په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٤

وەستانێک لە ئاست

ڕۆمانی ''خۆشەویستی لە ڕۆژانی بێکاریدا''ی ''واڵتەر گرینوود''.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شوێنکات لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا.


ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا؛ ڕۆمانێکی ناوازەی ڕۆماننووسی سۆشیالیستی بەریتانیی واڵتەر گرینوودە(١) کە لە ساڵی ١٩٣٢ نووسراوە و ساڵی ١٩٣٣ بڵاوبووەتەوە. ئەم ڕۆمانە وەک وەڵامێکی ڕۆماننووس بۆ قەیرانی بێکاری کە لە ئاستی لۆکاڵیی و نێودەوڵەتیدا لەپەرەسەندندابوو، نووسراوە. شوێنکاتی ڕۆمانەکە بریتییە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی کرێکاریی بەناوی هانکی پارک کە یەکێکە لە گەڕەکە کرێکارییەکانی شاری سالفۆرد لە باکووری بەریتانیا، کە زێدی ڕۆماننووس واڵتەر گرینوودە و نووسەر لەوێ لەدایکبووە و پەروەردە بووە. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە چەند ساڵ دوای ئەو مانگرتنە گشتییەکەی کرێکارانی بەریتانیا دێت کە لەساڵی ١٩٢٦دا، دەستی پێکرد. (٢)واتە ڕۆمانەکە شەش ساڵ دوای مانگرتنە گشتییەکە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە کرێکارییە وەکو دەقێکی نێو بزووتنەوەی ئەدەبی کرێکاریی بەریتانیا، چەند ساڵ دواتر دەکرێتە شانۆنامە و ئینجا فیلم و دەبێتە یەکێک لە کارە هونەرییە هەرە سەرکەوتووەکانی بواری شانۆ و فیلم و سینەمای کرێکاریی. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە سەرباری ئەوەی سەرکەوتنێکی ئەدەبیی و بازرگانی گەورە بوو، لەهەمان کاتیشدا کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر بۆچوونی خەڵکی بەریتانیا دانا سەبارەت بە قەیرانی دیاردەی بێکاری بەجۆرێک کە کاریگەری ئەم ڕۆمانە وای لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چاکسازیی لە سیستەمە ئابوورییەکەی، بەڵام لەبەرژەوەندی چینی کرێکار، ئەنجام بدات.
 

واڵتەر گرینوود

کاراکتەر و گرێچنەی ڕۆمانەکە.


بەوپێیەی لە سەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا، دوای دەیەیەک لە کۆتایهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، دۆخی ئابووری و ژیانی کرێکاران لە بەریتانیا بەگشتی لە دۆخێکی نالەبار وخراپدا بوو. سەعاتکاری زۆر، کرێی کەم، ناسەلامەتی شوێنی کار، بێکاری لەڕادەبەدەر، بەکورتی هەژاری و بەشمەینەتییەکی زۆر ژیانی خەڵکی داپۆشیبوو. لەو سەردەمە قەیراناوییەی سیستەمی سەرمایەداری بەریتانیادا، ڕۆمانێک دەنووسرێت کە گوزارشت لە ڕەهەندە نائینسانییەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نائینسانیی و ئەو ستەم و بێماف و پەژاراوییەی کرێکارانی بەریتانیا بوو. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، کارەکتەری کۆمەڵایەتی واقیعین و بریتین لە خێزانە چوار نەفەرییەکەی هاردکاسڵ کە لە گەڕەکی هانکی پارک دەژین کە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری سالفۆردە لە بەریتانیا. هارد کاسڵ بەخۆی کرێکارێکی کۆمپانیای کانی خەڵووزە؛ کرێکارێکی ناهۆشیار و پیاوسالارە و هاوژینەکەی ژنی ماڵەوەیە. منداڵەکانیشی، کوڕەکەی (هاری تەمەن حەڤدە ساڵی خوێندکاری زانکۆی لینکن) سەرەتا لە کۆگای بارمتەدانان و دواتر وەک یارمەتیدەری ئەندازیاری لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاریی دەست بەکار دەبێت. (سالی) کچیشی لە کارگەی چنین کرێکارە. دەروبەریشیان بریتین لە ژمارەیەک لە کارەکتەری ناسەرەکی (بەڵام ئەمانیش واقیعین) خەڵکی جۆراوجۆری وەک (لاری میس) ئاژیتاتۆری سۆشیالیست و (هێلن) کرێکاری کارگەی چنین و کۆمەڵێک ژنی تری بەتەمەن و سام گراندی سەرمایەدار، تۆم هەیر و سام هاردی و بیڵ سایمۆنس و جاک لیندزەی و جۆ ڕێجی فۆرمەن و کەیت و خاتوو بووڵ و خاتوو جایک و هەڵگینتن خانم و ناد نارکی و سام گواند و ..تاد، هەموو ئەم کارەکتەرانە جگە لە ناد نارکی پاڵەوانی جەنگ و گیرفان گەرم و و سام گراندی خاوەن سەروەت و سامان، ئەوانیتر هەموو نوێنەرایەتی ئابووری چینی کرێکار دەکەن کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئابوورییەوە، دووچاری زیانی سیاسی و ئابووری زیاتر و زۆرتر دەبن.


ڕۆمانەکە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی سەرەکی فۆکسی لەسەر هاری هاردکاسڵی حەڤدە ساڵە؛ کە لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە قوتابخانەی بەجێهێشتووە و ماوەی دوو ساڵ لە کۆگایەک کاری کردووە، کارێک کە ئارەزووی لێنەبوو بەشێکی لەبەر ئەوەی دەبوو ڕۆژانی شەممە کار بکات و بەمجۆرە نەیدەتوانی هاوڕێکانی ببینێت و کاتێکی خۆشیان لەگەڵدا بەرێتەسەر، بەشێکی تریشی لەبەر ئەوەی هەستی دەکرد ئەو کارە، لەبنچینەدا کاری پیاوان نییە. چونکە بەڕاستی موشتەرییەکان هەموویان ژن بوون. پاشان هاری بەڕاستی دەیویست و خوازیاری ئەوە بوو کاری ئەندازیاریی کار بکات و بەم شێوەیە چارەنووسی خۆی وەک ئەندازیارێک دیاری بکات. بۆیە سەرەنجام پاش هەوڵێکی زۆر دەتوانێت وەک یارمەتیدەری ئەندازیار دەست بەکاربێت و پاشان ئەزموون بەدەست بهێنێت و ببێت بە ئەندازیارێکی شارەزا. هاری سەرەتا وای هەست دەکرد کە هەموو شتێک بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و هیچ پێویست ناکات جارێکی تر خەمی ژیان و خەمی نانی سبەینێی بێت.

 

هەروەها هاری لەسەرەتای بێکاربوونیدا بەڕێکەوت لە گرەوێکی براوەی هاوشێوەی قوماردا پشوویەکی کورتی کەنار دەریای لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی (هێلین کە ئەویش وەکو سالی خوشکی هاری کرێکاری کارگەی چنینە) بۆ دەستەبەر دەبێت، بەڵام زۆری پێناچێت و دوای ئەو پشووە کورتە مۆتەکەی بێکاری دەست دەخاتە بیناقاقای ژیانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵ نادات و پێیوایە کە دەتوانێت کارێکی دەستبکەوێت، دەچێت هەموو شارەکە پەی دەکات و بەدوای کاردا دەگەڕێت، سەرەنجام بێهیوا دەبێت و کاری دەست ناکەوێت. لێرەوە و لەژێر فشاری ئەو بێکاربوونەدا کۆشکی خەیاڵی ژیانی هاری بەرەو داڕمان دەچێت و ئیتر لەوساتەوە ترووسکەی هیچ ئەگەر و ئەلتەرناتیڤێک و ئاسۆیەکی ڕووناک لای هاری نابینرێت. هێلینی کچە هاوڕێشی لەدوای پەیوەندییەکی سۆزداری کەم، دووگیان دەبێت. ئەمەش بۆ ئەو قۆناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوسای خەڵکی بەریتانیا و خێزانی هاردکاسڵ ( دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم) مایەی ئیحراجی کۆمەڵایەتی بوو. سەرەنجام هاری لەگەڵ باوکیدا تووشی گیروگرفت و دەمەبۆڵە دەبێت لەسەر ئەوەی کاردکاسڵ بە خۆشەویستەکەی هاری کوڕی دەڵێت (سۆزانی!)، بۆیە هاری سەرەنجام بەتووڕەیی دەرگای ماڵ لەدوای خۆی دادەخات و ماڵ بەجێدێڵێت، ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە پەشێوتر دەکات و شیرازە کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر تێکدەچێت. ئەم ماڵ جێهێشتنەی هاری وەک یەکێک لە کارەتکەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە جۆرێک لە گۆشەگیری کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. هاری و هێڵن و مناڵە ساواکەیان لە ژوورێکی کۆن و پەرپووت ژیان دەگوزەرێنن. دوو لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی هاری دەکەونە زیندانەوە و جاک لیندزەیش دەبێتە سەرباز. بەگشتی ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی هاری ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەشێوێت.

کۆمپانیای کانی خەڵووز هەفتەی کارکردنی بۆ سێ ڕۆژ کارکردن کەم دەکاتەوە و پاشان بەتەواوەتی دادەخرێت لەشکرێک لە کرێکارانی کانەکان ( دوانزە هەزار کرێکار) لەنێویشیاندا هاردکاسڵ بێکار دەکرێن، بێئەوەی هیچ بیمەیەکی بێکارییان پێڕەوا ببینرێت. زاڵمی کۆمپانیا لەوەدایە کە هەزاران کرێکار بێکار دەکات لە کاتێکدا دەیان ئامێری نوێی کارکردن هێنراوەتە کارگەکەوە. هاردکاسڵ لە بیمە بێبەش دەکرێت بەبیانووی ئەوەی کچ و کوڕێکی کار دەکەن. کاتێک کوڕەکەشی هاری بێکار دەکرێت، ئەویش هیچ بیمەیەکی بێکاری نادرێتێ بەبیانووی ئەوەی خوشکەکەی کار دەکات. بەمجۆرە ئەو خێزانە بێکار و بێ داهات دەبن. (سالی)ی کچی هاردکاسڵیش دڵخوازی کوڕە شۆڕشگێڕی سۆشیالیست و هەڵسوڕاوی حیزبی کار(٣) (لاری میس) و پێکەوە نەخشەی هاوسەرگیرییان داڕشتووە، بەڵام پلانی هاوسەرگیرییەکەیان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەهۆی ئەوەی لاری کارەکەی لەدەست دەدات. سالی ئامادەیە لەگەڵ خۆشەویستەکەی(لاری) بژێت و گوێ بەقسە و قسەڵۆکی خەڵک نەدات، بەڵام لاری ڕەتی دەکاتەوە بەوجۆرە بژێت. لاری میس خەباتگێڕێکی سۆشیالیست و ئەندامی حیزبی کار لە کاتی ڕێپێوانی بێکاراندا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا و کەلەسەر بانگەوازی بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار(٤) هاتە ئەنجامدان، سەباری ناجێگیریی باری تەندروستی و نەخۆشبوونی بە سەرما و کۆخە، دەستبەرداری ڕابەرایەتیکردنی ئەو نارەزایەتییە چینایەتییە نابێت. ئەو بە وشەی(هاورێیان) دەست پێدەکات و کاتێکیش بێکارانی ناڕازی بە دروشمی ( خەزێنەی بیمە هیچی تیا نییە، دەست لە دزینی قووتی خەڵک هەڵگرن) و بە هەڵکردنی ئاڵای سوور، بەڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی شارەوانی شاری ساڵفۆرد بەڕێدەکەون تا چاویان بە لێپرسراوی شار بکەوێت. لێپرسراوی شاریش ئامادەیی دەربڕیبوو کە نوێنەرانی خۆپیشاندانەکە ببینێت. بەڵام کاتێک دەگەنە نزیک باڵەخانەی شارەوانی و لەبری بینینی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی کە شەش کەس دەبن، هێزەکانی پارێزەری سەرمایەداران(پۆلیس) لە پلانێکی ئامادەکراو و داڕێژراودا هێرش دەکەنە سەر نوێنەرانی خۆپێشاندەران و لەم ساتەدا هەردوولا، لایەک ئامادە و ساز و لایەکیش بەنیازی چارەسەری کێشەکانیان و ئاشتیخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و بەگژ یەکتردا دەچن و شەڕی دەستەویەخە ڕوو دەدات ، لەم شەڕ و پێکدادانەدا لاری میس بە شێوەیەکی زۆر خراپ بریندار دەبێت و یەک دوو ڕۆژ دواتر بەهۆی ئەو بریندابوونەیەوە گیان لەدەست دەدات. (سالی)یش سەرەتا لە ناچارییەکی بێئەندازە سامناکدا دەژێت و هیچ مەیلێکی نابێت بۆ داواکانی سام گراندی خاوەن سامان کە دەیەوێت بەزەبری پارە سالی تەفرە بدات و بیخوازێت و بیکاتە هاوسەری خۆی، بەڵام پاشان سالی بە دوودڵی و ناچاری ئابوورییەوە مل بەو دۆخە ناهەموارە دەدات خۆی ڕادەستی سام گراندی دەکات. سەرەتا داوای پارە لەسام دەکات و دوواتر ڕازی دەبێت ببێت بە هاوژینی (سام گراندی)، ئەو پیاوە سەرمایەدارییە دەوڵەمەندەی شار. ئەم قوربانیدانە ناچارییەی سالی تەنها و تەنها بۆ ئەوە بوو کە بتوانێت یارمەتی خێزانەکەی بدات تا لەو دۆخە ناهەموارە ئابوورییە، ڕزگاریان بکات. ساڵی پارەی بۆ دایک و باوکی و هاری برای دەستەبەر دەکات. بەڵام هاردکاسڵی باوک بەو هەڵوێست و تەسلیمبوونەی کچەکەی تووڕە دەبێت و سەرکۆنەی کچەکەی دەکات تا کار دەگات بەوەی دەست لە جەرگی خۆی، کچەکەی بەرز بکاتەوە و زللەیەکی لێبدات و پێی دەڵێت بڕۆ جارێکی تر نامەوێت بتبینمەوە. سالی لەم ساتەدا بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت تۆ هاریت دەرکرد و ئێستاش من دەردەکەی. لێرەدا بەم زللە لێدانە هێڵی درامی ڕۆمانەکە دەگاتە چڵەپۆپە و نووسەر زۆر ورد لەڕێگەی کۆمەڵێ وەسفی زیندووەوە وێنەیەکی بێهاوتای ئەو دۆخە چینایەتییە پڕ لەنەهامەتییەی ژیانی کرێکارانی ساڵفۆردی بەریتانیامان نیشان دەدات.

ڕۆمانی (خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا) بەپێی ڕەگەزە هونەریی و ناوەڕۆکە سۆشیالیستییەکەی، دەقێکە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ژیان و خەباتی کرێکارانی ئەو قۆناغەی کۆمەڵگەی بەریتانیایە. جیهەتگیری چینایەتی لەم ڕۆمانە جیهەتگیرییەکی کرێکارییە و هێندە ڕوونە کە کەسێکی وەک ئەی جەی پی تایلەری مێژوونووسی بەریتانی بڵێت (شێوازی ژیان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لە نووسینی واڵتەر گرینوود کو یەکێکە لەو ڕۆمانە دەگمەنە بەڕاستی پرۆلیتارییانەی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە.)(٥). هەر ئەم جیهەتگیرییە چینایەتییە وا دەکات ماسیۆ گاوگان کە لە ژمارەیەک نووسین و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەکانەوە کە بۆ ڕۆمانەکە کراون، بگات بەوەی باوەڕەی کە بڵێت(ئەم ڕۆمانە نوێنەرایەتییەکی دڵسۆزانەی بێکاران و بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستییەکانی خەباتی کرێکارانە. (٦) شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا هەر زوو سەرنجی نووسەران و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەوەش گرنگتر سەرنجی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی شۆڕشگێڕەی ( چینی کرێکار) ڕاکێشا کە تێدەکۆشا بە شکۆ و لێهاتووییەوە دەست و پەنجە لەگەڵ هەژاری و نەداری و نەهامەتی ژیان نەرم بکات.

زمانی ڕۆمانەکە.


زمان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، زمانێکە لەئاست دەق و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەدایە. والتەر گرینوود لەم ڕۆمانەیدا کەیەکەمین ڕۆمانییەتی، ئاستی زمانی نووسینی نەهێناوەتە خوارەوە. بەپێچەوانەوە زمان لەم دەقەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە وەسف و دەرخستنی شوناس و ماهییەتی کارەکتەر و دۆخ و ئەتمۆسفیری دەقەکە. نووسەر لێهاتووانە زمانی بەپێی مەوقیعییەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان دیاریکردووە. بەواتایەکی تر زمان لەم ڕۆمانە نەکراوەتە قوربانی هیچ ڕەگەزێکی هونەری، بەڵکوو هەموو ڕەگەزەکان لەڕێگەی شائەرکی زمانی ڕۆمانەکەوە بە ئاستێکی بەرزتر و باڵاتر سپێردراون. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە ، هەمان زمانی ئەدەبییاتی سەرەتای سەدەی ڕابردووە، کە بەبەراورد بە زمانی ئینگلیزی ئێستا، جیاوازییەکان بەڕوونی دەبینرێن. نەک هەر ئەوەش بگرە زمانی کرێکاریی ئەو سەردەمەیە بەهەموو قسەی نەستەق و پەند و ئیدیۆم و میتافۆرە باوەکانییەوە. لێهاتوویی نووسەر لێرەدا دەردەکەوێت کە شارەزایانە زانیویەتی هەر کارەکتەرێک دەبێت چۆن بدوێت و چ شێوازێکی گفتوگۆ و قسەکردن بەکار بهێنێت. بۆیە دەبنین زمانی ڕۆمانەکە، هەمان زمانی سادەی ڕۆژانەی بەکارهاتووی نێو کۆڕ و کۆمەڵی کرێکارانی سەرەتای سەدەی بیستەمی بەریتانیایە. زمانێک کە لەیەککاتدا زیاتر لە ئەرکێک ئەنجام دەدات. ئەرکی دەرخستنی شوناسی کارەکتەرەکان و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەرکی گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەو پەیامە سیاسییە چینایەتییەی کە دەقەکە هەڵگریەتی. واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس زۆر سەرکەوتووانە زمانی لەجێگەی خۆی بەکارهێناوە و توانیویەتی ئەوەی مەبەستییەتی بیپێکێت.

ڕۆمانەکە و ڕەنگدانەوەی دۆخی سایکۆلۆژی چینایەتی بێکاران.


واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس؛ تێگەیشتنێکی ورد و دروستی لەسەر دۆخی سایکۆلۆژیای چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی هەبووە و لەم ڕۆمانەیدا زۆر زیرەکانە ئیشی لەسەر ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە سایکۆلۆژیاییە کردووە. ڕۆمانووس ئاگایی سیاسی چینایەتی کارەکتەرەکانی ناسیوە و بەرجەستەی کردوونەتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ئاوێنەیەکە ڕێک بەباڵای هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی بەریتانیی سەرەتای سەدەی بیستەم. زمانی کارەکتەرەکان و هەڵسوکەوت و تێڕوانینی سیاسییان و تێگەیشتن و ناسینی خۆیان کۆی ئەو ئاماژانەن کە نووسەر توانیویەتی سەرکەوتووانە بەرهەمێکی ئەدەبیی(ڕۆمانێک) بنووسێت کە بەمانای وشەکە واقیعی بێت، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو ئەو واقیعیبوونەی ڕۆمانەکەش لە دیدێکی سۆشیالیستانەوە داڕێژراوە. گرینوود نووسەرێکی مارکسیستی سەردەمی خۆی بوو بۆیە دەردە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەچەشنی بێکاری لەڕادەبەدەر و نەبوونی بیمەی بێکاری و سەعات کاری زۆر و هەقدەستی کەم و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و فەرهەنگی پێویست و لەسەرووی هەمووشیانەوە نامۆبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی پارە و هێزە سەرکوتگەرەکانی سوپا و پۆلیس و دەوڵەتی ناسیوە و لێرەشەوە و لەڕێگەی ئەو مەعریفە چینایەتییەوە توانیویەتی تۆن و میزاجی کارەکتەرەکان، هێمنی و بێدەنگی هەندێکیان، پیاوسالاری بۆرژوازییانە و تووڕەبوون و بەرز و نزمبوونەوەی تێمپەر و ناسینی دیاردەکان و وشیاری و ئاگایی ..تاد، هەموو ئەمانە بەیەکەوە وێنای ئەو دۆخ و هەلومەرجەی پێ بکات کە سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەخوڵقێنن. بەم پێیە گرینوود هەر تەنها نووسەرێک نییە و بەڵکوو وەک سایکۆلۆژیستێکیش وێنای هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکە کردووە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە چینایەتییە سۆشیالیەتییەی گرینوود کە مێژووی ئەدەبی بەریتانیی تا ئەمڕۆش شانازی پێوە دەکات. پێگەی ژن و خێزان و وابەستەبوونی منداڵ بە خێزان و باوکسالاری و گۆشەگیریی و هاوڕییەتی و خەبات لە ڕۆمانەکەدا بەجۆرێک نەخشێنراون کە یارمەتی خوێنەر دەدەن کە زۆر بە ئاسانی ئاستی کلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغ و سەردەمەی کۆمەڵگەی بەریتانیی بناسێت.

ئەم ڕۆمانە چۆن کرا بە شانۆ و فیلم؟


دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لەساڵی ١٩٣٣، ناوبانگ و سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا و بووە پڕفرۆشترینی کتێبی ساڵ. ساڵی ١٩٣٤ لەڕێی شانۆنامەنووس ڕۆناڵد گۆو ئەم ڕۆمانە بۆ شانۆ ئامادەکرا. یەکەمین نمایشی ئەم شانۆیە لەسەر تەختەی شانۆی مانچستەر ڕیپەرتۆری بوو. قسەکردن لەسەر تەوەرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان لە بەریتانیا لەڕێگەی هونەرەوە شێوازێکی تازە بوو لەسەر قۆناغ و سەردەمەکە. شانۆنامەکە بەهۆی دوو تیپی جیاوازەوە لەتەواوی بەریتانیا و پاشانیش لە لەندەن و پاریس و نیۆیۆرک، نمایشکرا. ئەمەش بووە هۆی ناووناوبانگی زیاتر بۆ واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس، چونکە ئەم شانۆنامەیە تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٥ ملیۆن و نیوێک و تا ساڵی ١٩٤٠ لە بەریتانیا نزیکەی سێ ملیۆن بینەری هەبووە. ساڵی ١٩٦٧ وەک شانۆنامە لە تەلەفیزیۆن تۆمار کرا. مۆسیقای ئەم دەقە شانۆییەش لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن تێری هەگس و ڕۆبەر گرەی و ئاڵن فلەکەوە ئامادەکرابوو. لەبواری سینەماش ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٤٠ هەوڵێک درا بکرێتە فیلم بەڵام بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی(٧) ڕێگەی نەدا و پرپۆزڵەکەی ڕەت کردەوە بەبیانووی ئەوەی (چیرۆکێکی قێزەوەنە لە هەلومەرجێکی قێزەوەندا)(٨). دواجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ دا، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبوو، ئەم ڕۆمانە سۆشیالیستییە کرێکارییە بە پرپۆزڵێکی هاوشێوەی جاری یەکەم لەڕێگەی وەزارەتی ڕاگەیاندنەوە ڕەزامەندی لەسەر درا و لەلایەن دەرهێنەری سینەمایی (جان باکستەر)ەوە کرایە فیلم. بۆڵتنی مانگانەی فیلم وەک گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەی هونەریی هاوچەرخ پێیوایە فیلمی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا (فیلمێکە لە ڕیزبەندی باشترین ئەو فیلمانەی کە تا ئێستا بەرهەم هێنراوە. دەرهێنانەکەی نایاب و وێنەگرتنەکەشی جێگەی ستایش و گروپی کاستیش تابڵێی باش بوون).(٩)هۆکاری سەرەکی لەپشت سەرکەوتنی ئەم دەقە، وێناکردنی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی ژیانی چینی کرێکاری بێکارکراوی بەریتانیا بوو کە چۆن لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداراندا، تاریکترین ژیانی پڕ لە نەهامەتی و سەرکوتیان بەسەر بردووە.

دوا قسە.


ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ڕۆماننووسی کرێکاریی بەریتانی واڵتەر گرینوود، وەک دەقێکی واقیعی و خەباتکارانەی سۆشیالیست کە گوزارشتە لە ژیان و خەباتی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم، گەرچی بۆرژوازی ڕێگری لێکرد و هەوڵیدا بڵاونەبێتەوە، بەڵام ئاستی هونەریی و ناوەڕۆکی خەباتکارانەی ڕۆمانەکە سنوورەکانی هەوڵەکانی بۆرژوازی بڕی و بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێب لە بەریتانیا. دواتریش سەرباری هەر سانسۆر و ڕێگرییەک بۆ شانۆ ئامادەکرا و پاشانیش کرا بە فیلم و تا ئێستاش بەهەزاران خوێنەر و بینەری هەبووە و هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەرکات ئەدەب و هونەر لە جەرگەی خەبات و ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناو کۆمەڵگە ئامادەیی هەبوو، ئەوا ئەو ئەدەب و هونەرە جێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان کرێکار و ئینسانی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی ڕێگای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، شاکارێکە دەبێت هەموو کرێکارێک بیخوێنیتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک بێت وەربگێردرێتە سەر زمانی کوردی و خوێنەری کوردزمانیش لەم شاکارە ناوازەیە بێبەش نەبێت. خراپیش نابێت ئەم کورتە نووسینە بەو وەڵامەی لاری میس نوێنەری بێکارانی خۆپیشاندەران و پاڵەوانی سۆشیالیستی ڕۆمانەکەی واڵتەر گرینوود کۆتایی پێبهێنین کە لە بەرانبەر قسەی لێپرسراوێکدا کە دەڵێت بەرپرسان ئامادەنین کاروبارە گرنگەکانیان دوابخەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی بێکاران ببینین، لاریش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت(هیچ کاروبارێک لە کاروباری پرۆلیتاریای برسی گرنگتر نییە).(١٠)
_______________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) واڵتەر گرینوود(١٩٠٣-١٩٧٤)؛ ڕۆماننووسی بەریتانی لەخێزانێکی کرێکاریی سەر بە بیروباوەڕی سۆشیالیستی( باوکی سەرتاش و دایکیشی لە چێشتخانەیەکدا وەک بەردەست کاری کردووە)، لەدایک بووە. بنەماڵەی دایکی گرینوود سەر بە ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هەروەها وەک باوەڕیش سۆشیالیست بوون بەجۆرێک کە دایکی گرینوود ڕەفی کتێبخانەکەی باوکی گرینوودی بە کتێبی سۆشیالیستی پڕکردبووەوە. گرینوود لە کاتی بێکاریدا بۆ حیزبی کار، کاری کردووە. دوای ئەوە دەبێتە ڕاوێژکار و دەست دەکات بەنووسینی کورتەچیرۆک. پاشان بێکار دەکرێت و ئینجا بیمەی بێکارییەکەشی دەبڕن. گرینوود لەیاسا و ڕیساکانی ئەوکاتی بۆرژوازی بێزار دەبێت، لەساڵی ١٩٢٩ دوای ئەوەی هەقی سێ مانگ مووچەی وەک تاپسیت نادرێتی، ئەویش ئامێری تایپکردنەکە لە کۆمپانیاوە دەبات بۆ خۆی و دەست دەکات بە نووسینی چیرۆکی خەڵکی بەشمەینەتی هانکی پارک. ساڵی ١٩٣٢ لەکاتی بێکاریدا، گرینوود یەکەمین ڕۆمانی خۆی، خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا دەنووسێت. گرینوود یازدە ڕۆمان و سێ کتێبی نووسین و یادەوەری بڵاودەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئامادەکراون بۆ شانۆ و کراونەتە فیلم. گرینوود لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا، لەساڵی ١٩٧٤ بە مێژوویەکی گەشاوە و پڕ لە شانازی چینایەتییەوە بۆ هەمیشە ژیان و خەبات و نووسین لەپێناو ئینسان، جێدێلێت.
(٢) مانگرتنێکی گشتی بوو کە لە بەریتانیا ئەنجامدرا، لە چوار تا دوانزەی ئایاری ١٩٢٦ خایاند و لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی گشتی کۆنگرەی سەندیکاکانەوە بانگەوازی بۆ کرا. ئەم مانگرتنە مێژووییە لەلایەن کرێکارانی بەریتانیاوە کە نوێنەرایەتی ناڕەزایی ملیۆنان کەسیان دەکرد وخوازیاری گۆڕانکاری بوون لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڕێوەچوو. هەرچەندە ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار کرێکار هاتنە سەر جادە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە بەدیهێنانی داخوازییەکانیان کە بریتیبوون لە ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی هەقدەست و باشتربوونی هەلومەرجی کار.
(٣) حیزبی کار؛ وەک حیزبێکی سیاسی سۆشیال دیموکرات ساڵی ١٩٠٠ لە بەریتانیا، دامەزرا. ئەم حیزبە لایەنگری بزووتنەوە سۆشیال دیموکراتەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان بوو. مێژوویەکی درێژی هەیە و بە گەلێ قۆناغ وئاڵوگۆڕدا تێپەڕیووە و هەتا ئەمڕۆش لەگۆڕەپانی سیاسی بەریتانیا بوون و چالاکی سیاسی هەیە.
(٤)بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار؛ ڕێکخراوێکی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا بوو و لەساڵی ١٩٢١ لەلایەن ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا، هاتە دامەزراندن. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە؛ ڕاکێشانی سەرنج بوو بۆ دۆخی نالەباری کرێکارانی بێکار لە قەیرانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و مانگرتنی گشتی ساڵی ١٩٢٦ و دواتر قاتوقڕییە گەورە و بەرەنگاربوونەوەی دەزگای پێدانی بیمەی بێکاری بوو لە بەریتانیا. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا ، واتە لە ساڵی ١٩٣٩ قەدەغە کرا و بڕیاری کۆتاییهێنان بەو بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٤٣دا، درا، دواجار لە ساڵی ١٩٤٦ هەڵوەشایەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین هەوڵ دراوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەم بزووتنەوەکە کە ئاخرینیان لە دەوروبەری ساڵی ١٩٩٢ بوو.
(٥) https://reading19001950.wordpress.com/2018/01/12/love-on-the-dole-by-walter-greenwood-1933
(٦) www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html

(٧) بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی؛ ڕێکخراوێکی ناحکومیی بوو کە لەلایەن پیشەسازی فیلمی بەریتانیاوە لە ساڵی ١٩١٢ دامەزرا و بەرپرسیار بوو لە پۆلێنکردنی نەتەوەیی و سانسۆرکردنی ئەو فیلمانەی کە لە سینەماکان و بەرهەمە ڤیدیۆییەکان نمایش دەکران و لە میدیای فیزیکی لە ناوخۆی بەریتانیا، بڵاودەکرانەوە.
(٨) www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html
(٩) The Monthly Film Bulletin, Published by The British Film Institute, Volume 8, No.88, April 1941, page 43.
(١٠) Love on the Dole, Walter Greenwood, Penguin Modern Classics. 1976, page 200. 


ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک