په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٩

رەخنەی ئەدەبیی:

خوێندنەوەیەک بۆ رەهەندی جوانیناسی هێربێرت مارکوزە.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)


هێربێرت مارکوزە لەم کتێبەیدا و لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی چڕ و پڕەوە (١) تێکۆشاوە هەمان ئەو ڕەخنانە بەرجەستە بکاتەوە کە بیرمەند و نووسەرانی بۆرژوازی دژە مارکسیستی ئاراستەی خودی جیهانبینی مارکسیزمیان کردووە. بەتایبەتیش لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکا. مارکوزە لەو شەقڵەوە دەست پێدەکات کە پەیوەندی دیالەکتیکی و ئۆرگانیکی نێوان شێوە و ناوەڕۆک بە گۆڕەپانێکی شیاو دەزانێت بۆ هەناسەدانی ڕەخنەکانی و لە درێژەی خوێندنەوەکەی خۆیدا هەمان ڕێبازی هونەر بۆ هونەر پەیگیرانە پیادە دەکات و بەرگری لێ دەگات. با تۆزێک ڕوونتر بڵێـم مارکوزە دێت لەسەر چەند چەمکێک ئیش دەکات و تیشکیان دەخاتە سەر وەک سەربەخۆیی هونەر و ئەدەب و پەیوەندی هونەر بە واقع و ڕەسەنایەتی دەق و خەڵک و زمانی نووسین و ڕەخنە و ...تاد، بۆ دەرخستنی ئاریشەکانی ئیستاتیکای مارکسیستی و برەودان یان پشتیوانیکردن لە ئەدەب هونەری سەرتاپاگیر و گشتی یونیڤێرساڵیی، نەک ئەدەب و هونەری چینایەتی کڕیکاران یان پرۆلیتاریا." هونەر لەژێر تیشکی ئەم حەقیقەتە یونیڤێرساڵ و بان مێژووییەوە دەکێشرێتە نێو ئەو ویژدان یاخود وشیارییەی کە تەنها ئینتمای بە چینێکی تایبەتەوە نییە بەڵکو بۆ هەموو تاکێکە.".(٢)

 

مارکوزە دێت ئەدەب و هونەر لە ڕەوتی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا جیا دەکاتەوە، چونکە بەلای مارکۆزەوە پەیوەستبوونی ئەدەب و هونەر بە خەباتی چینایەتی کرێکاران ناتوانێ دەرخەری جوانناسی دەق بێت. ئەو پێیوایە ئەدەب و هونەر دەبێ سەربەخۆ بن." من وزەی سیاسی هونەر لە خودی هونەردا دەبینم. واتا لە هەمان فۆرمی جوانناسەکی خۆیدا. سەرەڕای ئەمە، قسەی من ئەوەیە هونەر لەبەر فۆرمی جوانناسەکیانەی خۆی و لە هەمبەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە هەبووەکاندا، تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆیە." (٣)سەربەخۆیی وەک چەمکێکی سیاسی- چینایەتی کە مارکوزە پێداگیریی لەسەر دەکات سەربەخۆیی چینایەتی نییە، سەربەخۆیی نییە لە بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی. بەڵکو زۆر بە ئاشکرا سەربەخۆییە لە بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتاریا. ئەدەب و هونەری پرۆلیتاری نابێت سەربەخۆ بێت لە کێشەی گشتی پرۆلیتاریا. " ئەدەب بە نسبەت پرۆلیتاریای شۆشیالیستی هۆکارێکی قازانجی کەسیی یان کۆمەڵی کەسێک نییە، وە لەبەر ئەوە ناشتوانێ بە شێوەیەکی گشتی ببێتە کێشەی تاک و سەربەخۆ بێت لە کێشەی گشتی پرۆلیتاریا.(٤)

 

دیوێکی تری ئەم سەربەخۆبوونەی ئەدەب و هونەر لە خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا، بریتییە لە پەیوەستبوون بە واقع. لای مارکوزە دەق خۆی واقیع بۆ خۆی دەخولقێنێ. پەیوەستبوون بەو واقعە وەهمییەی دەق ئەو جوانییەیە کە دەبێ پێداگیریی لەسەر بکرێت. واقعی مادیی کۆمەڵگە لای مارکوزە، ئەو واقعەی کە دەتوانین لەمسی بکەین و بیبینین، واقعێکی ناتەواوە و گوزارشت نییە لە واقعی هەبوو و ئەدەب و هونەر دەبێ لە دەرەوەی ئەو واقعەوە هەناسە بدەن." جیابوونەوەی هونەر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مادی، توانایەک بە هونەر دەدات تا واقعێک ئاشکرا بکات کە لەم پرۆسەیەدا سەرلەنوێ بەرهەم دێتەوە.(٥) لای مارکوزە واقعی ئەفسانەیی و خەیاڵی ڕاستەقینەترە لە واقعی بینراو. ئەم وەهمە یان ئەم دیماگۆجییەتە دەرخەری یەک ڕاستییە ئەویش ئەوەیە کە مارکۆز وەک موعەلیمێکی چاوساغی وردەبۆرژوازی سەنگەری لە مارکسیزم و ئیستاتیکای مارکسیستی گرتووە. مارکوزە وەک چەپێکی پۆپۆلیستی وردەبۆرژوا کە خۆی بە (چەپی نوێ) ناو زەد دەکات خوازیارە ڕووی دەمی لە خەڵک بێت و خەڵک بدوێنێ نەک چینی کرێکار. ئەمەش ڕوونە کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی چەپی پۆپۆلیستی نوێ موخاتەبەکردنی خەڵکە بۆ شۆڕش و ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگە، نەک پرۆلیتاریای سەنعەتی و فرۆشیارانی هێزی کار. بەڵگەشی بۆ ئەمە ئەوەیە کە " لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری پاوانخوازدا ژمارەی خەڵکی چەوساوە زۆرترن لە پرۆلیتاریا."( ٦) واتە ڕێک دژ بە حوکمی زانستی مارکسیزم کە " توێژە خوارەکانی چینی ناوەنجی خاوەن کارگا چکۆڵەکان، دووکانداران، پیشەوەران، جووتیاران، هەموو لە دژی بۆرژوازی خەبات دەکەن بۆ ئەوەی لەناو نەچن و خۆیان وەک بەشێک لە چینی ناوەنجی بپارێزن. هەر بۆیەش ئەوانە شۆڕشگێڕ نین بەڵکوو پارێزگار(کۆنسەرڤەیتڤ)ن، لەوەش واوەتر، کۆنەپەرستن چونکە دەیانەوێ چەرخی مێژوو بەرەو پاش بسووڕێنن.(٧) بەم پێیە ئەو خەڵکەی مارکوزە بڕیارە بیاندوێنێ چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی لێ دەربچێت، ئەوانی دەمێنێتەوە کۆنەپەرست و کۆنسەرڤەیتیڤن. هێربێرت مارکوزە پتر پێی بەرەو کۆنەپەرستی دەخلیسکێ وزمانی نووسینیش جیا دەکاتەوە لە زمانی خەڵک. بینیمان مارکوزە چۆن بە دەردی خەڵک گیری خواردووە، ئینجا هاتووە کێشەی زمانیشی هێناوەتە سەر.

 

مارکۆزە پێی وایە کە " زمانی نووسەر نابێ زمانی خەڵک بێ.(٨) چونکە زمانی خەڵک زمانی ڕزگاریبەخش نییە. لێرەوە زمانی نوخبە دێتە پێشەوە و جێی زمانی ڕزگاریبەخشی پرۆلیتاریا دەگرێت. بە واتایەکی تر زمانی توێژێک لە بەرژەوەند خوازانی پاسیفیستی کۆنەخواز جێی زمانی خەباتی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ دەگرێتەوە. مارکوزە پێ بەپێی ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکانی کتێبەکەی زیاتر پێی لەو داوانەش گیر دەبێت کە بۆ خۆی دەنێتەوە، ئەگەر کۆی کتێبەکەی مارکوزە ڕەخنە بێت لە ئیستاتیکای مارکسیستیی، ئەوا خودی چەمکی ڕەخنە لای مارکوزە لەبەردەم تێگەیشتنێکی سەیر دایە. لە تێروانینی مارکوزە ڕەخنە سووکایەتییە."زۆر جار ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سووکایەتی بە ناخ گەرایی و شڕۆڤەی ڕوحی مرۆڤ لە ئەدەبیاتی بۆرژوازیدا کردووە.(٩)

 

مارکوزە تەنها دیوێک دەبینێت لە هەستە بینراوەکانی نێو دێرەکان و پەرەگرافەکانی دەقی ئەدەبی بۆرژوازی و وەک هەستێکی ئینسانیی دەیخاتە دەرەوەی بازنەی ئاماژە و شێوازەکانی ڕەخنەگرتن لێی جا کۆمیدیی بێت یان هەر جۆرێکی تر. بەڵام کۆی هەوڵی نووسینی دەقەکە چ ڕۆمان بێت یان شیعر یان چیرۆک یان شانۆنامە نابینێت کە چۆن بە وشیارییەوە لەلایەن نووسەرانی بۆرژوازییەوە ڕایەڵەی ستراکچەری دەقەکە دەکەن تا پارێزگاری بەرژەوەندی چینایەتی بۆرژوازی بێت. لە هەمووشی جێی سەرنجتر ئەوەیە کە هونەر لای مارکوزە وەهمە. چونکە مارکوزە دوو جۆر واقع و دووجۆر حەقیقیەت دەبینێت،"هونەر وەک وەهم خاوەن ناوەڕۆک و کارکردی ناسینەکی و مەعریفەبەخشە.(١٠)ئاشکرایە وەهم یانی نا راستی، یانی خەیاڵ، یانی نا واقع. بەوپێیە تێگەیشتنی مارکوزە بۆ هونەر، تێگەیشتنێکی غەیرە واقعییە و دوورە لەتێروانینی مارکسیستیی، کە ئاسەواری ئەم تێڕوانینە بۆرژوازییەی مارکوزە لەسەر گەلێ سەرزەمینی ئەدەبیاتدا دەبینرێت و یەکێک لەوانە سەرزەمینی ئەدەبی کوردییە. هێربێرت مارکوزە وەک ڕەخنەگرێکی وردەبۆرژوازییانە دێت هونەر و ئەدەب لەدەرەوەی سیاقی گەشەی کۆمەڵگەوە دەبینێت ، لە کاتێکدا خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی و هونەریی لەدەرەوەی سیاقی گەشەی کۆمەڵگە و هۆیەکانی بەرهەمهێنان ناتوانرێت بخوێنرێتەوە." لە هونەردا، جیاوازی نێوان بەرهەمی مادیی و بەرهەمی هونەریی تەنها لەژێر سایەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و عەمەلی دیاریکراودایە کە گرنگییەکەی دەبینین و بە ئاسان لێی تێدەگەین ."(١١) ئیتر ڕوونە لە دیدگای ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە بەبێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و دۆخی گەشەی کۆمەڵگە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی و هونەریی ڕەنگە تووشی سەرلێشێوانمان بکات.

دواجار کتێبی ( ڕەهەندی جوانناسی..بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانیناسی مارکسیستی) هێربێرت ماکروزە(١٢) ، کتێبێکە بە میتۆدی چەپی پۆپۆلیستانەوە نووسراوە. بۆ ڕەخنە لە ئیستاتیکای مارکسیستیی و سەنگەرگرتن لە شۆڕشگێڕییەتی ئەدەب و هونەری پرۆلیتاریا لەپێناو برەودان بە مۆدیلێک لە ئەدەب و هونەر کە خزمەت بە بۆرژوازی بکات. مارکوزە لە سەنگەری کۆنەپەرستییەوە بەڵام بە کڵاوڕۆژنەی مارکسیستییەوە لەم کتێبەیدا دەیەوێت پەیامی دڵرەقانەی بۆرژوازیمان پێبگەێنێ و دەستی لەو پێدەشتە گیر ببێت کە لادان لە مارکسیزم(ڕیڤیژینیزم) مۆری خۆی پێوە ناوە.
_________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
(١) لەم نووسینەمدا من پشتم بە وەرگێرانە کوردییەکە بەستووە کە بە ناوی (ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی) هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ دا بڵاو کراوەتەوە. ئەم وەرگێڕانە گەرچی لێرە و لەوێ بە بەراورد بە ئوریجناڵە ئینگلیزییەکەی کەموکوڕی هەیە و هەروەها سەرباری ئەوەی وەرگێڕ وەک لە پێشەکییەکەشیدا ئاماژەی پێداوە کە دەستنووسە وەرگێراوەکەی پێش بڵاوکردنەوە داوەتە هاوڕێیەکی کە ئیدیت و سەرپەرشتیاری زمانی بۆ بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و تایپ کە خوێنەر زۆر وەڕس وماندوو دەکات. هەست ئەکەم هێندە پەلە کراوە لە بڵاوکردنەوە تەنانەت وەرگێڕ ئامادە نەبووە جارێکی تر پێش بڵاوکردنەوەی کتێبەکە چاوێکی تری پیا بخشێنێتەوە، بۆیە دەبینین یەک وشە بە دوو جۆری جیاواز نووسراوە. لەهەمووشی گرنگتر وەرگێرانی ناوی نووسەرەکەیە کە مارکوزە یە نەک مارکۆزە.
(٢) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٥١.
(٣) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕەکانی ٧ و ٨.
(٤) (في الآدب و الفن ف.آ. لینین ترجمة یوسف حلاق الجزء الآول منشوارت وزارة الثقافة دمشق ١٩٧٢ ص ٥٢). لینین لەم وتارەیدا بە ئاشکرا دەڵێ (فلیسقط الآدباء اللاحزبیون) کە حیزبییەت لای لینین جیهەتگیریی و ئینتمای نووسەرانە بۆ ململانێی چینایەتی و بەرگریکردنە لە بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتاریا لە دژی بۆرژوازی.
(٥) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٤٠.
(٥) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٨.
(٦) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٨.
(٧) مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی بۆ کوردی موسلح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) چاپی دووەم لاپەڕە ٢٣.
(٨) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٧.
(٩) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٦٢.
(١٠) ڕەهەندی جوانناسی بەرەو ڕەخنەیەک لە جوانناسی مارکسیستی هێربێرت مارکوزە وەرگێڕانی ڕامیار حسەینی چاپخانەی گەنج سلێمانی چاپی یەکەم ٢٠١٧ لاپەڕە ٧٧.
(١١) (نقد الاقتصاد السیاسي کارل مارکس مخطوطات کارل مارکس ١٨٤٤ ترجمة دکتور راشد البراوي دار النهضة العربیة الطبعة الاولی ١٩٦٩ص١٠٨).
(١٢) هێربێرت مارکوزە فەیلەسوف و کۆمەڵناس و بیرمەندی سیاسیی ئەڵمانیی ئەمریکیی لە ١٩ ی تەمموزی ساڵی ١٨٩٨ لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا لە دایکبووە. یەکێک بووە لە ڕەخنەگرە تییۆرییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. مارکوزە زانکۆی بەرلین تەواو دەکات و پاشان بڕوانامەی دکتۆرا لە زانکۆی فریبێرگ بە دەست دێنێت. لەنێوان ساڵی ١٩٤٣ تا ١٩٥٠ لەگەڵ سی ئای ئەی حکومەتی ئەمریکیی کاری کردووە و بە توندی ڕەخنەی لە ئایدیۆلۆجی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت گرتووە. ئەو ڕەخنەیەشی ساڵی ١٩٥٨ لە کتێبێکدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە. لە دەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەوە ناسرا کە بوو بە بیرمەندی بزووتنەوەی چەپی نوێ و هەوەها بزووتنەوەی قوتابیانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و فەرەنسا و ئەمریکا. هەندێ کەس بە باوکی بزووتنەوەی چەپی نوێ ناوزەدی دەکەن. لە کتێبەکانی : ئیرۆس و شارستانی ١٩٥٥، مرۆڤی یەک ڕەهەندی ١٩٦٤. بڕوانامە مارکسییەکەی ئیلهامبەخشی کاری گەلێ چالاکوانی سیاسیی و ڕۆشنبیری ڕادیکاڵیی بووە لە سەر ئاستی ئەمریکا و جیهان لە دەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو. مارکوزە لە ٢٩ ی تەمموزی ١٩٧٩ لە تەمەنی هەشتا و یەک ساڵی بۆ هەتا هەتا چاو لێک دەنێت.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک