١٩\١\٢٠١٢
سێ قه‌سیده.

یوسف عیزه‌دین
گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ونی تاته‌به‌رد.
(بۆ ''هاژه'' که
نه‌یده‌ویست بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێو دره‌خته میتاڵییه‌کان).
پێش ئه‌وه‌ى
ژانتا شلۆقه‌كانى زه‌مه‌نێک بپێچینه‌وه و
نه‌رمترین پێڵاوی رۆژگارێک
بكه‌ینه پێ و
له ساته‌وه‌ختێکی وه‌ستاودا
دوورترین رێگه‌ی سه‌فه‌ر بگرینه‌به‌ر..!!؟
ئێمه به‌شێک بووین،
له وه‌همى سه‌ده‌ف و گوێچکه‌ماسییه‌كانى
سه‌یرترین سه‌رابى كه‌نارێک
له هێرۆگلیفییه‌تى توێژاڵه لم..
به‌شێک بووین له‌و شوێنپێیانه‌ى
كه سیحرى شه‌پۆڵه‌كان ده‌یانسڕییه‌وه..
ئاشناى سه‌یرترین مه‌خلوق و
هاوده‌مى عه‌جایبترین باڵنده‌بووین
پیاده‌ڕه‌وى،
كۆنترین كووچه و كۆڵان و شه‌قامى وه‌هم بووین..
كه به قه‌ده‌رێک چاوه‌ڕوانى تێیدا پیر بووین..
پیر،
وه‌ك پیر بوونى دوو چڵه نێرگزى
نێرگزه‌جاڕِ..
وه‌ك پیربوونى ئاو و خه‌یاڵ،
تاریك و روون;
به ده‌نگى نه‌و‌ڕه‌سێکی خه‌واڵوو،
وه‌ئاگا ده‌هاتین و
بێده‌نگ بوونى ده‌ریاش؛
شه‌وى وه‌بیر ده‌هێناینه‌وه و ده‌خه‌وتین..
كه‌شتییه چارۆكه‌داره‌كانى خه‌ونیش،
سه‌فه‌رى نێو دنیاى ئۆقیانووسیان پێ ده‌كردین..
هه‌موو رۆژێك، ئێواران..
له هه‌مان كه‌نارى سه‌رابه‌وه،
چاومان ده‌بڕییه زه‌ردترین ئاسۆى..
ساته‌وه‌ختێك له نایه‌قینى،
پێکه‌وه‌بوونى شێتێتیمان..
پێکه‌وه‌بوونى نامۆترین ساته‌كانى بوونمان!!
كه پێڵوه‌كانیشمان ماندوو ده‌بوو،
ئاسمان له نێو ده‌ریاكه‌دا ده‌خه‌وت..
رۆژگارێکمان، به بێ چه‌تر..
له ژێر بارانى ناوه‌ختى كه‌نار ده‌ریادا
برده سه‌ر..
كه تا ته‌واو ته‌ڕ نه‌بووینایه،
هه‌ڵنه‌ده‌ستاین و كه‌نارمان جێ نه‌ده‌هێشت..
ساڵانێکمان به بێده‌نگى برده‌سه‌ر و
هێنده سه‌رسام بووین،
به دنیایه‌ك وێنه‌ى په‌رشوبڵاو
ده‌نگێك له گه‌روومانه‌وه نه‌هاته ده‌رێ و
هیچمان نه‌گوت!
پێش ئه‌وه‌ى..
دوورترین ڕێگه‌ى سه‌فه‌ر بگرینه به‌ر،
دوو ره‌شپۆشى
كه‌نارێكى سپى بووین؛
له هیرۆگلیفییه‌تى توێژاڵه لم..
به‌شێك بووین له بوونه‌وه‌ره‌كانى
دنیایه‌كى تر...
كه‌چى ئێستا پاش ئه‌وه‌ى گه‌یشتینه
دوا مه‌نزڵى،
دوورترین رێگه‌ى سه‌فه‌ر..
په‌شۆكاو و شپرزه،
له نێو دره‌خته میتاڵییه‌كانى
دارستانێكى دوور..
ده‌ڕوانینه یه‌ئسى سه‌رسه‌ختترین
سولاله‌ى به‌شه‌ر،
كه له كانزا باڵنده‌كانى دروست ده‌كات و
ده‌رگا به‌ردینه‌كانى،
له رِووى با، داده‌خا..
دنیایه‌كى هه‌یه له خه‌ونى تاته‌به‌رد!؟
تۆ بڵێى جارێكى دى؟!
ژانتا شلۆقه‌كانى زه‌مه‌نێک بپێچینه‌وه و
نه‌رمترین پێڵاوی رۆژگارێک
بكه‌ینه پێ و
له ساته‌وه‌ختێکی وه‌ستاودا
دوورترین رێگه‌ی سه‌فه‌ر بگرینه به‌ر...!!؟
(..................!؟)
(بۆ فرمێسكه‌كانى "ره‌نوو"
له ئێستایه‌كدا، كه ئه‌و لێره‌یه و من له‌وێ نیم....؟!)
ئه‌گه‌ر هه‌بام،
ره‌نگه له‌ودیوى بێمانایى
میتاڵه‌كان..
بێمانایى سه‌ماى به‌شه‌ره‌كان
بێمانایى ده‌یان راناوى له‌كاركه‌وتوو
سه‌دان وشه‌ى كاڵتر
په‌یڤێكى كزۆڵه بام،
كزۆڵه وه‌ك باڵنده‌كانى خه‌یاڵ
له خۆڵه‌مێشى كوانووه‌كان..
كزۆڵه وه‌ك گه‌نده‌په‌ڕِى ده‌م با
كزۆڵه وه‌ك هه‌موو ئه‌و په‌نا و پاسارانه‌ى
كه مه‌حكومن به نه‌مان..
ره‌نگه له‌ودیو هه‌وره‌كانى عه‌ده‌مه‌وه
دڵۆپه ده‌نگێكى بێ سه‌دا بام
ده‌نگێكى نامۆ و سه‌یر و سه‌رسام
وه‌ك ده‌نگى بوونه‌وه‌ره خورافییه‌كانى
نێو قووڵترین شوێنێكى حیكایه‌ته‌كان..
یان ره‌نگه له نێوه‌رِاستى بێ كۆتاترین
رێگه‌یه‌كى خۆڵاویى زه‌مه‌ندا،
موسافیرێكى سه‌رسام بام..
به جانتایه‌كى شڕ ِو
به پێى په‌تى
به شوێن دێرینترین ده‌ركه‌ى دنیادا گه‌رِابام
تا له‌وێوه بچمه نێو ساردترین ژوورێك
كه تێیدا ده‌نووسم..
له‌سه‌ر مێزه به‌ردینه‌كه‌م،
خۆم ببینمه‌وه كه ده‌ڕِوانمه
هه‌زاران وشه‌ى ره‌دووكه‌وتوو..
سه‌دان دێرى چه‌واشه و
بارێ وێرگوڵ و نیشانه‌ى سه‌یروسه‌مه‌ره
خۆم ببینمه‌وه له‌به‌رده‌م ته‌ڵخترین
ئاوێنه‌ى ته‌مه‌نێك له دزێوى،
گه‌ڵا ده‌ستكرده‌كان، لك و پۆپه خه‌واڵووه‌كان
ئاوێنه‌ى هه‌زار پارچه..
له رووكارى سولاله‌یه‌ك له توخمى خۆم
خۆم ببینمه‌وه
له نێو سه‌دان حیكایه‌تى ئیبلیسه‌كان
سه‌رگوزشته‌ى سۆزانی و بازرگانه‌كان
ماجه‌راى هه‌ژارترین گوێچكه‌ماسى
گه‌وره‌ترین مروارى و باڵابه‌رزترین باڵنده
تا له‌وێوه برِوانمه ساردترین ژوورێكى بوون
كه من له‌وێدا نیم
ئه‌گه‌ر هه‌بام..
ره‌نگه له‌ودیو ره‌نگى چاوه‌كانى تۆوه
بێرِه‌نگترین بوونه‌وه‌ر بام،
به پیرترین دره‌ختى دارستانێك چووبام
كه باڵنده‌كانى ده‌مێك ساڵه
له نێو كۆنترین كتێبى دنیادا خه‌ووتوون
كتێبێك كه رۆحى خاك و خۆلى عه‌رده‌كه‌ى
وه‌ك عیفرتێك
له نێو گچكه‌ترین شووشه‌ى دنیادا
ده‌ست به‌سه‌ره
ئه‌گه‌ر هه‌بام..
ره‌نگه له دوورترین دوورگه‌ى دنیادا
كه هێشتاكه نه‌چۆته نێو تانوپۆى حیكایه‌ته‌كان
په‌ناهه‌نده‌یه‌كى به‌دبه‌ختى
ساته ناشیرینه‌كانى زه‌مه‌ن بام
ئه‌گه‌ر هه‌بام
به‌بێ چه‌تر به‌ژێر لێزمه‌ى باراندا ره‌ت ده‌بووم و
ته‌ڕنه‌ده‌بووم
بێ باكانه به شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌رِام
بێ ترس
له گریانى شه‌یتانه‌كان ورد ده‌بوومه‌وه
به بێ هه‌ڵكێشانى
قووڵترین هه‌ناسه‌ى حه‌سره‌ت
به بێ هه‌ڵرشتنى
وشكترین دڵۆپه فرمێسك
تۆم جێ ده‌هێشت
ئه‌گه‌ر هه‌بام
وه‌ك هه‌موو بنیاده‌مێك
له شوێنێكى زه‌مه‌ندا رانه‌ده‌وه‌ستام
خه‌ونم به سه‌دان خه‌ونى
هه‌ڵوه‌ریوى پایزانه‌وه نه‌ده‌بینى
له هه‌مان ساته‌وه‌ختى له‌دایکبوونمدا
له دایك نه‌ده‌بووم
هه‌مان رۆژى مردنیشم هه‌ڵنه‌ده‌بژارد
ئه‌گه‌ر هه‌بام..
نه‌تۆم ده‌ناسى و نه ئه‌و و نه خۆم
به نێو تراژیدیاى هه‌زاران ساڵى
زه‌خره‌فه‌كاندا هه‌ڵنه‌ده‌گه‌رِام
وێنه‌ى خۆمم
له‌سه‌ر روخسارى ئاو نه‌ده‌كێشا
له دارتێلى شه‌قامه نه‌بووه‌كان رانه‌ده‌مام
نه‌مده‌رِوانییه حوزنى په‌روانه‌كان
له ئه‌ستێره‌كان توورِه نه‌ده‌بووم
به‌یته غه‌زه‌لییه‌كانم بۆ مانگ نه‌ده‌نارد
گالیسكه كۆنه‌كانى سۆمه‌رم
نه‌ده‌هێنایه نێو شه‌قامه‌كانى شاره‌وه
به هیرۆگلیفى حیكایه‌تى خۆمم نه‌ده‌نووسییه‌وه
بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌بام
له نێو هیچ ساتێكى ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا نه‌ده‌بووم
له هیچ تۆبۆگرافیایه‌كى شوێنه‌كانیدا نه‌ده‌گه‌رِام
................................!!!
.........................!!!
ناشوێن.
من له كوێم
له‌به‌ر ده‌ركه‌ى كام سه‌فه‌را
زه‌لیلم وه‌ك زه‌لیلیى ئاو
بۆ گه‌رمه‌تاوێك بمباته‌وه بۆ ئاسمان
تا له باوه‌شى هه‌ورا
بیر له بارینى دڵۆپه‌كان بكه‌مه‌وه
چاوه‌ڕێم
چاوه‌ڕێى كام قه‌ده‌رم
جوانتر بێ له قه‌ده‌رى حه‌رفه‌كانى وه‌هم
سه‌یرتربێ له وشه‌كانى با
قوڵتربێ له ده‌روونى شێته‌كانى به‌هه‌شت
من چاوه‌ڕێى چیم
بۆ بینینى چ په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك راوه‌ستاوم
بیر له چ گه‌ردوونێكى بێ ئه‌ستێره ده‌كه‌مه‌وه
خه‌ون به رووكارى چ كتێبێكه‌وه ده‌بینم
پڕبێت له سیحرى پاساژه‌كانى مێخه‌ك
نغرۆ بێت له بۆنى مه‌مكۆڵانى كچۆڵانى خه‌ون
من چاوه‌ڕێى چیم
بۆ تینووم وه‌ك باڵنده بێپه‌ڕه‌كانى دۆزه‌خ
ماندووم وه‌ك جه‌للاده‌كانى حه‌قیقه‌ت
سووتاوم وه‌ك ده‌نكه‌كانى هه‌نار
من له كوێم
له كۆریدۆره‌كانى كام مێژووا
تێكه‌ڵ به بۆنى نۆستالژیاى كام رۆژگارێ
له دواى كام كاروانێ و
له پاڵ كام چه‌ته و پیاوكوژ و بازرگانێكا
له پاساژه‌كانى كام زه‌مه‌نا
له نێو كام باوه‌ڵ و سه‌رداب و پێچوپه‌ناى
كۆشكه‌كانى خه‌یاڵا بۆ وێنه‌یه‌كى
لێكچوو به خۆم ده‌گه‌ڕێم
له چ ئان و ساتێكا
بۆ بینینى چركه و خوله‌ك و كاژێرى
یه‌كه‌مین كاتژمێرى لم ده‌گه‌ڕێم
من له كوێم
كام تۆپۆگرافیایه
كام پانتایى جوگرافیایه
كام كون و كه‌له‌به‌رى شوێنه
من له نێویا هه‌م
من له كوێم
له كام سه‌رابستانا تینووم
له كام نه‌خشه‌دا بۆ ئاو ده‌گه‌ڕێم
ئاوێكى زه‌لیل وه‌ك خۆم
چه‌واشه‌ى چ به‌هه‌شتێكم كه نایبینم
تا ده‌م بنێمه رووباره سه‌یره‌كانى
تا تێر ئاوبم له زنه و كانییه‌كانى
نایبینم
تا سه‌رسامبم به بینینى حۆرییه‌كانى
خه‌فه‌ت بۆ غولمانه‌كانى بخۆم
سڵاو له به‌هه‌شتییه‌كان بكه‌م
هه‌واڵى بێزارییان ببیستم
من له كوێم
له ده‌ره‌وه‌ى كام شوێن بۆ شوێن ده‌گه‌ڕێم
تا جه‌سته‌ى قوڕاویم
له ژێر بارانیا بشۆمه‌وه
من له كوێم
تا بۆ ناشوێنێك بگه‌ڕێم
نه‌فره‌تى سولایه‌ك له‌به‌شه‌رى
له خۆم نه‌رمترى
تیا بنێژم
تا گوڵه وشكه‌كانى تیا بچێنم
ئه‌و گوڵانه‌ى به هه‌ڵمژینى
بۆن خوێنى كوژراوه‌كانى عه‌ده‌م
دوا هه‌ناسه‌یاندا و مردن
ده‌بێت ئه‌و گوڵانه ئاوده‌م به‌فرمێسكى
هه‌موو ئه‌و دیناسۆرانه‌ى په‌شیمانن
له به‌جێهێشتنى زه‌وى بۆ ئێمه‌ى به‌شه‌ر
ئێمه‌یه‌ك له‌وان دڕتر، له‌وان شێت‌تر
له‌وان كڵۆڵتر و به‌دبه‌ختتر
ئێمه‌یه‌ك كه نازانین نه‌وه‌ى كێین
نه‌وه‌ى ئاده‌م و حه‌وایه‌ك له‌تاوان
كه خالیق ویستى زه‌مین
به‌وان بكاته گۆمێك له خوێن
یان نه‌وه‌ى گۆریلا داماوه‌كانى جه‌نگه‌ڵ
من له‌كوێم
له كام ده‌ریادا بۆ حۆرییه‌كانى ده‌ریا
ده‌گه‌ڕێم
تا ده‌م بنێم به‌لێویانه‌وه و
له واتاى چرپه بگه‌م
له كام دوورگه‌دا گوێ بۆ ده‌نگى
باڵنده‌كانى سیحر راده‌گرم
تا پاش ئه‌وان هیچ نه‌ڵێم
من له كوێم
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌م یان له شوێنێكى دى
ئه‌ى ئه‌گه‌ر لێره‌م
بۆ هه‌لوه‌سه‌ى بینینى زه‌مینێكمه له خۆڵ
له ئاو، له به‌رد، له هه‌موو ناوهاتووه‌كانى
نێو كتێبه‌كانى بایۆلۆژیا
بۆ هستریامه بۆ دۆزینه‌وه‌ى
یه‌كه‌مین شوێن پێى مرۆڤێك
له تانوپۆكانى شوێن
كام شوێنه ئه‌وداڵیم
ئه‌و شوێنه‌ى كه خالیق دروستیكرد
یان ئه‌و شوێنه‌ى پێش ئه‌ویش هه‌ر هه‌بوو
كام شوێنه سه‌وداسه‌رى بینینیم
ئه‌و شوێنه‌ى به‌ردمانكرده
سه‌ره‌تاى ئه‌وه‌ى ئێستا
به‌رد بارانمان ده‌كا
یان ئه‌و شوێنه‌ى قوڕمان تیا كرده
سه‌ره‌تاى حیكایه‌تاكان
تا هه‌موو حیكایه‌ته‌كانمان له قوڕ هه‌ڵشێلین
كام شوێن
ئه‌و شوێنه‌ى زمانمان تیا پژا
به سه‌رجه‌م ئاوه‌ڵناوه‌كانى جه‌هل
ئه‌و شوێنه‌ى بۆ یه‌كه‌مجار
خوێنى ئاژه‌ڵه‌كانمان
تیاكرده یه‌كه‌مین وێنه‌كانى
سه‌ر دیوارى ئه‌شكه‌وت
ئه‌و شوێنه‌ى هێنده‌ى قووڵایى زه‌مه‌ن
یه‌كترمان تیا ئه‌تكرد و
پڕ به دڵى خۆمان سوارى
ئه‌ندێشه‌ى هه‌موو ئه‌وانه بووین
كه له ئێمه ده‌چوون
یان ئه‌و شوێنه‌ى
به‌شێكه له خه‌یاڵى نه‌وه‌یه‌ك
له مردووه‌كانى ناشوێن
به‌شێكه له خه‌یاڵى ره‌وێك
له حه‌یوانه‌كانى ئه‌زه‌ل
من له كوێم
له چ شوێنێكا خه‌وتووم
خه‌ون به چ نه‌هامه‌تییه‌كى دیكه‌ى
سیماى ئاگره‌وه ده‌بینم
سه‌یرى كام دۆزه‌خ ده‌كه‌م
كه گوناهه‌كانم ناگرێته خۆى
بیر له چ كوفرێك ده‌كه‌مه‌وه
تا ده‌ركه‌كانى ئه‌و دۆزه‌خه‌م
بۆ بخرێته سه‌ر پشت
حه‌زم به‌بینینى كام زه‌بانییه و
جه‌للاد و ئه‌ژده‌هاى
پشتى ئه‌و دۆزه‌خه‌یه
تا هێنده تینووى بینینى بم
نازانم له كام رێگه‌وه بچمه‌وه سه‌رى
تا له به‌هه‌شتى ئه‌م دنیایه هه‌ڵبێم
كام رێگه‌ى تاوان بگرمه به‌ر
شه‌ڕ به كامه ئه‌فسانه بفرۆشم
له‌گه‌ڵ كام داستان بجه‌نگێم
نه‌فره‌ت له كام فریشته بكه‌م
كام خوداوه‌ند له خۆم تووڕه‌بكه‌م
نازانم له كام مێژووه‌وه ده‌ست پێبكه‌م
ببمه فه‌رماندارى كام سوپاى خوێناوى
سه‌فه‌ر به‌كام رێگه‌ى كوشنده‌یا بكه‌م
له كه‌لله‌سه‌رى كام میلله‌ت
قه‌ڵا و قووله دروست بكه‌م
وێنه‌ى كام جه‌نگاوه‌ر به‌رزكه‌مه‌وه
له‌گه‌ڵ كامیان ببمه هاوڕێ
بچمه سه‌ردانى كامیان
له حزوورى كامیانا بنووشتێمه‌وه
نازانم له جه‌نگیزخانه‌وه ده‌ست پێبكه‌م
یان له‌و كۆنتر بكه‌مه هاوڕێى
سه‌فه‌رى قڕكردنى به‌شه‌ر
نازانم به هه‌مان رێگه‌ى ئه‌وانا ره‌وبكه‌م
یان ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆم به‌رمه
سه‌مه‌رقه‌ند، دواتر بوخارا و هیند
پاش زه‌مه‌نێكیش له رێكردن بیانبه‌مه
سه‌ر شوێنى سڕدراوه‌ى كارتاج
یان هه‌ر لێره‌وه ده‌ست پێبكه‌م
له شوێنجێگه‌ى زامه‌كانى
هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى بۆ بینینى خوا
وه‌ك هیچێتى دنیا توانه‌وه
وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ى
وه‌ك حه‌للاج
له رێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى خوایا
خۆیان له نێو سه‌جع و ره‌وانبێژى عه‌ده‌ما
له رۆژگارێكى خۆڵاویا له‌بیرچوو
به‌ڵام هه‌ر رۆیشتن
تابوونه هه‌ڵم و ته‌م و هه‌ور
بوونه باران بۆ هه‌موو
ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه نه‌بوون
بوونه خه‌یاڵى قوربانییه‌كى ماسۆشى
كه به شوێن سادییه‌تى جه‌للادێكا ده‌گه‌ڕێ
كه خۆى نه‌مابێت و بووبێته ته‌ور
بووبێته نه‌فره‌ت و رك
تاوه‌ك ئه‌و فریشته‌یه‌ى رۆح ده‌كێشێت
رۆحیان بكێشێت
نازانم له كوێوه ده‌ستپێبكه‌م
له كام كیشوه‌ره‌وه رێگه بگرمه‌به‌ر
له كام ده‌ریاوه سه‌فه‌ر بكه‌م
كام توخمى به‌شه‌ر
بكه‌مه هاوڕێى سه‌فه‌ر
بگه‌مه چه‌ند به‌نده‌ر و
له نێو گه‌ڵى چه‌ند سۆزانیا بخه‌وم
بۆنى سنگى كامیان
له‌گه‌ڵ خۆم بێنم
یاده‌وه‌ریه‌كانى كامیان
بخه‌مه پریاسكه‌ى سه‌فه‌رم
بیر له نێوگه‌ڵى كامیان بكه‌مه‌وه
چاوى شه‌هوانى كامیان
بكه‌مه فیگورى حه‌زى شێتانه‌م
بۆ كام دڵۆپه سپێرمم
حیكایه‌تى دۆڕ‌انى ئه‌وان بگێڕمه‌وه
وێنه‌ى ئاڵۆشاوییانه‌ى كامیان بهێنمه‌وه
تا هه‌موومان له ماناكانى یه‌ئس بگه‌ین
حه‌ز له كامیان بكه‌م و
كامیان له‌ویتریان جوداتر ببینم
من له‌كوێم
له كام شوێنى ئه‌م دنیایه
بۆ تۆ بگه‌ڕێم و
نه‌تدۆزمه‌وه.
ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین
|