١٦\١\٢٠٢٥
تاتۆکەی
سەر
قۆڵی
عەزە.

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
عەزە تا ئەوڕۆژەی
کوژرا هەر عاشق بوو
هەموو شەوێ تا درەنگان لەگەڵ ئەرپە و هاوڕێکانی
لەسەر فلکەی گوزەرەکە دەوەستان و بەدەم جگەرە کێشانەوە
باسیان لەو خەونانە دەکرد، کە بۆی دەژیان
ناوی ئەو ئەمنانەیان یەک یەک دەهێنا کە تا ئەودەم شەقی مزریان
بەرکەوتبوو
عەزە زوو زوو قۆڵی کراسەکەی هەڵدەکرد و باڵەکانی دەکردنەوە
سەیرێکی تاتۆکەی سەر قۆڵی چەپی خۆی دەکرد و ئاخ لەسەر ئاخ دەیدایە با
(عەزە حەیاتەک عەزاب) نەک هەر تاتۆیەکی سادە، بگرە چیرۆکێکی گەورەی
لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو
تاتۆکەی چەند خوار و خێچ بوو، خۆی سەد ئەوەندە سەرڕاست و بەهەڵویست بوو
موختارەکان لێی دەترسان
ئەمنەکان دوو دوو یان سێ سێ نەبوونایە نەیاندەدواند
حکومەت چەندجار خستییە پشت شیشی زیندان و سەرەنجام ئازادی دەکرد
عەزە دڵی بە (قەدە)ی میم پیرۆزەوە بوو. ئەو تاقە کچەی بە هەتیویی
بەخێوکرابوو
عەزە دەیزانی باوکی قەدە تێکۆشەر بووە و گیانی خۆی بەخت کردووە.
بۆیە قەدەی لەهەموو کچەکانی گەڕەک زیاتر چووبووە دڵەوە.
سوێندی بۆ قەدە خواردبوو کە لەسەر ڕێگەی باوکە گیانبەختکردووەکەی لا
نەدات و تۆڵەی بکاتەوە.
زۆرجار عەزە ئێواران تاریک کە دەگەڕایەوە ماڵ
لەسەر ڕێوە عەلاگەیەک میوە یان سەوزەی لەگەڵ دەستی خۆیدا
بەدزی دەر و جیران دەدایە دەستی میم پیرۆز
قەدەش لە هەیوانەکەوە کە گوێی لە دەنگی عەزەی عاشقی دەبوو
بزەیەکی بۆ دەکرد و بە لچکی لەچکەکەی سەری پێکەنینە پڕ لە نازەکەی
دەشاردەوە.
شار ئەوکات نە هێندە قەرەباڵغ بوو و نە پڕیش بوو لە ڕووخساری نامۆ
کەم کەس دەیوێرا زستانان دوای سەعات شەشی ئێوارە لە چەمی خاسە بدات و
بپەڕێتەوە بە تەنیا
ئەوە عەزە بوو لەو شەوانە دەبووە تارمایی و دەچووە خەونی
ئینسانفرۆشەکانی شار و
خەوی لە چاو ڕاپۆتنووسەکان دەتۆراند.
تاکو ڕۆژێک عەزە لەماڵ میمکە حورمەت دێتە دەرێ کە تازە ناوی قەدەی
لەسەر باسکی چەپی کوتابوو
دوو دەمامکداری دڵڕەق هەژدە فیشەک دەنێن بە جەستەی عەزەوە و هەر لەو
شوێنە
لەو کۆڵانە باریکەی شار
لەبەردەم قاپی میم حورمەت عەزە دەکوژرێ و دەبێتە کەسەری سەر دڵی خەڵکی
سادەو هەژار
بۆ سبەینێ وەختێ ڕاپۆرتنووسەکانی گەڕەکە خێرلەخۆ نەدیووەکانی شار
ئاهەنگی مردنی عەزەیان دەگێرا
قەدەش بە بوتڵێ نەوت و شقارتەیەکەوە هاواری عەزە دەکات و
گڵپەی ئاگر دەئاڵێتە باڵای قەدە و ئەویش دەبێت بە سووتماک و قەرەبرووت.
***
ئێستا گۆڕی عەزە و قەدە وەک جووتە گۆڕی مەم و زین
لە گۆڕستانە بێنازەکەی شێخ محێدین دان
هەژارانی شاری ترس و فیداکاری و بیروباوەڕ
لەڕۆژانی هەینی هەفتە سەر لەو گۆڕستانە دەدەن
بەدەم یادی ئازیزانی خۆیانەوە
یادی عەزە و قەدە و عاشقە خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەم شارە دەنێنە دڵ
سوێندیان خواردووە بەسەرهات و چیرۆکی مەرگی ئەم عەشقە؛
بەسۆزی مەقامی قەتار بۆ دڵدارە غەمبارەکان بگێڕنەوە و
نەیسپێرن بە کۆستی فەنا و بە تاریکستانی ژێڕگڵ.
__________________________________________________
ژێرنووس:
(١) ئەرپە ناوی ئەحمەد غەریب ئەحمەد زەنگنە ساڵی ١٩٤٦ لەشاری کەرکووک
لەدایک بووە و پیاوێکی جەربەزە و ئازا بووە و هەڵوێستی دژە حکومەتی
هەبووە. تا لە سەرتاشخانەیەک لەکاتی سەرچاککردندا لە ٢٢ ی شوباتی ١٩٧٢
لەلایەن پیاوانی حکومەتەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
(٢) خاسە؛ چەمێکە بەناوەڕاستی شاری کەرکووکدا تێدەپەڕێت.
(٣) میم یان میمک یانی پوور یان پلک.
(٤) گۆڕستانی شێخ محێدین؛ گۆڕستانی پشت تەکیەی تاڵەبانییە و کەوتۆتە
بەری باکووری گەڕەکی ئیمام قاسم لە پشت بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.
حوزەیرانی
٢٠٢٤
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|