٧\٦\٢٠١٦
پرسیار؟

کامیل ژیر
دەست و مەچەک و پەنجە بلورینێ
لە گوڵزاری باخێکا
بە تۆزێ پۆز و نازەوە
بە شێوازی شازادانە
لایەکی پەرچەمی لادا لەسەر چاوی
* * *
چاوێ کە سروشت نەیدیوە تا ئێستا
لە هیچ رۆژ و چاخێکا
مەگەر لە وێنەسازەوە
بنەخشێنێ ئازادانە:
چاوێکی وا بە هەژموون و تەلیسماویی!
* * *
گوڵانی باخ
گەش و پەرداخ
لە شەرمانا ناسروشتیی هەڵوەرین
لە رێگەیدا بوونە فەرشی سەرزەمین
* * *
ئا ئەو چاوە
هەر لەو ناوە
بە تیری برژانگی تیژی پێکامی
لە بەر پێیا راکشام و شێلامی
کەوتمە داوی تاڵی برۆی
بێ دەربەستیی، هەڵهات و رۆی!
بە تەنیا مامەوە
بە ئێشی زامەوە
لە نێوانی دەست و پەنجە و نیگای مەستا
ئەمناڵان
هەمو بیر و ئاوەزیشم تەواو وەستا
بێ بزوان
وێنەی دیلێکی دەمودوو بەسرا و، نەمپرسی
ناوی ئەو شێرە شەڕەنگێزە، یا ئەدرێسی!
* * *
تۆ بڵێی جارێکیتر ئەو چاوانە ببینمەوە!؟
بەو دەسوپەنجانە، ئاهێ بڕژێتە برینمەوە!؟
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|