٢٢\٩\٢٠١٦
نمایشی ''ئاڵای بێ وڵات'' و ''ژیان لەسەر سنوور'' و ''تەپڵ''.
نمایشی "ئاڵای بێ وڵات" و "ژیان
لەسەر سنوور" لە فیستیڤاڵی فیلمی "فۆکۆئۆکا" لە ژاپۆن.
مەنسوور جیهانی
تاران
١٩ی ئەیلوول - فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" نویترین بەرھەمی "بەھمەن
قوبادی" و فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" لە ژاپۆن نمایش کران.
فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" و بە
ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی
خۆیدا، کاتژمێر ١٥:٧ی ئێوارێی رۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە بەشی سەرەکی
بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" بە "تەرکیز
لەسەر ئاسیا" لە ھۆڵی ژمارە ١٣ی "سینەمای یونایتێد" لە شاری فۆکۆئۆکا
لە وڵاتی ژاپۆن نمایشکرا و ھەر لە دوای ئەم فیلمە کوردییە، فیلمی
دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی
کۆبانێ و شنگال لە بەشی "نمایشی تایبەتی پانۆڕاما"ی ئەم فیستیڤاڵە چووە
سەر پەردەی سینەما.
ئەم
دوو فیلمە کوردییە لە دووھەمین نمایشی خۆیاندا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "فۆکۆئۆکا"، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی ١٩ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە
ھۆڵی ژمارە ١٣ی "سینەمای یونایتێد" و لە دوایین نمایشی خۆیاندا لە
کاتژمێر ٣٠:١٢ نیوەڕۆی رۆژی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی
"سینەمای یونایتێد" لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن دەچنە سەر پەردەی
سینەماکان.
"خەڵاتی بینەرانی فۆکۆئۆکا" کە خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "فۆکۆئۆکا" دێتە ئەژمار، لە لایەن بینەران و بە مەبەستی
بردنەسەرێی ئاستی فەرھەنگی سینەمای ئاسیا بە درھێنەرێکی بەھرەمەند
دەبەخشرێ.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" کە بە یەکێک لە گرینگترین
فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئاسیا ناسراوە و لەسەر باشترین بەرھەمەکانی
سینەمایی ئاسیا تەرکیز دەکات، بە نمایشی نوێترین بەرھەمی بەرچاوی
دەرھێنەرە ئاسیاییەکان لە چەندین بەشی "سەرەکی"، بەشی "فیلمە
دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "فیلمە ڤییەتنامییەکان"، بەشی "فیلمە
ژاپۆنییەکان" و ھەروەھا بەشی "نمایشی تایبەت" لە ڕۆژانی ١٥ تا ٢٥ی
ئەیلوولی ٢٠١٦ لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێ.
بۆ زانیاریی پتر:
www.focus-on-asia.com/lineup_en
---------------------------------------------------------------------------------------------------
"تەپڵ" لە چوارەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "تەپڵ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی لە بەشی
پێشبڕکێی چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "تەپڵ" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی فیلمسازیی بانەیی
کەیوان کەریمی لە دووھەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر ٧ی
ئێوارێی رۆژی چوارشەمە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای
کوردی" لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک لە ھۆڵی
کۆنگرێسی زانکۆی دھۆک نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەما،
رۆژنامەنووسان و ھەروەھا بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا.
کەیوان کەریمی بۆ نمایشی تایبەتی فیلمی سینەمایی "تەپڵ" لە چوارەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک پەیامێکی ئامادەکردبوو کە بە
نوێنەرایەتی ئەم سینەماکارە کوردە لە کۆنگرەیکی رۆژنامەوانیدا بە
ئامادەبوونی "شەماڵ سەبری" بەڕێوەبەریی ھونەریی فیستیڤاڵ و "بینا
قەرەداخی" بەرنامەداڕێژیی بەشی کوردیی فیستیڤاڵ، لە لایەن فیلمسازی
کورد ھیشام زەمان لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی دھۆک خوێندرایەوە.
دەقی ئەم پەیامەکە:
بینەران، ئامادەبووان و ھاوڕێیانی خۆشەویست.
ئەوەی کە ھاتوون بۆ بینینی ئەم فیلمە بۆ من بێ ئەندازە جێگای خوشحاڵی و
شانازییە. "تەپڵ" منداڵی رۆژانی قەیران و ھەڵپەسێردرانە. منداڵێک کە
لەوانەیە خۆشی لاسار بنوێنێت و تەنانەت لە رووی جەستەییەوە ناتەواو بێت
و ھەناوی پڕ بێت لە سترێس و دڵەڕاوکێی. ھەر چی ھەیە، ئەم فیلمە وەکوو
دەرھێنەرەکەی لە کاتی شەڕدا لە دایک بووە. من ٣٠ ساڵ پێش ئێستا واتە لە
ساڵی ١٩٨٥ لە ناوەڕاستی شەڕ و نائارامییدا لە دایک بووم. لە ژێرخانی
خانوویەکی کۆن لە نێوان سنووری ھەر دوو کوردستانی ئێران و عێراق.
لەو رۆژەوە ھەتا ئێستا دڵەڕاوکێی و سترێس و ترس لە شەڕ لەگەڵمدا بووە،
گەرچی لەوانەیە لە رووی فۆڕمەوە گۆڕانی بەسەرھاتبێت، بەڵام لە ڕووی
ناوەرۆکەوە ھەمان شتە. من خۆم بە لە دایکبووی دڵەڕاوکێی جیھان دەزانم.
ھەر بۆیە "تەپڵ"یش بە لەدایکبووی ھەلپەسێردراویی و قەیرانەکانی ئەم
دوایانە دەزانم. ھاوکاریی گرووپی بە ئەمەگی فیلمەکە یارمەتی دام
ھەتاکوو ئەم ترسە، فۆڕمی فیلمێک لە خۆ بگرێت کە لە پاش تۆزێکی دیکە
دەیبینن.
ھەوڵ و ماندووبوونی ئەم گرووپە و لە بەرچاونەگرتنی ڕابردووی
دەرھێنەرەکە، ورەبەخشی من بوون و بێ گومان نەبوونی ئەوان بە مانای
نەبوونی "تەپڵ"یش دەبوو. ئەم بەرھەمە درووستکرا ھەتا بەرنگاریی و
پەیامێک بێت بۆ ژیانەوە. چونکوو ئێمە فێربووین کە "بەرخۆدان ژیانە" و
ھەوڵدراوە ئەم جۆرە ژیانەش بگوازرێتەوە بۆ ناو فیلمەکە.
لە ھەموو ئەو ماوەیەدا ئارەزووی من دوو شت بوو: یەکەم چاکبوونەوە و
شەفای دایکم کە لە ھەموو ئەم ماوەیەدا بە نەخۆشی و ناتەندرووستی
ھاوشانی بەرخۆدان بەرامبەر شێرپەنجە، لە پشتم وەستابوو و دووھەمیش
درووستکردنی فیلمی "تەپڵ". ئەمڕۆکە بە خۆشحاڵیەوە ھەر دوو ئاواتەکەم
ھاتوونەتە دی. دایکم چاکبۆتەوە و فیلمەکەش تەواو بووە و لە
بڵاوبوونەوەدایە.
رێز و حورمەتم بۆ ئامادەبوونتان و ئەو کاتەی بۆ بینینی فیلمەکە تەرخانی
دەکەن.
کەیوان کەریمی
ئەیلوولی
٢٠١٦
فیلمی سینەمایی "تەپڵ" لە دووھەمین نمایشی خۆیدا کاتژمێر ٧ی ئێوارێی
رۆژی پێنجشەمە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک لە ھۆڵی ژمارە یەکی
سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن
بینەران، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانی سینەمایی پێشوازیی لێکرا و خاڵێکی
بەرچاویی نمایشی ئەم فیلمی، تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکە پڕ بوو لە
بینەر و تەنانەت لە سەر پلیکانەکانیش بینەر دانیشتبوو.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک بە نمایشی ١٠٦ فیلم لە
سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان و لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و
دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی
پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" کە بریتین لە بەشەکانی "پێشبڕکێی فیلمە
سینەماییەکان"، "پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان"، "پێشبڕکێی کورتە
فیلمەکان"، نمایشی "سینەمای سەر سنوور"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "نمایشی
کورتە فیلمەکان"، بەشی "نمایشی فیلمە بڵیندەکان"، بەشەی "نمایشی فیلمە
دیکۆمێنتییەکان"، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی و پسپۆڕانەی ھونەری سینەما و
ھەروەھا چەندین بەشی دیکە بەڕێوەچوو.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی
پەیوەندی لە نێوان سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان و
ھەروەھا رەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی
جیھان دامەزراوە.
ئەم فیستیڤاڵە بە سەرۆکایەتیی "ئەیووب ڕەمەزان" و لە لایەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و
لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "شەماڵ
سەبری" و بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئیسپانیا، ئیسلەندا،
تورکیا، مەکزیک، ئێران، ئیتاڵیا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، سوودان، کەنەدا،
ھۆڵەندا، پورتوگاڵ، کرۆواسیا، سویسڕا، بەریتانیا، مۆنتێنەگرۆ، بەلژیکا،
بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، قەتەر، فیلیپین، ڕووسیا، ئەمەریکا، پلکیستانڵا
بڕازیل، نەمسا، نۆڕوێژ، دانیمارک، سوید، فینلەندا، ئەڕژەنتین و ھەروەھا
ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٨ رۆژ لە ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە
ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی دھۆک و ھەروەھا سێ ھۆڵی سینەماکسی "مازی مۆڵ"ی
شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|