١٩\٢\٢٠١١ ته‌وه‌ری رووخانی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کان. - ١٠ -
سازدانی ته‌وه‌ر: ئه‌مڕۆ
رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تونس و میسر ئه‌وه‌نده کاریگه‌ر بوون، که هه‌موو خه‌ڵکی جیهانیان به خۆیانه‌وه خه‌ریک کردووه و بوونه‌ته بابه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆک و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و ناوچه‌که و نواندنی هه‌ڵوێستی چاوه‌ڕواننه‌کراو. له وڵاتانی رۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش خه‌ڵک به‌و جموجوڵانه و ده‌سکه‌وته‌کانی تا ئێستای خۆشحاڵ بوونه و هه‌ست به وره و ئومێدێکی پتر ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌سهێنانی ژیانێکی باشتر و ئازادیی و ده‌سه‌ڵاتێکی زیاتر. دوا به‌دوای ئه‌و جموجوڵانه هه‌رچی سه‌رۆک و پاشا و رابه‌ری شۆڕشی وڵاتانی ناوچه‌که‌یه که‌وتوونه‌ته خۆیان و پاره و پوول و به‌ڵێنی سه‌وز و سوور ده‌به‌خشنه‌وه. هه‌روا که‌سایه‌تی و حیزب و لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیش لێره و له‌وێ تووره‌گه‌یان بۆ ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و جموجوڵانه ئاماده کردووه. ماڵپه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌ش - ئه‌مڕۆ - به گرنگییه‌کی تایبه‌ته‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و جموجوڵانه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه که زه‌مینه‌خۆشکردن و فه‌راهه‌مکردنی ده‌رفه‌تێک بۆ لێکدانه‌وه‌یان و ئاشناکردنی خوێنه‌ران پێیان خۆی له خۆیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌که به به‌شێک له‌و ئه‌رکانه‌ی که بۆ خۆی داناوه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به پێویستمان زانی ئه‌م ته‌وه‌ره ئاماده بکه‌ین و ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه ئاراسته‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز بکه‌ین:
ئه‌مڕۆ: به ڕای ئێوه هۆکاره‌کانی ئه‌و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینانه چین که تا ئێستا له وڵاته‌کانی ڕۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ رووخاندنی ده‌سه‌ڵات ڕوویان داوه؟
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان: بە هۆى ئەو تێگەیشتن و جیهانبینییه جیاوازانه‌ی که بۆ دەسەڵات و سیستەمەکانى حوکمڕانیی لە ئێستادا هەیە، گەندەڵیی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کان هۆکارى سه‌ره‌کیی سەرهەڵدانى ئەو راپەڕین و خۆپیشاندان و شۆڕشانەن، خەڵکى ستەملێکراویش زۆرترین قوربانیدەرن به ده‌ست ئه‌و رژێمه دیکتاتۆرییانه، ئیدى لەسەر ئاستى شەقامى عەرەبیی و رۆژهەڵاتى ناوینیش بە گشتیی خه‌ڵکانی چه‌وساوه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئیدى کاتى ئەوە هاتووە ده‌سه‌ڵاته سته‌مه‌کارییه‌کان راستەوخۆ ره‌ت بکرێنه‌وه و داواى پێداچوونەوە بکرێ بە ستراکتۆرە گه‌نده‌ڵبووه سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایه‌تییه‌کان به گشتیی.. هه‌روا ئه‌و ستاکتۆره سیاسییه رووکه‌شه‌ش کە هەمدیس وێنەیەکى دیکەى دەسەڵاتە سیاسییه‌که‌یه و له‌نێو کۆی ستراکتۆره گشتییه‌که - کۆمەڵایەتى، ئابووریی، دینیی، ..هتد - به زه‌بروزه‌نگ وێناکراوه هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه...
ئه‌مڕۆ: لێکدانه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌وه چیه، که له شوێنێکی وه‌ک میسردا (که ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی ٨٠ ملیۆنه و ته‌نیا ژماره‌ی ئه‌ندامانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و حیزبه هاوپه‌یمانه‌کانی له چه‌ند ملیۆنێک پترن و ژماره‌ی ئه‌ندامانی ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایش له ملیۆنێک پترن) که‌چی خۆپیشاندان و راپه‌ڕینی چه‌ند سه‌د هه‌زار که‌سێک، بووه‌ته مایه‌ی ئه‌و هه‌موو ترس و شپرزه‌ییه له ریزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا؟
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان: میسر هەر لە کۆنەوە خاوەن دەسەڵاتێکى تۆتالیتاریی بووە، ده‌سه‌ڵاتدارنی میسر بەر لە موبارەکیش له سه‌رده‌می داگیرکاریی و کۆلۆنیالیستییه‌وه تا ئێستا هه‌ر به شۆڕش و دەرپەڕاندن و کوشتن.. گۆڕدراون، لە پاش محه‌مه‌د عه‌لی و جه‌مال عه‌بدولناسر و پاشان بە هۆى ناکۆکى لەگەڵ (ئیخوان موسلمین) و کوژرانى ئەنوەر سادات لە ساڵانى هه‌شتاکانی سەدەى رابردوو لە که‌رنه‌ڤاڵیکی سەربازییدا.. گرتنەدەستى ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن موبارەکه‌وه کارێکى پێشبینییکراو بوو، لە ماوەى سی ساڵى حوکمڕانییه دیکتاتۆرییه بەناو کۆمارییه‌کەى و قۆڵهەڵماڵین بۆ سیستەمى پڕچەککردن و دامەزراندنى جبەخانە و هێزى زۆر گەورەى سوپایی.. هەر نه‌یتوانی کۆنترۆڵى تووڕەیی ستەملێکراوان بکا. کە گەل دەبێتە خاوەن بڕیارى خۆى.. راپەرین لە پانتاییه‌کی کەمى جوگرافیی و به رێژەیەکى کەمى جەماوەریش بێ هه‌ر راپەڕینە و ده‌توانێ کارى خۆى بکا و ته‌خت و تاراجی دیکتاتۆران بهەژێنێ و ترس و شلۆقیی بخاتە نێو دڵی دەسەڵاته‌وه، وەک دیتمان بە گۆڕانکاریی لە کابینەى حکومه‌ت و وەزیرەکانیشى رەزامەندیی جەماوەرى بۆ نەگەڕێندرایه‌وه و قەبارەى کڵپەی راپه‌ڕین و ئاستی تێنوێتیی جەماوەر بۆ چه‌مکی ئازادیی زۆر لەو گۆڕانکارییانەى موبارەک گەورەتر و به‌هێزتر بوو کە ده‌یویست به ناچاریی و لە ژێر پاڵه‌په‌ستۆی خۆپێشاندەراندا ئه‌نجامیان بدا...
ئه‌مڕۆ: به پێی لێکدانه‌وه‌ی ئێوه، ئه‌و ئاڵوگۆڕانه چی ده‌بن که دوای ئه‌م راپه‌ڕینانه به‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌دا دێن؟
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان: بەو جۆرە نابێ کە هەندێ لایەن پێشبینیی بۆ دەکەن، چونکە بە راستیی هزر و تێڕوانینی پێکهاتەکانی کۆمه‌ڵ رۆلی خۆی لە هاتنەدى حوکمێکى دیموکراسیی دەبینێ، بەتایبەت لە میسر فرە حیزب و ئایدیا و فرە جۆرى بیروباوەڕن، کێ ده‌ڵێ ئه‌وجاره حوکمێکى کۆنەپەرست و تۆتالیتاریانه‌تر لەنێو شێوازی هەڵبژاردنی نوێ زۆرینەى دەنگه‌کان وەدەست ناهێنێ؟ بۆ نموونە: حوکمى (ئیخوان موسلمین) وڵات بەرەو ئاقارێکى دیکە نابا؟ یان بە پێچەوانەوە بزووتنەوەیەکى به‌ناو ئازادیخوازى دیکە کە وڵاتێکى زلهێز پاڵپشتیی بکا لە گرتنەدەستى دەسەڵاتێکى بەناو دیموکراسیی دووباره هەموو ئه پەیماننامە و بەڵێننامە که لەگەڵ دەسەڵاتى پێشوو لەسەر ئەستۆى ماندووبونى خەڵکى رەشوڕووت و کرێکاران واژۆ کرابوو نوێ بکاته‌وه.
ئه‌مڕۆ: ئه‌گه‌ری روودانی ئه‌و جموجوڵانه له کوردستاندا تا چ راده‌یه‌که؟ له‌و رووه‌وه چ لێکدانه‌وه‌یه‌کتان بۆ په‌رچه‌کرداری خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کان(ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن) سه‌باره‌ت به‌و جموجوڵانه هه‌یه؟
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان: کوردستان بە حوکمى نزیکیی له تونس و میسر و ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌ریان و وێک‌چوونی جیۆپۆله‌تیکه‌که‌یان، خه‌ڵکه‌که‌ی به حوکمی هه‌مان کێشه‌گه‌ل لە رووى فه‌رهه‌نگیی و ته‌نانه‌ت ده‌روونییشه‌وه زۆر له‌وان نزیکه و له‌ژێر هه‌مان ئه‌و کاریگه‌ریانه‌دایه که شه‌قامه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ده‌جوولێنێ، بۆیە لە کوردستانیش تا راده‌یه‌کی به‌رچاو پێشبینیی ئه‌و جۆره رووداو و راپەرینانە دەکرێ.. بگرە هەڵپەى خۆپشاندانێکى زۆر لە هەندێک ناوچەى کوردستان هەیە، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و رووداوانەى تونس و میسر ئه‌گه‌ر بە شێوازى راستەوخۆش نەبێ ئه‌وه ناڕاستەخۆ پەرچەکردارى بەسەر به‌رهه‌ڵستکاران و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه دەبێ، جا بۆ هەر یەک له‌وانه بە شێوازێکى تایبەت، بۆ نموونە به‌رهه‌ڵستکاران لە بەرژەوەندیی خۆیان ده‌یقۆزنه‌وه.. دەسەڵاتیش تا هێوربوونەوەى بارودۆخەکان هه‌وڵده‌دا خۆی وا دەربخا که بەپیر داخوازییه‌کانی میللەتەوە دێ و کار بۆ بەرژەوەندییه باڵاکان ده‌کا، له بەیاننانەمەکانی هه‌ردووکیاندا شتێکی لەو بابەتە به ته‌واویی به‌ده‌رکه‌وت و چاوەڕێى پتریش ده‌کرێ.. بێگومان لەو نێوه‌شدا خەڵک تا رادەیەکى باش ده‌توانن شتەکان جوانتر ببینن و باشتر تێبگەن به به‌راورد به رابردوو.
ئه‌مڕۆ: به رای ئێوه ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان چ وانه و ئه‌زموونێک له‌و جموجوڵانه وه‌ربگرن؟
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان: خەڵکى چەوساوەى کوردستان بە جۆرێک ئەوە تێدەگەن، ئیدى کاتى ئەوە هاتووە لە ئاست گەندەڵییه‌کان بێدەنگ نەبن، بە دووریشى نازانم بۆ رەتکردنەوەى دەسەڵاتە گەندەڵەکه بگرە به‌رهه‌ڵستکاره‌که‌شی کە هەر لە پاشماوەى دەسەڵاتى گەندەڵییه‌وە دروست بووە، وەک تونس و میسر، بڕژێنە شەقامەکانەوە وەدەریان بنێن...
١٧\٢\٢٠١١
|