په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١١

 به‌ بۆنه‌ی شه‌هیدکردنی ده‌یان که‌س له‌ رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به ‌ده‌ستی مافیاکانی رژێمی دڕنده‌ی تورکیا.

نه‌ جه‌ژنه‌ و نه‌ سه‌ری ساڵ،

که‌واته‌ با له‌ که‌س پیرۆز نه‌بێ به ‌تایبه‌تییش له‌ چه‌وسێنه‌ران!

 

 

 

ئه‌و رۆژه‌ به‌ پلانێکی دیندارانی دینی پڕ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی مه‌سیحیی‌ - که‌ ئه‌ویش وه‌ک هه‌ر دینێکیدی رێ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنه‌کانی مرۆڤ ده‌گرێ - و به‌ هاوکاریی ده‌سه‌ڵاتداره‌ باڵاده‌سته‌ دڕنده‌کان کراوه‌ته‌ بۆنه‌یه‌کی مێژوویی جیهانیی.. له‌ سه‌راسه‌ری جیهانیش وه‌ک بۆنه‌یه‌کی گرنگ و جیهانیی ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێڕن!
 

وه‌لی هه‌ر رێک له ‌کاتی گێڕانی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌دا چه‌ندین شه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌ و دڕاندانه‌ له‌ چه‌ندین گۆشه‌ی ئه‌و جیهانه‌ به‌رده‌وامه‌ و جگه‌ له‌ کاولکاریی و به‌فیڕۆدانی توانسته‌ مادییه‌کان ئاگری چه‌که‌کان به‌رده‌رێنه‌ سه‌ر گیان و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤه‌کان!

 

هه‌ر رێک له‌و کاتانه‌دا به‌ هه‌زاران مرۆڤ له‌ زیندانه‌ ئاشکرا و نهێنییه‌کان به‌ گوێره‌ی حوکمی یاسا ده‌ژه‌مرۆییه‌کان و ئاره‌زووی تاکڕه‌ویی به‌رپرسان له‌ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆرداران ده‌ناڵێنن و خه‌ونه‌کانیان سه‌رده‌بڕدرێن!

 

هه‌ر رێک له‌و کاتانه‌دا، خوێن و ئاره‌قه‌ و ماندووبوونی کرێکاران و چین و توێژه‌ نه‌داره‌کان ده‌کرێته‌ جامی مه‌ی و شه‌وی ره‌نگاوڕه‌نگی ده‌سه‌ڵاتداره‌ چاوچنۆکه‌کانی پێ ده‌ڕازێندرێته‌وه‌‌!

 

هه‌ر رێک له‌ کاتانه‌دا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ژنان وه‌ک کاڵایه‌کی بێ به‌ها ده‌کرێنه‌ بووکه‌شوویه‌ک و سه‌رمێزی پیاوه‌ دڕنده‌ و پیاوسالاره‌کانی پێ ده‌ڕازێندرێته‌وه!

 

هه‌ر رێک له‌و کاتانه‌دا ئازادییه‌کانی راده‌ربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و ته‌واوی ئازادیی خۆده‌ربڕین و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیدی به‌ لێدان و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ته‌نانه‌ت به‌ گولله‌ش وه‌ڵام ده‌رێنه‌وه‌!

 

هه‌ر رێک له‌و کاتانه‌دا ئاگری جوایه‌زییه‌ ره‌گه‌زییه‌کانی وه‌ک ره‌نگی پێست و نێر و مێ و کیشوه‌ریی و ناوچه‌یی و نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی و خێله‌کیی و تیره‌یی و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ییش خۆشده‌کرێن و چه‌وسانه‌وه‌ی ره‌گه‌زییان لێ به‌رهه‌مده‌هێندرێن!

 

هه‌ر رێک له‌و کاتانه‌دا ماف و ئازادیی و حه‌ز و ویسته‌کانی سه‌رجه‌می منداڵان و لاوان و په‌نابه‌ران و پیر په‌ککه‌‌وته‌کان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌کان پێشێلده‌کرێن!


ئێمه‌ی پتر له‌ (٤٠ ملیۆن) کوردیش که‌ به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانمان پێشێل ده‌کرێن و نیشتیمانه‌که‌مان داگیرکراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی بێبه‌ش نین له‌ ته‌واوی ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی سه‌ره‌وه به‌ زیادیشه‌وه‌.. هه‌ر رێک له‌ کاتی ئاهه‌نگه‌کانی ئه‌و (به‌ناو سه‌ری ساڵ)ه‌شدا به ‌ده‌یان که‌س له‌ رۆڵه‌کانی گه‌له‌گه‌مان ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کوردن به‌ دڕه‌ندترین شێوه‌ له‌ لایه‌ن رژێمی داگیرکه‌ر و شۆڤێنیستی تورکیا شه‌هید ده‌کرێن، هاوکات به‌ ده‌یان پلان و پیلانیش له‌سه‌ر مێزی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ هاوکاریی که‌له‌گایی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و تێکڕای سیسته‌می باڵاده‌ستی دڕندانه‌ی سه‌رمایه‌داریی جیهان و به‌ناو سه‌رکرده‌ تاوانکار و کورسیپه‌ر‌سته‌‌کانی کوردستانی باشوور - تاڵه‌بانی و بارزانی و نه‌وشیروان و ئیسلامییه‌کان - و بزووتنه‌وه‌ دواکه‌وتووه‌ به‌ناو کوردایه‌تییه‌که‌ی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ داده‌ڕێژرێن!

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش له‌و رۆژه‌دا‌ هیچ گۆڕانێکی جودا له‌ که‌شوهه‌وا و درێژیی کاتی شه‌و و رۆژ و هاتنی وه‌رزی نوێ و ..تد روونادا، که‌وایه‌ باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ بێژین: ئه‌و جه‌ژنی (به‌ناو سه‌ری ساڵ)ه له‌ تێکڕای ئه‌و که‌سانه‌ پیرۆز نه‌بێ که‌ جێپه‌نجه‌یه‌کیان هه‌یه‌ له‌ نه‌خشاندنی ئه‌و هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌یه، ئو‌مێده‌وارین له‌مه‌ودوا رۆژێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بکرێته‌ سه‌ری ساڵ که ‌رۆژ و مێژووێکی بایه‌خدار و ناوکۆیی بێ بۆ تێکڕای مرۆڤه‌کانی سه‌ر رووی زه‌وی له‌ لایه‌ک و له ‌لایه‌کیدیش له‌ رووی که‌شوهه‌واشه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی وه‌رزێکی نوێ بێ و گه‌شانه‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر گۆی زه‌وی و ته‌واوی گیانله‌به‌رندا ‌بهێنێ.

 

 

٣١\١٢\٢٠١١ - ئه‌مڕۆ -

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک