په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠٢٣

خوێندنەوەی پەرتووک:

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک.

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١ - ٤.

هەڵۆ محەمەد         

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

زنجیرە وتارێک بۆ خوێندنەوەی ھەر یەک لە ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی کە لە دووتوێی ئەم بەرگەدا کۆکراونەتەوە..


خوێندنەوەی دروستی مێژوو، وەک زانستێکی شیکاریی مێژوویی لەسەر زەمینەی ڕامانکردنی ھەلومەرج و ڕەھەندە مێژوویی و سیاسیی و فکرییەکەی دروستە، کە دوور بێت لە حەز و مەیلی ئایدۆلۆژی و ھەر لایەنگیرییەکی تر ، کە بەھۆی کاریگەرێتی دەرەکییەوە خوێندنەوە و سروشتی رەوتی کارەکە بەلاڕێدا ببات. دەنا ئەگەر وا نەکرێت نە تێگەیشتنی دروست و واقعی دەخەمڵێ و نە دەتوانرێ شرۆڤەی بابەتی لێ ھەڵھێنجرێ، نە دەکرێ پەند و وانەی لێوە فێربین..

گەڕانەوە بۆ نزیکەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەر لەئێستا، بەو مەرجانە نەبێت، مەحاڵە بتوانی ئاکامگیریی دروست لەھیچ کارێکدا بکەیت..سەرنجدان و خوێندنەوەی پاسۆک و دروشم و ڕێباز و فەلسەفەکەی دیقەتی وردی دەوێ و لەو ڕاستییانەی ئاماژەمان پێداون بەدوور نییە.کەواتە بۆ ڕامانێکردنێکی دروست و تەندروست پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ھەلومەرجی سیاسی و فکری ھەشتاکانی سەدەی رابردوو و خۆتی تێدا بدۆزیتەوە.. پاسۆک چی بووە! پەیوەندییە سیاسی فکرییەکانی نێوان حیزبەکان چۆن بوون بیان دۆزێتەوە و لێیان ڕابمێنێ؟!. کورد لە کام قۆناخی گەشەی کۆمەڵایەتیدا بوە و لە چ ئاستێکی ھوشیاری سیاسی و رۆشنبیریدا بووە؟! ئاشتی و تەبایی و شەڕ و ناکۆکی چ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕەوتی مێژوو ھەبووە و ھەیە؟!.. پەیوەندی لۆژیکی ئەم ھەموو دیاردە و رووداو و پرسیارانە چۆن بووە؟!.. ھتد..

پەندێک ھەیە دەڵێ : " پێویستە مرۆڤ وشە بکێشێ نەک بژمێرێ". زۆر گونجاوە بۆ ئێرە. خۆ گەر وانەبوایە ھەموو کەس دەیتوانی ببێتە مێژوونووس، ئاخر نوسینەوەی مێژوو بە شێوازێکی بابەتیانە و دەستپاکی و راستگۆیی کارێکی فرە ئەستەمە!.. بۆیەکا بەرھەمگەلێکمان بەرچاو ناکەوێ دوور بێت لە کێماسی و شێواوی و ئەتککراوی!


سەرەتا پارتی سۆسیالیستی کورد- پاسۆک ١٩٧٥-١٩٩٣، جیا لەوەی ھەر لە ڕسکانییەوە بە پرۆژە و دروشمی گەش و دەوڵەمەندی کوردایەتییەوە ھاتە گۆڕەپانەکەوە، ھاوکات قورساییەکی گەورەی وزە و توانا و لێھاتوویی خۆی تەرخان کرد بۆ بواری رۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ھوشیاری ئەندامان و جەماوەری کورد.

پاسۆک کۆمەڵێ ئۆرگان و بڵاوکراوەی ھەبوو، لەنێویاندا گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، سەنگێکی تێروتەسەلی مێژوویی و فیکری و سیاسی ھەیە..

ژمارە (١) لە شوباتی ١٩٨١دا دەرچووە، ٢٢ لاپەڕەیە .. ١٠ بابەتی لە خۆگرتووە..

بەرگەکەی لۆگۆی خۆرێکی لەسەرە چوار تیرۆژی لێ بۆتەوە. مەشخەڵێکی بڵێسەداریش دەبنینرێ، قەدەکەی/ دەستکەکەی قەڵەمێکە و خەنجەرێکیش بەنیوە کەوانەیی لە تەنیشتییەوە کێشراوە.

گۆڤارەکە دوو دروشمی سەرەکی حیزبی لەسەر نەخش بووە... سەرەوە : " پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کوردبین".* خوارەوە: "چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە".* ئەم دوو دروشمە بەسەر تێکڕای ژمارەکانی دیکەشەوە دەدرەوشێنەوە و وەک لۆگۆیەکی گۆڤارەکە بەرجەستە بوون. هەردوو ش لە ڕووی ناوەڕۆک و ئامانجەوە قووڵ و هەڵگریی پەیامێکی فیکریی و فەلسەفی دەوڵەمەندن لە جیهانبینییەوە بۆ کوردبوون و جۆر و پێداویستی خەباتەکەی. ئەمانە سەرەتا و پرنسیپە گرنگەکانی هزری نەتەوەییانە و ستراتیژی دۆزی کوردن لای پاسۆک، کە لەم ڕووەوە لە گۆڕەپانەکەدا تەواو تەنیا بوو. بە گووتەی مەسعوود محەمەد” فکری بەرز لە هەر چەرخێکدا چرای هەرە بە شەوقی ئەو چەرخەیە”. بۆ ئەوسا و ئێستاش بیر و دروشمەکانی پاسۆک چرا هەرە بەشەوقەکەن.

ئاڵا گۆڤارێکە لە سەردەمی شاخ و شۆڕش دا وەک ئۆرگانی «ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک» دەرچووە..لە قورسترین ھەلومەرجی خەبات و باری دارایییەکی زۆر ھەژارانەدا.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە ئەندازەی خۆی نەخش و بەشدارییەکی تەواو چالاکانەی ھەبێت، نەک ھەر لە بواری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی گشتی دا، بەڵکو وەک ئاڵا بەدەستێکی چرای فیکری و نوێنەری قوتابخانەیەکی ھزر و باوەڕی کوردایەتیش.. کە تەواوی بیر و خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنەکانی زادەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان و ھاوکات شانبەشانی ئەو ھەقیقەتە بەرھەمی ئەقڵ و قەڵەمی کوردین..

بۆیەکا وا پێویستە پێگەی ئەم گۆڤارە لە رووی مێژووییەوە شایستەی خۆی بێت و مێژوونووس و لێکۆڵەر و نووسەران لەم گۆشەنیگایەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.. ئەگەرچی ئێمە دەزانین لەبەر گەلێ ھۆکار چەپاندن و شێواندنێکی زۆر لەسەر بیر و ڕێباز و بڵاوکراوەکانی پاسۆک و تەنانەت مێژووەکەی بەرقەرارە...

گۆڤارەکە بە تیراژێکی کەم دەرچووە و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک بەپێی شیاو لەناو جەماوەردا دابەشی دەکرد بەتایبەت لەنێو ڕیزەکانی رێکخستنی ناوشاردا دەستاودەستی پێ کراوە و نەریت وا بوو ھەر جارەش چەند نوسخەیەک بەدیاری بۆ گشت ھێزەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان دەنێردرا.. رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد کەموزۆر ئاگاداری چەندایەتی و چوونایەتی ئەم گۆڤارەن، لێ بەداخەوە ناھەقییەکی گەورەی بەرانبەر کراوە ، بە ھۆکاری فەرامۆشکردن بێت یاخود بە ئاگاییەوە بێت سەنگی گۆڤارەکە بە نادیدە گیراوە..

ئاڵای سووری ژمارە یەک .. سەرەتا و لاپەڕەی بەرایی لەسەر وشە و بایەخی وشەیە. بەواتای ئەوەی رۆشنبیریی و زمانی زانین و مەعریفە گرنگی دینامیکی ھەیە، بۆ شۆڕشگێڕانیش رۆشنبیریی پێداویستییەکی ژیارییە!. ئەم بنەمایەش دەرفەت دەخاتە بەردەم دەرگا کڵۆمکراوەکان گفتوگۆ و دیالۆگ ساز بێت.. چەرچڵ دەڵێ: " وا باشترە جوێن بەیەکتری بدەین، لەوەی فیشەک بنێین بە یەکترەوە".

پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە مەبەست لە کام وشە و کام ڕۆشنبیریی! وشەی جوان و ڕاست و شۆڕشگێڕانە و دەربڕی ھەق و داکۆکیکەر لە مافی نەتەوەیەکی بندەستە .. وشەیەک وشە بێت وەک ئەوەی پێی ناسراوە" دەسەڵات لە دەسەڵاتی وشە دەترسی، وشە دەتوانێ تەواوی دیکتاتۆرەکان ، پاشا، قەیسەر، ڕاوێژکار، وەزیر و حکومەتەکان بروخێنێ". Horst Bulla گۆڤاری ئاڵا بەتێروتەسەلی لەسەر ئەم دیاردەیە دەڕوات:

{وشە سەرەتای کردارە و بڵێسەی کاروان.. وشە دینامیتە و نارنجۆک قەڵای زوڵم و زۆرداری ھەڵئەتەکێنێ.. وشەی پیرۆز و پاک و ڕاست، بیری ڕەسەن و بیرکردنەوەی دروست دەڕسکێنێ ، نەتەوەیەک بەئاگا دێنێتەوە و چەوساوان دەوروژێنێ و بەشخوراوان ھان دەدات.. وشەی کوردی پیرۆزیش چێوەی بیری کوردایەتی ڕەسەنە، کوردایەتیش چارەنووس و بوونی نەتەوەی کورد.}.

بابەتەکانی ئاڵا مێژوویی، ھزر و فیکریی، سیاسی ، ئەدەبی، ڕۆشنبیریی گشتی، بە تێکڕا بژێوییەکی ماکی و مینۆکی و باوەڕ و وزەی ڕێی سەختی خەبات و تێکۆشانی خستۆتە سەر خوانی کوردایەتی..


(ڕازێکی کوردانە)*.. ناونیشانێکە لە ژمارە یەکەوە تا دوا ژمارە، لەسەر لاپەڕەکانی ھەر ژمارەیەک بەرچاو دەکەوێ..قورسایی ئەم وتارە ڕازێکە لە کوردەوە بۆ کورد.. وتارێکە ئاڕاستەی دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیرانی ناوخۆ کراوە و بە پێی ھەلومەرجی مێژوویی سەردەمی خۆی نوسراوە...لەم ژمارەیەدا داوا لە ھەردوو توێژی رۆشنبیران و دڵسۆزان دەکات، ببنە چاودێر و دادوەر بەسەر کردار و ڕەفتار و گووتاری خەباتی پاسۆک و لایەنەکانی دیکەوە.. ئاخر وەک گووتراوە:" وشە مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر کردار و رەفتاری پێ نەکرێت". کەواتە با جەماوەر ئاگادار و سەرپەرشتکار بێت و لەم دیدەوە حوکم بدات . ئەمەش بۆ خۆی ئەوپەڕی دڵسۆزیی و بێمنەتییە لە خەباتکردن و نیشاندانی ئەوپەڕی ڕاستگۆییە لە ئەقڵێتی خەباتی رزگاریی و تێکۆشانی میللیدا و مۆدێلێکی بێ وێنەیە لە کایەی سیاسی کوردی دا..


ئەوجا سەروتارێک لەژێر تایتڵی: [[ یەکێتی ڕیزەکانی شۆڕشگێڕانی کورد بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە]].. ئەم وتارەش بۆ یەکێتی و تەبایی کورد تەرخانە و شەنوکەوی ئەم پرسە ھەستیارە دەکات. گاندی وتەنی " دوو ساڵ یەکێتیم بدەنێ، بە دووساڵ سەربەخۆییتان دەدەمێ". پرسی یەکێتی پرسیار و بابەتێکی لەمێژیینەی نێو مێژوو و کایەی سیاسی کوردە.. بەداخەوە بە حوکمی ھەڵکەوتی دیموگرافی و سیاسی و پارچەپارچەکراوی، تا ئێستا بەدیھێنانی سەخت بووە. کۆتایی وتارەکە بە دروشمی [[ تا ملکەچی پەکی نەخستووین ، با بۆ ئازادی یەکگرین]] دێت..

ئەم سەرەتا و بانگاشەیە بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باوەڕی تاکی تێکشکاوی دوایی ھەرەسی شۆڕشی ١٤ ساڵە و دەیان سەدە زیاتر گەوزاوی ناو مێژووی بندەستییە. پاسۆک دەیەوێ کار لەسەر ھەڵچنینەوە و پۆڵاڕێژکردنی تاکی کورد بکاتەوە.. ھەر بۆیە لەم کۆنتێکسە مێژوویەدا بەرخوردی لەتەکدا دەکات و دەیەوێ تێشووی ئەم جارەی ڕێی سەختی خەباتی بە باوەڕی یەکگرتن و نان و ئاوی سەربەرزییەوە بێت.. دەڵێن" ھەر وشەیەک ئایندە دەگۆڕێ! چاک یان خراپ، ئەوەش وابەستەیە بەو وشەیەوەی کە دەگوترێت".. پاسۆکیش لە ڕووپەلی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییدا، شکۆمەندانە وشەی چاک و دروست و راست دەڵێ و دەڵێتەوە، بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە چوارچێوەی ( پرۆژەیەکی نەتەوەیی، سیاسی) دا فۆرمەلە بێت. ھاوکات بە ئومێدی ھیوا ھەڵچنین لەسەر ئایندەیەکی گەش و گەشت تر.. هەروەها قسەیەک ھەیە دەڵێ: " وشە دەتوانێ لە پارە و چەک زیاتر شت بەدەست بھێنێ"..

پاشان پارچە شیعرێکمان بەرچاو دەکەوێ بەناوی {{ کسپەی ڕازێکی ھەڵۆی بێشێ}} کە پێشکەشکراوە بە گیانی گەشمردە ئەفسەر (حەمەشەوقی).. نووسەرەکەی دیار نییە... ملازم حەمەشەوقی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەربازی پاسۆک بوو، لە شۆڕشی ئەیلوول دا لە دۆڵی بێشێ قارەمانێتی بەرچاوی نواندووە.. چەند ساڵێ دوای ڕسکانی پاسۆک رووی کردە شاخ و بەداخەوە بەدەستی ئاخوندەکانی ئێران شەھید کرا. بۆ زانیاری زیاتر بنۆڕە ئەم لینکە:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=48112
 

پاسۆک.. خۆی بە ھەڵگریی بیریی نەتەوەیی داناوە و بۆیە خۆیشی بە خاوەنی قوتابخانەیەکی فیکریی دادەنێ/ دادەنرێ.. فیکر گۆشەنیگای پاسۆکە بۆ تێڕوانین لە ھەموو دیاردە و پێشھاتەکان...

لەم ژمارەیەوە بەردەوام ئەم تایتڵەش ( قوتابخانەی پاسۆک)* ئامادەیی لەتەواوی ژمارەکاندا ھەیە و ھەرجارەی مژارێکی نەتەوەیی، فیکری، مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر کردۆتەوە.. وانەی یەکەمی ئەم قوتابخانەیە بە ناوی [[ کوردایەتی تاکە بیری «مرۆڤدۆست»ە]]. ئەم باسە بەتێروتەسەلی شرۆڤە کراوە و نموونەی زیندووی تێدا بەرچاو دەکەوێ.. کۆتایی وتارەکەش بە دروشمی[[ ھەر بیروباوەڕێک لە خزمەتی ئازادی و سەربەخۆیی کورد دا نەبێت، سپڵی لاورگە]].. کەواتە لە بنەڕەتدا داخوازی لە ھەموو لایەک دەکات، تێکڕای بیر و بۆچوونەکان بۆ خزمەتی واقیعی کورد بخرێتە کارەوە نەک بە پێچەوانەوە... واتە لەڕاستی پاسۆک رەتی ھیچ بیروباوەڕێک ناکاتەوە و بەپێچەوانەشەوە ڕێزی لێ گرتووە.. بەڵام بەمەرجێک ئەو بیروباوەڕ و مەزھەبە ڕووبەرەکەی ھەرچەند دەبێت ! لە ڕاستەوە بۆ چەپ و لە زەوییەوە بۆ ئاسمان، پێویستە بەشدارییەک بکات لە چارەسەرکردن و بەرەوپێشبردنی دۆزی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە و خاکێکی داگیرکراو و دابەشکراوی کورد و کوردستان دا.. ئەمە تاکە مەرجی فیکریی و سیاسی پاسۆک بوو لەوانی دیکەی نێو بزاڤی رزگاریخوازی کورد.. نەک نەک بە پێچەوانەوە وەک ئەوان دەیان ویست، کورد و دۆزە ڕەواکەی بکەنە بەردەبازی خزمەتی ھەر شتێکی دیکەوە!!!


پاسۆک لەوە بەئاگایە کەوا کۆمەڵگەی کوردیش لە چەند توێژ و دەستەو تاقمێکی جیاواز پێکهاتووە لە ڕووی بیروباوەڕەوە، دەبێت هەموو بەشداربن وەک ئەوەی هەن، دەنا زیان بە پرسە جەوهەرییەکە دەگات.. مەسعوود محەمەد وتەنی” تیۆری جا هەر تیۆرییەک بێ ، ئەگەر پێخۆری لە خۆی بێ و ڕێی جۆگەلەی دەرەوە ببڕێ تا پێخۆری بۆ بێنن، بەناچاری تووشی پیربوون دەبێ”…

دیدی پاسۆک بۆ خۆشەویستی خاک و نەتەوە، ھاوجووتی ئەم گووتەیەی ئەبرەھام لینکۆلنە کە دەڵێ:" بەھێزترین خۆشەویستی، بریتییە لە خۆشەویستی نیشتمان". کاتێ نیشتمان خرایە سەرووی ھەموو ئیعتیبارەکانی دیکەوە، ئەوا مانا و ناوەڕۆک و بەھای ھەر ھەموو شتەکان لە چوارچێوەی دروست و تەندروستی خۆیاندا دەمێننەوە و ھەوڵ و تێکۆشانی گەیشتن بە ئامانج ، رەنج بەخەسار دەرناچێ.

پاسۆک زۆر ئیش لەسەر ئەم ناوەڕۆکە دەکات و دەیەوێ بیکاتە گوتارێکی بەرجەستەی ھەمیشە ئامادە،لەسەرتاسەری گۆڕەپانی کوردستاندا، لێ گەلەکۆمەکێ و ڕێگری ئەوانی دیکە! بواریان نەدا پاسۆک وەک پێویست دەنگی ساز و زوڵاڵی بگاتە ھەر دەڤەرێ!!. ئەم بیرکردنەوەیەش لە بنەڕەتدا چەند لۆژیکی و واقعییە و ھێندەش ڕاست و دروستە.. وەک دەبین چەند دەیە دوای پاسۆک بەشێک لە حیزب و ھێز و کەسانە ھاتوونەتە سەر ھەمان ڕێبازی پاسۆک.. تێڕوانی دروستی پاسۆک بۆ دەردەکانی کورد و ڕێگاچارەی دروست ھەروەک ئەوەی نەخۆشێک کاتێ لە دکتۆر و دەرمانێ ڕازییە ، کە چاکی بکەنەوە.. کاتێ ئەو ناحەزە فیکرییانە دێنە سەر بیری پاسۆک، واتە پاسۆک دەرمانەکە بوو. جیھانیش بە بەرچاوی ھەمووانەوە وایان کردووە و بەردەوامیش سوورن لەسەر ھەمان ڕێچکە... با بپرسین کەی ئیمڕۆی تورکیا و ئێران پێڕەوی ڕاستەقینەی ئاینی ئیسلام دەکەن؟، وەڵامەکە ڕوونە کەوا ھیچ کاتێ!. کەچی ئەوان ھێندە نووقمی شۆڤێنێتی خۆیانن بۆ شەڕی کورد ھەموو بیر و ئاین و ئایدۆلۆژیایەک بەکار دێنن ئیسلامیش لە نێویان دا...

دوای ئەم بابەتە چاومان دەکەوێتە سەر ناونیشانێکی نوێ بەناوی ( بانگێ لەسەنگەریی پاسۆکەوە)*. ئەم سەروتارەش لەگەڵ تەمەنی ئاڵادا ھەنگاو بەھەنگاو ژیان دەکات و لە ھەناسەدان ناکەوێ. ھیچ ژمارەیەک نییە و بەرچاو ناکەوێ بڵاوبووبێتەوە ، بێ وتاری بانگێ لەسەنگەریی پاسۆکەوە.. بانگەوازی ئەم ژمارەیە بۆ ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و ھاوچارەنووسە کوردییەکان نووسراوە:
{{ چ ژیان و مانێکی ژێردەستەیی و بێ شەرمییە ئەم ژیان و مانەی ئێمە!!
چ بوون و مانەوەیەکی زۆر کەوتووە لەسەرمان!!
چ عەیب و عارێکی بەدییە ئەم ملدان و خۆمەڵاس دانە!!
چ ترسنۆکی و بێ غیرەتییەکە ئەم مەنگی و ڕاوەستانە!!}}..

ئەمە بڕگەیەکی نووسینەکەیە و پێم وایە خوێنەر بە ئاسانی پاشخانەکەشی تێ دەگات.. بانگەوازەکە زۆر دوورودرێژە و گەشتێکی خێرای مێژوویییە بەنێو دیاردەی ناتەبایی و یەکنەگرتوویی کورد دا... پاسۆک وەک ئەو" ھەژارەی لە شۆڕش کردن ناترسێ" دێتە مەیدانە و لەسەر سەکۆی کوردایەتییەوە بانگەواز دەکات و دەڵێ:
{{ ھەرچییەک خێری کوردی تێدا بێت، ڕێباز و مەبەستمانە و بەرژەوەندی بەرزی کوردایەتی لەسەروو ( پاسۆک) و( بیر) ەکەش و ھەموو شتێکی دیکەشەوەیە}}..
ئەوەتا پاسۆک خۆیشی و بیرەکەشی دەکاتە خزمەت و قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد، لە یەکێتی و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی و ئازادی دا.. هەر ئالێرەوەیە نێتی هەرە بێگەردی پاسۆک لە خەبات و تێکۆشاندا دەردەکەوێ بە گوێی هەموو لایەکدا دەدات،ئەو حیزبێکە ئامڕازە نەک ئامانج و لە هەناوی خۆیدا تۆوی یەکگرتن و خۆتوانەوەی هەڵگرتووە. پاشان هەر بۆ یەکگرتن خۆی کردە قوربانی. لەشوێنی خۆیدا قسەی لەسەر دەکەین.ئاخر چۆن " بڕوا شاخیش دێنێتە لەرزە" بانگەوازی پاسۆکیش ھەموو ویژدانێکی لە ناخەوە دەھەژاند، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لەشکری ڕەشەی خەڵکی ڕەشۆکی و دەستەبژێری دەروێشی ئایدۆلۆژی، زۆرینەیان ویژدان مردووەکان و ھەست تاساوەکان بوون.. یاخود کۆمبارسێکی چەپڵەلێدەری خۆرایی..


لەژێر ناونیشانی [[ تیشکێک لە خۆری کوردایەتی]] ئاماری ئەو چالاکییە سەربازییانە خراوەتە ڕوو کە پاسۆک لەماوەی مانگێکدا پێی ڕابووە.. ١٨ چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام درواوە و بەتایبەت لەناو شاری سلێمانی دا.. ریزەکانی ڕێکخستنی پاسۆک بە یەکێ لە ھەرە بەھێزترین و چالاکترین و تۆکمەترین و پاکترین و دڵسۆزترین ڕێکخستنەکان ھەژمارد دەکرێ. ھاوکات چەندین دەستەی پێشمەرگەی ھەبوو شەوانە لە قۆڵی جیاوازەوە دەھاتنە ناو شارەوە. دەستەی پێشمەگەکان بەم جۆرە بوون بەناوی شەھیدەکانەوە ناونرابوون : [[[ دەستەی شەھید فەتاح ئاغا، شەھید ملازم حەمەشەوقی، شەھید فەرھاد خەفاف، شەھید کامیل شەفیق، شەھید عومەر ساڵح مەنسوور، شەھید ملازم محەمەد ئەحمەد]]]... ئەم ناو و شەھادەتە بەرزانە ھەر یەکەیان مێژووییەکی گەورە و داستانی قارەمانێتی و مێژووی دڵسۆزیی و خۆنەویستی بێھاوتایان وا لە پشتەوە. ئەگەرچی بەندە بە وتارێکی کورتیش بێت لەسەر زۆربەیانم نووسیووە، لێ بەگوێرەی گونجان ھەوڵ دەدەین لێرەدا ھەرجارەی بەپێی ناوەڕۆکی باسەکانی ئاڵا، کورتەیەک لە ژیانی شەھیدەکان بەسەر دەکەینەوە.. شایانی ئاماژە پێدانە پاسۆک توانیویەتی لە مانگێکدا زیاتر لە نیوەی بێتە ناو شاری سلێمانییەوە....وەک گۆڤارەکە ئاماژەی پێداوە، باسکردنی چالاکییەکانی ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی پاسۆک لەسەر ویست و داواکاری زۆری جەماوەر بووە !.. دەنا پاسۆک بۆ خۆی نێتی بڵاوکردنەوەی بابەتی وای نەبووە..

دوا لاپەڕەش نەخشاوە بە ناونیشانێک[[ ماڵاوا]] * و ئەمیش بەردەوام لەھەر ژمارەیەکدا دووبارە دەبێتەوە وەک ماڵئاوایی کردنی گۆڤارە لە خوێنەرانی تا ژمارەی ئایندە.. باسەکانی ئەم ناونیشانە ، ھەنووکەیین و رۆژگاریی خۆی بەسەر کردۆتەوە.. لەدیدی ئاڵا و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک و جارەوجار پاسۆکەوە سەرنج لە رووداوەکان گیراوە...ناونیشانی وتاری ماڵاوایی: [[ شەڕی عێراق و ئێران چی بۆ ئێمە تێدایە؟!]]..

ئەگەر ئەم بڕگەیەتان لەم وتارە پێشکەش بکەین:[[ گرنگترین سەرئەنجامێکی ئەم شەڕە، لاوازبوون و پەککەوتنی بەعسییە چەپەڵەکانی بەغدا و دوژمنانی کوردە]].. جا یان لاواز دەبن یاخود سەرەنگوم دەبن.. وتارەکە لە شرۆڤەکەیدا داوا دەکات و چاوەڕوانە:

{{ کورد دەبێت بە دوور کەوێ لەبازنەی ئەم ململانێیە.. کورد لەبارێکدا بێت بتوانێ داواکانی بەسەر دەسەڵاتی نوێدا بسەپێنێ}} . . شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠ـ١٩٨٨ وەک دوو دەوڵەتی داگیرکەر دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد خوڵقاند، هەنگاوی گەورە بەرەو ئامانجە ڕەواکەی کوردایەتی بنێ، لێ بەداخەوە سوودی پێویستی نەک هەر لێ وەرنەگیرا، بگرە بەزیانێکی گەورەش بەسەر کوردا شکایەوە.. هەڵەبجە و ئەنفال بە نموونە.

وتارە پێمان دەڵێ، نابێت کورد بێتە ناو ئەم شەڕە و لایەنگری ھیچ لایەک بکات، بەڵکوو دەبێت خۆی بپارێزێ و بێلایەن بمێنێتەوە.. وەک دەزانین بەھۆی ھەڵەی سیاسی ھەندێ حیزبەوە، کورد باجێکی قورسی دا و لەزۆر قۆناغ دا، ئاگری تەندووری شەڕی عێراق و ئێرانی بەسەردا ڕژا..وتارەکەش بە دروشمی[[ کورد سەپانی بابی کەس نییە]] کۆتایی ھاتووە. پاسۆک وەک پرنسیپ و بێ سازشکردن دژی داگیرکاری و بندەستی کورد بوو. ھەموو خەباتی فیکریی بۆ رزگارکردنی کورد بوو لەو دۆخە ناسروشتییە بەسەریدا داسەپاوە..

لێرەدا گەیشتین بە دوا لاپەڕە و دوا وتاری ماڵئاوایی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، لێ جارێ من هێشتا ناتوانی ماڵئاوایی لە ئێوە بکەم، چونکە پێویستە ئاماژە بە خاڵ و خەسڵەتێکی تری زۆر گرنگی گۆڤارەکە بکەم.. ئەویش لایەنی زمانەوانی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییە، کە ھەستیارترین و گرنگترین و بەچێژترین لایەنە.

بابەتەکانی نێو ئاڵای سوور بە زمانێکی سیاسی روون و سادە و چڕ و پڕ و بێ گرێوگۆڵ و ئەدەبی باڵا نوسراون. مۆرکی ڕەسەنایەتی بە ھەر وشە و ڕستە و دەربڕینێکەوە چەسپیووە و رۆح و گیانی کوردبوون تێیاندا زیندوو و پاراو و شیرینە و وەک تێکس یان دەقی سیاسی ، فیکری یاخود ئەدەبی زۆر بایەخدارە . ئاخر گەر لە پێشڕا نووسەرانی ئاڵا باش لە بایەخی زمان گەیشتبوون و بەچاوێکی پڕ بەنرخەوە لە زمانی کوردیان دەڕوانی پێگە و ڕۆڵ و گرنگی ئەم تایبەتمەندییە زمانییەیان، لە تێکڕای پرۆسەی خەبات و دۆزی نەتەوەیی کورددا بەدز دەنرخاند..

چاو گێڕانێکی خێرا بە گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی و ھەڵبژاردنی تایتڵی بابەتەکانی و ڕازاندنەوەی نووسینەکانی و بە دەربڕینی کوردانەی ڕەسەن، بەڵگە و سەلمێنەری راستی بۆچوونەکانمانە.. بابەت و نووسینەکان و شێوازی داڕشتنیان دوورن لە لاسایی و جوینەوەی وشەگەل و چەمکگەلێکی دەرەوەی دنیای ھزر و ڕامان و دەربڕینی کوردی و دەقاودەق ئەو خشت بەردە تۆکمە و نەخشکێشراوانەن کە بنیادی باشتری بناخەی کۆشک و تەلاری بیری کوردیان پێ ھەڵچنراوە و ھەڵدەچندرێت.
______________________________________________
سەرنج: ھەموو ئەو ناونیشانانەی ئەم نیشانەیان (*) لەسەر دانراوە، بەھەمان ناونیشان بەڵام بابەتی جۆراوجۆر لە تەواوی ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی دا،بەرچاو دەکەونەوە.ھەروەھا ھەموو ئەو نووسینانەی دەکەونە نێوان ئەم دوو [..] کەوانەیەوە لە ئاڵاوە وەرگیرا.

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ٢.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

بەندە بە زنجیرەیەک وتار خوێندنەوە بۆ ھەر یەک لە ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی دەکەم کە لە دووتوێی ئەم بەرگەدا کۆکراونەتەوە.
لە خوێندنەوەمان بۆ ژمارە {یەک}، کە لێرەدا پێویست بە دووبارە کردنەوەی ناکات پێشەکییەکی پێویستمان خستۆتە بەرچاوی خوێنەر لەمەڕ پاسۆک و ھەلومەرجی بوون و ھزر و فیکر و دروشم و بڵاوکراوەکانییە و پێویستی و میکانیزمی خوێندنەوەی خودی مێژوو و پاسۆک بە چاوی ئیمڕۆ.. ئاماژەشمان بە بڵاوکراوەکانی پاسۆک داوە، لە نێویاندا ئاڵای سووری کوردایەتی..

ژمارە(٢) ی ئاڵای سووری کوردایەتی ئازاری ١٩٨١.. ئەم ژمارەیە١٦ بابەتی ئەدەبی و سیاسی و رەخنەیی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیی لەتەک کۆمەڵێ چالاکی حیزبیدا لەخۆ گرتووە و بریتییە لە ٤٠ لاپەڕە... دوو ھێندەی ژمارە یەک.. ئەمەش نیشانەی گەشە و دەوڵەمەندبوونی گۆڤارەکە بەدەردەخات...
ھەر کاروانێ
بۆ تیشکی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر
ئەگەنە خۆر
لە لاپەڕەی یەکەمدا بەم کۆپلە شیعرە ئەم پەنجەرەیە بەڕووی خوێنەردا کراوەتەوە تا لە ئاسۆی روون بڕوانێ ! ھەروەھا لە گرنگی و بایەخی ئەم کاروانە بچووکە تێبگات کە بە باوەڕی بەرزەوە بەڕێ کەوتوو..
ھەڵگرانی بیریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پاسۆکدا، بە ژمارەیەکی کەمەوە، لێ پوخت و چوست و چالاک و تەیار بە ھزر و بیر و خۆنەویست لە بەرژەوەندی ... ئەو پۆلە خەڵکەن دەستەچیلەی کوردایەتیین ... بە ھەموو ھیوایەکەوە بەرەو گەیشتنە لوتکەی ئامانج کەوتوونەتە ڕێ .. ئەم کۆپلە شیعرە "کاڵا وەقەد باڵایە" .. ئێمە زۆر حیزبی گەورە و زەبەلاحمان بینیووە و دەبین لە ڕەشەخەڵکێکی ڕۆبۆرت و دەروێش ئاسا بەولاوە قەرەباڵغییەیی شپرزەبووی سەرلێشێوار زیاتر نەبوون و نین!..کەواتە چۆنایەتی گرنگە نەک چەندایەتی..دەڵێن
٬٬ پیاوی بەهێز ڕزگاری بووە لە دوودڵی، بەڵام هی ئاسۆ تەنگ بە گشتی شپرزەیە٬٬.. پاسۆک لە تێڕوانینیدا بۆ دۆزی کورد ڕەها بوو لە ترس و شەرم و منجەمنج.

سەروتار .. بەناونیشانی « کورد و ئازار» ە .. ھەموو دەزانین بۆ کورد مانگی ئازار خۆش و ناخۆش و گەش و سیس و رووناک و تاریکە.. تژییە لەم جۆرە بەسەرھات و یادەوەرییانە..

ڕازێکی کوردانە: [[چارەسەری ناکۆکییە لاوەکییەکان بە ڕێگای دۆستایەتی و برایەتی دەبێت]].. بابەتێکی تری ئەم ژمارەیەی ئاڵایە!!..
ناپلیۆن " ناکۆکی بە کرمی ژەهراوی ناو ریخۆڵەی گەل دادەنێ" . ناکۆکی دیاردەیەکە لە مێژووی کورد و نەتەوە بندەستەکاندا زۆر بە زەقی بەرچاو دەکەوێ . بۆ شەنوکەوکردنی ئەم پرسە ترسناک و ماڵوێرانکەرە ، پاسۆک لێی بە ئاگایە و دەیەوێ قسەی هەبێت لەسەری . وتارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەرژەوەندی باڵای کورد ئەوە دەخوازێ، سەرلەبەری ناکۆکییەکانی ھەناوی بزافی کوردیی بە دیالۆگ و گفتوگۆی دۆستانە چارەسەر بکرێن .. ناکۆکی لاوەکی ھەرگیز نابێت ناکۆکییە سەرەکییەکەمان لەگەڵ داگیرکەراندا لەبیرەوە بەرێت!! ھەمیشە شێوازی دۆستانە بگرینە بەر بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوخۆمان..واتە بە ئاشتی.. داخوازی ئاشتی و پێداگریی لەسەر ئاشتی باوەڕ و دروشمێکی سەرەکی سیاسەتی پاسۆک بووە.. بۆئەوەی دڵەڕاوکێش لای هیچ لایەک دروست نەبێت ،پاسۆک نێتی خۆی روون دەکاتەوە کە ڕێی گفتوگۆ کردن باشترین ڕێگاچارەیە کارل پۆپەر دەڵێ:٬٬ نرخ و بەهای دیالۆگ بەر لە هەر شتێک وەستاوە لەسەر فرەڕەنگی بیروڕا و کێبەرکێیانەی ڕکەبەرەکان٬٬.
پاسۆک بە ڕژدی و شێڵگیرانە کاری کردووە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ڕەنگە ھێنانەوەی گووتە بەناوبانگەکەی گینابەختکردووی گەشمردە ( قاسملۆ) " بارەگاکانی پاسۆک بوون بە بارەکای نەتەوە یەکگرتووەکان" بەس بێت بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە.. بەھەق پاسۆک توانایەکی بێشوماری تەرخان کرد بۆ ھێنانەدی یەکێتی و تەبایی نێو کورد و ھێزە سیاسییەکانی و بەرقەرارکردنی ئاشتی و زمانی نەرم و رۆحی دیالۆگخوازی.. پێشی وا بوو ئەوانەی پێڕەوی ئەم سیاسەتە ناکەن، زەبری کوشندە لەکورد دەدەن و خزمەتی بەلاشی داگیرکەر دەکەن...
وتارەکە بە دروشمی " کێ زیاتر دڵسۆز بێی، ئەوە زێاتر کوردە". تەواو بووە.

شیعرێکی (شاھۆ) ی شاعیر و شیعرێکی دیاری (عەبدوڵا پەشێو) کە پێشکەش کراوە بە گیانی شەھید (فەرھاد خەفاف) بڵاوکراوەتەوە . - ئەگەرچی ناوی پەشێوی شاعیری لەسەر نەنووسراوە - .. ئینجا لەلایەن دوو ھاوبیرەوە دوو وتاری کورت و دوو سەرنج لەسەر شەھید فەرھاد خەفاف بڵاوکراوەتەوە..
شەھید فەرھاد یەکێکە بوو لە ھەڵکەوتووترین کادێرانی سیاسی و سەربازی پلە دووی پاسۆک لە دوای ڕسکانییەوە.. رۆشنبیرێکی فرەلایەن و خۆشەویستێکی نێو پێشمەرگە و جەماوەر بووە.. چەندین ھاوبیری بۆ پاسۆک گۆشتکردووە و ڕۆڵی بەرچاو و گەورەی لە ژیانی رێکخستنی و پیشمەرگایەتیدا گێڕاوە. دەرفەتی ھەڵچوون و سەرکەوتنی تا چڵەپۆپەی بەرپرسیارێتی ھەبوو !، لێ دەستی قەدەری نەگریس بە خۆی و پاسۆک و کورد لێی نەگەڕا، زوو لە کارەساتێکی تەواو دڵتەزێن دا بەدەستوپلی خۆی شەھید بوو. بۆ زانیاری پتر لەسەر ئەم شەھیدە بڕوانە ئەم لینکە..
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=66963

وانەی دووەمی [قوتابخانەی پاسۆک] وتارێکی تێروتەسەلە بەناونیشانی [نە دوژمن دەبێتە دۆست و نەداگیرکەر بە برا].. ناوەڕۆکی وتارەکە بۆ خۆناسین و داگیرکەرناسییە!.. دۆست کێیە و دوژمن کێیە ؟! دۆستایەتی چۆنە و چی بکەین و چۆن خەبات بکەین بۆ ئامانجەکانمان؟!.. ئەی ئامانجەکانمان کامانەن؟؟!..
٬٬ گووتراوە کەوا خۆناسین سەرەتای هەموو حیکمەتێکە٬٬ بابەتی ئەمجارەش وانەیەکی بەنرخە بە ناوەڕۆک و ئامانج بۆ ئەوانەی لە دەروازەی بنەماکانی بیری کوردایەتی تەماشای دۆزی نەتەوەکەیان کردووە.. ئاخر دەردی خۆناسین و داگیرکەرناسی بە زەقی ڕۆڵێ نەرێنی خۆی لە مێژووی کۆن و نوێی کورد دا گێڕاوە و تا ئێستا بایی پێویست ھەڵویستە لەم میکانیزمە گرنگەی چەکی خەبات نەکراوە. بە دەربڕینێکی تر ئەگەرچی ئەم خاڵە زۆر بایەخدار و پێداویستییە، خوێندنەوەی دروستی بۆ نەکراوە و نەکراوەتە مەرجێکی چەسپاوی خەبات و تێکۆشان.. جگە لەوەی وتراوە" دوژمنێکی ھاوبەش، زەمینەی ھاوپەیمانێتی خۆش دەکات" .
یاخود وەک ئەریستۆتالیس دەڵێ" مرۆڤی ژیر لە دوژمنەکەیشییەوە فێر دەبێت".. گاندیش دەڵێ:" بۆئەوەی بەسەر دوژمندا سەرکەویت، سەرەتا دەبێ تێی بگەیت"... ھەڵبەت بەم میکانیزمەی تێگەیشتن لە دوژمن ئەوەمان بۆ روونە کە پێشتر لەخۆشت گەیشتوویت...ئاخر سەرکەوتن بە پلەی یەکەم لەو حیکمەتەوە سەرھەڵدەدات کە خۆت دەناسی... بێ خۆناسین ، مەحاڵە بتوانی ئەوی تر بناسیت!.. کاتێکیش دوژمن نەناسی ناتوانی شەڕی بکەیت و بەسەریدا زاڵ بیت!. هۆکاڕێکی گرنگ بۆئەوەی کورد دروست خۆی ناناسێ دەگەڕێتەوە بۆ بندەستییەکەیی و و داگیرکەر و دوژمنان مێژوویان بۆ نووسیوەتەوە . ئاشکرایە چۆنیان نووسیوەتەوە!!..

ئاڵا ..لە بازنەی مێژوودا دەمێنێتەوە و ئاوڕێ لە [قازی]یان کورد لە مەھاباد دەداتەوە.. "قازییان یادتان بەخێر لەبەر سێدارەدا"، وتارێکە مێژووی کورد بە خۆیی و مانا و بایەخ و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانی لەم گۆڤارەدا ئامادەیە..

[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]، لەسەر چەمکی (ژیان).. وتارێکی فیکرییە، ئاڕاستەی ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و ھاوچارەنووس کراوە.
لە بڕگەیەکدا دەڵێ: "بۆیە ژیانی ڕەنگڕێژراوی مرۆڤانە ئەو ژیانە سەرکەش و ئازادانەیە کە مرۆڤ خۆی لە جەوھەری بووندا دەدۆزێتەوە و ھەست بە گرنگی و کەرامەت و بوونی خۆی دەکات" .
وتارەکە دەیەوێ وێنەیەکی کتومتی واقعی کورد و ژیان و شۆڕشەکەی نیشان بدات.. ھاوکات داوای چارەسەر و باشترکردنی کێماسییەکان دەکات و بانگاشەی ئەوە دەکات، گیان و ورەی بەرەنگاربوونەوە لەکەسدا بزر نەبێت.. زۆر واقعی راستگۆیانەش خاڵی خستۆتە سەر پیتەکان و پێ لەوە دەنێ خەسڵەتی شۆڕشەکە لە ئاستی حەز و ھیواکاندا نییە و نایەوێ دیماگۆگێتی لەتەک جەماوەردا بکات و بە درۆ بە شانوباڵی شۆڕشدا هەڵبدات و وێنەیەکی دروستی دۆخەکە دەخاتە بەرچاو و ڕێیز لە ڕەخنە و بۆچووەکانی جەماوەر دەگرێ و دەنووسێ:" ھەرچی بڵێین و بڵێین ڕاستە.. شۆڕش لە گرێژنە براوە،چەواشەکراوە، لابراوە، لەمەش زیاتر ناوەڕۆک و شێوازیشی پووچ کراوەتەوە.. بەڵام ئایا شۆڕش چارەنووس و قەدەری کورد نییە؟!.. ئایا تاکە ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی نییە؟! چ بە ئابڕوویەکی دڵسۆز ئەتوانێ بڵێ نەء؟!"..
پاسۆک تەواوی ئەم شت و ھەقیقەتانەی زانیوە، لێ دیسان داوا دەکات ڕۆڵەکانی نیشتمان مل بۆ واقعی ناسروشتی داسەپاو نەدەن و بێنە کۆڕی خەبات و بەشداری بکەن و ئاگری تەندرووی سووتاندنی جەستەی داگیرکەر خۆشتر بکەن!..

دواتر دوو بروسکە پیرۆزباییمان بەرچاو دەکەوێ پاسۆک ناردوویەتی بۆ حیزبی سۆسیالیست و یاداشنامەیەکی گلەیی و گازندەیی بۆ «جیسکار دیستان» سەرۆکی فەرەنسا دژ بە دۆستایەتی و ھاوکاریان بۆ رژێمی فاشی سەددام... یاداشتامەکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە.. دەشێ درابێتە سەفارەتێکی فەرەنسا لە پایتەختێکی عەرەبی..

[[شادەمارە سەرەتاکانمان]] * گرنگترین کۆڵەکە و پایەی فیکر و بەرنامەی پاسۆکە کە کاری بۆ دەکات و کردووە.. لەم ژمارە دووە بەدواوە تا لیستی شادەمارە سەرەتاکانمان تەواو دەبێت، ھەرجارەی خاڵێک لە ژمارەیەکدا شرۆڤەکراوە و روون کراوەتەوە.
[[ رزگاری و یەکگرتن و ئازادی کوردستان و یەکسانی نەتەوەی کورد]].. یەکەم ناونیشانی ئەم تەوەرە ھەرە سەرەکی و گرنگەیە..
لێرەدا پانۆرامایەکی خێرای مێژووی کورد و بزاڤەکانی خراوەتە ڕوو. .. گرنگ و بایەخی رزگاری و یەکگرتن بۆ (ئازادی) شی کراوەتەوە و لە جۆری سیستەمی داھاتووی کوردستاندا دوای گەیشتنە ئامانج ئاماژە بە (یەکسانی) بۆ کۆمەڵگەی کوردی دیاری کراوە و ئەرک و خەباتی پاسۆکیش لەم نێوەدا باس کراوە..
وتارەکە دوورودرێژە و وەک زۆر لە وتارەکانی دی بە دروشمی{{ دۆست و دوژمن بە نێزیکی و دووری لە بەرژەوەندی کورد دەناسرێتەوە}} کۆتایی ھاتووە.. بەم شێوەیە لەپاڵ شیکاری فاکتە مێژووییەکان دا، ڕێگا چارەی بۆ ئایندەیەکی بە فەڕتر دیاری کراوە..
وتارێک بۆ نەورۆز نوسراوە، لەبەر ڕۆشنایی و بایەخی ئەم بۆنە نەتەوەییە کوردییە، لەھەموو لایەنەکان داواکراوە بە بڵیسەی ئاگرەکەی نەورۆز تۆوی ناتەبایی و خۆخۆری بسوتێنین و بە تین و تاوەکەی یەکێتی و تەبایی پێک بھێنن و گەرم بکەن..
وەک دیارە ئەم ژمارەیەی ئاڵای سوور لە مانگی ئازاردا دەرچووە..بۆیە وەک ڕێز و سەنگێک پێش وتاری [ماڵاوا] ، چەند وتەیەکی مێژوویی پێشەوا قازی محەمەد نووسراوەتەوە.. پێشەوا لە مانگی ئازاری ١٩٤٧ لەتەک کۆمەڵێ لە بەرپرسانی دیکەی کۆماری کوردستان دا، لە مەیدانی چوارچرا لە سێدارە دراوە.. ھێز و سەنگی نەتەوەیی مێژوویان ھەیە و ئەوجا دوا لاپەڕە

بە وتاری [[ فرمێسکی گێلانە بۆ ئابووری عێراق]]...رازێندراوەتەوە.. وتارەکە زیاتر بەرپەرچدانەوەیەکی ئەو بیر و پروپانگەندە و دەنگە ناسازانەی ئەو سەردەمەیە، کە بەھۆی شەڕی (ئێران و عێراق)ەوە شین و چەمەریان گێڕاوە بۆ ئابووری عێراق و کاول بوونی و داڕمانی .. دیارەدەیەکی گەمژەیی و ناشرین و بێ بەھا و نرخە! داگیرکراو بیت و بۆ پۆشتەوپەرداخی داگیرکەرەکەت ھاوار و فیغانت بێت!..
دوا دێڕەکانی وتارەکە بریتییە لەم بۆچوونە ڕەپوڕاستانەی کوردایەتی :
{{ دەک خوای دەکرد بە سەبەتەیەک دیناری عێراقی سەلکەپتازێکی نەدەکرد}}..
{{ مزگەوتێ بۆ من نەبێت، خوای دەکرد دەیانکرد بە خان}}..
ئاڵای سوور باش دەرکی بە نێت و ئامانجی ئەو دەستەوتاقمە کردووە.. بۆیە تۆمەتباریان دەکات بەوەی ئەم گارەگارەیان بۆ ئەوەیە بە خەیاڵ پڵاوی خۆیان وا بیردەکەنەوە سەددام دەروخێن یان دەڕووخێ! و ئەوان [[سبەی نەچنەوە سەر خەزێنەی بەتاڵ و بەشیان نەمێنێ]]..
 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ٣.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

ئاڵای سووری کوردایەتی// ئۆرگانی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک.
لەم ژمارەیەدا نووسراوە: نرخی بەپێی توانایە..
پێدەچێ نەداری وای لە پاسۆک کرد بێت، بیر لە فرۆشتنی ئۆرگانەکەی بکاتەوە.. ئەگەرچی کارێکی ڕەوا و ئاساییە، ھاوکات دەست و دڵ کراوەشە، نرخی بە پێی توانا بۆ دیاری کراوە..
بەرگەکەی لۆگۆی خۆرێکی لەسەرە چوار تیرۆژی لێ بۆتەوە . مەشخەڵێکی بڵێسەدارە قەدەکەی / دەستکەکەی قەڵەمێکە و خەنجەڕێکیش بە نیوە کەوانەیی لەتەنیشتییەوە کێشراوە..
ھەردوو دروشمە ناوەندییەکەی بە تۆخی بەسەر بەرگی گۆڤارەکەوە دەدرەوشێنەوە.[[پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کوردبین]] و [[چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە]].. لەم ژمارەدا ١٥ بابەتی جۆراوجۆر بەرچاو دەکەون.. کە وەک ژمارەکانی پێشوو ٤ یان ھەمیشەیی نەگۆڕن.. لەبەرئەوەی بەشێکی زیندووی ناسنامەی حیزب بوون.. ھەروەھا قەبارەی بریتییە لە ٤٣ لاپەڕە و بە بەراورد بە ژمارەکانی پێشوو، لاپەڕەکانی زیادی کردووە.

کۆپلە شیعرێکی شۆڕشگێڕیی دەروازەی گۆڤارەکە دەخاتە سەر پشت و مانا و پێداویستی شۆڕشی کورد و پێداویستییەکان و فەلسەفەی بوونی بە ناچاریش بێت ڕوون دەکاتەوە:
تەنیا لە لوولەی تفەنگ دا
ئازادی چاوی ھەڵدێنێ..
ھەق بانگ ئەدا.
تەنیا ھەر لە ئاستی چەکا
داگیرکەر مل کەچ ئەکا!

دەکرێ بەسەدان لاپەڕە لەسەر ئەو چەند دێڕە کورتە بنووسین، چونکە زحر شتی مێژوویی و سیاسیمان پێدەڵێ، لێ بەکورتی و کرمانجی لە کرۆکدا ئەوەی روون و ئاشکرایە بریتییە لە: داگیرکەران ئاشتییان ناوێ زمانی دیالۆگ ڕەت دەکەنەوە. ئەقڵێتیان ھێندە داخراوە، ترووسکەی دانوساندنیان تێدا بەدی ناکرێ.. وەک یابانییەکان دەڵێن:" ئەگەر گەوجی پێشکەوت، ژیری پاش دەکەوێ".. لێرەش لەم ژینگە تەمومژاوییەی دەوری کوردی داوە، دەرفەت بۆ رزگاری لە کۆلۆنیالیزم تەنیا خەباتی چەکدارییە...ئاخر لەمێژە گووتراوە" لە کوێدا قسە نەچێتە ناو گوێوە، مرۆڤایەتی تێیدا دۆڕاوە"..بە درێژایی مێژوویەکی خوێناوی نێوان داگیرکەران و کورد بیر جگە لە شەڕ و کاولکاری بەولاوە لە ھیچی تر نەکراوەرەوە..دۆخی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تورک و فارس و عەرەبدا و بێ ئاکام بوونی تێژڕای ھەوڵەکان، بەڵگەی زیندووی ئەم گوێ نەگرتنەیە! نێرجسیەتی لەخۆبایی بوونی ئەوان و ئەقڵێتی گرفتاربوونیانە بە وەھمی دەسەڵات و ئاغایەتی..

گەر بەوردی دیقەت بدەین لە مێژووی داگیرکەران و تەنانەت ھەوڵەکانی کورد بۆ چارەسەری ئاشتی لەتەکیان دا، لۆژیک و ھەقیقەتی تەواو لەم پەیامە شیعرییەدا دەبیننەوە.. گووتە بەناوبانگەکەی گاندی مەزن" مێژوو مرۆڤ فێر دەکات، کە مێژوو ھیچ فێری مرۆڤ ناکات" کتومت لێرەدا ڕەنگی داوەتەوە..
ئەوەیشی لێرەدا نەرێنی بەسەر کورددا شکاوەتەوە، فەرامۆشکردن یاخود کەم بایەخییە بۆ شێوازەکانی خەباتی مەدەنی و دیبلۆماسی و لۆبیستی و تەنانەت ئابوووریی و کولتووریی و ھونەریی و وەرزشیش. ئەم کێماسییە بەزەقی بە مێژووی سیاسی کوردەوە دیارە.

سەروتارێک لەسەر شوناسی سەربەخۆیی کوردبوون و خۆ ڕزگارکردن لە پاشکۆی تەواوی حیزب و ھێزە سیاسییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست.. ھاوکات تەواوی بیروڕێبازەکان کە دووربوون لە گیان و ھەستی کوردایەتییەوە.. لەم ڕووەشەوە بە ئەزمونە تاڵەکانی مێژوودا گوزەر دەکات پێمان دەڵی:کردنی ھەر ھەموو شت لەپێناوی کورد و کوردستاندا دروست و تەواوە!..

لە یادی پیرۆزی رۆژنامەگەریی کوردیدا کە مێژووەکەی لە ٢٢/٤/١٨٩٨ ەوە دەست پێ دەکات، وتار و یادھێنانەوە نووسراوە و سڵاوێک بۆ وشەی پیرۆز و قەڵەمی ئازای کوردیی نێردراوە. ئەوجا لە مانگی نیسان / ئاپریل دا چی لە رۆژمێریی کورددا رووی داوە، مشتێک لەو خەرمانە بەسەر کراوەتەوە.. ئەمەش بەردەوامی کارکردنە لە مێژوو و یادەوەرییەکانیدا جا گەش بن یاخود تاڵ و نائومێدیی..

وتاری [[ڕازێکی کوردانە]]ی ئەم ژمارەیە: "چارەسەری بنەبڕی مەسەلەی کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسیەتی".

کورد مێژوویەکی تاڵ و ئازاراوی لەگەڵ دروشمەکانی ئۆتۆنۆمی و خەباتی ھاوبەش دژی ئیمپریالیزم و پێکەوە ژیان و دروشم و شتگەلێکی تر ھەیە و دواجاریش ھەر کورد زەرەرمەند بووە و لە پرۆسەژەدا دەستی لەبنی ھەموو ھەمانەکان دەرچووە.. چونکە ھەم دروشمەکەی ناواقعی بووە و ھەم ئەقڵێتی ئەوان ئەم تۆوەی تێدا شین نابێت..ئەمەش ھۆکاریی ڕیشەیی خۆی ھەیە ، لە فیکر و سیاسەت و نەزانی و سادەیی و دواکەوتوویی کورد و جارەوجار ناواخنی درێژەی ئەم باسانەمان لەم خوێندنەوەدا بەرچاو دەکەوێت..

وتارەکە شیکارێکی مێژوویی ئەم باسە ھەستیارە کراوە، کە تا ئیمڕۆ جێی مشتومڕی سیاسی و فیکری حیزبە کوردییەکانە... بەداخەوە وزە و توانست و بڕشتێکی زۆری بزافی کوردی ھەڵلوشیووە.. بەدرێژایی مێژووی گەلان ھیچ میللەتێکی داگیرکراو و دابەشکراو نەبووە یەکلایەنە بڵێ من دەمەوێ لەگەڵ داگیرکەرەکەمدا بژیم و باسی پێکەوە ژیان و خەباتی ھاوبەش بکات... دیموکراسی بۆ داگیرکەر بوێ و خۆی بە مافی ئۆتۆنۆمی ڕازی بێت! داگیرکەریش ھەر بیکوژێ و بیکوژێ و فەرھەنگی بسڕێتەوە و لە سێدارەی بدات لە کوردبوونی بخات و ڕایگوێزێ و زێند و نیشتمانی کاول بکات.. تەنیا کورد بەو مۆدێلە کاری کردووە لەدوای جەنگی جیھانییەوە کە سەردەمێکی زێڕینی رزگاری گەلانە .

ئاڵای سوور دەنووسێ" {حوکمی زاتی }فشە و راستەقینە ( ئەگەر وەک قۆناغ و وچانێک نەبێت) ناھێنێ فیشەکێکی بۆ بتەقێندرێ و گیسکێکیشی بۆ وەکوژرێ".
ئەزموونی گەلان نیشانی داوین ھیچ میللەتێک نییە بندەست بوو بێت بۆ سەربەخۆیی تێ نەکۆشابێ!.. ھیچ لایەک بە ئۆتۆنۆمی ڕازی نییە، داگیرکەرانی کورد ئۆتۆنۆمیشیان بە کورد بە ڕەوا نەبینیووە و نابینن.. جا کە تۆ ھەر خەبات دەکەیت و گیانبازی بە بە ژیانی خۆت دەکەیت! ئەوانیش سڵ لە کوشتن و قڕکردنت ناکەنەوە، ئەی بۆ لەسەرەتاوە داوای ھەقی راستەقینەی خۆت ناکەیت؟!.. وتارەکە نزیکەی ٨ لاپەڕەی گرتۆتەوە.

فەرھەنگ و کەلەپووری میللی کوردی دەوڵەمەندە بە شتی جوان و بەھێز، بۆ ئاڵا ھەر جارێک چەپکێ گووڵی لێ دەخاتە ناو ئینجانە لەسەر ڕەفە و تاقەکانی خۆی دادەنێ.
شیعری (سنووری کوردستان) ی حاجی قادری کۆیی.. بۆن و بەرامەی خۆی دەدات.. ماتزینی مەزن دەڵێ:" نیشتمان بەر لەھەر شتێ ھوشیارییە بە نیشتمان ". ئەوەش ھوشیاری حاجییە بە کوردستانەکەی...

[[شادەمارە سەرەتاکانمان]]: "ڕامان بەرانبەر ھەموو بەرەو لا و کۆڕ و کۆمەڵ و کەسێک، لەبەر رۆشنایی ھەڵسوکەوت و ڕایاندا دەبێت بەرانبەر نەتەوەکەمان"..
شەنوکەوێکی ورد و بابەتی چڕوپڕی ئەم باسە ھەستیارە کراوە و گۆڤاری ئاڵا بە دوورودرێژی تیشکی خۆی خستۆتە سەر پاشخان و پێشخانی ئەم بیرکردنەوە و ھەڵوێستە و بە لۆژیکێکی بەھێز خوێنەر بەرەو ھەقیقەت ڕادەکێشێ و دەنووسێ: " عەینی عەقڵ و سیاسەتی زانستی و واقعیش ئەوەیە، کە شتەکان وەکو ھەن ببینرێن و ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت، نەک وەکو ئەوەی دڵمان دەیخوازێ"..

ئەم خوێندنەوەیە لەسەر زەمینەی واقع و بنەمای ئەو ئەزموونانە دروست بووە، کە مێژووی کوردی نەخشاندووە.. مێژوویەک پڕ لە وانە و بەسەرھاتی تراژیدیایی لەگەڵ داگیرکەرەکانی دا!.. ئاڵای سوور پێی وایە دەبێت [[ مەسەلەی کورد تەرازووی زێڕھەڵکێش]] بێت.. خەباتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پاسۆک دا لەبەرایی ھەر ھەموو شتێکەوە بۆ کورد و کوردستان بووە.. بەم پێیە لەچاوی بەرژەوەندی کوردەوە تەماشای ھەموو دنیا کراوە و ئێستاش دەکرێ و پێویستە بکرێ!.. ئەودەم و تا ئیمڕۆش کەموزۆر ئەم جۆرە بیرکردنەوەی جێ ڕەخنە و بەکەم تەماشاکردنی ھەندێ کەس و لایەکی فیکری سیاسییە!.. تیرۆرێکی فیکری لە کوردستاندا خوڵقێندرا بوو، زۆر کەس و لایەن بە شەرمیشەوە دەترسان ناوی کورد و دۆزە ڕەواکەی بھێنن. خۆیان بە برا ھەرە بچووک و رۆڵە دڵسۆز و گیان لەسەر دەستی دەوڵەتە دەستکردەکانی داگیرکەری کوردستان لە قەڵەم دەدا.. گووتەیەک ھەیە دەڵێ:"زۆربەی ئەو قسانەی دەترسین بیانڵێین، ئەو قسانەن کە دەبێت بگووترێن" کورد ترساوە ڕەپوڕاست داوای ھەقی خۆی بکات...
ئەم ھۆکارەش بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر ئەو زیانەی بە کورد گەیاند، دۆزەکەی وەک کێشەیەکی ناوخۆی ئەو دەوڵەتانە تەماشا دەکرا..بۆیە تەماشاکردنی جیھان لە کڵاوڕۆنەی نیشتمانی خۆتەوە، وای لە بایرۆن کردووە بڵێ" ئەو کەسەی وڵاتەکەی خۆش نەوێ ، ھیچ شتێکی خۆش ناوێ".. بەڵێ ئەوانەی بەناوی ئاین و ئایدۆلۆژیا و کۆسمۆپۆلۆتییەکان بانگاشەی ھەر خۆشەویستییەک بکەن لەئاست ھەقیقەتدا کورتیان ھێناوە و دێنن.

ئاڵا لە وتارێکدا بەناونیشانی: [[ئەم کورد کوردێنە بۆ]]؟!.. جارێکی تر پڕ بە گەرووی بۆ پرسە نەتەوەییە ڕەواکە ھاوار دەکات و بۆ ھێندە ھاواریی کوردبوونێتی ، وەڵامی پوخت و کاكڵەکراوی ھەمووان دەداتەوە .. بسمارک دەڵێ:" سەرکەوتنی گەشەی نەتەوەیی ھەر وڵاتێک بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەستاوە لەسەر کەمینەی خوێندەواری وڵات..تێکچوونی ئەو کەمینە خوێندەوارە نەخۆشی درێژخایەن پێک دێنێ".. رێگری لە پاسۆک و دژایەتی بیری نەتەوەیی ئەو دەردوبەڵا و کێشانەی ھێناوەتە سەرەڕێی بزاڤی کوردایەتی کە ئێستا ڕۆژانە بە لووتماندا دەتەقێنەوە..

کوردبوون وەک بوویەک لەبەردەم ھەڕەشەی نەماندایە، ئیدی ھەر پەرۆشییەکی بۆ دەربڕین ، نابێت جێی سەرسوڕمانی کەس بێت. لە دنیای شارستانێتی ئیمڕۆدا ئاژەڵێک/ پەلەوەرێک بوونی بەرەو قڕان و نەمان بڕوات، مرۆڤایەتی بە شانازییەوە ھاواری لێ ھەڵدەستێ و بۆی دەکەوێتە ھەڵپەوە و بەرگری لە نەمانی دەکات..خەمی کوردگەلێک بۆ نەتەوە و خاکەکەیان نابێ بێتە جێی لاقرتە و گاڵتەجاریی ھیچ بەرە و لایەک.. " بەھێزترین خۆشەویستی، خۆشەویستی نیشتمانە" ئەبرەھام لینکۆلن.

[[تیشکێک لە خۆری کوردایەتی]] تۆماری چالاکییە پێشمەرگایەتییەکانی پاسۆکە .

لێرەدا دەمەوێ سەرنج بۆ چۆنایەتی و چەندایەتی بیر و سیاسەت و ھەڵویستی بێھاوتای پاسۆک بکەم و نموونەیەکی دیار و زیندوو بکەمە گەواھی راستییەکانی بەر چاوی خوێنەر.

بەکورتی: شەوی ١٦-١٧ /٢ / ١٩٨١ دەستەی شەھید (ملازم حەمەشەوقی) ١٩ قوتابی بەعسی لە پلەی سەرەتایی تاوەکو (نصیر متقدم) کە پلەیە حیزبی بەرز بوو، دەگرن کە ٨ دانەیان خەڵژی ئەردون بوون. ناوناونیشانی پلەی حیزبیان ڕیزبەندکراوە.. بەم چالاکییە شڵەقانێکی گەورە لە بەغدا و عەمان و پایتەختەکانی تری عەرەبیدا دروست بوو. درێژەی نادەمێ چونکە بەوتارێکی دوورودرێژ لەسەر ئەم رووداوەم نووسیووە. ئەوەی زۆر گرنگە دواتر پاسۆک مەرجی بەردانیان دەبەستنەوە بە:
بەردانی ١٠٠ خێزانی گیراوی سیاسی ھەموو لایەنەکانەوە بەم جۆرە:
٢٠ خێزانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان/ ٢٠ خێزانی حیزبی شیوعی عێراق/ ٢٠ خێزانی پارتی دیموکراتی کوردستان/ ٢٠ خێزانی حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان / ١٠ خێزانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان- کە باڵێکی یەکێتیە/ ١٠ خێزانی پاسۆک..
ئەمەش لەسەر بنەمای باوەڕ و پرنسیپێک کردووە:" چونکە ئێمە سەنگەر لە ھیچ کوردێکی دڵسۆز جوێ ناکەینەوە!". بۆ زیاتر زانیاری تەماشای ئەم وتارە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=87701&authorid=4436

ئەمە لە کاتێکدا ئەو دەمیش حیزبەکانی تری کوردستان ھەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیان وفڕکان فڕکانی دەستکەوتەکانەوە بوون... پاسۆک دەیتوانی بە بازرگانی کردن بەم قوتابیانەوە بۆ نموونە: ملیۆنان دۆلاری پێ وەرگرێ بۆ خۆی! یان ئیمتیازی تری پێ بەدەست بھێنێ. بەڵام لەڕووە مێژوویی و نەتەوەییەوە بەرپرسانە ھەڵسوکەوتی کرد و توانی ئەم سەروەرییە بۆ خۆی تۆمار بکات..

بۆ گوێگرتن لە وانەی سێیەمی[[قوتابخانەی پاسۆک]] " ئێمە سەربازی جەماوەرین کوێخای نین" ناوەڕۆکی ئەم وتارە دووردرێژە تەرخانە بۆ بایەخ و سەنگی جەماوەر و نەسەپاندنی ھیچ ئیرادەیەکی دەرەکی بەسەریدا. دۆڕاندنی جەماوەر شەیپووری مەترسیداری مەرگێکی بێ چەندوچوونە.. بۆیە لەدیدی پاسۆکەوە رێزگرتن لە جەماوەر و گرنگی دان بە سەنگ و ڕۆڵیان، ئاماژەیەکی تەندروستی بیرکردنەوەی ھەڵسوکەتی دروستی شۆڕشگێڕانەیە.. شایانی گووتنە( جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە) دروشمێکی ناوەندی و کۆڵەکەیەکی فیکری و سیاسی پاسۆک بوو.. ئەگەر خوێنەر بەوردی سەرنج لە ئەدەبیاتی پاسۆک بگرێ، سەری دەسوڕما لەوەدا بۆ ھێندە پێگەی جەماوەر بەرز و بەنرخ و ھەژمار بکراوە؟!.. ئەم دیاردەیە ڕەھەندی قوڵی فکریی و فەلسەفی و تێڕوانینی ئاوەزمەندانە و یەکسانخواز و دیموکراسی ھەیە و رێزێکی بێ پایانیشە لە مرۆڤ و پێگەی جەماوەر و کۆمەڵ و گەل و نەتەوە.

لە دوای قوتابخانەی پاسۆک دێینە لای ناونیشانی بابەتێکی تری گرنگ لە [[بانگێ .. لەسەنگەری پاسۆکەوە]].. کە بۆ ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و چارەنووسی کورد نووسراوە.. ڕووی دەمی لەتاکی کوردە، کە دەبێت بێتە مەیدانی خەبات و بەشداری بکات لەو ئەرکە پیرۆزانەی دەکەوبە سەرشانی.. ھەروەک چۆن دەنووسێ: " مرۆڤ لەسەریەتی بەپێی بەھرە و ھەڵکەوتی، ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵداببینێ"..

وتارەکە بە دروشمێکی بەرز کۆتایی ھاتووە کە نووسراوە:" ئەوەی نەتوانێ بۆ کورد بمرێ، ناشزانێ بژی"..

چەند گووتەیەکی تاریک و چەندانێکی روونی کۆمەڵێ کەس و لایەن لەسەر کورد کراوەتە بابەتێک بەناوی ( تاریک و ڕوون) .. دواتر شیعری "سەربازی ون " پەشێو بێ ئەوەی ناوی بنووسرێ، پێشکەش کراوە بە قەڵادزێ و ھەڵەبجەی خوێناوی.. بەبۆنەی یادی ڕسکانی : کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد/ کاژیکەوە شەش بڕگە لە کەلەپووری شۆڕشگێڕی خراوەتە ڕوو..

دوا لاپەڕەش وەک لای ھەموو ژمارەیەک چۆن سەرەتا ھەیە، و ماڵاواش دەبێت ھەبێت..

[[ماڵئاوا]] بەدوای خۆیدا پرسێکی ھەستیار و ستراتیژی دەورووژێنێ و بەجێدێڵێ: " چ زەخیرەیەکمان بۆ پاش ناوبژی خستووە؟!".. مەبەست لەمەش ئەو کۆمەڵە ھەوڵ تەقەلا عەرەبی و ناوچەیی و جیھانییە کە دەدرا بۆ وەستاندنی جەنگی ئێران و عیراقی ١٩٨٠-١٩٨٨... بەداخەوە لەم ھەلە مێژوویەشدا سەرانی حیزبی کورد لە گێژاوی دروشمی باقوبریق دا گێژیان خوارد بوو.. وایان دەزانی بەشێکن لە ئیمپریالیزم و خەتای ئەوانە جەنگ بەرپا بووە و دڵی مۆسکۆی پێ ئێشاوە!... ئەوە دیسکۆفسکییە دەڵێ: " بێ نیشتمان بیت ، واتە لە ئازار و ژاندا ژیان دەژیت". ھەتا ئێستا لە ئازار و ژاندا دەژین، چونکە بیری دروست و پێویست و تەواومان لەسەربەخۆیی نیشتمان نەکردەوە/ ناکەینەوە..

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ٤.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

((پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کورد بین)))
((چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە))
ئاڵای سووری کوردایەتی ژمارە {٤ }ی مایسی ١٩٨١ ف.بانەمەڕی ٢٥٩٣ ک
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک….

بەرگی گۆڤارەکە ھەمان لۆگۆی ژمارەکانی پێشووی خۆر بە چوار تیرۆژەوە و قەڵەمێک قەدی مەشخەڵێکی داگیرساوە و خەنجەرێک لە تەنیشتیدا، وەک سیمبۆلی بیر و ھێز..
لەم ژمارەدا ١١ بابەتی جۆراوجۆ بەرچاو دەکەوێت..
سەرەتا دیسان شیعرێکی پەشێو- ناوی شاعیری لەسەر نەنووسراوە- پێشوازی لە خوێنەرانی ئاڵا دەکات و شیعرەکەش بۆ ئەوکاتە و ھەتا ئەم چرکەساتە لە ئەدەبی کوردیدا گرنگترین و بەھێزترین بنەمای پێناسە و بەھای ئاڵا دەردەخات.. ئاڵا ھەر سیمبۆڵێک نییە بۆ پارچە پەرۆیەک یان قوماشێک، وەک ناحەزەکانی دەیانەوێ وێنای بکەن! ڕەھەندی گەورەی وا لە پشتەوە، ھەر لە سیفات و نیشانە جیاکەرەوەکانی میللەتان لەیەکتر تا دەگاتە سیمبۆلی شانازیی و سەروەریی لەسەر ئاستی دنیادا... بەشێکی گرنگی ناسنامەی بوونی ھەر گەلێکە، ھاوکات لێرەدا بۆ کورد مانای سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونیش دەگەیەنێ و لەڕووی نێونەتەوەییشەوە ددان پێدانراوە...
[دۆستەکانم باش بزانن، دوژمنانم باش بزانن ، چەند باوەڕم بە زەردەشت و بە ئاویستا و بە خوا ھەیە، ھەزار ھەندەش، باوەڕم بە ھەڵکردنی ئاڵا ھەیە]...پەشێو بەم ھاوارە بەڕووی دۆست و دوژمنانی ئاڵای کورددا دێتە دەنگ لەگەڵ مانگی ئاداردا یەکێ لە بۆنە و جەژنە جیھانییەکانمان وەبیر دێتەوە.. ١ ی ئایار لە ساڵی ١٨٨٦ ەوە باسی تێکۆشان و ھەوڵی بەدەستھێنانی مافی کرێکاران لە کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و کرێی کاری پێویست گەرمە بەتایبەت لەدوای یەکەم جەنگی جیھانییەوە.. بۆتە جەژنێکی فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەیاسا ئەو رۆژە بپشووە و کاری تێدا ناکریت.. زەحمەتکێش و کرێکاران لە جیھان دا و ئەم توێژە ماندوو و بەشمەنەت و دووجار چەوساوەیەی کورد، سووتەمەنی سەرەکی ژیانی بندەستین .. بۆیە گۆڤاری ئاڵای سوور سەروتاری خۆی[ ئایار و ڕەنجدەرانی کورد] تەرخان دەکات بۆ ئەم بۆنە گرنگ و پیرۆزە... ئاخر دەبێت ژیان و گوزەران و چارەنووسی رەنجدەر و کرێکاری کورد لەسایەی نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا چ بێت؟.. لەم وێرانەماڵەدا کامە ماف و خۆشی و ئاسوودەییەکیان ھەبێت؟!...
[ زەحمەتکێشان و ڕەنجدەرانی ھەر کۆمەڵێک بەردی بناغەی کۆمەڵ و دینەمۆی بەرەو پێشەوە بەری مێژوون].. یەکەم دێڕی نووسینەکەیە..
ھەقیقەتی دۆزی کورد کە زەحمەتکێشان و کرێکاران بەشێکی بەرچاو و زیندووی پێک دێنن ئەوەیە کێشەکەی نەتەوەییە، نەک چینایەتی. گریمان کرێکارێکی کورد لە عێراق یان تورکیادا لە ڕووی چینایەتییەوە ئازاد بوو! ئەی خۆ پرسە نەتەوەییەکەی وەک بەشە سەرەکییەکەی خەباتی ھەر زیندوو دەمێنێتەوە!..
وتارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک پاسۆک لەگەڵ تەواوی مافی ئەم توێژە چەوساوەیەدایە و بەڵنییاییەوە لەسایەی [کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان]دا دەرفەتی فەراھەمکردنی ئەو مافانەی بۆی تێکۆشاون مسۆگەر دەکرێن.. بۆیە لە کۆتایی وتارەکەدا داوایان لێ دەکرێ [ پتر تینوتاوی شۆڕشەکەیان بڵێسە بسێنێ و ھەنگاوی چەسپاو بەرەو کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان] بنێن.. تا گەورەترین دینگەی چەوساندنەوە و ناڕەوایی و ئیمپریالیزم و گەراکانی لە جیھاندا پاکتاو کرێت]..شەکاوە بێت ئاڵای زەحمەتکێشانی کورد
ئەمەش چمێک ترە لە دروشمەکانی پاسۆک بۆ زەحمەتکێشانی کوردستان:
{ + بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی چەوساوانی دنیا بدەین دەبێ جارێ چەوساندنەوە لە کوردستاندا نەھێڵین. + دوژمنی چەوساندنەوەین لە دنیادا و خۆشمان بۆ نەھێشتنی چەوساندنەوەی کورد تەرخان کردووە.+ ئێمەی کورد دۆستی ڕاستەقینەی چەوساوانی جیھانین}}.
[[ ڕازێکی کوردانە]] ی ئەم ژمارەیە لەژێر ناونیشانی[ چۆن خەمی دواڕۆژ ھەڵدەگیرێ؟]]'..
ئەو دەرفەتەی شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق ھێنایە بەردەم کورد،چانسێکی گەورە و زێڕینی خستە بەردەم بەتایبەت لە باشووردا و تەنانەت رۆژھەڵاتیش دا، دەرفەتەکە بقۆزنەوە.. ڕازەکەی ئەم جارە بە دوورودرێژی دروشمە سەقەتەکانی حیزبی کوردی لە یاسای پارێزگاکانەوە ھەتا فشە مافەکانی ئۆتۆنۆمی راستەقینە کە باڵاترین داوای ئەو رۆژگارەی حیزبە کوردییەکان بوو. بەتایبەت ڕووماڵێکی ئەزموونەکانی کورد لەگەڵ بەعسدا لە ساڵی ١٩٦٣، ١٩٦٨ و دوا ئەزموون ١١ی ئازاری ١٩٧٠.. لە تێکڕایاندا کورد دۆڕاو و دەستبەتاڵ دەرچووە.. ئەگەر کورد بەراستی و دروستی ھەر کام لەو مافانەی بەدەست بھێنایە، تەخت و تاراجی دەوڵەتە داگیرکەرەکە لەبەر یەک ھەڵدەوەشایەوە...
لەو دۆخەی دوای ھەرەسدا، لەنێو حیزبە کوردییەکاندا بەرنامە و پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردی نەبوو.. گەر ھەر لایەنێک بیشیویستبایە ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆزی کورد ھەڵبژێرێ، حیزبە کوردییەکان توانای ئەوەیان نەبوو پێکڕا مەلەفی کوردی بخەنە بەردەستی... ھەر حیزبە بە ھەوا و ئارەزووی خۆی قسەی لە مافەکان دەکرد و سەربەخۆ دەجوڵانەوە..
پاسۆک لەگەڵ ئەوەدا ھەوڵی دەدا، بنمیچی دروشم و داواکانی کورد بەرز بکاتەوە بۆ داوای دیاریکردنی مافی چارەنووس ، ھاوکات دەیویست ئەم دۆزە بە داوا و سیاسەت و دروشمی ھیچ حیزبێکەوە گرێ نەدرێ..وەک دۆزی نەتەوەیەک مامەڵەی لەتەکدا بکرێ..
ڕازەکە ئەوەش دەدرکێنێ کەوا داگیرکەری ئیمڕۆ و ئەوەی سبەینێش ھیچی لە ھەگبەدا بۆ کوردد پێ نییە، ئیدی نابێت بە درۆ خۆمان فریو بدەین و بە دیار داری زڕەوە خەونی سەوز و سوور ببینین.. ئەم ھەقیقەتەش ئێستا ھەموو بە چاوی خۆمان بە زیندووی دەیبینین لە دۆخی ھەڵبژاردەکان یاخود گۆڕانی دەسەڵاتەکانی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان دا و بەڵگەی تریش زۆرن ئەمڕاستییە بسەلمێنن.
ناوەڕۆکی وتارەکە داوا لە جەماوەری زەحمەتکێشی کورد دەکات[ ئێوە خوێنی چاکترین ڕۆڵەی خۆتان پێداوە- بە دۆزی کورد- خاوەنی شەھید و گوندی سووتاو و ژیانی دەوروبەری و پڕ مەینەتین.. خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم مەسەلەیە ئەو ڕۆڵانەتانن کە ژیانیان بە مەرگ گۆڕیوەتەوە]..
کاتێکیش داوا لە پێشمەرگەی کوردی گیان لەسەر دەست دەکات ئەوەی ئێوەی پێشمەرگە دەیکەن و تۆماری دەکەن لە داستانی ئازایەتی و گیانبەختکردن ھیچی لە [ فەلەستین و ڤێتنام و لاوس] کەمتر نییە.. پاشان دەنووسێ:[ داوای حسابی تەواو ڕوون لە ھەموو لایەکمان بکەن و ئێوەش ڕێ مەدەن لە ناو زاراوەی " ئیزم" اتیدا بتان تاسێنن]..
> پەیام لەمە ڕاستگۆیانەتر و دڵسۆزانەتر لە ھیچ شوێنێکی تردا بەدیدا ناکرێ! بەتایبەت لە دنیای حیزب و حیزبایەتی دا، داوا لە جەماوەر بکەیت بێتە چاودێر بەسەرتەوە و لێپێچینەوەت لەتەکدا بکات!..
[شادەمارە سەرەتاکانمان].. لەژێر ناونیشانی [[ ڕێز و سوود لە ھەموو تاقیکردنەوەیەکی جیھانی و نێونیشتمان دەگرین و وەردەگرین بە مەرجێ لەگەڵ بەرژەوەندی و ویست و ئارەزووی دەروونی کورددا بگونجێ]]... دەرگا بەسەر کۆمەڵێ باسوخواستی گرنگی چارەنووسسازدا دەکاتەوە و دەمانخاتە بەردەم ئەرکێکی قورس کە یەخەی بە چارەنووس و شۆڕشی کورد گرتووە:
١ـ بۆ شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەتەنیا ئەزموون و تاقیکردنەوە و وزە و ھێزی کورد بەس نییە؟ ئەی کەواتە دەکرێ سوود لە چی و کێ وەرگیرێ و ھانا بۆ کوێ ببرێ؟؟...
٢- کامانەن ئەو ئەزموونانەی بەکەڵکی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد دێن و کورد کورد دەتوانێ سوودیان لێ وەگرێ ؟؟!!..
٣- ھیچ کەس و لایەک ھەیە دەستی یارمەتی بێ مەرج و بێ بەرانبەر درێژ بکات؟!..
لە شیکارێکی بابەتیی حەوت لاپەڕەییدا بە تانوپۆی ئەم باسەدا دێتە خوارێ و پانۆڕامایەکی مێژووی رووداوەکانی کورد بە چاک و خراپەوە دەخاتە بەرچاو و پێداگریی لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە دەکات، کە دۆزی کورد لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.. بۆیە ئەگەر بمانەوێ تاقیکراوە سەرکەوتووەکانی جیھان بھێنین و کتومت لە کوردستاندا دووبارەیان بکەینەوە، مەرج نییە سەرکەوتوو بین، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ زەمینەیان جیاوازە و ھەر یەکەیان بە چەندین ھۆکاری جۆراوجۆری سەربەخۆوە گرێ دراون. بە دەربڕینێکی تر مەرج نییە قاڵبی ئەوان بۆ کورد دەست بدات!!..
لەوەش گرنگتر نموونەیەکی کەم ھەیە لە خەباتی رزگاریخوازی و شۆڕش لە جیھان دا ، بێ ھاوکاریی دەرەکی سەرکەوتنی بەدەستھێنا بێت..شۆرشی ئەمەریکا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خەباتی ڤێتنام و زۆر شوێنی تری جیھان بەھاوکاریی دەرەکی بە ئەنجام گەیشتووە.
شیعرێکی حاجی قادری کۆیی - تا ڕێک نەکەون ؟؟؟؟ لە سەر تەبایی و ڕێککەوتن و ڕاگەیشتن بە دنیای پێشکەوتوو، ناوەڕۆکی گۆڤارەکە دەوڵەمەند دەکات ..

[[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]].. ناونیشانی وتارێکی ترە کە ئاڕاستەی [ برا بەزیوە ترسنۆکەکەم] کراوە..
بانگەوازەکە چرپەیەکە بۆ گوێی ئەوانەی بە ھۆوھۆکارێک یان پاساوێکی نالۆژیکی خۆیان لە ئەرکی شۆڕشگێریی دەدزنەوە و شەرەفی نەتەوایەتی ناخەنە سەر شانی باوەڕ و تێکۆشانیان.. بەتایبەت کە لەسەرەتای ھەشتاکان دا لێشاوێکی زۆر لە گەنج و خوێنەوەر و رۆشنبیر و خەڵکی ئاسایی کوردستان بەجێ دێڵن بەرەو ئەوروپا دەڕۆن..
شۆڕشگێر خۆی دەبێت ئازا و لە خۆبووردوو و بێنیاز و دڵسۆز بێت، بەشداریش لە بزاڤی رزگاریخوازیدا ئەرک و ڕوومەتێکی بەرز و پیرۆزە.. نابێت پەندی ( گا ئەیکات و کەر دەیخوات) لە ئایندەی کوردستاندا بێتە دی و ئێوەش پێویستە بەشداری کاروانی خەباتی خوێناوی کورد بن..
{{ دەمانەوێ لەسەنگەری ئەو شەرەفەوە کە بە خۆی ڕەوا نابینی دەنگێکت بە گوێدا دەین، بەڵکوو ئێ! جووڵەیەکی پیاوەتیت تێدا مابێت و دەمار بتگرێ! بیرت دەخەینەوە کە شۆڕش باڵارتین شێوەی چالاکی ئیجابی مرۆڤە بۆ چەسپاندنی ڕەوا و ڕاستکردندنەوەی بارێکی ئاڵۆز و ناسروشتی نێو کۆمەڵ .. بەواتایەکی دیکە ڕسکانە لەنێو ژاندا و خۆ تەرخان کردنە بۆ کۆمەڵ..]].
وتارەکە توندە و بە قورسی دەستی داگرتووە بەرانبەر ئەوانەی فیزماڵک لە گۆڕەپانی خەبات دەکەن و بیانوو و پاساوی نابەجێ بۆ جێھیشتنی کوردستان و شۆڕشەکەیی و ھەڵاتنەکەیان دەدۆزنەوە.. جێی خۆیەتی بڵێن دواتر زۆر لەم کەسانە بوونە ھێزێکی مادی و گەورە لە دیاسپۆڕا بۆ کۆمەکی کورد و کوردستان و ریسواکردنی دوژمنانی ..
> [[ شۆڕشگێڕایەتی شەرەفێکی ھێندە مەزنە، کە نە بەر ھەموو کەسێ دەکەوێ و نە ھەموو کەسێکیش شانی ھەڵدەگری، تەنھا ئەوانەی کە ژیان لە خزمەتی نەتەوەکەیاندا دەبێنن و ( زات) یان ئاوێتەی( زات) ی نەتەوەکەیان دەبێت ، دەتوانن تا سەر ئەو شەرە بپارێزن]]..
ئەو سەردەم کورد لە باشووردا کەوتبووە بەردەم دڕندانەترین سیاسەتی داگیرکاری و فوژمنانەی ڕژێمی بەعس و دەوڵەتەکەی.. سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگوێزان و دەرپەڕاندن و شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان و ئاگر و ئاسن باران بەسەر شاروگوند و دەشت و کێوی کوردستان دا..
[ قوتابخانەی پاسۆک] ئەم جارە وانەی [[ کۆلۆنیال و کۆلۆنیالیزانی/ ئیستعمار و ئیستعمارانی کوردستان]].. ی تێدا دەوترێتەوە.
زۆر بەدەگمەن باسی کۆلۆنیالیزم لە ئەدەبیاتی حیزبی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت.. بەتایبەت لەو سەردەم و ڕۆژگارەدا جگە لە پاسۆک ھیچ حیزبێکی کوردی ئامادە نەبوو ددان بەوەدا بنێ (کوردستان وڵاتێکی کۆلۆنیکراوە). باشترین پێناسەیان ئەوە بوو عێراق رژێمەکەی رەفتار فاشیانەیە..
کەواتە ئەم باس و بابەتانە جۆرێک لە تابوو و نامۆبوون لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبی کوردیدا.. خوێنەری کوردیان پێ ھوشیار نەکراوەتەوە و بگرە لە ترس و شەرمدا زەندەقیان لەبەکارھێنانی ئەم چەمکەدا چوو بوو. حیزبەکانی دیکە زیاتر سەرگەمی خەباتی ھاوبەشی کوردی ژێردەستە بوون لەگەڵ میللەتانی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب..
ڕەنگە ئەم ژینگە نالەبارەی حیزبی کوردی بە ئایدۆلۆژیای ھەرشەوە سازیان دابوو، کۆسپیش بوو بێت بۆ بەردەم بیرکردنەوەی پاسۆک، لە دەربڕینی قورس و دروستی ئەم چەمکەدا.. جێی نیگەرانیشە کەوا تا ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدا سەرچاوەگەلێکی پێویست لەسەر ئەم باسە فەراھەم نییە..دواتر لەسەردەمێکی کورتدا پ ک ک ش ئەم باسەی زەق کردەوە و زانای بەناوبانگی سۆسیۆلۆژی تورک ( ئیسماعیل بێشکچی ) بە تێزە گرنگەکانی کتێبە بەناوبانگەکەی ( کوردستان دوا کۆلۆنی) ئەم باسەی دەوڵەمەندتر و زیندووتر کرد و سەلماندی کە کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی دەستی سیستەمی جیھانی خوڵقاوە، کە ھێزە ئەھریمەنە جیھانییەکان نەخشیان کێشاوە... داگیرکەرانی تورک و عەرەب و فارسیش بەشێکی زیندوو و جێبەجێکاری ئەو تاوانە نێودەوڵەتییەن!..
مێژووی کۆلۆنیالیزم دەوڵەتە زلھێزەکان ئیسپانیا و پورتوگال و ھۆڵەندە و ئینگلیز و فەرەنسا کۆلۆنیالیزمی نوێ ئەمەریکا کۆنە سیاسەتی پێڕەکراویان جۆری زۆرە و بەتایبەت ھی کوردستان خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی ھەیە..
گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بە تێروتەسەلی بەم باسەدا شۆڕ دەبێتەوە و دێتە سەر نموونەی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان دا و بە ٤ بە جۆر نیشانی دەدات!..
> " کۆلۆنیالیزمی: ئابووریی نموونەی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی لە ھندستان و عێراق و کەنداو و ئەفەریقا، کۆلۆنیالیزمی ڕۆشنبیریی وەک کۆلۆنیالیزمی فەرەنسایی لە جەزائیر و لوبنان و ھەندێ وڵاتی تری ئەفەریقا ، کۆلۆنیالیزمی جێنشینی/ ئیستیتانی، وەک کۆلۆنیالیزمی سیاسی وەک کۆریای خواروو و ڤێتنامی خواروو" ..
کورد لەژێر چەپۆکی فارس و ئیسلامی ئەمەوی و عەباسی عەرەبیدا و دواتر سەفەوی عوسمانی تا ئێستای تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. دوورودرێژترین ئەزموونی لەگەڵ جۆرەھا کۆلۆنیالیزم و دەبڵ کۆلۆنیالیزمدا ھەیە..
{{ لە ھەمووی بەدتر داگیرکەرانی کوردستان ھەر چوار جۆر و شێوازی کۆلۆنیالیستیان لە یەک کاتدا لەخۆدا کۆمەڵ کردۆتەوە و زۆر بە دڕندانەتر و خراپتریشەوە]]..
لەڕووی ئابوورییەوە سامانی کوردستان بەتاڵان دەبرێ و دەکرێتە پارەی مۆڵ و چەک و تەقەمەنی سووک و قورسی پێدەکڕدرێت و کوردستانی پێ کاول دەکرێ و کوردی پێ دەکوژرێ.. لە ڕوویی رۆشنبیرییەوە کۆلۆنیالیزمی کوردستان گەشە بە ھەموو زمان ورۆشنبیریی و فەرھەنگی شتێکی خۆی دەدات و فەرھەنگ و مێژوو و ناسنامەی کورد دەشێوێنێ! یان قەدەغە دەکات.. لەڕوویی نیشتەجێکردنەوە ئەندازەی تەعریب بەڕادەیەک ترسناکە نیوی خاکی کوردستانی گرتۆتەوە.. لە شوێنی کورد عەرەب نیشتەجێ دەکرێ ئیمتیازیان ھەیە لە دامەزراندن لە کارخانە گرنگ و ھەستیارەکانی وەک نەوت..لە ڕووی سیاسییەشەوە بوونی کورد لە زۆر شوێن قەدەغەیە بەشدار نییە لە کایەی سیاسیدا و جومگە بەھێزەکانی دەوڵەت ھەر بەدەست میللەتی سەردەستەوەیە.. نە ھەڵبژاردنی ئازاد ھەیە و نە کورد دەنگی سەربەخۆی خۆی ھەیە.. بێشکچی دەڵی:" سەرتاسەری فەرھەنگ و ژیاری ھەر سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب بەپێی درۆ و فریو داڕێژراوە، بۆچی؟ بۆئەوەی کە حاشایان لە ڕۆڵی مێژوویی نەتەوەی کورد کردووە، بۆئەوەی غەدریان لە کورد کردووە"..
ھەر لەم ژمارەدا جارێکی تر شیعرێکی ناوداری تری پەشێوی شاعیرمان بەرچاو دەکەوێ لە ناوەڕۆکی وتاری سەرەوە زۆر نزیکە و پەیامێکی ڕەسەنایەتی کوردی لەناوچەکەدا لە خۆ گرتووە. شیعری (( تەعریب)) :
لە ئاسمانەوە نەھاتووم ، من میوان نیم، من میوانی ، سێبەری قورسی کوردستان نیم، بەر لەمێژوو ، ئاگرێک بووم لیرە دەربووم، بەر لەمێژوو ئاگرێک بووم لێرە ھەڵبووم... بارکەن بڕۆن، کانیاوەکان جگە لەمن کەسێکی تر تێر ئاو ناکەن، بارکەن بڕۆن، زەوی ئێمە دانی ئیوەی لێ شین نابێ، مێرگی ئێمە لەژیر پێی گاڕانەکانتان، وەک ئاگرن، تا دار تووشمان یاخی دەبن، جۆلانەیەک بۆ مناڵتان ڕاناگرن،
بارکەن بڕۆن، میوەی درەختەکانمان تاڵە، ئاومان سوێرە، ھەنگوینمان بەدەمتان تاڵە، بارکەن بڕۆن، بارکەن بڕۆن...
دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کەوا ئەم دەقە شیعرییانەی (پەشێو)ی گەورە لەو رۆژگارەدا تەنیا لەسەر ڕووپەلی بڵاوکراوەکانی پاسۆکدا بەرچاو دەکەوتن، بێ سانسۆر و بێ پەساپۆرت تێدەپەڕین و دەھاتن.. ئەو شاعیرەش لەبەر ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی و شیعرە بەرزەکانی گیانی کوردایەتی خرۆش دەدا، لە زۆر شوێن قاچاخ بوو!.. باجی زۆر قورسی بۆ ئەم بیرکردنەوەی داوە!.
دێینە سەر وتاری [[ تیشکێ لە خۆری کوردایەتی// دێڕێک لە داستانی بەچکەشێرانی نەتەوەیی//]]..
لەم ماوەیەدا ٨ چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە و داستانی گوندی (ئالان و حاسڵ)ی شارەزوور دیارترینییانە، کاتێ ھێزێکی پیشمەرگەی پاسۆک لەگەڵ ھێزێکی برایانی سۆشیالیست دا، دەچن بە ھانای دوو مەفرەزەی (یەکێتی و حیزبی شیوعی)یەوە کە لەلایەن ھێزێکی گەورەی سوپای بەعسەوە گەمارۆ درابوون. لە داستانەکەدا خوێنی شەھید (( دڵشاد ئەحمەد/ دڵە غەزەب))ی پێشمەرگەی پاسۆک لەتەک خوێنی گەشی پێشمەرگەی ھلایەنەکانی تردا دەڕژێ بەسەر یەک سەنگەری بەرگریی و تەبایی کورددا و ھەر چوار لایەن بە ھاوبەشی و بە یەک دڵ و بازوو دوژمن تێک دەشکێنن و دەستکەوتی گەورە بەدەست دێنن... ئەم تەبایی و یەکڕیزییە و سەرکەوتنە دەبێتە مایەی شادی و خۆشییەکی زۆر بۆ جەماوەری ناوچەکە و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەمووان...
لە بابەتێکی تری سەربەخۆدا دوو وتەی (تاریک)ی دوژمنانی کورد و دوو وتەی (روون)ی دۆستەکانی کورد ھێنراوەتەوە .. دوای ئەویش سێیەمین شیعری پەشێوی شاعیرمان لەم ژمارەیەدا بەرچاو دەکەوێت.. ئەم شیعرەش یەکێکە لە شیعرە ھەرە بەرز و مانادارەکانی زنجیرە شیعری یاخود دیوانی ( دوازدە وانە بۆ منداڵان) . ناوەڕۆکەکەی لە فۆڕمی گێڕانەوەی چیرۆکێکدایە بۆ منداڵان باس لە بێ دەوڵەتی و بێ ئاڵایی کورد دەکات..
لەزۆر شوێنی دیکەدا باسی بایەخ و گرنگی دەوڵەت و ئاڵامان کردووە و دەیکەینەوە، بۆیەکا لێرەدا بەم کورتە ئاماژە پێدانە دەست ھەڵدەگرین و درێژە بەم باسە نادەین!.

[[ماڵاوا]].. ئەو وێستگەیە ھەر جارێک دوای گەشتە دوورودرێژەکەمان پێی دەگەین.. بابەتی ئەم ژمارەیە بەناونیشانی: [[ یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە جیاخوازییە یان یەکێتی و رزگاری؟؟!!]]..

پرسیارێکی ھەستیارە بە رووی ئەقڵی سیاسی حیزبە کوردییەکان و ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی گەلانی سەردەست دا؟!.. ورووژاندنی ئەم بابەتە، وەک شڵەقاندنی گۆمێکی مەنگە کە سەدان ساڵ بێت شەپۆلێکی نەدابێت؟!.. کورد رێک لەوە دەچێت، [[وەکو تاوانبارێکی بێ تاوان لە قەفەزی تاوانیاری دا ڕایگرین ]].. پێش ئەوەی ھیچ کەسێک پەنچەی تاوانی بەڕوودا راوەشێنێ، لەناوخۆیدا گێرمەوکێشەی فیکری و سیاسی دروست دەبێت. چونکە زۆربەی ئەو حیزب و ھیزە سیاسییانە سەرگەرمی ئامانج و داخوازییەک بوون، لەپەراوێزی مافی کولتووریی و فشە ئۆتۆنۆمییەکی تێنەدەپەڕاند!.. [[ئەمە "جیاخوازی" و "تەجزئە تەڵەبی" یە کە بۆتە دێو و کوردی پێ دەتۆقێنن و جێی شانازی و مافی بێ چەندوچوونی ھەموو نەتەوەکانی دنیایە، کورد نەبێت!! لەناو خۆشدا بۆتە پلار و تۆمەت و تاوان و دەپێچرێتە ملی شۆڕشگێڕە ڕاستەقینە نەتەوەییەکانی کورد]].
گرفت و دەردەکە لەوەدا یە کاتێ حیزبێ باوەڕی بە یەکگرتنەوە و رزگاریی و بەسەربەخۆیی کودستان نییە، ڕێگری لەوانەش دەکات کە باوەڕیان پێیەتی و خەباتی بۆ دەکەن!. بەواتایەکی تر حیزبی کوردی خۆی دەکاتە پاسەوانی ئایدۆلۆژی و فیکری و سەربازی سنوورەکانی (سایکس پیکۆ)ی دەستکردی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم!.. گەلۆ چ کوێرەوەرییەکە لە دنیای کوردبوون دا؟!..

وتارەکە دوا قسە و پەیامی خۆی بەم دێڕە کۆتایی پێدێنێ و وەک بۆمبێکی تەقاوە لە نێو ئەقڵ و سیاسەت و دروشمی ئاڵوواڵای ناو گۆڕەپانی ئەوانی دیکەدا بەجێی دێڵیت!!.
{{ ئەگەر جیابوونەوەش بێت، ئەرێ جیابونەوە لە" سەپاو" و " ناھەق" و " زۆر" و " زۆرەملێ" چ عەیب و تاوانێکی تێدایە؟]]...
منیش دەڵێم تا ژمارەی داهاتوو ماڵئاوا و بەشادیتان دەسپێرم !..

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک