په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٦

لێکۆڵینەوە:

وردبوونەوە لە ئاستەکانی بونیادی زەمەنی گێرانەوە

لە شیعری سوبحی و سوهەیلەی ئازاد ئەحمەد ئەسوەددا.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کورتەیەک سەبارەت بە سروشتی پێکهاتەی دەقە شیعرییەکە.


ئەم شیعرەی ئازاد ئەحمەد ئەسوەدم یەکەمجار لە سایتی دەنگەکان بینی و خوێندەوە، پاشان بینیم لە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ بڵاو کراوەتەوە. (١) مێژووی نووسینی ئەم شیعرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ و لە ساڵی ٢٠١٥ تەواو بووە. واتە ئەم دەقە دەقێک نییە لە ساتێک یان ڕۆژێک یان هەفتەیەک نووسرابێتەوە، بەڵکو پرۆسەی نووسینەکە لە ژێر سەقفێکی زەمەنی درێژدا نووسراوەتەوە کە دوو ساڵی خایاندووە تا گەیشتووە نەو ئاستەی بخرێتە بەر دەست خوێنەر. دەقی سوبحی و سوهەیلە، شیعرێکی چیرۆک ئامێزە و ڕەگەزی گێڕانەوە تیایدا باڵایە و هەژموونی بەسەر کات و شێوازی گێڕانەوەکە و زمان و تەنانەت نوستالیژیای شاعیریشدا هەیە. کەوابوو ئێمە لێرەدا بەو ئەندازەیەی شیعرێک دەخوێنینەوە، بەهەمان ئەندازەش چیرۆکێک ڕاڤە دەکەین و شی دەکەینەوە. ئەمە تێکەڵییەکی بە ڕێکەوت نییە ئەوەندەی شاعیر ئاگایانە ئەم تێکەڵییەی ئەنجام داوە. پرۆسەی لێکهەڵپێکرانی دوو ژانری ئەدەبی(شیعر و چیرۆک) لە دەقێکدا، شیعرێکی حیکایەتئامێزی لێهاتۆتە بەرهەم، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لە دەرەقەت نەهاتنی ژانرێک لە ئۆبجێکتی دەق. بە وشەیەکی تر، دەتوانین بڵێین ئەم شیعرە تەنها ڕەگەزەکانی شیعر بەس نەبوون بۆ گەیاندنی دەقەکە بە ئاستی پێگەیشتن، بۆیە شاعیر پەنا بۆ ئەم شێوازە دەبات و ئەم ئەزموونە تاقی دەکاتەوە." تێکەڵکردنی توخمە جۆراوجۆرەکانی ژانرە ئەدەبییەکانی دی لەگەڵ شیعردا بۆ ئەفراندنی شیعرییەتی دەقەکە دەمانباتەوە سەر بەیەکداچوونی دەقەکان یاخود کۆکردنەوەی دەقەکان لە دەقێکدا بەمە شاعیری داهێنەر و لێهاتوو دەتوانێ دەقێکی هاوچەرخ و بڵێسەدار و تازە بەرهەم بهێنێ کە گوزارشت لە وێرانی و ڵێڵبوونی چارەنووسەکان و خەمە گەورەکانی ئەم چەرخە بکات".(٢) من پێموایە ئەم جۆرە لە خوڵقاندنی دەق، شێوازی دەست و پەنجە نەرمکردنی شاعیرە لەگەڵ ئاستە جیاوازەکانی بونیادی زەمەنی گێڕانەوە لە دەقدا کە دەکرێ وەک خەسڵەتێکی شاعیرانی نەوەی هەشتاکان لێی بڕوانین و کاک ئازادیش خۆی یەکێکە لە قەڵە جیدییەکانی نەوەی هەشتاکانی ئەدەبی کوردیی. " شیعری چیرۆکئامێز (narrative Poem) جۆرێکە لە ژانری شیعر کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە. چیرۆکێک وەک کورتەچیرۆک یان ڕۆمان کە شوێنکات و کارەکتەر و ڕووداو و ململانێی تێدایە. زۆربەی شیعری گێرانەوە زادەی خەیاڵن و هەندێکیان دەکرێ چیرۆکی جەنگ یان ژیاننامەی کەسێکی ڕاستەقینە بێت.(٣)سوبحی و سوهەیلە دوو کارەکتەری نامۆ نین، کەم گەڕەک لەم وڵاتی عێراقە هەیە دوو کارەکتەری لەم جۆرەی تیا نەبووبێ. دەقی سوبحی و سوهەیلە چیرۆکێکی کورتە و لە شیعرێکدا چر کراوەتەوە. بەڵام لێرەدا هەقی خۆمانە بپرسین هۆی چییە شاعیر پەنای بردۆتە بەر بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی هونەری گێڕانەوە لە شیعردا؟ تەوزیفکردنی هونەری گێرانەوە لە شیعر ئاسان نییە.چونکە ئەم تەوزیفکردنە شیعریەتی گێڕانەوە نییە. " هونەری گێڕانەوە لە شیعر زۆر جیاوازە لە شیعرییەتی گێڕانەوە" (٤) بەڵام ئەگەر بەدوای وێنەیەکی ڕۆشنی چیرۆک لەناو شیعردا بین دەتوانین بڵێین کە "مەبەست لە چیرۆک لەناو شیعردا بەکارهێنانی هەندێ ئامڕاز و گوزارشتە کە لە هونەرێکی تری وەردەگرێ(هونەری چیرۆک)، بێ ئەوەی ئامانجی نووسینی شیعری حیکایەتدار بێت" (٥) هونەری گێرانەوە لە ئەدەبیاتی گەلاندا لە مێژە دەستی بۆ براوە و ئەزموون کراوە، لەناو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیشدا نموونەی کۆن و تازە هەن کە ئەوانە زیاتر داستان (Epic) و حیکایەت دەگێڕنەوە یانیش چیرۆکە شیعر و ڕۆمانە شیعرن (٦). لەکاتێکدا ئەم نموونەیەی ئازاد ئەحمەد ئەسوەد وەرگرتنی(اقتباس)ی ڕەگەزەکانی هونەری گێڕانەوەیە لە شیعر، بەڵام لە پانتایی زەمەنی دەقەکەدا و لە ئاستگەلی جیاجیادا. دیارە بەو ئەندازەیەی ئەم (نمط) ە لە نووسینی شیعر بە فراوانی جێکەوتە نەبووە، بەو ئەندازەیەش ڕەخنەی ئەدەبیی زۆر کەم لای لەم مەسەلەیە کردۆتەوە.

گێڕانەوەی شیعریی.


لە هونەری گێڕانەوەدا چەند ڕەگەزێک لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هونەرە دێنە ئەژمار و بنەمای ئەو هونەرە پێک دێنن وەک نووسەر، خوێنەر، کارەکتەر، زمان). ئازاد ئەحمەد ئەسوەد هونەرمەندانە هاتووە ئیشی لەسەر ئەو چوار بنەمایە کردووە و لە هەمان کاتیشدا ڕەگەزەکانی تری هونەری گێڕانەوەی لە ئاستێکی هونەری باڵادا نمایش کردووە. سەرەتا ناوونیشانی (Title)ی شیعرەکە (سوبحی و سوهەیلە) زۆر سەرنجڕاکێشە و بایەخی خۆی هەیە. ئەم تایتڵە سادەیە، لە دوو ناوی ئاسایی پێکهاتووە کە لە یەکەمین تێراماندا چیرۆکی خۆشەویستی پانتایی خەیاڵی خوێنەر داگیر دەکات، بەڵام ئەم چیرۆکەی سوبحی و سوهەیلە لە سیاقی دەقەکەوە دەمانباتە بەردەم تراژیدیایەکی ئینسانی گەورە. دەمانباتە بەردەم دێوەزمەی جەنگ. جەنگیش وەک دەزانین ماشێنێکە ژیانی سەدان هەزار ئینسان بە خەون و هیوا و ئاواتەکانیانەوە دەهاڕێ. هەزاران گەنجی وەک سوبحی جوانەمەرگ دەکات و هەزاران عاشقی وەکو سوهەیلە بەدیار فرمێسکەکانییەوە پرچی سپی تەنیایی و کۆست کەوتوویان دەهۆننەوە. شاعیر چیرۆکێکی سادەی دڵداری یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هەڵدەبژێڕی و لە چوارچێوەی گەشتێکی زەمەنی، بەڵام تا بڵێی هونەریی و قەشەنگدا دەمانباتەوە دیوە پەنهانەکانی ژیانی عاشق و مەعشوقێک و لەوێشەوە بۆ نێو ژیانی هەزاران گەنجی خێرلەخۆنەدیوو. ئەمە ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییە کە ئەدەب لە کۆمەڵگە دەیگێڕێ. لێرەشەوە دەتوانین ناوی واقیعیبوون لەو دەقە بنێین کە هەر لە ئازاد ئەحمەد ئەسوەد دێت بەو جوانییە بگێڕێتەوە. ناوونیشانی ئەم دەقە شیعرییە نە فێڵێکی تەکنیکییە و نە هونەریی، بەڵکو کردنەوەی دەرگای لێکهەڵپێکرانی تێکست و تایتڵە. تایتڵ دەتوانێ کۆمەكی دەق بکات و دەقیش بێگومان بێ تایتڵ پایەیەکی لەق دەبێت.


ئازاد ئەحمەد ئەسوەد لەو دەقەدا زۆر دراماتیکیانە، هەر لەسەرەتای شیعرەکەوە خوێنەر لەگەڵ شوێنکات (Setting) ئاشنا دەکات. ئەو شوێنکاتەی کە کارەکتەری سەرەکیی دەقەکەی(سوبحی) هەنگاوی یەکەمی نمایشەکانی خۆی لێوە دەست پێدەکات.


شوێن تایەی پاسی سەر قیری داغ. سەگی زمان دەرهاتووی پەنا سێبەری گەرم. شوێن تەباشیری شلکێن لە کەناری شەقام. دەنگی ئوم کەلسوم لە چایخانەیەکی دارینی بە حەسیر داپۆشراو. بۆنی پیازو رۆنی قرچاو لە کۆڵانی تەنگ.(٧)


شوێن بریتییە لە شار، شاری کەرکووک و دواتریش لە سیاقی شیعرەکەوە و لە ئەنجامی بەکارهێنانی ڕستەی (بیر داها سەنی گوێرمەیەجەغەم) بە تورکمانی، عاشقی قۆریات، دەچینە سەر ناسینی شوێن کە گەڕەگێکی تێکەڵ لە کوردنشین تورکمان نشینی شاری کەرکووکە و کاتیش هاوینە. ئاماژەکانی هاوین بوون لە دەقەکەدا دیارن وەک قیری داغ و پەنا سێبەری گەرم. لەم شوێنکاتەوە یەکەمین دیمەن دەست پێدەکات کە کارەکتەر سوبحی تڕاڤۆڵتا ئاسا بە تەسجیلێکی گەورەوە بەبەردەم ماڵی سوهەیلەدا هاتوچۆ دەکات. ڕەگەزەکانی گێڕانەوە وەکو گرێچنەو کارەکتەر و شوێنکات و سەرباری بوونی هارمۆنی مۆسیقا لە دەقەکە لە ئاوێزانێکی سەیردان. لە شیعری گێرانەوە نووسەر یان شاعیر خوێنەر دەباتەوە ڕابردوو. ئیتر ئەو ڕابردووە دوور بێ یان نزیک. لە دەقی سوبحی و سوهەیلە، شاعیر خوێنەر دەباتەوە نیوەی دووەمی دەیەی حەفتاکان و سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی شاری کەرکووک، دەیباتەوە بەردەم چایخانە سەر بە حەسیر داپۆشراوەکان و کۆلانە قیڕەکان، چاوبڕکێی کوڕانی هەرزەکار لەگەڵ کچانی قوتابخانەی یانزەی ئازار.

نە ئەیویست لەسەر پردی میرابۆدا رێ بکات، نە گەشتی سەر یەختی ناو دەریای بەڵتیك بکات
تەنیا ئەیویست؛ بۆنی روومەتی ئەو بکاو لووتی لە لووتی بخشێنێ
بە دوو پەنجە برۆکانی بۆ رێک بخاو مستێکی نەرم لە ژێر چەناگەی بدات
لێو بە نەرمە گوێیدا بێنێ و، بە زمان ماکیاجی رووی بسڕێتەوە..
پایسکیلە کۆنە دەبڵ زەنگەکەی قڵپ ئەکردەوەو لەتوێی زنجیرە گریساویەکەی؛ ئەیڕوانی یە کچانی "١١ی ئازار (٨)

ڕووداوەکانی نێو ئەم دەقە شیعرییە هەر دەڵێی هونەری سینەمای کردۆتە بنەما و وێنەکان بەجۆرێک داڕێژراون کە لەوپەڕی سادەیی بەڵام بەوپەڕی هونەری ئاوێزان بە زمان، بوونەتە هۆکاری دەربڕینی پەیامی تێکستەکە. بە بۆچوونی من ئەمە کلیلێکە کە شاعیر دەرگای داهێنانی پێ کردۆتەوە. گرێچنە (Plot) بە جۆرێک دارێژراوە کە چارەنووسی کارەکتەر کەوتۆتە ژێر هەژموونی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شوێنکاتەوە. بە تایبەتیتریش کەوتۆتە ژێر هەژموونی زەمەنەوە،شاعیر کارەکتەرەکەی داوەتە دەست زەمەن و ڕووداوەکان بێئەوەی بتوانێ بچووکترین ڕۆڵی فریادڕەس ببێنێ.

بە تاکێ پۆستاڵ و پێ یەکی پەتی، ئەژنۆ زامدارو ناولەپ خوێناوی، لەسەر لمی داغ، بەناو تەلبەندی ژەنگاوی دا غاری ئەدا؛ خێسەی سینگ و رەشکەو پێشکەی بەرچاوی. مەتارەی قوپاوو قوتووە گۆشتی شکاوی سەر لم. جرجی تۆپیو بە تەڵەزمی گولللللللللللللللللللللللللللللللللللللللە تۆپ. چینکۆی قوڕاویی سەنگەری تەپیو. پورە زەردەواڵەی دەوری لاشەی لە بەتانی پێچراو.
سوبحی کەوتە ناو بۆسەی سوپایەکی ریشدارو، ئەسیر شود.(٩)

بەڵام زمانی دەق سادەکراوەتەوە بۆ ئاستێک بێئەوەی نە لە بایەخی زمانی شیعریی و نە لە شیعرییەتی دەقەکە کەم بکاتەوە. زمانی شیعریی (Poetry language) لەم دەقەدا چوونە دەرەوەی وشە مەئلوفەکانی ناو کایەی شیعری کوردییە. چوونە دەرەوەی بازنەی (بیابان و سەفەر و غوربەت و تەنیایی و گوناه و تاراوگە و تاد) یە و دەستبردنە بۆ ئەو وشانەی کە لەمێژە تەپوتۆزی دەسنەربردنیان لەسەر نیشتووە. زمانی دەقەکە زمانێکی شیعریی سادە و ڕەوانە. بێ هیچ زۆر لەخۆکردنێک دێرەکان نووسراون و خوێنەر کەمەندکێش دەکات. شاعیر کۆمەڵێ وشەی نا شیعریی (دیارە هەموو وشەیەک شیعرییەتی خۆی هەیە) بە هونەری نووسین گۆڕیوە بە وشەگەلی بارگاوی بە دەنگ . ئەمەش کەشفکردنی دیوی مۆسیقی و شیعریی وشەکانە و هەموو نووسەرێکیش لە توانایدا نییە کاری لەم جۆرە ئەنجام بدات.


ئینجا لێرەوە دەتوانین بگەین بەو ڕایەی کە ئەوەی ئازاد ئەحمەد ئەسوەد لەم دەقەدا کردوویەتی، ئاوێزانکردنی دوو جۆر هونەرە لە دەقێکی نوێدا. نووسینیش لە نێوان شیعر و چیرۆک، یان نووسینی چیرۆک لە شیعر ئاسان نییە و تیئۆریەکەشی " تیئۆری ئاوێزانکردنی جۆرەکانی ئەدەب بە گرنگترین تیئۆرییەکانی ئەم سەردەمە دێئە ئەژمار.(١٠)

تایبەتمەندییە هونەریی و ئیستاتیکییەکان.


دەقی سوبحی و سوهەیلە دەقێکی ئاسایی نییە تا خوێنەر لە پاش خوێندنەوەی فەرامۆشی بکات. بەڵکو دڵنیام تا ماوەیەک لە یادی خوێنەردا دەمێنێتەوە. بەتایبەتی ئەو خوێنەرانەی کە لە نزیکەوە لەگەڵ زەمەنی نێو حیکایەتەکانی ئەم دەقە ژیاون. واتە نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. لە دەقی سوبحی و سوهەیلە کۆمەڵی تایبەتمەندیم تێدا بەدی کرد کە دەکرێ بەمجۆرە ڕیز بکرێن :


یەک: وێنە شیعرییەکان (Poetic images)ی ئەم دەقە، گوزارشتن لە حیکاتەتێک، جا گرنگ نییە حیکایەتەکە کورت بێت یان درێژ، لە چ ڕابردوویەکدا ڕووی داوە، چ پاڵەوانێک ڕۆڵی تێدا بینیوە، بەڵکو حیکایەتێکە لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ ژیان. وێنەکان سادەن و یەک لەدوای یەک سینەما ئاسا دیمەنەکانی ژیانمان بۆ دەگێڕێتەوە.


دوو: ئەم دەقە دەقێکی زیندووە و کارەکتەرەکان ( بەتایبەتی سوبحی و زۆر کەمتر سوهەیلە)سەرباری هەر چارەنووسێک کە چاوەڕوانیان دەکات، پڕن لە ئینیرژی و جووڵە. هەردوو کارەکتەر و حیکایەتبێژ هەریەک خاوەنی کۆمەڵێ بەسەرهاتن. هەر دێرێک، هەر ناوێک چیرۆکێکی لە پشتەوەیە. هەر شوێنێک جێگای داستانێکی ئەوینداریی - تراژیدییە.


سێ: ئەم دەقە گەرچی لە ئاستی شوێندا لۆکاڵییە و تەواوی دیمەنەکان لە شارێکەوە (شاری کەرکووک) هەڵهێنجراون، بەڵام بە ڕایەڵەی زەمەنەوە، بازنەی شوێن (Place) تێکدەشکێنێ و دەپەڕێتەوە ناو پانتاییەکی گەورەتر لە شار و وڵات و لەوێوە بەرەو بان شوێن یان گەردوون( Universe).


چوار: بە کێشکردنی خوێنەر لە ڕێگەی ناوهێنانی چەند ناوێکەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی ژیان تام و چێژێکی تری هەبوو. ئوم کەلسوم، بیتڵز، تڕاڤۆڵتا، نەزار قەبانی، عەبدولحەلیم حافز، مارتین لوتەر گینگ، پردی میرابوا. سەنگام، ئەتلەنتیک، ئاشاپاریخ، ئالان دیلۆن، عومەر خورشید، لۆهاید. هەر تەنها کۆمەڵی ناو نین، بەڵکو کۆمەڵی دەلالەتن لە پەیوەندی نێوان هزری سوبحی و جیهانی دەرەوە. ئەو ئەگەر چی تەنها هۆشی لای سوهەیلە بوو و عەشقی سوهەیلە توانیبوو قۆرخی هەستی لاوێتی سوبحی بکات، بەڵام ئاگایی سوبحی زۆر لە ئاستی عەشقی سوهەیلە باڵاتر بوو. ئەو ئاگاییەکەی، ئاگایی کورێکی شار بوو کە هاتووچۆی سینەماکان دەکات، گوێ لە قۆریاتی تورکمانی و گۆرانی عەرەبی ئوم کەلسوم و عەبدولحەلیم حافز و گۆرانی هیندی ئاشاپاریخ و سەنگام دەگرێ، سەیری فیلمی هیندی و ئەمریکی دەکات و ئاشنایە بە ئاڵن دیلۆن و عومەر خورشید، شیعری شاعیری عەرەب نەزار قەبانی دەخوێنیتەوە. ئەم ناوانە هەر تەنها ناو نین، بەڵکو کۆمەڵێ وێنەی نووستوون یان جێگیرن لە نەستی خوێنەر بە تایبەتی لە نەستی نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. ئاماژەکردن بەم ناوانە، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژانی سینەماکانی عەلەمێن و خەیام و ئەتڵەس و سەلاحەدین و حەمرای کەرکووک، گەڕانەوەیە بۆ ناو نەست و جڵەوبەردانە بۆ ئەو حیکایەتانەی کە شاعیر دەیەوێ بۆمانی بگێڕێتەوە.

پێنج: لەم دەقەدا شاعیر لە ڕێگەی چەند ئاستێکی بونیادی زەمەنەوە توانیویەتی ئیش لەسەر ئیستاتیکای دەقەکە بکات و بە ئاستێکی جوانتری بسپێرێت. شاعیر شاقوڵیانە زەمەنی بەکار هێناوە بۆ ڕۆچوونە ناو ناخی کارەکتەرەکان و ئاسۆییانەش کارەکتەرەکانی بەستۆتەوە بە ڕووداوەکان و ژیان. واتە ئیشکردنی شاعیر لەسەر زەمەنی دەقەکە، ئیشکردنێکی هەڕەمەکی نییە ئەوەندەی بە هۆشیارییەوە توخمی زەمەنی وەک ڕەگەزێکی سەرەکی دەقەکە هەڵبژاردووە.


شەش:
ئەم دەقە هەنگاوێکی سەرەتایی و گەورەیە بۆ جێهێشتنی ئەو تێڕوانینەی کە پێیوایە ئەوەی بە شیعر ناتوانرێ دەربڕدرێ، بە چیرۆک گوزارشتی لێدەکرێ. ئەمە توانەوەی ژانرە لە ژانرێکی تر. ئەمە جێهێشتنی بۆشایی نێوان شیعر و چیرۆکە. ئەمە نیشاندانی ئەو پانتاییەی شیعرە کە چیرۆک لەخۆیدا دەشارێتەوە.

ئاستەکانی بونیادی زەمەنی گێڕانەوە.


لەشیعری سوبحی و سوهەیلەدا خوێنەر ڕووبەڕووی چەند ئاستێکی بونیادی زەمەنی جیاواز دەبێت لە هونەری گێڕانەوە کە شاعیر لە ستراکتۆری دەقەکەدا ئیشی لەسەر کردوون. ئاستەکانی زەمەنی گێڕانەوە تێکەڵی یەکترن و سنوورێکی دیار نییە لێکیان جیا بکاتەوە. بەڵام ئەگەر خوێنەر ورد شیعرەکە بخوێنێتەوە، دەتوانێ ئاستەکان ببینێت، کە بە خوێندنەوەی من ئاستەکانی زەمەن لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ڕووداوێکی مێژوویی گەورە چارەنووسی مرۆڤەکان لە دۆخێکەوە دەبات بەرەو دۆخێکی تر وەک بەرپابوونی جەنگ. ئێمە دەتوانین ئاستەکانی زەمەنی پێش جەنگ و زەمەنی دوای جەنگ وەک دوو ئاستی ئاسۆیی ببینین و بخوێنینەوە. لە هەمان کاتیشدا شاقووڵیانەش لەو زەمەنە بڕوانین کە ڕووپەڕی دەقەکەی داپۆشیوە.


یەک: ئاستی زەمەنی پێش جەنگ.


ئاستی بەدوای یەکدا هاتن یان ڕێکخستن. زنجیرەی زەمەنی ڕووداوەکان و بەدوای یەکداهاتنی ڕۆژەکانی ژیانی کارەکتەر وەک زەمەنی پێش جەنگ کە هەم شاقووڵیانە لەسەر ئاستی ناوەوە یان ئاستی کەسێتی و ناخی کارەکتەر و هەمیش ئاسۆییانە لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی یان جیهانی عەشق و خۆشەویستی کارەکتەرەکان ئیش دەکات.


ئەلیف: کارکردی بونیادی زەمەن بە شێوەی شاقووڵی: لەم ئاستەدا هەردوو کارەکتەری سەرەکیی دەقەکە لە زمانی نووسەرەوە(چیرۆکبێژەوە) خەریکی بنیادنانی جیهانی فەنتازیای خۆیانن. دڵی لێوانلێوە لە ئاوات و ئومێد. سوبحی دیار نییە باکگراوندی خوێندەوارییەکەیلە چ ئاستێکدایە، بەڵام قوتابییە. قوتابیش ئەو سەردەمەش بە هیچ جۆرێک لەسایەی سەری سیاسەتە دژە مرۆییەکانی حیزبی بەعس نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆی. کێ دەڵێ پۆلی شەشەمی وێژەیی نییە و لە تاقیکردنەوەکان خۆی ناهێلێتەوە تا ساڵێک لە سەربازی بە دوور بێت، بەڵام لەپڕێکدا بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس دەردەچێ و دەبێ بە سەرباز. بەڵام سوهەیلە خوێندکارە و بە دەستەوە گرتنی کتێبی گرامەر نیشانەی قوتابی بوونیەتی لە ناوەندی یانزەی ئازار.

سوبحی بە ریکۆردەرێکی زلەوە؛ ئەمسەرو ئەوسەری شەقامی دەیان جار تەی ئەکرد
پرچی وەکو بیتڵز دائەهێنا
وەك تراڤۆڵتا ئەڕۆیشت بەڕێوە
لەبەردەمی ماڵی سوهەیلەدا، دەنگی عەبدلحەلیم حافزی هەڵئەبڕی
دەستی بە قژە درێژەکەیدا ئەهێناو پیتی (S)ی زنجیرە زیوەکەی ملی بە لێوییەوە ئەنووساند
سوهەیلە؛ بە کتێبی گرامەرو، خەندەیەکی مۆنالیزانەوە،
سیمای کاڵی لە پشت پەنجەرەی تەڵخەوە دەرئەکەوت
لاجانگی ئەخستە پشت گوێی و، پەنجەی بە پیتی (S)ی ملوانکە ئەڵماسەکەیدا ئەهێنا.(١١).

کارەکتەری سوبحی لە ئاستی مەعشوقەکەی کارەکتەرێکە پڕ لە وەفا و خۆشەویستیی، کارەکتەرێکە پڕ لە خەون و شیعر، پڕ ڕەنگ و جوانی. لە ئاستی ناوەوە گێڕانەوە هاتووە تا ئاستی خۆشەویستی دیاری بکات و پلەیەکی بەرزی دراوەتێ.
ئەچەمی یەوەو پاکەتە مارلبۆرۆکەی گیرفانی ئەکەوتە سەر زەوی؛ تا لە بابووجە پەمەییە بێ پەنجەکەی سوهەیلە رامێنێ و روخساری تیا بشارێتەوە
بۆنی بکاو، پەنجەکانی پێی بکرۆژێ
سەری بە ناوقەدیەوە بنووسێنێ و توند بیگوشێ..
پرچ بژو تەڕ، دڵۆپە باران لە لووتیەوە بە لێزمە ئەچۆڕا
ئەیووت: بارانی کەرکووکە!
ئاووڕی نەئەدایەوە، نەك باڵای سوهەیلە لە نیگای راپسکێ
ئانیشکی رووشاوی هەڵئەبڕی: "سەر دیواری سەربان کەوتم"
قوتووی پڕ ئەکرد لە خۆڵ و چەگلی شوێن پێی سوهەیلەو، لووتی تیا ئەژەنی
بە پایسکیلەکەی پێچی ئەکردو، پێیەکی ئەخستە سەر شۆستەی ئەوبەری ماڵیان
ئەیووت: لەژێر ئەم شەقامەدا بمنێژن
ئەیووت: لاشەکەم بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی بەسەر ماڵەکەی ئەودا بیپرژێنن. (١٢).

ئەمە گەیشتنە بە قوربانی. گەیشتنە بە پلەی بینینی هەموو دونیا لەچاویلکەی خۆشەویستی سوهەیلەوە. ئەم عیشقە ئەگەر بڕێک بۆنی هەرزەکارانەشی لێبێت، بەڵام تا سەر ئێسقان ئینسانییە.

 


بێ: کارکردی بونیادی زەمەن بە شێوەی ئاسۆیی: لەم ئاستەدا پەیوەندی زەمەنی دەقەکە بەستراوەتەوە بە چرکە و دەقیقە و سەعات و ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵ بە درێژی دەقەکە کە بە دێر و ڕستەو لاپەڕە دەپێورێت. واتە مەودای نێوان سەرەتا و کۆتایی چیرۆکەکەی نێو دەقەکە، ئەم ئاستە یان ئاستی دەرەوە یان ئاستی گەڕەک و شار، گێرانەوەی کاریگەرییەکانی دەرەوەیە بەسەر کارەکتەرەکان بەتایبەتی سوبحی. چونکە هەرچەندە کارەکتەرەکان لە شار و لە فەزایەکی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کەرکووک دەژێن ، بەڵام پاڵەپەستۆی کلتووری و ئایینی و خێزان نابێت لەبەرچاو نەگرین. بۆیە سوهەیلە کەمتر دەکەوێتە بەر ئەو پاڵەپەستۆ زەمەنییەی دەق چونکە کچە و مێینەش لەناو کۆمەڵێ چوارچێوە قەتیسکراوی کلتووریدا گیری خواردووە. لێرە لە ڕێگەی گێڕانەوەوە بەریەککەوتنەکانی زەمەن و سوبحی لە شوێنگەلی جیاجیادا دەبینین. شاعیر بەهۆی هونەری گێڕانەوەوە لە ئاستی گەڕەک و شار هەڵوەستەی لەبەردەم هێما و ئاماژەکانی شار کردووە. وەسفی شار و گەڕەک و ماڵەکان و شەقامەکان. لێرەشەوە زۆر وەستایانە میزاجی شار (Mood) ی لە پەنای دێرەکان و سێبەری وشەکانەوە نەخشاندووە.


سوبحی (یان ئالان دیلۆنی گەڕەك) پێی لە قەراغی پەنجەرەیەكی نزم دائەناو
بە قەڵەم کاسێتەکەی عەبدلحەلیمی ئەگێڕایەوە
ملپێچەکەی وەکو قرەوێت ئەبەست و کاتژمێرەکەی وەرئەگێڕایە ژێر مەچەکی
جگەرەیەکی ئەخستە پشت گوێی و، قڕغن، بێهۆش، بە کۆڵانە خوارو خێچەکاندا ئەسووڕایەوە
دەستی بە مێخە زلەکانی دەرگا دارینەکەی ماڵیان دا ئەهێنا، داوی جاڵجاڵۆکە ئەلکایە پەنجەی، رایئەوەشاندو لە پانتۆڵەکەی ئەسوی
دەستی بە دیوارە رزیوەکەیان دا ئەهێناو رێڕەوی مێروولەی ئەگۆڕی
بە خەتیکی ناڕێک ئەینووسی:
نە یازوخ کی ئۆلەجەغەم
بیر داها سەنی گوێرمەیەجەغەم
(مخابن ئەمرم و/ ئیتر ناتبینمەوە)
شیشی مەرقەدی لاشەقامی توند رائەوەشاندو پەڕۆ سەوزەکەی بۆن ئەکرد
سێ چوار جیقنەی شل، بەر لەوەی بتکێتە سەر قۆندەرە جیڕەدارەکەی، بەر شان و یەخەی ئەکەوت
تاکە نەعلی وەرگەڕاوی راست ئەکردەوەو، پەنجا فلسییەکی ئەخستە ناو مشتی دەلی سەبیح. (١٣)


لەڕێگەی وەسفە سادەکانەوە شاعیر دەمانباتەوە نێو ئەتمۆسفیری کۆتایی دەیەی حەفتاکان. دەمانباتەوە لای چایخانەی سەر بە حەسیر داپۆشراو، کە دەنگی ئوم کەلسومی لێوە دەبیسترا، لای مەرقەدەکانی لا شەقام و سەر قەڵا و گۆڕستانەکان، ناز هەڵگرتنی دەلی سەبیح و دەلی مەحموود و دەلییەکانی تری کەرکووک. ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیی کۆمەڵایەتییە کە ڕوخساری ژیان بەو جۆرەی بووە دەردەخات. نیشاندانی پەیوەندە زیندووەکانی نێوان ئینسانەکان و ژیان لە دەقێکی ئەدەبیدا، گەڕانەوەیە بۆ بەرجەستەکردنەوەی بەهای ئینسانییەتی ئینسان کە ئەمەش خاڵێکی جوان و ڕۆشنە کە خۆشەویستی سێبەری خستۆتە سەر ئەم خاڵە.


دوو: ئاستی زەمەنی دوای جەنگ.

 

واتە ئاستی کۆی پەیوەندی دوبارەبووەوەی نێوان دەق و حیکایەت. زەمەنی دوای جەنگ، ئاستی ئەودیو سنووری دەرەوە یان ئاستی واوەتر لە شار. زەمەنی دوای جەنگ، زەمەنی دیاریکردنی چارەنووس و قەدەرە پێشبینی نەکراوەکانە. بە بۆچوونی من زەمەن لەم ئاستەدا زەمەنی هاتنە دەرەوەیە لە هێما لۆكاڵییەکان و پەیوەستبوونە بە گەردوونیەتی شتەکان. پەیوەستبوونە بە فەزای دەرەوەی شار و جیهانی ئاشنای لەوەوپێشی سوبحی. لەم ئاستە شاعیر لەسەر دوو ئاست ئیشی کردووە. ئاستی پێش مردن و ئاستی دوای مردن.


ئەلیف: ئاستی پێش مردن: لە ئاستی پێش مردندا، سوبحی بە هەندێ داوەوە بە جیهانی دەرەوەی خۆیەوە بەستراوەتەوە.
سوبحی (یان ئالان دیلۆنی گەڕەك) پێی لە قەراغی پەنجەرەیەكی نزم دائەناو
بە قەڵەم کاسێتەکەی عەبدلحەلیمی ئەگێڕایەوە(١٤)
شاعیر لە دووتوێی ئەم چیرۆکەی نێو شیعرەکەیەوە هەم ئاستی ئاگایی سوبحی و هەم پەیوەندی سوبحی بە جیهانی دەرەوە نیشان دەدات.
بە تاکێ پۆستاڵ و پێ یەکی پەتی، ئەژنۆ زامدارو ناولەپ خوێناوی، لەسەر لمی داغ، بەناو تەلبەندی ژەنگاوی دا غاری ئەدا؛ خێسەی سینگ و رەشکەو پێشکەی بەرچاوی. مەتارەی قوپاوو قوتووە گۆشتی شکاوی سەر لم. جرجی تۆپیو بە تەڵەزمی گوللللللللللللللللللللللللللللللللللللللە تۆپ. چینکۆی قوڕاویی سەنگەری تەپیو. پورە زەردەواڵەی دەوری لاشەی لە بەتانی پێچراو.
سوبحی کەوتە ناو بۆسەی سوپایەکی ریشدارو، ئەسیر شود.(١٥)
سوبحی لە ژیانی دوای جەنگ بەرپابوون ئیتر بێئومێد لە ژیان کەوتۆتە نێو قەفەسی سەربازیی و تروسکایی ژیانی بەستراوەتەوە بە ئاڕاستەی فیشەکێک کە لە ژیانی بێبەش نەکات. لە ڕووی شوێنیشەوە ئیتر کارەکتەر لەنێو شاردا نییە و خەندەق و سەنگەرە سەر بە چینکۆ و فەردە خۆڵ داپۆشراوەکان بووە بە نیشتمانی نوێی سوبحی. تا لەوێشەوە دیل دەکرێ و ئەوجا چارەنووسی لەسەر پارچە زەوییەکی بێ خاوەن ( ارض الحرام) بۆ یەکجاری دیاری دەکرێت و دڵڕەقانە لەگەڵ عەشقی سوهەیلە و کەرکووک و یادەوەرییەکان و دایکی و بزە و خەندەکان و دڵدارییە سادەکان دەسپێردرێتە مەرگ.
بێ: ئاستی دوای مردن: لە ئاستی دوای مەرگ تەنها ئاماژە و جووڵە دەبینین. کارەکتەرەکان ونن. ئەوەی دیارە پاشماوەی ژیان و عەشقە. جگە لە زمانی هێماکان کە بە وەسف گوزارشتی لێکراوە، زمانێکی تر لە ئارادا نییە. جووڵە و ڕووناکی هەیە بەڵام دەنگ لەوپەڕی کپی خۆیدایە و لەناو بێدەنگیدا بزرە.

ئێستا هیس و جیقنەی وشك و گەرای مێش و ، ماچە هەڵدراوەکانی سوبحی، پەنجەرە رزیوەکەی سوهەیلەیان تەنیوە
لەقەد کێلی گۆڕەکەی سوبحیش؛ ملوانکەیەکی پیتی (S)، جار نا جارێ ئەلەرێتەوە
هەورە بروسکەی ئێوارەی نووتەك، لا دیواری نیمچە رووخاوی ماڵەکەی سوهەیلە، بۆ تاوێك رۆشن ئەکاتەوە(١٦)

لێرە حیکایەت و شیعر و خۆشەویستی لەگەڵ ماچە هەڵدراوەکانی سوبحی و لەرینەوەی ملوانکەی پیتی (S) و پەنجەرە ڕزیوەکەی سوهەیلە و لادیواری نیمچەڕووخاوی ماڵەکەیان گەواهییەکی گەورەن لەسەر چیرۆکە دراماتیکییەکەی ئەو خۆشەویستییەی کە بوو بە قوربانی جەنگە هەشت ساڵە ماڵوێرانکەرەکەی عێراق و ئێران.


ئەنجام.


دەقی سوبحی و سوهەیلەی ئازاد ئەحمەد ئەسوەد بە سوود وەرگرتن لە تەکنیکەکانی هونەری گێڕانەوە (شوێنکات، کارەکتەر، ململانێ، گرێچنە) حیکایەتی عەشقێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بە تراژیدیایەکی گەورە کۆتایی دێت. دەقە شیعرییەکە بە زمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە و لە ڕێگەی کۆمەڵێ وێنەی شیعری جوانەوە هەڵکۆڵینی نەستی خوێنەرە لە ئاستانەی دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی شاری کەرکووک کە بووەتە بەشێک لە کۆی یادەوەری ئەو شارەی کە تا ئێستاش نەیتوانیوە فرمێسکەکانی سەر ڕوومەتی عاشقەکان بسڕێت و خۆیشی ئاهێکی خۆشی و ئاسوودەیی پێدا بێتەوە. شاعیر لەم دەقە ئاگایانە ژانری چیرۆکی لە نێو ژانری شیعردا تواندۆتەوە و بەمەش دەقێکی جوانی لە هونەری شیعر نووسیندا بۆ کردووینەتە دیاری و هەورەها لە دوو ئاستی گرنگ بونیادی زەمەنی گێڕانەوەی ئاسۆیی و شاقووڵی و ئینجا پێش مردن و دوای مردنی ستراکتۆری دەقەکەی داڕشتووە. ئەویش ئاستەکانی پێش جەنگ و دوای جەنگن. ئازاد ئەحمەد ئەسوەد لە ڕێگەی ئەم دەقە و دیارە دەقەکانی تریشییەوە ئەوەی پێوتووین و پێدەڵێت کە شاعیرێکی داهێنەرە و دەتوانێ جێ پەنجەی خۆی بە کاروانی بەرەوپێشچوونی شیعری کوردییەوە دیار بێت.(١٧)
________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦ و ٧.
٢- شیعرییەتی دەق و هەنگوینی خوێندنەوە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد یەکێتیی نووسەرانی کورد - سلێمانی ٢٠٠١ لاپەڕە ٢٤.
٣- ?What are three Attributes to a Narrative poem)
By Kate prudichenko
(Demand Media

http://classroom.synonym.com/three-attributes-narrative-poem-1716.html
٤- (التداخل السردی في الشعر العربي الحدیث بقلم محمود خالد البنا موسسة محمود درویش للابداع).
http://mahmoddarwish.com
٥- (قضایا الشعر المعاصر قضایاە و ظواهرە الفنیة و المعنویة تالیف الدکتور الدکتور عزالدین اسماعیل دار الفکر العربي الطبعة الثالثة ص).
٦- محەمەد ئەمین مەنگوری زوو لە داستانە شیعردا بەتایبەتی لە(ماهراکۆ) و (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) داستانی گێراوەتەوە کە ئەمە زیاتر دەچێتە قاڵبی (Epic). بەڵام لە شیعری نوێی کوردیدا شیرکۆ بێکەس دەست پێشکەری کردووە و چەندین ڕۆمانە شیعر و چیرۆکەشیعری نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە. وەکو خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک، داستانی هەڵۆی سوور، دەربەندی پەپوولە، کورسی، ڕەنگدان، گۆڕستانی چراکان و تاد.
٧- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦.
٨- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦.
٩- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٧.
١٠- (سردیة الشعر العربي المعاصر طارق محمد عبدالمجید الشبکة العربیة العالمیة).
http://www.globalarabnetwork.com/culture-ge/culture-studies/8617-2012-10-12-223447
١١- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦.
١٢- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦.
١٣- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٧.
١٤- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٦.
١٥- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٧.
١٦- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد شیعری سوبحی و سوهەیلە گۆڤاری ڕامان ژمارە ١١٦ ساڵی ٢٠١٥ لاپەڕە ٧.
١٧- ئازاد ئەحمەد ئەسوەد لە ساڵی ١٩٦٠ لەشاری کەرکوك لەدایکبووە. کۆمەڵە شیعری (بۆنی ئەم خاکەت لێ دێ) لە بەغداد لەساڵی ١٩٨٩ بەچاپ گەیاندووە. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە وەرگێڕانی عەرەبی/ ئینگلیزی زانکۆی ساڵفۆرد، مانچستەر، بەریتانیا، ٢٠٠٨ و ئێستاش نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیایە.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک