٥\١٢\٢٠١٣
توندوتیژیی و
دیاردەی لەشفرۆشیی!

لاوژە
ماهیە
دیارە دیاردەی توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان دیاردەیەکی جیهانییە و،
بەڵام شێوەی بەرەنگاریبونەوەی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر بەپێی ئاستی
هۆشیاریی وڵاتەکان جیاوازی هەیە.
ئەگەر لە سەرەوە سەیرێکی ناو کوردستان بکەین، دەبینین لە چوارچێوەی
عەقڵیەتی دەسەڵات، یاسا، پۆلیس، دابونەریت، کەلتوور، پەروەردە،
رۆشەنبیر، مامۆستاوە، لە بیر و زەینی ئەمانەدا کۆمەڵێک دیاردەی نامرۆیی
هەن تاکو ئێستاش بە نرخن وەک بەهای گشتیی و جێبەجێکردنیان ویژدانی
ئەوان ئازار نادات و یان لانی کەم لە عەقڵیەتی ئەوانەوە پەسەندکراوە،
هەندێ لەو بەهایانەی کۆمەڵگای کوردی ئەمانن: پیاو خاوەن ژنە، ژن کەم
هۆشترە لە پیاو، پیاو لە ژن ئازا و نەبردتترە، سەر شۆرییە بۆ پیاو
لەگەڵ دایک، خوشک و ژنێکدا بژیت کە دەستدرێژیی کرابێتە سەر، بەخشین و
قوربانیکردنی ژن لە پێناو هەڵەکانی پیاودا، خۆ پاککردنەوە لە ئەتکی
ئابڕووچوون بە کوشتنی دایک و ژن و خوشک شانازییە، خەتەنەکردنی ژنان،
لەچکی زۆرەملێ، بەستنەوەی کچان و ژنان لە کونجی ماڵەوە و... هتد.
ئەمانە بازنەیەکی داخراویان دروستکردووە کە
دەرفەتی لە دەرکەوتنی ژن وەک کەسایەتی سەربەخۆی بڕیوە و زۆر جار ژن
دەستدرێژیی دەکرێتەسەر، بەڵام دەرگاکانی سکاڵاکردن بە روویدا داخراوە،
لەبەر ئەوەی ئابڕووی نەچێت نابێت بیدرکێنێت و لە مێشکی خۆیدا قوفڵی
دەدات هەتا تووشی خەمۆکیی دەبێت. هەر لە خێزانەوە بیگرە تا کۆمەڵگا،
خوێندنگا، بازاڕ شوێنی کار توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان وەک بەشێکی
جیانەکراوە ئاساییە. تەنانەت بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەکنەلۆژیای سەردەم
وەک و مۆبایل و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی بوونەتە یەکێک لە
هۆکارەکانی توندوتیژیی دەروونیی و جەستەیی بۆ سەر ژنان.
ناتەبایی نێوان هیوایەت و ئارەزووەکانی ژنان لەگەڵ کەلتووریی کۆمەڵگای
داخراو بەردەوام گرژیی و ئاڵۆزیی دروست دەکات. لە لایەکەوە دەستگرتن بە
سیستەمی دەرەبەگایەتی و دابونەریتی سەردەمی جاهیلیەتەوە لە ژێر ناوی
نەریت و بەهای گشتیی و کەلتووریی کوردەوە، لەوپەڕی راشکاویین لە بەردەم
کرانەوەی کۆمەڵگای کوردستاندا. لە ڕووەکەی ترەوە گەشەکردنی ئاستی
هوشیاریی و چاوەڕوانیی ژنان، کەلێنی نێوان چاوەڕوانییەکانی ژنان و
(ئەمری واقیع)ی کۆمەڵگا قوڵتر دەبێتەوە، لە هەر ئاستێک ژنان ڕۆژ لەدوای
ڕۆژ هۆشیارییان دەچێتە سەرەوە و تێدەکۆشن مافە مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ
بکەن، هەر بەو ئاستەش ڕێگرییان بۆ دروست دەبێت و تووشی کێشە دەبن. لە
سەر هەر بابەتێک ژنان هەڵوێست بنوێنن وەک کەسایەتی سەربەخۆ تووشی کێشەو
بەرەنگاریی دەبنەوە.
کاریگەرییەکانی توندوتیژیی لەسەر دیاردەی لەشفرۆشیی.
لە کوردستاندا سیستەمێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی نییە کە مرۆڤەکان بپارێزێت،
بۆنمونە دامو دەزگایەک نییە کە پارێزگاری لەو منداڵانە بکات و بە باشی
پەروەردەیان بکات کە ڕوبەڕوی توندوتیژیی دەبەوە یاخود ژنان و کچان
ناچار نەبن بەوەی کە هەموو توندو تیژیەک قبوڵبکەن. ئەگەر دەوڵەت بە
ئەرکو بەرپرسیاریەتی خۆی هەستێت و هاووڵایت وەکوپێویست بایەخی پێبدرێت
و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بەهێز هەبێت کە لەڕوی مادی و مەعنەویەوە
پارێزگاری لە ژیان و کەسایەتی مرۆڤ بکات، بۆنمونە ڕێگا نەدات مرۆڤەکان
ئیهانەو تەشهیریان پێبکرێت و دەرفەتی قبوڵنەکردنی کۆیلایەتییان بۆ
بڕەخسێت و بتوانن ئازادانە بێنە دەرەوە لە ماڵەوە، ئەگەر هەموو مرۆڤێک
مافی تەئمینی ژیانێکی گونجاو لە وانە ئابووریی و جێگە و ڕێگایان بۆ
دابین بکرێت، ژنان ناچار نەبن بە هۆی نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ و بە
ناچاری جیانەبنەوە و هەموو توندوتیژییەکی دەروونیی و جەستەیی قبوڵ
بکەن.
گوێنەدان بە هەست و سۆزی ژنان و گرنگنەبوون هەست و خۆشەویستی و
لەزەتکردن لەیەکتری لە پرۆسەی هاوسەرگیرییدا، کپکردنەوەی هەستەکانی
مێینە بە هۆی خەتەنەکردنەوە هۆکاری تری دروست بوونی ناکۆکی و
توندوتیژیی و گەرمکردنی بازاڕی لەشفرۆشیین. لەکاتێکدا کە خۆشەویستی لە
خێزاندا بەرجەستە نەبوو، ژن و پیاو نەیانتوانی وەڵامدەرەوەی هەستەکانی
یەکتری بن و بەتایبەت ژنان بەهۆی خەتەنەوە ئەم پێویستیە مرۆییانەیان
لێسەندراوەتەوە، ئەوە دەبێتە سەرچاوەی لە یەک تێنەگەیشتن و
بەرهەمهێنانی توندوتیژیی لەخێزاندا. وە بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای
کوردستان کۆمەڵگایەکی پیاوسالارییە پیاوان ئازادن لەوەی کە لە دەرەوەی
ماڵەوە لەش بکڕن ئەوەش بازاری لەشفرۆشیی گەرمتر دەکات.
هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەکردەوە دیاردەی توندوتیژیی
ئیدانە نەکردووە و دەتوانین بڵێین زۆرترین توندوتیژیی بەرامبەر مێینە
ئەنجامدەدرێت، هەر لە خەتەنەکردنی منداڵانی کچەوە بیگرە تا دەگاتە بە
شودانی منداڵان، دەستدرێژیی و تەحەروشی جنسی، بەزۆر بەشودان، لێدان،
چەند ژنە، نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ و بەربەستەکانی بەردەم جیابوونەوە
و گرفتەکانی دوای جیابوونەوە.
من پێموایە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا قسەی زۆر کراوە دەربارەی
توندوتیژیی، شێوە و هۆکارەکانی. من دەمەوێت لەم نووسینەدا تیشک بخەمە
سەر کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی توندوتیژیی.
سیستەمی سەرمایەداریی هەمیشە هەوڵیداوە مرۆڤەکان وەکو کاڵایەکی بێبایەخ
سەیر بکات، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی بیانکاتە سەرچاوەی سود بۆ
کەڵەکەکردنی قازانجی خۆی. لە دوو دەیەی ڕابردودا یەکێک لەو دیاریدانەی
کە لە سەرتاسەری عیراق گەشەیکردوە وە کوردستانیش لێی بێبەش نەبووە
دیاردەی لەشفرۆشییە. دیارە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی
ئارامیی و کاریگەریی بارودۆخە سیاسیەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی
و سەقامگیرنەبونی بارودۆخی ئابوری. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانەی کە
دەربارەی لەشفرۆشیی کراون لە کوردستاندا زۆربەی ئەو ژنانەی کە بونەتە
قوربانی باندەکانی لەشفرۆشیی و تێکەڵی ئەم بازارە بوون، کەسانێکن کە
قوربانی توندوتیژیین. ئەو ژنانەی کە ئیتر نەیانتوانیوە بەرگەی ئازاری
دەروونیی و جەستەیی بگرن و جێگاو ڕێگاو سەرپەنایەکیان نەبووە یاخود
هاوسەر یان دایک و باوکیان لەدەست داوەو هیچ سەرچاوەیەکی ئابوورییان
نەبووە، بە ناچاریی روویان لەم بازاڕە کردوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی
خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن.
بەپێی پەرتووکی ئۆقیانۆسێک لە تاوان کە
لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی ئەم دیاردەیە و لە لایەن بەڕێز خەندان جەزاوە
ئەنجامدراوە، باندەکانی لەشفرۆشیی لە هەموو شوێنێک ئامادە و بوونیان
هەیە، لە گەراج و شەقامەکان، خەستەخانە و سالۆنەکان لە هەمووشی
ترسناکتر لە زیندانەکان. کۆمەڵێک ژن و کچ کە بە هۆی توندوتیژیی
خێزانیەوە کەوتونەتە سەر شەقامەکان و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون
لەبری ئەوەی جێگاو ڕێگاو شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینبکرێت و کۆمەکی
دەرونی بکرێن و یارمەتیبدرێن بۆ دەستکردن بە خوێندن و پەیداکردنی کاری
گونجاو، لە زیندانەکاندا توشی داوی باندەکانی لەشفرۆشیی بوونە، یاخود
ژنانێک کە لەژێر یاسای زینا زیندانی کراون و کەسوکاریان ئامادە
نەبوونین جارێکیتر بیانگرنەوە خۆیان دیسانەوە نێچیری باش بوون بۆ
باندەکانی لەشفرۆشیی.
هەر بۆیە من پێموایە یەکێک لە بنەڕەتی ترین کۆڵکەکانی کەمکردنەوەی
توندو تیژی لەسەر ژنان سەپاندنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بەهێزە کە
ئابووریی و کەسایەتی و شکۆمەندیی ژنان بپارێزێت و جارێکی تر ژنان
نەکاتەوە قوربانی خۆی و نەخوازراو وەک و کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێ
بکرێت یاخود لەژێر گوشاردا دەست بەرن بۆ خۆکوشتن.
بۆیە لە نائامادەیی سیستەمێکی گونجاو و کۆمەڵگایەکی تەندروست
توندوتیژیی پاڵنەرە بۆ لەشفرۆشیی.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|