په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٦

    مامەحەمە.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

لوقمەپیاوێک لە دەرەوەی چەقی وشە و شیعر و قوتابخانە و کتێب
نامۆ بە ڕۆژنامە و نووسین
بەڵام شاعیری بێدەنگی و دەرچووی زانکۆی تەنیایی بوو
شیعرەکانی لەسەر تەم و
لەسەر پەلکەزێڕینە و سەراب دەنووسی
ئاونگی عەشقی دەنایە دەم کۆرپەکانی چارەنووس
لەژێر بەرداشی زەمانا ببوو بە ئارد
کەچی هێشتا هەر تۆکمەیی لێ دەچۆرا
لە دووتوێی ئەفسانەکاندا ببوە یاخت و
ببووە پردی سەر جۆگەلە و
ئاسمانی سەر هەتاوە خامۆشەکەی بوون
جنێوە شیرینەکانی لەهەنگوینی سادەیی و دڵپاکی و وڕاسگتۆیی وەردابوون
لە زەماوەندی هەتاودا و لەپرسەی شەوە نووتەکان
لەسەر ڕێی چڵەئاواتێ هەڵدەکورما و
پشتی دەدایە دیواری مەینەتی و دەستەنگی و ئازار
هێشتا گەنج بوو دەستی گۆچانی دەگرت و بەرەو پیربوون هەنگاوی نا
هەموو ڕۆژێ سینییەک لە شەبەنگەماچ
تەبەقەیەک پڕ لە پەلکەزێڕینەی عەشقی هەڵدەگرت و
بژێوی خۆی و تەنیایی دابین دەکرد
چیرۆکەکانی پاڵ هەنسک،
لاوکەکانی لووتکەی حەسرەت بۆ منداڵانی بزێوی شار دەوت و
لەبەردەم مزگەوتی خولیا
ڕێک لە تەنیشت دوکانی تەمەنفرۆش و خەونفرۆشی بازاڕە بچکۆلەکەدا
بە بێدەنگی و لە دڵەوەش بە هاوارێکی ئێجگار بەرز
بانگی بەختەوەری دەدا بەگوێی ڕێبوارانی وڕ و کاسی ڕێ لێونبووی گوزەرەکە
ئاسمانی دەکرد بە مۆڵگەی بەگژاچوون
تووڕە تووڕە..ڕەوە ڕەوە هەوری نەعرەتەی دەیگرماند
لێزمەی ڕق و زریانی بەنەفرەتکردن ژین و قەدەری دەیباراند
ئەویش چەتری بانگەوازی بەدەستەوە و
هێواش هێواش بەگردەکەی نائومێدی سەردەکەوت و
پشکۆی شیعر
ژیلەمۆی خەم
خۆڵەمێشی بێزاری و ژانی دەنایە سەر مەقەڵەی ژین
هەر بە خۆی و سینی و تەبەقەی عەشقییەوە
گۆشتی وشە و کەبابی خەمی دەبرژاند
بۆ ئێوارەش خۆی و سوپایەک لە ڕەشبینی و بێهیوایی بەرەوماڵ دەبوونەوە
لەسەر سەکۆی تەمەنێکی پڕ لە وێنە ئالووسییەکانی قەدەردا
ڕوو لە گڕی باوەگوڕگوڕ دانی خۆزگەی دەدایە بیبیسووەکانی خەون و خەیاڵ
دواتر خۆشی چەشنی باڵندەی تاسێندراو
چەشنی وشەی ڕاپسکاوی نێو دەفتەرێک
دەچووە باوەشی هەتاو و
لەنێو خەونێکی قوللابی دەبووە پاشای وڵاتی میزۆپۆتەیمیا
دەبوو بە مانگ
بە خۆرەتاو
بەئاوازی گۆرانی کچە قەرەجەکانی سەر ستەیجی نەهامەتی
دەبوو بە خەنەبەندان و دەبوو بە شایی بۆ نۆبووک
دەبووەوە گڕ بە ئەفسانەکەی نێو قەڵا و لێوار چەمی خاسەی کەرکووک.


ئازاری ٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک