په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٤

    خەونە فەرامۆشکراوەکانی ئیناڵا.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لە منارە بەرزەکانی بێدەنگییەوە
ورد ئەبمەوە لە وێنە لێک نەچووەکانی
من و بوون وتاراوگە و بەخت!
گوڵ دەنێمە نێو ئینجانەکانی تەنیایی و،
سەر شۆستەکانی ئەڤین و خەم وخەتا.
لەومنارە بەرزانەوە ئەشیا ڕەنگە بێ ڕەنگەکان،
بڕژێنمە سەر دەلاقەیەک لە گفتارە شیرینەکانی ئیناڵا.
ئە شیا کۆڵانێکی بێدەنگ بدەمەکۆڵ
تا پڕدەبم لە بێدەنگ بوون،
تا لە لێواری بێدەنگی ئەڕوێم چەشنی دار چنارێکی کەڵەگەت
یان لە دڵتا ئەبمە چرا
تا تێر ئەبم لە بەخششی عشقە ئەبەدییەکەی تۆ.
ئەشیا ببم بە تۆماری ڕووداوە گەورەکەی وجود.
ئیناڵا وەک سەرابێکی قەرەج وایە..
چاخەکان وسەردەمەکانی لەت وپەت دەکاو،
لووتکەکان ڕادەپێچێتە بەر ئەژنۆم و،
ڕووبارە شەرمێک دێنیتە بەر دەرگاکانی وەفا.
"تێبینی : ئیناڵا ڕەشپۆشێکی پورتوگی بەرازیلی زمانە
کەبەبێ غەدرلێ کردن وتەنکە شەرمێکەوە ، منارەکانی قەسیدەیەکی
بۆ داگرتمە نێو گەردوونە کپ وماتەکەم"
ئەو دەیەوێ ماچی جەستەی دەریا بکا
من عەودالی ڕەشەبایەکی بزێوم.
ئەو تریفە شاعیرانە دەئاڵێتە قەد و باڵای
من ئەنفال و کۆڕەو و مەرگ!
ئەو ڕازێکی نەدرکاوەو چیرۆکێکی نەبیستراوە
منیش سۆزی تاسەی ئەوینێکی برسیم
ئەو خەونێکە گەورە بەقەد شاخی عەشق و،
منیش بنارێکی سەوزی خەیاڵێکم
من و ئەو دوو خەونی چوونیەک و هاوبەشین
دوو سەمای گەرمیانی و لاتینی و،
دوو ماچی وەریوی لێواری غوربەتین
باڵندەی حەزێکی لاوازی ڕەشتاڵەی هەناسە سوواربوو،
نێوانمان دەکاتە هێلانەو،
سەرابێک لە عەشق دەنێتە ژێر سەری هەناسەی دووریمان.
من و ئەو چیرۆکێک لە جەنگ و،
گریان و تەنیایی و مردنین
ئەو منە و منیش ئەو
ئەوێکی ڕووت وقووت
خەونی ئەو جوانییەو هەر منیش سەرابە.
"تێبینی من و ئیناڵا لە ڕۆژگارێکدا بووین بە یەک خەون کە
جەمسەرە سارد وگەرمەکانی گەردوون لە نێو کێڵگەی دژ بەیەک
بوون توانەوە"!
ئیناڵا .. چاڵێکە لە گوناه
کێڵگەیەکە لە میهر ونەوازش
هەرچی ڕۆژە دەمنێتە نێو لەپی شەرمێکی یاخی بوو و
هەڵم ئەگرێ.
من تەنها لە بەردەم سەفەر و عەشقی ئەو دەلەرزم
من تەنها لە چاوی ئەوەوە سامناکم
هەر تەنها لە دیدی ئەوەوە حەرامی حەڵاڵم.
نامکوژێ.. ئەزانێ مەرگی من سەرەتای سەدەیەک گریان و،
سەرەتای عومرێکە لە عەشقی باران و
هاتنی وەرزێکە لە حوزن و لە فیراق
ئەزانم مەرگی ئەو فڕینی خۆشنوودی و زایینی ئازار و
فرمێسکی کتێب و شیوەنی قەسیدەی نوێم ئەبێ!
ئیناڵا لە چاوی شیعرەوە ، لەدڵی شیعرەوە
لە نیگای شیعرەوە ،خەریکی ئەزبەرمە.
من و ئەو دوو خەونی هاوبەشین
دوو سەمای جیاواز و
دوو ڕەنگی گەرمیانی و لاتینی چۆن یەکین
ئەو منەو منیش ئەو
ئەوێکی ڕووت و قووت
"تێبینی ڕۆژێکی چوار شەمەمەی پایزێکی ڕەنگ پەڕیوی تاراوگە
لە قاوەخانەیکدا ئیناڵا دوای ڕۆچوونە نێو بازنەکانی ئەم قەسیدەیە
ئەم دێرانەی وەک ئەمانەت دایە دەستم!!"
تۆ منی و
منیش تۆم!
من لەگەڵ دوا چرپەی هەناسەی قەسیدە نوێیەکەت
فوو ئەکەم لە چرای بینین و،
سڵ ئەکەم لە وجود.
من ئەبەمە گوێسوانەی چۆلەکەی تەڕیوی شیعری تۆ.
دێم ئەبمە باڵکۆنەی هۆنراوەی کۆچەرت!
من باوەش بە گۆڕ و قەسیدە و گشت خەونە لێک چووەکان ئەکەم و،
کانییەک فرمێسکی لاتینی ئەڕژێنم!
تۆ منی و منیش تۆ
تۆیەکی ڕووت و قووت!
" پاش تێپەڕبوونی نزیکەی سالێک بەسەر یەکەم ژووانمان،
ئیناڵا بە چرپەوە ئەم شیعرەی بۆ خوێندمەوە کە بە پورتوگالی نووسیبوی و
منیش وەرم گێڕایە سەر زمانی کوردی"
بووم بە تۆ و ،لە تۆدا بووم بە خۆم
سینگم کرد بە باخچەی عەشقێکی سەر شێت و،
وەک ئەوەی دەروونم هاڵاوی غوربەتی لێ هەڵسێ
ڕامموسیت..ڕامموسیت تا ئێسک و پروسکی ئەوینم تێک شکا
لە تۆدا وێنەیەک لە خەمی ڕێبوارێک بە تەلخی خۆی سوا بە ڕووما.
لە تۆدا... گوناهێک ڕایژەندم،تاکو بووم بە کۆرپەی گەرمیان و،
خەونم دی بە دۆڵی سوپارتۆ.
خۆشییەک سەرتاپای ئەندێشەی جەستەمی گرتەوە.
بووم بە تۆ..تۆیەکی قەرەج و بە گومان
تۆیەکی وێل و ون!
تۆیەکی بە من بووی عاشق و سەوداسەر.
تێکەڵ بووین..من و تۆ..ئەو کاتەی تاریکی قووتی داین
ئەو کاتەی دەڤەرێک لە خەون و خولیا هەڵوەری.
تێکەڵ بووین ئەوکاتەی هەناسەی حەزێکمان باڵی گرت.
ئەو کاتەی بزەیەک بە (
ok) لێوانی لێ کردمە زیندان و سزای دام!!
تێکەڵ بووین.. ئەوکاتەی من و تۆ بووین بە یەک
ئەو کاتەی بە ڕووتی بووین بە یەک.
 

٢٠٠٢ - ٢٠٠٣ - ڤانکۆڤەر / کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک