په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠١٥

قوتابخانە شیعرییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا.


نووسین و ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

- بەشی یەکەم -


شیعری ئەمریکیی گەرچی لە هەناوی ئەدەبی بەریتانیی و وەک درێژە پێدەری شیعری ئینگلیزیی دەستی پێکرد، بەڵام هەر زوو کەوتە پێشبڕکی لەگەڵ شیعریی ئینگلیزیی و دەستەبەرکردنی تەیبەتمەندییەکانی خۆی. سەرەتای سەرهەڵدانی شیعری ئەمریکیی لە سەدەی هەڤدەهەم لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکردنی کیشوەری ئەمەریکا لەلایەن بەریتانیاوە دەست پێدەکات. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ئیدیۆمی جیاوازی ئەمریکیی پەیدا دەبێت، ئیتر شاعیرانی ئەمریکیی جێگایەکی گرنگ لە شیعری ئینگلیزیی داگیر دەکەن. مێژووی نوێی شیعری ئەمریکیی ئاسان نییە بزانرێ، چونکە بەشێکی زۆر و گرنگی شیعری ئەمریکیی لە نێوان ساڵانی ١٩١٠ تا ١٩٤٥ ونە، بەهۆی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و بەتایبەتی شیعری بزووتنەوەی چەپی ئەمریکیی کە لەلایەن فەرمانبەرانی کتێبخانەکانەوە لە دەیەی پەنجاکان فەوتێنران. ئیتر شیعری مۆدێرنی ئەمریکیی لەلایەن ئەزرا پاوەند و ت.س. ئیلیۆتەوە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم پڕ کاریگەرترین شیعر بوون بەزمانی ئینگلیزی. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم شیعری ئەفریقیی-ئەمریکیی و شیعری ژنان بەپانتایی بزووتنەوەی شیعری ئەمریکیی کەوتنە بڵاوکردنەوە تا شیعری ئەمریکیی بوو بە نموونە و مۆدیلی شیعری ئینگلیزی. دواتریش لەگەڵ هاتنی سەدەی بیست و یەک شیعری ئەمریکیی بەهۆی شیعری ژنان و شیعری ئەفریقیی-ئەمریکیی و شیعری ئیسپانیی-ئەمریکیی و شیعری چینیی-ئەمریکییەوە گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز لە گەشەکردن و بەرەوپێش چوون.


دوای ساڵی ١٤٩٠، پەیوەندی بەریتانیا بە ئەمەریکاوە گەشەی کرد. لە سەدەی حەڤدەهەم دەتوانین بڵێین نزیکەی چواردە نووسەر بە جۆرێ لە جۆرەکان لە ئەمەریکا بوونە و بەرهەمیان نووسیوە. کارەکانی ولیەم مۆرێڵ لە ساڵی ١٦٢٥ و تۆماس مۆرتن لە ساڵی ١٦٢٧ وەک دەستپێکێک دەکرێ تەماشا بکرێن. کۆنترین شاعیری ژن لە مێژووی ئەمەریکا خانمە شاعیر ئانا بردستریت(١٦١٢-١٦٧٢)ە کە بەرهەمەکانی بە زمانی ئینگلیزی نووسراون. ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئایینی و سیاسی بوون. هەر لە دەورانی کۆلۆنیالیزمدا گەلێ ناوی تر هەن وەک ئێدوارد تایلەر(١٦٤٥-١٧٢٩) و سامۆئیل دانفۆرس و هەروەها فیلیس ویتلی(کە ژنێکی کۆیلە بوو و لەو سەردەمە شیعری دەنووسی) کە کۆشیعرێکی لە ساڵی ١٧٧٣ دا بڵاو کردەوە. لە سەدەی هەژدەهەمیش فلیپ فرێنیو(١٧٥٢-١٨٣٢) و ڕێبیکا هامۆند لارد(١٧٧٢-١٨٥٥) کە ئەمەی دواییان شیعرەکانی دەربارەی سروشت بوون، ئەویش نەک سروشتی دەرەوە بەڵکو سروشتی مرۆڤ، سەر هەڵدەدەن. دوای سەردەمی کۆلۆنیالیزم و سەربەخۆیی ئەمەریکا لە سەدەی هەژدەهەم، گەلێ شاعیری تر لە گۆرەپانی شیعری ئەمریکیی ئەسپی توانا و لێهاتوویی خۆیان تاو داوە کە هەر یەکەیان بە ئاستی جیاواز جێ پەنجەیان بە گەشەی شیعری ئەمریکییەوە دیارە لەوانە ولیەم کۆڵن برایەنت(١٧٩٤-١٨٧٨) و ڕاڵف والدۆ ئیمرسن(١٨٠٣-١٨٨٢) و هێنری وادسوردس لۆنگفیڵٶ(١٨٠٧-١٨٨٢) و جان گرین لیڤ ویتەر(١٨٠٧-١٨٩٢) و ئێدگار ئاڵن پۆ ( ١٨٠٩-١٨٤٩) و ئۆلیڤەر وێندڵ هۆڵمس( ١٨٠٩-١٨٩٤) و هێنری دەیڤد سۆریو(١٨١٧-١٨٦٢) و جەیمس ڕاسڵ لٶوێڵ (١٨١٩-١٨٩١) و سیدنی لانیەر( ١٨٤٢-١٨٨١) و جەیمس وایتکەم ڕیکەی (١٨٤٩-١٩١٦) ئەم دەنگانە هەوڵیان دا لە دەنگەکانی تری شانشینی یەکگرتوو جیاواز بن. لەم نێوەشدا بەرهەمی دوو شاعیری ئەمریکی واڵت وایتمان(١٨١٩-١٨٩٢) و ئیملی دیکنسن(١٨٣٠-١٨٨٦) بوونە هۆی نوێبوونەوە و سەرهەڵدانی دوو ڕێچکەی شیعری نوێ لە بزووتنەوەی شیعری ئەمریکیی. شیعری ئازاد و دەربڕینی ڕاستەوخۆی واڵت وایتمان و ڕێچکەی قسەی نەستەقی تەمومژاوی و گاڵتەئامێزی ئیمیلی کە هەردووکیان مۆری خۆیان بە بزووتنەوەی شیعری ئەمریکییەوە نا. ئینجا لە سەردەمی مۆدێرنیزم و پاشتریش شاعیرگەلی وەک ئەزرا پاوەند(١٨٨٥-١٩٧٢) و ت.س. ئیلیەت(١٨٨٨-١٩٦٥) و وەیڵس ستیڤن(١٨٧٩-١٩٥٥) و هیلدە دوولتڵ (١٨٨٦-١٩٦١) و ولیەم کارلۆس ولیەم(١٨٨٣-١٩٦٣) و ئی ئی کەمئنگز (١٨٩٤-١٩٦٢) و زۆری تر لەسەدەی نۆزدەهەم و بیستەم توانیان پەرە بەو بەرەوپێشچوونەی شیعر بدەن. بەر لە جەنگی جیهانی دووەم نەوەیەک لە شاعیران هاتنە پێشەوە وەک ڕێچارد ئێبەرهارد(١٩٠٤-٢٠٠٥) و هاو تەمەنەکانی کە زیاتر لەسەر شێوازی کۆن دەیان نووسی. پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیش جان بێریمان(١٩١٤-١٩٧٢) و ڕۆبەرت لۆوێڵ ( ١٩١٧-١٩٧٧) و سلڤیا پاس(١٩٣٢-١٩٦٣) هاتنە مەیدانی شیعر و ئینجا مێژووی نوێی شیعری ئەمریکی دەست پێدەکات لە خۆی لە گروپی شاعیرانی(بلاک ماونتەین)ەوە دەست پێدەکات تا دەگات بە شاعیرانی ئەمرۆ.


بەگشتی بزووتنەوەی شیعری ئەمریکیی بە قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە و لە ڕێڕەوی گشتی و باوەوە دەچێتە ناو زانکۆ و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و نوخبەی ئەدیب و ڕۆشنبیری ئەمریکی. ڕۆڵی نوخبەکان تەنها لە دروستکردنی کەلێن و فاسیلە نەبووە لە نێوان خەڵک و نووسەران، بەڵکو دروستکردنی فاسیڵە بووە لە نێوان بزووتنەوەی ئەدەبی و نوخبەش. واتا بەردەوام و هەمیشە ڕەوتێک لە نوووسین هەبووە دژەباو بووە و لەگەڵ ڕەوتی باودا ڕێی نەکردووە. ئەم ڕەوت و گروپانەش لەژێر ناو و تایتڵی جیاجیا چالاکییان ئەنجام داوەو بەرهەمیان نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە. من لەم کورتە نووسینە هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر چوار قوتابخانەی شیعری کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ڕۆڵی پێشڕوەییان گێراوە لە بردنە پێشەوەی بزووتنەوەی شیعریی ئەمریکیی. ئەمانەش قوتابخانەی شیعریی بلاک ماونتێن و گروپی ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ و گروپی شاعیرانی بیت یان نەوەی بیت و قوتابخانەی شیعریی نیویۆرکن.


قوتابخانەی شیعریی بلاک ماونتێن.


بلاک ماونتێن ناوی قوتابخانە یان کۆلیژێکە لە نزیک شاری ئاشڤیڵ لە ویلایەتی باکووری کارۆلینا لە ئەمەریکا. ئەم قوتابخانەیە لە ساڵی ١٩٣٣ لەلایەن جان ئەندرو رایس و تیۆدۆر دریەر لەگەڵ چەند ئەندامێکی ڕۆلین کۆلێژ، دامەزراوە. ئەم کۆڵێژە جۆرێکی نوێی کۆلێژ بوو لە ئەمەریکا کە پێی وابوو خوێندنی هونەر ناوەندی(چەقی) فەرهەنگی لێبڕاڵە. بنەماکانی فەرهەنگی جۆن دیوی فەیلەسوف و دەروونناس و ڕۆشنبیر ڕۆڵی سەرەکییان گڕا لە سەرپێ کەوتنی ئەم قوتابخانەیە. ئەم قوتابخانەیە داهێنانێکی ناوازەی داهێنا ئەویش ئەزموونی "فەرهەنگ لەناو دیموکراسی" دا بوو لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە داهێنانی هونەری و ئەرکی پراکتیکی یەکسانن لە گرنگی گەشەی ڕۆشنبیریدا. ئەم کۆلێژە کە سیما هەرە ناسراو و داهێنەرەکان وانەیان تێدا دەوتەوە هەر زوو ناو و ناوبانگی سەرتاپای ئەمەریکای باکووری گرتەوە و گەلێ نووسەری تێدا هەڵکەوت. ئەم کۆلێژە گەرچی لەئاستێ ئەدەبی و هونەری بەرزدا چالاک دەکرد و فیستیڤاڵی لەیک ئیدن ئاڕتسی ڕێکدەخست. کۆلیژی بلاک ماونتێن وەک قوتابخانەیەکی ئەزموونگەری هونەری لەماوەی بیست و سێ ساڵیدا واتە لە ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٥٦ ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە پێگەیاندنی چەندین نەوە و توانی ببێتە شوێنی پێگەیاندنی نزیک بە ١٢٠٠ قوتابی کە بەشێکیان هونەرمەند و نووسەر و شاعیری ئەمریکین. لەم کۆلیژە جگە لە ژانرەکانی ئەدەب، هونەری شێوەکاری و مۆسیقاش بە بەربڵاوی تیایدا دەخوێنران.

 


جۆزیف ئەلبیرت لەکاتی وانە وتنەوادا


لە گۆڤاری نیویۆرک تایمزی ئەمریکیی لە ساڵی ١٩٩٢ هاتووە " کۆلێژی بلاک ماونتێن مرد، بەڵام قوتابییەکانی بەڕاستی ژیان". لێرەدا بزووتنەوەی شیعریی بلاک ماونتێن یان گروپی شاعیرانی بلاک ماونتێن لە گرنگترین بەشی شاعیرانی پێشڕەوی ئەمەریکا و پۆستمۆدرێنیزم لە دەیەی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو پێک هاتبوو، کە بەرهەمە شیعرییە تازەگەرەکانیان لە گۆڤاری بلاک ماونتێن بڵاو دەکردەوە. ئەم گروپە پێشڕەوە لەدەوری هەر یەک لە شاعیران ڕۆبەرت کریلی و ڕۆبەرت دونکان و چارڵس ئۆلسن و دەنیس لێڤەرتۆڤ کۆبووبوونەوە کە لە کۆلیژی بلاک ماونتێن لە ویلایەتی باکووری کارۆلینا وانەیان دەوتەوە. ئەم گروپە هەوڵیاندا پشت لەو شێوازە ترادیسیۆنەی ت،س، ئێلیەت بکەن و پەیڕەوی ڕێبازی شێوازی ئازادانەی ولیەم کارلۆس ولیەمز و ئەزرا پاوەندی مۆدێرنیست بکەن. چارڵس ئۆڵسن وتارێکی بەناوی لەبارەی شیعرەوە لە ساڵی ١٩٥٠دا بڵاو کردەوە کە دواتر ئەو وتارە بوو بە مانیفێستی قوتابخانەی شیعریی بلاک ماونتێن. ئۆڵسن بڕوای وابوو پرۆسەی داهێنان کە وزەی شاعیرە لە ڕێگەی شیعرەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێنەر.

 


شاعیرانی بلاک ماونتەین


قوتابخانەی بلاک ماونتێن خۆی ئەزموونێکی فەرهەنگی بوو کە نزیک بە چارەکە سەدەیەک درێژەی کێشا. یەکێک لە فیگەرە هەرە دیارەکانی نێو ئەم قوتابخانە شیعرییە "چاڕڵس ئۆڵسن"ە، کەلە ساڵی ١٩٥٠ دا بە نووسینی وتاری "لەبارەی شیعرەوە" توانی بەیانی شیعریی نوێ لە ئەمەریکا جاڕ بدات. ئۆڵسن لەم وتارەدا شیعر بە گۆرەپانێکی کراوە دەچوێنێ. ناوەڕۆکی وتارەکە هەوڵدان بوو بۆ دیاریکردنی شێوازێکی نوێ بۆ شیعر. ئەم شێوازەش ئیشی لەسەر کێشی شیعر دەکرد بەوەی کە پشت بە دێری شیعریی دەبەست. ئۆڵسن پێیوابوو دێری شیعریش یەکەیەکە لەسەر بنەمای هەناسە و دەربڕین دامەزراوە، ئەمە جگە لە بەدەستەوەگرتنی دەربرینی شیعریی جیاواز وەکو کورتکردنەوەی وشە و بەکارهێنانی هێما. هەروەها ئۆڵسن پێیوابوو هەناسەی شیعریی وزە دەبەخشێتە شیعر. ئامانجی ئەم وتارەی ئۆڵسن گەیاندنی ئەو بیرۆکەیەیە کە شیعر دەبێ وەک کائینێک هەست پێبکرێت کە لە شاعیرەوە بۆ سەر کاغەز و لەوێشەوە لەلایەن خوێنەرێکی ڕۆشنبیرەوە پێشوازی لێبکرێت. ئەم نووسینەی ئۆڵسن کە بوو بە بەرنامەی کاری شاعیرانی قوتابخانەی بلاک ماونتێن دوو بنەمای سەرەکی هەبوو : یەک : شێوە جگە لە درێژکردنەوەی ناوەڕۆک هیچیتر نییە. دوو : ئیدراکێک پێویستە یەکسەر و ڕاستەوخۆ ڕی خۆشکەر بیت بۆ ئیدراکێکی دی. سەرباری چارڵس ئۆڵسن، قوتابخانەی شیعریی بلاک ماونتێن بە کۆمەڵێ فیگەری تر دەناسرێتەوە لەوانە لەری ئیگنەر، ڕۆبەرت دنکەن، ئید دۆرن، پاوڵ بلاک بێرن، هیڵدە مۆرڵی، جۆل ئۆپێنهەیمەر، دەنیس لیڤرتۆڤ، جانەسن ولیەمز، و ڕۆبەرت کریلی. سروشت و کارکردی قوتابخانەی شیعریی بلاک ماونتێن خۆجیاکردنەوە بووە لە تەواوی تەوژمە باوەکانی ئەدەبی ئەو سەردەمە و هێنانە دەرەوەی جۆرێکی نوێیە لە شیعر کە دواتر مۆرکی کۆلێژەکەی پێوە نرا و بوو بە قوتابخانەیەکی شیعریی نوێ لەبزووتنەوەی شیعریی ئەمریکیی.


گروپی ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ.


ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ ئەو ناوە بوو لە گروپە لە نووسەران و هونەرمەندان نرا لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم کە ناوەندی شوێنی چالاکییەکانیان شاری سانفرانسیسکۆی ئەمەریکا بوو. کێنس ڕێکنسرۆسی شاعیر و وەرگێڕ و ڕەخنەگر بەباوکی بزووتنەوەی ڕێنیسانس دادەنرێ. ڕێنیسانس هەر بەتەنها بزووتنەوەیەک نەبوو، بەڵکو کۆلێجێک بوو لە ژمارەیەک لە کۆمیونیتی کە چوونە سانفرانسیسکۆ لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم کە بەدوای پاشماوەی کلتووری بۆهیمی ئەمریکییەوە بوون. ئەگەر کێنس ڕێکنسرۆسی بەباوکی بزووتنەوەکە بێتە ئەژماردن، ئەوا مێدلین گلیسن بە دایکی بزووتنەوەکە دەناسرێ. لە دەیەی چلەکانی سەدەی بیستەم کێنس و مێدلین دەبنە هاوڕێی گروپێک لە شاعیرانی لاو لە زانکۆی کالیفۆڕنیا بێرکلی کە بریتیبوون لە ڕۆبەرت دنکان و جاک سپایسەر و ڕۆبین بلەیسەر. ساڵی ١٩٤٧ مێدلین گلیسن یەکەمین فیستیڤاڵی شیعری مۆدێرن ڕێکدەخا و دوانزە شاعیر دەهێنێ لەوانە کێنس ڕێکنسرۆس و ڕۆبەرت دنکان و جاک سپایسەر کە شیعر بۆ ژمارەیەک شاعیری لاو و عاشقانی شیعر دەخوێننەوە. ئەم فێستیڤاڵە بە یەکەمین بازنەی پراکتیکی ئەزموونگەری شاعیران لە شارەکە دێتە ئەژمار. لەدەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەم ڕۆبەرت دنکان و ڕۆبەرت کریلی ماوەیەکیان بە وانە وتنەوە لە کۆلیژی بلاک ماونتێن بەسەر برد و وەکو ئەڵقەی پەیوەندی نێوان شاعیرانی سانفرانسیسکۆ و بلاک ماونتێن کاریان دەکرد. زۆربەی نووسەرانی سانفرانسیسکۆ لە گۆڤاری سید کۆرمان و بلاک ماونتێن بەرهەمەکانیان بڵاو دەکردەوە.

 

کێنس ڕێکنسۆرس باوکی گروپی شاعیرانی سانفرانسیسکۆ


دۆناڵد ئاڵن لە کتێبی ئەنسۆلۆژیای شیعریی نوێ ١٩٤٥-١٩٦٠ سەبارەت بە گروپی سانفرانسیسکۆ هەمان بۆچوونی مارجۆری پێرلۆفی هەیە کە دەڵێت " ڕۆبەرت دنکان گەرچی ئەو سەر بە قوتابخانەی بلاک ماونتین بوو، بەڵام وەک ڕابەری گروپێک لە شاعیران هاتە مەیدان و ئەم گروپە لەئاستێکی فراواندا ناسران و ناو و ناوبانگیان پەیدا کرد. ئەم گروپەش بریتیبوون لە برازەر ئەنتۆنیۆس( ولیەم ئێڤەرسن) و ڕۆبین بلەیسەر و جاک سپایسەر و جەیمس برۆتۆن و مەدلێن گلیسن و هێڵن ئادەم و لۆرنس فێرلینگهیتی و بروس بۆید و کیربی دۆیڵ و ڕیچارد دوردن و فلیپ لامانتیا و ئێبی بۆریگارد و لو وێڵش". لەو سەردەمەی کە ڕۆبەرت دنکان و ڕۆبین بلەیسەر و جاک سپایسەر لە بێرکلی بوون، گرەی سنایدەر و فیلیپ وەیڵن و لو وێڵش هەرسێکیان پێکەوە قوتابی بوون لە قوتابخانەی ڕید کۆلێژ لە پۆرتلاند. ئەم سیانە لەگەڵ کیربی دۆیڵ ناوکی باڵی کەناری خۆرئاوای شاعیرانی بیتیان پێک دەهێنا.


گروپی سانفرانسیسکۆ لەسەر تەنها شێوازێکی هونەری و ئەدەبی نەدەگیرسانەوە، ئەم گروپە ڕوویان لە فۆرمالیزم کرد و پشتیان لە مۆدێرنیزم کرد. پەیڕەوکەران و ڕێبەرانی ئەم گروپە لە ڕووی هونەری و سیاسییەوە دژ بەیەک بوون یان لێکجیاواز بوون. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەرهەمەکانیان (هەڵبەستە دوو خشتەکییەکانیان) بۆ یەکتر دەخوێندەوە وەک وەڵامگۆیەک بۆ کاولکارییەکانی دوای جەنگە جیهانییەکان و ڕێگریی لە گەشە فەرهەنگییەکان.


مۆدێرنیزم و سوریالیزمی ئەوروپی و ئەدەب و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان کاریگەرییان بەسەر گروپی سانفرانسیسکۆوە هەبووە. بایەخدان بە ناوچەگەری وەکو میرات لە واڵت وایتمانەوە بۆیان مابۆوە. ئەم گۆشەگیرییە لە ڕێڕەوی شیعریی باوی نیویۆرک لەڕووی جوگرافیا و شێوازەوە ناچاریکردن هەندێ گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە خۆیان دەربکەن لەوانە ستی لایتس و ئێڤەرگرین ریڤیو.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک