په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٥

دەق و رەخنە:

قوبادی جەلیزادەی شاعیر
ئەمجارە ژێیەکی جیاواز دەژەنێ!!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

    سێ‌دڕنده‌.
عه‌ره‌ب ، مه‌کته‌ب ده‌ڕووخێنێ.
تورک، کتێب ده‌سووتێنێ.
فورس، رێ به‌مین ده‌چێنێ.
ئه‌ی چۆن؛
زارۆکانمان بچنه‌ به‌ر خوێندن !

فورس ،
گه‌ردنی باران،
ده‌خاته‌ ناو قه‌فی په‌ت.

تورک،
زمانی مه‌زرا داغ ده‌کات
جه‌رگی ئاو ده‌کا له‌ت و په‌ت.

عا‌ره‌ب،
کانیله‌ چک ده‌کات
ژه‌هر ده‌کاته‌ هه‌ناوی،
رووبارو شه‌ت.
ئه‌ی که‌ی ،
به‌ جووتیاره‌ ره‌شتاله‌کان بڵیین ؛
کوڕینه‌ خه‌رمان به‌ره‌که‌ت ؟

عه‌ره‌ب ده‌لێ؛
ئێمه‌ سێبه‌ری خوداین
ئێمه‌ین و به‌س.

فورس،
ده‌ست ده‌نێته‌ ،
بینه‌ قاقای لاوه‌کانمان
تا دوا نه‌فه‌س.

تورک،
هه‌ڵۆکانمان ، ده‌خاته‌ ناو
کونجی قه‌فه‌س.
ئه‌ی که‌ی به‌ یه‌کتری بڵێین؛
ئازادیتان باش ،
کوڕانی قه‌قنه‌س.

خودایه‌...
ئه‌تاتوورک ، بخه‌یته‌ ناوه‌ندی جه‌حیم.
ئه‌رده‌شێر، بکه‌ی به‌ رێویی ، زه‌لیل و یه‌تیم.
خودایه‌...
له‌ عا‌ره‌بی بستێنه‌وه‌،
تیری فه‌رمووده‌و
شمشێری قورئانی قەدیم
(١)


قوبادی جەلیزادە شاعیرێک پر لە هەست و جوانی، لێوانلێو لە عەشق و تەژی لە ئیرۆتیک لەڕێگەی شیعرە سادە بەڵام قەشەنگ و ناسکەکانییەوە توانیویەتی جێیەکی شیاو بۆ خۆی لە بزووتنەوەی شیعریی کوردی دەستەبەر بکات. قوبادی جەلیزادە خاوەن زمانێکی سفت و سادە و بێگرێیە و لەڕێگەی ئەو زمانە شیعرییەوە توانیویەتی پلەی شیعرییەتی شیعرەکانی بگەێنێتە ئاستێکی پەسند. حەمەسەعید وتەنی قوباد " بە زمانی شیعر شیعر دەنووسێت"(٢)، ئەو وەک شاعیرێکی چالاک هەم شیعرەکانی کردۆتە هێلانەی ئەشق و ئەڤینی ژن و جەستەی مێینەیی ژنی تەرجەمە کردۆتە سەر وشە، هەمیش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە کێشەی تێکۆشانی نەتەوەی کوردەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی چەند جارێکیش کەوتۆتە ململانێ و کێشمەکێش لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و دەم سپییەکانی ئەو بزووتنەوە کۆنەپەرستە لەسەر ئازادی دەربڕین و ئازادی نووسین. قوبادی جەلیزادە وشەکانی تەڕپۆشن و شیعرە هەست وروژێنەر و نیمچە ڕووتەکانی بۆ وەسفی جەستەی ژن سیمایەکی تایبەتی و سەرەکی شیعریی قوبادن و پانتاییەکی گەورەش لەشیعرەکانی داگیر دەکەن.. شێرزاد هەینی نووسەر لەستایشی شیعری قوباددا دەنووسێ "شیعر بوو ئه‌و " حاکم " ه‌ی کرد به‌ په‌پووله‌ .شیعر بوو ئه‌و پیاوه‌ به‌ ژن و ماڵه‌ی شه‌یدای رووتی ژن و ناسکی کیژو ده‌فته‌ری باخه‌ڵ و نزیک مه‌مک کرده‌وه‌"(٣). قوباد لەشیعرەکانیدا بە دوو ئاراستە کاری کردووە. ئاراستەیەکیان بریتی بووە لە عیشق و خۆشەویستی و ئیرۆتیک . ئاراستەی دووەم خەمی نەتەوە و تێکۆشانی کورد و ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردنی گرایش و تەیفە کۆنەخوازەکان و بزووتنەوە تاریکخوازەکانی کۆمەڵگە و وەستانەوە لەبەرامبەر ملهوڕییەکانیان. ئەم وێنا گشتییەی شیعری قوباد و هەڵوێستەکانی قوبادی گەیاندۆتە کەنارەکانی دڵی خەڵک و خوێنەرەکانی. عەلی ئەسغەر کەرەمی دەڵێ " قوباد لە شیعرە ئەویندارەكانی دا، ئەو شوێنەی كە ژن دەبێتە تەوەری وشەكان، عارفیشە، قوباد گەیشتۆتە ئاستی باوەڕو بەعیرفانی سێكس، لەش بۆ ئەو تەنیا چێژێكی روت نیە، لەش لەقاموسی قوباددا ئایەتگەلێكی مەزنە لەمرۆڤایەتییە"(٤). بۆ شاعیری داهێنەر بەدەستهێنانی خۆشەویستی خوێنەر و خەڵک چەند گرنگە ئەوەندەش ڕاگرتنی هەڵوێستە مرۆییەکان بایەخدار و گرنگن. قوباد جگە لەگەمەی جوانی و پەرستنی ئەو ڕووبەرە لە خۆشەویستی ژن کەبەشێکی دانەبراوە لە خۆشەویستی مرۆڤ، جگە لەسەرسامی بەهەستە قەرەباڵغەکانی ناو نەستی پیاوی ڕۆژهەڵاتی(کورد) و شەیدابوونی ژن وەک بەشێک لە چەپاندنێکی کلتووری و جێندەری، لەم ساڵانەی دواییدا وەک ڕەمزێکی شیعری لە دژایەتیکردنی بەرخوردی ترادیسیۆنانەی ئایین و دژایەتیکردنی زەنگی مەترسیداری ئایینی سیاسی بۆ سەر ئازادییەکانی مرۆڤ، دەرکەوت. یان باشتر بڵێم کەوتە بەر هێرشی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان. من لێرەدا بە شوێن لێکدانەوە و شڕۆڤەی کێرڤی ڕوو لە هەوزار و نشێوی شیعریی قوبادەوە نیم، بەڵکو ئەوەی جێگای مەبەستی ئەم کورتە نووسینەیە، خوێندنەوەیەکی گشتیگیری شیعری "سێ دڕندە"یە کە هەڵگێڕانەوەی تەواوی ئەو هەڵوێستەیە کە قوباد چەندین ساڵە ئیشی لەسەر دەکات. شیعری " سێ دڕندە" شیعرێکە شایستە بە هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە خوێنەر دەتوانێ لەڕاستای خوێندنەوەی ئەم دەقەوە بگاتە ئەو جێگا پەنهانەی کە قوبادی ڕاستەقینەی تێدا نیشتەجێیە. یان ڕووی ڕاستەقینەی قوباد نیشان دەدەن. ئەو جێگایەی کە ئیتر دەمامک تیایدا کار ناکات و بایەخی خۆی لەدەست دەدات. دەقی "سێ دڕندە" لە لاپەڕەی تایبەتی شاعیر لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نۆی مانگی ئەیلولی ٢٠١٣، بڵاوکراوەتەوە. لەم دەقە شیعرە قوباد کاژی هەڵوێستە مرۆییەکەی فڕێ دەدا و وەک وشە ئیرۆتیکەکانی بەڕووتی دەردەکەوێ و خوێنەر دەتوانێ ناخی بخوێنێتەوە. "سێ دڕندە" کە ناوی شیعرەکەیە هێمایە بۆ دڕندە بوونی عەرەب و تورک و فارس. واتە میللەتانی تورک و فارس و عەرەب دڕندەن.

عه‌ره‌ب ، مه‌کته‌ب ده‌ڕووخێنێ.
تورک، کتێب ده‌سووتێنێ.
فورس، رێ به‌مین ده‌چێنێ.
ئه‌ی چۆن؛
زارۆکانمان بچنه‌ به‌ر خوێندن!
(٥)


ئەم حوکمە گشتیی و بێبنەمایە بە ئاسانی ڕەچاو نەدەکرا لە شاعیرێک کە خۆی خوێنەرێکی شیعر و ئەدەبیاتی فارسی و تورکی و عەرەبی بێت چ لەزمانە ئەسڵییەکانەوە بێت یان بە وەرگێڕدراوی. کاک قوباد جگە لە پاشخانە ڕۆشنبیرییەکەی، پارێزەرە و حاکمە و ئەزموونێکی باشی لەو ڕشتەیە (پیشەیە)دا هەیە. شاعیر نەهاتووە باس لە سیستەمە سیاسییەکان بکات، یان ئاماژە بە دەوڵەت و حکومەتەکان بدات، بەڵکو بە گشتی ئەو میللەتانەی تاوانبار کردووە بە دڕندە. ئاشکرایە وەک چۆن لەناو کورددا ڕەوتی جیاجیای وەک مۆدێرن و یەکسانخواز و کۆمۆنیست و عەلمانی و ئایینی و کۆنەپەرست هەیە، ئاواش لەناو میللەتانی تردا تەیف و گرایشیاتی مۆدێرن و یەکسانخواز و عەلمانی و فیمینیزم و کۆنەپەرست و لیبراڵ هەیە. یەکسانکردنی میللکەتێک بەهەموو ئەم تەیفە جیاجیایانەوە بە دڕندە و بەخشینی سیفەتی ئاژەڵ و نێگەتیڤ پێیان جگە لە سووکایەتیکردن هیچیتر نییە.

فورس ،
گه‌ردنی باران،
ده‌خاته‌ ناو قه‌فی په‌ت.

تورک،
زمانی مه‌زرا داغ ده‌کات
جه‌رگی ئاو ده‌کا له‌ت و په‌ت.

عا‌ره‌ب،
کانیله‌ چک ده‌کات
ژه‌هر ده‌کاته‌ هه‌ناوی،
رووبارو شه‌ت.
ئه‌ی که‌ی ،
به‌ جووتیاره‌ ره‌شتاله‌کان بڵیین ؛
کوڕینه‌ خه‌رمان به‌ره‌که‌ت؟
(٦)


دیسانەوە ئەوە میللەتی عەرەب نییە وەک یەکەیەکی سەراپاگیر کە ژەهر دەکاتە هەناوی ڕووبار و شەت و کانیلە چک دەکات، ئەوە میللەتی فارس نییە گەردنی باران دەخاتە ناو قەفی پەت و ئەوە میللەتی تورک نییە جەرگی ئاو دەکا لەت و پەت و زمانی مەزرا داغ دەکات. بەڵکو ئەوە حکومەتە شۆڤینیی و دەمارگیرییەکانی دەسەڵاتە ملهوڕەکانی عێراق و سوریا و ئێران و تورکیان کە ستەم و زۆر دەرهەق بەکورد دەکەن. ئەم هەڵوێستە لە ڕەتکردنەوە و هێڵ بەسەردا دادانی میللەتانی تورک و عەرەب و فارس دەرهاویشتەی شۆڤینیزمە، چونکە "شۆڤینیزم پەیوەندی بە ڕاسیزمەوە هەیە. ئەم جۆرە تێروانینە فەرهەنگێک دێنیتە ئاراوە کەلەسەر ڕەتکردنەوەی بەرامبەر وەستاوە." (٧). کاک قوباد لەڕێگەی ئەم شیعرەوە دەیەوێ ئەو پەیامە بگەیەنێ کە لەبەر ئەوەی میللەتانی عەرەب و فارس و تورک دەمانکوژن و لەسێدارەمان دەدەن بۆیە دڕندەن. ئەم بڕیارە کەبەسەر میللەتەکاندا گشتگیر دەکرێتەوە خۆی هەڵوێست و بڕیارێکی دڵرەقانە و نا ئینسافانەیە، چونکە ئەو میللەتانە گەلێ نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیریان تێدایە کە نەک هەر دژ بەم تێڕوانینەی قوبادن، بەڵکو لایەنگر و پشتیوانی میللەتی کوردن دەرهەق بەمافە ئینسانییەکانی. ئاخر ئەم هەڵوێستەی قوباد لەبەرامبەر هەڵوێستە مرۆییەکانی ئیسماعیل بێشکچی جگە لە شەرمەزاری بۆ قوباد هیچیتر نییە!! لەلایەکی تریشەوە دڕندە سیفەتی مرۆڤی مۆدێرن نییە. ئەم پەیامەی لەم شیعرەدا خۆی مەڵاس داوە دەتوانم بڵێم ئاماژەیەکی ترسناکە لەو ئایدیۆلۆجییەی کە مرۆڤەکان دەکاتە دوژمنی یەکتر.


عه‌ره‌ب ده‌لێ؛
ئێمه‌ سێبه‌ری خوداین
ئێمه‌ین و به‌س.

فورس،
ده‌ست ده‌نێته‌ ،
بینه‌ قاقای لاوه‌کانمان
تا دوا نه‌فه‌س.


تورک،
هه‌ڵۆکانمان ، ده‌خاته‌ ناو
کونجی قه‌فه‌س.
ئه‌ی که‌ی به‌ یه‌کتری بڵێین؛
ئازادیتان باش ،
کوڕانی قه‌قنه‌س.
(٨)


ئەم تێڕوانینە سەر بە جیهانبینی ناسیۆنالیزمە. ژەنینی ژێی ناسیونالیزم لای کاک قوباد نە تازەیە و نە غەریبە. چونکە کاک قوباد ئینتمای بۆ بزووتنەوەیەک هەیە کەئەویش بزووتنەوەی ناسیونالیزمە. کاک قوباد لەشیعری " سێ دڕندە"دا وەک نمایشی شیعرێکی سیاسیی لەسەر حیسابی کەرامەتی مرۆڤە غەیرە کوردەکان نەک حکومەت و سیستمە حکومڕانییەکان، دەیەوێ هەستی نەتەوەیی یان باشتر بڵێم هەستی شۆڤینیی لای خوێنەری سادەی کورد چێبکات. بەمەش شاعیر بەشدار دەبێ لە پرۆسەیەکی ناشیریندا کەتەنها لە فەرهەنگی کۆنەپەرستیدا هاوشێوەی دەدۆزرێتەوە. ئەم بەشداریکردنە کاریگەری هەیە لەسەر هەرەسهێنان و داڕمانی باڵەخانەی جوانی شیعر لای قوباد، ئەو باڵەخانەیەی کە زیاتر لە سی ساڵە خەریکی بنیاد نانیەتی. لێرەدا حەز دەکەم جارێکی تر جەغد لەسەر ئەو خاڵە بکەمەوە کە خۆشەویستی میللەتی خۆ و شانازیکردن بە کوردبوون هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، بەڵام کاتێ کار دەگاتە ئەوەی ئەم شانازیکردنە دەگۆڕێ بۆ سووکایەتی، ئەوە ئەو بێڕێزییەیە تەواوی هەستی ئینتمای نەتەوەیی و شانازییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە...شیعر ژەنینی ئەمجارەی کاک قوباد جیاوازە لەژەنینەکانی تر. قوبادی ژەنیار ئەمجارە ژێیەکی ناشیرین دەژەنێ کە لە بری مۆسیقایەکی ناسک، ژاوەژاوێکی موزعیجکەر دێنیتە دەرەوە. قوباد پێشتر وەک " ژەنیارێك لەگۆڕەپانی شاردا وێستاوە و دەژەنێ‌‌ و دەسترێ ‌‌و سینگەكان دەكەونە لەرزین‌ و دەستەكان دەبنە چەك." (٩) بەڵام ئەمجارە جگە لەخۆشحاڵی دەروونی هەندێ کەسی نەخۆش کە بەو جۆرە ئاوازانە دەکەونە هەلەکە سەما، هیچ مرۆڤێکی ژیر ئامادە نییە پاژنەی پێی بەرز بکاتەوە بە نییەتی سەما و دانی دەرکەوێ بە نییەتی خۆشحاڵی.

خودایه‌...
ئه‌تاتوورک ، بخه‌یته‌ ناوه‌ندی جه‌حیم.
ئه‌رده‌شێر، بکه‌ی به‌ رێویی ، زه‌لیل و یه‌تیم.
خودایه‌...
له‌ عا‌ره‌بی بستێنه‌وه‌،
تیری فه‌رمووده‌و
شمشێری قورئانی قەدیم.
(١٠)


لەدوای ئەم پاڕانەوە و دوعاکردنانەوە و لەپاڵ ئەم وشانەی کە هیچ لە وشە جوانەکانی پێشتری شاعیر ناچن، ڕقێک خۆی مەڵاس داوە. ڕقێک بێ ئەوەی بچووکترین حیساب بۆ هەستی مرۆڤەکان بکات، ڕوو بە مرۆڤەکان و هەستی مرۆیی میللەتێک بۆتە نێشان شکێن و مایەی سووکایەتی بە میللەتانی تورک و عەرەب و فارس. "شۆڤینیزم سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەیە، ئامانجی ئەوەیە گەلان و خەڵکی وڵاتانی تر بکێشێتە ژێر دەسەڵات و ڕکێفی خۆیەوە و ئاگری ناکۆکی و دوژمنایەتیکردنی نەتەوەکان بکاتەوە و ڕێزی نەتەوەکەی خۆی بدات بە سەر هەموو نەتەوەکانی تری جیهاندا.. قازانجی نەتەوەکەی خۆی لەپێش هەموو نەتەوەیەکی ترەوە دابنێت.. ئەمە سیاسەتێکی بۆرجوازییانەیە کە پڕیەتی لە میکرۆبی ڕەگەز پەرستێتی."(١١)، ئەمە سەرباری ئەوەی کە سۆڤینیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەیدەنددایە لەگەڵ ڕاسیزم(١٢). دیارە ئەوە ئاشکرایە کە کوردستان بەسەر ئەو وڵاتانە دابەشکراوە و کورد لەو پارچانە ژێردەستە و پلە دووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە هەرچی ڕق وکینەی شۆڤینیانە هەیە بکەینە پەیامی شیعر و میللەتانی عەرەب و تورک و فارس بە دڕندە وێنا بکەین و بچووکترین قسەمان لەسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆێنمژ نەبێت.


ئەستەمە شاعیرێک کە جوانی لێ بتکێت، بیبینی کە چ جۆرە شۆڤینییەک لەناویا نوستووە و وەختێک خەبەری دەبێتەوە و بەئاگا دێت، دەقی ناشیرین و بەرهەمی ناجوری دوور لە بەهای مرۆیی دەخوڵقێنێ. ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبییە ئەو ڕووە جیاوازانەی شاعیر دەربخات و پەنچەی بخاتە سەر. کاک قوبادیش پێویستە لەسەری بە ئەندازەی فراوانی ڕووبەری جوانی شیعرەکانی پێشووی (نەک ئەم شیعرە) سینگی فراوان بێت و ئەم ڕەخنەیەمان لێ قەبوڵ بکات.

_____________________________
ژێدەرەکان:
(١) شیعری سێ دڕندە نووسینی قوبادی جەلیزادە پەیجی تایبەتی قوبادی شاعیر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک. جێی ئاماژەیە هەر ئەم دەقە تەرجەمەی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی کراوە. سەیر لەوەدایە قوباد ئەو هەموو سووکایەتییە بە میللەتانی عەرەب و تورک و فارس دەکات ئەی چۆن ڕێگە دەدات شیعرەکەی تەرجەمەی زمانی عەرەبی بکرێت؟!
(٢) حەمە سەعید حەسەن پاشای شیعری ئیرۆتیک پەیجی تایبەتی قوبادی جەلیزادە ١٣ ی ئایاری ٢٠١٥.
(٣) بۆ قوبادی شاعیر نووسینی شیرزاد هەینی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە ١٧١١ ی ٢٢ی ئابی ٢٠١٣.
(٤) عەلی ئەسغەر کەریمی پەیجی تایبەتی فەیسبووکی قوبادی جەلیزادە بیست و دووی تشرینی دووەمی .٢٠١٢
(٥) شیعری سێ دڕندە قوبادی جەلیزادە پەیجی تایبەتی قوبادی جەلیزادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نۆی ئەیلولی ٢٠١٣.
(٦) شیعری سێ دڕندە قوبادی جەلیزادە پەیجی تایبەتی قوبادی جەلیزادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نۆی ئەیلولی ٢٠١٣.
(٧) معجم المصطلحات السیاسیة و الدبلوماسیة عربي- فرنسي- انجلیزي اعداد الدکتور خلیل احمد خلیل دار الفکر اللبناني ١٩٩٨ ص ١٢١.
(٨) شیعری سێ دڕندە قوبادی جەلیزادە پەیجی تایبەتی قوبادی جەلیزادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نۆی ئەیلولی ٢٠١٣.
(٩) عەلی ئەسغەر کەریمی پەیجی تایبەتی فەیسبووکی قوبادی جەلیزادە بیست و دووی تشرینی دووەمی ٢٠١٢.
(١٠) شیعری سێ دڕندە قوبادی جەلیزادە پەیجی تایبەتی قوبادی جەلیزادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نۆی ئەیلولی ٢٠١٣.
(١١) زاراوەی نوێ یان فەرهەنگی نوێ وەرگێڕانی بورهان قانع ١٩٨٥ چاپخانەی الحوادث بەغدا ل ١١٩.
(١٢) ''معجم المصطلحات السیاسیة و الدبلوماسیة عربي- فرنسي - انجلیزي اعداد الدکتور خلیل احمد خلیل دار الفکر اللبناني ١٩٩٨ ص ١٢١''.

 

٣٠\٩\٢٠١٣ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک