکەوتی پۆزەتیڤی لەگەڵ خۆیدا بۆ هێناوم. تازە تەڵەی کەنەدا گرتوومی و دەربازبوونم نییە. مەگەر وەک مەهدی جەوادی پاڵەوانی ڕۆمانی ( ولیمة لاعشاب البحر) ی حەیدەر حەیدەر کەلەدوا ساتی لەدەستدانی تروسکایی ژیان وەک باڵندەیەک خۆم فڕی بدەمە ناو دەریاوە. کە بیر دەکەمەوە وەختی دەمرم لەکوێ بنیژرێم لە کەرکووک یان ڤانکۆڤەر؟ ئەگەر لە کەرکووک بم ئیدی ئاڵای کچم و ئاتینی کوڕم بەئاسانی ناتوانن بێنە سەر گۆڕەکەم و گوڵێکم لەسەر دابنێن. ئەگەریش لە ڤانکۆڤەر بنێژرێم ئەوا برا و کەس و کارەکانم هەرگیز ناتوانن بێنە سەر گۆڕەکەم و هەفتەی جارێک یان مانگی جارێک لەبیرە ئاوەکەی ناو گۆڕستانەکەی ڕەحیماوە تەنەکەیەک ئاو بهێنن و دەوری گۆڕەکەم پاک بنەکەنەوە و دارەکەی ژوور سەرم ئاو بدەن، یان بە باوەڕی خۆیان فاتیحایەکم لەسەر بخوێنن، هەر وەک ئێستا بۆ گۆڕی دایک و باوکم دەیکەن. تا ئێستاش نە نێرگزی هاوسەرم جورئەتی کردنەوەی بابەتی لەو جۆرەی هەیە و نەمنیش دەمەوێت دڵتەنگی بکەم و ناچاری بکەم قەزاوەت لەسەر مردن و ناشتنی خۆمان بکەین کە هێشتا خۆشەویستیمان لەسەرەتای بەهاری خۆیدایە. ئەی ڕوو لەکوێ بکەم؟ ڕوو لە بەرزەخ و هەڵکشان بەرەو لای مەلەکوتەکانی خۆهەڵخەڵەتاندن، یان خۆ سەرقاڵکردن لە شانشینی نووسین بە شیعر و وەرگێران و شانۆ. ئەم قەزاوەتکردنە سەرەتای ئەو پرسیارە ترسناک و تاریکەیە کەلەگەڵ گوێگرتن لە گۆرانییەکەی ئەفسەری شەهیدی بەرەو ڕووم دەبێتەوە.

تاریکی ڕامان لە پرسیارە تاریکەکە.


ئیتر وەک بینیتان چۆن بەناو ئەو ڕۆژگارە تاریکەدا گوزەرم کرد و بێجگە لە مەشخەڵی شیعر و خۆشەویستی هیچیترم پێنەبووە و نییە و کاتێکیش لەم گەشتە غەفڵەتە تاریکەدا دەگەڕێمەوە دەبینم وا لەژووری دانیشتنەکەمانم و لەسەر قەنەفەکە لەجێگە تایبەتەکەی خۆم دانیشتووم و ئەفسەری شەهیدیش لەگۆرانی وتن وەستاوە و پرسیارەکەش هەروا لەبەردەستمدایە و نەمتوانیوە وەڵامی بدەمەوە و لەوبڕوایەشدام کەهەرگیز ناتوانم وەڵامی بدەمەوە. ئێوەی شیرینیش هەم قەزاوەت لەسەر ژمارە سیانزەکەم بکەن و هەمیش هەرکاتێ وەڵامی پرسیارەکەتان چنگکەوت تکایە لەجێگای بەتاڵی خۆیدا کەبەبەتاڵی لای خوارەوە جێیدەهێڵم دایبنێن.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ساتی گەڕانەوەی بەرەو باوەشی تاریکی لە .............. دەستی پێکرد و لە .......... نێژرا.
______________________________
تێبینی: ئەم نووسینە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١١ نووسراوە و لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ پیایدا چوومەتەوە و ئینگلیز وتەنی (up to date)م کردووە و لە کتێبی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری بڵاو بۆتەوە. ئەم کتێبە لە ئامادەکردنی ئازاد ئەحمەد ئەسوەد و لەبڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووکە ساڵی ٢٠١٥.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک