په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٥\٢٠١٤

    مەقسەڵەی گوناهـ و تەمومژە بێ رەنگەکان.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەشوێن جوانیما مەگەڕێ…
وەختێ پیاسەی چەپکێ دووکەڵی قەتیس بووی،
ژێر گێڵگەی پەرچەمی گومان
باوەشێ سوێند
کۆڵێ دوعاو ماچی وەریو،
لەداڵانی دەڵەمە لەبارچووەکان
بەهەناسەی "ننگرسۆ" وە ئاوێتە بێ
بووم بە وێنە..
بووم بەدار شەقەی پرسیار و،
خەوە کوتکەی ئەو سەرانەی
لەون بوونا..تەم دەبارێننە سەر پەیژەی مەرگەساتی توانەوە.
بۆم مەگەڕێ…
لەئارامی سەغڵەتیداو
لەمنارەی ژێرزەمین و
لە ئێوارەی خەندە جوانەمەرگەکانی گریانێکی تاک و تەنیا!
سەر بکەرە سەر ڕەشەبا چلێسەکان،
ئیتخی تێشوب،
ئەندریای لوبد،
کە دەخزێننە نێو هەویری قژ نیگرۆیی
خونچەی ئەزەل... تێ مەپەڕە..
بە کۆڵانی تەمە ڕەنگ پەمەیەییەکانی پشکۆی هەڵم،
گۆڕە بێ خانە خوێکانی تەوەری حەز هەڵمەدەوە..
ڕووبەروی یۆتۆپیای سەما..
بۆتە نیشتمانی کرم و
جاڵجاڵۆکەی بیرچوونەوەو
کرمی خەمی شیزۆفرینیا!
خەوە کوتکەی هەناسەکان مەشێوێنە...
گەڕیدەی پێنچ هەزار ساڵت
لەژێر کەپری ئەبەدییەتی گومانە پرسیارێکایە’...
بۆ..
دۆزینەوەی نهێنییە باڵ گڕەکانی حەقیقەتە لە گومانا.
بۆ..
دۆزینەوەی داچۆڕانەلە بەربەستی شەهوەتدا.
بۆ..
دۆزینەوەی سەرابستانی ون بوونە لە جوانیا.
بۆ..
پشکنینی بوخچەی ئایدیا کولەکانە.
بۆ..
مەحف بونەوەی ڕاڕەوی کەللەی لە ززەتە.
بۆ..
هەراسان کردنی پارووی ئایدیۆلۆژییەکانە..
جوانیم مەکە بە نیشانەی گەڕانێکی دڵەڕاوکێ..
گوناهەکانم لە گەڵای تۆفان پێچا!
جەستەی ڕووتم خستە ژێر نووری ئەبەدییەت
خەونە بێ پاڵەوانەکان...بوونە تارمایی ڕێڕەوی
نێو تاوێری پشت گومان و
یەقین بووە بە دەروازەی گۆرانییەکی قەرەجی سەوز...
تەزووی لەززەت بارییە سەر،
ئەو نەفرەتە لاوازانەی بەنامۆیی زاوزێ دەکەن..
چارەنووس پرسیارەکانی لە بانێژەی،
جەنگی مەغلوبەی ئاندریا...بوو بە هەڵم!
تا کەللەی سەر بوو بە دیوارێکی خەندەی ڕەنگ قاوەیی..
سێبەرێکی گومان لێکراو...
شەپۆلێکی گوناهکار و.
ڕۆژنامەنووسێکی بێ چاو..
لە ژێر شەپقەی تابووتێکی بێ چاوو ڕوو،
مناڵێتی لە بار دەبرد.
سوتووی بەفری دەخستە سەر جەستەی دووکەڵ.
وەختێ چەپڵە گەرا لە نێو لەتە ئاوێنە دادەنێ..
وەختێ هێشووە ماچ پێ دەگا.
وەختێ سەمای پیرە دارێک،
ئاوازی پایزانەی خۆی دەکات بەبلوری لانکی
کۆرپەلەی ئارابخای بریندار!!
وەختێ خونچە وەریوەکان،
لاشەی مەزارگای وەڵام و
سەرابستانی حەقیقەت دێتە سوجدە.
هاواری شمشێر هەڵکێشە بە ڕووی شەهوەت.
لە پانتایی ئەم ڕەهەندەی،
وەرزە سەر هەڵگرتووەکانی بە کەنەفتی،
برینێکی ساڕێژ نەبووی دەشووشتەوە.
چوار چێوە تێک شکاوەکان دەگریان بۆ وێنە تواوەکانی خواوەند.
جۆگەلەی لەسەرما تەزیو
لە شان شەتڵە پرسیاری وشک کراوە،
چاوەڕوانی وەڵامێکی نەناسراو بوون.
سێبەر.. حوکمی ڕۆژو مانگ و زەوی دەکرد!..
لەو ڕەوازە بەرینانەی کە ڕووبەریان دیل کردووە.
چاو بینینی ون کردووە.
لەژێر قرمژنی تلان و،
لەناو چەقی ئۆقیانووسی بیابانا،
لەسێ گۆشەی هزر و مەرگ و ێۆتۆپیایا
بازنە گومانێک ئاڵایە قەدی مێژووم!
چەپکە ڕامانێک پژایە ڕووی درشتم!
بەم ژانەوە لەدایک بووم.
جارێکی تر لەدایک بووم.
لەدایک بوون بۆ خوێندنەوەی دایکم و
هەڵهێنانی مەتەڵە تەلیسماوەکەی ئەو خوایانەی،
باوکمیان کردە قارەمانی تاوانێکی پڕ لە پرسیار.
لەدایک بوون بۆ ڕەهایی.
لەدایک بوون بۆ سۆراخی ئەو فەلسەفە ون بووانەی،
مەتەڵێکی ڕسش سپییان داوەتە پێش.
لەدایک بوون بۆ لە دایک بوونێکی تر.
    *    *    *
دیمەنێکی بەرایی لەمێژووی پاڕانەوە:
لەبەیانییەکی بەریئیی وڵاتی سەفەر و پرسیار،ئارابخا
دەستەکانی بەرەو ئاسمان بەرزکردبۆوە و دوعای دەکرد و لە
خواوەند ننگرسۆ دەپاڕایەوە کەنورە ئەزەلییەکەی بپارێزێ.
ساڵ تێپەڕی و ئارابخا لەدوعاکردن نەکەوت .خواوەند ننگرسۆ
لەیەکێک لە چوارشەممە نغرۆکانی ساڵی ئاوات،لە
دۆسیەی ئارابخای کۆڵیەوەو بڕیاری ئیقامەی ئەبەدی
لە سوپارتۆ پێدا.ئارابخاش لەپاداشتدا
سینگی خۆی کردە نوور.
دیمەنێکی نوێ لە ماڵئاوایی:
کە لە ئارابخا جیابومەوە و سواری تاکسی بووم،دایکم
بە ئومێدی گەڕانەوەم مشتێ نووری ئارابخای لە گیرفان نام و،
سەتڵە ئاوێکی مەحیبەت و دڵە ڕاوکێی ڕژانە شوێن
تاکسییەکە، تا چاو بڕی دەکرد دەستەکانی ماڵئاوایی
ئارابخا و دایکم دەجوڵانەوە و تا بوون بە خاڵێک.
    *    *    *
کە بەلای ڕاستدا وەرگەڕام،ترسێکی چڕ،
شەپۆڵی دڵنەواییمی سەردەبڕی!
زێوانەکان.. گۆڕی ماچ و سێکسی وشکیان دەچنیەوە
ننگرسۆ لەسەر چنچکانە و،
وردە نانی موحیبەتی دەدایە زارۆکەی کەنار.
ڕەشەبا.. بەمت بوویی مرد.
لە مەملەکەتی ئارامی، باوکم ناوکی هاوارێکی ئارابخایی،
چاوی سەوزی پشیلەیەکی زۆر برسی،
گوێچکە ماسی بیرکردنەوەی هەڵدەدایە
نێو یۆتۆپیای ڕابردوومەوە.
مناڵێتی خۆی دەکردە کولیچەی جەژنانەی ساڵ و
لەپڕمەی گریانی دەدا!
باوکم نەخشەی تاراوگەکان
جوگرافیای خەونە سپییەکان
لەبەر خۆری گەڕانەوە بۆ ئەندریا هەڵدەخست و،
لەسەر یەک قاچ وەردی فیراقی ئەکێڵا.
باوکم وەکو دەیگێڕاوە:
لەبەر بەیانی لەدایک بوون،
شیلەی ئارابخای خستۆتە سەتڵی هزر و،
کۆڵان کۆڵان هێشووە ماچی فرۆشتووە.
باوکم دەیوت: چەند سەدەیەک پێش ناسینی دایکە باڵا وەریوەکەت،
ئارابخا دەستی گرتووم و لەنهێنی چاڵە برینی سەر سینگی
شیری پرسیاری داومەتێ!
باوکم ئێستاش کە سەفەری سەدە جەنجاڵەکان دەکات
وەکو پیشەی دەداتە پرمەی گریان،
نێوچەوانی خۆی دەکرۆژێ!
ئەی باوکە نەزاکەتەکەم... بەشوێن جوانی کێ دەگەڕێی؟
ڕووی کام تاوان سپی دەکەی؟
کامە گوناه دەشۆیتەوە؟
گوناهی من،گوناهی لەدایک بوونم،
یان گوناهی برینەکانی ئارابخا؟
    *    *    *
نوێڵێک بەسەر پەراوێزی گریانێکا ڕاکشاوە
ڕێچکەی هەرەس، زەردەخەنەی وشکەوە بووی لێوی پایز،
توایەوە.
وەک توانەوەی پشکۆ لەژێر بڵێسەیا
وەک توانەوەی ئازار لەنێو ئەشکەنجەیا
وەک توانەوەی گومان لەپاڵ حەقیقەتدا
وەک توانەوەی دڵم لەنێو ئارابخایا
نە ئاویلکەیی ئارابخا و نەسزای خواوەند ننگرسۆ
ماسوولکەی ئەم کارەساتەی بەڕێوەیە،پێ ناجێورێ!
گوێم لەدایکە هەرەهەرە میهرەبانەکەی خۆم دەبوو
پاش نوێژان لەسەر بەڕماڵا چەترێک دوعای هەڵدەداو
لەسێبەریا، خەوەکوتکە دەیبردەوە!.
دایکم ئێستاش تەسبیحێکی سەیری هەیە
هەر لەنێوان دوو دەنکدا،ڕەمزێک.. گرێیەک.. پەڕۆیەک..
بوونە بە ماتماتیکی گشت دوعاکانی پاڕانەوە.
کالکیولەیتەری دایکی من
لۆگاریتم و فیساگۆرسیش پەی پێ نابەن!
دایکم ئێستا بەم تەمەنە ڕیش چەرمووەی خۆی،
دوعا ناکات.
دوعا دەستی دایکم دەگرێ.
بۆ پەڕینەوە بەسەر پردی سیراتی ننگرسۆدا.
ئای لەو حەیفەی مارمێلکەکان..
پردی سیرات دەکەن بەبازاڕی عوکاز،
شیعر و کچ و ئارابخای تێدا دەفرۆشن!
دایکم دەڵێ.. ئەو ڕۆژەی وا مارمێلکەکان کەنارییەکانیان
کرۆشت و، کوونەپەپوی من نەک تۆ یان هەڵدایە سەر منارەی مەنگ
ئێمە هاتینە دنیاوە!
دایکم دەڵێ.. دێتە بیرم ئێوارەیەکی دزێو بوو،
خۆڵ بارین بوو..
ئارابخا بوو بە برینێک بەسەر سنگی سووبارتۆوە.
ڕۆژگار هات و،
لاشەی کەنەفتی ئارابخا..
بە شوێن دەستووری سێ لانەی ڕشانەوە خۆی کێش دەکرد.
پەڕەمووچی گومڕایی دەنا بەلا لێوی دڵنیایی.
هەر بەپشکۆ باوەشێنی زامەکانی خۆی دەکرد و.
لە پاڵ دیواری ئەژدیهای شارستانی،
تەزبیحاتی بە کەللە سەرو وردە چاوی هەڵکۆڵراوی گومان
دەکرد!
ئەم برینە.. خوێنی وشکی هەڵدەهێنا و،
گشت پایزێک ، لەگەڵ کۆچی نەوڕەسە باڵ ڕەنگینەکەی تلانەوە،
مناڵێکی تەمەن کورتی لەبار دەبرد.
    *    *    *
ئەوا دێم و،بوخچەیەکی دەست لێ نەدراوی نهێنیم.
ئومێدێکی بێ هیوام و،
مەترسییەکی پڕ ئارامم!
چەند سەدەیە، لەسێبەری ئۆخەیەکی پشت کۆماوا،
تیرۆسامی موحیبەت و دڵەڕاوکێ نۆش دەکەم و،
هەر بە قاچاع پەلی وەرزەکان دەگرم و،
سنوور دەکەم بە بۆراقی پەڕینەوە.
پەڕینەوە بەرەو سەرابی ئومێد و
توانەوە لە گومڕایی!..
پەڕینەوە بەرەو کەناری گوناه و،
مەقسەڵەی گشت (لاحول)ەکان.
چەند سەدەیە گۆڕ هەڵکەنی سترانێم بێ دەنگ..
بێدەنگ..
دەڕژێمە نێو گرمۆڵ بوونەوەی هەناو!.
چەند سەدەیە خەمکوژێکی بێ جوگرافیام ،تنۆک تنۆک
دەوەرێمە سەر شەونمە شەهیدەکان .
چەند سەدەیە جەنگ بێژێکی بێ ئەستێرە وسوێندو مەززەم،
دەکوژرێمە سەر تابووتی ماچ و عەقڵ.
سەفەرستانێکی سەیرە پڕ لە گوناه، پڕ لە گومان.
پڕ لە ئەڤین پڕ لە ستران..
ئای لەو حەیفە وەریوانەی کەروێشکە سەما بە دەوری،
شەختە بەندی مەرگ دەکەن.
ئای لەو گوڵە بۆن ڕەشانەی ،تام بەیەخەی سفرەی سنگی
پاڕانەوەو
ئای....
....لەو مێژووە سپییەی
زۆنگاو دەکا بە هێلانەی تکا و نزا!

بە شوێن جوانیما مەگەڕێ ..وەختێ پیاسەی چەپکێ
دوو کەلێ قەتیس بووی ژێر کێڵگەی پەرچەم و گومان
باوەشێ سوێند
کۆڵێ دوعاو ماچی وەریو..
بە هەناسەی ننگرسۆوە ئاوێتە بێ .
بۆم مەگەڕێ.. وام لە نێو باخچەی گومان و
لەسەر لووتکەی چاڵ پرسیاری چاو کزو
بەبێ نەخشە و دوور لە جوگرافیای تەعریب و یاساوڵی
شارستانی
چەپکێ سترانی ڕەنگ پەڕیو،بە دەستمەوە.
لە ژێر مەقسەڵی گوناها مشتێ نووری ئارابخام بە
سنگەوەیەو
چرای چێژم هەڵکردووە!
تاوێری بەرد باران دەکەم و دەبمە هاوڕێی ئەو داناییەی
تۆڕی ڕوحم هەڵدەداتە مێرگی چاویلکەی پرسەوە.
جەستەم لە ژێر بارانێکی ئەفسووناوی دەشۆمەوە.
لە بەر خۆری سوپارتۆدا خۆم هەڵدەخەم
وەک ئارابخا..هێشووە هزرو
چەپکە ماچ و
ڕوخسارە قەشەنگەکانی بیرکردنەوە هەڵدەسوومە
سیمای زبری گاورباغی!..
لێم مەگەڕێ..
لەو پرسیارەی تۆی تەفرەدا هەراشترم.
لەو پەیڤانەی تۆیان کڕی ، تۆیان فرۆشت،
تۆیان کرۆشت بە ژانترم!..
لە کونە هەوری ڕامانا ..دەڕوانمە مەنفای ئەبەد.
لێم مەگەڕێ..
بە هەراشی لە دایک بووم
بەمناڵی دەچمە بەر مەقسەڵەی گوناه
لێم مەگەڕێ.

 

ئایاری ١٩٩٩ - ڤانکۆڤەر / کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک