په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠٢٣

مارکسیزم و تیۆری ئەدەب.

 

 

   نەسروڵا مامبرۆڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) 

مارکسیزم فەلسەفەی ماتریالیستە کە تێکۆشا جیهان لەسەر بنەمای جیهانی کۆنکرێتی و سروشتی دەوروبەرمان و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین؛ لێکبداتەوە. دژایەتی فەلسەفەی ئایدیالیستە کە جیهانێکی ڕۆحیی لە شوێنێکی تر چەمکساز دەکات کە کاریگەری لەسەر جیهانی ماددی هەیە و کۆنترۆڵی دەکات. بە جۆرێک هەوڵیدا بیرکردنەوەی خەڵک بخاتە ناو گێڕێکی پێچەوانەوە چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبوو لەگەڵ ئەو فەلسەفانەی کە پێش خۆی هاتبوون. خودی کارل مارکس لە سەر ئەم سروشتە شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم سەرنجی داوە و دەڵێت : (فەیلەسوفەکان تەنیا بە شێوازی جۆراوجۆر دونیایان لێکداوەتەوە؛ گرنگ ئەوەیە کە بیگۆڕین). ڕاستە لە کاتێکدا فەلسەفەکانی تر هەوڵیان دەدا لە جیهان تێبگەن، مارکسیزمیش هەوڵی گۆڕینی دەدا.

مارکسیزمی کلاسیک: بنەما بنەڕەتییەکان.


بە بڕوای مارکسیزم کۆمەڵگە لە ڕێگەی ململانێی نێوان هێزە دژبەیەکەکانەوە بەرەوپێش دەچێت. هەر ئەم ململانێیەی نێوان چینە دژبەرەکانە کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مێژووش لە ڕێگەی ئەم خەباتە چینایەتییەوە بەرەوپێش دەچێت. خەباتی چینایەتی بەدرێژایی مێژوو لە چەوسانەوەی چینێک لەلایەن چینێکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەردەمی فیۆداڵیدا گرژی لە نێوان فیوداڵەکان و جووتیاراندا بووە و لە سەردەمی پیشەسازیدا ململانێ لە نێوان چینی سەرمایەداری (بۆرژوازی) و چینی کرێکاری پیشەسازی (پرۆلیتاریا) بووە. چینەکان بەرژەوەندی گشتییان هەیە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا پرۆلیتاریا هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ چینی سەرمایەداری. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بە بڕوای مارکس، دواجار دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەم بە سۆشیالیزم.


چەمکێکی گرنگی دیکە کە مارکس بەکاری هێنا، دیالێکتیک بوو کە لە سەرەتادا لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی سەدەی هەژدە (هیگڵ)ەوە پەرەی پێدرا. هیگڵ فەیلەسوفێکی ئایدیالیست بوو کە ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا بۆ ئاماژەدان بوو بە پرۆسەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نوێ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکە دژ بەیەکەکان. ئەو پێیوابوو جیهان بە فیکر بەڕێوە دەچێت و بوونی ماددی گوزارشت لە جەوهەرێکی ڕۆحی ناماددییە. بەڵام مارکس هەمان چەمکی بەکارهێنا بۆ لێکدانەوەی پێشکەوتنی جیهانی ماددی. بە ڕای مارکس هیگڵ جیهانی لنگەوقووچ کردەوە بە پێدانی پلە یەک بە بیرۆکەکان لە کاتێکدا هەوڵی مارکس پێچەوانەکردنەوەی بوو. لەبەرئەوەی دیالێکتیکی مارکس بە ماتریالیزمی دیالکتیک ناسراوە، مارکس دەیوت هەموو سیستەمە فیکرییەکان( ئایدۆلۆژییەکان) بەرهەمی بوونی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و ئابوورین. بۆ نموونە سیستەمی یاسایی ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی چینی باڵادەستە لە قۆناغە مێژووییە تایبەتەکاندا نەک دەرکەوتنی عەقڵی ئیلاهی. دیالێکتیکی مارکسیستی دەکرێ وەک زانستی یاسا گشتی و ئەبستراکتەکانی گەشەسەندنی سروشت و کۆمەڵگە و بیرکردنەوە تێیبگەین کە گەردوون بە کۆیەکی دانەبڕاو دەزانێت کە تێیدا شتەکان وابەستەی یەکترن، نەک تێکەڵەیەک لە شتە دابڕاوەکان لە یەکتر. هەموو شتەکان لەناو خۆیاندا دژایەتی دیالێکتیکی ناوخۆیی لەخۆدەگرن، کە هۆکاری سەرەکی جووڵە و گۆڕانکاری و گەشەسەندنن لە جیهاندا. ماتریالیزمی دیالکتیکی ئامرازێکی کاریگەر بوو بە دەستی مارکسیستەکان لە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پشت پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتی گەشەسەندنی داهاتوویان.


یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی تێڕوانینی مارکسیستی کلاسیک چەمکی ژێرخان و سەرخانە کە ئاماژەن بۆ پەیوەندی نێوان ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنان و جیهانی کلتووری هونەر و بیرۆکەکان، کە لە بنەڕەتدا چەمکگەلێکی ڕەمزیین و پێکهاتەی ستراکتۆرییان بەکارهێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییە. ژێرخان بەمانای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکان و شێوازی بەرهەمهێنانە و سەرخانیش بەمانای هونەر، یاسا، سیاسەت، ئایین و لە سەرووی هەموویانەوە بەمانای ئایدۆلۆژیایە. بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە کلتوور بە بارودۆخی مێژوویی و پەیوەندییەکانی باڵادەستی و ژێردەستەیی کە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا باون، بەڕێوەدەچێت. ئەخلاق، ئایین، هونەر و فەلسەفە وەک دەنگدانەوەی پرۆسەکانی ژیانی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن. بە وتەی کارڵ مارکس خۆی (تارمایی یان خێون و لە مێشکی مرۆڤەکاندا دروست دەبن). لەم ڕوانگەیەوە هەموو بەرهەمە کلتوورییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژێرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا هەیە.


دۆسیەی ڕۆمانەکانی مولک ڕاج ئاناند وەربگرە کە باس لە ژیانی دەست لێنەدراوەکان و کولییەکان(١) و کرێکارە ئاساییەکان دەکەن کە لە پێناو ماف و خۆبەگەورەزانینی خۆیان خەبات دەکەن. ڕاستە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو ململانێ چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگەی هیندستاندا باو بووە. ئێم تی ڤاسودێڤان نایر، ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی مالایالم، لەبارەی تێکچوونی تاراڤادی فیۆداڵی لە کیرالا نووسیویەتی. بەڵام لەدوا شیکردنەوەدا چیرۆکەکانی فلتەرکردنی مۆدێرنیتەی بۆرژوازین لە کۆمەڵگەی کیرالا و چۆنییەتی چوونە ناو پەیوەندییەکی ناکۆکی لەگەڵ بەهاکانی فیۆدالیزمدا ئاشکرا دەکەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت شوێنەواری ئەم پەیوەندییە لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی کلتووریدا دەستنیشان بکرێت.

ڕیالیزمی سۆشیالیستی.


ڕیالیزمی سۆشیالیستی وەک بنەمای جوانیناسی فەرمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی نوێ شکڵی گرت. بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیستاتیکا و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی سەدەی نۆزدەهەمەوە شكڵ و شێوەی پێدرا. ڕەیمۆند ویلیامز سێ بنەما وەک بنەما دامەزرێنەرەکانی ڕیالیزمی سۆشیالیستی دەستنیشان دەکات. ئەوان پارتینۆست یان پابەندبوون بە دۆزی چینی کرێکاری حیزب، نارۆدنۆستی جەماوەری و کلاسۆڤۆس یان پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان. بیرۆکەی پارتینۆست لەسەر بنەمای وتارەکەی ڤلادمیر لینین، ڕێکخستنی حیزبی و ئەدەبی حیزبی (١٩٠٥) دامەزراوە کە پابەندبوونی نووسەر بە ئامانجی حیزب بۆ ڕزگارکردنی چینی کرێکار لە چەوسانەوە دووپات دەکاتەوە. نارۆدنۆست ئاماژەیە بۆ سادەیی باوی بەرهەمی هونەری. مارکس لە کتێبی دەستنووسەکانی پاریسدا ئاماژە بۆ ئەو نامۆبوونەی کە لە جیابوونەوەی عەقڵی و جەستەیی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرچاوە دەگرێت، دەکات. پێشتر لە ژێر سیستەمی فیۆدالیزمدا ئەو کرێکارانەی کە سەروکاریان لەگەڵ پیشەسازی بەرهەمهێنانی پەنیردا هەبوو، گەلێ شتومەکی جۆراوجۆر یتریان بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنا، کە هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانەکە لە هەمان شوێن لە ژێر چاودێری هەمان خەڵکدا ئەنجام دەدران. بەڵام لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا کرێکاران کۆنترۆڵی بەرهەمەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان لەپرۆسەی بەرهەمهێنان لەدەستداوە و لە کارەکانی خۆیاندا هەستییان بە نامۆ بوون کردووە. بۆیە تەنها هونەری میللیی وەک هونەری خەڵک مایەوە. چەمکی نارۆدنۆست ئەم کوالیتییەی هونەری باو دووپات دەکاتەوە کە جەماوەر بە ئاسانی دەستی پێڕا دەگات و خوازیاری گێڕانەوەی کۆی بوونی لەدەستچوویانە. کلاسۆڤۆسیش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار. پەیوەندی بە جیهەتگیریی ئاشکرای نووسەرێکەوە نییە بۆ چینێکی دیاریکراو بەڵکو پەیوەندی بە توانای سروشتی نووسەرەوە هەیە بۆ وێناکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.


بۆ نموونە، بەلزاک، لایەنگری شانشینی بۆربۆن، لە هەموو مێژوونووسەکان زیرەکتر باسێکی دزەپێکەری کۆمەڵگەی فەرەنسی دەخاتە ڕوو. هەرچەندە تۆڵستۆی، ڕۆماننووسی ڕووسی، سەر بە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکرات بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕووسیا نەبوو، بەڵام لینین تۆڵستۆی بە ئاوێنەی شۆڕشی ڕووسیا ناوبرد، چونکە لەڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگەی ڕووسیادا کە بوونە هۆی بەرپابوونی شۆڕش. هەڵوێستی لینین سەبارەت بە هونەر و ئەدەب لە هەڵوێستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس تووندتر بوو. ئەو دەیگوت ئەدەب دەبێت ببێتە ئامرازی حیزب. لە کۆنگرەی نووسەرانی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٣٤دا، ڕیالیزمی سۆسیالیستی وەک بنەمای ئیستاتیکی فەرمی یەکێتیی سۆڤییەت قەبوڵکرا. وەک دۆگمایەکیش لەلایەن کۆمۆنیستەکانی سەرتاسەری جیهانەوە پەیڕەوکرا.


بەم شێوەیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیاسەتی ئەدەبی فەرمی لەلایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە، "هێڵی مۆسکۆ"(٢) بەناوبانگ بوو و لە نێو کۆمۆنیستەکاندا قبوڵکردنی نێونەتەوەیی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی (هۆ ئەنجام)ی نێوان ئەدەب و ئابووری لەگەڵ هەموو ئەو نووسەرانەی لە سنووری فیکری پێگەی چینایەتی خۆیاندا گیریان خواردبوو، گریمانە کرا. یەکێک لە نموونەکانی ئەم ڕەخنە ئەدەبییە بێڕەحمانە مارکسیستییە، وەهم و واقیعە کە لە نووسینی کریستوفر کادوێڵە. هەرچەندە دامەزراندنی پەیوەندییەکی یەک بە یەک لە نێوان ژێرخان و سەرخاندا وەک ئەوەی ڕەنگە هەندێک لە "مارکسیستە دەستوپێ سپییەکان" هەوڵی بۆ بدەن، لەلایەن ڕەخنەگری مارکسیست، تێری ئیگلتنەوە دژایەتی دەکرێت. بە بڕوای تێری ئیگلتن، هەر توخمێکی سەرخان، هونەر، یاسا، سیاسەت و ئایینی هەر کۆمەڵگەیەک، خێرایی گەشەسەندنی تایبەت بەخۆی و پەرەسەندنی ناوخۆیی خۆی هەیە، کە کورتناکرێتەوە بۆ تەنها دەربڕینێکی خەباتی چینایەتی یان دۆخی ئابووری . بەڵام مارکسیستە کلاسیکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دوا شیکردنەوەدا سەرخان بەو شێوازی بەرهەمهێنانە دیاری دەکرێت. ڕەخنەگری مارکسیستی هەنگاری جۆرج لۆکاش نوێنەرایەتی ئەم جۆرە ئۆرثۆدۆکسییە سیاسییەی دەکرد. لوکاش خەیاڵی ڕیالیستی سەدەی نۆزدەهەمی وەک مۆدێلێک دەبینی و پێی وابوو کە بەرهەمێکی ڕیالیستی دەبێت نەخشەی بنەڕەتی دژایەتییەکان لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا ئاشکرا بکات. دیبەیتەکەی لەگەڵ بێرتۆڵت برێشت لەسەر کۆی پرسیارەکانی ڕیالیزم و گوزارشتخوازی بە وردی باسی گرنگی فۆرم و چەمکی فۆرمی لە ڕەخنەی مارکسیستیدا کرد. دیبەیتەکە ڕادەستی فۆرمالیستەکان کرا کە ئاراستەی نوێیان لە پەرەپێدانی ڕەخنەی مارکسیزمدا پێبەخشی.

پێشکەوتنی زیاتر لە ئیستاتیکای مارکسیستیدا.


ڕەخنەی مارکسیستی لە دەرەوەی هێڵی فەرمی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپادا گەشەی کرد. فۆرماڵیزمی ڕووسی (٣) وەک ڕوانگەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە مارکسیزم لە ساڵانی ١٩٢٠دا شێوەی پێدابوو. بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دیدگای تیۆری فەرمی حزبدا نەگونجا، لەلایەن حزبی شیوعییەوە هەڵوەشایەوە. ئەندامانی دیاری ئەم گرووپە بریتی بوون لە ڤیکتۆر شکلۆڤسکی، بۆریس تۆماشێڤسکی و بۆریس ئایچنباوم، کە لە بنەڕەتدا بیرۆکەکانیان لە کتێبی ڕەخنەی فۆرماڵیستی ڕووسی لەمیانی چوار وتاردا بڵاوکردەوە، کە لەلایەن لی تی لیمۆن و ماریون جەی ڕیسەوە سەرپەرشتی کراوە.


هەرچەندە فۆرماڵیستەکان لە یەکێتیی سۆڤییەتدا سەرکوت کران، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و پراگ سەریان هەڵدایەوە. یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە، میخائیل باختین لە یەکێتیی سۆڤییەت مایەوە و درێژەی بە پراکتیزەکردنی ڕەخنەیی خۆی دا. چەمکی دیالۆگیزمی ئەو فرەیی و جۆراوجۆرەی دووپات دەکردەوە. ئارگومێنتێک بوو دژی هەژموونی کۆنترۆڵی ڕەهای نووسەر. پێویستی ڕەچاوکردنی ئەوانی دیکە و ئەویتربوونی دووپاتکردەوە. بە جۆرێک ئارگومێنتێک بوو دژ بە زیادبوونی یەکسان کردنی ژیانی کلتووری و سیاسی لە یەکێتیی سۆڤییەتدا.


زۆر کەسی دیکە کە سەر بە هەمان ڕوانگە بوون، چوونە دەرەوە و لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە کارەکانیاندا، کە سەرەتای فۆرمێکی نوێی ڕەخنەی مارکسیستی بوو. ڕۆمان جاکۆبسۆن لەگەڵ ڕێنی ویلێک و چەند کەسێکی دیکەدا حەلقەی زمانەوانی پراگیان دامەزراند. (٤) لە ئەڵمانیا قوتابخانەی ئیستاتیکای مارکسیستی فرانکفۆرت لە ساڵی ١٩٢٣ وەک دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سیاسی پەیوەست بە زانکۆی فرانکفۆرت دامەزراوە. (٣) واڵتەر بنیامین، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و هێربێرت مارکوزە هەندێک لەو کەسایەتییە گرنگانە بوون کە پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. هەوڵیاندا لایەنەکانی فۆرماڵیزم لەگەڵ تیۆرییەکانی مارکس و فرۆید تێکەڵ بکەن. بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەیان لەسەر کلتوور و پەیوەندیی جەماوەری و ڕۆڵی ئەوان لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەریدا ئەنجامدا. هەروەها قوتابخانەی فرانکفۆرت یەکێک لە یەکەمین مۆدێلەکانی لێکۆڵینەوەیەکی کلتووری ڕەخنەیی دروستکرد کە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی کلتووری و ئابووری سیاسی، سیاسەتی دەقە کلتوورییەکان و پێشوازیکردن و بەکارهێنانی شوێنەوارە کلتوورییەکانی بینەر، شیدەکاتەوە.


بیرمەندانی مارکسیستی وەک واڵتەر بنیامین و بێرتۆڵد برێشت هونەریان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی دەبینی. وتارەکەی واڵتەر بنیامین، نووسەر وەک بەرهەمهێنەر (١٩٣٤) باس لەم پرسیارە دەکات، پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەمی خۆیدا چییە؟ بنیامین هەوڵدەدات بڵێت بەرهەمهێنانی هونەری پشت بە هەندێک تەکنیکی بەرهەمهێنان دەبەستێت کە بەشێکن لە هێزە بەرهەمهێنەرەکانی هونەر وەک بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنی شانۆیی و هتد. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ نابێ بە بێ ڕەخنەی هێزەکانی وجود بەرهەمهێنانی هونەری قبوڵ بکات، بەڵکو پێویستە ئەو هێزانە پەرەی پێبدات و شۆڕشیان بۆ بەرپا بکات. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ یارمەتیدەرە لە دروستکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی نوێ لە نێوان هونەرمەند و بینەردا. لەم پرۆسەیەدا نووسەر و خوێنەر و بینەر دەبنە هاوکاری یەکتر. شانۆی ئەزموونگەریش کە برێشت پەرەی پێداوە، وەدیهێنانی چەمکی بنیامینە.


بێرتۆڵت برێشت، هاوڕێی نزیکی بنیامین، چەمکی شانۆی مەلحەمی پەرەپێدا کە شانۆی ترادیسیۆنی سروشتخوازی هەڵوەشاندەوە و جۆرێکی نوێی شانۆی بەرهەمهێنا کە پەیوەندییە کاراییەکانی نێوان شانۆ و بینەر، دەق و بەرهەمهێنەر و بەرهەمهێنەر و ئەکتەر دەگۆڕێت. شانۆی بۆرژوازی لەسەر بنەمای وەهمگەرایی دامەزراوە. بینەر بەکاربەرێکی پاسیڤیستە. شانۆنامەکە هانیان نادات بۆ بیرکردنەوەی بنیاتنەرانە. بە بڕوای برێشت ئەمە لەسەر ئەو گریمانە دامەزراوە کە جیهان جێگیر و بەخشراو و نەگۆڕە و ئەرکی هونەر دابینکردنی خۆشییەکی خۆشخەیاڵانەیە. بەشداری بەناوبانگی برێشت کاریگەری نامۆبوونە. تەکنیکەکە بریتییە لە نامۆکردنی بینەران لە نمایشەکە و ڕێگریکردن لە یەکسانبوونیان لە ڕووی سۆزدارییەوە لەگەڵ شانۆنامەکەدا. ئەزموونی زانراو لە ڕووناکییەکی نەناسراودا دەخاتە ڕوو کە بینەر ناچار دەکات پرسیار لەو هەڵوێستانە بکات کە بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا. برێشت تەکنیکەکانی وەکو نیشاندانی وینە و فیلم لە پشتەوە، گۆرانی سەما و بڕین و تێکدانی ئاکشن لەبری سازانێکی جوان بەدەستەوە دەگرێت.


بیرمەندی مارکسیستی فەرەنسی، لویس ئاڵتۆسەر زیاتر پەرەی بە ڕێبازی مارکسیستیدا لە ڕێگەی هێنانەکایەی چەمکە جۆراوجۆرەکانی وەکو زیادە دیاریکردن، ئایدۆلۆژیا و.. هتد. چەمکی زیادە دیاریکردن ئاماژەیە بۆ کاریگەرییەک کە لە هۆکاری جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدات نەک لە یەک هۆکارەوە. ئەم چەمکە؛ بنکۆڵکردنێکی سادەی بیروڕای گشتی و گونجاندنی یەک بە یەکی نێوان ژێرخان و سەرخاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئایدیۆلۆژیا زاراوەیەکی دیکەیە کە لەلایەن ئەلتوسێرەوە دەستکاری کراوە. بە بڕوای ئەڵتۆسەر ئایدیۆلۆژیا سیستەمی نوێنەرایەتییە کە بەخشراوە بە بوونێک و ڕۆڵێکی مێژوویی لە دڵی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا. واقیعی کۆمەڵایەتی بە سروشتیکردنی بیروباوەڕەکان و بە بەرەوپێشبردنی بەهاکان کە پشتیوانی لێدەکەن، تەمومژاوی دەکات. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی یاسا و کتێبی قوتابخانە و ڕێوڕەسم و نۆرمەکانی ئایینیەوە ئایدۆلۆژیا بڵاودەکاتەوە بەجۆرێک کە خەڵک تەنانەت بەبێ ئاگاداری خۆیشیان وەک ئاو دەیخۆنەوە. ئایدۆلۆژیا لەلایەن دەوڵەتەوە لە ڕێگەی دوو ئامێرەوە دامەزراوە، ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر؛ کە دادگاکانی یاسا، زیندان، پۆلیس، سوپا و هتد لەخۆدەگرێت و ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژیش کە قوتابخانەکان، میدیاکان، کڵێساکان، خێزان، هونەر و هتد لەخۆدەگرێت. ئەڵتۆسەر بونیادگەرایی هێنایە ناو مارکسیزمەوە. لە ڕوانگەی ئەڵتۆسێرەوە کۆمەڵگە کۆی پێکهاتەیەکە کە تاڕادەیەک لە ئاستە سەربەخۆکان پێکهاتووە وەک یاسایی، سیاسی و کلتووری کە شێوازی پێکەوە بەستانیان تەنیا لەلایەن ئابوورییەوە دیاری دەکرێت.


دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، ئەنتۆنیۆ گرامشی سیاسەتمەدار، تیۆریستێکی سیاسی، زمانزان و فەیلەسوف بوو. گرامشی لە نێو بیرمەندانی مارکسیستیدا بە بیرمەندێکی ڕەسەن ناسراوە، چەمکەکانی وەک هەژموون و ژێردەستەیی ناساندووە. هەژموون بریتییە لە زاڵبوون بەسەر توێژە تایبەتەکانی کۆمەڵگەدا لەلایەن چینە زلهێزەکانەوە. زۆربەی کات لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە کاردەکات نەک بە هۆی هێزەوە. سەرکردایەتی ئەخلاقی و فیکری چینی باڵادەستە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. زاراوەی ژێردەستە لەسەرەتادا لەلایەن گرامشی وەک وەسفێکی بەکۆمەڵ بۆ چەندین گروپی جیاواز و چەوساوە کە هۆشیاری چینایەتییان نییە، بەکارهێنراوە. بەڵام ئێستا بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە وەک بێزراوەکان، ژنان، کەمینەکان و هتد بەکاردەهێنرێت.


کەسایەتییەکی کاریگەر لە نێو بزووتنەوەی چەپی نوێدا ڕیمۆند ویلیامز بوو. نووسینەکانی لەسەر سیاسەت، ڕۆشنبیری، ماسمیدیا ئەدەب، بەشدارییەکی بەرچاون لە ڕەخنەی مارکسیستی لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەردا. ویلیامز حەزی لە پەیوەندی نێوان زمان و ئەدەب و کۆمەڵگە بوو. ئەو میتۆدی ڕەخنەیی داهێناوە، ماتریالیزمی کلتووری کە چوار تایبەتمەندی هەیە، سیاقی مێژوویی، میتۆدی تیۆری، سیاسی - پابەندبوون و شیکاری دەق. ماتریالیزمی کلتووری دیدگای جیاوازمان پێدەبەخشێت لەسەر بنەمای ئەوەی کە چی هەڵدەبژێرین بۆ خەفکردن یان ئاشکراکردنی لە خوێندنەوەی ڕابردوودا.
ماتریالیزمی کلتووری؛ پێیوایە کلتوور پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی پێکهێنەرە کە چالاکانە شێوازی ژیانی جیاواز دادەهێنێت. بە هەمان شێوە دروستکردنی مانا وەک چالاکییەکی ماددی پراکتیکی سەیر دەکرێت کە ناتوانرێت بخرێتە ئاستێکی لاوەکی. چەمکێکی گرنگی دیکە لە بیرکردنەوەی ویلیامزدا بریتییە لە پێکهاتەکانی هەست. ئەوان بەهاگەلێکن کە لە کاتی ژیان و کاردانەوەمان بەرامبەر بە جیهانی ماددی دەوروبەرمان دەگۆڕدرێن و دروست دەبن و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکاریدان. ویلیامز لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە لەسەر کلتوور بەشدارییەکی زۆری لە پەرەپێدانی ئیستاتیکای مارکسیستدا کردووە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە وڵات و شار کە ساڵی (١٩٧٣) کە تێیدا چەند بابەتێکی تایبەت بە ئەدەب گۆڕدراون بە بابەتەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیدا. ولیامز زۆر بەچڕی مارکسیزم و ئەدەبی لەساڵی (١٩٧٧) نووسی کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پسپۆڕانە، بەڵام هەروەها ڕێبازێک بۆ خۆی بۆ لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان ساز دەکات کە ناوی لێدەنێت ماتریالیزمی کلتووری.


فرێدریک جەیمسۆن، ڕۆشنبیرێکی مارکسیستی ئەمریکی، سەرنجی لەسەر تیۆری ڕەخنەیی بوو و کاریگەری کینێس بێرک، جۆرج لوکاش، ئێرنست بلۆخ، تیۆدۆر ئادۆرنۆ , قوتابخانەی فرانکفۆرت، لویس ئاڵتۆسەر و سارتەری لەسەر بووە. ئەو ڕەخنەی کلتووری وەک تایبەتمەندییەکی دانەبڕاو لە تیۆری مارکسیزمدا دەبینێت. ئەم هەڵوێستە نوێنەرایەتی پچڕانێک دەکرد لەگەڵ مارکسیزمی ئەرسەدۆکس کە ڕوانگەیەکی تەسکی بۆ ماتریالیزمی مێژوویی هەبوو. لە هەندێک ڕووەوە جەیمسن لەگەڵ ڕەخنەگرانی کلتووری مارکسیستی دیکەی وەک تێری ئیگلتۆن خەمی ئەوە بووە کە پەیوەندی مارکسیزم لە ڕێزگرتن لە ڕەوتە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی ئێستادا بخاتەڕوو. جەیمسۆن لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارە دەرچووەکانی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، گروپی ئەدەبی مارکسیستی دامەزراندووە. (٦)بەرهەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مارکسیزم و فۆرم: تیۆرییە دیالکتیکییەکانی سەدەی بیستەمی ئەدەب (١٩٧١) و ماڵی زیندان ماڵی زمان باسێکی ڕەخنەییە لە بونیادگەری و فۆرماڵیزمی ڕووسی (١٩٧٢). مێژوو هاتە سەر ئەوەی کە تا دێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە لێکدانەوەی جەیمسۆندا بۆ هەردوو خوێندنەوە (بەکارهێنان) و نووسین (بەرهەمهێنان)ی دەقە ئەدەبییەکان بگێڕێت. جەیمسۆن پابەندبوونی تەواوی خۆی بە فەلسەفەی هیگڵی- مارکسیستی بە بڵاوکردنەوەی کتێبی نائاگایی سیاسی: گێڕانەوە وەک کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی هێمادار (١٩٨١) دیاری کرد، کە دروشمی سەرەتایی "هەمیشە مێژووکردن"ە.


جگە لە جەیمسۆن، ڕەخنەگرانی مارکسیستی هاوچەرخ وەک تێری ئیگلتۆن، پرۆفیسۆری ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی لانکەستەر لە ئینگلتەرا و ئایجاز ئەحمەد، بیرمەند و شرۆڤەکاری سیاسی ناسراوی مارکسی لە هیندستانەوە بەشدارییەکی بەرچاویان لە بواری تیۆری مارکسیستی و ئیستاتیکادا هەیە. بەرهەمە بەناوبانگەکەی ئایجاز ئەحمەد، لە تیۆریدا: چینەکان، نەتەوەکان، ئەدەبەکان (١٩٩٢) شیکاری مارکسیستییانەی چەمکەکانی وەک ئەدەبی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتناسی لەخۆگرتبوو. لە لایەکی دیکەوە ئیگلتۆن زیاتر لە چل کتێبی بڵاوکردەوە کە بریتین لە تیۆری ئەدەبی :ناساندنێک (١٩٨٣)، ئایدیۆلۆژیای جوانیناسی (١٩٩٠) و وەهمەکانی پۆستمۆدێرنیزم (١٩٩٦). بیروباوەڕی مارکسیستی بەدرێژایی ساڵان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە کە شایستەی ئەو ئیدیعایەی مارکس بووە کە گۆڕانکاری تاکە دیاردەی نەگۆڕە لەم جیهانەدا و هەروەها بڕبڕەی پشتی نزیکەی هەموو تیۆرییە مۆدێرنەکانی کلتوور و ڕەخنە بووە. ڕەنگە پارادۆکسێک بێت کە لە کاتێکدا پراکتیکەکانی مارکسیستی لەم ساڵانەی دواییدا پاشەکشەیان کردووە، تیۆری مارکسیستی لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگیراوە.(٧)
____________________________________________
تێبینییەکان مەشخەڵ ئامادەی کردوون:
(١) کولییەکان یان قلی کە بەزمانی ئوردۆ و زمانی تورکی یانی کۆیلە. ئەسڵی وشەکە (قول) ە بەمانای دیل دێت. کولییوکان بەو کۆڵکێش و کرێکارانە دەوترا کە هەقدەستێکی زۆر کەمیان پێدەدرێت لەبەرامبەر کارێک. بەتایبەتی کرێکارانێک کە کەوتوونەتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا
(٢) هێڵی مۆسکۆ ؛ ئەو هێڵە فەرمییە بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤییەت و ستالینیزم ڕێبەرایەتیان دەکرد و لە بنچینەدا ئەوەندەی هەوڵدان بوو بۆ بەهێزکردنی ڕیالیزمی سۆشیالیستی ستالینی و جوانکردنی ڕووخساری سەرمایداری دەوڵەتی سۆڤییەت و تاوانەکانی ستالین هیچی تر نەبوو. ئەم خەتە گەرچی بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤییەت سەپۆرت کرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەدەبی مارکسیستی و کرێکاریی.
(٣) قوتابخانەی شێوەخوازی ڕووسی یان شێوەخوازە ڕووسییەکان؛ قوتابخانەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەدەبی بوو لە ڕووسیا کە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕووسیا لەنێوان ساڵانی ١٩١٥-١٩٣٠ . لەو نووسەر و بیرمەندانەی کە جێدەستیان دیار بوو وەکو ڤیکتۆر شیکلۆڤسکی، توری تایتیانۆڤ، ڤلادیمیر پرۆپ، بۆریس ئیچنباو، ڕۆمان جاکۆبسۆن، بۆریس تۆماشڤسکی، گریگۆری گوگۆڤسکی بوون. فۆرمالیستەکان زۆر لەژێر کاریگەری ڕەخنەی نوێدا بوون بەتایبەتی بونیادگەرایی و پۆست بونیادگەرایی. فۆرماڵیزمی ڕووسی بزووتنەوەیەکی هەمەچەشن بوو، هیچ باوڕێکی یەکگرتووی بەرهەم نەهێنا و هیچ کۆدەنگییەکی لە نێوان لایەنگرانیدا لەسەر ئامانجێکی ناوەندی بۆ هەوڵەکانیان لەئارادا نەبوو.
(٤) حەلقە یان بازنەی زمانەوانی پراگ؛ حەلقەیەک بوو لە ژمارەیەک ڕەخنەگری ئەدەبی و زمانناس لەساڵی ١٩٢٦ لە پراگ پێکهات. ئەندامانی دامەزرێنەری حەلقەکە بریتبوون لە ڕۆمان جاکۆبسۆن، نیکۆڵای ترابزکۆی، سێرجی کارجیڤیسکی، رێنێ وەڵاک. جان موکارۆڤسکی، ڤیلەم ماثیسیۆس. ساڵی ١٩٢٩ حەلقەکە تێزەکانی خۆی لە وتارێکدا ڕاگەیاند. ساڵێ ١٩٢٩ دەستیان کرد بە دەرکردنی گۆڤارێک بەناوی بەرهەمە زمانەوانییەکانی بازنەی پراگ و بە هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئەویش وەستا. دووجاری تر ئەو گۆڤارە لە ساڵەکانی ١٩٦٦ ١٩٧١ و هەروەها لە ساڵی ١٩٩٥ زیندوو کرایەوە و هاتە وەشاندن.
(٥) قوتابخانەی فرانکفۆرت؛ ئەم قوتابخانەیە قوتابخانەیەکی تیۆری کۆمەڵایەتی فەلسەفی ڕەخنەگرانە بوو، کە لە ساڵی ١٩١٨ لە شاری فرانکفۆرت هاتە دامەزراندن. گەلێ بیرمەند و فەیلەسووف و ئەدیب و سیاسی پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. ئەم قوتابخانەیە ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لەبردنەپێشەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێیانوابوو کە بیردۆزی کۆمەڵایەتی بەس نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لیبراڵی سەدەی بیستەمدا ڕوودەدەن. توێژینەوەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ڕەخنەی لە سەرمایەداری و هەروەها ڕەخنە لە مارکسیزم-لینینیزم وەک سیستەمی فەلسەفی نەگۆڕی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بە ڕێگای بەدیل بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و نەتەوە دەکرد. دوای چەندین قۆناغ و هەوراز و نشێوکردن، ئەم قوتابخانەیە لەساڵی ١٩٣٣ دەگوازرێتەوە بۆ جنێڤ و پاشانیش بەرەو ئەمریکا گوێزرایەوە.
(٦) گروپی ئەدەبی مارکسیستی؛ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٦٩ دا کە لەلایەن فریدریک جەیمسۆن و چەند قوتابییەکی دەرچووی زانکۆی کالیفۆڕنیا لە شاری سانتیاگۆ هاتە دامەرزاندن. ساڵی ١٩٧٥ فراوان بۆوە و گەلێ بیرمەند و نووسەری ئەکادیمی لەدەور کۆبووە و سیمیناریان گێڕا لەوانە فریدریک جیمسۆن، تێری ئیگلتن، ستانلی ئارۆنۆویز، گەیاتری سپیڤاک ، مایکڵ ڕایان، جێنی هۆڵەند، جون هۆوارد، جان بیڤەرلی. ئەم گروپە لەسەر گەلێ بابەت هەڵوەستەیان کردووە وەک لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان، پۆستمۆدرینیزم، پۆست بونیادگەری، لێکۆڵینەوە دەروون شیکارییەکان و گوتاری پۆست کۆلۆنیالی و فیمینیزم. شایانی باسە هەتا ئەمڕۆش لە چالاکی فەرهەنگی و کلتووری خۆی بەردەوامە.
(٧) جێی ئاماژەیە لەم نووسینەدا گەلێ ناوی نووسەر و ئەکادیمی هاتوون لە بە پێویستیم نەزانی بیان ناسێنم. خوێنەری چالاک لەڕێگەی گوگڵەوە دەتوانێت زانیاری تەواو لەسەر ئەو نووسەر و ئەدیبانە بەدەست بهێنێت.

سەرچاوە:
https://literariness.org/2016/04/12/marxism-and-literary-theory

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک