په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٥

نامەیەک بۆ ناوەندی سێکیولەر لە کوردستان.

 


بەڕێزان لە ناوەندی سێکیولەر لە کوردستان، بۆ ھەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو لە پێناو دەستوورێکی سێکیولەر.


کۆمەڵگەی کوردستان لە دوو سێ دەیەی ڕابردوو چەندین ئاڵوگۆڕی سیاسی تێدا ھاتۆتە ئاراوە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ھەموو کات زیاتر لە ھەوڵی بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیانن. حیزبە سیاسییەکانی ئەو بزووتنەوانەش بێھەدادان بەھەموو توانایەکییانەوە، خەریکی جێبەجێکردنی پلان و ئەجندای سیاسیی خۆیانن، کە خۆی لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان لەلایەک و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ناوچەکە لەلایەکی تردا دەبێنێتەوە. لەم نێوەشدا ھەوڵیان داوە و ھەوڵ دەدەن چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لەخوار ھێڵی ھەژارییەوە ڕابگرن و لە سادەترین مافی مرۆیی خۆیان بێبەشیان بکەن و سەرجەم مەینەتییەکانی ژیانیان پێ بسپێرن.


ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە کێشمەکێشێ نێوان دوو بزووتنەوە ی کۆمەڵایەتیی دەبینین (بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و عەلمانییەکان لەلایەک و بزووتنەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیی و حیزبە نیشتمان خوازەکانی کوردستان لەلایەکی دی) لەسەر مەسەلەی ھەموارکردنەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ناکرێ و نابێ نووسەر و ئەدیب و ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەم ململانێیە بێھەڵوێست بن.


من وەکو نووسەر و شاعیر خۆم بە بەرپرس دەزانم لەم ململانێیە و بە تەواوی ماناوە پشتیوانی و سەپۆرتی ھەڵمەتەکەتان دەبم و ئومێدەوارم ئەدیبان و ھونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان لەپشت ئەم ھەوڵانەی ئێوەوە بوەستن.


ئیتر بۆ پێشەوە لەپێناو ژیانێکی بەرز و شایستە بە مرۆڤی سەردەم.


عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

٨\٧\٢٠١٥ - کەنەدا
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک