په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١\٢٠١٢

١١١ گەندەڵ - ٤٠ گەندەڵ = ١٥١ گەندەڵ!!!

دارا ئه‌حمه‌د      

سەرتاپای پەرلەمان بە بەراورد بە بەرپرسانی حیزب یەک پەیکەری زۆر گچکەیە لە گەندەڵیی.

 

 

 

ئەگەر ھەر ھاوڵاتییەکی ھۆشیاری کوردستان بە بێ ھیچ ئاستەنگ و سانسۆرێک - چاو لێ سووکردنەوە و کارکەنارکردن و نانبڕین - سەبارەت بە پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستان بدوێنی ئەوە زۆر بە سادەیی و زۆر راشکاوانە پێت دەبێژێ پەرلەمانی کوردستان فڕی بەسەر نوێنەرایەتیی گەلەوە نەبووە و نییە، پەرلەمانتارانیش تەنیا کۆمەڵێک سیاسەتبازی ملکەچی حیزبەکانن و لە بری ئەوە بەکرێ گیراون تا کۆمەڵێک یاسا و رێسای ئەوتۆ دابڕێژن کە لە لایەک پێچەوانەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک بن و لە لایەکی دیکەش لە بەرژەوەندیی ھێشتنەوەی دەسەڵات بن لە دەستی ئەو سەرکردایەتی و بنکردایەتییە سیاسییەی ئێستا کە (تەوافوقی میلتاریستی)یان وەک ڤایرۆسێک به‌رداوه‌ته‌ گیانی (رای گشتیی و دەنگی گەل) و تێکڕای لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی ئەو ھەرێمە فیدراڵییە پەڕپووتەشیان لە گەندەڵیی گرتووە.. بە جۆرێک کە ھەرگیز نەتوانین ببێژین ئەوە تەنیا بەرپرسە نابەرپرسەکانن ئەو بارودۆخەیان ھێناوەتە ئارا چونکە وای لێھاتووە لەو ھەرێمەدا جگە لە کەسە نابەرپرسەکان ھیچ کەسێک دەرفەتی پێ نەدرێ ببێتە بەرپرس، واتە پەرلەمانتارەکانیش وەک کادیری ھەر حیزبێک کە بە پێی ئاستە ملکەچییەکەی بۆ مەکتەبی سیاسیی و سەرۆکە ئیمپراتۆرەکەی حیزب پلە و پایە وەردەگرێ دەبێ ئه‌وانیش ملکەچی ئامانجە تەسکەکانی حیزبەکانیان بن و بەھیچ جۆر و شێوەیەک بە ‌لای ئەو بەرپرسیارییەدا نەچن کە بە ناوی نوێنەری گەل کورسییەکی پەرلەمانیان پرکردۆتەوە! ‌


ھەر بۆ بەڕاستگەڕانی ئەو تێڕوانینەی سەرەوەمان دەتوانین تێڕوانی ئەو کۆمەڵە نووسەر و رۆژنامەنووسە بخەینەوە بەرچاوی خوێنەران کە لە وەڵامیان بۆ تەوەری
''ئایه‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌رسه‌خت و لامله‌ یان کارتۆنییه‌ یان ئاسایی و له‌باره‌؟''.* بەو شێوەیەی خوارەوە رای خۆیان دەربڕیبوو:


 

به‌هار نه‌سره‌دین: په‌رله‌مانی کوردستان لە کۆمەڵێک ئەندامی حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار پێکهاتووه‌ کە خەڵکانێکی مشەخۆر و بێ کەڵک و هیچکارەن.

رێبین ئەحمەد خدر: پەرلەمان دەزگایەکە بە دەست دەسەڵاتەوە - پەرلەمانێکى حزبیى بۆ ئەوەى هەر شتێک لە دەرەوەى خۆى بێت فڕێى بداتە دەرەوە و بێ دەنگى بکا.

فەرهاد کەریم: من ئه‌گه‌ر پارەم هەبووایە کۆشکی پەرلەمان، یان راستتر بڵێین ئەو دیوەخانەم لە سەرۆکی خێڵ دەکڕی و دەمکردە مەیدانی مریشکان!

کامه‌ران عه‌زیز: پەڕلەمانی کوردستان دارێکی بێبەر و بێ سێبەرە و هاوڵاتیان هەرگیز نەیانتوانیوە لە سایەی ئەم دارەدا بۆ ساتێک پشوو بدەن و بحەوێنەوە.

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مانی کوردستان په‌رله‌مانێکی رووکه‌ش و کارتۆنیی و تا سه‌ر‌ ئێسقان حیزبییه‌.

نه‌وزاد وه‌لی: په‌رله‌مانه‌که‌ی باشووری وڵات، جگه‌ له‌ چایخانه‌یه‌کی گه‌وره‌، له‌ هیچی تر ناچێ.

ئارام حه‌مه‌ساڵح: په‌رله‌مانی کوردستان دیکتاتۆر و عه‌سکه‌رتاره‌ و هیچ بایه‌خێک به‌ داخوازییه‌کانی خه‌لکی کوردستان نادا.

جه‌مال عه‌لیالی: په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ داخه‌وه‌ بخوازین و نه‌خوازین هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌کانی به‌ چه‌شنێک ده‌که‌وێته‌ خزمه‌ت یه‌ک له‌ داگیرکه‌رانی کوردستان.

نه‌ورۆز حوسێن‌ ساڵح: چاوه‌ڕێی په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت نه‌که‌ین چونکه‌ به‌رنامه ‌و ئه‌جنده‌ی حکومه‌ت به‌رنامه‌ی حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی تێدا نییه‌ و‌ باس له‌ فیدراڵیی ده‌کا.

رابەر رەشید:پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی حیزبییه‌ و جگە لە خواستی خودی بەرپرسانی حیزبه‌کانیان بەولاوە، گوێ بە هیچ پرۆژە و راوبۆچوونێکی جەماوەری گەل نادەن و ئامادەش نین گوێی لێبگرن.

هێمن رەئووف: پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەیەکی گاڵتەجاڕییە کە حیزبە دەسەلاتدارەکان وا رایان هێناوە هەمیشە پاشکۆیەکی گوێڕایەڵی رووتوقوت بێ.

سه‌عید عارف باپیر: په‌رله‌مانی کوردستان هیچ شتێکیتر نییه‌‌ جگه‌ له ده‌زگایه‌کی کارتۆنیی و گاڵته‌جاڕیی حوکمی داسه‌پاوی ملهوڕانه.

نەهرۆ: پەرلەمانی کوردستان سازشکار و ریفۆررمخوازە، پەرلەمانیکی رادیکال نییه‌ تەنانەت شێوەی ئیشکردنی لەسەر مادەی ١٤٠ ئه‌و راستییه‌ دەسەلمێنێ.

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: یەکەمین جار نییە، بە ئەو شێوەیە ڕەفتاردەکەن، چونکە نە گوێ لە کەس دەگرن و نە وەڵامی کەسیش دەده‌نەوە!


جا پەرلەمانێک بەو شێوەیە بێ ئەوە بێگومان پەرلەمانتارەکانی بەر لە دامەزراندیان ھەر گەندەڵکار و نابەرپرس و نوێنەری ئامانجە تەسکەکانی حیزب بوونە ئەگەر نا ئەوە ھەر لە سەرەتادا دانه‌ده‌‌مه‌زرێندران.


ھەر بۆیە ئەو ھات و ھاوارەی ئێستا سەبارەت بە چل پەرلەمانتارەکە تەنیا باوبژ دەرکردن و چەقەچەقێکی سیاسیی بێزەوەرە، چونکە پەرلەمانەکه‌یان ھەر لە بنچینەدا لە قیتکردنەوەی یەک بارەگای یەکگرتووی گەورەی حیزبەکان پتر بترازێ ھیچی دیکە نەبووە و تەنیا کادیرە ملکەچە حیزبییەکانی خۆیان وەک کۆمەڵە فەرمانبەرێکی مشەخۆر لەوێ دامەزراندووە.. دەنا ھەرگیز نەدەبوو ئەو ھەموو بە ناو پەرلەمانتارە خەریکی تاپۆکردنی خانوو بن لەسەر خۆیان ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر یاساکانیان ھێندەی سەرە دەرزییەک لە بەرژەوەندیی گەڵدا بێ ئەوە لەودیو دەرگەی بە ناو پەرلەمانەکەیان بۆ جێبەجێکردن ناشێن!


فتوا دەرکردنیش دەربارەی چوار کەسەکەی گۆڕان وەک سکانداڵێک جگە لەوەی بێ رەوشتییەکی سیاسیی گەورەیە چونکە بە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی ئەو خەڵکەی کە بە ئەندێشەی خۆیان ئەو چوار کەسەیان بە مەبەستی لەنێوبردنی گەندەڵیی و چەوساندنەوە گەیاندبووه‌ نێو پەرلەمان.. تەنیا لە لایەن ئیمپراتۆرەکەی (گۆڕان)ەوە بڕیاری قەرەقۆشیانەی بۆ دەرکرا، بە ھیچ شێوەیەک لەبەر ئەوە نەبووە کە تەنیا ئەوان یان چل کەسەکە گەندەڵکارن بەڵکە که‌س نییه‌ نه‌زانێ تێکڕای پەرلەمان بە دار و بەردیەوە گەندەڵە ئەگەر نا سەرتاپای ھەرێم لە گەندەڵیی نوقم نەدەبوو.. ئەو چوار کەسە تەنیا لەبەرئەوە بە دەرکردن ترسێندران چونکە ویستبوویان بە ھەر مەبەستێک ھەیە لاملیی لە بڕیارە حیزبییەکان بکەن.. ئەگەر مەبەست گەندەڵیی بێ ئەوە پەرلەمان بە بەراورد بە بەرپرسانی حیزب یەک پەیکەری زۆر گچکه‌یه‌ لە گەندەڵیی، بۆیە پێویستە پێش هه‌ر کەسێک سەرۆک و سەرکردایەتیی حیزبەکان ھەر ھەموویان بە بێ ھاوێرکردن دادگایی بکرێن چونکە تەنیا ئەوان سەری مارەکەن.


ھەر دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییم لەگەڵ بەشی ژمێریاری (ھەڵمەتی بنەبڕکردنی گەندەڵیی لە کوردستان) پرسیارێکم ئاراستە کردن و گوتم:
ئایه‌ ئێستا بە ھۆی ئاشکرابوونی ٤٠ پەرلەمانتاره‌که‌ بە گەندەڵیی و پاشان بە دەرکردنیان لە پەرلەمان چەند گەندەڵ لە ١١١ پەرلەمانتارەکە دەمێنێتەوە؟ (ھەر زۆر بە راشکاویی وەڵامیان دامەوە و گوتیان):
ئەگەر دەتەوێ بە شێوەیەکی راست و (شەفاف) ئامارەکەت بدەینێ ئەوە ١٥١ گەندەڵ دەمێنێتەوە!!! چونکە ١١١ گەندەڵ ٤٠ گەندەڵی لێ دەربکەی دەکاتە ١٥١ گەندەڵ!!!
ئەمنیش زۆرم لا سەیر بوو و گوتم ئاخەر چۆن دەبێ، خۆی ١١١ گەندەڵە و لە ١٥١ گەندەڵ کەمترە.. سەرەڕای ئەوەش ٤٠ گەندەڵیشی لێ بڕوا.. بە چ شێوەیەک دەبێتە ١٥١ گەندەڵ؟!؟!؟! (ئەو جارە زۆر بە سنگێکی فراوانەوە وەڵامیان دامەوە و گوتیان):
ئاخەر ھەی چاوی چاوم.. ھەی دڵی دڵـم، ٤٠ گەندەڵەکە ئەگەر گەندەڵییەکی باشتریان پەیدا نەکردبێ ئەوە خۆیان بە دەرکردن نادەن کەواتە ھەر ١١١ گەندەڵ دەمێننەوە، ئێ خۆ دەبێ پاش دەرکردنی ئەو ٤٠ گەندەڵەش ٤٠ گەندەڵی دیکە دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پەرلەمانەکەمان (شەرعیەت)ی بمێنێ و ھەروەک خۆی بمێنێتەوە بەردەوام وەک چقڵێکی تیژ بە چاوی دوژمناندا بچێ، ئێ که‌ ئەوانیشی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.. ئەوه‌ دەبێتە ١٥١ گەندەڵی تەواو!!!
___________________________________________
*
''ئایه‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌رسه‌خت و لامله‌ یان کارتۆنییه‌ یان ئاسایی و له‌باره‌؟''. تەوه‌رێک بوو لە لایەن (ماڵپەڕی ئەمڕۆ)وە سازدرابوو، دەتوانن لەو لینکەدا را و بۆچوونی سەرجەم بەشداربووان بخوێننەوە:  http://www.emrro.com/teweriayeperleman.htm 

 

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک