په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١١\٢٠٢٣

خوێندنەوەی پەرتووک:

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک.

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ٩ - ١٢.

هەڵۆ محەمەد         

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ٩.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.


(پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین)
{ئاڵای سووری کوردایەتی}
[چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە]


ژمارە -٩- تشرینی یەکەمی١٩٨١ ف ڕەزبەری٢٥٩٢ ک.
ئەم ژمارە ٩ بابەتی چڕوپڕی لەخۆ گرتووە.. بەداخەوە دەبێت لەسەرەتاوە بڵێم خوێندنەوەی ئەم ژمارە بەتایبەت بۆ چەند بابەتێکی ناکەم، چونکە نووسینەکان سەبارەت بە شەڕی ناوخۆ و بەتایبەت شەڕی نێوان پاسۆک و یەکێتییە کە لە ھاوینی ئەو ساڵەدا ڕوویدا.... بۆ ئەم قۆناغە سوودێک نابینم لە وەبیرھێنانەوەی ئەو ڕۆژگارە.. ھەرکەس ئارەزووی تێگەیشتنی رووداوەکان بکات، دەتوانێ باسەکانی خودی گۆڤارەکە بخوێنێتەوە .
[سەروتار] بریتییە لە باسێک لەژێر ناونیشانی[[ ئەم کاسەیە بێ ژێر کاسە نییە!]].. شیکردنەوەیەکی ھەلومەرجی کوردستان و گەراکانی ئیمپریالیزمی جیھانی لەناوچەکەدا و ھۆکارەکانی تری پشت شەڕی براکوژی...
پەشێو دەڵێ:
تێناگەم ! گەر تفەنگێک
ھەزار گوللەی تێدا بێ
بەدەست کوردێکەوە بێ و
ڕوی لە کوردێک کرا بێ
چۆن دڵێ دێ بیپێکێ
با ئاگریش درا بێ
ئای براکوژی و کوردکوژی چ تاوانێکی گەورەی!!!!
ئەوەی گرنگ دەبینم لە چرکەسارەی زمانی گووللە زاڵە بەسەر زمانەکانی تردا و خوێن ڕژاوە، پاسۆک لەرێی ئاڵاوە داوای تەبایی و وەلاخستنی کێشەکان دەکات... داوا لە ڕۆڵە بەشەرەفەکانی گشت لایەک دەکات" دەنگی ناڕەزایی س روڕەبوونتان بە ڕووی شەڕفرۆشان و کوردکوژان و خۆفرۆشانی ناوخۆدا بەرز بکەنەوە"... تا دەگاتە ئەوەی پێش کۆتایی وتارەکە ئەم ڕستەیە نووسراوە" دەبا گەنە قین و تەماع و ملھوڕی بکرێتە ژیر تەلاری دڵسۆزی و نیشتمان پەروەرییەوە"..
[[ ڕازێکی کوردانە]] بەناونیشانی جاش کێویکەکان.. نانی کام کونەماسی دەخۆن و پاسی کام جرتاوە دەکەن؟!..
بەدرێژی باسی ئەم شەڕی براکوژییە دەکات..
ناونیشانێکی تر بریتییە لە [[ قوتابخانەی پاسۆک — وانەی نۆیەم]] دەنگێ بۆ ئافاداری کورد کوشتن... دیسان لەسەر شەڕی براکوژی نووسراوە... ئەوسا بابەتێکی تر کەژێر ناونیشانی[[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]]
بابەتێکی زۆر جوانی ڕەخنەئامێزە لە جیھان و ھەموو ئەوانەی باسی مافی مرۆڤ و خۆشەویستی مرۆڤایەتی دەکەن.. من لێرەدا پەرەگرافێکی ئەو نووسینەتان پێشکەش دەکەم:" دە "مافی مرۆڤ" و "ھەق "و "برایەتی نێو گەلان" لەخەونی غەفڵەت و خۆ گێل کردن و سەقەت بوون ڕاست ببنەوە تا فشە فەڕێکتان تێدا ماوە ئەو قەرزەی کورد بدەنەوە.. ئەگینا پاشەڕۆژ ڕوو زەرد لەبەر قاپی خوا و کوردا دەوەستن! "
پارچە شیعرێک بێ ناوی خاوەنەکەی
ھەر تیرەیەکن
گۆڕھەڵکەن و کفنفرۆش لە مەیخانە ھەرتک سەرخۆش
دەیان گووت بەدەم پێکەنین بەیانیش گۆڕ ھەڵدەکەنین
جاویش بۆ کفن دادەدڕین مەزە و بادەی تریش دەکڕین
ژنی خاوەنی مەتخانە دەیگووت: چەند باشن ئەمانە
یاخوا بازاڕیان گەرم بێ گۆڕستان ھەرپش تەرم بێ
میوانی وام زۆر بێتە لاکوڕیژگەم دەکەم بە مەلا
ھەر یەکن کا و حەوت و کلۆش بێ جیاوازین بۆ خاوەن ھۆش
[شادەمارە سەرەتاکانمان] مافی ھەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی نێو کوردستان دەپارێزین....
کوردستان کە موڵکی کوردە، وەک ھەر نیشتمانێکی تر پێکھاتە و کەمەنەتەوەیی تری تێدایە ..ڕێزگرتن لە مافەکانی کەمە نەتەوەییەکان ئەرکێکی چەسپاو و پرنسیپێکی نەگۆڕی بیری نەتەوایەتییە.. ھەر ڕۆژگارێ کورد دەسەڵاتی ھەبووبێ پارێزگاری لەھەموو ئەوانە کردووە کە خۆیان بە کوردستانی زانیوە و ھاوچارەنووسی کوردن ..
ھەڵکەوتی کوردستان وایە، کەمەنەتەوەیشی تێدایە دەبنە بوونێکی سوودبەخش بەداگیرکەرانی کوردستان...
لە ئەم شادەمارە دا ھاتووە" مافەکانی ئەو کۆمەڵانەش ئەو مافە مرۆڤایەتییانە و مافە نەتەوایەتیەکانیش دەگرێتەوە.. ھەر لەوەوە کە لە ھیچ ڕوویەکەوە لە مافەکانی ( سیاسی و کۆمەڵاتەتی و ئابووری) یەوە لەگەڵ تاکە کوردەکاندا جیا نەکرێنەوە و ھیچ بەربەستێکی ڕەگەزپەرستانە و دەمارگیرانە لەبەردەم ئەو تاکانەدا ڕاست نەکرێتەوە.. چ لەڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنەویەوە..
ئەم مافانە مرۆڤانەی کە لەدەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەسەری دراوە و دانیان پێدا نراوە- بێ کەل کردن- مافیبێ دەمەتەقێی ئەو تاکانەی کەمە نەتەوەییەکانە"...
پاسۆک بە دیدێکی گەشە و لە باوەڕێکی قوڵەوە بە خۆشەویستی مرۆڤ لەگەڵ تەواوی مافەسیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرھەنگییەکانی ئەم کەمە نەتەوایەتیانەدایە!...
دواتر لە [ کەلەپووری شۆڕشگێڕیمان دا] شیعرێکی ترمان بەرچاو دەکەوی ژە بەداخەوە ناوی خاوەنەکەی لەسەر نییە... لەبەرئەوەی ناوەڕۆکێکی بەرزی ھەیە، کتومت لەگەڵ دۆخی کورددا لە فۆڕم و ناوەڕکدا جووت دەبێت، ئەویش ڕادەگوێزم.
کەوە شەلە
سەرداری بۆکان عەزیزخانی سەربەرز و بەڕێز
دیتی کەوێک دەفرۆشن کڕیاری زۆر لە جۆشن
پرست: چۆنە ئەو کەوە؟! وا لەدەوری ئەو ھەوە؟!
گوتیان: کەوێکی ڕاوە کەوی بڕی لەم ناوە
کەوەشەلەی بەناوبانگ نرخی بۆکانە شەش دانگ
ھەرگیز بینی تەنگ نابێ لە قاسپە بێ دەنگ نابێ
وتی: نامە بە پەلە بۆم بکڕن کەوە شەلە
لە زێڕیان لەسەربژارد کەویان بەسەردار سپارد
خان ھەڵی پساند سەری ڕووی کردە دەوروبەری
گوتی: کێ ھاوڕەگەزی بداتە دسست ناحەزی
پاداشتی سەربڕینە نەک وا بە زێڕ کڕینە
ھۆشت بێ: کوردی ھەژار گەلت مەدە دەست نەیار
[[ ماڵاوا]].. توژەڵەی سۆزانی وەجاخی گۆبڵز ڕوون دەکاتەوە!
دیسان لەسەر رووداوە دڵتەزێنەکەی شەڕی براکوژی نووسراوە.. بەداخەوە لێرەدا ناچمە نێو ئەو باسەوە، با بۆ مێژوونووسان بەجێی بھێڵین.. بەھیوای ئەوەی چ جارێکی تر ئەو ڕۆژگارانە نەبینینەوە..
تا خوێندنەوە بۆ ژمارەیەکی تر، ئێوە شاد و کوردستان ئاوەدان و سەرکەوتوو بێت..

 

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١٠.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین
چەکی بێ بیروباوەڕ.. سێدارەی جەماوەرە
ئاڵای سووری کوردایەتی
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی «پاسۆک»


ژمارە ١٠ گەڵاڕێزانی ٢٥٩٣/ تشرینی دووەمی ١٩٨١.
ئەم ژمارە ٣٠ لاپەڕەتە و ٩ بابەتی تێدا جێ بۆتەوە...
[کۆپلە شیعرێ].. لە دوو بەیتیدا چەند وشەیەک دوو دێڕ شیعریان بەرجەستە کردووە، کە مانایەکی گەورە و مێژوویەکی دڵ تەزێنی لە خۆ گرتووە و دیمەنیێکی یەکجار قێزەون و مەرگەسات دەهێننە بەر زیهن و خەیاڵی خوێنەر..اوی شاعیر لەسەر شیعرەکە نەنووسراوە...
ئەوەی هەستی بەهێز بێت و شیری پاکی کوردایەتی خواردبێتەوە بەم وێنە و چیرۆکە ئازار دەچێژێ و پێی بریندار دەبێت و شەرم دایدەگرێ و ئەوی بێ هەست و مۆڕاڵیش بێت ، چەپڵە دەکوتێ بۆ براکوژی و بە خۆڕایی دوژمن دەحەسێنێتەوە!!....
باوکم بۆ کورد بوو چەکی لە شان کرد
گیانی خۆی خستە سەر لەپی دەستیی
ئێمەی بەجێهێشت بۆ ڕزگاری کورد
کەچیداخەکەم ئیمڕۆ کورد کوشتی!!
[سەروتار]
{لەیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا}
تەرخانکردنی سەروتاری ئەم گۆڤارە و پیرۆزبایی لێکردن لە یادی شۆڕشێ کە بەری رەنجی کۆمۆنیستەکانە بۆ خۆی بەڵگەی زۆر شتە و وەڵامێکی نەفەسبڕیشە بۆ ئەوانەی بەزۆر دەیانەوێ زۆرەملێی لەگەڵ ڕاستیدا بکەن و تۆمەتی ھەڵبەستراو بۆ پاسۆک ساز بدەن بەوەی دابڕاو و ئەنتی کۆمۆنیست و دژی بەرەی سۆسیالیزم و تەنانەت لە سەنگەری ئیمپریالیزمدا ڕیزبەند دەکراین.
بەباوەڕی من ئەمە ئەوپەڕی گەشبینی و دیدە فراوانی پاسۆک بۆ واقعی سیاسی و تێگەیشتنی ئەقڵی سیاسی کامڵ و ھەست بە بەرپرسیارێتی کردنی پاسۆک بوو... بەداخەوە پێدەچێ ئەو ھەڵوێستە دۆستانە ڕاستەقینەی پاسۆک لای پارتی کۆمۆنیست وەک پێویست ڕەنگی نەدابێتەوە.. تەنھا "ئەحمەد بانیخێڵانی" وەک ئەمەک و ڕاستگۆییەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەو پەیوەندیی و دۆستایەتییە دەکات و بەرز دەینرخێنێ..
ئەگەر بھاتایە ئەوانیش ھێندەی پاسۆک دڵسۆزانە و بە پەرۆشانە ھەنگاویان بەڕووی پاسۆک بنایە، ئێستا مێژوویەکی جوان و تژی لە شانازیمان لەبەردەستدا دەبوو.. ئەوەی گرنگ و گەوھەرییە، سەرباری جیھانبینی فیکری جیاوازی پاسۆک لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا، لێ پاسۆک ھیچ گیانی دژایەتی و ھەستیاریی و دوژمنایەتییەکی گەرم نەدەکرد و نەدەورووژاند.
پیرۆزباییەکە لە شۆڕشەکە و رابەرەکەیشی کرا و وەک بۆنەیەکی گرنگی مێژوویی لێرەدا یادی کرایەوە....{ ئێمە لەم یادە پڕ شکۆیەدا جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە سەد بارە دەکەینەوە کە دۆستایەتی و ھاوچارەنووسی گەلانی چەوساوە و بەرەی سۆشیالیستخواز بە گشتی و یەکێتی سۆڤیەت بەتایبەتی و ھەموو بزووتنەوەی دیموکراسی جیھان مەرجی بنجی جیھانێکی بێ چەوساندنەوە و ھێمن و ئازادانەیە کە دەشێ لەسەر بناغەی ڕێزی بەرانبەری و پاراستنی سەربەخۆیی و تایبەتمەندێتی ھەموواندا ھەڵبچێ..}.
[ڕازێکی کوردانە] بەرەو تەبایی گشتی..
{ لێک نەچوون و جیاوازی بیر و بەرژەوەندی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دەستورێکی ھەمیشەیی و خەسڵەتێکی ژیانی کۆمەڵایەتییە.ئەم لێک نەچوون و جیاوازییە لە یەکەم شانەی کۆمەڵایەتی کە " خێزان"ە دەردەکەوێتا دەگاتە دوا شێوە و شێوەکانی کە کۆمەڵگەت نەتەوایەتییە و سەرجەمیش ژیانی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە}..
ئەگەر ھێز لە یەکگرتندا بێت، دەبێ کورد ئەم پەند و دروشمە بە ئاوی زێر بنووسێ و وەک مەدالیا بیکات بەسنگگ ھەر تاکێکی خۆیەوە..
یەک نەتەوەی داگیرکراو و ژێردەستی ڕاستەوخۆی چوار دەوڵەت و بە شەیتانکراوی ناو مێژووی جیھان لە ھەر لایەک زیاتر پێویستی بەم یەکگرتنەیە لەرووی یەکخستنی گوتاری نەتەوەی و ھێز و توانا بەفەڕەکان وەک وزە و سەرچاوەیەک بۆ خەباتی رزگاری و گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی
وتارەکە شەنوکەوێکی باشی ئەم پرسەدەکات و لەناو مێژوودا سەرگەرمی ئەم پرسەیە و دەیەوێ پەند و وانەتەکی بەسوودی بۆ واقعی ئێستا و ئایندەی نەتەوەکەمان لێ ھەڵھێنجێنێ.. { ئەمەش نایەتە دی تا دەست لە گومڕایی ڕاستڕەوانەی دۆڕاو و چەپڕەوی ھەرزانەی " بەرزە ھەوایی" ھەڵنەگرێ و تایبەتمەندێتی " کورد" ێتی خۆمان نەپارێزین}..
[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە] برا سەر لێشیواوەکەم!..
وتارێکە ئاڕاستەی تاکی کورد کراوە لەبەر ڕۆشنایی تاقیکردنەوەکانی گەلانی دنیا چەند نموونەیەکی لێ ھێنراوەتەوە. ھاوکات داوای گیانی بەرزی خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمان لە ھەمووان دەکات! بەداخە بۆ ئەو وزە و ئەقڵانەی دوورن لەسەنگەری خەبات
ئەوەی گرنگە ھەلومەرجەکە ھێندە ناسک گەر زوو فریا نەکەون دەقەومێ و ژیانی کورد بەتەواوی دەکەوێتە بەر ھەڕەشەی ترسناکەوە...
بەیتە شیعرێ:
کوردم و مەردم فیداتم وەتەن، تا دەوامی بێ نەفەس
ھەرکەسێ خاوەن شەرەف بێ ، خاکی خۆی نادا بە کەس
[قوتابخانەی پاسۆک] ...
{ئازادی }..
"ئازادی ئەمڕۆمان هیج نییە،جگە لە ئازادی تێکۆشان لە پێناوی ئازادی دا" . سارتەر
{ ئازادی جەوھەری بوونی مرۆڤانەی مرۆڤە. مرۆڤ بێ ئازادی لە ئاژەڵیش کەمتر و لارەمل ترە. چونکە ئاژەڵ ھۆش و بیرکردنەوەی ھۆشمەندانەی نییە، تا ھەست بە بوونی خۆی بکات }.
وتارێکی چڕوپڕی ھزری و فەلسەفی لەسەر چەمکی ئازادی و بایەخی ئەم چەمکە لە بوونی مرۆڤ دا... ھەرکاتێ مرۆڤ ئازادی لەدەست دا، نرخ و بەھای خۆیشی نزم دەبێتەوە.. مرۆ گەر ئازاد نەبێت، گەورەترین بەھای ژیانی لێ زەوت کراوە...
ئەبرەھام لینکۆلن دەڵێ: "جیھان پێناسەیەکی باشی بۆ چەمکی ئازادی نەدۆزیوەتەوە". کەواتە ئازادی ھێندە پیرۆزە دوای ئەو ھەموو پێناسەیەش ھێشتا ھەقی خۆی پێ نەدراوە.
پوختەی باس: ئازادی تایبەتمەندیەکی خۆڕسک و سروشتی مرۆڤە،لەگەڵ لەدایکبوونی دا ئەم تایبەتمەندێتییە دێتە مەیدانەوە. ئازادی نە کەس دەیدات و نەکەس مافی لێسەندنەوەی ئەم تایبەتکارییەی لە کەسێکی تر هەیە.
وتەیەک ھەیە دەڵێ: "ھیچ دیکتاتۆرێ ھیچ شەڕانگێز و دەستدرێژکەرێ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێکی ژێردەستە بە زەبری چەک بچەوسێنێتەوە، ھیچ شتێک لە گەردووندا بەھێزتر و خۆڕاگرتر نییە لە ویست و خواستی ئازادی. دژی ئەم حەزە ھیچ حکومەتێک خۆی پێناگێرێ ھەروەھا بە کەمی دەسەڵاتێکی ستەمکار بە خۆی و سوپاکەیەوە بەرگەی دەگرێ"...
دەبنۆڕن ھێز و دینامیکی ئیرادەی ئازادی چەند بەھێز و تۆکمە پۆڵایینە.
[شادەمارە سەرەتاکانمان] :
٩- دژی ھیچ بەرەو لا و دەستە کۆمەڵێکی دەرەوە و ناوەوەی نیشتمان نین، لەمپەر نەبێت لە ڕێی کورددا.
وتارێک لەسەر ئازادی بیروباوەڕ و میکانیزمی ڕێزگرتن لەوی تری بەرانبەر ، دەبەستێتەوە بە دوو مەرجەوە کە نابێت دژی :
یەکەم :سوودی بەرژەوەندی کورد.
دووەم: مرۆڤایەتی.
ئەمەس پرنسیپێکە پانتاییەکی فراوانی خستۆتە بەردەم ھەڵگرانی ھەموو جۆرە بیروباوەڕێک و پەنجەرەیەکییشی واڵا کردووە بە ڕووی ئاسۆی بەخشندەیی و دیموکراسی و گوێگردن و قبوڵکردنی بیروڕای جیاوازدا..
ئەم شادەمارە لەتەک چەندانێکی تردا کۆڵەیەکی ڕاگری بنمیچی سەرەوەی پاسۆکە، بەو واتایەی باوەڕ و قەناعەتی تەواوی پاسۆک بەم پرنسیپە ھەبوو.
[فەرھەنگۆک]
بایەخی دەوڵەمەندکردنی زانیاری پێشمەرگە و پەروەردەکردن و شارەزابوون بە زاراوە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەرکێک بوو پاسۆک و گۆڤاری ئاڵای سوور لەمێژ بوو خستبوویە سەر شانی خۆی.. ھەربۆیە بەپێی لوان چەند زاراوە و چەمکێک بەسەر دەکرایەوە و شرۆڤە دەکرا . لەم ژمارەدا ھەردوو زاراوەی [ئیمپریالیزم و ئەنارشیزم ] بەدوورودرێژی شیتەڵکراوەتەوە...
[شازادە]
"شازادە" بەرھەمێکی وەرگێڕدراوە و لەنێو ڕۆشنبیریی کوردیدا کتێبی شازادەی میکیاڤیللی بە "میر" ناسراوە.
پێموایە ئەم وەرگێڕانەی کاک ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابووردوو . کاک ئازاد بە زنجیرە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی کتێبی ناوبراو ..بەداخەوە بۆی نەلوا بیکاتە کتێب و بڵاوی بکاتەوە..بەو واتایەی پێدەچێ لە ڕووی مێژووییەوە ئەوە یەکەم وەرگێڕانی ئەو بەرھەمە بێت و دواتر کەسانی دیکە وەریانگێڕاو چاپ و بڵاویان کردەوە..
ئێمە ناچینە وردەکاریی بایەخی ئەم کتێبە کە لە ساڵی ١٥٣٢ دا نووسراوە، ھەتا ئێستا لەسەر ئاستی جیھانی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ و چاپ دەکرێ و بڵاودەکرێتەوە... بەڵام کاتێ بە زمانی کوردی بەردەستە، ئەوە بایەخی ھێندەی تریش بەرزکردۆتەوە.
کاک ئازاد رۆشنبیریی سیاسی و ئەدەبی ھێجگار بەرز بوو، بۆیە وەک ئەرکێک ئەم کتێبەی ھەڵبژاردووە و وەری گێڕاوە.. کە جێی دەستخۆشی زۆرە.
[لە کەلەپووری شۆڕشگێڕیدا]
کورتە پەخشانێک بابەتی مێژوویی ەسەر کردۆتەوە و دەقێکی شیعر بەناوی " تابووتی زۆردار" کە ناوی خاوەنەکەی نەنووسراوە.
[ماڵئاوا]...
وتارێکی ڕەخنەییە لە ھەناوی مێژوودا کار دەکات و ڕەخنەی توند لە سەدامی شێرە فشی شەڕی قادسیەی دۆڕاوی نێوان عێراق و ئیران دەگرێ.. شۆڕەسواری ملشکاوی عروبە ئەو رۆژانە لەھەوڵی ئەودا بووە شاری سلێمانی, شاری ئەورەحمان پاشا و شێخی نەمر و عەولەسیس و بەکرەکۆڵ و دەیانی تر گەمارۆ بدا و سزا بدات..[ ئەو شارە قارەمانە زۆر لەوە گەورەترە چنگی خوێنینی بەچکە ھیتلەرەکان بتوانن لە مستی خۆی نێن و ڕەش و ڕووتەکانی: جوولەکان و خەبات و قالاوە و سەرشەقام و سابونکەران لە کۆڵانەپێچپێچەکاندا فێری کوردایەتی بوون و فرچکیان بە خۆڕاگری ھەڵدراوەتەوە و ناو پەلیان لە ڕەنج و زەحمەتدا قڵیشاوە. ئەوان ھێزی بنەڕەتی کوردایەتین، کوردایەتیش لە کێوەکانی کوردستان قایمتر و بڵندترە]..
تا دەستپێکی ژمارەیەکی نوێ و خوێندنەوەی ماڵئاوا...

 

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١١.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

پێش ئەوەی ھەر شتێ بین ..دەبێ کورد بین
کوردستانێکی ئازاد گەلێکی یەکسان

ئاڵای سووری کوردایەتی
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی- پاسۆک-
" چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە"


ژمارە ١١ ی بەفرانباری٢٥٩٣ کانوونی دووەمی ١٩٨٢.
١١ بابەت لە دووتوێی ٦٢ لاپەڕەدا بەرچاو دەکەوێت. ئەم ژمارە لە رووی قەبارەی لاپەڕەوە تا ئێستا گەورەترینە و بابەتەکانی چڕوپڕ و خەستوخۆڵن بە رۆحی کوردایەتی و زانیاریی و ڕۆشنبیریی گشتی .
[ سەروتار] .. {سلێمانی لە ڕەگەزپەرستان گەورەترە و لە تێکدان قایم ترە}..
وتارەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرنامەیەی ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر نەخشەیان بۆ وێرانکردنی شاری سلێمانی کێشا بوو. باس لە سوتانی رۆما لە لایەن نیرۆنەوە دەکات و گاڵتەی بە ئەقڵی ھیتلەرەی عروبە دێ.
سلێمانی سیمبۆڵی کوردایەتی و تێکۆشانی نەپساوی خەڵکی قوربانیدەر و دڵسۆزە، بۆیە هەر زوو بووە چقڵی چاوی داگیرکەران و خەونییان دەدی بە وێرانکردن و ڕاگوێزان و گەمارۆدانییەوە، بەڵام رۆڵەکانی سەرکارێز و مەڵکەندی و چواباخ و کانی ئاسکان، ئازادی و جولەکان شورای پۆڵایینی شار و تاجی سەروەری کوردستان نەیانھێشت بۆ چرکەساتێکیش ئەو خەونە گڵاوەی داگیرکەران بێتە دی...
جەماوەری شار و لوتکەی بەرزی چیاکانی گۆیژە و ئەزمەڕ و بەرانان و پیرەمەگرون پاڵپشتی شار و قەڵغانی پاراستنی بوون... ھەر لەم بۆچوونەوەیە وتارەکە بەم دێڕە کۆتایی پێ دێت:
" ئیتر چۆن کورد لە مەرگ قایم تر و لە سێدارە باڵاتر نییە؟ و چۆن صدام لە نیرۆن گێل تر و لە ھیتلەر گڵاو تر نییە؟!."..
[شیعر]
شیعرەکە بریتییە لە باسکردنی رۆڵی کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ئێستا لەبەرەنگاربوونەوەی داگیرکەراندا.. بەداخەوە ناوی خاوەنی شیعرەکە نەنووسراوە.
[لە ھەندەران چ باسە]؟..
ساڵی ١٩٨١ لە شاری ڤییەنا چالاکی حەفتەیەکی کوردی بەڕێوە براوە لەلایەن کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد ونەمساوییەوە... رووداوەکانی ئەو چالاکییە بەسەر کراوەتەوە. ھاوکات گفروگۆیەکی گەرم لەگەڵ نوێنەری لیبیادا کراوە و نوێنەری پاسۆک پرسیارێکی قورس ئاڕاستەی ئەو نوێنەرە دەکات.. بابەتەکە شایانی خوێندنەوەیە.
[ ڕازێکی کوردانە]..{ناکۆکییەکان و شێوە و شێوازی چارەسەرکردنیان}..
وتارێکی فکریی و شیکارییە.. باس لە شێوەکانی ناکۆکی دەکات و کرۆکی باسەکە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی نالۆکییەکانی دەروونی کوردایەتی ئاسایی و لاوەکین و ناکۆکی سەرەکی کورد لەگەڵ داگیرکەرانیدایە واتە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا..
دیارە ھێزگەلی تر ھەبوون و ھەن کەوا پێیان وایە ناکۆکی نێوان چینەکانی کۆمەڵگەی کوردی ناکۆکی سەرەکییە و دەکرێ لەگەڵ ئەوانی بێگانەدا لەرووی چینایەتی و ئایدۆلۆژییەوە یەک بگرین ..
وتارەکە لەم ڕووەوە ھەموو ئەو دید و ڕوانگە نێونەتەوەییانە ڕەت دەکاتەوە و دەست بۆ داگیرکەری سەرەکی ڕادەکێشێ..
بەم پەیامە جوانە کۆتایی بەم وتارە بەپێزە دێت:" با ھەموان بەگیانی کوردانە و کورد دۆستانەو زانستیانەوە و دوورلە خواستی دەروونی و تایبەتییەوە لە زەمینەی واقعی کۆمەڵگەی کوردەواری و لەبەر ڕۆشنایی بیر و فەلسەفەی ( کوردایەتی) دا ھەنگاو ھەڵھێنین و بە ئەرکی میللی خۆمان ھەستین تا بەھەمووان کورد بگەیەنینە کەناری ئارامی سەربەخۆیی و ئازادی".. پەیامێکی ڕوون و تژی لە ئاماژەی کوردایەتی..
[شیعر]
دوو شیعری دیاری مامۆستا ھەژارە، بە ناوەکانی " لە خۆتم بپارێزە و ھەر کوردم"
ھەردوس دەقەکە ناسراون لە ئەدەبی کوردیدا و مانا و سەنگی خۆیان ھەیە...
[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]
نامەیەکی تەوسئامێزە نووسراوە و نیردراوە بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان( ڤاڵد ھایم)..
دەرد و کێشەکانی کورد و مافی مرۆڤ لەژێر یاسای سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستاندا دەکات...
[ داستانێک]
پەخشانە وتارێکە لە باوکێکەوە بۆمنداڵەکەی و ھاوکات نماتشتکردنی دۆخی منداڵانی کوردستانە بە ژیان و ئارامی!..
دەقێکی ئەدەبی بەرزە..
[ قوتابخانەی پاسۆک] ...{تاک و کۆمەڵ}...
{ تاک و کۆمەڵ دووشتی ئاوێتەی پێکەڵپێکی پێویستی یەکترین:نە تاک بێ کۆمەڵ دەبێت و نە "کۆمەڵ" بێ " تاک" ان پەیدا دەبێت}...
وانەیەکی فیکرییە سەبارەت بە تاک و کۆمەڵ و گرنگی و بایەخی ئەم دوس کاراکتەرە... گەشتێکی فراوانیشە بە ڕۆشنبیری ئەم بابەتە لای فەیلەسوفانی جیھان.
ئەم باسە جێی بایەخی فیکر و فەلسەفە و کۆمەڵناسی و سیاسەتیشە ، ئامادەیی لە ڕۆشنبیریی گشتیشدا ھەیە.. دیارە خوێندنەوەی ئاڵا بە دید و ھەناسەیەکی نەتەوەییانەیە کە زۆر نزیکە لە واقعی ژیان و پێگە و ڕۆڵی چەمکی تاک و کۆمەڵ...
[ شادەمارە سەرەتانمان] ...{١٠ - مافی پەرستن و باوەڕ و بیرکردنەوە و ڕادەبڕین و ھەموو مافێکی دیکەی مرۆڤ پیرۆزن لامان}..
لەبەر ڕۆشنایی بیری نەتەوەیی و جیھانبینی فیکری پاسۆکدا یەکێ لە بنەما ھەرە بنجی و گرنگەکانی مرۆڤ شرۆڤە دەکرێ و خوێندنەوەیەکی لە ڕەھەندی فیکری و سیاسی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەکرێ..
مرۆڤ ئەو کاتە مرۆڤە کە ئازاد بێت، کاتێکیش ئازادە کە ویستی خۆی بڕیار بدات، دڵخوازەکانی دیاری بکات و لەچوارچێوەی مەعقولدا ڕەفتار بکات و ڕێز لەئازادی بەرانبەر بنێ و حورمەتی مرۆڤبوونی خۆی بەرز ڕاگرێ...
لێرەدا لە وتارەکەدا وتەیەکی دیکارت بەرچاو دەکەوێ " ھیچ مرۆڤێک ناتوانێ لە یەکێکی تر مرۆڤ تر بێت چونکە ئازادی چونیەک لای ھەمووان بێ سنوورە".
ئازادی و ماناکەی وەک گرنگترین خەسڵەتی مرۆڤ لەم وتارەدا تیشکی خراوەتە سەر و داکۆکی لێ کراوە.
[ فەرھەنگۆک]
ئەم چەمکە سیاسییانە(بابۆفی، پرۆلیتاریا، پێکەوە ھەڵکردن، تەکنۆکراسی) شرۆڤە کراون و ئەو پێناسە زانستییەی بۆ ئەم چەمکانە کراوە خراوەتە بەردەست...
ھەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێداوە، ئەم ھەوڵەش دیسان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاری و رۆشنبیریی ھاوبیران و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک و خوێنەرانی هێژایە...
شازادە" الامیر"
بەشێکی تر لە کتێبی شازادە/ میری مێکیاڤیلی، کە وەرگێڕانەوە و بە زنجیرە بڵاو دەکرێتەوە...ئەم بەشەش نزیکەی 30 لاپەڕەی گرتۆتەوە.
[ ماڵاوا]....{ تەرکی ڕێگە}...
بابەتێکی کورتە لەسەر شێڵگیربوون لەسەر کوردایەتی و تەرک نەکردنی ڕێباز و تێکۆشانی خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان.
سەرچاوەی ئەم عەشقەش پاسۆک و بیری گەشی کوردایەتییە..
تا ژمارەی داھاتوو ماڵئاوا و ماڵتان پڕ لە شادی و تەندروستی بێت..

 

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١٢.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.

 

[[پێش ئەوەی ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین]]
"ئاڵای سووری کوردایەتی "
{{چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە}}

ژمارە (١٢) ڕێبەندانی ٢٥٩٣ کانوونی دووەمی ١٩٨٢.
ئەم بەرگە خنجیلانەیەی تری گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی ، ھەشت باسی ھەمەڕەنگی فکری و سیاسی و ئەدەبی لەخۆ گرتووە..

[سەروتار].. ساڵی کوردایەتی
وتارێک باسی لەوە دەکات کورد دەرفەتی ھەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران ناقۆزێتەوە و وەک وڵاتانی خوداپێداو یاد و یادگاری دەمژمێر و رۆژ و ھەفتە و مانک و ساڵ ناکاتەوە... لە دنیای دەرەوەی دنیای کوردیدا ھەرشت بەھای خۆی ھەیە، لای کورد بەداخەوە زۆرشت بێ بایەخ کراون بەھۆی ئاین و ئایدلۆژیای حیزبییەوە..
وتارەکە دەیەوێ نەفرەتێکی خەست و گران بکات لەساڵی ١٩٨١ شەڕی براکوژی و کوردکوژی.. ھاوکات دەست بۆ ئەوەش ڕادەکێش ھێندەی براکوژیمان کردووە گەر شەڕی داگیرکەرانمان بکردایە ھێندەی وڵاتی ( نەمسا و لوکسمبۆرگ) ناوچەی رزگارکراومان دەبوو.. لە وتارەکەدا ھاتووە:
[ ئێمە دەزانین تا تاپۆی{ کوردایەتی!} لە باخەڵی کوردایەتی پارە و پوول ئاخنراوی مۆتەکە کلاسیکی و مێردەزمەکانی سەر کۆڵەی سنگی کورددا بێت، ئەمەش پینەکرێت، لە لایەکی ترەوە ھەر ھەڵدەتەقێت]..
دواتر پەیامێکی روون و ئاشکرا بۆ سووتەمەنی شۆڕش پێشمەرگە دەنووسێ . پێشمەرگە ئەو تاکەی کە بە ژیانی خۆی پارێزگاری لە نیشتمان دەکات و رۆحی پێ دەبەخشێ:[ بۆیە روو دەکەینە پێشمەرگە چونکە بێ ئەوان ئەو بازرگانانە دەبێ دوکانەکانیان داخەن و سەری لووتی خۆیان ڕەش کەن]..
بەکورتی داوا دەکات نەھێڵدرێ چاوبەستەکێ لە میللەت بکرێ و بۆ ئامانجی گڵاو بەھەڵەدا ببرێ.. دوا دێڕی نووسینەکە بەم ئایەتە کۆتایی ھاتووە:
" ان اللە لا یغیر ما نقوم حتی یغیروا ما بأنفسھم". میللەتێک خۆی خۆی نەگۆڕێ خوا نایگۆڕێ...
کەواتە ئەرکی میللەتیشە ھوشیاری ھەبێت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تاوەکوو بتوانێ ئایندەیەکی بە فەڕتر بۆ رۆڵەکانی مسۆگەر بکات...
[کۆپلە شیعرێ]..
پێمان ڕووتە.. دڕک و داڵە
دەممان وەک گەڵای داری " بی",
تفتوتاڵە
بەڵام ئەڕۆین.. چونکە ئامانج!
تیشووی ھەر چوار وەرزی ساڵە
لێرەدا دروشم و مەشخەڵ و ئاوات و باوەڕی ھاوبیرانی نەتەوەیی و وزەی کوردایەتی بەرجەستە بووە.. دوژمن چەند دڕندە بێت، باوەڕی ئێمە نەلەقیوتر دەبێت!...
بیری رزگاری نەتەوەیەک ھەرگیز ناکوژێتەوە...
[ڕازێکی کوردانە].. " ڕاستبوونەوەی دوای گلان"..
وتارێکی سیاسی و فیکریی لە کۆنتێکسێکی مێژوویدا.. بە دوو بڕگە پێناسەی شۆڕش دەکات :{ ئەگەر شۆڕش یاسایەکی گشتی و دەتوورێکی بنەڕەتی نەگۆڕی ھەبێت، ئەوەیە وەک ئاگرێک لە پریشکێکەوە دەکەوێتەوە تا دێت کڵپە دەسێنێ، مەودا و بارستایی مەشخەڵی فراوانتر و بەرین تر دەبێت}..
لام وایە لێرەدا بایەخی شۆڕش و ھێڵە گشتییەکانی خراوەتە ڕوو ئەوجا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە درێژە بە گفتوگۆکردن لەسەر شۆڕش دەدات و دەڵێ:{ شۆڕشی ڕەسەن و ڕاستەقینە خەسڵەتی ھەر دیار و بەرچاوی ئەوەیە کە خۆی خالق و داھێنەری ڕووداو و پێشھاتەکانە، ھەر دەستەیەک چاوەڕوانی ڕووداو بکات وەک مەلەوانێکی نەزان خۆی بدات بەدەم خوڕی لافاو و شەپۆلەوە بۆ پەڕینەوە یان ئەو لافاوە ھەڵناسێ یان ھەڵیش بستێ لەباتی پەڕینەوە دەیبات و لە توونی بابای توند دەکات}..
ئینجا بەراوردێکی ئەو شێوە شۆڕشە بەوەی کوردستان و بەتایبەت لە باشووردا دەکات.. بە کارەساتی دەچوێنێ... شۆڕشی باشوور دەیداتە بەر نەشتەری ڕەخنە... بە کورت و کرمانجی ڕوو لە جەماوەری دڵسۆز و پێشمەرگەی جەنگاوەر دەکات و دەڵێ{ ئاوی ئێوە نەبێت، ئاشی ئەو بازرگانانە زوو لە گەڕ دەکەوێ}...
سەرنج بدە ھەر وتارێکی ئاڵای سوور چەندین جار زیگنال و شەیپووری ھوشیاربوونەوە لێدەدات بۆ ھێزی پشمەرگە و دڵسۆزانی شۆڕش.. بنۆڕن خەمی پاسۆک چەند گەورە بووە! چەند لە پەرۆشی دۆزە پیرۆزەکەی کوردایەتیدا بووە!.. دەنا پاسۆک بۆ خۆی حیزب بووە و ئەگەر بەس دوای مەرام و بەرژەوەندی خۆی بکەوتایە!ئەم ھەموو دڵسۆزییەی نەدەنواند!...
[ ئێمە ناڵێین سوود لە تاقیکردنەوەیخەڵکی وەرناگرین، بەڵام قۆپییەی کەسیش نین]...
[بانگێ لە سەنگەری پاسۆکەوە.. برا پێشمەرگەکەم ]
سڵاوی ئازادی و یەکسانی..
پێشمەرگەی کەرەسە و سووتەمەنی شۆڕشە، پێشمەرگە داینەمۆی شۆڕشە. ئەگەر رۆژگاری سەرەتای خەباتی کوردمان بێتەوە یاد وا دەزانین ناو و پێگەی پیشمەرگە بە دەستێ جلی خاکی و چەکێکی سادە و جووتێ پێڵاوی لاستیکی دڕاو و گیرفانی بەتاڵەوە چەند پیرۆز و جێی خۆشەویستی میللەت بوو.. بەڵام رۆژگارێک تێپەڕی کەوا ھەر چەک لەسانکردن و پحشینگ جلی خاکی کەسێک ناکاتە پێشمەرگە، ئاخر بەداخەوە جاشیش ھەمان دیمەنی ھەیە! کەواتە دەبێت خەسڵەتی پێشمەرگە چی بێت؟!..
پرستارێکی قورس و ھەستیار، لێ سادە و خۆشڕەوان..
ئەوەی لەسەنگەری نەتەوەکەیدا بێت و ناپاکی لە نیشتمان نەکات و بۆ سەربەخۆیی ئازادی و دادپەروری تێبکۆشێ و بخەبتێ ئەوە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕە...
وێستگەیەکی قێزەونی شۆڕش و مێژووی کورد بە براکوژی پڕ کراوەتەوە، ھەمویشی لەسەر ھەژماری ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و دۆزی نەتەوەیی کورد..
ئەم نامە کراوەیەی لێرەدا ئاڕاستەی پێشمەرگە کراوە، بۆم بکرایە بە ئاوی ئاڵتوون دەمنووسییەوە.. نامەیەک لە ھەست و مەعریفەیەکی پاک و جیھانبینییەکی واقعی گیانی بەرپرسیارێتییەکی دڵسۆزانەوە ڕووی دەم کراوەتە پێشمەرگە ھوشیار بێت، ئەرکی خۆی بزانێ، ڕۆڵی خۆی بگیرێ!...
لە بانگەکەدا ھاتووە:[ بەڵام برای پێشمەرگەم لەھەر سەنگەرێکدایت و سەر بەھەر کۆڕ و کۆمەڵ و بیر و باوەڕێکی مادام کورد شۆڕشگێڕ و ھاوسشنگەری منی ، بانگت ڕاھێڵم پێکەوە ھەر یەکەمان لای خۆیەوە دەست لەسەر ئەم سوێندی شەرەفی پێشمەرگایەتی بۆ یەکدی بخۆین، کە بەسەر ناھەقی و لادانو خراپەدا ڕانەبووریین و لە ھیچ کەموکوڕی و ناتەواوی و بەلادا بردنێکی ئانقەست خۆش نەبین و پەنجەی شۆڕشگێڕی بکەین بە چاوی ناھەقی و جادوگەریدا. فشس( تأویل) و (منطقی گێڕ)و (بیرکردنەوەی چەوت)و ( مەبەست گۆڕین) لە کەس قبوڵ نەکەین، ئەگەر ئەو کەسە خۆشمان یان ھاوبیرێک ، ھەڤاڵێک ھاوڕێیەکی خۆمان یان لێپرسراومان بێت]..
ڕوون و زەلالی ئەم بۆچوون و داواکاری و چاوەڕوانییە ھەر لە تاکێکی دڵسۆز و قارەمانی کاریگەریی سەر گۆڕەپانەکە درکرێ کە باویپێشمەرگەیە. دواتر وتارەکەش زرنگانە دێتە سەر کرۆکی مەبەست و سەر ئەم خاڵە و دەنووسێ:{ ئەم بارە گڵاوەش تەنھا بە تۆ و برا پێشمەرگەکەت ڕاست دەبێتەوە}...
ئاڵا لە دووتوێی خۆیدا بە وتار و بانگەوازەکانی گەلێ جاران ئێخەی پێشمەرگەی گرتووە، تاوەکو بە ھوشیاری و تێگەیشتنی دروستەوە چەکی بکاتە شان و گیانی خۆی ببەخشێ..
[قوتابخانەی پاسۆک].. " گرەو"!!..
وتارێکی تیشک دەخاتە سەر ئەوە گەمە سیاسیی و گرەوە دۆڕاوانەی بەناوی کوردایەتییەوە دەکرێ.. بانگەواز دەکات لەپێناوی سەرخستنی ئەم دۆزە ڕەوایەی کوردایەتیدا وزە و توانای خۆمان یەک بخەین و یەکگرین.. ئاخر داگیرکەران بەھێز و دڕندەن و دوژمنان بەردەوامن لەسەر دژایەتی کورد و کاولکردنی کوردستان..
وتارەکە زۆر بەپێز و چڕە و من لێرەدا بۆم ناکرێ سەرلەبەری ڕاگوێزم. بەڵام بڕگەیەکی لێ دەخەمە بەرچاو وەک مشتێ نموونەی خەرمانێکە، بەشی تێگەیشتنی تەواوی ئێوەی خوێنەری بەڕێز دەکات.[ دەبا ھەموومان یەکگرین و حساباتە کۆن و قین و کورسی و پاوانخوازی و گومڕایەکان ھەڵگرین بۆ ئەو کاتەی کە لەژێر کێردی قەسابە داگیرکەرەکانی کوردستاندا رزگارمان دەبێت و نەتەوەکەمان لە مەترسی ھەرەسێکی تر دوور دەخەینەوە ئەو کاتە ڕوو دەکەینە جەماوەر،کاڵای کێی لا پەسەند تر بوو باجەژنی خۆی ببڕێ وماڵی کێی پێ قەڵب بوو با بیداتەوە بەسەر خاوەنەکەی دا]...
وتارەکەی ئاڵای چەند لۆژیکانە شرۆڤەی دۆخەکە دەکات و ڕێگا ڕاستەکە دەسنیشان دەکات.. بێ ئەوە یەک داوای بە سوودی خۆی ھەبێت و حەز و دروشمێکی داسەپێنێ..
[ شادەمارە سەرەتاکانمان].." ١١-باوەڕمان بە مافی چوونیەکی پیاو و ژن ھەیە لەو بوارانەدا کە چوونیەکن".
وتارێکی فکریی و سیاسی و رۆشنبیریی گشتییە لەمەڕ ئەم باسە ھەستیارەی نێو جڤات و تێکڕای جیھانەوە.. بایەخی ئەو بابەتە و خستنە ڕووی وەک شادەمارێکی سەرەکی بیر و ڕێبازی پاسۆک ، باشترین بەڵگەی سەنگینی ئەوەیە ناچوونیەکییەکی نادادپەروەرانە لەنێو ئەو دوو ڕەگەزەی مرۆڤدا ھەیە و پێویستە کۆتایی بێت.
دیارە باسەکە فرە ڕەھەندە و لە ئەوروپای پێشکەوتووشدا ھێشتا ژنان بە تەواوی مافەکانی خۆیان شاد نەبوون.. بۆیەکا کاروانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراسی و سیاسی لەم ڕووەوە بەردەوامە.. ژنانیش بە ھێز و باوەڕ و ھوشیاری خۆیان زۆر چوونەتە پێشێ و باشتر خۆیان سەلماندووە..
نێر و مێ هەردوو بە جووتە هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچووی ی لە دیلی،مەل بە باڵێ نافڕێ
هەڵی ڕاستی هەردوو لا ئامانجی میللەت سەرئەخا
چونکە مەعلوومە بە یەک دەس چەپڵە قەت لێ نادرێ
بێکەس
[فەرھەنگۆک]
چەپکێ زاراوە بەسەر کراونەتەوە کە ئەو رۆژگارە و دواتریش لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردی و رۆژنامەوانیدا بەرچاو دەکەوتن.. لەوانە:
"ئەنتەرناسیۆنال/ نێونەتەوایەتی، ئەنتەرناسیۆنالیستی یەکەم، ئەنتەرناسیۆنالیستی دووەم، ئەنتەرناسیۆنالیستی سێیەم، کۆمێنفۆڕم، ئەنتەرناسیۆنالیستی سۆشیالیستی، ئۆتۆکراسی، ئەرستۆکراتی، ستالینیزم "
[[ ماڵاوا ]].. بیری دوا ڕۆژ
ئانیشتاین دەڵێ: { زیاتر لە ڕابووردوو من ئارەزووی ئایندە دەکەم، چونکە ئەو شوێنەیە کە بیری ژیانی تێدا دەکەمەوە}..
بەقسەیەکی گەلەریی دەست پێ دەکات: " خوا تا دەرگایەک دادەخات دە دەروازە ئاوەڵە دەکاتەوە" باس لەوە دەکات کورد تا ھەڵگیرسانی شەری ئێران و عێراق ١٩٨٠—١٩٨٨ لە دۆخێکی خراپدا بووە. ئەو شەڕە ھەردوولای لاواز کرد بۆیە پێویستە سوودی زۆری لێوەرگیرێ.. ئەمەش بە گفتوگۆ و بەرنامەڕێژی و سیاسەتێکی حەکیمانە ئەنجام دەدرێ!...
پاسۆک رووی دەمی دەکاتە گشت لایەنەکان داوا دەکات بیرێک لە دواڕۆژ بکەنەوە..
بەسەرکەوتنی لایە! ڕووخاندنی ھەردوولا؟ ڕاگرتنی شەڕەکە و ھەموو ئەگەرەکانی دیکەی بەردەم ئەو دۆخە!..
ئەمەش لە پێناوی ئەوەی لە کۆتاییدا نەگەینە ئەوەی کە: { بەدەستی خۆمان و بە ئانقەست گرەوی دۆڕاو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکەین}.. وەک رێکەوتنامەی جەزائرمان بەسەردا بھێنرێتەوە...
وتارەکە زادەی ئاوزانی فیکری و سیاسی و نەتەوەییە، پەرۆشە بۆ ئایندەیەکی بە فەڕتر و باشتر . لێرەدا دوو بڕگەی تری وتارەکە ڕادەگوێزین کە پڕە لە ئاماژەی گرنگ.
{ ئێمە کورد ھەموومان لەبەردەم یەک چەقۆی قەسابداین و جیاوازی شین و سوور و مۆرمان ناکات و لە ملی ھەر کامێکمان ترازا ملی ئەوی ترمان دادەبڕێ}..
دوادێریش بە خەتێکی تۆخ نووسراوە:
{ جیاوازی نێوان پێشمەرگە و جەردە ئەوەیە کە پێشمەرگە دەزانێ بۆچی چەکی لە شانە و جەردە نازانێ بۆ؟!}...
لەم وێستگەیەدا لەگەڵ ئێوەدا دەڵێم ماڵئاوا تا ژمارەیەکی تر..

_______________________________________________

ژمارە ٥ - ٨: https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp5-8.htm 

ژمارە ١ - ٤: https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp1-4.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک