په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠٢٤

خوێندنەوەی پەرتووک:

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک.

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١٣ - ١٦.

هەڵۆ محەمەد         

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١٣ - ١٤.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.


[پێش ئەوەی ھەر شتێ بین دەبێ کوردبین]
(کوردستانێکی ئازاد گەلێکی یەکسان )
"چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە"
ژمارەی١٣-١٤ نەورۆزی ٢٥٩٤ مارتی ١٩٨٢
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی - پاسۆک

سەرەتا با لەوەوە دەست پێ بکەین کەوا ئەمە یەکەم بەرگی ئاڵایە دوو ژمارەی ١٣-١٤ لە خۆی بگرێ و ٥٠ لاپەڕە بە بابەتی ھەمەجۆر پڕ بکاتەوە!...
پێدەچێ بارودۆخی کوردستان و خودی پاسۆک نائارام بوو بێت، لە دەمی پێویستدا ژمارەیەک دواکەوتبێ و خرابێتە پاڵ ژمارەی دواترەوە.. بەھەرحاڵ ئەم قەرزدانەوەیە بە خوێنەر ئەرکێکی ڕەوشتی و ڕۆشنبیرییە، بۆیە ڕێگری کراوە لەوەی بێتە ماڵ بەسەر شانی ھاوبیران و دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەوە..
بە ٩ بابەتی ھەمەچەشن و پڕ لە زانیاری گشتی و تایبەتی ئەم ژمارە ئامادە کراوە..جێی ئاماژە پێدانە کەوا ئەم ژمارە بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەوە دەرکراوە و!.. ھەر وەک بۆنە و جەژنێکی گۆڤارەکە تەماشا دەکرێ کە یەکەم مۆمی تەمەنی خۆی دەکوژێنێتەوە..
بایەخی ئەم ژمارەیە لەوەدایە بە چاوپێکەوتنێکی ھاوبیر (عەلی) لاپەڕەکانی خۆی بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە. ھاوبیر عەلی نازناوی حیزبی سکرتێری پاسۆک کاک ئازاد مستەفایە...
چاوپێکەوتنێ بە ١٤ پرسیار و وەڵامەوە لە دووتوێی ٢٠ لاپەڕەدا بەشێکی ئەم ژمارەیە داگیر دەکات...
{چاوپێکەوتنە تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی لەدایکبوونی گۆڤاری ئاڵا، ڕێکوپێکی دوانەکەوتنی ژمارەکان ، ناوەکەی، پەیوەندی پاسۆک و لایەنەکانی تر، دالەنگین لەنێوان دۆخی گەشەی ڕێکخستن و کەمی ژمارەی پێشمەرگەدا،ڕەتژردنەوە قاوی دژە عەرەب و فارس و تورک ، ھەڵوێستی ئەوانی بێگانە لەسەر دۆزی کورد، پاسۆکیش ھەندێجار دروشمی ئۆتۆنۆمی فراوانی بڵند کردۆتەوە! ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە،ئایا دۆخی کوردستان چەند شۆڕشێ لە چەند پارچەیەک ھەڵدەگرێ، ئایا دەکرێ جیاوازی نێوان داگیرکەران بکرێ، پاسۆک چی کردووە لەم مەیدانەدا، ھەڵوێست لەسەر رۆژھەڵاتی کوردستان چییە، قسە لەسەر باکووری کوردستان چییە، دەربارەی خۆرئاوای کوردستان}.
بۆیە زۆر لەسەر ناوەڕۆکی ئەم چاوپێکەوتنە تێروتەسەلە ناڕۆین چونکە ئەم بەرھەمە دواتر سەربەخۆ چاپ کراوە و ھێندە دەوڵەمەندە بە باسە سیاسی و مێژوویی و حیزبی و فیکرییەکان لە زۆر ڕەھەندەوە گفتوگۆی زۆر ھەڵدەگرێ.

[ ڕازێکی کوردانە].. بانگ ڕاھێشتنێ!...
ئەم بانگەواز و داواکارییە لەم وتارەدا ئاڕاستەی جەماوە و تاکەکە تاکەت دڵسۆزانی کورد و ھێزە سیاسییەکان کراوە، بۆئەوەی گیانی تەبایی و یەکخستنی توانا بکەنە ئامانجی ناوەندیی و یەکڕیزی کورد بەرانبەر داگیرکەر پێک بھێنن...
بۆ ئەم ھەنگاوە گرنگە وتارەکە نەک ھەر زەمینەی فکریی خۆش کردووە بگرە ئاماژە بە ھەموو ئامڕاز و میتۆدەکانی گرتنەبەری ئەم گاڤە پێویستەی بەسەر کردۆتەوە و خستۆتە بەرچاو . ئاخر ھیچ ژمارەیەکی ئاڵا نییە تژی نەبێت لەم داوا پیرۆزە و پاسۆک بەردەوام جەختی لەسەر کردۆتەوە.. ئەمەش دەرئەنجامی خەمخۆری و تێگەیشتنە لەواقعی دڵتەزێنی کورد .
{ئێمە بە زۆر و بە ناھەق و بەدەستی بێگانە و ئیستیعمار/ کۆلۆنیالیزم بەو کیانە ناقۆڵا و نا مەشروعانەی کوردیان پێوە لکێندراوە، بەستراوینەتەوە و سەرجەمی کێشەی میللەتەکەمان لەوەوە ھەڵساوە بۆیە تا ئەو جۆرە پەیوەندییە ناڕەوایە ھەڵنەتەکێندرێ کورد ئازادانە چارەنووسی خۆی لە چنگی خۆیدا نەبێت کێشەکە ھەر دەمێنێتەوە}.. ئەمە بڕگەیەکی ئەو وتار و بانگھێشتنەی پاسۆکە بۆ یەکگرتن!..
[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]..
ئەم بانگەش وەک تەواوکەری بانگێشتنی سەرەوەیە و ئاڕاستەی ھەموو ھێزەکان کراوە و دەشبێتە چەندەھەمین بەڵگەنامەی پاسۆک بۆ داوای تەبایی و یەکخستنی توانا بۆ بەرەنگاربوونەی داگیرکەر..
توێژەر دەبێت لێرەدا زرنگانە سەرنج لەم ھەڵوێستانە بگرێ و بەراوردی بکات بە گوتاری ئەوانی دی!!.. بەتایبەت لە ڕووی دڵسۆزی و ڕاستگۆییەوە لەگەڵ پەیامی شۆڕش و کوردایەتی دا!!.. ئەگەر وا نەکات ڕاستییەکان دەشێوێنێ و ناتوانێ واقعی و بابەتی بێت!..

[ قوتابخانەی پاسۆک].. چ بکەین؟؟!..
ئەم بابەتەش ئەڵقەیەکی تری ھەمان زنجیرە وتار و داخوازی کوردانەیە، کە خۆی لە تەبایی و یەکگرتوویدا دەبینێتەوە... وتارەکە داوا دەکات ئیدی کوڕی خۆمان نەکەینە قوربانی کچی خەڵکی و با بیرێک لە خۆمان و دواڕۆژمان بکەینەوە.. لە دەستپێشکەرییەکی بێوێنەدا و لە ڕێگای پێشکەشکردنی چەند خاڵێکە لەمەڕ ھەنگاونان بەرەو ئامانجی پیرۆز ، نەخشەڕێگایەک پێشکەش دەکات...کۆتایی وتارەکە بە بەیتە شیعرێکی شوکری فەزلی کۆتایی پێ دێنێ:
ئیش کە ڕووی لە ھەورازە سەرولێژی نەکەی
بیری وردیشی دەوێ بە دوعا و نوێژی نەکەی!!!
بۆ مێژووش دەڵێ: خوایە ئێوە گەواھن ئێمە پێمان ڕاگەیاندن...
[ شادەمارە سەرەتاکانمان]..
١٢- {ئاشتی و ئاسایش لە کوردستان و جیھاندا مەبەستمانە}..
پەشێو لەم ڕووەوە بە تابلۆیەکی شیعر ئەم پەیامەی ڕوون کردۆتەوە:

خوا دەزانێ باڵای تفەنگم خۆش ناوێ
بەڵام وەک بیستومە
کۆتر مانگرتووەکەی سەر مەتەلۆزی
وەستا ڕەجەب
بە شەقەی تفەنگ نەبێ
ھەرگیز لە شەقەی باڵی نادا
بسمارک دەڵێ: " لە سیاسەتی دەرەوەدا سۆز نییە، بەرژەوەندی ھەیە"... جیھان بەدوای بەرژەوەندی خۆیەوەیەتی و ھەرکەس دەیەوێ بەشە شیرینییەکەی خۆی زیاتر و باشتر بێت لەوی دیکە! ئەم ناوەڕۆکە چڵکنە ھۆکاری نەھاتنەدی ئاشتی و ئاسایشێکی ڕاستەقینەیە...
١٣- {دژی چەوساندنەوەی مرۆڤین( کە کورد بەشێکە لێی)بەھەر شێوە و ڕێگە و لەژێرھەرناو و بۆ ھەر مەبەستێک بێت}..
وەک وتمان ئەم بەرگە دوو ژمارەی لەخۆ گرتووە بۆیە دوو شادەماری تێدا نووسراوە. ئەم جارە قسە لەسەر خۆشەویستی و ڕێزە بۆ مرۆڤ و ماف و ئازادییەکانی! بۆ بەھا و شکۆی، لەم پانتاییەشدا مرۆڤی کورد سەرتۆپ دێتەوە چونکە لە ھەموو بوون و ھەبوون و ماف و خۆشبەختییەکی ژیان بێبەشە...
بایەخی مرۆڤ لە ستراتیژی بیرکردنەوەی پاسۆکدا پێگەیەکی گرنگی ھەیە، کرۆکی جیھانبینییە سیاسیی و فیکرییەکەشی بەرجەستە دەکات!...
باوەڕ ناکەم بەم پێودانگەی پاسۆک بۆ سەنگی مرۆڤ لە ھیچ شوێنێکی تری کوردستاندا ھێندە گرنگی بە مرۆڤ بە پێگە و خەسڵەت و بەھا ھەستیار و گرنگانەوە درا بێت...
[ با لەم نەورۆزەدا بناغەی تەبایی و( مافی دیاری کردنی چارەنووسمان) دابڕێژین]..
ناونیشانەکە ناسنامەی ناوەڕۆکی وتارەکەیە.. ئەو رۆژگارە داوای ئۆتۆنۆمی بە ھەموو کلک و گوێ و رووخساری میکیاج کراوییەوە وەک داوایەکی سەرەکی ھەموو لایەنە سیاسییەکان وابوو.. تاکە ستراتیژ و دەنگێکی جیاواز ، ھەر پاسۆک بوو... بەردەوام بە گژ ئەو ناواقعێتی و چەواشەکارییەدا دەچۆوە کە بە باڵای پرسی کورددا دابڕێندرا بوو. پاسۆک دەیویت ئەو تابووە تێک بشکێنێ و کورد و داخوازییەکانی بگوێزێتەوە بۆ وێستگەیەکی تر و داوایەکی مێژوویی واقعیتر!...
[فەرھەنگۆک]
لەم ژمارەیەدا ئەم زاراوانە{ بۆرژوا، دیماگۆکی،دیموکراسی }شی کراونەتەوە و بەتایبەت بە دوورودرێژی لەسەر دیموکراسی ڕۆیشتووە. دیموکراسی بۆ خۆی لە بنەڕشتدا یەکێکی لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئامانجی پاسۆک دوای ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی ..
[لە کەلەپووری شۆڕشگێڕیمان دا ]
لەم ژمارەشدا دیسان ئامادەیی شیعر ھەیە و دوو دەقی شیعری پڕ لە واتا و گرنگ کە ھاوجووتن لەگەڵ بابەتەکانی ئەم ژمارەیەدا بڵاو کراونەتەوە!...
شیعرەکان ناوی شاعیرەکانیان پێوە نییە، بەڵام ھەردوو ناسراون و یەکەن بەناوی{ فریودراوم} ھی شاعیر گەورە مامۆستا {ھەژار}ە:
زامن لێ داگیر کرا مێشک و دڵم خورا، برا
خوێنیان مژیم گۆشتیان خواردم ئێسکیان بە سەیاب سپاردم
لای تورکە نیوەی کەلاکم عەجەم بەربوونە لولاکم
عارەبیش بەشی خۆی دەوێ قاپێک لێرە قەپێک لەوێ
دەقە شیعرەکەی تریش بەناوی { قەومی کورد}ھی شاعیری ھەرگیز نەمز {بێکەس}ی ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی ئەدەبی کوردییە..
قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میلکەتێکی قارەمانن ھەر ئەبێ سەربەست بژین

[ماڵاوا]..ی ئەمجارش بەم ناونیشانەیە {مەتەڵ}!!..
پرسی کورد لەسەر دەستی سیاسەتی حیزبی کوردیدا وەک مەتەڵی لێھاتووە.. کەس تێی ناگات و بۆی ھەڵنایە.. وتاری ئەمجارە دیالۆگێکە لەسەر ئەم پرسە و باس لەوە دەکات ٢٥ ملیۆن مرۆڤ چۆن دەبێ نەزانی چی دەوێت و خۆی نەناسێ و بەو واقیعە دەستکردەی بۆی سازدراوە ڕازی بێت؟!....
لە وتارەکەدا ھاتووە: [ ئەفەر خۆمان بەداگیرکراو بزانین دەبێ داوامان وەدەرنانی داگیرکەر بێت.. نەک خێر پێکردن!..]..
ئاخر زۆر حیزبی کوردی دەڵێی بۆ خێر وەرگرتن و سواڵکردن دروست بوون!..
[ ئەگەر نەتەوە بین.. دەبێ وەک ھەر نەتەوەیەکی دیکە خەباتمان بۆ کیانی سیاسی سەربەخۆ و دەوڵەت بێ!! نەک سازش و فشەماف!]...
کەواتە گەر ھەموو بۆ کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان تێنەکۆشین و ڕەپوڕاست داوا ڕەواکانی کورد دەرنەبڕین ، ناھەقی دەکەین دەرھەق بە دۆزەکەمان ...
تا ژمارەی ئایندە ماڵئاااااااااوا...

 

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە ١٥ - ١٦.

 

پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.


[[پێش ئەوەی ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین]]
{کوردستانێکی ئازاد گەلێکی یەکسان}
(ئاڵای سووری کوردایەتی)
ئۆرگانی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ژمارە ١٥-١٦ نیسانی١٩٨٢. ز - گوڵانی ٢٥٩٤ کوردی

خوێندنەوە بۆ ئەم ژمارەیە دەبێتە دوا خوێندنەوەی تەواوی بەرگی یەکەمی ١٦ ژمارەی ئاڵای سووری کوردایەتی!!..
لە خوێندنەوەی ژمارەی یەکەم دا، پێشەکییەکی تێروتەسەلم بۆ نووسیووە و تیشکم خستۆتە سەر گرنگی و بایەخی ئەو کارە.. ئەگەرچی باش بوو لێرەدا جارێکی تر دایبەزێنمەوە ، بەڵام لەبەر دوورودرێژی بابەتەکە بڵاوی ناکەمەوە و یەکەوڕاست دێمە سەر ئەم ژمارەیە.
خوێنەری ھێژا.. ئەوە بۆ جاری دووەمە لەسەر یەک دوو ژمارەی ئاڵای سوور لە بەرگێکدا بڵاوکراوەتەوە.. ٥٦ لاپەڕەی ڕەنگین و نزیکەی ١١ باسگەلی چڕوپڕی وتاری سیاسی و مێژوویی و فیکری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و سەربازی و پرۆژە لە پێناوی دروستکردنی
سوپایەکی شۆڕشگێڕی کوردستان دا...
[سەروتار ] .. ڕۆژی شەھید
کاتێ میللەتێک بۆ ئازادی و رزگاری نیشتمان تێدەکۆشێ پێداویستی ئەم پرۆسەی خەباتە گیانبەخیشینە.. گیانبەخشینیش ترۆپکی دڵسۆزییە و سەرەڕۆیی کردنە بە ژیان. بۆیە بڕیاڕێک و چارەنووسێکی لەم شێوەیە، بەرھەمی ڕێکەوت نییە ھێندەی رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتێکی بەسەردا سەپاوە و وەستانەوەیە بە ڕووی زوڵم و زۆرداری و دەسەڵاتی بێگانەدا و بە واتایەکی تریش ژیان بۆ خۆی ھیوابەخش و سەرچاوەی خۆشەویستییە بۆ مان و گوزەران و چێژ لێوەرگرتن..
{شەھید خۆری سەرفرازی و کازێوەی ڕزگاریوشەرەفی میللییە.. شەھادەتیش مردنە بۆ ڕسکانی ژیان.نەتەوەی کودی شەھیددۆست، قاڵبووی بۆتەی ژیان و ژان و ژوان« ژیان» ێک کە تەنھامانای لەسەرفرازی و ڕەھاییدا دەبینێ و دەژی بۆئەوەی بە پێوەبمرێ و دەمرێ بۆئەوەی لەسەر }..
کورد دەیان و ھەزاران رۆژی ھەیە بیکاتە ڕۆژی گیانبەختکردووەکانی.. ھەر لەسەدەی بیستدا کارەساتەکانی لەسێدارەدانی پیران و شێخ سەلام بارزانی و سەید ڕەزا و د. فوئاد و سمکۆ و پێشەوا و کوشتارەکانی ئامەد و جەزیرە و بۆتان و دێرسیم و سابڵاخ و سلێمانی و قامیشلۆ و ھەڵەبجە و سەردەشت و سنە و بۆتان بەسن ببنە سیمبۆلی گشت شەھیدانی مێژووی خوێناوی نەتەوەکەمان..
ھەر رۆژی شەھیدان گرنگ نییە، داڕشتنی نەخشە و پلانێک بۆ کۆتایی بە کوشتار گەیشتن بە ھەواری ئازادی گرنگترە..
دەبا بەخوێنی شەھیدەکانمان ئایندەیەکی گەشت تر بۆ نەتەوەکەمان بنەخشێنین...
سەروتاری ئەم ژمارەیە ئەوەمان لێ داوا دەکات..
[ئایاری ڕەنجدەران ]..
لە ئایاری ھەر ساڵێکدا سڵاوی چەپکە گوڵی پیرۆزبایی بۆ ڕەنجدەرانی کوردستان ئامادە دەکرێ.. ئاڵای سووری کوردایەتیش لەم ئەرکەدا بەشداری دەکات و بە وتارێکی تێروتەسەل دیاری گەرموگوڕی خۆی پێشکەش دەکات...
{چەپکێ نێرگز بۆ گوڵدانێکی خوێن}..
پەخشانێکە نووسراوە بۆ یادی تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر شەھیدبوونی سەرکردە و فەرماندەیەکی دیاری پاسۆک گەشمردەی ھەمیشە زیندوو ملازم ( حەمەشەوقی) ..
{ بنووک« اکەحەمە»تا خوێنیشەرەفلە دەماری کوردایەتی و مەردایەتی قوتابییەکانی ھاوبیرتدا گەڕ بخوات ئەو کاروانەی ئێوەی نەمر شەقاوی یەکەمتان لە مەودای ھەزار میلدا بۆ نا، ھەر بەردەوام دەبێت ، تا دەگاتە مەنزڵگەی پیرۆزی..} لە وتارەکەدا ئەمە ھاتووە...
پاشماوەی ژمارەی پێشوو لە چاوپێکەوتنەکەی ھاوبیر ( عەلی)
لەم ژمارەشدا وەڵامی ١٦ پرسیاری گرنگ و ھەستیار دەداتەوە لە دوو توێی ٢٧ لاپەڕەدا .. پرسیارەکان لەسەر : [[ھەڵوێستی حیزب لەسەر مارکسیزم، مەسەلەی چینایەتی لە کوردستان و جیھان دا، باسی نەتەوە و سۆسیالیزم و ئایندە، مەرجە پێویستەکانی کادێرێکی حیزبی، باشترین کادێری حیزب، ئیلتیزامی حیزبایەتی، پەلەی ژیان وەک دەستوورێکی نەگۆڕ و..، بۆ کەرکوک مەڵبەندی ڕسکانی پاسۆکە؟، بۆ دەبێت ئەندامی پاسۆک کورد بێت؟!،بیروڕات حیزب لەسەر ڕێزگرتن لە کۆمەک و یارمەتی دەرەکی، بەخشینی فرسەتی خۆڕایی بە داگیرکەر، سۆسیالیزمێکی پاسۆک باوەڕی پێیەتی چییە؟، سۆسیالیزمی پاسۆک زانستییە؟، دەربارەی کوردی ئەوروپا، ئازایەتی ئەدەبی وانەتەک بۆ ھاوبیران]]...
[ڕازێکی کوردانە]
[ھەنگاوێ بەرەو بیرکردنەوەی لە داڕشتنی بینای (( فیکری کوردی)) دا..]
بیرکردنەوەی پشتی ئەم دەستپێشکەرییە بۆ بایەخی فیکر و فیکری کوردی دەگەڕێتەوە؟!.. ئاخر ھەر میللەتێک بە رۆح و ئاکاری خۆی مێژووی خۆی دەنووسێتەوە! ھەر مێژوویەک بێت ئەدەبی و ھونەری یان سیاسیی .. ھەڵچنینی بناغە و دیواری ئەم کۆشکە ئەرکێکی نەتەوەییە و بە ئەنجام گەیاندنی لە پێویستییە سەرەکییەکانە!!..
گۆستاڤ لۆ بۆن دەڵێ:» هەر نەتەوە و میللەتێک بونیاد و پێکهاتە و پەیکەری هزریی تایبەت بە خۆی هەیە کە وەک تایبەتمەندییەکانی جەستەیان جێگر و پایەدارە» .
ئاخر چۆن دەبێت لە [خانی]یەوە تا سەردەم ڕۆڵ و پێگەی بیرمەندانی فیکری کوردی تۆمار نەکرێت و نەکرێتە سەرچاوەیەکی زێڕینی بەردەست ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد؟!..
[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]..
بانگەوازەکە ئاڕاستەی خەڵکی بەشەرف و زەحمەتکێش و ڕاپەڕیوی کۆڵنەدەر کراوە..
پشتیوانی و ھانی خەڵکی دەدات بۆ ڕاپەرین و بە ئامڕازێکی گرنگی خەباتی دەزانێ ..
داوایان لێ دەکات:
+ دژی سوکایەتیکردن بە جەماوەر بوەستنەوە.
+ بەرانبەر شەڕی براکوژی ڕەاوەستن و ڕیسوا و تاوانباری بکەن.
+ مل بۆ گەڕ و سەرانە و بێگار مەدەن.
+ ڕەفتاری ناکوردانە و ھەڵسوکەوتی نزم قبووڵ مەکەن.
+ لە چەک« ئافەرین» کەن و لە خراپ « نەفرین» .
+ تەنیا کردار و ڕەفتار بواری قسە و دروشم دەسەلمێنێ.
+ بە ھیوای ڕۆڵی کاریگەرتاااااااااان
تەماشای ڕۆحی کوردانە و ورەی بەرزی ئەم وتارە بکەن.. خەمێکی تری لەمە باڵابەرزتر بۆ کورد لەکوێی وتاری ئەوانی تردا دەبیننەوە؟!..
ئەو ڕۆژگارە ململانێ پارتی پێشڕەو و حاکمی گۆڕەپان، گوێمان لە وتارێکە بۆ تێکڕای کورد لە خەم و پەرۆشدایە!..
[ قوتابخانەی پاسۆک]
سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان
ھەنگاوی ھەرە پێویستی ڕزگاری و سەربەخۆییانە...
ئەم بابەتە دەکرێ وەک پرۆژەیەک بۆ بیناکردنی سوپاسی شۆڕشگێڕی کوردستان تەماشای بکەیت.. لەڕاستیدا لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و سەربازییەوە بایەخی خۆی ھەیە. وتارەکە بە ٦ خاڵ دید و بۆچوون و ھەنگاو و میکانیزمی پێکھێنانی ئەو لەشکرە دیاری دەکات..
ئەم بیرۆکە بەر لەھەرشتێ زادەی پەرۆش و خەمی نەتەوە و نیشتمانێکە! لە ڕۆژگارێکیشدا ڕسکاوە، دەبێ دیسان بەداخەوە بڵێین کەوا ھەر پاسۆک وا بیری کردۆتەوە، یان بەلانی کەمەوە گوێی لێ نەگیراوە، چونکە قازانجی زۆر لایەنی تێدا نەبووە.. خۆ گەر وانییە ، دەکرا ئەم پرۆژەیە یان ھەر پرۆژەیەکی تری لەم شێوە بە بەشداری گشت لایەک دەوڵەمەند تر بکرایە و ئەو ئەرکەش جێبەجێ بوایە.
[شادەمارە سەرەتاکانمان]
١٣- دژی چەوسانەوەی مرۆڤین" کە کورد بەشێکە لێی" بە ھەر شێوە و ڕێگە و لەژێر ھەر ناو و بۆ ھەر مەبەستێک بێت.
ئەگەر بیری نەتەوایەتی بیر و ڕێبازی ڕاستەقینەی رزگاریی نەتەوە و نیشتمان بێت، ئەوا لە ڕووبەرەدا سەنگ و بەھای مرۆڤ کرۆک و جەوھەرێتی..
لە ژمارەکانی تریشدا قسەمان زۆرلەسەر گرنگی مرۆڤ کردووە، لێرەدا شادەمارێکی گرنگی پاسۆک بەرجەستەی بایەخ و پیرۆزی مرۆڤ دەکات.. مرۆڤ بەلای بیری پاسۆکەوە بوونەوەرێکی ھیچ شتێ سەرووی ناکەوێتەوە و بەھیچ بەھا و ماتریالێک ناکێشرێ!!.. پاسۆک ھەر لەسەرەتای خەباتەوە خۆی بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مرۆڤ دادەنێ و بەلایەوە گرنگە شکۆ و پێگەی تەندروستی مرۆڤ پارێزراو بێت!!..
[فەرھەنگۆک]
{تاکایەتی ، تاکڕەوی، جیابوونەوە، } ئەو چەمکانەن لەم ژمارەدا شرۆڤەیان بۆ کراوە..
ئەوجا دێینەوە لای گوڵزاری شیعری نەتەوەیی و سیاسی و تەنزی سیاسی..
[دەنکێ شقارتە]..
دەنکێ شقارتەی داگیرساو
چنگ لەسەر شان
تاریکایی بێشەی ڕاونا
کەچی ھەر ئەو
دەنکە شقارتەیەش
گەڕایەوە و
بێشەی سووتان !!
[لە کەلەپوری شۆڕشگێڕیمان].. ھەمووژمارەیەکی ئاڵا بێ بەش نییە لەم ناونیشانە و لە شیعری کلاسیکیتەوە تاھاوچەرخی تێدا بەرچاو دەکەوێ. ئەم شیعرە ئەگەرچی ناوی شاعیری بەسەرەوە نییە، بەڵام ھی مامۆستا ھەژارە { پەیامی ماوماو} ، بۆ خۆی مێژووو پەیامێکی ڕوونە بۆ ھەموو لایەک و خوێنەری ھێژاش..
[ماڵاوا... گوڕدانەخۆ]..
وتارێکی گورزێ پرسیاری ھەڵگرتووە.. پرسیارەکان بە دیوێکدا زۆر ڕەوان و بەدیوەکەی تریشدا زۆر ھەستیارن!..:
کورد بۆ دەبێ ئازاد و سەربەخۆ و یەکگرتوو بێت و دەوڵەتی ھەبێت؟؟؟
بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەبێت؟؟
بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و یەکگرتوو نەبێت؟؟
برایینە.. ئەمانە نابارێن و ھەڵیش ناقوڵێن!!... ئەمانە ئازایەتییان دەوێ لە چڵپاوی حوکم زاتی رزگارمان بێت...
بەڵگەنەویستە کە حیزبێک ھەر ھێندە توانای ھاواری بۆ یەکێتی و تەبایی ھەیە و گەرووی ھەر ھێندە واڵایە ئەو ھەموو بانگاشانەی لێبێتە دەرەوە!.. کە گوێی لێ نەگیرێ و بەدەنگییەوە نەیەن حاجی وتەنی : گوناح و بەڵا لە خۆتان !!
لە دوا لاپەڕەکانی ئەم بەرگەدا چەند وێنەیەک کاک ئازاد مستەفای سکرتێری پاسۆک و چەند ھاوبیرێکی دەزگەی ڕاگەیاندن و بارەگای پاسۆک و وێنەی بەرگی ئاڵای سووری کوردایەتی بڵاو کراوەتەوە...
ماڵئاوایی لە ئێوەی خۆشەویست..
تا دەرچوونی بەرگی دووەمی[[ پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی _ پاسۆک ]] خوێندنەوە بۆ باقی ژمارەکانی دیکەی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی!
 

_______________________________________________

ژمارە ٩ - ١٢: https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp9-12.htm

ژمارە ٥ - ٨: https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp5-8.htm 

ژمارە ١ - ٤: https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp1-4.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک