٤\٦\٢٠٢٥
ڕۆمانی جێرمیناڵ
وێنای ژیانی
کرێکاران لە نێوان بێمافیی و تێکۆشاندا!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
بەراییەک سەبارەت بە ڕۆمانی جێرمیناڵ.
ڕووداوەکانی
نێو ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی شەستەکانی سەدەی نۆزدەهەم،
بەتایبەتیش ساڵی ١٨٦٣ی فەرەنسا. فۆکسی گشتی ڕۆمانەکە لەسەر هەلومەرجی
ژیانی فەلاکەتباری کرێکارانی کانی خەڵووزی ڤۆرۆکسە لە باکووری وڵاتی
فەڕەنسا کەلە ناهەموارترین هەلومەرجدا ژیانیان دەگوزەراند. نەبوونی هیچ
بیمەیەکی تەندروستی و بێکاری، کرێی زۆر کەم، کاری زۆر و لەڕادەبەدەر،
ناسەلامەتی شوێنی کار، هەژارییەکی بێئەندازە، بەکورتی ژیانی کرێکارانی
کانەکانی خەڵووز لە فەرەنسا لەو سەردەمەدا لەنێوان برسێتی و کۆیلەتیدا
گیری خواردبوو. ڕۆمانی جێرمیناڵ؛ کە سێزدەهەمین ڕۆمانە لە زنجیرەی
ڕۆمانەکانی ( ڕۆگن ماکوارت)ی ئەمیل زۆلا(١) کە بیست بەرگن بۆ زیاتر لە
سەد زمانی جیاجیا کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە و چاپ و بڵاوبوونەتەوە.
هەروەها جێرمیناڵ بووەتە بابەتی سەرەکی بۆ پێنج فیلم و دوو بەرهەمی
تەلەفزیۆنی. ڕۆمانی جێرمیناڵ لە نێوان نیسانی ١٨٨٤ و کانوونی دووەمی
١٨٨٥ نووسراوە، بۆ یەکەمجار لە نێوان تشرینی دووەمی ١٨٨٤ و شوباتی ١٨٨٥
لە گۆڤاری وەرزی (گیل بلاس)دا بە زنجیرە بڵاوکراوەتەوە،(٢) پاشان بۆ
یەکەمینجار لە مانگی ئازاری ١٨٨٥ وەک کتێبێکی سەربەخۆ، چاپ کراوە. ناوی
ڕۆمانەکە (جێرمیناڵ) ئاماژەیە بۆ ناوی مانگی حەوتەم لە ساڵنامەی
کۆمارییەکانی فەرەنسا، کە لە ٢١ ی ئازارەوە دەست پێدەکات تا لە ١٩ ی
مانگی نیسان کۆتایی دێت. وشەی جێرمێن وشەیەکی لاتینییە و بە واتای
"تۆو" دێت؛ ڕۆمانەکە باس لەتۆوی هیوایەک دەکات بۆ داهاتوویەکی باشتر کە
لەنێو خەباتی چینی کرێکاری فەڕەنسا چەکەرە دەکات(٣) ڕۆمانی جێرمیناڵ
تەواوی سروشت و چوارچێوی ڕێبازی سروشتگەرایی تێکدەشکێنێت و ستراکتۆری
خۆی لەسەر ڕیالیزم، دادەمەزرێنێت.
ڕۆمانی جێرمیناڵ چۆن نووسرا؟
دەیەی شەستەکانی سەدەی نۆزدەهەم چینی کرێکاری فەرەنسا بەگشتی و
کرێکارانی کانەکانی خەڵووز بەتایبەتی لە بارودۆخێکی فەلاکەتباردا
دەژیان. چەندین مانگرتنی کرێکاریی بەرپا بووبوو. بزووتنەوەی سۆشیالیستی
و کۆمۆنیستی لەپەرەسەندندا بوون. نووسراوەکانی مارکس و ئەنگڵس و
بەتایبەتیش مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست لەساڵی ١٨٤٨ بڵابووبووەوە،
گرنگترین ڕووداوی سیاسی لەمێژووی فەرەنسا ڕوویدابوو و شۆڕشی فەرەنسای
ساڵی ١٨٤٨ و کۆمۆنەی پاریس بە هەموو دەستکەوت و شکستەکانییەوە ئەزموون
کرابوون. (٤)ئەم مێژووە خوێناوییە چینایەتییەی فەرەنسا زۆلایان بەو
قەناعەتە گەیاند کە پێویستە ڕۆمانێک بنووسێت لە چوارچێوەیەکی هونەری
باس لە کاری سۆشیالیستی و چالاکی شۆڕشگێڕانە بکات. ڕۆمانەکە لە ژێر
کاریگەری ئەو تارمایی ئەو بیروباوەڕە کۆمۆنیستییەی کە خەریک بوو بە
ئەوروپادا بڵاو دەبووەوە، نووسراوە. ڕۆمانی جێرمیناڵ گێڕانەوەیەکە لە
مانگرتنی کرێکاران کانەکانی ڤۆرۆکس لە باکووری فەرەنسا، کە ئەتیان
لانتیێری سۆشیالیست ڕابەرایەتی مانگرتنەکە دەکات. کارەکتەرەکانی
ڕۆمانەکە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی جیاجیا دەکەن.
ڕۆمانی جێرمیناڵ مێژوویەک وێنا دەکات کە کرێکاران دەست دەکەن بە
دۆزینەوەی دەنگێکی سیاسی و خەباتکارانەی نوێ، لەدۆخی دۆزەخئاسای
کانەکاندا کە بارودۆخی کارکردن ناتەندروست و مەترسیدارە. کرێکارەکان
بەناچاری دەبوو گەلێ کاری زیادەی تر بکەن بێئەوەی هیچ پووڵێکیان
پێبدرێت. زیادکردنی هەقدەست و باشترکردنی هەلومەرجی کار دەبێتە
چەخماخەی ناڕەزایەتی کرێکاران. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە کرێکارانی
کانەکانی خەڵووزی ڤۆرۆکس لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە نا تەندروستەی کار و
ئەو بەرخوردە نائینسانییەی خاوەن کارەکان، خەبات دەکەن بۆ پاراستنی
بەها ئینسانییەکانیان. کرێکاران لەلایەکەوە ژیانی پڕ لە نەهامەتی خۆیان
دەبینن و لەلایەکی تریشەوە ژیانی خاوەن کان و سەرمایەداران دەبینین، بە
خانووە بەرز و گەورەکانیان، بە مۆدە و براندە پاریسەکانیان و بە ئەسپ و
گالیسکە و ئاهەنگەکانیان. ئەم نادادپەروەرییەی سیستەمی سەرمایەداری،
کرێکاران تووڕەتر و سوورتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان.
ڕۆمانەکە و تەنانەت فیلمی جێرمیناڵیش گاپی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان
زۆر واقیعییانە خستووەتە ڕوو.(٥) زۆڵا لەم ڕۆمانەیدا هەر ڕەخنە لە
سەمایەداری ناگرێت، بەڵکوو ڕەخنە لە ناهۆشیاری و هەروەها لەتێڕوانین و
بیرکردنەوەی ناشۆڕشگێڕانەی کرێکارانیش دەگرێت. ئەمیل زۆلا لەنووسینی
ڕۆمانی جێرمیناڵدا دوو ئامانجی گرنگ دەپێکێت. یەکەمیان وێناکردنی ژیان
و خەباتی کرێکارانی فەرەنسایە لە سەدەی نۆزدەهەم. دووەمیان نیشاندانی
ئومێد و هیوایە بە ڕزگاربوون لە ژیانی دۆزەخ ئاسا؛ بەپێشەنگی و
ڕابەرایەتی چینی کرێکار و بەئامانج و ئاسۆی سۆشیالیزم.(٦) لە ساڵی ١٨٨٤
ئەمیل زۆلا گەشتێک بۆ موجەمەعێکی کرێکاریی فەرەنسا دەکات تا بەوردی
ئاگاداری بارودۆخی ژیان و کارکردنی کرێکارانی کانەکانی خەڵووز بێت.
زۆلا ئەم ڕۆمانەی لەسەر ئەو ئەزموونەی نووسی.
ئەمێل زۆلا و پەیامی ڕۆمانەکە.
پەیامی کۆمەڵایەتی - سیاسی دەقی جێرمیناڵ، زۆر بەسادەیی دەتوانرێت
لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ خوێنەردا ببینرێت؛ ئەویش خەباتکردنە دژ بە
ستەم و بێمافی و بنیادنانی دواڕۆژێکی خاڵی لە چەوسانەوەیە. ڕۆڵی ئەدەب
لە بەرجەستەکردنەوەی ئەم خەباتە لە ململانێی چینایەتیدا و نیشاندانی
ئاسۆ و ئامانجی خەباتکارانەی پرۆلیتاریا دژ بە ستەم و چەوسانەوەی
بۆرژوازی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەدەبی واقیعی و سۆشیالیستی.
ئەدەب و هونەر دەتوانن بەشدار بن لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەپێناو
باشترکردنی ژیان و بەئینسانیبوونی کۆمەڵگە. پەیامی جێرمیناڵ، چینێکی
کۆمەڵایەتییە کە بڕیارە نەخشەی دواڕۆژی ڕزگاری بەشەرییەت لەسەر دەستی
ئەو ئەنجام بدرێت. زۆلا بەپێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی سەردەمی خۆی، زۆر
بەدروستی و وردی لە چەمکەکانی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیزم و ستەم و
چەوسانەوە تێگەیشتووە و توانیویەتی دەقێکی جوان و شۆڕشگێرانە پێشکەشی
چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بکات. ڕۆمانەکە بە هاتنی کارەکتەری سەرەکی
ڕۆمانەکە ئەتیان(٧) بۆ موجەمەعێکی نزیک لە کانەکانی خەڵووز دەرهێنان
دەست پێدەکات کە دانیشتوانەکەی لە کانەکانی ڤۆرۆکس خەریکی کرێکاریین و
لەلایەن کۆمپانیاوە دروست کراوە و ئەو موجەمەعەش بە چەندین بەرهەمی
کشتوکاڵیی وەک گەنمەشامی و چەوەندەر دەورە دراوە. ئەتیان بەدوای کاری
میکانیکیدا دەگەڕێت. سەرەتا پێیدەڵێن کە کاری میکانیکیان نییە و پاشان
بەناچاری وەکو کرێکاری کانی خەڵووز دەست بەکار دەبێت. ئەتیان یەکەمین
بەرکەوتەی لەگەڵ خێزانی ماهیو دەبێت کە حەوت کەسن و سەرجەمیان پێکەوە
لە ماڵێکی سارد و شێداردا دەژین. ئەوان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان،
کاری تاقەتپروکێن دەکەن و هەمان چارەنووسی برسێتیش چاوەڕێی
منداڵەکانیان دەکات. لەگفتوگۆی نێوان ئەتیان و ماهیو ئەم دوو رستەیە
زۆر سەرنجڕاکێشن:
- خۆ هەموو ڕۆژێک گۆشت ناخۆن.
- گۆشتی چی، تۆ بڵێ نان دەست دەکەوێت.
- ڕاستە ئەوە هەقیقەتە، تۆ بڵێ نان دەست دەکەوێت.) (٨)
لەو سەردەمەدا و لەو کانە خەڵووزییانەدا سەرمایەداران بەوردی حیسابیان
بۆ کرێی کارکردن کردبوو، بەجۆرێک کە کرێکارەکان هەرگیز نەتوانن ئەوەندە
سەرمایەی پێویست کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی کانەکان بەجێبهێڵن، یان بچن کارێکی
جیاوازتر بکەن.
سروشتی کارەکە ئاوایە کە کرێکارەکان لەنێو قەفەس کەوەک ئەسانسۆرە چەشنی
کۆیلە دادەبەزێنرێنە نێو قووڵایی کانەکە کە ٥٥٤ مەتر لەژێر زەوییەوەیە
کە پلەی گەرما لەو جاڵانەدا زیاتر لە ٤٠ پلەی سەدییە. ئەوان بە سەعات
کار ناکەن، بەڵکوو بە قەبارەی ئەو خەڵووزە پارە وەردەگرن کە دەریدەهێنن.
وەسفی ڕۆمانەکە لە شوێنی کار تا بڵێی وردبینییانە نووسراوە. ئەتیان
کارەکتەری سۆشیالیست و پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەنها جێگەی نووستنێک لەماڵی
ماهیو بەکرێ دەگرێت. ئەتیان لەگەڵ یەکەمین بینینی کچەکەی ماهیو (
کاترین) دڵی دەچێتە سەری، هەرچەندە کچەکە لەپەیوەندی سۆزداریدایە لەگەڵ
کرێکارێکی تر. ئەم ڕازەی ئەتیان و کاترین تا کۆتایی ڕۆمانەکە بەنهێنی
دەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک کرێکارەکان دەست بە خەبات و بەرگری لەخۆیان
دەکەن و لێرەوە کۆمەڵێ ڕووداو دێنە پێشەوە کە گرنگترینیان یاخیبوون و
ڕاپەڕینە دژ بە برسێتی. لەلایەکەوە ژنان هێرش دەکەنە سەر کۆگای
بازرگانی گوندەکە کە تا ئەو چرکەساتە زۆر نائینسانانە دۆخی هەژاری
ژنانی دەقۆستەوە و لەبەرانبەر قەرز و یارمەتیدانیان، هەڵدەستا گێچەڵی
سێکی پێدەکردن. ژنانیش لەڕۆژی ڕاپەڕیندا بازرگانەکە دەگرن و سزای
تووندی دەدەن و دەیکوژن و ئەندامی نێرینەی دەبڕن و دەیکەنە دەمییەوە.
هاوکات کرێکارانیش ماندەگرن و لەم مانگرتنەش بەهۆی تێروانینی
ئانارشیستانە و گرێی تۆڵەکردنەوەوە کرێکارەکان، هێرش دەکەنە سەر
کانەکان و ئامێرەکان دەشکێنن و هەروەها لەو کرێکارانەش دەدەن کە لەسەر
داوای خاوەن کار کار دەکەن و پشت لە هاوچارەنووسانیان دەکەن. دروشمی
سەرەکی مانگرتنەکە ( نانمان دەوێت ..نانمان دەوێت) و ( مەرگ بۆ کرێکارە
مانگرتن شكێنەکان) و ( مەرگ بۆ بۆرژوازی و دامەزرێ سۆشیالیزم) بوون.(٩)
خاوەن کانەکانیش سەرەتا نزیک بە ٤٠٠ و پاشان زیاتر لە ٥٠٠ سەرباز و
پۆلیسی چەکدار دێنن، تا بەرگری لە خاوەن کار و کانەکان بکەن.
کێشمەکێشێکی زۆر دەکەوێتە نێوان کرێکارەکان و هێزەکانی پۆلیس. سەرەنجام
بەهۆی تەقەکردنی پۆلیس لە کرێکارانی ناڕازی و کوشتنی ١٤ کەس و
بریندارکردنی ٢٩ کەس کە دوو منداڵ و سێ ژن لەناو بریندارەکاندا هەبوون
ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک کرێکاری ناڕازی. بەم سەرکوتە
خوێناوییە مانگرتنەکە کۆتایی پێ دەهێنرێت و سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت.
ڕۆژنامە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە پاریس بەمانشێکی گەورە و لەیەکەمین
لاپەڕەیاندا هەواڵی قوربانییەکان و ئەو سەرکوتە خوێناوییەیان بڵاو
دەکردەوە. دوای مانگرتنەکەش ماوەیەک بەوجۆرە ژیان بەردەوام دەبێت تا
شەوێک بەهۆکاری تۆڵەسەندنەوەوە، کرێکارێک کە زەفەر بە پایەکانی کانەکە
دەبات و تێکیان دەدات، کانەکە ئاو دەچێتە ناوییەوە و بۆ ڕۆژی دووایی
کاتێک کرێکارەکان دەچنە ناو قوڵایی کانەکانەوە، لەوێدا ڕووبەڕووی ئاو و
داڕمانی کانەکە دەبنەوە و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. کۆمەڵێک کرێکار
لەنێویاندا ئەتیان و کاترین لەناو کانەکە گیر دەخۆن. لەوساتەدا، ڕاستی
دەزگیرانەکەی کاترین دەردەکەوێت کە چەند خۆپەرستە و دەیەوێت خۆی دەرباز
بکات و کاترینی مەعشوقی جێبێڵێت. ئەتیان لەگەڵ کاترین دەمێنێتەوە و پاش
ماوەیەک لەگیرخواردن کاترین گیان لەدەست دەدات و ئەتیانیش لەلایەن
تیمەکانی فریاکەوتنەوە ڕزگار دەکرێت. دوای ئەو کارەسات و ڕووداوە
تراژیدیانە، ئەتیان بڕیار دەدات گوندەکە و کانەکان و هاوڕێ کرێکارەکانی
جێبهێڵێت و لەپێناو خەبات بۆ سۆشیالیزم بەرەو پاریس بڕوات. بەمشێوەیە
ئەو کێشمەکیش و ناڕەزایەتی و مانگرتنانە ئەزموونێک لەدوای خۆیاندا
جێدێڵن کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن بەسوودوەرگرتن لەو ئەزموونانە،
ئومێدێک بەژیان و خەباتیان ببەخشن لەپێناو کۆتایی هێنان بەو ستەم و
بێمافییەی ژیانیان.
فیلمی جێرمیناڵ (١٩٩٣).
فیلمی جێرمیناڵ هەر لەیەکەم دیمەنەوە تا دووا دیمەن هەڵگری
باکگراوندێکی تاریکە. ژێرزەوی و سەرزەوی تاریکن. ڕووناکی کەمترین جێگای
هەیە ئەویش تەنها لەناو ماڵە بۆرژوازی و سەرمایەدارەکان دەبینرێت.
بەواتایەکی تر دەرهێنەر بەچاوی سەدەی نۆزدەهەمەوە فیلمەکەی دەرهێناوە.
فیلمەکە بۆ زۆرێک لە بینەران پێدەچێت پڕ بێت لە تاریکی و بێئومێدی.
کاریگەری گشتی فیلمەکە هاوشێوەی کاریگەری ڕۆمانەکەی زۆلایە. شوێنکات بە
شێوەیەکی واقیعی وا نیشاندراوە کە بینەر بتوانێت ئەزموونی بکات. فیلمی
جێرمیناڵ وێنەیەکی دراماتیکیی وای بۆ ڕووداوەکانی مێژووی خەباتی
کرێکارانی سەدەی نۆزدەهەمی فەرەنسا خستۆتە بەرچاو، کە تا ئەوکات
بەوجۆرە واقیعییە ڕوون و گەشە، نەبینرا بوو. کلۆد بێری دەرهێنەری فیلمی
جێرمیناڵ ڕوحی بەبەر ڕووداوە مێژووییە چینایەتییەکاندا کردووە.
فیلمەکەی بێری بەجۆرێک بەرهەم هێنراوە کە دیمەنی ورد و درشتی گوند و
کانەکان بەجۆرێک پیشان دراون ئەوەندە قەناعەت پێکەرن کە بینەر وا
دەزانێت لە شوێنکاتی سەدەی نۆزدەهەمدا وێنەی گیراوە. فیلمەکە لە ساڵی
١٩٩٣ دا بەرهەمهێنراوە و تێچووی فیلمەکە ٣٠ ملیۆن دۆلار بووە و
لەڕیزبەندی پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی فەرەنسادا بوو و داهاتی لەهەفتەی
یەکەمدا(٥.٢ ملیۆن دۆلار) بوو کە لە هەفتەی یەکەمدا لە ٣١٤ سینەما و لە
هەفتەی دووەمدا فراوان بووەوە بۆ ٤٥٦ سینەما و لە پلەی یەکەمدا مایەوە
داهاتی هەفتەی دووەم گەیشت بە (٦.٥ ملیۆن دۆلار)و بۆ هەفتەی سێیەم هەر
لە پلەی یەکەم مایەوە. فیلمی جێرمیناڵ ٦,١٦١,٧٧٦ کەس لە فەرەنسا
ئامادەی بینینی بوون و بووە چوارەمین فیلم لەمێژووی فەرەنسا کە زۆرترین
بینەر ئامادەی بینینی بوون. داهاتی فیلمەکە لە سەرانسەری جیهاندا ٣٦.١
ملیۆن دۆلار بووە. (١٠) کلۆد بێری لەڕێگەی ئەم فیلمەوە سینەمای
کرێکاریی بردە ئاستێکی بەرزتر و بەمەش هونەری سینەمای کرێکاریی
ڕەونەقدارتر کرد. . زمانی ڕۆمانەکە و فیلمەکە هەر هەمان زمانی ئاسایی
قسەکردن و ڕۆژانەی ئەو سەردەمەی کرێکارانی فەرەنسایە. دیارە
بەدڵنیاییەوە زمانی ئەم شاکارەکە بەپێی ئاگایی سیاسی کارەکتەرەکان
ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.
کۆتایی.
ڕۆمانی جێرمیناڵ؛ وەک دەقێکی ئەدەبی کلاسیکیی بەڵام واقیعی و
سۆشیالیستیی سەدەی نۆزدەهەم، باس لە ژیان و خەباتی کرێکارانی کانەکانی
خەڵووز لە باکووری وڵاتی فەرەنسا دەکات. ئەمیل زۆلا پاش شەش مانگ لە
ژیانکردن لەنێو کرێکارانی کانەکانی خەڵووز و چاودێریکردنی دۆخی
کۆیلەئاسای کرێکاران و هەروەها لەژێر کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکانی
فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس، ئەم بەرهەمە ناوازەیە دەنووسێت. زۆلا لەم
ڕۆمانە کرێکارییەیدا زۆر بەوردی شوێنکاتی دیمەنەکان و پاڵەوانەکان و
زمانی گفتوگۆی کارەکتەرەکانی هەڵبژاردووە و توانیویەتی نەخشەی چنینی
ڕووداوەکان و هێڵی درامیی ڕۆمانەکە دیاری بکات و لەجەرگەی واقیعی
کۆمەڵگەوە، دەقێکی واقیعییمان بۆ بەرهەم بهێنێت، کە ببێتە بەشێک لە
بزووتنەوەی ئەدەبی کرێکاریی جیهانیی. زۆلا زیرەکانە نەک هەر تەنها
عەشقێکی ناکام، بەڵکوو وێنای مانگرتنێکی کەم وێنەشمان لە مێژووی
بزووتنەوەی کرێکاری فەرەنسا بۆ دەکێشێت. ئەم ڕۆمانە هەربە تەنها لە
چوارچێوەی زمانی فەرەنسیدا نەمایەوە، بەڵکوو وەرگێڕدرایە سەر سەدان
زمانی تر و چەندین جاریش کراوەتە فیلم و درامای تەلەفیزیۆنی. ڕۆمانی
جێرمیناڵ تا ئێستاش لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبیاتی کرێکاریی و
سۆشیالیستیدا زیندووە و کاریگەری بەسەر نەچووە و تا سیستەمی چەوسێنەری
چینایەتی سەرمایەداری مابێت، ئەو زیندووبوون و کاریگەرییەی ڕۆمانی
جێرمیناڵیش هەر دەمێنێت.
____________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
(١) ئەمیل زۆلا؛ ناوی تەواوی ئەمیل ئێدوارد
چارڵس ئەنتۆین زۆلایە و یەکێکە لە ڕۆماننووس و ڕۆنامەنووس و
شانۆنامەنووسە بەناوبانگەکانی فەرەنسا، لە ساڵی ١٨٤٠ لەدایک بووە و
لەساڵی ١٩٠٢ ژیانئاوایی کردووە. زۆلا سەر بە قوتابخانەی ئەدەبی
سروشخوازی یان سروشتگەرایی بووە. خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە کە
وەرگێڕاونەتە سەر زمانە جیاجیاکانی جیهان. ڕۆمانی جێرمیناڵ یەکێکە لە
گرنگترین ڕۆمانەکانی و تەنانەت بە شاکارێکی ناوازەی زۆلا ناوزەد دەکرێت.
(٢) گیڵ بڵاس؛ گۆڤارێکی دەورەیی ئەدەبیی بوو لە پاریس کە بەناوی ڕۆمانی
گیڵ بڵاس لە نووسینی ئالان ڕێنی لێساژەوە ناونرا، لەلایەن پەیکەرتاش
ئۆگستین ئەلێکساندەر دومۆنت لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧٩ دامەزراوە.
(٣)
https://en.wikipedia.org/wiki/Germinal_(novel
(٤) کۆمۆنەی پاریس( ١٨ ی ئازار – ٢٨ی ئایاری
١٨٧١) یەکەمین دەسەڵات و حکومەتی کرێکاریی لەمێژووی فەرەنسا و جیهان.
ئەم ئەزموونە مێژووییەی کۆمۆنەی پاریس گەرچی شکستیان پێهێنا، بەڵام بوو
بە بناغەی گرنگترین دەستکەوتی سیاسی چینایەتی کرێکاران کە تا ئەمڕۆش و
تاهەتا ئەو دەستکەوتە سیاسییە چینایەتییانە وەک هیمۆگڵۆبین بەنێو
دەمارەکانی خەباتی چینایەتی ئەنتەرناسیوناڵی کرێکاراندا دێن و دەچن.
(٥) لێرەدا حەز دەکەم ئەوە بگێڕمەوە کە لەساڵی ١٩٩٠، واتە چەند مانگێک
پێش ڕاپەڕینەکەی کوردستان، ئەوکات لەچاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵی
دووەمم بووین، ڕۆمانی جێرمیناڵم بە کورتکراوەیی دەستکەوت و خوێندەوە.
ئەو دەقە کورتکراوەیە لە بڵاوکراوەکانی (کانوونی هونەر و ئەدەبی
کرێکاری کوردستان) ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. ناوی پاڵەوانی
ڕۆمانەکە لەبری ئەتیان، ئاتین نووسرابوو. بۆیە کاتێک منداڵی دووەممان
بوو ناومان نا (ئاتین).
(٦) جێی خۆیەتی لێرەدا بەرچاوڕوونییەک بۆ تێڕوانینی سۆشیالیزم لە
ڕۆمانی جێرمیناڵدا بکەم. ئەتیان کە کارەکتەری سەرەکی و ڕابەری
کرێکارانە، هەڵگری بیروباوەڕی سۆشیالیستییە بەڵام زۆربەی کرێکاران
ئەنارشیستانە بیر دەکەنەوە. بۆیەش لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا،
کرێکارەکان پەنا دەبەنە بەر تاڵان و بڕۆ و شکاندنی ئامێرەکانی کارگە،
هەرچەندە ئەتیان هەوڵی دەدا ڕێگرییان لێبکات و بۆی روون دەکردنەوە،
بەڵام بێسوود بوو.
(٧)
https://www.rogerebert.com/reviews/germinal-1994
(٨)
Emile Zola, Germinal, Translated and an Introduction by Leonard
Tancock. Penguin
Books, 1987, page 22.
(٩)
Emile Zola, Germinal, Translated and an Introduction by Leonard
Tancock. Penguin
Books, 1987, page 342.
(١٠) وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ژمارەیەک
فیلم لەم ڕۆمانەوە بەرهەمهێنراون، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە
فیلمەکەی دەرهێنەر (کلۆد بێری)یە، نەک فیلمەکانی تر.
https://en.wikipedia.org/wiki/Germinal_(1993_film
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|