٢٤\١١\٢٠١١
"یوسف عیزەدین" لە
دیدارێکدا.
سازدانی: سدیق عەلی
پ١: داخوا بۆ دەبێت
ئەو ژانرانەی کەلەقوڵاییەکانی گێڕانەوە"سەرد"وە ھەڵدەقووڵێن، ھێندە
کاریگەرییان لەسەرمان ھەبێت؛ بۆ نموونە وەک رۆمان، کەیەکێکە لەژانرە
گرنگەکانی بواری ئەدەبیات؟
یوسف
عیزەدین: بەڵێ دەشێت و دەکرێت، لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین؛
کەئاخۆ بۆ دەبێت، زۆرێک لەئێمە ھەر لەسەردەمانێکی منداڵیمانەوە،
ئەوداڵی گوێبیستی بەسەرھات و سەرگوزشتەو ئەفسانەو داستان و بەگشتی
سەرجەم حیکایەتەکان بووبێتین... دیارە ھەر پێش ئەوەی بەتەواوی فامی
دنیامان کردبێت و لەوەی کەلەناو خۆمان و دەوروبەرمان دەگوزەرێت شتێک
بەرۆشنی لێی حاڵی بووبێتین.. بەتەواویی و راشکاوانە ھەر پێش قۆناغی
فێربوونی خوێندنەوەشمان، ھێزگەلێکی سەیر و ئەفسوونئامێز ھەبووە،
تەنانەت زۆر جاران بەدەر لەویست و خواستی خۆمان، لەناوەوەڕا بەرەو
دنیاکانی گوێھەڵخستن بۆ بیستنی بەسەرھات و حیکایەت و ماجەرای شتەکان،
بەشێوەیەکی سەیر راپێچی کردووین، رەنگە لەپشت ئەوەشەوە چەندین شتی
شاراوەی دیکە.. بەجیاوازیی زیاد و کەم کردنی لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی
دیکە، وابەستەی گوێگرتنی کردبێتین؛ لەسەرجەم ئەو بەسەرھات و رووداو و
سەرگوزشتەو ماجەرایانەی کەلەگەڵ، ریالیتەبوونی مەوجوودییەتی
شتەباسکراوەکاندا زۆر جیاواز و جوودابوون.. گەر زۆرێک لە ئێمە کەمێک
بەوردی لەوساتە زەمەنییانەی رابردووی ژیانی خۆی رابمێنێت، ھەست دەکات
بۆ خۆشی بەشێک بووە، لەوگەمەی خۆ ھەڵخەڵەتاندنەو بەواتایەکی دیکە شتێک
بەویستی خۆمان قایل بووین بەوەی کەھەخەڵەتێنرێن، ھەرچەند ئەمە نیسبییە
و لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام تۆ بیر لەوە بکەرەوە
بەمنداڵی و پێش ئەوەی بزانین ھەور بۆ دروست دەبێت و باران چۆن دەبارێت؟!
چەند سانا و ئاسان بووە، بەبێ ماندووبوون و یەکسەر ئەو قسەیەی باوان و
پێشینانی خۆمان لەزەینماندا بەرجەستە بکەین؛ کەئاماژەیان بەقودرەتی
موتڵەقی ھێزێکی غەیبی داوە لەباراندنی باراندا و میتافیزییکانەو بەدەر
لەکاریگەرییەکانی سروشت، وێنەیەکی دیکەیان سەبارەت بەباران لەلامان
بەرجەستە کردووە، ئیدی رەنگە ئەمەش دواتر بووبێتە یەکێک لەو ھۆکارانەی
کەوای لەزۆرمان کردبێت، کەلەو قۆناغە یان لەقۆناغەکانی تری تەمەنیدا
بەئاسانی مێشکی وانە زانستییەکان وەرنەگرێت و زیاتر حەزی بەگوێبیستی
حیکایەتەکان بێت کەلەدوو توێی کتێبەئەدەبیی و مێژووییەکاندا دەخرێتەڕوو..
دیارە ھەر بەخۆڕاش نییە، لەزۆربەی قۆناغەکانی خوێندندا ھەوڵی کردنە
حیکایەتی وانە زانستییەکان درابێت، بۆ نموونە کیمیا و فیزیا و وانە
زانستییەکانی تر.. لەئێستاشدا دەبینین بۆ حاڵیبوونی خوێندکاران، چۆن
دەکرێنە حیکایەتی بەتام و بەچێژو زۆرجاران ھێندەی بەسەرھاتی رۆستەم و
سوھراب کاریگەرییان بەسەر خوێندکارانەوە دەبێت!؟.. ھەرچەند ئەمە لەڕووی
بەئەقڵانی بوون و بەگەڕخستنی توانا ماتەریاڵە مەعریفییەکانی زەین و
تەسەووراتی ئێمەی مرۆڤەوە دەرحەق بەشتگەلەکان، کاریگەریی زۆر
نێگەتیفانەی دەبێت؛ بەڵام ئەمە واقیعەو یەکاڵاکردنەوەو قسەو باسێکی
قووڵیش لێرەدا سەبارەتی؛ تەوەری باسەکەی ئێستامان نییەو پێشم وانییە وا
راگوزەرانە بتوانین؛ لێرەدا شتێکی جیدی لەبارەوە جێبکەینەوە!؟.
پ٢: کەواتە دەتوانین بڵێین؛ ئێمەین ھەر
لەسەرەتاکانی یەکەمین قۆناغەکانی ژیانمانەوە کەمنداڵییە..دەمانەوێت؛
گوێگر و باوەڕپێکەری حیکایەت و داستان و ماجەرا و ئەفسانە خەیاڵییەکان
ببین، کەدواتر ژانرەکانی ئەدەبیی لێ دێتە دەر و ھەر ئەم حەزی
گوێگرتنەمانیشە کەدواتر دەمانکاتە خوێنەری تێکستەکان، پێتان وانییە
ئەمە وابێت؟
یوسف عیزەدین: بەڵێ خۆی لەڕاستیدا،
پێوەندی گوێگر و گێرەڕەوە"راوی"و دواتریش خوێنەر و تێکست، سەرباری
سانا بوونیان؛ زۆر ئاڵۆزن، لەکاتێکدا بۆ نموونە گەر واز لەگوێگر و
گێڕانەوەکان لەئێستادا بھێنین وتەنھا ئاماژە بە"رۆمان" وەک ژانرێکی
ئەدەبی و خوێنەرەکەی بدەین، دەبینین یەکێک لەرۆماننووسە جدییەکانی دنیا،
کەسێکی وەک" ئیمبێرتۆ ئیکۆ" لەکتێبی"شەش پیاسە بەنێو دارستانێکی
خەیاڵچندا" ھەوڵی تەئویلکردنی زۆر تەرح و بۆچوون و پرسیار دەدات،
سەبارەت بەتێکستە سەردییەکان و بەتایبەتیش تێکستی "رۆمان"، بۆ نموونە
بۆ ئەو دنیای تێکست و بەتایبەتیش تێکستی "رۆمان"، بەدارستانێکی چڕ و پڕ
و ترسناک دەشووبھێنێت، کەئێمەی خوێنەری گریمانکراو رەنگە لەنێویدا
بزرببین و لەنێو ھەموو ئەو دنیا داخراوە سیحراوییە، قێزەوونە، جازیبە،
ساردو سڕەی نێویدا وێڵ و ئەوداڵی دۆزینەوەی رێگەو رێچکەیەک بین بۆ
ھاتنە دەرەوە، یان چوونە ژوورەوەیەکی تر؟!.. ئیدی بەڕای ئەو لەنێو ئەو
دنیا تەسەوورکراوەدا، درەختەکانی ئەو دارستانە گریمانکراوە، بۆیان
ھەیە بەتەواوی تیشکی خۆرت لێ بشارنەوە، یان جار جارە رێبدەن لێت
وەدەربکەوێت ولەنێو چڕو پڕی لق و پۆپی درەختە بێکۆتاکانەوە ھەست
بەزەمەن بکەیت، یان بەتەواوی لەزەمەن بێخەبەر بیت، وەک "ئیکۆ" لەمیانی
خستنەڕووی رۆمانی"دارستانەکانی لوازی" "سیلڤی لنیرڤال" ئاماژەی پێدەدات،
کەدەڵێت:
(دەبێت بزانین چۆن بچینە نێو دارستانەوەو تێیدا پیاسەبکەین و چۆنیش لێی
بێینە دەر و تەنانەت گەر پێویستیکرد لەڕێڕەوە تەسک و ترووسکەکانیشی
ھەڵبێین).. ھەموو ئەمەش لەکاتێکدا روودەدات، کەبۆی ھەیە وەک
لە"دارستانەکانی لوازی"دا ئاماژەی پێکراوە، چڕوپڕی دارو درەختەکان
ببێتە مایەی چەواشەکردنی ئەو کەسەی بەنێو دارستانەکەدا دەگەڕێت و
نەزانێت لەچ کات و ساتێکی زەمەندایە.
لای "ئیمبێرتۆ ئیکۆ" تێکست دارستانەو خوێنەریش ئەو موغامیرەیە بەنێویدا
گوزەردەکات؛ لەکاتێکدا پێش وەخت ھیچ نەخشەیەکی لانییەو ئەوە خوێنەرە
ھەوڵی کەشفکردنەی ئەو پانتاییە جوگرافییە تەسەوورییە وێناکراوە دەدات
و بەبێ بوونی ئەو خوێنەرە جیدییە گریمانکراوەش؛ گەمەکە دەست پێناکات..
یان دەتوانین بڵێین تێکست بەبێ بوونی خوێنەر، ئاستەمە بتوانرێت باس
لەبوونی بکرێت، واتە بوونە زیندووەکەی تەنانەت گەر لەشوێنێکیشدا بە
نووسراوی ھەبێت!؟.
پ٣: ئەگەر بوونی تێکست و خوێنەری گریمانکراو، بەبێ یەکتر بوونیان نەبێت،
کەواتە خوێنەری گریمانکراو بە چەشنێک دەتوانێت بڕوانێتە تێکست کەخۆی
لەڕاستیدا وا نییەو شتیکی ترە؟
یوسف عیزەدین: پێم وایە ئێمە وەک خوێنەر،
دەبێت مامەڵەیەکی تەفکیکییانە لەگەڵ تێکست بکەین و سانترالیزمی بونیادە
یەکگرتووە گریمانەییەکەی ھەڵوەشێنینەوە، تا بتوانین خۆمان بەدوور بگرین
لەو دەسەڵاتە موقەددەسە تەقلیدییەی کەدەیەوێت لەپشت تێکستەوە، وەک
ئیگۆیەکی باڵا خۆیمان بەسەردا بسەپێنێت، ئیدی زۆرجار گەورەکردنی ناوی
دانەرێک و کردنی بەئیگۆیەکی باڵاو ئایدیالیی لەزەینی خوێنەری سادە و
ساکاردا دەبێتە مایەی مانەوەی تێکستەکانی لەدەرەوەی ھەر جۆرە
تێڕوانینێکی جوداو پەرچەکردارێکی تەنانەت راگوزەری کاتی خوێندەنەوەشدا،
چونکە ھەر لەسەرەتاوە رێگرێکی نائاسایی بۆ دروست بووە؛ کەنەتوانێت
ئاسایی مامەڵە لەگەڵ تێکستەکانی بۆ نموونە.. ئەو کەسە دیاریکراوە
ھالە بۆ دروستکراوەدا بکات، ھەر ئەمەشە دەبێتە مایەی گۆڕینی خوێندنەوە
بۆ ناخوێندنەوەو ئەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوان و بەرچاو لەپانتایی
خوێندنەوەی کوردیشدا ھەڵدەسووڕێت؛ ئەو چەشنە ناخوێندنەوە شەفەھییەیە،
کەوەدووی ناوەکان دەکەوێت و وەک ھەمووان ئەوە دەڵێت، کەگووتراوە، "ئۆسکار
وایڵد" لەشوێنێکدا ئاماژە بەوە دەدات، کەزۆرینە بەلاسایی کردنەوەو
دوبارە کردنەوەی چەشن و جۆری گووتراوەکان، ھەموو شتێکن تەنھا خۆیان
نەبن".. ئیدی زۆر بەئاسانی دەتوانین ھەست بەوە بکەین، کەزۆرینەی واقیعی
کوردی، ھەر شتێک بن خۆیان نین؟! بەبواری خوێندنەوەشەوە دەبێت؛ لەدەرەوە
فێربکرێن و بانگھێشت بکرێن بۆ خوێندنەوەی فڵانە تێکست و پشت گوێ خستنی
فیسارە تێکستی تر. ئیدی ئەو زۆرینەیەش بێ پرسیار مل بۆ ئەوە دەنێت،
کەلەدەرەوەڕا بەسەریدا دەسەپێنرێت.
پ٤: واتە لەکاتێکدا خوێنەر پێی وایە مومارەسەی خوێندنەوەی تێکستێک
دەکات، بۆی ھەیە لەڕاستیدا مومارەسەی ناخوێندنەوە بکات، وەک لەکایەی
خوێندنەوەی کوردیدا بەدیدەکرێت؟
یوسف عیزەدین: بەڵێ ئەگەر تێکست لەشوێنێکەوە پەیوەست بێت
بەکەینونەوە، یان بوونمانەوە، ئەوە تەئویلی ئێمەی خوێنەر، ھەوڵدانێکە
بۆ کەشفکردنی ئەو چەشنە تەماسەی کەلەگەڵ شتەکاندا ھەیەتی و
کردوویەتی..ھەموو ئەمەش بەبێ پرسیارکردنی بەردەوام و گەڕانی بێ
پسانەوەمان مەیسەر نابێت...تێکستە جدییەکان ئەو تێکستانەن، کەنەک ھەر
خۆیان بەئاسانی نادەن بەدەستەوە، بەڵکو بەردەوام قابیل بەخوێندنەوەی
نوێ و جدیین..خوێندنەوەش ھەردەم لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کەدانەرەکەی
بەئاگا یان بێئاگا، دەسەڵاتی بەسەردا نەشکاوە، یان لێی بێدەنگ بووە..
یان لەکاتێکدا ویستویەتی شتێک پەردەپۆش بکات شتێکی دیکەی لەو ترسناکتر
یان سەیر و سەمەرەتری درکاندووە.. بەبێ گومان و دڵەڕاوکێ و بگرەو
بەردەیەکی قووڵی ناوەکی مەحاڵە بتوانین بچینە قووڵایی تێکستە
فریودەرەکانەوە، چەند سەیرە کاتێک ھەن بەیەقینەوە ساڵانێکی زۆر پێیان
وابووە، بەڕاستی "ئەفڵاتوون" شاعیرانی لەکۆمارە یۆتۆبییەکەی خۆی وەدەر
ناوە، لەبەر ئەوەی بۆ نموونە "ئەفڵاتوون" نەیویستووە ئەو دنیا
لۆژیکییەی نێو کۆمارەکەی بشێوێنێت، لەگەڵ زۆر راو بۆچوونی دیکەی تر
کەلەدەیان دیراسەدا و بەدرێژایی ساڵانێک بەرجەستە کراون، کەچی زۆر دوور
بوون لەو پەنھان و نھێنییەی کە"ئەفڵاتوون" ویستویەتی خوێنەرانی لێی بێ
ئاگا بن، ئەویش ئەوەیە خۆی بەشاراوەیی زمانی شیعری کردۆتە زمانی تەرحە
فەلسەفییەکانی و بەمەش لەناوەوەڕا بەنج و مەستمان دەکات و لەجێی
ورووژاندنی ئەقڵانییەت و لۆژیک و پانتاییە فیکرییەکان.. ئەو دێت و ھەست
و سۆزمان سەبارەت بە شتەکان دەبزووێنێت!؟.. ئاخر ئەمە سەیر نییە، زۆر
لەپسپۆڕانی فەلسەفە تەنانەت تائێستاو پاش زیاد لەدوو ھەزار ساڵ، ھەست
بە م گەمەیەی ئەو فەیلەسووفە نەکەن و بە یەقینەوە بڕواننە ئەوەی لەمەڕ
شیعر و شاعیران تەرحی کردووە... خۆی لەڕاستیدا ئەم گەمەیە و
ھاوشێوەکانی بەئاگاو بێئاگا لەنێو قووڵایی تێکستە ئەدەبییە جدیی و
زیندووەکانیشدا ھەیە، بۆ نمونە کاتێک دانەرێک فڵانە گوتاری ڕاشکاوانە
لەمەڕ شتێک خستۆتەڕوو و ھەموو ھەوڵدانی بۆ سەلماندنی تەرحێک بووە، کەچی
بۆ نموونە بەپەراوێزێک ھەموو ئەوەی کەگوتوویەتی، سەرەو ژێری کردووە،
ئیدی ھەرچەند دەگوترێت نووسین گەمەیەو بۆ خۆشم تاڕادەیەکی زۆر
وایدەبینم، بەڵام ئەو راستیەش ناتوانم بشارمەوە کەزۆرجار کردەی نووسینم
لا دەبێتە پانتایی شەڕەجەنگێکی ناوەکی ترسناکی من و ھەموو ئەو شتانەی
کەناتوانم وەک خۆیان و بۆ خۆیان و لەپێناو خۆیاندا بیانبینم، بەڵکو
بەدەر لەویستەکەنم، ھەموو ئەو شتانە وەک خۆم و لەشوێنێکی تردا
دەبینم..شوێنێک کە دەکرێت ھەموو شتەکانی تێدا لەناوبەرین و بیانسڕینەوە،
شوێنێک کەدەتوانێت لەناشوێندا بمانھێڵێتەوە..شوینێک کەشوێنی نووسینە و
وەک "رۆلان بارت"یش دەڵێت:( نووسین لەناوبردنی ھەموو دەنگ و رەنگ و
بنەماکانە، ئەو پانتاییەیە کەئیگۆ ئەکتیڤەکانی تێدا وندەبن..نووسین ئەو
مابەینە رەش و سپییەیە کە کەھەموو شوناسەکانی تێدا وندەبێت؛ بەشوناسی
ئەو جەستەیەشەوە کەدەنووسێت)..دەمەوێت ھەر لێرەداو جارێکی تر، جەخت
بکەمەوە سەر دوا دێڕی گوتەکەی "بارت": کەدەڵێت؛ ھەموو شوناسەکانی تێدا
وندەنێت بە شوناسی ئەو جەستەیەشەوە کەدەنووسێت، واتە لەنووسیندا
وندەبێت و ئیدی تەئویلکرنمان بۆ ئەم دێڕە، دەرکەی زۆر پرسیاری قووڵمان
لەمەڕ نووسین بۆ دەخاتە سەر پشت!؟.
پ٥: ئاشکرایە لەنێو زۆر نێوەندی ئەدەبیاتی دنیادا، رەخنە رۆڵێکی باش و
جیددی دەبینێت؛ لەخستنەڕوو و ناساندنی تێکستدا، بەڕای ئێوە ئەمە
لەوەسەتی ئەدەبی کوردیدا تا چەند کاریگەرەو رۆڵی ھەیە، مەبەستمان
لەبوون و نەبوونی رەخنەی کوردییە؟
یوسف عیزەدین: دەبێت ئەوە بزانین کەدانەری تێکستی ئەدەبی
جددیی(یان وەک بەھەڵە پێی دەگووترێت نووسەر!؟)، کارێکی سیمبۆلی دەکات و
بمانەوێت و نەمانەوێت دانەر ئەو کەسە ئیگۆ باڵا و سەنتەری ھەموو شتێک و
ئیمپراتۆرئاسایە نییە، وەک لەدنیای تەقلیدیی نووسیندا و دەرئەنجامی
تەقدیسکردنی دانەر، لەتەرح و تێزە باو و سواوەکانی دنیا وەستاوەکەی
ئەدەبیاتدا چەسپاوە، بەڵکو بەڕای من حەقیقەتی تێکست لەو شوێنەوە دەست
پێدەکات، کەدانەر بڕستی لێدەبڕێت و کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات و بەئاگاو
بێئاگا تێکستەکە بەرەو شوێنێکی تری دەبەن، کەدانەر مەبەستی نەبووە
بەرەو ئەوێ بچێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی نابێت ئەوەش لەیاد بکەین، وەک "مالارمێ"
ئاماژەی پێدەدات:
( ئەوەی کەدەدوێت زمانە نەک دانەر!؟).
پ٦: تائێستا رەخنەی ئەدەبی کوردی، لەموجامەلەو پیاھەڵدانی زۆر، یان
بەپێچەوانەوە شکاندن و رەتکردنەوە تەجاوزی نەکردووە، پێت وایە ئومێدی
ئەوە ھەیە، پاش بڵاوکردنەوەی چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەک چەکەرەی
ھیوایەک سەری ھەڵداوە، بۆ ئەوەی ئێمەش ببینە خاوەن رەخنەیەکی راست و
دروست؟
یوسف عیزەدین: بەڵێ راستە و زۆر ئاساییەو ھیچ شتێکی عەجایب نییە،
کاتێک دەبینین بەدرێژایی مێژوو ئەوانەی لەسەردەمەکانی خۆیان و لەنێو
کۆمەڵگەکانی خۆیاندا زۆر بەباشی جێیان بۆتەوەو تێکستەکانیان بوونەتە
وێردی سەر زاران و پێیدا ھەڵدراوە؛ پاش خۆیان ھەر وەک ئەوەی نەبووبێتن،
ناوی خۆیان و تێکستیان دیار نەماوە!؟.
یان دەتوانین بڵێین ئەو تێکستانەی نەک ھەر لەسەردەمەکەی خۆیاندا بەڵکو
بەدرێژایی مێژوو نەفرەتیان لێکراوەو ھەردەم رووبەڕووی سەخترین دژایەتی
بوونەتەوە، ئەوانەن کەتائێستا ماوون و تا قسەو باسێکیش لەدنیادا مابێت،
ھەر قسەو باسیان لەسەر دەکرێت...ئاخر تۆ بڕوانە ئەو "ئیبن خەلدون"ی
کەلەکتێبێکی تەنھا "موقەدیمە"کەی ماوەتەوەو سەرباری سووتاندنی بەشەکانی
دیکەی کتێبەکەی، کەچی نازانم چ کەسێکی جیددی ھەیە، لەکاتی خوێندنەوەی
ئەو پێشەکییەی"ئیبن خەلدون"دا نەھەژێت..یان کێمان ھەیە لەمڕۆدا سەرسام
نەبێت بەو توانا سەیرەی کەسانی وەک بۆ نمونە؛"فارابی" کە ھەموو ژیانی
خۆی بەبێ ھیچ بەرانبەرێک تەرخان کردووە بۆ لێتۆژینەوەو لێکۆڵینەوەی
قووڵ، دیارە ئەمەشی لەسەخترین رۆژگاردا کردووە، تۆ بێنەرەوە بەرچاوی
خۆت، بەدەستھێنان و دروستکردنی کەرەستەکانی نووسین و پەیداکردنیان چەند
شتێکی ناڕەحەت بووە، یان بۆ رووناکردنەوەی ژوورێک لەشەودا، دەبێت چییان
کردبێت، تا بەشی ئەوە رووناکی تێدا بێت و بتوانن لەژێریدا بخوێننەوەو
ئەمە وەک شتگەلێکی سەرەتایی ساناو ساکاری دەست بەکاربوون و
پێویستییەکانی.. ئەگینا زۆر کێشەی قووڵی ترسناک لەو دەمانەدا ھەبوون؛
کەپەیوەست بوون بەنەگوتن و نەدرکاندنی شتگەلە تابوو قەدەغەکراوەکان...
ئەی ئەوە نییە کاتێک" غەزالی" پاش پاشگەزبوونەوەی لەتێڕوانینە لۆژیکییە
فەلسەفییەکانی پێشوویی و ئەو دەمی تەسلیم بەیەقینەئاینییەکان وەک خۆی
دەبێتەوەو لەشوێنێکدا کەتەکفیری "فارابی و ئیبن سینا" دەکات ھەر چەند
لەژیاندا نەماون و پاش مەرگی ئەویش کەسێکی وەک "ئیبن روشد" بەسەد ساڵێک
زیاتر یان کەمتردێت و بەکتێبی"تەھافتی تەھافت" تەئویل و تەفسیری دنیا
بینی "غەزالی"دەکات و زۆر بەتووندی بەگژ تێڕوانینەکانیدا دەچێتەوەو
تەکفیرەکەی سەر "فارابی"و "ئیبن سینا"ش پووچەڵدەکاتەوە... ئەمە
لەکاتێکدا لەو سەردەمانەدا بەسەدان بیرمەند و ئەدیب ھەبوون، کەھەموو
ژیانیان لەدەرباری سوڵتانەکاندا بردۆتە سەرو بەنامێ و ناسراوی زەمەنی
خۆیان بوون و کەچی ئێستا ناویان نەماوەو کەسیش باسیان ناکات، ئیدی
ئەوەی زەمەنەکان تێپەڕدەکات تێکستە جدییەکانن، ئەی ئەوە نییە سەرباری
بوونی چەندین تێکستی شاعیران بۆ نموونە لەسەردەمی بابانەکاندا، لەمڕۆدا
تێکستەکانی"نالی"یە کەتوانای تێپەڕکردنی زەمەنەکەی خۆیانی ھەبووەو
توانیویانە ناوی دانەرەکەشی بھێڵنەوە، ئەگینا زۆری دیکەی ناسراوی
زەمەنەکەی خۆیان ھەبوون، کەلەئێستادا ھەر ناویشیان نەماوەو کەسیش نییە
بزانێت چیان گوتوەو نوسیووە؟!..
پ٧: ئەی رۆڵی رەخنە لەناساندنی تێکستە زیندووە باش و جدییەکاندا، یان
خراپەکاندا چییە؟
یوسف عیزەدین: رەنگە زۆر کۆمیدی بێت گەر بڵێین، باشترین رۆڵی
رەخنە ناساندنی ئیجابیانەی تێکستە مردووەکان و گەورەکردنی دانەرەکانی و
ھالەدروستکردن بۆیان و ریکلام بۆکردنیانە.. جێی داخە دەتوانین بڵێین
زۆر کەمن ئەو رەخنەگرانەی، کەدەتوانن خیانەت لەتێڕوانینی خۆیان نەکەن
سەبارەت بەناساندنی تێکستێک، ئاخر چی لەوە سەیرتر ھەیە، وەک ھەر چەشنە
ریکلام بۆکردن و بەچاک ناساندنی کەرەستەو کەل و پەلەکانی بازاڕ،
لەپێناو دەسکەوتێکی مادییدا ئاواش؛ فڵانە ئەوەندە تێکستی فیسارە
نووسەری نووقسان و سەقەت لەڕووی مەعریفییەوە، بەقۆنتەرات بدەیتە چەند
رەخنەگرێک، تا لێمانی بکەنە ھێرمان ھیسە و بۆرخیس و زۆرێکی تر لەدانەرە
جدییەکانی دنیا .. ھەر بۆیە بێگومان کاتێک نووسەرە ئێکسپایەرەکانی
غەیرە کوردی سەر فڵانە دەزگای ئێرەو ئەوێی شوێنانێک، بانگھێشت دەکرێن و
بەحیساب نووسەرانی بوارە جیاجیاکانی ئەدەبیاتی کوردییان پێ دەناسێنرێت،
سەیر لەوەدایە زۆر بەزەقی موزمەعیلترین نووسەرانی کورد، بەموزمەعیلترین
نووسەرانی شوێنانی دیکەی دنیا دەناسێنرێن، کەواتە لەدنیای
موزمەعیلەکاندا کەسانێک ھەن، بەڕاستی نازانن ئەوان موزمەعیل و کڵۆڵن،
لێوانلێون لەگەوجی و گەمژەیەتی، نغرۆن لەجەھلداو ھەردەم بانگەشەی
مەعریفەو خۆیان بەسەر دەستەی ئەقڵ و عیرفان دەزانن، بەڕاستی ئەمانە،
وەک دوای خۆیان نەک ھەر ناخوێنرێنەوە بەڵکو ناویشیان نامێنێت،
لەھەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە؛ لەژیانی خۆیاندا وەک بۆ خۆیان نەیانزانی،
کەسێکیش نەبوو پێیان بڵێت، ئێوە بەبێ ئەوەی بەخۆتان بزانن، ھیچ بوون،
ھیچ!؟
پ٨: بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین؛ ھەوڵدانی
جدییانە دەتوانێت، چەشنێک لەرەخنەو خوێندنەوەی نوێ بۆ تێکست وجیاواز
لەوەی ئاماژەتان پێدا دروست بکات؟
یوسف عیزەدین: تۆ بڕوانە نووسەرێکی بەتوانای وەک"ئێدگەر ئالن پۆ"،
دەبینیت لەسەردەمی ژیانیداو لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا بەنەفرەت کراوەو
وەک خوێڕیترین و سەخیفترین بوونەوەر سەیر کراوە، بەتایبەتیش کەسێکی
مودمین بەمادە بێھۆشکەرەکان بووەو ژیانێکی زۆر ناڕێک و ناخێزانی و
ناتەباو تێکەڵ و پێکەڵی ئاڵۆزی ھەبووە.. ئیدی نەفرەت کردنی نەک ھەر
کۆمەڵگەیەک بەڵکو نەفرەت کردنی وەسەتی ئەدەبی ناسراو و باوەڕپێکراوی
ئەو دەمی ئەمریکی، توانی بۆ زەمەنێک توانای تێکستەکانی ئەو نووسەرە
بشارێتەوە، ھەرچەند ئەو نووسەرە بەنەفرەتلێکراوی سەر دەنێتەوە، بەڵام
دواتر دنیا لەڕێی دانپێدانانەکانی خوێنەران و نووسەرە بەتوانا
فەڕەنساییەکانەوە بەتوانای ناوازەی ئەو ئاشنا بێت و دواجار و تائێستا
خوێندنەوەی بێ پسانەوە بۆ تێکستەکانی ئەو زاتە دەکرێت، ئاشکرایە "بۆدلێر"و"مالارمییە"و"دۆستەییڤسکی"لەوانەن
کەئاماژەیان بەتوانای ئەو زاتەدا ناوە، بەڵام ئەگەر ئەوانیش نەبانایە،
ھەر تێکستەکانی"پۆ" لەمڕۆدا ئەوە دەبوو، کەقسەو باسیان لەمەڕ دەکرێت..
ئیدی ھەر سەرەتایەک دەبێت بۆ ناساندنی تێکتسی جدیی فڵان یان فیسارە
دانەر، لەھەر رۆژگار و زەمانێکدا بێت.. وەک چۆن پاش سەدان ساڵ، ھەبوون
لەعاشقانی سۆفیزم؛ پاش جێ ھێشتنی خاک و زێدیان و مانەوەیان
لەڕۆژھەڵاتدا، توانیان بەچەندین دەردەسەری و کێشەو گرفت، دەیان بەیتە
شیعری سۆفیستی، یان وردەکارییەکانی ژیان و مردنی ئەم و ئەویان ساغ
بکەنەوە، نازانم گەر لێکۆڵەرەوەیەکی وەک "ماسنیۆن"و ھاوشێوەکانی
نابانایە دەبوو ئەمڕۆ چەندمان لەبارەی شیعرو ژیانی حەللاج زانیبا،
بێگومان زۆر کەم یان ھەر ھیچ، ئیدی ئەوانن کەکاریان لەسەر لەبیر کراو و
پەراوێزخراوەکان کردووەو ھەردەمیش ئەم گەڕانەی کەسە جدییەکان بەردەوەم
دەبێت.
پ٩: فرۆشی رۆمانە کوردییەکان؛ چەند دانەیەکی
کەمیان نەبێت، لەئاستێکی زۆر نزمدایە، ئاخۆ ئەمە گرفتی ناوەڕۆک و کرچی
رۆمانەکانە، یان خوێنەری کورد لەگەڵ خوێندنەوەی رۆماندا گرفتی ھەیە؟
یوسف عیزەدین: پێم وایە ھەر لەسەرەتاوە،
ئاماژەمان بەخوێنەرە گریمانکراوەکانی تێکست کرد، کەدیارە زۆر کەم و
دەگمەنن و لەلایەکی تریشەوە، وەک "کلیمنت گرینبێرگ" دەڵێت:
( سەرجەم نووسین و ئیشە باشەکان؛ سەرەتا زۆر دزێو و ناشرین دێنە پێش
چاو؟!)..بۆیە دەبێت زۆر بەگومانەوە سەیری ھەموو ئەو تێکستانە بکەین
کەخوێنەری زۆرە، واتە خوێنەرێکی ھەڕەمەکی و سادەو ساکارو بێسەرەو بەرەی
زۆرە ..
بەھیچ شێوەیەک زۆر فرۆشتن و کەم فرۆشتنی کتێب؛ نەک تەنھا لای کورد
بەڵکو لەدنیادا، پێوەندی بەجدییەت و ناجدییەتیەوە نییە..ھەر بۆ نموونە
"بۆرخیس"، لەگوتەیەکی گاڵتەئامێزی یەکێک لەدیمانەکانیدا، ئاماژە بەوە
دەدات لەیەک ساڵدا تەنھا دە بیست دانەیەک لەکتێبێکی دەفرۆشێت و ئەویش
لەجێی ئەوەی نیگەران و دڵگران بێت، بیر لەوە دەکاتەوە یەکە یەکەی
کڕیاری کتێبەکەی لەڕێی وەسڵی فرۆشتنی کتێبەکانییەوە، لەڕێی
کتێبخانەکانەوە کڕیارەکان بدۆزێتەوەو بچێتە لای یەکە یەکەیان و لەیەک
کاتدا ھەم سوپاسیان بکات و ھەم پرسیاری ئەوەشیان لێ بکات بۆ کتێبەکەیان
کڕیووە، ئەمە جگە لەوەی ھەر"بۆرخیس" بۆ خۆی دەڵێت؛ ئاسانترە تەسەووری
چەند خوێنەرێکی دیاریکراو بکەیت؛ کەدەتخوێننەوە لەوەی تەسەووری
ژمارەیەکی زۆر بکەیت؟!
پ١٠: ئێستا بەڕێژەیەکی بەرچاو کتێب چاپ دەکرێن و ناوی رۆمانیان
بەسەرەوەیە، کەھەندێکیان لەلایەن چەند کەسانێکەوە نووسراون؛ ھیچ
شارەزاییان لەئەدەبی گەلان و تەنانەت لەتەکنیکی نووسینی رۆمانیشدا نییە،
ئایا ئەمە لای ئێوە ناو دەبرێت بازرگانی یان، یان ھەڵپەی ناو پەیداکردن،
پێت وایە کێ دەبێت سنوورێک بۆ ئەو دیارەدەیە دابنێت؟
یوسف عیزەدین: نازانم من وەک خۆم دژ
بەھەموو سنوور و سانسۆرێکم، لێرەدا مەبەستم لەھەر سنوور و سانسۆرێکە بۆ
سەپاندنی راوبۆچوونی ستاڤێک لەسانسۆری ھەر چەشنە دەسەڵاتێکی دیاریکراو،
ئیدی ھەرچییەک و کێ بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بەناوی شتێکەوە رێ
لەشتێکی تر دەگرێت وناھێڵێت مومارەسەی مافێکی سروشتی خۆی بکات؟!
ئەمە روویەکی مەسەلەکەیە،لەوە ترسناکتر؛ ئەوەی کاری ئەو سانسۆرەی
دەرێتە کەس کێیە؟.. ئاخۆ ھەر روویەکی دیکەی ئەو کەسە بێتوانایانە نییە،
کەوەک ئاماژەتان پێدا شتی کرچ و کاڵ بڵاودەکەنەوە، واتە ھەردوو لایان
رووی یەک دراو نییە!؟.
باشە ئەگەر سانسۆرێک نەبێت بۆ ئەوانەی بەناوی ئەدەب و بگرە مەعریفەو
فیکرەوە ساڵانێکی دوور و درێژە، چیان بووێت چاپ و بڵاوی دەکەنەوە و
بەڵکو زۆر لەوە زیاتر و نامەوێت لەوە زیاتر کاتی خۆمانیان پێوە بکوژین
و پێم وایە ھەرچییەک لەبارەیانەوە بگوترێت عەبەسە، لەمڕۆدا ئەوەو وەک
پێشتریش ئاماژەمان پێدا سبەینێیە بڕیار دەدات کامە تێکست دەخوێنرێتەوە،
گرنگیش نییە کەم یان زۆر بخوێنرێتەوە.. جابۆیە ناکرێت رێ لەوانەی ئێستا
و داھاتوو و ھێچ ئان کاتێکی تر بگیرێت، دواجار نووسین کردەیەکی
ئازاربەخشی سەختەو وەک "ئەحمەد بۆزفۆر" یش ئاماژە بەوە دەدات؛ کەوەک
خۆی ئەو ساتانە بەختەوەرە، کەنانووسێت و دوورە لەدنیای نووسین؟!
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|