٢٤\٨\٢٠١٤
سوتانێکی هێمن.

سۆزی
با بێزار نابێ
له
ماچکردنی گه‌ڵایەکان
خۆر بێزار نابێ
له
سوتاندنی گوڵه‌کان
په‌پووله‌کان بێزار نابن
له
ئارامیی چڵه‌کان.
سه‌یره
من نه (گه‌ڵا) و نه (گوڵ) و نه (لق)م
به‌ڵام ده‌وه‌رم
که له تۆ دوورم
وشك ده‌بم
که نیگای تۆم پێنه‌که‌وێ
وه‌ك لق ده‌شکێم
که گه‌رده‌لوولی زیزبوونت ده‌نێری
هه‌ناسه‌که‌م
به‌ر له‌وه‌ی تۆ بێی
من ته‌نیاییه‌کانم ده‌ژماردن
خه‌مه‌کانم ده‌ق ده‌کردن
فرمێسکه‌کانم ده‌کردن به
مۆم
شه‌وه‌کانم ده‌رازاندنە‌وه
بڕێ جاریش خۆزگه‌کانم
ده‌به‌خشیه ئه‌و کاروانانه‌ی
له بیابانانی بێ ئومێدییا ون ده‌بوون
که رووباری رووی تۆ به لامدا ره‌ت بوو
ون بووم
به جۆرێ خۆم و تۆم بۆ جیانه‌کرایه‌وه
هێنده تیژ بارانی میهره‌بانیی تۆ باری
من و ئاگری ته‌نیایی له یه‌ك ترازاند
تۆ تیزابت خسته سه‌ر خه‌نده‌کانم و
رابردووت له جانتایه‌کی کۆندا ناشتم
که‌چی هه‌ر زوو
ئه‌و ئاگره‌ت داگیرساند
که پشکۆی خه‌مه‌کانی گه‌شاندمه‌وه
ئه‌و بایه‌ت ده‌سگیر کرد
که خه‌ریك بوو گه‌ڵای بێ هیواییم
بوه‌رێنی،
به‌ڵام سه‌یره
که ده‌تزانی باخی عه‌شقی تۆ
گوڵی به‌یەکگە‌یشتن نادا
بۆ منت شه‌یدا کرد به خۆت
که ده‌تزانی ده‌سوتێم
ئه‌م ئاگری چاوه‌ڕوانییه
چی بوو پێت ناساندم؟
که ده‌تزانی
ژیان بێ تۆ سه‌ختتره
له دۆزینه‌وه‌ی ئاو
له رەگەزی ئاگر
بۆ خۆتت لێ فڕاندم
بۆ؟
نازانم..
ئێستاکه له کوێم
نه‌فرینێك ده‌بینم له‌دایك بێ
نه ئێواره‌یه‌ك
خه‌نده‌یه‌کی شه‌رمن بۆ دڵنه‌وایی خۆر ده‌کا
رۆژه‌کان نیگه‌رانن و
شه‌وه‌کان به دیار کوژانه‌وه‌ی کات راماون
بیرم نایەت کەی خۆم بووم
جاران ئەمزانی
یەك کۆ بکەیتەوە لەگەڵ یەك
دەبێتە ژمارەیەکی تر
بەڵام چەندین جار
خۆم و تۆم کۆکردەوە
هەر بووین بە تۆ
هیلاک بووم
لە گوێگرتنی نۆتەی خەم
لە دەستگرتنی تەنیایی
لە پیاسەکردن لەگەڵ بێ تۆیی
لە خۆمێکی دوور لە تۆ
سه‌یره
هێشتا زەوی رەنگی رووخانی نەگرتووە
تا تۆ نیشتیمانی من جێبێڵی
هێشتا گەڵا خۆی نەسپاردوە بە وەرین
درەخت نەچۆتە سەر ریتمی بێ وەفایی
باران نەباریوەتە سەر خەمی وشك
ئێستا زووە بۆ رۆیشتن
بەر لەوەی ئومێدەکان داڕمێن
خۆت مه‌خه‌ره ژێر بارانی جودابوونەوە
با ته‌ڕ نه‌بی به تنۆکی نائومیدیی
ده‌ست هه‌ڵگره له ئازاردانم
ئاخر ژیانکردن چییە؟
کە هەمیشە دوورییت بمهەژێنێ
بێدەنگییت بمبا بەرەو ئەو کوچانەی
مردن لێی هاتوچۆ دەکا
ژیان وەک منداڵ ترسی لێنیشتوە و
ناوێرێ بەوێدا بڕوا
دوورییت بمخاتە ئاگرێكه‌وه،
که خەون بە دۆزەخەوە ببینم
وەك گوڵێك
لە چاوەڕوانیی دڵۆپێك ئاو
رۆح بدەم
ده‌زانم
سەختە گەیشتن بە تۆ
تۆ لەوێی
لە نێو ئەو گەردەلوولانەی
ئاسمان لێیان را دەکا
له نێو ئەو گڕکانانەی
دڵی زەوی قاش قاشیان دەکا
لەبەردەم ئەو تیشکانەی
هیچ گوڵێك ناوێرێ سەیریان کات
هیچ گەڵایەك غیرەت ناکا
پێشی پێ بگرێ
لە ژێر ئەو بارانە ئەوەستی
هیچ درەختێ نەیتوانیوە
مشتێ ئاوی لێ هەڵمژێ
بەڵام من چاوەڕێم
خۆم ئەخەمە نێو ئەم ئاگرە و
گرەو لەسەر تۆ ئەکەم
گەر ئاگری عەشقی تۆ
بمسوتێنێ و بمکا بە خۆڵەمێش
بای یادێکت ئەمکاتەوە بە شاپەری
گەر خۆری رقت وشکم کات
دڵۆپێك میهرەبانییت ئەمکاتەوە
بە شکۆفه
کە دڵ بیرت دەکا
چاوەکانم وەك جۆگەلە
بەرەو دەریای یادی تۆ دێن
چاوه‌روانم.. چاوه‌روان!
بۆ بترسم
کە دەنگی تۆ لە دڵی مندا
منداڵیی ئارامیی دروست ده‌کا
کە بینینت
تابلۆیەکی هێند مەزنە
چوارچێوەی چاوم پڕ دەکا
دڵی من نەمامێکە
تینووە بۆت هەموو ساتێ
وه‌کو منداڵ لێت زیز ئه‌بێ
به‌ڵام هه‌رگیز
لە ئاوی بینینت تێر نابێ.
٢٢\٦\٢٠١٤
-
سوێد
|