٨\٩\٢٠١٦
یوسف عیزەدین لە
کورتە گفتوگۆیەکدا.
سازدانی: ئەفشین غوڵامی
ئەفشین غوڵامی: تارادەیەکی بەرچاو ئەوەی
بەدی دەکرێت، لەوەسەتی ئەدەبیاتی کوردیدا بەگشتی و لەباشووریشدا
بەتایبەت، جۆرێک لەھێرشکردنی شەخسی و پرۆسەی ناشیرینکردنی بەردەوام
ھەیە بۆ نووسەرە جدییەکانی، ئیتر بەناوی راستەقینە یان خوازراوەوە
لەرێی سایت و فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یان بەشێوازی تر؟
یوسف
عیزەدین: لەجێی وەڵامی راستەوخۆ، حیکایەتی کەسایەتییەکی واقیعیت
بۆ دەگێرمەوە کەناوی "تیۆدۆر لینت" بووە، ئەم زاتە ھیچ بەھرەیەکی بۆ
ناوبانگ و خۆدەرخستن نەبووەو ھەمیشە زانیویەتی لەدنیای کەسە
ناسراوەکاندا ھیچە! بۆیە لەپێناو خۆدەرخستندا چووە ئافرەتێکی رمووزنی
تیسکنی زیاتر لەئاژەلڕ چووی بەناوی "جولیا باسترانا" دۆزیوەتەوەو
کردوویەتییە ھاوسەری خۆی و بەم ھۆیەشەوە توانیویەتی لەھەموو سێرکەکانی
دنیادا ژنەکەی خۆی نمایش بکات، نەک بۆئەوەی ئەو بناسێنێت بەڵکو بۆ
ئەوەی خەڵک خۆی بناسن و لەم رێیەوە بەناوبانگ بێت.. بەمەشەوە نەوەستاوە
لەم رمووزنە سەیرە منداڵێکی ھاوشێوەی دایکەکەی لێدەبێت و بۆ بەدبەختی
ھەر کە لەدایک دەبێت منداڵەکە دەمرێت و پاش پێنج رۆژیش ژنەکەی
دەمرێت..ئیدی "تیۆدۆر لینت" لەجێی ئەوەی بیانێژێت ھەردووکیان مۆمیا
دەکات و لەنێو تابووتێکی شووشەیدا و لەپشتی عەرەبانەیەکدا ھەموو کوچەو
کۆڵانەکانی ئۆرووپایان دەگەڕێنێت.. دواجار ئەم پیاوە ھاوشێوەیەکی تری
ژنەکەی پێشووی دەدۆزێتەوەو ئەویش مارە دەکات و ھەمان کاری ئەوەی پێشتری
پێدەکات، ئیتر لەخاڵێکدا ئەم پیاوە پاش ناسران و ناوبانگ دەرکردنی شێت
دەبێت و دەخرێتە شێتخانەوەو تا مردنی لەساڵی ١٨٨٤دا تێیدا دەمێنێتەوە.
کاری ئەم کەسە نەخۆشانەی لای خۆشمان کەحیکایەتی ھەڵبەستراو و قسەی
ناشیرین دەرحەق بەکەسە بەتواناکان دەکەن.. بابەت یان کۆمێنت لەژێر
بابەتی سایتەکان و فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یان بەشێوازی تر
بڵاودەکەنەوە، نەک ھەر لەکارەکەی "تیۆدۆر لینت" دەچێت، بەڵکو ئەوەی ئەو
تێپەڕدەکەن، چونکە ئەوەی ئەو مەعسوومانەو بێ زیان بووە، لەڕێیەکی
شەرعییەوە ژنی ھێناوەو ئافرەتە رمووزنە تیسکنەکەی خۆشی کردۆتە ھۆکاری
خۆدەرخستن و ناسرانی... بەڵام ئەوانەی لای ئێمە، رێچکەو رێگەی وا
ناپاکانە بەکاردەھێنن، پێناچێت لەفەرھەنگی کارە خراپەکانی ئیبلیس-یشدا
جێی بێتەوە.
ئەفشین غوڵامی: خاتوو"بوشرا کەسنەزانی"
لەدیراسەیەکیدا بەناوی"کاراکتەر لەچیرۆک و رۆمانی پاش راپەڕیندا"
کەلەژمارە٤٠-٤١ی گۆڤاری ھەنار-دا بڵاوبۆتەوەو لەلاپەڕە ٣١دا دەڵێت:(
یوسف عیزەدین لەڕێگای سەلمانی ناسراوەوە چەندین سەلمانی گەردانکراوی
دیکە دەخوڵقێنێت و بەزەمەندا پەخشیاندەکات و شوێنیان دەگۆڕێت.. ئەگەرچی
ئەم سەلمانانە دواجار یاخی نابن لەیەکە وێنەی سەلمانە رەسەنەکە"ھەرچەند
لەلایەن خودی نووسەرەوە گۆڕاوە" بەھەموویان یەک ماجەراو رووداو
دروستدەکەن وەک لەناونیشانەکەشیەوە دیارە"ماجەراکانی سەلمانی فارسی"
نەک"ماجەراکانی سەلمانەکان".. ماجەرا کراوە بەکۆ و سەلمان ھەمان
سەلمانە، رووداو وادەکات وێنەکان بگۆڕێن) ئەوە جگە لەوەی لەدرێژەی
دیراسەکەیدا شتی زۆر گرنگتری دەربارەی رۆمانەکانتان وتووە.. ئێوە راتان
چییە؟
یوسف عیزەدین: بێگوومان خاوەن خوێندنەوەو
دیراسەکان دەرحەق بەتێکستە جۆراو جۆرەکان ھەمیشە ئازادن لەخوێندنەوەو
چۆنیەتی تێروانین و دواتریش خستەڕووی ئەو دنیایەی کەکەشفی دەکەن، بەو
چەشنەی کەمەبەستیانە.
ئەفشین غوڵامی: ئەی خۆتان چۆن دەرواننە
ناونانی کاراکتەری رۆمانەکانتان؟
یوسف عیزەدین: ھەموو جۆرە مامەڵەو
ناونانێکی ناوی کاراکتەر، ھێندەی ئەوەی شیاو و دروستە ھێندەش جێگەی
پرسیارە؟ دەشکرێت کاراکتەر ھەر ناونەنرێت! ھەروەک چۆن "بلزاک"
کاراکتەری یەکێک لەکارە سەرەکییەکانی ناو نانێت و تا کۆتا بە"سفری
کۆمەڵایەتی" لەکاراکتەرەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە.
ئەفشین غوڵامی: ھۆکاری بینینەوەی
بێھوودەیی لەسەرجەم رۆمانەکانتاندا چییە؟
یوسف عیزەدین: ھەردەم بێھوودەیی بوونمان
لەژیان سەرجەم پێودانگەکان تێپەڕدەکات و رەنگە ھەر ئەمەش یەکێک بێت
لەھۆکارەکانی رانەوەستانمان لەئاست تەقلیدییەتی تان و پۆ و ئەتمۆسفێر و
کیمیای خوڵقاندنی ماجەراکان.. ئەو ماجەرایانەی چەند پەیوەست بێت
بەژیانەوە ھێندە رۆچوونە بۆ نێو قووڵاییە واقیعی و غەیبییەکانی
مەرگەوە. ئیدی ئەوە ئێمە خۆمانین لەیادەوەرییەکانی خۆمانداو یان ئەوانن
لەیادەوەرییەکانی ئێمەداو ئێمەین لەیادەوەرییەکانی ئەواندا.. ئەی ئاخۆ
بەدەر لەیادەوەری یان ئەو دیوی یادەوەرییەکان ھیچ ھەیە؟ ئەی کەنەبوو چ
عەبەسێکە نووسینەوەی ھەموو ئەوەی کەدەینووسینەوە!
ئەفشین غوڵامی: خوێندنەوەو نووسین،
کامیان زیاتر کاتتان داگیردەکات و ئەھمیەتی سەرەکی دەدەنآ؟
یوسف عیزەدین: بێگوومان خوێندنەوەو ھەر
لەمنداڵییەوە ئەمە پیشەو کارێکی بەردەوامی رۆژانەمەو ناتوانم
دەستبەرداری بم.
ئەفشین غوڵامی: ھەر بۆیە کەمتر دەنووسن،
ھەن لەنەوەی خۆتان زۆر زیاتریان لەئێوە نووسیوەو تەنانەت ھەیانە رۆژانە
لێرەو لەوآ شتێک بڵاودەکاتەوە؟
یوسف عیزەدین: ئاساییەو دەشێت.. ئیدی ھەر
کەس ئازادە، بەڵام خودی ئەو کردەی نووسینە خوڵقێنەرانەی تێکستی زیندوو
دەھێنێتە بوون، شتێکی ترە!
ئەفشین غوڵامی: دیالۆگ لەڕۆماندا دەبێت
چۆن بێت؟
یوسف عیزەدین: واباشە دیالۆگ لەو چەشنە
بێت کە"بیکیت" لەتێکستەکانیدا بەکاریھێناوە.. ھەرچەند سادەو ساکار دێتە
پێشچاو، بەڵام بۆ ھەتا ھەتایە لەیادەوەریدا دەمێنێتەوە.. یان واباشە
لەو چەشنە بێت کە"ھێرمان ھیسە" لەرۆمانی"کنۆڵب"دا بەکاریھێناوە.. ھەر
بۆ نموونە بڕوانە لەکۆتایی رۆمانەکەدا دەنگێکی غەیبی دەڵێت: "نەدەکرا
بەشێوەیەکی جیاوازتر لەمە بەکارتان بھێنم".. ھەر بەمەش جارێکی تر
دەچینەوە نێو نەھامەتییەکانی ژیانی کەسایەتییەکە و داخلڕ بەرۆمانەکە
دەبینەوە.
ئەفشین غوڵامی:
رۆمان چی پێ دەکرێت؟
یوسف عیزەدین: رەنگە لەرووە عەمەلییەکەوە
ھیچی پێنەکرێت، بەڵام لەروویەکی ترەوە دەکرێت ھەندێک شتی پێ بکرێت، وەک
تەفکیکی بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فیکری و سیاسی ئەمەش لەڕێی
زمانەوە وەک ئۆرگانێکی پێکھێنانی سەرەکی رۆمان.. بەتێپەڕبوونی
بەگەمەکردنێکی مەجازیدا کەدەشێت پاڵنەر بێت بۆ ھەوڵدانمان، بۆ کەشفکردن
و گوتنی ئەو شتانەی کەڕاستەوخۆ گوتنیان رێگر دەبێت لەبەردەم رۆچوونمان
بۆ نێو قووڵاییەکان.
ئەفشین غوڵامی: درێژی و کورتی رۆمان چ
کاریگەرییەکی ھەیە؟
یوسف عیزەدین: پێدەچێت کاریگەرییەکی
ئەوتۆی نەبێت.. گرنک ئەو ئەندازەکارییە سەرد-ییەیە کەفەزایەکی
ئازادانەی دینامیکیانە دەخووڵقێنێت.
ئەگەر مەبەستیشتان کاریگەری لەسەر خوێنەر بێت، ئەوە رەنگە رۆمانە
کورتەکان کاریگەرییان زیاتر بێت، بۆ نموونە رۆمانی"کنۆڵب"ی "ھێرمان
ھیسە" یەکێکە لەرۆمانە کورتە جوانەکان.
ئەفشین غوڵامی: چەند پاڵەوانی ئیجابی
لەرۆمانەکانتاندا بوونی ھەیەو کاریگەرییان لەسەر رووداوەکان چییە؟
یوسف عیزەدین: لەئێستای دنیادا پێناچێت
شوێنێک بۆ پاڵەوانی ئیجابی و تەقلیدی مابێتەوە..ئەوەی ھەیە"ئەنتی
ھیرۆ"یەو سیفاتی پاڵەوانە ئیجابییە تەقلیدییەکانی جارانی نییە.
ئەفشین غوڵامی: سوپاس بۆ ئەم کورتە
گفتوگۆیەو وەڵامەکانتان.
یوسف عیزەدین: سوپاس بۆ ئێوەش.
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|