|
٥\١١\٢٠٢٦
ڕامانێک لە
ژیانئاوایی نووسەری ناودار حوسێن عارف و سەرنجێک!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوسێنی
وەستا عارفی مەلا عەبدولڕەحمان ناسراو بە حوسێن عارف (١٩٣٦ - ٢٠٢٦)
یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی ئەدەبیی ڕوانگە(١٩٧٠)، دوای زیاتر لە
شەست ساڵ لە نووسین، شەوی ٢١ لەسەر ١٣ ی ی ئابی ٢٠٢٦ لەتەمەنی نەوەد
ساڵیدا ژیانئاوایی لە نووسین و خەمەکانی ژیان کرد. مەرگی ئەم نووسەرە*
لەلایەکەوە تەپوتۆزی لەسەر یادەوەری ژمارەیەک لە نووسەران و ئەدیبانی
کورد لابرد و کەوتنە گێڕانەوەی یەکەم دیدار و یەکترناسین و باسکردنی
بیرەوەرییەکانیان، لەلایەکی تریشەوە بووە مایەی خەم هەڵڕشتن بۆ
ئاوابوونی ئەو پێشەنگ و ئەستێرەیەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی، کە چیرۆک و
ڕۆمان و لێکۆڵینەوەکانی بوونەتە بەشێک لە نەست و ئەزموونی ئاشنابوون و
کاریگەری چەند نەوە لە نووسەران. ئەم تەپوتۆز لابردن و خەم هەڵڕشتنەی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بۆ کەسایەتییەکی وەک حوسێن عارف، هیچ
پەیوەندییەکی بە بەهای ئیستاتیکیی و زمانی نووسین و ڕایەڵەی پەیوەندی
کۆمەڵایەتی دەقەکانی بە کۆمەڵگەوە نییە، بەڵکو زیاتر خەم دەربڕین
لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بێبەهاکردنی ژیانئاوایی نووسەر داگرتنی بۆ
ئاستی بێکەسبوون و کەم قەرەباڵغی مەراسیمی ناشتنەکەی، تا دەگات بە
هێرشی بۆ سەر خودی نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی کە بێوەفا بوون بەرانبەر بە
مەرگی نووسەر، بێئەوەی هەنگاوێک لە جیهانی ئەدەبیی و ئیستاتیکیی حوسێن
عارف نزیک ببنەوە. لێرەدا تاوتوێکردنی ئەم نووسین و ڕەخنە و خەم
دەربڕینەی سەر سۆشیالمیدیای کوردی جێی باسی ئەم کورتە نووسینەی من نین،
بەڵام ورووژاندنی پرسیارگەلێک، ئەو پرسیارگەلەی کە کلیلی کردنەوەی
دەرگای پەیوەندی هەر نووسەرێکن بە هەڵویست و چۆنیەتی بینینی واقیعی
ژیان و لایەنگیری خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە و بەدەستەوە گرتن و
پەیڕەوکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییە چینایەتییەکانی ئەدەب لە بەرانبەر ئەو
بینینەدا، بۆ من جێی بایەخن و هەوڵدەدەم پرسیارەکان بەڕوونیی لە چەند
خاڵێک بیانخەمە ڕوو:
یەک: ئایا نووسینەکانی حوسێن عارف لەبواری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و گەوهەریی
لە کۆمەڵگەی کوردستاندا چ ڕۆڵێکیان گێڕاوە و لەکوێی ڕووداوەکانی
سەردەمەکەیدا بوونە؟
دوو: زمانی نووسینەکانی حوسێن عارف چ نزیکایەتییەکیان لەتەک گرفتە
کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە و چەند ئەو زمانە
تا چەند توانیویەتی گوزارشی بێت لەو گرفتە سەردەمییانەی خەڵکی
ستەملێکراوی کوردستان؟
سێ: ئەوە ڕاستە کە داوایەکی نابەجێیە داوا لە نووسەر و ئەدیب بکرێت
مانیفێستی سیاسی بنووسێت، دروشمبازی بکات، زمان و فۆرمی دەق بکوژێت،
بەڵام ناشکرێت بەبیانووی ئیستاتیکا و جواننووسی و بەسیاسەتنەکردنی
ئەدەب، پاساو بۆ بێهەڵویستی یان پاسیفیستبوونی هیچ نووسەرێک بهێنرێتەوە.
حوسێن عارف نووسەرێکی بە ئاگا و سیاسی بوو. ئەو جگە لەوەی پارێزەر بوو،
ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش بوو لە ١٩٩٢. بۆ ماوەی
سیانزە ساڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بووە و لە گەرمەی شەڕی
نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی کورد(١٩٩٤ – ١٩٩٨) لەناو پەرلەمانی
کوردستان بۆ ماوەی مانگێک مانی گرتووە. واتا ئەم ئەدیبە هۆشیاری سیاسیش
لە ئاستێکی بەرزدا بووە و پاسیفیست نەبووە. ئەدی بۆچی مافی خوێنەر
نەبێت بزانێت کە ئایا دەقە ئەدەبییەکانی حوسێن عارف هەڵگری چ
ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتین؟ لایەنگری چ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی چینایەتین؟
گوزارشت لە خەون و ئاوات و خەم و ئازاری کام چینی کۆمەڵایەتی دەکەن؟
چوار: حوسێن عارف لە کۆتایی دەیەی پەنجاکان و دەیەی سەستەکان و
حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شانبەشانی چەندین چیرۆکنووسی تر( حەسەنی قزڵچی،
محەمەد مەولوود مەم، ئەمینی میرزا کەریم، دواتریش مستەفا ساڵح کەریم،
شێرزاد حەسەن، حەمەفەریق حەسەن، ڕەئووف حەسەن)، بە گێڕانەوەی
هونەرییانە و ئیستیتیکییانەی بەرز، ئەو ژانرە ئەدەبییەی بردۆتە ئاستێکی
باڵاتر. ئەو سەردەمە عێراق بە کوردستانیشەوە لە ململانێیەکی چینایەتی
گەورەدا دەژیا. دەیان و سەدان مانگرتنی کرێکاریی گۆڕەپانی سیاسی
عێراقیان تەنیبوو. حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی شیوعی عێراق لە
ئەوجی توانا و ڕەونەقی مێژوویی خۆیدا دەژیا و ئەزموون لەسەر ئەزموون؛
خەباتی چینایەتی لە عێراق ڕەنگڕێژ دەکرد، دوواتر لە سەرەتای دەیەی
شەستەکان قەتلوعامی کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و هێرش بۆ سەر
کوردستان و کوشتن و بڕین و زیندان و ماڵوێرانی خەڵکی عێراق و کوردستان
لەسەردەستی هێزەکانی حەرەس قەومی و شۆڤینیزمی عەرەبیی، هەموو ئەمانە
پێکەوە دیمەنی تراژیدی تابلۆیەکی گشتیگیر نیشان دەدەن. بۆیە بۆ هەر
نووسەرێک کە واقیعبین بێت و شایەدحاڵی هەموو ئەم کارەسات و ڕووداوانە
بێت، ناتوانێت لەئاست ئەو بڕگە مێژووییە بەتایبەتی (١٩٦١ - ١٩٧٠)
بێدەنگی هەڵبژێرێت و هەڵوێستی سیاسی نەنوێنێت.
پێنج: حسین عارف هەوڵیداوە لە بەرهەمەکانیدا خەم و ئازاری ئینسانی کورد
وێنا بکات و ئاوڕ لەو دەردە کۆمەڵایەتییانە بداتەوە کە بەرۆکی ژیانی
خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی گرتبووە و لەگەڵ ئەو کارەکتەر و پاڵەوانانە
دەست و پەنجە نەرم بکات کە کۆمەڵگەی چینایەتی بێبەهای کردبوون، ئەمەش
جێگەی دەستخۆشی و پشتیوانییە. کوردیش بەشێکە لە مرۆڤایەتی و خەمی
ئینسانی چەوساوەی کورد، خەمی مرۆڤایەتیشە. بەڵام گوزارشتکردن لەو خەمە
ئینسانییە بە تەنها بەس نییە و بەبێ دەست خستنە سەر چارەسەری ڕیشەیی
دەردەکان هیچ خێرێکی بۆ بەشمەینەتانی کوردستان تێدا نابێت، چونکە
ئەمجۆرە بەشداریکردنە زیاتر وێناکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی سیاسییە و
نووسەر لەخانەی ڕیاڵیزمێکی کۆمەڵایەتییانە دەگیرسێنێتەوە و لە
ئایدێندتی شۆڕشگێرانە بەهرەمەند بێت.
شەش: ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سادە و ڕووکەشانەیە کە پێمانوابێت نووسەر و
ئەدیب لەم کۆمەڵگە چینایەتییەی عێراق و کوردستان ئازادن. زۆر
ڕووکەشانەیە بێین و بڵێین با نووسەران لەم کۆمەڵگە بێبەزەییەی
سەرمایەداری ئازاد بن و چێژ لەو ئازادییەی خۆیان ببینن. نووسەران و
ئەدیبان چ بابەتێک و ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێرن و چۆن
هونەرییانە گوزارشت لە خەم و شادییەکان، مەرگ و ژیان، جەللاد و قوربانی
دەکەن، لەڕواڵەتدا ئازاد دەردەکەون، بەڵام لەدنیای واقیعدا هیچ نووسەر
و ئەدیبێکی ئازاد لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری بوونی نییە. هیچ
ئەدیبێک نییە لەو کۆمەڵگە چینایەتییە بکەوێتە ئەودیو بەرژەوەندی
چینایەتییەوە. هیچ نووسەرێک نییە بەدەیان ڕایەڵەی سیاسی و ئابووری و
کۆمەڵایەتییەوە بەم سیستەمە نەبەسترابێتەوە. دیارە ئەم هاوکێشەیە هەموو
ئەدیب و نووسەرێک دەگرێتەوە.
حەوت: ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکانی سەدەی
ڕابردوو بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ بە نووسینێکی ڕەخنەیی بەناوی (ئەناتۆمیزمی
ڕۆمانی شار لە دیدگای مەنتق و تاریخدا) کە لەلایەن شۆرش هیومانیست کە
دواتر ناوەکەی گۆڕا و بوو بە جەماڵ کۆشش، نووسرا و لە گۆڤاری (ڕابەر)
ئۆرگانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)بە دوو بەش بڵاوبۆوە، حوسێن عارف
بەسەر دەکاتەوە. ئەم نووسینە ڕەخنەییە لای لە ڕۆمانی (شار) کردبووەوە و
لە ڕوانگەیەکی چینایەتییەوە؛ خوێندنەوەیەکی مارکسیستانەی بۆ دەق و
هەڵوێستی چینایەتی حوسێن عارف و ڕۆمانەکە خستبووە بەرچاو.**
دوواجار حسین عارف ژیانئاوایی کرد. ئەو ئێستا لە جێگایەکە ناتوانێت بە
هیچ شێوەیەک داکۆکی لەخۆی بکات، بەڵام ئەوەی لە بری حوسێن عارف قسە
دەکات و داکۆکی لێ دەکات، خودی بەرهەم و نووسینەکانی ئەون، خودی زمانی
هونەری و ئاستی تەکنیکی دەقەکان و هەڵوێستە چینایەتییەکانن، خودی
ڕەخنەی ئەدەبی جیدییە کە دەتوانێت و لەتوانایدایە هاوکێشەی پەیوەندی
نێوان نووسەر و واقیعی چینایەتی شیکار بکات و وەڵام بداتەوە. دوا قسەم
ئەوەیە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ کەسوکاری حوسێن عارفی نووسەر. ئێوەش
هەردەم سەرفراز بن.
_____________________________________
پەراوێزەکان:
* حسین
عارف چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسی
و ئاوتۆبایۆگرافیست و شانۆنامەنووس بوو. لێرەدا بەپێویستم نەزانی
ژیاننامەی و ناوی بەرهەمەکانی دابنێم، خوێنەر بە کلیکێک لە گووگڵ
دەتوانێت زانیاری پێویست لەوبارەوە بەدەست بخات.
**
بەداخەوە ئەو نووسینەی هاوڕێ جەماڵ کۆشش لەبەردەستدا نییە ئەگینا جێی
خۆی بوو جارێکی تر، بڵاوبکرێتەوە.
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|