٣٠\٧\٢٠٢٥
موسڵیح شێخولئیسلامی(ڕێبوار).*
شاعیری خەباتی چینایەتی کرێکاران.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) یەکێکە لە شاعیرە کرێکارییەکانی نێو
بزووتنەوەی ئەدەبی نوێی کوردی. ڕێبوار بەشیعر و سروودەکانی توانی
بەشدارییەکی چینایەتی جیدیی لە شۆڕش و تێکۆشانی کرێکاران و خەباتی
مارکسیستی لە کوردستان و ئێران بکات. ڕێبوار هەر لەسەرەتای شۆڕشەوە
(١٩٧٩) پەیوەست بووە بە سەنگەرەکانی خەبات و بەرگری کرێکاران و خەڵکی
زەحمەتکێش و لەسەنگەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانەوە شیعر و
سروودەکانی بۆ جۆشدانی خەباتی چەوساوەکان و بەشمەینەتان نووسیوە.
تەوزیفکردنی خەبات و سیاسەت لە شیعر لای ڕێبوار هێندە تۆخە کە بەدەگمەن
شیعرێکی ڕێبوار هەیە (جگە لە هەندێک لەشیعرە بەراییەکانی نەبێت)
ناوەڕۆکێکی سیاسی و چینایەتی نەبێت. ئەویش لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە
دەگرێت کە شیعر دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت لە خەباتی ڕەوای
ستەملێکراوان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. شیعر لای
ڕێبوار چەکی هۆشیارکردنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بە بەرژەوەندییە
چینایەتییەکانیان و هاندانیانە بۆ خەبات لەپێناو بەرقەراربوونی
کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان.
کرێکارم
هاتوومە مەیدان
ئەڵێم هەر کارە ئینسانی خوڵقان!
سەد ساڵە ئەڵێم؛
ئەمە بڕیارە
بڕیاری رۆژی یەکی ئەیارە
کرێکارانی جیهان یەکگرن!
چەرخی چارەنووس لەدەست خۆ گرن! (١)
ڕێبواری شاعیر دەزانێت بەرقەرابوونی ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزم بەبێ
شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار مەیسەر نابێت. بۆیە لەرێگەی شیعرەوە
بانگەوازی ئەم ئامانجە چینایەتییە واتە سۆشیالیزم دەکات. ڕێبوار بێ هیچ
سڵەمینەوەیەک بیروباوەڕی مارکسیستی خۆی بەیان دەکات و ئەمەش دواجار
دەبێتە ڕێچکەیەکی شیعریی کە شانبەشانی شاعیران سلێمانی قاسمیانی و
فاتیح شێخ (چاوە) و هەوڵە سەرەتاییەکانی ئەحمەد بازگر و چەندانی تر،
گەشە بە بزووتنەوەی شیعری کرێکاریی دەدات و شوناسێکی ڕوونتر دەبەخشێتە
ئەدەبی پرۆلیتاری و مارکسیستی.
ئاسۆی گەشمان ڕزگارییە
بۆ گشت نەتەوە و ئینسان
سۆسیالیزمە موژدەدەری
ڕووناکی و ژینی یەکسان. (٢)
لای ڕێبوار مەعلوومە خەباتی چینی کرێکار، خەباتی ژنان و پیاوانی
کرێکارە دژ بە نیزامی سەرمایەداری. چونکە بەبێ ئەم خەباتە چینایەتییە
کە هەڵگری ئاسۆی سۆشیالیستانەیە، ژنان لە ستەم و چەوسانەوە ڕزگاریان
نابێت و هەرگیز یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان نایەتە دی. ژنان لە
دیدی ڕێبوار، توێژێک نین وەکچۆن کۆمەڵگە پێناسەیان دەکات، بەڵکوو ژنان
بەشێکی جیانەبووەوەی جەستەی مرۆڤایەتین و لەگەڵ پیاواندا خاوەنی یەک
پرس و یەک چارەنووسن. هەر بۆشە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ساڵی ١٩٨٣
دادەمەزرێت، ژنان دەبنە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو حیزبە مارکسیستە.
کۆیلەتی ژن ژێر دەستەیی
چەوسانەوە و هەژاری
بەیەک نیزامەوە بەندە
حوکمی سەرمایەداری
ئەو نیزامەی حوکمی ڕەشی
شەوەی ڕەشی وەڵاتە
ڕاپەڕین تێکی بشکێنین
شۆڕشەو هەلی خەباتە. (٣)
دیارە ئەم بۆچوون و تێڕوانینە ئینسانییە مارکسیستییە بەرئەنجامی گەشەی
بزووتنەوەی سیاسی چینایەتییە لە کوردستان، ئەگینا ئەگەر شیعرە
بەراییەکانی شاعیر بخوێنینەوە بەتایبەت کۆمەڵەشیعری (گەشتێ لە
کوردستان)دا کە لە ساڵی ١٩٧٩دا بڵاوکراوەتەوە ، دەبینین ئەو شیعرانە
کەم تا زۆر بەهیچ کڵۆجێک پەیوەندییان بە خەباتی چینایەتی و شیعری
بەرگری کرێکارانەوە نییە.(٤)بەڵکوو زیاتر دەربڕینی سۆز و هەستن سەبارەت
بە سروشت و بار و دۆخی کۆمەڵگەی کوردستان.
ئەوڕۆ دوو لادێى هاوڕێمانن
پیرو ئیفتادەن و دونیا زانن
وەکو دەشتن، پڕى سەوزى بژوێن
وەک درەخت، سەر لە حەوایێ دەسوێن
گیانە، سەوزە بە گەڵاى سەوزى بەهار
پڕى ئەستێرەیەى پۆپى بڕ بار
لقى پڕ میوەیە؛ بێ فیزو نەوي
دەونەێ و ماچى ئەکا، خێوى زەوي.
هەروەها سەر قسە دامەزراوە
یەکێ پیرە، ئەوى دى، دڵ-لاوە.(٥)
بە بۆچوونی من کۆمەڵە شیعری (گەشتێ لە کوردستان )، گوزارشتە لە دیدی
سروشخوازانەی ڕێبوار لە سەرەتای دەستپێکی شیعرییەوە دەینووسێت.
کاریگەری گۆرانی شاعیری بەئاشکرا پێوە دیارە. دەقە شیعرییەکان تا بڵێی
سادە و ناوەڕۆک کوردەواریین. کاتێک کە بەراوردکاری دەکەین لەنێوان
گەشتێ لە کوردستان و شیعرەکانی دواتری ڕێبوار، چوونەپێشەوە و
بەهێزبوونی هونەری شیعر هەست پێدەکەین و دەبینین. واتە هێڵی هونەری
شیعر لای ڕێبوار ڕوو لەسەر ڕۆیشتووە. ئەمەش دیارە خاڵی ئەرێنی هەوڵە
شیعرییەکانی ڕێبوارە.
بەڵام لەم دوو کۆمەڵە شیعرەدا (سروودی سڵاوی ئازادی) و (دەنگ هەڵبڕە)دا،
ڕێبوار ڕێچکەی (گەشتێ لە کوردستان) جێدەهێلێت و دەبێتە خاوەن یەک هێڵێ
نووسینی تایبەت بەخۆی. لێرەوە دەتوانم بڵێـم کە هیج شاعیرێکی کورد بەر
لە ڕێبوار بەو ڕۆشنییە و بەو بارگاوییە بە مارکسیزمی مارکس، شیعری بۆ
خەبات و بەرگری چینی کرێکاری کوردستان نەنووسیوە. (بۆيە بەلاى منەوە،
ئەگەر (ڕێبوار) لە (ئۆژين پۆتيە) باڵا دەستی نەبوو بێت ئەوا بە
دڵنيايييەوە ئەڵێم ئەو زۆر بە ئاسانی ئەتوانێ (ئوژين پۆتيە)ى کورد بێت
و تۆوى شۆڕش بێت بە درێژايی تەمەنی مرۆڤ و مرۆڤايەتی و دژى چەوسانەوە و
داگيرکەر دەنگ هەڵبڕێت.) (٦)
من ئەو کەسەم
هەموو رۆژێک
ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم
بۆ کڕینی نانی سبەی.
ئەمرۆش دیسان
هاتوومە دەر
هەی ژین هەی ژین
ژیانی ئەمڕۆم بفرۆشم
لێم ناکڕێ؛
خاوەنی نان لێم ناکڕێ!
هانایەکم پەنگاوەتە بین و گەروو
هەی داد هەی داد!
لەم بازاڕە بێڕيعمەدا
ژیان هەرزانترە
لە نان. (٧)
شیعرەکانی ڕێبوار دەتوانین بەمجۆرە پۆلینبەند بکەین: شیعرە بەراییەکان،
سروودەکان، شیعر ژانی لەدەستچووی ئازیزان و گیانبەختکردووان، شیعرە
ئاساییەکان، وەرگێڕدراوەکان. جێی ئاماژەیە شیعرە سیاسییە
چینایەتییەکانی ڕێبوار لەجەرگەی سۆڕشی کوردستان بە ئاسانی دەبوونە
وێردی سەرزاری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و تەنانەت
کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و ئێران. ڕێبوار شوناسی شیعرە
چینایەتییەکانی لە مارکسیزم و بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانەوە
وەردەگرت، هەربۆیەش بێسڵکردنەوە لەبەرانبەر هەر تێڕوانین و
دنیابینییەکی غەیرە کرێکاریی و غەیرە مارکسیستیی وەستایەوە و
ململانێیکانی نێو گۆڤاری پێشەنگ گەواهی ئەم قسانەن.
چەنای چەند ساڵ
پاش تۆ و لێنین
ئاڵای سووری بیروباوەڕی پیرۆزتان
دەشەکێنین
بەهاری ساڵ
بەگوڵی ئاڵ
بە گوڵی ئاڵی ئاڵای سوور
دەنەخشێنین
هاوڕێی هۆزان
ئێمە هەمان
هاوڕێیانی مانیفیستی کۆمۆنیستین
ئێمە هەمان
هاوڕێیانی مانیفیستی کۆمۆنیستین.(٨)
کاتێک لەساڵی ١٩٨٥ کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان دەدامەزرێت،
ڕێبوار چالاکانە بە بەرهەمە کرێکارییەکانی بەشداری کارا دەکات و دەبێتە
یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو ڕیکخراوە ئەدەبی و هونەرییە. ڕێبوار
لەکێشمەکێشەکانی نێو کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان نەک هەر
بێتەرەف نابێت و بەڵکوو بەرگریکەرێکی سەرسەختی ئەدەبیاتی کرێکاریی
دەبێت لەبەرانبەر تێڕوانینی ناسیونالیستیدا. ڕێبواری شاعیر و جەنگاوەری
مارکسیست، هیچ سنوورێکی دەستکردنی بۆرژوازی نێوان ئینسانەکان بەفەرمی
ناناسێت و لەهەرکوێیەک خەباتی چیانیەتی بخوازێت، ئەو لەوێ ئامادەیە.
ئەوەتا لەجەرگەی ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، شیعری
ڕێبوار ئامادەیە و گوزارشت لەو دۆخە سیاسییە و بزووتنەوەی شووراکان
دەکات.
هاوارم کرد:
سی و پێنج سەعات کار،
ئازادى
وتم شوورا، شوورا دڵە؛
دڵى لێدەر!
با لە کارگا و مەعمەلەوە
بە ڕەگاوڕەگى کۆڵان و
جادە و گەڕەک و مەیدانا
گەشی و خۆشی بخاتە گەڕ!
بەڵام هەیهات؛
زنجیرى پێى ئازێدیمان نەپچڕابوو،
شوورا، پەساپۆرتى نەبوو،
تلیاک بوو،
قاچاخ کرابوو!!(٩)
ڕێبوار و وەرگێران.
وەرگێران وەک کردەیەکی مەعریفی نێو زمان، ئاشنابوونە بە کلتوور و
نەریتی زمان و ئەوانی دی. دیارە لەڕێگەی پرۆسەی وەرگێڕانەوە خوێنەر
دەتوانێت دنیابینی و تێڕوانینی سیاسی چینایەتی و گەشەی فیکری و زۆر
زانیاری تر بەدەست بهێنێت. وەرگێران پردێکە لەنێوان زمان و کلتوورەکان
و کەناڵێکی ئێجگار گرنگیشە بۆ هۆشیاری. رێبوار هەر زوو دەرکی بەم
کەناڵە مەعریفییە کردووە و دەستی بۆ بردووە و کۆمەڵی بەرهەمی جوانی
وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە ئۆژین پوتیە و هانریش هاینە و
نازم حیکمەت و مەحموود دەروێش و ڤیکتۆر هیگۆ و جۆهیل و برتۆڵد برێشت و
فێدریکۆ گارسیا لۆرکا و زۆری دی. (١٠). ئەم وەرگێڕانانەی ڕێبوار نەک هەر
تەنها ئاشناکردنی خوینەری کوردزمان بوو بە جیهانی شیعرەکانی ئەو
شاعیرانە، بەڵکوو بەهێزکردنی ئەو ڕێچکەشیعرییە کرێکارییەش بوو کە
ڕێبوار لەسەری دەڕۆیشت.
بۆرژواکان!
بۆ ئاوازی کلیساتان
کەوای ساتان
تانوپۆی زێڕ و زیو و ئاوریشەم
لەبەر ئەکەن
کێ ئەو کەوای چنی بۆتان؟
ئێمەی ڕووتی برسی بێ نان
ئێمەی کرێکاری کارگای پارچە چنین
ئێوە ئاوا پۆشتە ئەکەین
کەچی خۆمان ڕووت و برسین! (١١)
ڕێبوار لای ڕوونە کە چینی کرێکار، چینێکی جیهانییە و خەبات بۆ ڕزگاری
ئەو چینە، خەباتێکی ئەنتەرناسیونالیستییە و لەژێر یەک بەرژەوەندی
چینایەتی هاوبەش دەچێتە پێش. بۆیە بەپێویستی دەزانێت کە چینی کرێکاری
کوردستان و ئێران و خوێنەری کورد زمان لە ئەزموونی فەرهەنگ و ئەدەبی و
هونەری هاوچینەکانی ئاگادار بن و سوودی لێ وەرگرن. ڕێبوار نەک تەنها
دەقی شیعریی، بەڵکوو چەندین گۆرانی گۆرانیبێژی خاوەن هەڵوێست و
خەباتکاری تەرجەمەی زمانی کوردی کردووە چەشنی جۆهیڵ و ترەیسی چاپمەن و
بۆب دڵن و ..تاد.
تۆ ئاگات لێ نییە؟
خەریکن لە باسى شۆڕشێک دەدوێن
وەک سرتە دێتە گوێ
تۆ ئاگات لێ نییە؟
هەتاکو لە سەفى کوپیندان
کە دەنگیان هەڵدێنن لەبەر خێرخانەکان
هەتاکو مەحتەلن لە سەفى بێکاران
کە لێک-کۆبوونەوە
بۆ هەنگاو بەرەوپێش هەڵهێنان،
دەستەنگان،
خەریکن ڕاپەڕن
خەریکن هەستن و بەشى خۆ بگرنە دەستى خۆ
فەقیرو هەژاران خەریکن ڕاپەڕن؛
ئەوەى هى خۆیانە یەکجاري بیگرن
تۆ ئاگات لێ نییە؟
باشترە بۆى دەرچى
پێت دەڵێم! باشتر وایە هەڵێى
دە یاڵڵا
ئاخر قانوونەکان خەریکن دەگۆڕدڕێن
قسە لە شۆڕشە.(١٢)
دوا وشە.
بەکورتی ڕێبواری شاعیر وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕ و مارکسیست، وەک پێشەنگێکی
شیعری نوێی کرێکاریی کوردی، لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی
رابردووەوە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سەقامگیرکردن و بەرەوپێشبردنی شیعری
کرێکاری کوردی. ڕێبوار لەجەرگەی شۆڕشی ئێرانەوە بوو بە دەنگی کرێکاران
و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و ئێران. شیعر و سروود و تەرجەمەکانی
ببوونە وزەی خەباتکارانە و ورەی شۆڕشگێرانەی خەباتی کرێکاران و
زەحمەتکێشان لەدژی ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری. لای من ڕێبوار
یەکێکە لە شاعیرە پێشەنگەکانی شیعری چینایەتی لە کوردستان کە جێپەنجەی
بە سەر پێشکەوتنی شیعری کرێکاریی کوردییەوە دیارە. سڵاو لە ڕێبوار و
خەباتی ئەدەبیی ڕێبوار لەپێناو ئینسانییەت و سۆشیالیزم.
_________________________________________________
*
کورتەیەک لە ژیاننامەی ڕێبوار لەزاری خۆیەوە:
ساڵی ١٩٤٧، لە مەریوان، چاوم بەژین پشکووتووە. سەرەتای شەستەكان، بو
درێژەدان بە خوێندن، چوومە تاران. ساڵی ١٩٦٩، بەشی ئابوريم تەواو كرد.
لە سەردەمی منداڵی و لاويمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەریی،
بەتایبەت شیعر و ئەدەب بووم و یەکەم ئەزموونە شیعرییەکانم، بە کوردی و
بە فارسی، هی ئەو سەردەمی تازە لاوییەمە. لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا، لە
شانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم. ئەوکات، سەردەمی پێکهاتنی
ڕێکخراوەکان و کاتی سەرنجی ڕەخنەگرانە بوو لە قوتابخانە سیاسییەکانی
سەردەم. ئێمەش ڕێکخراوێکمان پێکهێنا کە دوایی ناونرا (کۆمەڵە).
مەبەستمان دامەرزاندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەراسەری بوو لە ئێران.
ئەوکات، خۆمان لە ڕەوتەکانی سەردەم (توودە و چریک و دیمۆکرات و تاد) بە
جیاواز دەزانی و ڕێبازێکی کۆمۆنیستی ڕاستەقینەمان لەبەرچاو بوو؛
هەرچەند ناسیۆنالیسم، هێشتا، دەستبەردارمان نەببوو. کۆشیعری (گەشتێ لە
کوردستان) و هەندێک داستانی کورتم، لەوانە، (شيعری دارينە) کە
گێڕانەوەی ئاخرین ڕۆژەکانی سمایلی شەریفزادەیە، ئەوکات، بە دەستنووس و
بە نهێنی، بڵاو بوونەوە. وەرگێڕانی ئازادانەی (چەپکێک چیرۆکی جوان) بە
هۆنراوەی کوردی کە لە سیانزە چیرۆکی منداڵان پێک دێ و هی نووسەر و
وێنەگەری سۆڤیەت ڤلادیمیر سوتەیەڤە، یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەرچەند
هێشتا چاپ نەکراون.
وەک گەلێک هەڵسووڕاوانی ئەو کات، ڕێگاشم کەوتە بەندیخانەی سیاسی: قزل-
قەلعە، لە تاران. ماوەیەک پاش زانکۆ، وەک کارزانی ئابووری، لە
“بەرنامەو بودجە”ی کوردستان، لە شاری سنە، دەستم بە ئیش کرد. هاوکات،
دیارە بە نهێنی، درێژەم بە هەڵسووڕانی هونەریم و سیاسیم دەدا. ئەو
سەردەمە بوو کە لەگەڵ شەریکی ژیانم، فەوزیە، ژیانمان و خەباتمان لێک
گرێدا؛ هەتا ئێستاش، پاڵپشتی قایمی خەبات و ژیانی یەکترین. لە
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوکاتی ئیراندا کە شۆڕشەکەی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە،
چالاکیم نواند. دواتر، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان لە کوردستان،
بۆ ئێمەی کۆمۆنیست درێژەی ئەو خەباتە بوو. یەکەمین سروودەکانیشم
بەرهەمی ئەو سەردەمەن.هەندێک لە شیعرەکانی پێشتریشم بوونە ئاوازی
پرۆپاگاندەی خەبات. لە هەشتاکاندا، (سروودی سڵاوی ئازادی) و (دەنگ
هەڵبڕە) و (چەند لاپەڕە لە دەفتەری ڕۆژانەم)؛ هەروەها وەرگێڕاوی کوردی
مانیفستی مارکس و ئێنگێلس، چاپکران. داستانی کورتی فارسی و کوردی (ئاسۆی
شۆڕش) و هەندێک وەرگێڕان بۆ کوردی و فارسی،، نووسینی شيعر و هاوکاری
کۆڕی بانگەواز بۆ سروود و ئاواز، هەروەها وتاری سیاسی، وێڕای خەباتی چڕ
و پڕ لە کۆمەڵەی شاخدا، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
و کۆمەڵەی ئەوکات، بڵاو دەبوونەوە .ئاخری نەوەدەکان هەستم بەوەکرد کە
ئەم حیزبە نوێیەش نەیتوانیوە ببێتە ئەو حیزبەی بزووتنەوەی کرێکاری،
بۆیە، سەرەتا بە ڕەخنە و پێشنیارەوە و سەرەنجامیش بە جیاکردنەوەی ڕێگا،
خەباتی سەربەخۆم بە گونجاوتر زانیوە.
کاری نووسین و بەرهەمی هونەریم هەر درێژەداوە و ساڵی ٢٠١٣، بەیارمەتی
کەسانێک کە لە چەند وتووێژی پێشتردا، سوپاسم کردوون، سەرجەمێکم لە
کۆشیعرە دێرینەکانەوە هەتا تازەکان، بە هەندێک بەرهەمی چاپنەکراویشەوە،
بەناوی (بۆ ئازادی) بە چاپ گەیاند کە ئێستا پێم وایە کاتی چاپی دووەم و
خستنەپاڵی چەند بەرهەمی تازەش، هاتووە. کاری چاپنەکراوم چەپکە چیرۆکە
منداڵانەکەی سۆتەیەڤە کە لە سەروە باسم کرد، ئەویش یارمەتیدەرێک
پێشنیاری کرد بیکاتە چوار پێنج کتێبچە، کە لەوانە، دووی چاپ بوون.
کۆپییەکی ڕازاوەی، بە ناوی (چەپکێک چیرۆکی جوان) لەسەر سایتی خۆم
دانراوە. بۆ چاپی دووهەمی وەرگێڕاوی مانیفستیش، تائێستا بە
بڵاوکردنەوەی (پێ دێ ئێف) لە سەر سایتەکان دڵخۆش بووم بەڵام لەوانەیە
چاپکردنەوەی، وەک کتێبیش دەست بدا. ئێستاش لە شاری گوتنبرگی سوید ئەژیم
و بەدەم ئیشێکی پارت - تایمەوە، خەریکی درێژەدانی کارەکانمم.(١٣)
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
(١)و(٢)و(٣) دیوانی سروودی سڵاوی ئازادی، ڕێبوار، چاپی دووەم،
ئینتشاراتی کانونی یارمەتی بۆ کوردستان- کۆڵن ١٩٩٠، لاپەرەکانی ٦ و ١٠
و ١١.
(٤) جگە لەو دوو کۆمەڵەشیعرەی سەرەوەی ڕێبوار، کتێبی یان دیوانی (بۆ
ئازادی) کۆکراوەی سەرجەم شیعرەکانی ڕێبوار لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی
حوسێن ئەنوەر(بازگر) ە و ساڵی ٢٠١٣ چاپی یەکەمی بڵاوکراوتەوە و چاپی
سێیەمیشی لە ٢٠١٨دا چاپکراوە، لەم ڕۆژانەدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا و
خوێندمەوە. جێی ئاماژەیە سایتەکەی ڕێبوار بەزمانی فارسییە، هیوادارم
ڕێبوار ئەو سایتە بە کواڵەتییەکی تر و بەزمانی کوردی ئەپگرەید بکات، تا
خوێنەر و توێژەرەوان بتوانن سوودی زیاتری لێ ببینین. بۆ زانیاری زیاتر
بڕوانە سایتی موسڵیح شخولئیسلامی ڕێبوار:
www.rebwar.nu
(٥) بۆ ئازادی ، کۆکراوەی سەرجەم شیعرەکانی ڕێبوار، کۆکردنەوە و
ئامادەکردنی حوسێن ئەنوەر(بازگر)، چاپی سێیەم ٢٠١٨.
(٦) ئۆژین پۆتیەی کورد، نووسینی حوسێن بەفرین، بەرەو ئازادی، کۆکراوەی
شیعرەکانی ڕێبوار ، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی حوسین ئەنوەر بازگر چاپی
سێیەم ٢٠١٨ لاپەڕە
(٧) دیوانی دەنگ هەڵبڕە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی ڕێبوار چاپی دووەم
ئینتشاراتی کانونی یارمەتی بۆ کوردستان- کۆڵن ١٩٨٨.، لاپەڕە ٢٠.
(٨) دیوانی سروودی سڵاوی ئازادی ڕێبوار چاپی دووەم ئینتشاراتی کانونی
یارمەتی بۆ کوردستان- کۆڵن ١٩٩٠، لاپەرەکانی ٤٦ و ٤٧.
(٩) چەند لاپەڕەیەک لە دەفتەری ڕۆژانەم، بۆ ئازادی ، کۆکراوەی سەرجەم
شیعرەکانی ڕێبوار، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی حوسێن ئەنوەر(بازگر)، چاپی
سێیەم ٢٠١٨.
(١٠) لام مەعلووم نییە ڕێبواری شاعیر تەرجەمەی ئەو دەقانەی لە چ
زمانێکەوە ئەنجام داوە. تا ئەو جێگەیەی ئاگادار بم ڕێبوار جگە لە زمانی
کوردی، زمانەکانی فارسی و ئینگلیزیش بەباشی دەزانێت.
(١١) دیوانی دەنگ هەڵبڕە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی ڕێبوار چاپی دووەم
ئینتشاراتی کانونی یارمەتی بۆ کوردستان- کۆڵن ١٩٨٨.، لاپەڕە ٩٠.
(١٢) هەستی پاراو، وەرگێردراوی ئازاد لە گۆرانییەکانی ترەیسی چاپمەن، بۆ
ئازادی ، کۆکراوەی سەرجەم شیعرەکانی ڕێبوار، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی
حوسێن ئەنوەر(بازگر)، چاپی سێیەم ٢٠١٨.
(١٣) گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلیح ڕێبواری شاعیر، سازدانی عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ) گۆڤاری هانا ژمارە ١ ، خوولی دووەم ساڵی ٢٠١٦ لاپەڕە
١١٣ - ١٢٤.
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|