٧\١٢\٢٠١٥
تەق تەق.. ئێوە دەرگای هۆشتان بکەنەوە!

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
بۆ کاوە گەرمیانیی
چەند ڕۆژ دوای
تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە نێو کاغەز و پەڕاوەکانیدا
ئەم دێرانە دۆزرانەوە و من لێرەدا تۆمارم کردوون...
(بۆ
مافیاکانی جەنگەڵی ئەم هەوارە)
گەر بمکوژن
پەتی سێدارەم لە مل کەن هەڵم واسن
گەر لەئاست هاوارەکانم بتانبینم وڕن، کاسن
گەر دوا قەترەی خوێنم بمژن
لەژێر ئەشکەنجە داخم کەن
یان بمکوژن
گەر وا بکەن سەرم لە لەش جیابێتەوە
بەڵام ئازیز، ئەی ئازادی
تۆ لە دڵما هێندە گەورە و فراوانی
لە هیچ شوێن جێت نابێتەوە.
پەڕەیەکی تر هەر لە
نێو پەڕاوەکەی کاوە دۆزرایەوە و لای خوارەوە تۆمارم کردووە...
(بۆ خەڵکی ئەم هەوارە)
دە دەرگای هۆشتان دامەخەن
سروەی بزە
نەسیمی نیگای ئارەزوو
شنەی حەز
چۆن باڵەکانیان لێک بدەن
ئاسمان بکەن بە شەقامەکانی فڕین
کە پێڵوەەکانتان لێک دەنا
نەمدەبینی چۆن مرواری ئەسرینەکان هاتنە سڕین
دەنگ هەڵدەبڕم..چیتر بێدەنگی مەدوێنن
کە دێمە سەر شاشەکان و
سەرشەقامی ناڕەزایی خۆ گێل مەکەن
دڵی گەرمم بە تەنیایی مەڕەنجێنن
کە ڕەشپۆشم.. پرسەم بۆ خۆم دانەناوە
کە دەشکوژرێم.. ئینجا لە خەو بەئاگا دێن
ئەوسا دەڵێن شەهیدی قەڵەم بوو کاوە.
_____________________________
تێبینی:
ئەم دەقە لە کۆبوونەوەی مەحکومکردنی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە شاری
ڤانکۆڤەر لە وڵاتی کەنەدا لەلایەن شاعیرەوە خوێنرایەوە.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٣
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|